له‌گه‌ڵ هه‌نسک و گریانی..
هه‌وری خوێنینی ئێواره‌
به‌کوڵ گریا.. فرمێسکی ڕشت..
ئه‌م دڵه‌ پڕ له‌پرسیاره‌

*

وتم.. ئای ڕه‌نگه‌ هه‌وره‌کان له‌تاو..
ئازاری قامچی بروسکه‌کان بێ..
به‌خوڕ دابکه‌ن؟
یان بۆ دیمه‌نی پڕ ماته‌مینیی گه‌ڵا مردووه‌کان..
شین و زار بکه‌ن؟
یان بۆیە ئاسمان وا بە کوڵ گریا..
چونکە گوڵی هەور لە وەرینایە و
دەستی بەربووە لە چڵی دەریا!

*

گریام و که‌سێک نه‌بوو لێم بگا..
باخی ئومێدم بوو بە خاکستەر
گریام کەس نەبوو دڵی بەفرینی بکا بە دەست و
کراسی ڕەشم دادڕێ لەبەر

*

هەتا ساماڵ شانی دادا.. هەر وەستابووم..
کەس پێکی دڵی نەهێنا و
لێوڕێژ بوو سوراحیی چاوم