له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی ته‌زیوی زستانه‌وه..
دوو چاوی گه‌شی پڕ ئه‌شک و نزا..
به‌ده‌م شه‌پۆلی گل و ژانه‌وه
تک.. تک.. ون ئه‌بێ..
له تاریکیی و ته‌م و مژا.. ده‌توێته‌وه
تا ساتێ زووتر.. خوا تابووتی شه‌و..
له دارستانی به‌ره‌به‌یانا.. بشارێته‌وه
که‌چی تادێ شه‌و سامناکتر ئه‌بێ..
خوا ناڕوانێته سیمای پشتی ئه‌و په‌نجه‌ره ڕه‌شه..
که مرۆڤێکی ته‌نیای کڵۆڵه
پێخه‌فی هه‌ور و سه‌رینی خۆڵه
ئه‌گری و ئه‌پرسێ..
مه‌گه‌ر به تیشکی زه‌رده‌ی مه‌رگی خۆم..
سه‌هۆڵ به‌ندانی شه‌و بتوێته‌وه!
جگه‌ره‌ی ئه‌به‌دیی خه‌می گهردونم له لێو بێته‌وه
ئه‌گری.. ئه‌یه‌وێ خۆی بسوتێنێ..
جه‌سته‌ی ته‌زیوی ئاگر تێبه‌ردا و
تا دوا هه‌ناسه‌ی ئه‌م ژینه په‌سته‌ی..
پڕ بێ له ئۆخه‌ی..
له‌به‌ر ڕۆشنایی سوتانی خۆ‌یا..
وێنه‌ی گزنگی ئاوابووی ژینی بدۆزێته‌وه..
خۆڵه‌مێشی خۆی تێکه‌ڵ کا له‌گه‌ڵ گه‌رد و سوتوهکهی
ئاگر شک نابا..
دێته ده‌ره‌وه..
به‌ناو جه‌نگه‌ڵی تابووت و مه‌رگا
ڕووه‌و که‌ناری گۆڕستانه‌که ئه‌که‌وێته ڕێ
له کاسه‌ی سه‌ریا..
هه‌وری خۆکوشتن ئه‌ڕه‌وێته‌وه
به‌ڵام هه‌زار داخ هێنده‌ی پێ ناچێ..
سه‌گه‌کانی به‌گ ئه‌یگرن.. ئه‌ڵێن..
ئه‌مه هاتووه له ته‌لبه‌نده‌کان بپه‌ڕێته‌وه و
نه‌خشه‌ی جۆگه‌کان تێک بداته‌وه
له‌ت له‌تی ئه‌که‌ن.. که‌سیش ته‌رمه‌که‌ی نابینێته‌وه!