بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
بە مەرگی خۆت قەسەم، زاهید، هەموو عومرت عوبوورێکە
مەقام و مەنزڵت، ئاخر، لەکن جەمعی قوبوورێکە
دڵم بەردە ئەگەر شاخە، بە چاوی سووکی مەنواڕێ
بە خۆڕایی نەسووتاوە، ئەمیشە کێوی طوورێکە
شوعاعی ڕووت لە گەردندا دیارە دڵ دەسووتێنێ
بنازم بەم تەجەللایە، چ خورشید و بلوورێکە!
لە خەڵوەت هاتە دەر صۆفی، گڵ و بەردی بەسەرما دا
مەکەن مەنعی لەبەر خەڵوە، ئەویش تازە غوروورێکە
غەمی چاوت لە چاومدا، هەمی قەددت لە سینەمدا
لەبەر سستیی و ضەعیفیی ئەو خەوێکە، ئەم خوطوورێکە!
بە ظاهیر شادمانیمە لەبەر کەتمی هەموو دەردان
کە 'نالی' گەر بناڵێنێ ئەمیش نەشئە و سوروورێکە