باخ بەبێ‌ عیشق باخێكی خاڵی لە جوانییە، باخی خاڵی لە جوانیش باخ نییە، هەربۆیە ئادەم‌ و حەوا دەستیان بۆ سێوی خۆشەویستی برد، لەو كاتەوە ئیتر مرۆڤ مەحكومە بەوەی فریوی شەیتان بخوات، فریوی شتێك بخوات ژیان بەبێ‌ ئەو جوانی تیا نییە و بە بوونی ئەویشەوە مەحكومە بەو گوناهانەی كردن‌ و نەكردنیان مایەی كوشتنیەتی، هەندێك وا ئەڵێن بەڵام ئەگەر خودا وای ویستبا ئەوا دوو مرۆڤی نەئەخستە نێو باخێكی ڕازاوەو بێسنوری وەك (عەدەن)ەوە ،نەخێر خودا بەرلە هەموومان لەو حەقیقەتە تێگەیشت بەتەنیایی هەڵكردن سروشتی خودایە نەوەك مرۆڤ ،ئاخر ئەو زوو لەو حەقیقەتە تێگەیشت باخ بەبێ‌ بوونی عەشق جێگایەكی ناتەواوە بۆ ئەوەی جوانی تیادا بنیاد بنرێت .ئەگەر وابووایە خودا ئەو هەموو لەزەتەی نەئەترنجاندە لەشو ڕۆح و دڵی مرۆڤ ،مرۆڤ بەڕێگای جووتبوون زۆر نەئەبوو ،من پێم وایە ئەوەی ئەوان دەستیان بۆبرد سێوی عەشق نەبوو،سێوی گومان و دوودڵی بوو لەجوانیەكانی باخ ،سێوی گومان و خەیانەت بوو لەیەكتری ،لەجوانی ،لەخودا .لەوەها دۆخێكدا هەمیشە وامان دانا ئەوەی ئەوان دەستیان بۆ برد سێوی عەشق بوو ،ئایا خودا و عیشق ئەوەندە ناتەبان لەگەڵ یەكتریدا لەكاتێكدا عەشق دیوە ڕاستەقینەكەی جوانی باخە؟ڕەنگە جێگای پرسیار بێت لەجێگایەكی بێ‌ مرۆڤدا دووكەس خەیانەت لەیەكتری بكەن ،بەڵام خۆ ئەتوانن خەیانەت لەخودا بكەن ،ئایا خەیانەتكردن لەجوانی خەیانەت نیە لەخوداو لەیەكتری ؟ئایا ئەوان لەبەری سێوەكەی بەهەشتیان نەخواردایە چی ئەبوو؟ئێمە تاهەتایە لەباخێكی ڕازاوەی ناكۆتاو بێسنورا ئەبووین،ئەی ئەگەر خودا سێوەكەی حەرام نەكردایە چی ئەبوو؟یا ئەسڵەن سێوەكەی دروست نەكردایە چی ئەبوو؟لەبەهەشت دەری نەكردنایە چی ئەبوو؟یاخود شەیتان ڕۆحێكی فریودەرو پیلانكار نەبووایە چی ئەبوو؟
مادام خودا مەحكومی كردووین بەوەی گوناه بكەین و سزاكەی بدەین ،فریوی شەیتان بخۆین و گومان بكەین ،پرسیار بكەین هەقی خۆیەتی بپرسین ،ئایا خودا نەیئەتوانی وابكات شەیتان بهێنێتە سەر ڕێی ڕاست،یاخود ئێمە شەیتان بۆكاری چاكە فریو بدەین ؟ئەدی بۆچی ئەم دونیایەی والێكرد؟ئایا خودا مەحكومە كردووین بەوەی گوناه بكەین ڕەوایە ئێمە باجی خراپەكاریەكانی شەیتان بدەین ،یا سزای یاخی بوونی شەیتان لەخودا ؟مەگەر ئەوە ئێمەبووین یاخی بووین یا ئەو ،ئەدی بۆچی ئێمەش بەئاگری سزای خراپكاریەكانی ئەو بسوتێین؟هەقی خۆیەتی بپرسین ئایا خودا دوای لێبوونەوەی لەدروستكردنی دونیا تەواو ئیتر دەستەكانی شۆردوەو لێگەڕاوە ئیتر چی ڕوئەدات باڕوبدات ‌و هەموو شتێكی هەڵگرتووە بۆ ڕۆژی دوایی ،یا ئەوەی دەستێكی لەژیانی ئێمەدایەو دەستەكەی تری لەمەرگی ئێمەدا،دەستێكی لەڕۆحی ئێمەدایەو دەستەكەی تری لەمەرگی ئێمەدا ؟دەستێكی لەیاخی كردنی شەیتاندایەو دەستەكەی تری لەئیماندار كردنی ئێمەدا؟دەستێكی لەدروستكردنی شەیتاندایەو دەستێكی تری لەدیاری كردنی چارەنوسی ئێمەدا ؟بەڵام مەگەر دەكرێت هەرخۆی بونیاد نەری جوانی بێ‌ و جوانی حەرام بكات ؟مەگەر دەكرێت هەرخۆی مەحكوممان بكات بەوەی فریوی شەیتان بخۆین و هەر خۆشی سزامان بدات ؟هەر خۆی لەچارەمان بنوسێت فریوی شەیتان بخۆین و هەر خۆیشی جەهەننەمان بۆ تاو بدات ؟بەڵام چی ئەبوو ئەگەر شەیتانیش عیبادەتكارێكی گوێڕایەڵ‌و جوانیدۆست بووایە ؟ئایا وەك ئەوەی ئێمە مەحكومین بەمردن نەئەكرا مەحكوم بین بەژیان ؟بەڵام ژیانیش وەكو هەموو ئەو شتە بێتامانەی تر دووبارە ئەبنەوە ،دووبارە بوونەوەی تاقەتكوژە ،بۆیە من دڵنیام ئەگەر مردنیش نەبووایە ئەوا مرۆڤ بەدوای كۆتاییەكی تردا ئەگەڕا بۆژیان ،ڕەنگە لەسەر بەرماڵەكان تكای لەخودا بكردایە ئەو هەموو نابووتیە ڕابگرێت‌و مردن دابنێت ،ئایا ئەگەر هەر لەباخە ڕازاوەكەی خواشدا بواین دیسان وادەبوو ؟نا....وەك ئەوەی مەحكومین بەژیان لەوەها جێگایەكدا مەحكومین بەگوناهیش ،بەڵام لەوێ‌ وانەئەبوو تەنیا ئەوەندە بەسبوو لەسێوەكەمان نەخواردایە .باوای دابنێین ئەوە سێوی موحیبەت بوو ئایا خودا ئەوەندە ڕەنجی بەدیار نائومێدی وتەنیایی خۆیەوە كێشاوە ئیرەیی بەمرۆڤ ببات لەباخەدروستكراوەكەی ئەودا عیشق بكات،بێگومان نەخێر، ئەو ئەگەر ئیرەیی ببردایە حەوای بۆ ئادەم دروست نەئەكرد ،ئەو ئەگەر بیویستایە تۆڵەی تەنیاییەكەی خۆی لەمرۆڤەكانی بكاتەوە كارێكی وای نەئەكرد عیشقی بەو هەموو جوانیەوە بداتێ‌ و باخی عەدەنی لێوەر گرێتەوە ،كەوابوو ئەو نەیویست مرۆڤ ئەشكەنجەی تەنیایی ببینێت .لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەوان لەبەهەشت مەحكوم بوون بەلێكردنەوەی سێوێكی بینراو ئەوا لێرە ئێمە كوڕو كچە نەمەك حەرامەكانی ئەوان ئەبێت بەردەوام مەحكوم بین بەوەی لەسێوە نەبینراوەكانی ڕۆح هەڵبێین ،ئەو سێوانەی لێكردنەوەو لێنەكردنەوەیان بەئەندازەی یەكتری ئەتكوژێ‌،سێوێك دیوە بینراوەكەی لەڕۆحی ئێمەدایەو دیوە نەبینراوەكەی لەڕۆحی كەسێكی تردا ،مەحكومین بەوەی تاهەتایە سێوی موحیبەت و عیشق لێبكەینەوەو تا قیامەت و لەوە بەدواش سزاكەی بكێشین .
 
ئەی دووانەی خێرو شەڕ،ئەی ئەو فریشتانەی من بێئاگام لەدڵی ئێوە كاتێك گوناهو سزا ئەنوسن و ئێوەش بێئاگا لەوەی چی لەناو دڵی منا ئەگوزەرێ‌،من ئەمەوێ‌ بەناوی یەكێكتانەوە لەگەڵ هەردووكتاندا بدوێم‌و شتێكتان لەمەڕ جیاوازیەكانی نێوان ئێمەی مرۆڤ و ئێوەی فریشتە بۆ باسبكەم ،شتێكتان لەسەر ئەو دیوەشاراوەی مرۆڤ بۆباسبكەم كەئێمە ئەباتە ماڵی گوناه و لەدونیای ئێوەدا بوونی نیە ،هەروەك چۆن ئێمە مەحكومین بەوەی بەدوای هەست‌و خۆزگەو ئازارەكانمانا بچین، ئێوەش مەحكومن بەوەی تاهەتایە كارنامەی ئێمە بەرن بۆخودا ،بەڵام پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە كەخودا چاوی لەئاكارو ناو دڵ‌و دەرونی ئێمەبێت ،ئێوە بەسەر شانەكانمانەوە چكارەن لەكاتێكدا بەلەش‌و ڕۆح‌و هەستی ئێوە غەریبن؟ئەگەر ئێوەش یەكێكی تربن لەچاوەكانی خودا ئەوا من ناتوانم قسەیەكی ترم هەبێت بۆ وتن بەڵام مادام ئێوەش مەخلوقێكی تری خودان ڕێم بدەن باپێكەوە كەمێك بدوێین.
سەیركە ئێمە ئاگامان لەتۆ نیەو تۆش ئاگات لەتەواوی نهێنیەكانی ئێمەیە ،ئاخر ئەمەش كارەساتە جارێك نەتبینین بۆ ئەوەی قسەت لەگەڵدا بكەین ،دەی خۆتۆ هیچ شتێكت پێویست نیە تابەرتیلیشیت بدەینێ‌ ئیدی بۆ جارێك خۆت ئاشكرا ناكەیت ؟ئێمە تۆ نابینین‌و تۆش ئێمە ئەبینی ئەگەر ئێمە تۆمان بدیایەو تۆش ئێمەت نەدیبایە ئەی ئەوكاتە چی ئەبوو ،؟بێگومان سروشتی دونیاو تاقیكردنەوەكەی خودا تێك ئەچوو،ئەوكاتە ئیتر ئێمە فریشتە ئەبووین‌و ئێوە مرۆڤ ،بەڵام ئەكرێت مرۆڤێك دڵداری‌و جەنگ‌و سێكس بكات ببێتە فریشتە؟؟لەگەڵ ئەوەشدا ئێوە مەحكوم نین بەوەی بیر بكەنەوەو ،بەدوای وەڵامی پرسیارە قورسەكاندا بڕۆن و، هەمووزانیاریەكتان لەلای خوداوە وەكو كۆمپیوتەرێكی زیرەك تیادا خەزنكراوە ،ئاخر مرۆڤی دانا كەوەڵامی پرسیارێكی لانەبوو شێت ئەبێت،ئەشێت تەواوی تەمەنی تەرخان بكات بۆ وەڵامی پرسیارێك، چجای دونیایەك پرسیار كەوەڵامدانەوەیان لەتەمەنی ئەو درێژترەو نهێنیەكەیان بەشی ئەوە ئەكات هەریەكێكیان بەتەمەنی ئەو نەدۆزرێنەوە، لەبەردەمیدا قوتبكەیتەوە،ئاخر ئەم مرۆڤە كەوەڵامی پرسیارێكی لانەبوو ئەشێت چەند وەڵامێك‌و دونیایەك گومان دروستبكات‌و هیچیشیان حەقیقەت نەبن، بەدوای هەمووشیاندا بچێت‌و هەندێك جار یەقینی بەوەڵامەكانی خۆشی هەبێت،ئەشێت ئەو وەڵامانەش پەیبردن بە ئەو نهێنیانە نەبێت خودا لەم دونیا جادوییەدا شاردویەتیەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەدوایدا بگەڕێ‌،ئەشبێت دونیایەك ڕێگا بدۆزێتەوەو پێی وابێت هەر هەمووشیان ڕێگای حەقیقەتن‌و هیچیشیان ئەو ڕێگایانە نەبن كەمرۆڤ ئەگەیەنێتە خواو حەقیقەت‌و یەقین و بەختەوەری .
سەیركە ئێوە لەبەر ئەوەی كێشەی خۆشەویستیتان نیە كێشەی ئیرەیی‌وكینەشتان نیە ،ئاخر زۆرجار خۆشەویستی ئیرەیی‌و كینە دروست ئەكات،ئاخر ئێوە چونكە لەززەت لەگیانتانا نیە كێشەی ئازاریشتان نیە ،ئاخر هەر ئەو هەستەوەرانەن مایەی ئازاریشن.بۆ نمونە كەسێكتان مەعشوقەی كەسێكی ترتان ناخوازێ‌ تا ئەویترتان كینە سەراپای بكات بەئاگر ،كەسێكتان عیشقی ئەویترتان ناكات بەقەرەبروت ،تائەویترتان خوێن لەدەرونیدا شەپۆل بدا.ئاخر ئێوە ئەو تێكەڵاو بوونەتان نیە لەگەڵ دۆستەكانتانا شەوێك بۆنی گوڵی لەشی یەكتری بكەن تا دوای ئەوە ئازاری ویژدان ،یان حەسرەت بۆ گەڕانەوەی ئەو ساتانە لەناخەوە بتانكرۆژێ‌.كێشەی ئەوەتان نیە كەسێك دڵی مەعشوقەتان داگیر بكا ،یادڵی مەعشوقەی كەسێكی تر داگیر بكەن ،بمبورە ئەگەر لەسەر خراپیەكی دڵی مرۆڤ قسەت بۆبكەم ئەویش ئەوەیە كەعاشق بوو ئەبێت‌و گوێ‌ ناداتە هیچ، ئەمەیە خراپی دڵی مرۆڤ.ئاخر تۆ وەك ئەوەی كێشەی مردن‌و كوشتنت نیە كێشەی تۆڵەكردنەوەشت نیە ،مادام شتێكیشتان نیە بەناوی مردن، ترسی مردنیشتان نیە ،بەكۆچی دایك ،باوك ،هاوسەر ،خوشك،برا ،.........ڕاناچڵەكێن‌و كەسەر وێرانتان ناكات.بیهێنەرە بەرچاوی خۆت كەسێك نیە كەسێكتان بكوژێ‌و موحیبەتی ئەو كەسەتان هەستی تۆڵەكردنەوەو ئاگرێكی گەورەتان تیا سەوزبكات،بەقسەو بەگوللە یەكتری بریندار ناكەن،وەك خەیاڵێكی زیندوو بەم سەرزەمینەدا گوزەر ناكەیت، تائەوە خەیاڵت داگیربكات بەدوای دنیایەك خەوندا بچیت‌و بەهەر ڕێگایەك بێت پێیان بگەیت. ئاخر مرۆڤ ئەگەر تاوان نەكات بەو تەمەنە كورتەوە بەخەونەكانی ڕاناگات ،بەڵام لای ئێوە لەوەناچێت باس‌و خواسێك لەمەڕ خەونی ئەم دونیایە هەبێت ،ڕاستە مرۆڤ بیری مردن سەری نەكرۆشتایە زیندوو زیندووی ئەخوارد ،هەندێك جاریش هەر ئەم ترسی مردنەیە مردو مردو ئەخوات ،ئەدی ئەوەنیە زۆرجار مرۆڤەكان بۆئەوە گوناه ئەكەن ناوێك ،ئاسەوارێك لەدوای مردن بەجێبێڵن؟بەڵام خۆ ئێوە مردنیشتان نیە تالەو ئازارەش تێبگەن ،ناچنە پرسەی یەكتری تا لەسەر تەرمی یەكتری پوچی دونیاو هەڵپەی ئەوەی ماوە سەرتان بخوات.
تۆ ناچار نیت درۆ بكەیت لەپێناوی ئەوەی گوناهێك نەكرێت ،ئاخر گوناه لای ئێوە بوونی نیە بكوژیت بۆ ئەوەی نەكوژرێیت ،ناچار نیت گوناهێك بكەیت بۆ ئەوەی ئارەزووە تینوەكانت تێر بكەیت ،كەسێك لەسەر ڕێگەكەی لابدەیت،ئەسڵەن ئارەزوویەك لەلەشی ئێوەدا بوونی نیە تا بەدوایدا گوناه بكەیت ،یا بەندی بكەیت ،نا چار نیت خوێن بڕێژیت بۆ ئەوەی هەوڵ بدەیت ئەو دەرفەتەت لەدەست نەڕوات بۆ ئەوەی بە خەونەكانت بگەی ،بمبورە دەبێت ئەوە بڵێم هەر ڕۆحلەبەرێك خەونی نەبوو لێرە ڕۆحلەبەرێكی مردووە، هەرئەمەیە زۆرجار خەونێك خەونێكی تر بەدوای خۆیدا ئەبات، بۆنمونە ئەو مناڵە هەژارەی ئەیەوێت نانێكی دەست بكەوێت‌و دەستی ناكەوێت، خەونەكەی لەخەونی دەوڵەمەندیەوە ئەگۆڕێت بۆ خەونی دزێكی كارامە،بۆ خەونی مرۆكوژێكی لێزان.تۆ ناچار نیت خانویەكت هەبێت بۆ ئەوەی خۆری هاوین نەتسوتێنێ‌‌و لافاوی زستان نەتبات ،ئەسڵەن هەستی سەرماو گەرمات نیە،ئیتر چۆن ئەتوانیت لەمردنی ئەو مناڵە تێبگەیت ئاگرێك لەماڵەكەیاندا نیەو ڕەق بووتەوە ،لەئەو ژنە تێبگەیت بۆ ئەوە داوێنی ئەفرۆشی فێنك كەرەوەیەك بۆ مناڵەكانی بكڕێ‌؟ئێوە ناچار نین بەدوای ناندا ڕابكەن‌و بمرن‌و چاو چنۆكیتان تێدا بڕوێ‌ ،ئاخر چاوچنۆكی زۆر جار لەپێویستی‌و نەبوونیەوە دروست ئەبێت ،كوشتن لەم پێناوەدا ،گوناه زۆرجار هۆكارەكەی هەرئەمەیە.تۆ ناچار نیت هەستەكانت سەركوت بكەیت‌و شەڕی خواو شەیتان لەناو خۆتدا بەرپابكەئ،ئەمەش ناكاتە ئەوەی شەیتانێكی پیلانكار لەناو ئێمەدا بوونی نەبێت ،هەروەك فریشتەیەكی میهرەبانیشمان تێدایە ،ئێوە دابەش نەبوون بەسەر ئەم دوو دیوەدا ئێوە هەربەیەك دیوی خوڵقاون ،تێكەڵەیەك نین لەفریشتەو شەیتان ،ئێوە تەنیا فریشتەیەكن وبەس، بەڵام ئێمە كۆبوونەوەی هەردووكیانین لەیەك جەستەدا.ئێوە ناچار نین گومان لەسێبەرەكەی خۆتان بكەن لەبەر ئەوەی لەڕۆحی بەرامبەرەكانتانا شەیتان بوونی نیە ،ناچار نین گومان لەسێبەرەكەی خۆتان‌و تەنانەت بوونی خواش بكەن ،ناچار نین شەڕ لەگەڵ شەیتانێكدا بكەن لە لەش‌و ڕۆحتاندا ئەژی‌و دەست بەردار نەبوون لێی‌و دەسەتبەرداربوونی ئەتانكوژێ‌.دونیای ئێوەو دونیای ئێمە دووشتی لێكتری جودان ،ئێوە لەئاسمانێكی نەبینراودا ئەفڕن‌و ئێمە بەسەر زەمینێكی پڕ لەتەرم‌و خۆزگەدا ئەگەڕێین .ئێوە ناچار نین دڵداری بكەن،سێكس بكەن ،بچنە ژیانی هاوسەرێتیەوەو بەڕۆح‌و لدجەستە تێكەڵاوی یەكتری بن بۆ ئەوەی قڕتان تێنەكەوێ‌،نەك هەر دڵداری بگرە نە ئارەزوویەك لەلەشتاندا بوونی هەیەو نەهەستێكی لەمشێوەش لەڕۆحتاندا.ئاخر عیشق خویەك،یا پەتایەك نیە مرۆڤ بەسەریدا زاڵبێت ،هێزێكە لەناوەوی سنوری جەستەو لەدەرەوەی دەسەڵاتی جەستە ،هێزێكە تەنانەت لەسەروی دەسەڵاتی ڕۆحی تۆەوە داگیرت ئەكات ،ئەوانەشی ئەڵێن پێویستە ڕۆح بەرامبەر عیشق بەهێز بكرێت دوای خەیاڵی خاو كەوتوون ،مەگەر دەكرێ‌ لەبەرامبەر نیوەی ڕۆحی خۆتدا بیر لەبەهێزكردنی نیوەكەی تر بكەیتەوە؟نا بۆ ئەوەی دنیا جوانبكرێت سەرەتا پێویستە عیشق بەدیوە ڕۆحیەكەیدا ببینن تالەحەقیقەتی جوانی تێبگەن ،نەك ئەوەی عیشق بەڕۆحیان بكوژن ،ئەوانەی ئەیانەوێت ئەمكارە بكەن وەك ئەوە وایە بیر لەوەبكەنەوە بەڕۆحیان ڕۆحیان بكوژن‌و هیچی تر ،وەك ئەوە وایە بەشێك لەو جوانیە وێران بكەن خودا لەڕۆحی ئەواندا دروستیكردووە.
ئاخر تۆ كە كچێكت لەڕۆح و دڵتا هەڵنەگرتبێت بیر لەكچێك ناكەیتەوە شەوەهای شەو بۆی بسوتێی‌و، كوڕێك بۆت ناگری لەقوڵایی ڕۆحیەوە لەقوڵایی دڵیەوە، حەزئەكات خۆی بمرێ‌‌و تۆ ئازارت پێنەگات ،سەیركە چەنێك بەختەورن نابووتیەكانی مرۆڤتان تیانیە ئەوەندەش داخدارە لەم هەستی جوانیە بێبەشن،پێم بڵێ‌ لەم كاتانەدا چۆن ئەتوانن لەئازاری ئەم كچ‌و كوڕە تێبگەن كەئێوە لێی بێبەشن؟ئاخر كەسێك لەئازار تێنەگات چۆن ئەتوانێت بینوسێتەوەو وەری گێڕێتە سەرزمانی خودا ؟ئیلا ئێوە دەبێت چاوی خودابن لەسەر شانی مرۆڤ، دەنا ناتوانن ئەو ئازارو هەستانە وەك خۆی بگەیەنن.ئاخر كەئێمە خوا مەحكومی كردووین بەوەی فریوی شەیتان بخۆین‌و دەست بۆسێوە خوێناویەكانی خوانەبەین،مەحكومی كردووین بەگوناه،تۆش مەحكومی بەوەی لەسێوی موحیبەت نەخۆیت ،ئەم دووشتەش وەك یەك ئازاردەرو مەرگهێنەرن.
تۆكە لەخۆشی‌و ناخۆشیدا نەگریابیت ،سەردەمێك گەنجیت نازی بەسەر شەقامی عیشقدا نەكردبێ‌‌و لەپیریدا خەمی ئەو جوانیەو لەدەستچوونی هەلاهەلای نەكردبی، چۆن ئەتوانیت گەنجی‌و پیری وەك یەك بنوسیتەوە ،چۆن ئەتوانیت مرۆڤ لەدوو زەمەندا بەیەك قەڵەم بنوسیت،لەكاتێكدا ئەو لەهەردوو زەمانەكەدا ئەوەندە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە بەئاستەم لەو مرۆڤەی جاران ئەچێت،ئاخر ئێمەی مرۆڤ كاتێك لەدەرگای ساڵێكەوە ئەچینەدەر، ئەشێت بەدڵ‌و دەرونێكی ترەوە بچینە ناوساڵێكی تر،چجای بەراورد كردنی دوودەیە بەیەكتری‌و سێ دەیە بەیەكتری،لەكاتێكدا لەهەر ڕویەكەوە مرۆڤ دۆخێكی گۆڕاوی هەیە لەگەڵ زەمەن‌و ئێوەش دۆخێكی نەگۆڕ،ئاخر زۆرجار دەوران‌و كارەساتی سروشتی و......... ئێمە والێئەكەن ببینەكۆیلەی شەیتانەكەی ناومان‌و پێچەوانەكەشی هەر ڕاستە .
پێم بڵێ‌ تۆچۆن لەئازاری جەرگی ئەو ژنە تێئەگەیت مناڵێكی ئەمرێ‌‌و هاوار ئەكات ،لەكاتێكا تۆ نەئازاری مناڵ بوون ئەچێژی‌و نە موحیبەتی دایكایەتی‌و نە ئەو ئاگرەشت دیوە دایكێك لەهەناویەوە پێی ئەسوتێت ؟ئاخر تۆ كەلەسێدارە نەدرێیت لەكوێ‌ ئەتوانیت هەستی ئەو كەسەت هەبێ‌‌و بینوسیتەوە پێی ئەڵێن سبەی لەسێدارەی ئەدەن؟لەكوێ‌ ئەتوانیت لەئازاری مردنی ،عاشق‌و مەعشوقە،دایك باوك، خوشك،برا ،هاوڕێ‌،هاوسەر تێبگەیت كاتێك تۆ نەترسی مردنت هەیەو نەنەخۆش كەوتن‌و نەباری خەمی ئەویش،نەئەو موحیبەتەش لەنێوانتانایە مرۆڤ هەیەتی‌و نەئەو كینەشتان هەیە لەدڵی مرۆڤدایە؟
تۆ چۆن ئەتوانیت شوێنی برینی خەیانەتێك ببینی نەكەسێك بیرت ئەكات‌و نەبیری كەسێك ئەكەیت ،نەكەسێكت خۆشئەوێ‌‌و نەكەسێك خۆشی ئەوێیت ،تەنیا پردێكی ڕۆحی بەخوداوە ئەتبەستێتەوە، ئەویش كاركردنەو نەئەو مرۆڤانەش عاشقت ئەبن‌و عاشقیان ئەبیت، لەگەڵ ڕەنگی ساڵ‌و سەردەمەكانا وەكو حەربا خۆیان ئەگۆڕن ،نەخەونێكتان هەیە بۆی بگرین‌و بۆی بمرن‌و نە ئومێدێكتان هەیە بۆی پێبكەنن‌و بۆی بژین و نەلەنیگایەكیشدا تەواوی چارەنوستان ئەگۆڕێت ؟؟سەیركە قەدەری مرۆڤ‌و دڕندەییەكەی بەئەندازی یەكتری دژی یەكترین ،هەرئەو مرۆڤەی شارێك بەئاماژەیەك وێران ئەكات‌و دەسەڵاتی خاپوركردنی دونیای هەیە ،مێشولەیەك شەوێك وێرانی ئەكات،ئاخر تۆ كە یادگاری‌و فرمێسك‌و ئازارەكانی مرۆڤ نەبینیت چۆن ئەتوانیت پێكەنین‌و گریان وەرگێڕیتەسەرزمانی خودا؟ئەمەیە وائەكات ڕێچكەی ژیان‌و مردنی ئێمە تێك بچێت .بمبورە لەوەی بڵێم ئێوە لەبەر ئەوەی هەستی بۆنكردنتان نیە لەوەرزی بەسەرچوونی گوڵیش ناگەن ،لەبەر ئەوەی پەنهانێكتان نیە ،پرسیارێكتان نیە بەدوای وەڵامەكەیدا بچن ،سەرتان ناكێشن بەموسیبەتی ئەو ڕێگایانەدا ونتان ئەكەن ،بەڵام ئێمە ئەمانەوێت گۆڕی ئەو نهێنیانەش هەڵبدەینەوە بەبینینیان ئەمرین.
سەیركە جیاوازی نێوان ئێمەو ئێوە ئەوەندەی جیاوازی نێوان ئەو ئاسمانەیە ئێوە مەلەی تیا ئەكەن‌و ئەو زەمینەیە ئێمەپیایدا ئەگەڕێین ،ئێمە لەدونیایەكی نادیارەوە هاتووین‌و هیچی لێنازانین‌و بۆ دونیایەكیش ئەچین دیسان هیچی لێنازانین،هەربەشێكی دنیای ئێمە ،چڵەگیایەك ،بێچووە كەروێشكێك ،بەكتریایەك دنییایەكی پەنهان‌و ئاڵۆزو سیحراوی خۆی هەیە‌و بەشی ئەوە ئەكات تاكۆتایی تەمەن لێكی بدەینەوەو حیكمەتی هاتن و چونی بژمێرین ،بەخۆمانی بەراورد بكەین ،بۆنمونە ئەگەر ئێمە وەكو گیا سەوز بوواین چی ئەبوو؟وەكو كەروێشك گیامان خواردبا چی ئەبوو ،وەكو بەكتریا زۆربوواین چی ئەبوو؟هەرشتێكی بچوك بگرین بەشی ئەوەئەكات تاكۆتایی تەمەن حیكمەتی هاتن‌و چوونی بژمێرین ،یا بپرسین كەدێت بۆچی دێت؟كە ئەڕوا بۆچی ئەڕوا؟ئەی دوای ئەوە بۆكوێ‌ ئەڕوا كەشی ئەبێتەوەو ئەبێتەوە بەخۆڵ؟گەر بەم شێوە سەیری بونەوەرە وردو درشتەكان بكەین ئەبینین دنیا سەمەرەخانەیەكی گەورەیە ،بەڵام ئێوە ناچار نین بەمەو وەك میوانێكی حازرخۆر سفرەی گشت وەڵامەكانتان لەبەردەمدا ڕاخراوە،ئاخر ئەمەش بەشێكە لەو گوناهەی دونیای ئێمە دونیایەكی لێوان لێو بێت لەڕاكردن‌و چاو چنۆكی بەدوای وەڵام‌و گوناه‌و گومان و كوفردا.
تۆ لەو هەستەش بێبەشیت چەنێك هەستی خەوتوو لەژێر مەمكی كچێكدایەو، چەنێك ئارەزووی تینوو بەدەماری كوڕێكدا ئەگەڕێ‌، بیری تەمەن‌و ئەو دەرفەتە كورتەش چۆن چۆنی بەدەمار هەردوكیانا ئەگەڕێ‌‌و بیری ئەو دەرفەتە كورتەش بۆ لەززەت چۆنچۆنی ناخی مرۆڤ هەڵدەكۆڵێ‌ ،ئاخر خەمی مردنیش تەنیا خەمێكە هەر ڕۆحلەبەرێك ئەو خەمەی نەبوو ناتوانێت سەرزەوی جوانبكات .
مرۆڤ گوڵێكە بەپێچەوانەی گوڵەوە ئەژی ،ئەو لەچەند وەختەدا كەتیایدا ئەژی‌و مەوسیمی جوانیە ئەبێت خۆی بۆن‌و بەرامەی جوانی دروستبكات‌و كەئەمەی نەكرد ئیتر هەڵئەوەرێت ،جوانیەكانی ناوی پەژموردەئەبن.هەروەك چۆن گوناهو چاكەی هیچ دوو مرۆڤێكیش وەك یەك نیە ،هەست و ئارەزووی هیچ دوومرۆڤێكش وەك یەك نیە، هەموو دوومرۆڤێك دوومەخلوقی تەواو جیاوازن ،مرۆڤ دوودیوە ،دیوی لەشو دیوی ڕۆح ،هەتا ئەگەر دوومرۆڤدیوێكیان لەیەكتری بچێت دیوەكەی تریان لەیەكتری ناچێت، تەنانەت لەوانەشدا بەدوانەیی لەدایك ئەبن و لەیەك خانەی (تۆو)ی مرۆڤ دروست ئەبن ،مادام خوداش بەم شێوە مرۆڤی خەڵق كردبێت ئەبێت سەرەتا جیاوازی جەستەیی و ڕۆحی‌و ژینگەیی لەبەرچاو بگیرێت‌و، هەر هەوڵدانێكیش بۆ نەهێشتنی جیاوازیەكان دەست وەردانە لەكاری خودا،لێك دانەوەی سروشتی مرۆڤەكان‌و بەیەك پێوەر سەیر كردنیشیان دیسان خەیانەتكردنە لەكاری خودا ،نكۆڵیكردنە لەجوانی شوێن پەنجەكانی خودا.
گریمان تۆ بەو بێهەستیەوە ئەوەی ئەیبینیت ئەینوسیت ،بەڵام خۆ ئەبێت هەستێكت هەبێت ئەو خوێنەش بنوسێتەوە لەهەستی كەسێك ئەتكێت تالەو ئازارەش تێبگەیت ،لەوبرینەش تێبگەیت لەناو تۆدا بوونی نیە.ئێوە بۆنمونە ئەگەركەسێكتان بەسینگێكی واڵاو دوومەمكی قوت‌و كراسێكی سوری بریقە دارو نیمچە ڕوتەوە بگەڕێت ئەوانی ترتان هیچ هەستێكی ترتان نیەو دڵتان بەدوای ئەودا ناتان بات،ئەگەرچی ئەركی فریشتەكان نە ڕوتبوونەوەیەو نەكاری خودا تێكدانی سروشتی ڕۆحلەبەرێك كەدروستی كردووە ،یا ئەگەر كەسێكتان لەسەر كۆشكی نیعمەت دابنیشێ‌ بیر لەوەناكاتەوە ئەوانیترتان وەكو كۆیلەو پوشكەبەقنگە سەیربكات ،ئەگەرچی ئێوە نەسامانێك هەیە شەڕی لەسەربكەنو نەهەستێكتانهەیە لەپێناویدا بمرن ، تەنانەت ئەو مەلاو قەشەو ڕاهیب و عاریفانەش جوانی ئەم دونیایە بەلایانەوە بایەخی چڵە پوشێكی قەڵبی نیە كاتێك ئەكەونە دۆخێكی چەشنی عاشق بوونەوە ،یا دەوڵەمەند بوون،یا ناوداربوون ،یادەسەڵات ...هتد هەستەكانیان ئەكەونە كارو شەیتانە كوژراوەكەی ناویان لەخەو هەڵئەستێت‌و هەستە مردووەكانیان ئەكەونەوە كارو كینەو عیشقو بەرژەوەندی‌و ئارەزوو جارێكی تر سەریان پێئەكەنەوە بەماڵی گوناه و گوماندا،بەماڵی ئارەزوو عیشقدا ،بەڵام ئایا دەكرێت مرۆڤ تاسەر درۆ لەگەڵ هەستەكانی خۆیدا بكات‌و لەگەڵ خوادا درۆ،یا لەگەڵ خوادا درۆ بكات‌و لەگەڵ هەستەكانیدا ڕاستبكات ؟ هەرچۆنێك بێت مرۆڤ دیوێكی تری هەیە كەئەو دیوەیەتی بەرامبەركەی نایبینێت، بەڵام ئێوە ئەو دیوە شاراوەشتان نیە .
نەگبەتی هەندێك ئیماندار لەوێدایە پێی وایە خوداو جوانی دووشتی جیان،عیشق‌و خودا دوودژی یەكترن ،عیشق ئەو دیوە ناتەواوەی مرۆڤە كەشەیتان تەواوی ئەكات ،ئایا ئەمەش گوناهێك نیە لەو گوناهانەی كەئەینوسیت؟ئایا ئەكرێت مرۆڤ لەناو خۆیدا دووشتی بەیەكتری نامۆبێت یا ئاشنا؟بەڵام ئێوە لەسەرەتاوە ئەو هەستەی ئادەمتان نەبوو بۆیە دەستان بۆ سێوە حەرامەكەی عیشق نەبرد‌و بەرنەفرەتی خوا نەكەوتن،دونیا كەی ئێوە دونیای بێهەستەكانە ،ئێوە نەسێوی عیشق لێئەكەنەوەو نەسێوی گومان ،نەلەبەری ئەو درەختانەش ئەخۆن سێوی حەرام ئەگرن‌و نەسەر بەو ڕێگایانەشدا ئەكەن كەسی پیادا نەڕۆیشتووە، نەئەشتوانن ئەو هەستە زیندوانە بەدەست بهێنن خودا لێی بێبەری كردوون ،بۆیە لەبەرامبەر ئەوەدا ئێمە هەستەوەرێكی سەرەڕۆین‌و خاوەنی مردنین، ئێوەش خاوەنی ئەو هەستانەن تاكو خودا ئەیەوێت نامرن.
پێم بڵێن ئێوە كەبەسەر شانەكانمانەوەن بەبێ‌ هەستی بەزەیی‌و كینەو تۆڵەو بەر كەوتن‌و بۆنكردن‌و عیشق‌و ئازاردان‌و....هتد، بۆچی جارێك كەرم ناكەن‌و پێمان بڵێن ،مرۆڤ ئەم خاوەن پێنج هەستە تاوانبارە ئەكەوێتە كویای پێوانەی نوسینەكانی ئێوەوە،لەكاتێكدا ئێوە لەتامكردن‌و بەركەوتن‌و هەستی بۆنكردن بێبەرین؟ئاخر مرۆڤ هەمیشە حەزی لەكەسێكی ستایشكارە ،بەڵام ئیشی فریشتەكان ستایشكردن نیەو منیش نەستایشم ئەوێ‌‌و نەبچوك كردنەوە ،ئەمەوێت جارێك خۆمم وەك خۆم نیشانبدەیت ،ئاخر هیچ مرۆڤێك ناتوانێت بەتەواوەتی خۆی ببینێت ،لەكاتی سێكس‌و شەڕدا،لەكاتی یەقین‌و گوماندا،لەكاتی كوفرو نزادا ،لەكاتی ڕۆحكێشان‌و لەدایك بووندا ،پێم بڵی لەمەعبەدو مەیخاندا چۆن چۆنی سەیری هەردوو ڕوەكەی ناوەوەو دەرەوەمان ئەكەن؟((ئاخر فریشتەكان لەبەر ئەوەنیە فریشتەن كەعیشق ناكەن ،لەبەر ئەوەیە كەهەستیان نیە ،لەبەر ئەوەنیە سێكس‌و خیانەت ناكەن ،لەبەر ئەوەیە كەئەو ئارەزووەیان تیا نیە،لەبەر ئەوەنیە كە گوڵ نابچڕن نایانەوێت عەزیەتی جوانی بدەن، لەبەر ئەوەیە هەستی بۆنكردنیان نیە ،لەبەر ئەوەنیە لەناو جێدا ڕوت نابنەوە ،لەبەر ئەوەیە ڕوتیش ببنەوە هەستی بەركەوتنیان نیە،لەبەر ئەوەیان نیە لەجەنگ‌و كوشتار بێبەرین ،لەبەر ئەوەیە دوودیوی لێكتری جودایان نیە بۆ گوناه و ئەویتریان بۆنمایش،هەربۆیە كاتێك وێنەیان لەتابلۆكانا ئەبینین،زیاتر لە مەخلوقێك ئەچن خودا كاتێكی زۆری تیادا خەرجكردبن تاكو ئەوەی بەسانایی دروستی كردبن ))ئەگەرچی خودا نەكاتی هەیەو نەشوێن ،نەسەرەتای هەیەو نەكۆتایی كەچی لەناو ئەمانەشدا شوێن دەستەكانی دیارن .منیش كاتێك لەوێنە خەیاڵیەكانا ئێوە ئەبینم ،لەو بونەورە ناسكانە ئەچیت وەكو گوڵ بكزەبایەك هەڵ ئەوەرێیت، نەوەك ڕۆحلەبەرێكی بێهەستی وەك ئاسن لەمانای گریان‌و پێكەنین تێنەگەیت ،بەڵام ناشێت بەو ناسكی وجوانیەوە مردن‌و پیربوون زەفەرت پێنەبات ،یا ناشێت خودا بەپێی وێنە كێشراوەكەی ناو خەیاڵی ئێمە تۆی دروستكردبێت ،بەڵام خۆ فریشتەكان نەكاریان گۆرانی وتنەو نەفڕین بەناو خەیاڵی ئێمەدا ،ئەوان تەنیا چاوێكی خودان،تەنیا بۆ ئەوە هاتوون گوناهو چاكەكانمان بگەیەنن‌و هیچی تر.سەیركە لەدونیادا كەس هەست بەبوونی تۆناكات، وەك ئەوەی تۆ هەست بەئازارەكانی كەس ناكەیت ،من دڵنیام ئەوەی لەناو وێنەكانا هەیە تۆ نیت ،ئەوە زادەی خەیاڵێكە بەدوای برینپێچێكی وەهمیدا ئەگەڕێ‌ لەكاتی زامداربوونا.نا....تۆ لەوێنەكەی ناو خەیاڵی ئێمە ناچیت ،كاتێك لەتابلۆكانا تۆ ئەبینم زیاتر لەفەریادڕەسێك ئەچیت كاتێك ڕۆحمان لەناو خوێن‌و تاوانا غەرق ئەبێت تۆ دەستمان بۆ درێژ ئەكەیت نەك ئەوەی تەنیا كارت ئەوەبێت چاكەو خراپە بگەیەنیت بەخودا.وەك ئەوەی نیوەی شەیتان لەڕۆحی ئێمەدایە تۆش بەشێكت لەڕۆحی ئێمەدایە بەڵام ناكرێت ئەویەكەتان گوناه ئەنوسێت‌و ئەویترتان چاكە ئەنوسێت هەردووكتان لەیەك مەعدەن دروستكرابن ،ناكرێت هەردووكتان فریشتەبن ئەگەردەستی مرۆڤ نەگرن‌و لەخوێنی خۆیا ڕزگاری نەكەن.
هەندێك ئەڵێن بۆیە مناڵەكان گوناهیان نیە وابەستیە بەگەورەنەبوونی ئەوشەیتانەی دڵی بۆ عیشق‌و چاوچنۆكی‌و ئارەزوو لێئەدات ،بەڵام هەڵەكە لێرەدا ئەوەیە عیشق لەناو خراپەكاریەكاندا بنوسین‌و عیشق بدەینە دەست شەیتان ،ئاخر كەعیشقمان لەكاری خوداو فریشتەكانەوە بەخشی بەشەیتان ئەوكاتە ئیتر نیوەی ئەو جوانیەی خودا بەمرۆڤی بەخشیوە كردوومانە بەچاكەی شەیتان،ئاخر عیشقێك خاڵی لەشوێن پەنجەی فریشتەكان‌و خودا ئەوە ئیتر عیشق نیە ،بەرژەوەندی چێتی‌و ئارەزوو پەرستیە ،خوداش كارەكەی بەوشێوە دابەشكردووە مرۆڤ ڕۆحلەبەرێكی تێكەڵاو بێت لەفریشتەو شەیتان ،ئەوەی عیشقە موڵكی فریشتەكانەو نابووتیەكانی عیشقیش موڵكی شەیتان،بۆنمونە سەیركە ئەگەر خودا سێوە حەرامەكەی دروستنەكردایە لەباخەكەدا چی ئەبوو،بێگومان باخێكی خاڵی ئەبوو لەسێوی حەرام ،كەوابوو سێوی حەرامیش بەشێكە لەجوانیە ڕازاوەكەی خودا وخوداش هەموو جارێ‌ لەبەر سێوێكی حەرام مرۆڤ لەدونیای جوانیەكەی ناكاتە دەرێ‌.هەرمرۆڤێك لەناو خۆیدا هەڵگری هەردوو ڕەگەزەكە بوایەو خۆی لەگەڵ خۆیدا جوتبووایە،لەدنیادا چی ئەبوو؟وەك بەكتریا زۆربوایە چی ئەبوو ؟عیشق نەبووایە چی ئەبوو؟دیسان جوانی باخە كەئەشێواو ئەبوو بەباخێكی خاڵی لەموحیبەت‌و جوانی‌و ئەوینداری‌و خزمایەتی ،عاتیفەو عیشقو موحیبەتیش تیا ئەچوو ،خۆپەرستی تاوێرانكردنی دونیا نەش‌و نمای ئەكرد،باخی خاڵی لەموحیبەت‌و لێوان لێو لەوێرانكردنیش لەكاری شەیتانێكی وێرانكار ئەچێت نەك خودایەكی جوانساز.
ئەی دوانەی خێر وشەڕ..........
ئێمەوەك ئەوەی دیوەكەی تری مرۆڤ نابینین تا بزانین لەخەیاڵ‌و هزریدا چی ئەگوزەرێ‌ ،بماندیایە دیسان سنوری تاقیكردنەوەكە تێك ئەچوو ،بەڵام ئێوە ئەیبینن،هەر لەبەر ئەوەشە مەحكومین بەتاقیكردنەوەو مەحكومین بەوەی لەنێوان فریشتەو شەیتاندا یەكیان هەڵبژێرین لەكاتێكدا هەردووكیانیین ،هەر لەبەر ئەوەشە مرۆڤ لەوسنورە دیاری كراوەی زیاتر بژی چاوچنۆكیەكانی زیاتر پەرە ئەسێنن،هەروەك چۆن تاشارستانیەتی مرۆڤ زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات پێداویستیەكانیشی زیاتر ئەبێت،مرۆڤ كەپێداویستیەكانیش زیاتر بوون زیاتر چاو چنۆك ئەبێت ،بۆ تەمەنیش بەهەمان شێوەیە.ئێمە مەحكومین بەوەی بێینە دونیاو بڕۆین ئێوەش مەحكومن بەوەی چاو دێری ئێمەبن ،ئەگەر پرسیشمان پێبكرایە بێگومان هەندێكمان نەدەهاتین هەروەك ئەوەی هەندێكمان بەخواستی خۆمان بارگەو بنەمان ئەپێچینەوەو ئەڕۆین .وەك چۆن ئێوە ئەو دیوی دیوارەكان وتەنە ڕەقەكانیش ئەبینن ،ئێمەش ئەو كاتە ناو دڵی یەكتریمان بدیایە چی ئەبوو ،ئایائەو كاتە درۆو كینەو خەیاڵی خراپ بنە بڕئەبوو، بەرەو تیا چوون ئەچوو؟نا ئەو كاتە ئیدی ستەمكارەكان كەڵك ئاوەژوو ئەم دۆخەی مرۆڤیان ئەقۆستەوەو تاهەتایە درێژەی ئەكێشاو هەندێك نمایشی خوایەتی خوایان ئەكرد،بێگومان خوداش نایەوێت كەس نمایشی ئەو بكات لەسەر زەوی بۆیە مرۆڤی بەو شێوە نەخولقاند.یا وەك ئەوەی پێویستمان بەخواردن و پۆشاك و عیشق‌و پارەو ئارەزوو و ....هتد ،نەبووایە چی ئەبوو؟ئەوكاتە ئیدی كەس كەسی نەئەكوشت لەسەر بەرژەوەندی بەڵام ئەوكاتەش ئیدی ژیانێكی بێهەست‌و مردووی درێژ خایەنی تاقەتكوژ ئەبوو،یا ئەگەر تەمەنی درێژی ئێوەمان هەبووایە چ پێویست بوو لەترسی مردن‌و خەمی ژیان یەكتری قڕبكەین ،لەترسی مردن ڕابكەین ،بەدرۆە عاشق بین‌و بكوژین،بەدرۆوە پێبكەنین‌و بگرین،ئاخر ترسی مردنە وائەكات مرۆڤ زۆرترین گوناه‌و باشە بكات ،بەڵام ئایا مرۆڤ بۆ ئەوە دروستبووە تەنیا ترسی مردن ڕاونێت‌و بەس؟ئاخر ئەوەش سامناكە لەئەستێرەیەكدا ببیتە خۆڵ‌و ئاسەواارێكت نەمێنێ‌ ،ئەگەر بڵێم مردووەكان لەگۆڕەكانیشدا شەڕ لەسەر ئاسەوارەكانی ژیان ئەكەن زێدەڕەوی نیە، بەڵام ترسی مردنیش نەبێت مرۆڤ ئەبێت بەدوای ترسی ژیاندا بمرێت،جوانی مردن نەبێت ئەبێت نابووتی ژیان ئەرشیف بكات.
ئێمە تەمەنێكی كورتمان هەیەو مەحكومین بەوەی ،بژین ،بخۆین ،عاشقبین،بمرین،بكوژین،ترسی مردن بیر بەرینەوە ،گەورەبین، زۆربین ،لەدایك بین ،پێبگرین،گەنجبین،شوبكەین ،ژن بهێنین،پیربین،عیبادەت بكەین ،مەی بنۆشین..........بەڵام ئێوە تەنیا كارتان ئەوەیە چاودێری ئێمەبكەن ،نازانم كاممان خودا لەم دونیادا زیاتر نازی داوینەتێ‌،بۆ ئێوە كەگریان‌و پێكەنینتان نیەو ئازارو لەززەتتان نیەو لەبری ئەوە تەمەنێكی درێژتان هەیە ؟یائێمە بەتەمەنێكی كورتەوە بەمشێوەین؟