لە نێوان ستراتیژی داخستنی کۆمەلگادا بە تەواوەتی و کردنەوە و نیمچەداخستنیدا ، سوید ستراتیژی دووەمی هەلبژارد. هەر ئەمەشە وا دەکات سەرنجێکی گەورەی مێدیای لە ئاستی نێونەتەوایەتیدا لەسەر بێت. من لەم نووسینەدا بەشوێن ڕوونکردنەوە و بەراوردی نێوان ئەم ستراتیژیانەوە نیم لە ئێستادا، ئاخر هێشتا زووە بزانرێت کام لە ستراتیژییەکان دروستتر بووە. ئەوەی من دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە کە لە ئێستادا و بە پێی ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەکانی سویددا خراونەتە ڕوو، رێژەیەکی بەرزی کۆچبەران لە ریزی تووشبووان و مردوواندان.
چی وادەکات لەگەڵ کەمی ژمارەی کۆچبەراندا لە سوید بەبەراورد بە ژمارەی هاولاتیانی سوید خۆیدا، ژمارەی تووشبووان و مردووانی کۆچبەران لە ئاستێکی بەرزتردا بێت، پرسیارێکە و زۆر لایەن خەریکی لێکۆڵینەوەن لێی. رەنگە کەسانێک کە لەدەرەوەی سوید دەژین، پێیانوابێت کە ستراتیژی نیمچەکراوەی سوید و تەواودانەخستنی کۆمەلگا هۆکاری ئەم دەرئەنجامە بێت.
بەڵام ئەوە من لەم وتارەدا بەشوێنییەوە دەبم و دەمەوێ جەختیلێبکەمەوە ئەوەیە: سوید هەر کام لە ستراتیژیەکانی بەرانبەربوونەوەی کۆرۆنای هەڵبژاردایە، داخستن یان نیمچەداخستن، لەو ڕاستییە تاڵەی کەمنەدەکردەوە کە بەرزی ژمارەی تووشبووان و قوربانییەکانی کۆرۆنا لە پەیوەند بە کۆچبەرانەوە، وەک خۆی دەبوو.
ئەم پێداگریی و دڵنیابوونە لە درکاندنی ڕاستییەکی واهی ، ڕاستییەکی تاڵە و من ناچارم لەم وتارەدا هەندێک لە لایەنەکانی ڕوونبکەمەوە. ئەگەر ئاستی بەرزی قوربانیەکانی کۆچبەران وەک دەرئەنجامێکی ستراتیژی دژە کۆرۆنای سویدی چاویلێبکرێ، ئەوا ژمارەی قوربانیەکانی کۆرۆنا، ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا نەدەهات ئەگەر سوید ستراتیژی کەرەنتینەکردنی ماوەدرێژ و داخستنی سەرتاپای کۆمەلگایشی هەڵبژاردایە. ئەم وتارە بەشوێن ئەو هۆکارانەوەیە کە ئەم گریمانە دەسەلمێنێ.
کۆرۆناو مەرگێکێ بێ ڕەنگ و شوناس
جێگری وەزیری تەندروستی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بەمەبەستی كەمكردنەوە لەبایەخو مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆناو پێویستی بەكەرەنتینە نەكردن، خۆی هاتو دانی بەوەدا نا كە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوەو خۆی كەرەنتینە دەكات، ئەو دەڵێ:" ئەم ڤایرۆسە زۆر دیموكراسییە، نەجیاوازی لەنێوان هەژارو دەوڵەمەندا دەكاتو نەجیاكاریش لەنێوان دەسەڵاتدارو بێدەسەڵات، نەكاربەدەست دەناسێو نە هاوڵاتی ئاسایی" (1)
هەمامن دید و تێروانین لە پەیوەند بەم مەرگەدا بە زمانی جۆراوجۆر لە گۆشە و کەنارەکانی دیکەی گۆی زەویدا دەکرێ ببیسترێت و بخوێنرێتەوە.
بە کوردییەکەی: مەرگ ( بە مەرگی کۆرۆناشەوە) جیاوازی لە نێوان فەقیرو دەوڵەمەنددا ناکات و هەموومان لە بەرانبەریدا بەچۆکدا دێین.
ئەوەی منیش دەمەوێ جەختی لێبکەمەوە لە پەیوەند بە سویددا، دەرخستنی ئەو ڕاستییە سادەیەیە کە : کۆرۆنا لە سویددا بە زەقی جیاوازی لە نێوان هەژار و دەولەمەند ، ڕەش و سپی، دەسەڵاتدار و بێدەسەلاتدا دەکات . ئەم ڕاستییە لە نیۆرۆکەوە بۆ نیودیلهی ، لە بەغدادەوە بۆ تاران، بێ ڕتووش ڕووخساری خۆی نیشاندەدات.
بۆ نیشاندانی ئەم مەبەستە، بەکەڵکوەرگرتن لە نیشاندانی ئەو داتایانەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان خستوویانەتە ڕوو و لە ئاستێکی بەرینی کۆمەلایەتیدا لەبەردەستتدان، دەمەوێ نیشانیبدەم کە کۆرۆنا هێندە دیموکراسی نییە وەک ئەوەی زۆر کەس دەیەوێ وەک پاساوێک بۆ ڕێژەی بەرزی قوربانییەکان و نە پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان، خۆیان لەژیر ناوی دیمووکراسیبوونی کۆرۆنادا بشارنەوە.
ژمارەی پۆستی گەڕەکەکان و ژمارەی تووشبوان و مردووان.
ڕۆژنامەی "ئێکسپرێسن"ی ئێوارانی سوید(2 ) لە ڕیپۆرتاژێکی دوور ودرێژدا، بە شوێن ئەدرێسی پۆستی گەرەکە جۆراوجۆرەکانی ستۆکهۆڵمەوە، ئەو ڕاستییە نیشاندەدات کە ژمارەی تووشبوان لە گەرەکە دەوڵەمەند نشینەکاندا بە بەراورد بە گەڕەکە لەپەراوێزدابووەکانی هەمان شاردا کە زۆربەی زۆری دانیشتووانەکەی کۆچبەرانن و لە باری شوێنپێی چینایەتییەوە، سەر بەچینی کرێکارن، هەتا بڵێی ئێجگار کەمە.
ئەدرێسی گەرەکەکانی سوید، لە پێنج ژمارەیەک پێک دێت کە سێ ژمارەی یەکەم ئاماژەیە بۆ ناوی گەرەک و دوو ژمارەی دووەمیان، دابەشکردنی ماڵەکانە لە نێوان سنوورەکانی هەمان گەرەکدا، بەڵام بە نیشاندانی ناوی شەقام کە دەکرێ بە هەموو گەرەکدا نەڕوات.
ئەو داتایانەی لێرەدا نیشاندەدرێن، ناوهێنانی ئەدرێسی پۆستی گەرەک و ژمارەی دڵنیابووی تووشبووانی کەسەکانە لە 14:ی مای 2020. واتا لە یەک رۆژدا. سەرەتا لە گەرەکە پەنابەرنشینەکانەوە دەستپێدەکەم کە هەموویان دەکەونە ناوچەی ستۆکهۆلمەوە.
گەرەکی ڕێنکیبی:
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان
16370 36
16371 22
16372 28
16373 28
16374 39
16375 19
گەرەکی بووتشیرکا.
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان
14551 28
14552 26
14553 کەمتر لە 10 کەس
14556 17
14563 کەمتر لە 10 کەس
14564 23
14565 کەمتر لە 10 کەس
14567 16
14568 21
گەرەکی سوێدێرتالێ
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان
15151 27
15152 10
15153 27
15154 35
15155 33
15156 کەمتر لە 10 کەس
15161 30
15162 22
15163 کەمتر لە 10 کەس
16164 17
16165 25
دوو لە گەرەکە دەوڵەمەندنشینەکانی ستۆکهۆڵم
گەرەکی یۆرشهۆڵم
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان
18260 کەمتر لە 10 کەس
18261 کەمتر لە 10 کەس
18263 کەمتر لە 10 کەس کەس
18264 کەمتر لە 10 کەس
18265 کەمتر لە 10 کەس
18266 کەمتر لە 10 کەس
18267 کەمتر لە 10 کەس
18268 کەمتر لە 10 کەس
گەرەکی ئوێستەرمالم
ژمارەی پۆست ژمارەی تووشبووان
11520 کەمتر لە 10 کەس
11521 کەمتر لە 10 کەس
11522 کەمتر لە 10 کەس
11523 کەمتر لە 10 کەس
11524 14 کەس
11525 کەمتر لە 10 کەس
11526 11 کەس
11527 کەمتر لە 10 کەس
11528 کەمتر لە 10 کەس
ئەگەر شوێنێک ژمارەی تووشبووانی لە خوار 9 وە بێت، شارەوانی ستۆکهۆڵم هیچ داتایەکی نەداوەتەدەر، بێگوومان دەکرێ 1 تا 8 بێت. گرنگ ئەوەیە ژمارەی تووشبووان لەم پۆست ئەدرێسانەدا کەمن.
"کۆچبەربوون" وەک فاکتەریكی ریسکی زیاتر بۆ مردن
ئەگەر ژمارەکانی سەرەوە بە زەقی بەرزی و نزمی نێوان تووشبووان ڕووندەکاتەوە لە پەیوەند بەوەی کە ئینسان لە کام گەرەکی شاردا نیشتەجێیە، لە گەرەکە کۆچبەرنشیناکاندایە یان لە گەڕەکە ڤیللانشینەکاندایە، ئەوا لێکۆلێنەوەی 4 دوکتۆری سویدی لە" گۆڤاری پزیشکان"دا (3)، رەهەندێکی دیکەی خەتەرناک بەم ژمارانە دەدات و پەیوەندی نێوان ریسکی مردن بەهۆی کۆرۆناوە وەک کۆچبەر و سەر بەوڵاتێکی دیاریکراو، دەکاتە ڕاستییەکی هەتا بلیی تاڵ. ئەمە نەک بە مانای دۆزینەوەی پەیوەندییەکی میکانیکی لە نێوان جوگرافیایەکی سیاسی و ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا و مردنەوە، بەڵکو شوێنپیی کۆمەڵایەتی ئەم ئینسانانە لە کۆمەلگای نوویدا و هۆکارەکانی هەڵاواردن کە ئینتیمای ئەتنی دەکاتە پێوەرێک بۆ دەستگەیشتن بە کار، شوێنێ ژیان، خوێندن و زۆر چالاکی دیکە، تۆڕێک لە سترۆکتۆری کۆمەلایەتی بەرهەمدەهێنێتەوە کە لەو شوینەدا داتدەنێت کە کۆرۆنا ئاسان دەتوانێ زەفەرت پێبەرێت.
"کریستینا یاکۆبسۆن" ، پرۆفیسۆر لە بواری (دەرمانی کۆمەڵگا و تەندروستی کۆمەڵ) لە دانشگای یۆتۆبۆری، یەکێک لە نووسەرانی راپۆرتەکەیە و دەلێ: "بەرزی ژمارەی مردووانی هاوڵاتیانی هاتوو لە عێراق و سوریا و سۆماڵیاوە ، ئەوانەی کە تەمەنیان لە نێوان 40 و 64 و سەر و 65 وەیە لە مانگەکانی مارس و ئەپریل و مایدا مردوون، بە بەراورد بە ساڵانی 2016 تا 2019، 250 ٪یە. لە کاتێکدا ڕێژەکە بۆ ئەوانەی خەلکی سویدن و یان لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپای یەکگرتووە و سکاندیناڤیاوە هاتوون و لێرە دەژین، بۆ هەمان فەترەی زەمەنی، 19٪"
کریستینا لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا دەنووسێ: ئەم ژمارانە هیچی دیکە نیشاننادەن جگە لە دووبارە تەئکیدکردنەوەی لەو دۆخی جووداسازییەی( سێگریگاسیۆن)ەی لە بواری نیشتەجیبووندا بوونی هەبووە و هەیە. بە قسەی ئەو، هەڵبژاردنی هاوڵاتی ئەم سێ وڵاتە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ساڵی 2000دا، پەنابەرانێکی زۆر لەم وڵاتانەوە هاتوون و گرفتەکانی تەزییقی خانووبەرە، بەکارهینانی هۆکارەکانی هاتووچۆی گشتی وەک پاس و ترام لە لایەن ئەم گرووپانەوە و پێکەوەژیانی نەوەکان لەگەڵ یەکدا، بە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزی رێژەی توشبوون ومردنی کۆچبەران دەبەستێتەوە. بەڵام فاکتەری سەرەکی کە ئەم ڕێژەیە بەرەو سەر دەبات ئەوەیە کە کاری ئەم گرووپانە لەگەڵ خەڵکانێکی زۆردایە و ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی دیکە دەبینن لە ڕیگای کارەکانیانەوە. بوارەکانی خزمەتگووزاری، تەندروستی و هاتوچوو، ئەو کەرتانەن کە شوێنی کاری هاولاتی ئەم ولاتانەیە و دەرفەتی کارکردن لە ماڵەوە کە کارمەندانی کەرتە جۆراوجۆرەکانی دیکە هەیانە، بۆ ئەوان لە ئارادا نییە. تۆ بۆ ئەوەی خزمەت بە کەسێکی نەخۆش بکەیت، دەبێ بیبینیت، ناکرێ لە ماڵەوە ئەم خزمەتگووزارییە پیشکەش بکرێت. بە کورتییەکەی: ئینتیمای چینایەتی ئینسانەکان هۆکاری مردنی ئەوانە.
ئەگەر من لە سنوورەکانی ئەم لێکۆڵینەوە پزیشکییە کەمێک بێمە دەرەوە و هۆکارێکی دیکە ریز بکەم، پێموانیە لە چوارچیوەکانی باسەکە دوورکەوتبێتمەوە. ئەو هۆکارەش ئەو لەو تێڕوانینە کولتوررییەدایە کە جەنگ لای ئینسانەکانی ئەم ولاتانە دروستیدەکات و لە بەکەمتەماشاکردنی ژیانەوە خۆیدەردەخات. کاتێک تۆ لە بۆمبارانەکانی مەقەدیشۆ و حەلەب و بەغدادەوە هاتوویتە ئێرە و ڕزگارت بووە. پێتوایە شوورەییە خۆت لە دوژمنێک بشاریتەوە کە دیار نییە. تۆیەک کە لەگەڵ مردندا ڕووبەڕوو بوویت و دەستت لە دەمووچاوی داوە، سامی مردنت لا نامێنێت و دیدیکی دیکەت بۆ ژیان لادروستدەبێت. یان بە زمانێکی ڕۆشنتر: ئینسان بێ لاموبالاتییەکی زیاتر نیشنادەدات لەبەرانبەر ئەو ریسکانەی کە دێتە سەر ڕیی ژیان، ئاخر شتی لەوە سەختتر هاتۆتە سەر ڕێم، جا کۆرۆنا چییە؟ دەکرێ دەربڕینی بەشیکی زۆری هاولاتیانی ئەم ولاتانە بێت.
بە کورتییەکەی: ئەوەی کە بەشێکی زۆری قوربانییەکانی کۆرۆنا لە ناوچە کۆچبەرنشینەکان و هاولاتیانی ئەو ناوچانەدایە، پرسیاری سترەکچەرە کۆمەلایەتییەکان دەکاتە هۆکارێکی گرنگی تووشبوون و مردنی هاوڵاتییان. فاکتەرێک کە لە زۆر دۆخدا لەلایەن راستی کۆمەلگاوە بە تووندی بەرپەرچدەدرایەوە و ئینکاری لێدەکرا.
واتا ئەگەر تا ئێستا بەرزی تەمەن و بوونی چەندەها نەخۆشی دیکە لای ئینسان بەو هۆکارە مەترسیدارانە لەقەلەمدرابێت لە کاتی دووچاربوون بە کۆرۆنادا و ریسکی نزیکی لەمردنەوە، ئەوا ستراکچەرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک لە پەراوێزدابوونی کۆمەلگا، ئینتیمای چینایەتی وژیان لەگەرەکە لەپەراوێزخراوەکانی کۆمەلگادا ، لە دۆخی بلاوبوونەوەی پاندێمی و رۆژگاریی ئاساییشدا، دووبارە ئەو راستییە تۆخدەکاتەوە کە مەرگ ئاسانتر زەفەر بەو ئینسانانەدەبات کاتێک کە جەبرە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگای چینایەتی سەختترە لەسەرییان تەنانەت لە یەکێک لە دەوڵەتە دەولەمەندەکانی دنیادا کە سیستەمی دەوڵەتی ریفاهەکەی لە ئاستێکی بالای نیونەتەوەیەتیدایە.
ئەگەر تەماشایەکی ئەو مۆدێلە تێۆرییە بکەین کە پسپۆڕانی لێکۆڵینەوەکە بەکاریانهێناوە بۆ گەیشتن بەو دەرئەنجامامەی کە رێژەی بەرزی مردن بۆ کەسێکی پەنابەری سەر و 65 ساڵ لە سەدا 250 یە بەرانبەر کەسێکی لەدایکبووی ئەم ولاتەدا کە لە سەدا 19 یە، ئەوا ئەم نەخشەیەمان دێتە بەردەست.
ئەو هۆکارانەی کە یارمەتیدەری زیاتربلاوبوونەوەی کۆرۆنایە :
بچووکی خانووبەرە یان تەزیقی ماڵ و قەڵەباڵغی ناوچەکە،
کەمی ڕێژەی ئەوانەی کە دەکرا لە ماڵەوە کاربکەن بەهۆی پاندێمییەوە
مەسافەی درێژی نیوان شوینی کار و ماڵ و بەکارهێانی ئامرازە گشتییەکانی هاتووچۆ.
بەرزی رێژەی ئەوانەی لە کارە خزمەتگووزارییەکاناد کاردەکەن.
بەرزی ژمارەی ئەوانەی کارەکانییان بە سەعاتە، فلان ڕۆژ 10 سەعات و رۆژێکی دیکە هیچ
کەمی زانیاری دەربارەی چۆنێتی خۆپارێزی لە ڤایرۆس لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی رێکخراوی کاردا
پێکەوەژیانی نەوەکان. باپیر و داپیرە لە ماڵی کوڕ وکچدا
خزمەتی پیران زیاتر لەلایەن کەس وکارەوە ئەنجامدەدرێت
ئەو هۆکارانەی کە ڕێگری لە زیاتربلاوبوونەوەی کۆرۆنا دەگرێت.
کەمی ئەندامانی خێزان و مەسافەی بەرینی نیوان خانووەکان
بەرزی ژمارەی ئەوانەی کە دەتوانن لە ماڵەوە کار بکەن و نەچنە سەر کارەکانی خۆیان
کورتی مەسافەی نێوان شوێنی ژیان و شوێنی کار یان بوونی ئۆتۆمبێلی شەخسی
کەمی ڕێژەی ئەوانەی لە کارەکانی وەک خزمەتگووزاریەکاندا کاردەکەن.
پیکەوەنەژیانی نەوەکان. نەنک و باپیرە لەگەڵ کوڕ و کچەکانیاندا ناژین
خزمەتی پیران زیاتر لەلایەن دەستگاکانی دەوڵەتی ریفاهەوە ئەنجامدەدرێت.
کاتێک هەموو ئەو فاکتەرانە لەبەرچاودەگرین کە یارمەتیدەری زیاتری بلاوبوونەوە و تووشبوون بە کۆرۆنایە، ئەوسا بە ئاسانی دەبینرێ کە کار و شوێنی ژیانی پەنابەران هەموو ئەو ئامادەییە بونیادیانەی تێدایە کە کۆرۆنا بە کەیفی خۆی دەتوانێ تەراتێنی تیدا بکات. بۆیە کارێکی سەخت نییە کە ژمارەی تووشبووان و مردووان، قوربانییەکانی ناو گیتۆکانی شارە گەورەکانی سوید بێت کە بەر لە هاتنی کۆرۆناوە بۆ قەسابیکردنێکی ئاواهی ئامادەکرابوون. ئەگەرچی چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوانەی ڕۆژنامەکانی سوید شاری ستۆکهۆڵم و گەرەکەکانی دەووروبەرێتی، بەڵام ئاڵوگۆڕێکی جیاواز بەسەر زانیارییەکاندا نەدەهات ئەگەر داتاکان هی شارێکی وەک یۆتۆبۆری و مالموێ بووایە.
چونکە ئەو گرفتانەی کە لێکۆڵینەوەی کە پزیشکان ئاماژەی پێدەدا، لە بوونیادە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگادایە و دیاردەیەکی بینراو و ناسراوی ژیانی کۆچبەرانە لە سەرتاسەری سویددا.
بۆیە ئەگەر ستراتیژی داخستنی سەرتاپای کۆمەلگاش پەیڕەو بکرایە، کە سوید ئەم ستراتیژیەی هەڵنەبژارد، هیچی لەو فاکتەرە ڕیسکدارانە کەمنەدەکردەوە کە کۆرۆنا پێویستییەتی بۆ ئەوەی ئینسانەکان تووش بکات و ژمارەی تووشبووان و قوربانییەکانی لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵێتەوە. ئاخر سەرتاپای بونیادی کۆمەڵایەتی زۆربەی کۆچبەران لە سویددا، بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا، ئەو ریسک فاکتەرانە دەیانگرێتەوە بۆ ئەوەی وەک نێچیرێکی ئاسان ڕاوبکرێن کاتێک دوژمنێک پەلاماردەدات. ئێستا لانی کەم لە کاتی پەلاماری کۆرۆنادا، لە رێگای ژمارەکان و پۆست ئەدرێسی ماڵەکانەوە، دەزانرێ چ دوژمنێک بە ئاسانی دەتوانێ خۆی بکات بە ژووردا و لە کاتی هاتنەدەرەویدا، چ ماڵێکی سارد و چۆڵ لە دوای خۆیەوە جێبێڵێ.
20200721
سەرچاوەکان:
1- http://www.estanews.net/2017-08-21-09-55-39/4436-سلاڤۆ-ژیژەک-کۆرۆنا-دواهەمین-قۆناغی-سەرمایەدارییە.html
2- https://www.expressen.se/nyheter/qs/koderna-avslojar-har-smittas-flest/
3- https://www.gp.se/nyheter/sverige/stora-skillnader-i-%C3%B6verd%C3%B6dlighet-beroende-p%C3%A5-f%C3%B6delseland-1.30542150