به یادی هاوڕێی کۆچکردوو، شاعیری کرواتی
میلۆراد کریستانۆڤیچ

 

به‌یه‌که‌وه گریاین، به‌یه‌که‌وه پێکه‌نین
به‌یه‌که‌وه پاڵمان به جۆلانه‌ی منداڵێکه‌وه نا
به‌یه‌که‌وه غه‌ریبیمان لاوانده‌وه
به‌یه‌که‌وه ڕێگاکانمان به یاده‌وه‌ری یه‌کتر ژه‌هراوی کرد
نه‌مانده‌زانی به‌ختیاری پشتمان تێده‌کات، وه‌ک چۆن هاروونه ڕه‌شید پشتی کرده 'به‌رمه‌کی'یه‌کان
نه‌مانده‌زانی ڕۆژێک ئه‌م شاره بۆ یه‌کتر چۆڵ ده‌که‌ین، وه‌ک ئه‌و دڵانه‌ی ترسی خوایان تیا نامێنێت
...
ئه‌و کاته‌ی تۆ له‌سه‌ر چه‌رپای خه‌سته‌خانه‌که کتێبت ده‌خوێنده‌وه
من و کاسرین له هۆڵه‌که قاوه‌مان ده‌خووارده‌وه و باسی مردنی تۆمان ده‌کرد
ئه‌و کاته‌ی تۆ له‌سه‌ر چه‌رپای خه‌سته‌خانه‌که گوێت بۆ مۆسیقا ڕادێرابوو
من و مارتین له حه‌وشه‌که جگه‌ره‌مان ده‌کێشا و باسی ناشتنی تۆمان ده‌کرد
...
مه‌ڵێ ئه‌ستێره‌کان ناخه‌ون
من ئه‌ستێره‌یه‌ک ده‌ناسم، تا خۆر لێی نه‌دات هه‌ڵناستێت
مه‌ڵی گوڵه‌کان ناخه‌ون
من گوڵێک دراوسێم بوو، به‌یانیان هه‌موو باخچه‌مان ده‌هێنا دیار خه‌به‌ری نه‌ده‌بۆوه
من خۆم ئه‌ستێره‌یه‌کم هه‌یه ده‌خه‌وێت
شه‌وێکیان پیێمگووت: تخووا ئه‌ی ئه‌ستێره‌که‌ی من مه‌خه‌وه! که تۆ ده‌خه‌ویت ئیبلیسه‌کانی ناو سه‌رم بێدار ده‌بنه‌وه
...
به‌یه‌که‌وه گریاین، به‌یه‌که‌وه پێکه‌نین، به‌یه‌که‌وه بێشکه‌ی ساوایه‌کمان ڕاژه‌ند
به‌یه‌که‌وه به‌فری شاره غه‌ریبه‌کانمان شێلا
شه‌وێکیان خوا برینێکی خسته سینه‌مان به حه‌کیمه‌کان تیمار نه‌ده‌کرا
ئاگرێکی به‌ردایه خه‌رمانمان به 'نیل'یش نه‌ده‌کوژایه‌وه
...
له مه‌یدانی جه‌نگدا نایانناسمه‌وه
ڕۆژانێک وه‌کو من که‌روێشکیان ڕاده‌گرت
له‌گه‌ڵ من له ژوورێکی شێداردا ده‌خه‌وتن
ئێستا له مه‌یدانی جه‌نگدا نایانناسمه‌وه، پێیان ده‌ڵێم: ئۆیییی ئێوه براکانی من نین؟
ئاه ه ه ه خوێنی قابیل چۆته له‌شتانه‌وه!!
ئاه ه ه ماچی یه‌هودا به لێوتانه‌وه‌یه!!
...
ئێوه وه‌کو من به دارتووه‌که‌وه جۆلانه‌تان ده‌کرد
وه‌کو من له شه‌وانی برووسکه‌دا خۆتان ده‌خزانده ناو جێگاکه‌ی دایکم
پشیله‌یه‌کمان هه‌بوو ئێواره‌یه‌ک له ئاودا خنکا، ئێوه‌ش وه‌کو من تا به‌یانی نه‌خه‌وتن
پێم ناڵێن بۆ خاتری خووا چۆن خوێنی قابیل هاته له‌شتانه‌وه؟!
پێم ناڵێن چۆن ماچی یه‌هودا هاته سه‌ر لێوتان؟!
...
ئێوه‌ش وه‌ک من به‌دووای په‌پوله‌پاییزیه‌کاندا ڕاتان ده‌کرد
ئێستا گه‌وره‌بوون ناتانناسمه‌وه
پێم ناڵێن ئه‌و شمشێره‌ی حوسه‌ینی کوشت چی ده‌کات لای ئێوه؟
پێم ناڵێن بۆ له ماڵی "به‌نی ئومه‌ییه‌' ده‌خه‌ون؟!
یوسف بۆ له بیره‌که‌ی ئێوه‌دایه؟!
...
نامه‌وێت باوه‌ڕ به مردنیان بێنم
به‌یانیان زوو هه‌ڵده‌ستم ئالیک له‌به‌ر ده‌می ئه‌سپی کاکم داده‌نێم
وه‌ک ئه‌وه‌ی برای گه‌وره‌م له سه‌فه‌ر بێت
له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌ڵێم 'با ئه‌سپه‌که‌ی برسی نه‌بێت'
نیوه‌ڕۆیان مه‌ڕه‌کانی برای ناوه‌نجیم ئاو ده‌ده‌م
وه‌ک ئه‌وه‌ی برای ناوه‌نجیم چوو بێت بۆ شار خوری بفرۆشێت
ده‌ڵێم تا دێته‌وه با مه‌ڕه‌کانی تینوویان نه‌بێت
نامه‌وێت باوه‌ر به مردنیان بێنم
دوو کولێره‌دێنم، یه‌کێکیان ده‌خۆم و ئه‌وی دی هه‌ڵده‌گرم بۆ برا بچکۆله‌که‌م
ده‌ڵێم که هاته‌وه با شتێک هه‌بێت بیخووات
نامه‌وێت باوه‌ڕ به مردنیان بێنم
هه‌رچه‌نده ئه‌وان خوێنی قابیل چووبۆ له‌شیانه‌وه
هه‌رچه‌نده یوسف له بیره‌که‌ی ئه‌واندا بوو
...
هه‌موو دنیا ئه‌م چیرۆکه‌ی بیست
که‌س نه‌ما خوێنی من بۆن نه‌کات به‌سه‌ر زینی ئه‌م ئه‌سپه چه‌مووشانه‌وه
که‌س نه‌ما بیره‌وه‌ری من نه‌بینێت له‌ناو ئه‌و کاتژمێره کۆنانه‌دا
که‌س نه‌ما گوێی له گۆرانی غه‌مگینی من نه‌بێت له‌ناو قوڕگی ئه‌و بولبوله ترساوانه‌دا
کچم وه‌ره ژووره‌وه بارانێکی مۆر ده‌بارێت
کچم مه‌چۆ ده‌ره‌وه، ده‌ره‌وه زۆر خراپه
چیرۆکی من مه‌بیسته، خوێنی من بۆن مه‌که، گوێ له سروودی غه‌مناکی من مه‌گره
وه‌ره ژووره‌وه کچم، ده‌ره‌وه خراپه، بارانێکی مۆر ده‌بارێت
...
چه‌ند خۆش ده‌بوو قه‌ت گه‌وره نه‌بووبان
چه‌ند خۆش ده‌بوو هێشتا به کرمه‌کان یاریان کردبا
ئێستا گه‌وره‌بوون نایانناسمه‌وه
له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌ی مندا کۆتر سه‌رده‌بڕن
له سه‌ربانه‌که‌ی مندا ته‌په‌ته‌پ ده‌که‌ن.....براکانم
...
ئیتر که خوا به‌ردێکی خسته نێوانمان
من له یاده‌وه‌ری ئه‌ودا خه‌نجه‌رم لێجێما
ئه‌و له ڕۆحی مندا بارووتی چاند
ئه‌و پێوه‌ندی خسته قاچی من، من که‌له‌بچه‌م کرده ده‌ستی ئه‌و
من ئاگرم به‌ردایه ماڵی ئه‌و، ئه‌و ژه‌هری له‌به‌رده‌م من دانا
له زیندانی یه‌کتردا خۆمان به‌ند کرد
ئێستا ئێمه گوله‌‌ین له سه‌ری یه‌کتردا، چه‌قۆین له ڕۆحی یه‌کتردا
هه‌رچۆنێک بجوڵێین برینێک ده‌کولێنینه‌وه، بۆ هه‌رکوێ بچین ئازارێک به خه‌به‌ر دێنین
...
دووای ئه‌وه‌ی یه‌کترمان تاڵان کرد
هه‌ر که‌س گه‌ڕایه‌وه کۆڵانه‌که‌ی خۆی
هه‌ر که‌س گه‌ڕایه‌وه میحنه‌تخانه‌که‌ی خۆی
هه‌ر که‌س گه‌ڕایه‌وه زیندانه‌که‌ی خۆی
هه‌ر که‌س سه‌ری به زنجیره‌کانی خۆی کرد و گه‌ڕایه‌وه جه‌هه‌نه‌می یاده‌وه‌ریه‌کانی خۆی
ئاوا بوو چیرۆکی ئێمه، کچم تۆ مه‌یبیسته، کچم تۆ مه‌یبینه، وه‌ره ژووره‌وه، بارانێکی مۆر ده‌بارێت
...
له‌ناو تابووته‌که پاڵکه‌وتبوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی منداڵێک بێت به ئه‌نقه‌ست خۆی کردبێت به خه‌وتوو
وه‌ک ئه‌وه‌ی پیاوێک بێت هه‌ر بۆ ناز خۆی کردبێت به نه‌خۆش
ئێمه گوڵه‌کانمان له‌سه‌ر سنگی داده‌نا، ئه‌و چاوه‌کانی نووقاندبوو وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆنی گوڵه‌کان بکات
هێشتا سووراییه‌ک له‌سه‌ر گۆنای جێمابوو، ده‌تگووت کچێکی گه‌نجه ته‌ریقبۆته‌وه
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک له‌سه‌ر لێوی نیشتبوو، ده‌تگووت میوانێکه شه‌رم ده‌کات پێبکه‌نێت
هێمن و ئه‌رخه‌یان ڕاکشابوو، ده‌تگووت شوانێکه سه‌رخه‌وێک ده‌شکێنێت
...
به‌یه‌که‌وه خوواردنمان بۆ خزمه‌کانمان لێنا
شه‌رابمان بۆ دۆسته‌کانمان تێکرد
به‌یه‌که‌وه سوواری به‌له‌مه‌کان بووین 'وای له عیشوه و نازی به‌له‌مه‌کان!'
به‌یه‌که‌وه ناومان له شته‌کان نا
شه‌وێکیان خووا به‌ردێکی خسته نێوانمان به فریشته‌کانیش لانه‌ده‌چوو
بۆشاییه‌کی خسته نێوانمان به ئه‌ستێره‌کانیش پڕ نه‌ده‌کرایه‌وه
که جێت هێشتم ده‌تگووت هه‌ورێکی که‌ساسم به‌سه‌ر ئاسمانی شاره‌وه
که جێم هێشتی؛ گواره‌ی گوێی چه‌پت غه‌مگین بوو، ده‌تگووت قازی موحه‌مه‌ده به‌سه‌ر په‌تی سێداره‌وه

 
-----------------------
تێبینی: ئه‌م شیعره له پاشکۆی ئه‌ده‌بی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا بڵاوکراوه‌ته‌وه