لە غەم شاری دەروون مەعموورە ئەمشەو
بناغەی مــڵکی دڵ خاپوورە ئەمشـــــەو
(ڕەوانســــــەر) بۆ لە زیددی من فەرەنگی
لە بەردەرگای ڕەقیب مەسروورە ئەمشــەو
ئەمن فەرهاد و شـــــاهید بێســـــــــتـوونە
ئەتۆ شیرین، شەماڵ شاپوورە ئەمشــــەو
لە وەصــڵت مــــــــەنزڵی دوورکەوتەوە دڵ
دوو سەد مەنزڵ لە شادی دوورە ئەمشەو
لە من ناپرسێ ئەغیـــــار ئەی چ گــــــەوجە
بە وەصفی لوطفی تۆ مەغروورە ئەمشــەو
لە ناو ئەشک و لە ڕووتەی چاو شـــــەهێنم
دڵ بە ئاهـو و وار و چاو بێ نوورە ئەمشــەو
لە صبحی جەژن و شوبهەی مانگەشەو ئاخ
لە بــــەختی من دەڵێی دەیجوورە ئەمشەو
بە حـــازرباشی فەوجی غوصە ناڵە
وەکـــو زیلەی ئەوەڵ شیپوورە ئەمشەو
لە ناڵین مەنعی (کوردی) مەحضی کوفرە
فەقیر و ناخۆش و مەغدوورە ئەمشـــەو
 
-----------
لە دیوانی کوردی، چاپی سێ، چاپخانەی کوردستان - هەولێر
 
لە چەند جێیەک لە نێتدا بەم ڤێرشنە نووسراوەتەوە: 
 
لە غەم شاری دەروون مەعموورە ئەمشەو
بناغەی مــــــوڵکی دڵ خاپوورە ئەمشـــــەو
ڕەوانســـــــــــەر بوو لە زێدی من فەرەنگی
لە بەردەرگای ڕەقیب مەسروورە ئەمشــەو
ئەمن فەرهاد و شـــــاهید بێســـــــــتـوونە
ئەتۆ شیرین، شەماڵ شاپوورە ئەمشــــەو
لە وەصــڵت مــــــــەنزیلی دوورکەوتەوە دڵ
دوو صەد مەنزیل لە شادی دوورە ئەمشەو
بـــــــــرا گیـــان ،گیــان و تۆ ،گیان ئەلویدایە
هەوای کۆی تۆ و دیگەر مەستوورە ئەمشەو
بــــە موژدەی وەصڵی تۆ دڵ شاد بێ حەقیە
کە هەر وەک حاکمی مەغدوورە ئەمشـــەو
لە من نافکرێ ئەغیـــــار ئەی چ گــــــەوجە
بە وەصڵی لوطفی تۆ مەغروورە ئەمشــەو
لە تاو ئاســــکۆڵە ڕەوتی چاو شـــــەهێنم
دڵ بە ئاهـ و واز و چاو بێ نورە ئەمشــەو
لە صوبحی عید و شەوقی مانگەشەو ئاخ
لە بــــەختی من وەها دەیجوورە ئەمشەو
بە حـــاضرباشی، فەوجی غوصصە ناڵەم
وەکـــو زیلەی (ئەوەڵ شیپوور)ە ئەمشەو
لە ناڵین مەنعی (کوردی) مەحضی کوفرە
فەقیر و ناخۆش و مەعزوورە ئەمشـــەو