دیسانه‌وه کۆمه‌ڵێکی زۆر له ڕۆشنبیران ئیمزایان کۆکرده‌وه و له‌ئاست ڕووداوێکی دیارییکراودا ده‌ڵێن «پێشبینیی ئه‌مه‌مان نه‌ده‌کرد و شۆک بووین».
ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێستا شۆکبوونی ڕۆشنبیران له‌ئاکامی ئه‌وه‌بوو که پێشبینییان نه‌ده‌کرد مومکین بێت یه‌کگرتووی ئیسلامیی له‌ناکاو ڕوخسار بگۆڕێ و ببێته حیزبێکی توندڕه‌و. ئێستاش زۆرێکیان له‌وه سه‌ریان سوڕماوه که چۆنه لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه له کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان - که له‌لایه‌ن حیزبێکه‌وه دامه‌زراوه که گومانی زۆر هه‌یه خۆی له‌پشت کوشتنه‌که‌وه بێت - ده‌ڵێت حیزبه‌که‌ی ئێمه بێتاوانه و تاوانه‌که ده‌دات به‌سه‌ر حیزبێکی تردا.
من پێموایه ڕۆشنبیران له‌پای ئه‌م شۆکبوونانهیان به‌غه‌یری خۆیان حه‌قی گله‌ییان له هیچ که‌سێکی تر نییه. ئه‌وه گرفتی پارتیی نییه تۆ تائێستاش به دڵێکی ئه‌وه‌نده ساده‌وه له دنیا بڕوانیت وابزانیت لیژنه‌یه‌ک که سه‌رۆکی حیزبێک بۆ لێکۆڵینه‌وه له تاوانێک دایبنێت ده‌توانێت له‌و گومانه ڕه‌وایانه بکۆڵێته‌وه که له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا له‌سه‌ر حیزبه‌که‌ی ئه‌و خۆی هه‌یه. مه‌سعود بارزانیی له‌ڕووی یاساییه‌وه ئه‌هلییه‌ت (Legal competence)ی ئه‌وه‌ی نه‌بوو ئه‌و لیژنه‌یه پێک بێنێت و ئه‌ندامه‌کانی دیاریی بکات، چونکه ئه‌و پارته‌که‌ی خۆی گومانلێکراوی سه‌ره‌کییه له دۆزه‌که‌دا و چه‌ندین به‌ڵگه‌ی ناڕاسته‌وخۆش (Circumstantial evidence) له ڕووداوه‌که‌دا هه‌ن که به‌و ئاراسته‌یه‌دا ئاماژه ده‌که‌ن که ئه‌و گومانانه حه‌قیقه‌تیان له‌پشته‌وه بێت. من پێموایه زه‌مینه‌ی شۆکبوونی ئه‌مڕۆی ڕۆشنبیران له‌و ڕۆژه‌وه و له‌سه‌ر ده‌ستی خۆیان ده‌ستی پێ‌کرد کاتێک له‌پڕ له ووتنی گومانه‌کانیان له ده‌زگای پاراستن که‌وتن و ڕه‌سمییه‌تیان به‌وه دا لیژنه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم قه‌زاوه‌ت بکات و زیاد له سێ مانگ بهئیلحاحهوه داوای لێدوان و ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کانیان لێکردن.
ئه‌وه‌ی که ڕۆشنبیرانێک ده‌ڵێن نا‌ئومێد که‌وتین و ئێستا ته‌واو بۆمان ده‌رکه‌وت که ئه‌و لیژنه‌یه بێلایه‌ن نییه، له مانایه‌کیدا ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نه‌ێت که ئه‌وان تائێستا چاوه‌ڕوانییه‌کی وایان له‌و لیژنه‌یه هه‌بووه که ئه‌گه‌ر له لێکۆڵینه‌وه‌کانیدا سه‌ره‌داوی به‌ڵگه‌کان بیباته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆی ده‌رکه‌وێت که پارتی دیموکرات و ده‌زگای پاراستن له‌پشت کوشتنی سهردهشتهوهن، ئه‌وا ئه‌نجامگیرییه‌کی وا بۆ خه‌ڵک ڕاده‌گه‌یه‌نێت و په‌نجه‌ی ئیتیهام بۆ ئه‌و به‌رپرسه درێژ ده‌کات که فه‌رمانی کوشتنه‌که‌ی ده‌رکردووه. چاوه‌ڕوانییه‌کی وا ده‌لاله‌تی تێنه‌گه‌یشتنێکی قوڵه له مۆڕاڵی هێزه سیاسییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه و نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانێک به‌و ئه‌ندازه‌یه دڵپاک و ناڕه‌خنه‌ییانه سه‌یری ئاکاری سیاسیی هێزه سیاسییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه بکه‌ن، چاوه‌ڕوانییان لێناکرێت بتوانن جگه له نواندنی دهستسپێتییهک و حه‌په‌ساویی و تووڕه‌ییه‌کی سه‌رده‌رنه‌که‌رانه، به‌شدارییه‌کی کاراتریان له موماره‌سه‌ی سیاسیی‌دا هه‌بێت.
ڕۆشنبیران له دۆزی سه‌رده‌شت عوسماندا حه‌ماسه‌ت و جیدییه‌تێکی زۆریان نواند و کارێکی گه‌وره‌یان کرد بۆ سه‌رکۆنه‌کردنی ئه‌و غه‌دره‌ی له‌و لاوه کرا و لێره‌شه‌وه بۆ سه‌رکۆنه‌کردنی ئه‌و ده‌ستدرێژییه گه‌وره‌یه‌ی له‌و ڕێگه‌یه‌وه کرایه سه‌ر ئازادیی بیروڕا له کوردستاندا. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئه‌سه‌فه ئه‌وه‌یه که ئه‌م حه‌ماسه‌ت و تووڕه‌ییه زۆره‌ی ڕۆشنبیران هاوشان بوو به زوعفێکی تیوریی و نواندنی نه‌شاره‌زاییه‌کی زۆر له ئیداره‌دانی چالاکیی سیاسیی‌دا و، له‌مه‌ش کوشنده‌تر زاڵبوونی ده‌ستی ئه‌و توێژه له ڕۆشنبیران بوو به‌سه‌ر پرۆسه‌که‌دا که پڕه‌نسیپی ئازادیی بیروڕایان تا ئه‌و شوێنه پێ قبوڵه که له خزمه‌ت ئه‌جێندای شه‌خسیی و، له حاڵه‌تی هه‌ندێکیشیاندا، له خزمه‌ت ئه‌جێندای ئه‌و ته‌ره‌فه سیاسییه‌دا بێت که ئه‌وان سه‌مپاتییان بۆی هه‌یه، نه‌ک ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی حه‌قیقیی و بێمه‌رجیان به‌و پره‌نسیپه هه‌بێت و تۆلێڕانسی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له ناوه‌ندی دێباتی سیاسیی‌دا هه‌موو ڕایه‌ک به‌ختی ئه‌وه‌ی هه‌بێت به‌رچاو بکه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ڕای ئه‌وانیشدا ناکۆک بێت. ڕاستییه‌کی تاڵ و گرفتێکی کوشنده‌ی ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی کوردیی که جێگه‌ی ئه‌سه‌فی گه‌وره‌یه ئه‌وه‌یه که له‌و ناوه‌نده‌دا تا ئێستا ژماره‌ی ئه‌و جۆره له ڕۆشنبیری ڕه‌سیده (Mature) زۆر که‌من که بتوانن له‌پاڵ باوه‌ڕی تۆکمه‌یان به ئازادیی بیروڕا وه‌ک پڕه‌نسیپێکی موجه‌ڕه‌د، ته‌حه‌مولی موماره‌سه‌ی فیعلیی ئه‌و پڕه‌نسیپه بکه‌ن له‌لایه‌ن که‌سی ناکۆک به ڕای ئه‌وانه‌وه.
من دڵنیام ژماره‌یه‌کی زۆرن ئه‌وانه‌ی که له گه‌رمه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌دا که ڕۆشنبیران له دۆزی سه‌رده‌شت عوسماندا بۆ جێپێگرتنی ئازادیی بیروڕا له کوردستاندا به‌ڕێیان خست، به‌هۆی جیاوازیی بیروڕایان له‌گه‌ڵ دوو جه‌مسه‌ره گه‌وره و به‌رچاوه‌که‌ی ناو دۆزه‌که‌دا، گرفتی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌وه‌ی بتوانن ڕاکانیان له‌ڕێگای ئه‌و که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنانه‌وه بگه‌یه‌ننه گوێی ڕای گشتیی له کوردستان که به‌ده‌ستی ئه‌و ڕۆشنبیرانهوهیه. ڕه‌نگه زۆرێک ته‌جروبه‌ی وایان هه‌بێت که ووتاره‌کانیان له ڕۆژنامه ئه‌هلییه‌کاندا بۆ بڵاو ناکرێته‌وه ئه‌گه‌رچی ووتاره‌کانیان، جگه له هاوڕایی له‌گه‌ڵ ئه‌و ''ڕۆژنامه‌گه‌ریی په‌رده‌هه‌ڵماڵین''هی ڕۆژنامه‌نووسان ساڵانێکه به چڕیی ده‌ستیان داوه‌تێ، هه‌موو مه‌رجه‌کانی تریان بۆ بڵاوبوونه‌وه له‌و ڕۆژنامانه‌دا تیادا ڕه‌چاو کراوه.
ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئێمه قه‌ت به‌دوای ئه‌وه‌وه نه‌بووه دێبات و دیالۆگێکی فیکریی ڕاسته‌قینه له‌نێوان بیروڕا هه‌مه‌چه‌شنه و جیاوازه‌کاندا دروست بکات، ئه‌گینا ده‌بوایه خۆی به‌دوای ئه‌و ده‌نگ و بیروڕایانه‌دا بچێت که له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا ناکۆکن، نه‌ک هه‌وڵی کپکردن و کردنهدهرهوهیان بدات. به‌ڵام ئه‌م ناوه‌نده له‌بری دروستکردنی دێبات هاتووه وێنه‌یه‌کی ساده‌کراوه‌ی دووبه‌ره‌یی بۆ هه‌موو گرفته‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای کوردستان دروستکردووه و له‌وێدا جگه له به‌یانکردنی ئینتیما و پاڵپشتیی بۆ ئه‌مبه‌ر یان ئه‌وبه‌ری ئه‌و کێشانه‌ی ده‌بنه بابه‌تی ڕۆژ، جێگه بۆ هیچ جۆره قسه‌کردن و لێکدانه‌وه‌یه‌کی قوڵتری وا نه‌هیڵراوه‌ته‌وه که نه ''سه‌ر به‌مبه‌ر'' و نه ''سه‌ر بهوبهر'' بێت.
له‌ناو دۆخێک و دابه‌شکردنێکی له‌م چه‌شنه‌دایه جێگه‌ی نیفاقی وا ده‌بێته‌وه که ڕۆژنامه‌نووسێک یان نووسه‌رێکی لایه‌نگری ئازادیی بیروڕا له‌ئاست هێرشکردنه سه‌ر ئازادیی بیروڕای سه‌رده‌شت عوسمان ته‌واو تووڕه ده‌بێت، به‌ڵام له‌ئاست هێرشکردنه سه‌ر ئازادیی بیروڕای سه‌رده‌شت حه‌مه‌ساڵح ده‌توانێت ته‌واو خهیاڵڕاحهت دا‌نیشێت و به یه‌ک دێڕیش پاڵپشتیی بۆ ئه‌و دۆزه عه‌کس نه‌کاته‌وه. ئه‌م نیفاق و ناڕاستگۆییه له ئیدیعاکانی ڕۆشنبیراندا مافی ته‌واو به که‌سێک ده‌دات پێیوابێت هیچ جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ریی نییه له‌نێوان ئه‌و خهیاڵڕاحهتییهی ڕۆشنبیران له‌ئاست هێرش بۆ سه‌ر ئازادیی بیروڕای سه‌رده‌شت حه‌مه‌ساڵح پیشانیان دا و ئه‌و خهیاڵڕاحهتییهی که‌سێکی وه‌ک مه‌لا به‌ختیار له‌ئاست هێرش بۆ سه‌ر ئازادیی بیروڕای سه‌رده‌شت عوسمان پیشانی دا.
ئه‌م مۆدێلی سهنگهرگیرییه دووجهمسهرییهی ڕۆشنبیران بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیی و سته‌مکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن جێگه‌ی چه‌نان موفاره‌قه‌ی له‌و چه‌شنه‌ی سه‌ره‌وه‌ی تیا ده‌بێته‌وه و خه‌ته‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه له چه‌نان حاڵه‌تدا ڕۆشنبیران بێئه‌وه‌ی خۆیان بیانه‌وێت به عه‌مه‌لیی له‌به‌رامبه‌ر پره‌نسیپی ئازادیی بیروڕادا بکه‌ونه سه‌نگه‌ره‌وه. ئه‌وه‌ی که ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌هلیی ڕێگه به خۆی ده‌دات له دژایه‌تیی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌قی ته‌واوی به‌یاننامه‌یه‌ک بۆ ئه‌نسارولئیسلام بڵاوبکاته‌وه که تیایدا هانی خه‌ڵک ده‌درێت بۆ تیرۆر و بۆ کوشتنی ئه‌وانه‌ی ڕایه‌کی جیاواز له ڕای ئه‌نساریان هه‌یه و باوه‌ڕیان به ئیسلام نییه، نموونه‌یه‌کی زه‌ق و هه‌نووکه‌یی ئه‌م خه‌ته‌ره‌یه. من ته‌واو به‌دگومان ده‌بم له مۆڕاڵی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسان، له پرۆفیشیوناڵیتێت و وه‌لائیان بۆ ڕۆڵی کۆمه‌ڵگایی خۆیان، له توانای تێگه‌یشتنیان له پره‌نسیپی ئازادیی بیروڕا، له پله‌ی دڵسۆزییان بۆ ئه‌و پره‌نسیپه و ئینجاش له توانای فیکرییان بۆ کارکردن بۆ چه‌سپاندنی ئه‌و پره‌نسیپه، کاتێک ده‌بینم هه‌واڵی لێدانی ڕۆژنامه‌نووسێک له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ڕاییکردنی کارێکی شه‌خسیی خۆی سه‌ردانی فه‌رمانگه‌یه‌کی حکومیی کردووه و له‌وێ له سه‌ره‌دا نه‌وه‌ستاوه ده‌بێته هه‌واڵی چه‌ند ڕۆژه‌ی میدیا ئه‌هلییه‌کان، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا نیوهمردووکردنی که‌مالی سه‌ید قادر له نه‌مسا له‌سه‌ر ئازادیی بیروڕا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لای ئه‌م میدیایانه ڕووداو نییه و نابێته هه‌واڵ.
دیاره هه‌بوون و جێگرتوویی ئازادیی بیروڕا له‌وڵاتدا بۆ ده‌زگاگه‌لێکی وه‌ک ڕۆژنامه ئه‌هلییه‌کان و بۆ ڕۆشنبیرانێک که ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر دۆخی سیاسیی وڵات کارکردێکیان هه‌بێت، گرنگییه‌کی حه‌یاتیی هه‌یه. بۆیه ئه‌گه‌ر تائێستاش ده‌زگاکانی ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلیی و ڕۆشنبیران تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه ڕووکه‌شانه له پڕه‌نسیپی ئازادیی بیروڕا و کارکردن بۆ چه‌سپاندنی تێگه‌یشتوون که خۆیان زۆرجار له‌به‌رامبه‌ریدا ده‌که‌ونه سه‌نگه‌ره‌وه، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بن له داهاتوودا چه‌نان ڕووداو و ئیقدامی ته‌واو چاوه‌ڕواننه‌کراوی تریان بۆ بێته پێش و، ئێمه‌ش له بواری چالاکییه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییدا ده‌بێت قبوڵمان بێت تا ده‌ورانێکی تریش له‌گه‌ڵ حه‌په‌ساویی و شۆکبوونه‌کانی ڕۆشنبیراندا هه‌ڵبکه‌ین.
sirwanebul@yahoo.com