ڕووداوه‌ شێواوه‌کان
دیوی پشته‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌کان تاریکن
زرموهوڕی ده‌رگاکان دێت
په‌نجه‌کانم ماخۆلانیانه
یه‌ک دوو قه‌ڵه‌مم له‌به‌رده‌ستدایه‌‌
گوێ له‌ مۆزیکیش ده‌گرم
له‌تاو مه‌راق
خۆم ڕووتوقوت کردۆته‌وه‌
به‌ زمانم ده‌ڵێم بێده‌نگبه‌
تا بزانین چی ڕووده‌دات
خرینگه‌ی پاوه‌نه‌یه‌ک ده‌بیستم
زه‌ینم ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر گۆرانییه‌کی فۆلکلۆر
بێئه‌وه‌ی له‌ ده‌رگای ژووره‌که‌م بده‌ن
به‌ په‌رتاو خۆیان ده‌که‌ن به‌ ژووردا
قه‌سیده‌ شێواوه‌کانم.
پرسیاره‌که‌ی ئیزرائیل
به‌بێده‌نگی دانیشتووه‌و
یه‌که‌‌ یه‌که‌ په‌نجه‌کانی ده‌کرتێنێ
سه‌ری دنیای لێ هاتۆته‌وه‌ یه‌ک
چاوه‌کانی داده‌خات و
توند گوێچکه‌کانی ده‌گرێت
خه‌جاڵه‌ته‌ له‌به‌رده‌م مردوواندا
تازه‌ بیری کردۆته‌وه‌
ئاخۆ خۆی که‌ی
سه‌ری به‌رزده‌کاته‌وه‌و
هیچ ناڵێت
ده‌یه‌وێ پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ خودا بکات
خۆی که‌ی ده‌مرێ
ناچار ده‌بێت
سووژده‌ بۆ مه‌رگ ببات و
پرسیاره‌که‌ی قووت بداته‌وه‌
ئیزرائیل.
دیتنه‌کانی ته‌نیایی
که‌ هات
به‌شێکی ژیان وه‌ستا
ورده‌ ورده‌
تاریکایی داده‌هات
خه‌یاڵ سه‌ره‌تاتکێی ده‌کرد
هه‌ستی سێیه‌م
به‌رزونزمی ده‌کرد
شتێک ده‌ر‌ده‌که‌وت و نه‌ده‌ما
ده‌نگێک ده‌هات و ئه‌ڕۆیشت
له‌ شێوه‌ی تارماییدا بوو
بۆنی ده‌هات و ده‌چوو
وه‌ک بڵێی شیعرێکی
نه‌وتراو یان تۆراودا بێت
له‌ هه‌موو که‌سێک ده‌چوو
دواجار
له‌ ده‌ورو پشتم
له‌ شێوه‌ی چوار دیوار
خۆی نمایشکرد ته‌نیایی.
‌‌ گومانێکی دروست
نه‌مزانی چۆن ده‌ستمپێکردن ‌و
له‌ کوێشدا ته‌واو ده‌بم
ته‌نانه‌ت پێم ناڵێن چۆن ڕوویاندا
هۆکاریان چی بوو
یان چ جۆره‌ شتێکن کردوومن
هه‌میشه‌ له‌ دووره‌وه‌ هاوارێک دێت و
ڕامده‌چڵه‌کێنێ
خورپه‌ ده‌خاته‌ دڵمه‌وه
فێری ترسیان کردووم
له‌ خۆمه‌وه‌ نازانم چی ده‌که‌م
به‌س ئه‌وه‌نده‌م له‌ بیرماوه‌
خه‌یاڵم لای خۆم نه‌ده‌ما و
ده‌سته‌کانیشم خه‌ر‌یکی شتێک بوون
بیرم ماوه‌ که‌ هه‌ندێکجار ده‌گر‌یام و
هه‌ندێ جاری تریش خۆخواردنه‌وه‌
که‌سێک که‌ نایناسم و
له‌ ناشوێنه‌وه‌ پێمده‌ڵێ:
ئه‌وانه‌ هه‌موویان
شیعر بوون........ شیعر
به‌ڵام هه‌ر گومانم هه‌یه
توانیبێتم شاعیربم‌.