بێگومان قسەكردن لە دوو كایە و دوو وێنەی جیاواز و هەندێجار ناكۆك و دژ بەیەكتری هەر تەنها قسەكردن نییە لە دوو زمانی تەعبیركردن و دوو ناوكۆیی و دوو دید و شێوە داڕشتن... بەڵكو قسەكردنە لە دوو شێوە بیركردنەوەی جیاواز و خەونی جیاواز... 
فیكر بەشێوەیەكی گشتی بەرهەمی مرۆڤ و مرۆڤایەتییە، بۆیە نامەوێ‌ لەبارەی فیكری ئەدەبی و فیكری سیاسی بەو شێوە بەرتەسكە قسە بكەم، وەك چۆن بەدیوەكەی دیكەش نامەوێ‌ لە بارەی وێنەی رۆشنبیر و وێنەی سیاسی دووبارە بچمەوە سەر بیروڕاكانی سارتەر و گرامشی و ئەوانیدیكە. ئەمڕۆ مانا و رۆڵی رۆشنبیر لە كلیككردنێكدا دەكرێتەوە. رۆشنبیری سەردەمی سارتەر بەسەرچوو، ئیتر رۆشنبیر چیدی ئەو كەسە نییە كە بتوانێ‌ رابەرایەتی كۆمەڵگە بكات، ئیتر رۆشنبیر چیدی ئەو كەسە نییە پەند و ئامۆژگاری دابدات...  وەك چۆن سیاسی هەر تەنها ئەو بوونەوەرە ئۆڕگانییە نییە، كە لەپێناسەكانی گرامشییەوە خۆی دەدۆزێتەوە... ئەمڕۆ رۆشنبیر كاری بەرهەمهێنانی كایەی رۆشنبیریی و ئیبداعە، ئەمڕۆ ئینتەرنێت و میدیا و كەناڵەكانی دیكەی زانیاری بە تەواوی شوێنی رۆشنبیری ئۆڕگانی و رۆشنبیری پەندیار و رۆشنبیری رابەرییان گرتۆتەوە. دەشێ‌ لەنێوان دەسەڵاتی رۆشنبیریی و دەسەڵاتی سیاسی دوو پرس و دوو دنیابینی جیاواز بخەینە روو، یەكەمییان لەڕێگەی رەخنە و بەدواداچوون و هەڵوەشانەوەی بەردەوام خۆی نمایان دەكات. دووەمیان لەمیانی پەیڕەو و پرۆگرامێكی دیاریكراودا خۆی دووبارە بەرجەستە دەكاتەوە. بە مانایەكی دیكە پرسی رۆشنبیر لەنێو جێگیرنەبوونی كایە رۆشنبیرییەكاندا خۆی دادەهێنێ‌ و پرسی سیاسی لە جێگیربوونی كایەی سیاسی درێژە بەخۆی دەدات.
كەواتە ئەوەی بەردەوامییەت بە رۆشنبیر دەدا، رەخنە و گومان و جێگیرنەبوونە، ئەوەی بوونی رۆشنبیر وەك بوونێكی سەربەخۆ و ئازاد دەسەلمێنێ‌ بەرهەمهێنانی كایە جیاوازەكانی رۆشنبیرییە! بەڵام بوونی سیاسی دەشێ‌ لە تیژبینی و خەمڵاندن و یاری سیاسیانەدا هەڵبگرینەوە... ئیتر ئەو پێكدادانەی كە دەكەوێتە نێوان ئەو دوو بوونە، راستەوخۆ لەرووی داهێنان و رۆشنبیریی لە لایەك و لە ڕووی ئاسایش و كارگێڕی لەرووییەكی دیكەوە پەیوەندی بە بارودۆخی كەڵەكەبووەوە هەیە. هەڵبەتە كۆی سەركەوتنەكان بە كرانەوە و دیالۆگ و شەفافییەتەوە بەندە، وەك چۆن كۆی دابەزینەكان بە داخران و شێوەكانی گەندەلییەوە دەلكێ‌. لە كۆمەڵگەی كراوەدا رۆشنبیر وەك چاودێرێك بەر ژینگەی سیاسی دەكەوێ‌ و رەخنەی جۆراو جۆر ئاڕاستەی كایە سیاسییەكان دەكات و لەوێشەوە دیالۆگ دێتە ئاراوە. بەڵام لە كۆمەڵگەی داخراودا هەمیشە سیاسی لەهەوڵی ئاڕاستەكردن و دەستەمۆكردنی رۆشنبیر دایە و لەوێشەوە بە بنبەستبوون دەگات.
یەكێكی دیكە لە جیاوازییە بنەڕەتییەكانی كایەی سیاسی و كایەی رۆشنبیریی ئەوەیە، كە كەسی رۆشنبیر كاتێك لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسیدا خۆی دەبینێـتەوە، ئەو كاتە لە رۆشنبیر، وەك ئەوەی كە كەسێكی ئازاد و سەربەخۆیە دەكەوێت و دەشێ‌ ناوێكی دیكەی (جگە لە رۆشنبیر- بە مانای كەسی ئازاد) بخەینە پاڵ، بەو مانایەش پێویستە هەمیشە رۆشنبیر مەجالێك یان ماوەیەك لەنێوان خەونەكانی خۆی و خەونەكانی سیاسییدا بهێلێتەوە، تاكو بتوانێ‌ ئازادییەكانی خۆی پراكتیزە بكات.
بە بڕوای من رۆشنبیری داهێنەر پێویستە هەمیشە پارێزگاری لەو ماوەیە بكات و هەرگێز نەهێلێ‌ سیاسییەكان لەڕێگەی یارییەكانیانەوە ئەو ئازادییەی بشێوێنن! چونكە رۆشنبیر لەڕێگەی پاریزگاركردن لەو ماوەیە دەتوانێ‌ بە ئازادی رەخنەكانی رابگەیەنێت، هەر لەوێشەوە رووەكانی حەقیقەت روونتر بەرجەستە بكات، چونكە وەك دەزانین هێزی رۆشنبیریی جگە لە ئازادی بە شتێكی دیكەوە پشتبەست نییە. ئیتر لەبەر ئەوەی كایەی رۆشنبیری هیچ كاتێك لە هەوڵی ئەوەدا نییە شوێنی كایەی سیاسی بگرێتەوە، بۆیە كەسی رۆشنبیر هەرگیز لە كایە (ئازادی/رۆشنبیری)یەكەی خۆی دانابەزێ‌ و خۆی لە بازنەی سیاسی نقوم ناكات.
بە كورتی ئەوەی دەشێ‌ لەبارەی وێنەی رۆشنبیرەوە زێتر جەختی لێبكەمەوە بەرهەمهێنانی كایەی رۆشنبیریی و ئیبداعییە، ئەوەی لەبارەی وێنەی سیاسییەوە دەشێ‌ جەختی لێبكەمەوە تیژبینی و گۆڕینی واقیع و كردەی دامەزراوییە، هەر لە كردەی دامەزراویشەوە دەشێ‌ قسە لە رۆشنبیری سیاسی و سیاسی رۆشنبیر بكەین. لەو خاڵەوە دەشێ‌ راستەوخۆ رۆشنبیر دیالۆگ لەگەڵ سیاسی بكات (بە پارێزگاریكردن لە ماوەی ناوبراو) لەڕێگەی دامەزراوەكانەوە راستەوخۆ چاوێك بێ‌ بەسەر ساسییەوە و وەك راڤەكارێك بچێتە نێو دەزگا و یارییەكانییەوە، بەو مانایەش رۆشنبیری سیاسی ئەو كەسەیە كە خاوەنی گوتارێكی ئاشكرا و روونە، بەدیوەكەی دیكەش سیاسییەك هەڵگری گوتارێكی روون و شەفاف بێت، بە مانا بەرفرەوانەكەی رۆشنبیر و رۆشنبیریی، رۆشنبیرە (هەڵبەتە بە مانا گرامشییەكەی). وەك چۆن هەموو رۆشنبیرێكیش سیاسییە بەپێی ئەو رۆشنبیرییەی كە سەر بە كایەی سیاسییە، بەڵام دووبارە پێویستە بەخششی رۆشنبیر و بەخششی سیاسی لێكجیا بكەینەوە.
لە پرسی رۆشنبیرییدا بەدوای ئاسۆیەكی بەرفرەوانتر و بێ‌ سنوور لە ئازادییدا دەگەڕێین، یان بە مانایەكی دیكە لە ژیان دەگەڕێین لەوپەڕی كرانەوەو درەوشانەوەدا. بەڵام پرسی سیاسی سنوورداركرن و دەستەمۆكردنی ژیانە بەپێی دیدی ئایدیۆلۆژی و بەرژەوەندی تایبەت. پرسی رۆشنبیریی پرسێكی ئاوێتەیە و لە زەمەندا درێژ دەبێتەوە بە ناوكۆییەوە بەندە و بە خەونەوە خۆی سەرقاڵ دەكات، بەڵام پرسی سیاسی خۆی لە لێكدانەوەی بەشێكی دیار و راگەیەنراودا دەبینێتەوە و بە شێوەیەكی رووەكی و بینراو و راستەوخۆ رووبەڕووی شتەكان دەوەستێ‌ و هەمیشە بەپێی بەرژەوەندییەكانی لە ئێستادا كار دەكات و لە واقعێكی دیاریكراودا خۆی دەنوێنێ‌. هەڵبەتە ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایانە بە شێوەیەكی راستەوخۆ قسە لە سیاسەت و سیاسیی، رۆشنبیر و رۆشنبیریی بكەین، بێگومان دەكەوینە نێوان چەندان وێنەی جیاواز و ناونانی جیاواز لە كەسی رۆشنبیر و كەسی سیاسی: رۆشنبیری بەكرێگیراو ئاڕاستەكراو و بودەڵە و ... پێچەوانەكەی، لەبەرانبەر سیاسی درۆزن و قین لە دڵ و چەنەباز و ... پێچەوانەكەی، یان كایەی رۆشنبیریی پڕ لە داهێنان و كایەی رۆشنبیریی كەمخوێن.... كایەی سیاسی پڕ لە جولە و شەفاف و هەڵگری جیاوازی و گفتوگۆی جیاواز، لەبەرانبەر كایەی سیاسی داخراو و ستەمكار و داپڵۆسێنەر و گەندەڵ....