((بۆ ئەو ئێوارە هەڵفڕیوانەی شێتی لە عاشق بوونم دەتكا،
بێ‌ ئومێدیش لە ڕوانینم.
بۆ ئێوارەكانی هاوینی 2009ی تەمەنم))

 

بەدەم مەستییەوە
ئێواران تەمەنم لەسەر شەقامی سەرووی
ماڵتان ئاوادەكەم،
بەهیوای بینینت لەوسەرەوە، لەگەڵ
عەشقێكی قووڵەوە دێم..
تامەزرۆی بینینت لە خۆشەویستیم دەتكێ‌..
كە ناتبینم، دەڵێم تۆ بڵێی ئێستا
بەدەم چ ئازارێكەوە
لەبەردەم چرای ئەم عەشقە پڕ ئازارەم،
خامۆشی بخواتەوە..
من لەسەر شەقامەوە بارگەیەك ئازارم پێیە،
تۆ لەكەنار ڕووبارەوە، گوڵی ماچ دەخەیتە
سەر لێوەكانی ئەو..
ماچێك تەمەنێك شادیم دەڕووخێنێت..
دەستەكانت لە سنگی ئەو دەچەقێنیت،
پێك پێك شەڕابی ڕووخانی من دەخۆیتەوە..
من لەسەر شەقامەوە، بۆ هەمیشە ئێوارەكانی
تەمەنم
دەدەمە دەست خۆر بۆ ئاوابوون..
تۆ هەر نابینم و
شەڕی خامۆشی لەگەڵ زەردەپەڕ دەست
پێدەكات،
شكانی منیش لە بێ‌ تۆیدا..
دەگەڕێمەوە، بێ‌ ئەوە چاوەكانم پڕ كردبن
لە نیگات..
دەگەڕێمەوە و هەوری بارانێكم پێ‌ نییە،
تاكو شەو بەسەر ئازارەكانم بیبارێنم..
بەئاواتی گەیشتن بەتۆ، تەمەن لەخۆم دەكوژم..
سەركۆنەی خۆم دەكەم و دەڵێم:
نامەكانی پڕن لەو دێرانەی كە داوای
بینینم دەكەن،
تۆ بڵێی كە نامبینێت چەندە تێكبشكێت..؟
ئێوارەی تەمەنم بە دنیایەك بێ‌ ئومێدی
ئاوادەبێ‌..
تۆش لەباوەشی ئەو سەیری هەڵاتنی خۆری شادیت
دەكەیت..
كاتێ‌ شەو دێت لە ئاسمانەوە بۆت دەڕوانم،
خەونەكانم پڕ دەكەم لە خۆشەویستیت،
واهەست دەكەم فریشتیەكیت
بە بەرگێكی سپییەوە لێم دوور دەكەویتەوە،
بۆ بەیانی خەونی ماچێكی تری ئەو دەبینی..
ڕۆژێك پێش جەژن، ماچێك بۆ تەمەنت
كۆدەكەیتەوە و
منیش خەونێك بۆ بینینت..
كە ئەمە دەزانم دادەڕوخێم،
بۆ ئەو قسانەت كە دڵی خۆمم پێ‌ دەدایەوە و
پێت دەوتم:
"كەسم وەك تۆ خۆشنەویستووە"
كە ئەمە دەزانم وا هەست دەكەم هەر هیچ نیم..
بۆ پووچی خۆم دەگریم،
بۆ خۆم دەگریم، كە شادی لە فەرهەنگی مندا
تەنها مانای وەرینە..
چیم نەكرد تا بەدڵی تۆ بم..؟
تا خنكان لە عەشقت نقووم بووم،
تا شێتی عاشقت بووم،
لەوەتەی عاشقت بوویمە
ئەم لێوانەم پاراستووە،
كۆترەكانی حەزم لە قەفەزی سنگ بۆ عەشقت
زیندان كردووە..
من هیچم و هەر پووچیش بەشمە..
وەك نەوڕەسێك كە نەمتوانی بەدڵی تۆ
بفڕم،
ناچارم ماڵاویی لەو شادیانە بكەم كە پڕیان
بوو لەجوانی،
بۆ هەمیشە تێكبشكێم،
لەوەتەی هەم هەر شكان بەشایستەی خۆم
دەزانم..