لە نێوان ئەرز و ئاسماندا سەوز بوو دڵی من
لە کەناری شەو و ڕۆژدا زەرد بوو ڕۆحی من
لە مابەینی تۆ و تۆدا ون بوو خەیاڵی من
لە باخودا و ناخودای تۆدا مەحو بوو وجودی من
لە تەمدا جێم مەهێڵە
لە بیابانەکاندا یەخسیرم مەکە
ئەبمە سەراب
ئەو هەموو ڕوونییەت بۆ چییە؟
گەر بەشی من نەیەیت کە خۆتم
ئەو هەموو تەڕییە چی لێ ئەکەیت؟
گەر من وشک بم کە خۆتم
ئەو هەموو نزیکییە ئەدەی بە کێ؟
گەر من دوور بم کە خۆتم
لە ئاسمانەوە سەیرم مەکە...
لە خۆڵدا نێژراوم کە خۆتم
لە بێباکییەوە لێم مەڕوانە
ئەیوبانە تەریک کەوتووم کە هەر خۆتم
کوێت بۆ بگەڕێم؟
کە ونبوون و دۆزینەوەش هەر خۆتی
لە کام ئاسمان لە کام زەوی سۆراخت کەم؟
کە (مابین) هەر خۆتی
لە هەناوی کام تاریکیی و لە پرشنگی کام نوردا بتدۆزمەوە؟
کە زەردەپەڕ و گزنگیش هەر خۆتی
دۆڵ و دەشتم هەر خۆتی
شاخ و کێوم هەر خۆتی
دەریا و زەریام هەر خۆتی
شین و شادیم هەر خۆتی
مەنزڵ و مەنفا هەر خۆتی
خەون و بێداریی هەر خۆتی
لە کوێدا جێم ئەهێڵیت؟
هەموو جێ هەر خۆتی
بە کام جەفام ئەسپێریت؟
وەفا و جەفا هەر خۆتی
بە کام فڕین، بە کام نیشتنەوەم ئەفرۆشیت؟
پەڕ و باڵ هەر خۆتی
ئەمدەیتە دەست کام دەهر؟
کە ماجەرا هەر خۆتی
گەر فڕێمدەیت
لە ناو تۆدا بێناز ئەمرم
گەر هەڵمگریتەوە
هەر لە ناوتا شاناز ئەمرم
چ باکمە
کە مردن و ژیان هەر خۆتی
کە بوون و نەبوون هەر خۆتی...

---------------

هەر یەکەمان لە باغێکدا یاقووتەکانمان لێ کەوت، ٢٠١٦
نووسینەوەی: ماڵێک لە ئاسمان

بە داخەوە بۆ کۆچی ناوادەی کاک هێمن قەرەداغی!