به‌ عودێكه‌وه‌ دێمه‌ به‌رده‌م ڕه‌شماڵه‌كانی بیره‌وه‌ری
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ وه‌ته‌رانه‌ ئه‌ژه‌نم
كه‌ هێشتا بۆنی ته‌نكه‌ خه‌می ئه‌و ئێوارانه‌ی پێوه‌یه‌
كه‌ ده‌ترسای جێت بهێڵم
ئه‌و ئێواره‌نه‌ی دوای ماڵئاوای له‌یه‌كتر
سه‌رنجی خه‌مێكی قوڵ ده‌هات و
له‌گه‌ڵمانا شۆڕ ده‌بوه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵ
ئێستاش وام له‌وێ
به‌ بێژنگی خه‌یاڵێكی نه‌بڕاوه‌وه‌
تۆزی تێكه‌ڵ به‌ ماچی تۆ پاك ده‌كه‌م
ئێستاش وه‌ك چاۆڕاوكه‌ی بارانێكی به‌خوڕ
چپه‌ له‌گه‌ڵ په‌نجه‌ره‌كه‌ ئه‌كه‌م و هیلاك هیلاك
له‌سه‌ر كورسی خه‌مێكی قوڵ دائه‌نیشم
ئازیزم به‌یانیه‌ك دێم
فه‌قازێك به‌ كۆڵانه‌ نوته‌كه‌كانی ئه‌م شاره‌دا لێ ئه‌ده‌م
دێمه‌ به‌رده‌م كۆشكی شكۆمه‌ندیت
سڵاوێك له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌‌تان ئه‌كه‌م
ده‌رگاكه‌تان به‌ لۆمه‌یه‌كی قوڵه‌وه‌ مۆڕه‌م لێ ده‌كات
چه‌نده‌ سه‌خته‌ ئازیزم ئه‌م به‌یانییه‌
دێڕ به‌دێڕی هه‌ناگاوه‌كانم مۆڵه‌ت له‌ بینایم ده‌خوازن
ڕیگایه‌ك شك نابه‌ن بێته‌وه‌ لای تۆ
له‌شۆسته‌ی ته‌ریبی خه‌یاڵمه‌وه‌ به‌ ئاونگی چاوه‌كانم
سێبه‌ری شه‌فافی دارێك ته‌ڕده‌كه‌م
نۆته‌ی ئاوازێكی سونه‌تی ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م كه‌مانی نه‌سیمێكی هێمن
تا هیوا بكاته‌ ملی خه‌مم
ئاخ ئازیزم چ بێ تۆم؟
پیاسه‌یه‌ك نییه‌ بۆ ماڵئاوای لێره‌
ئێره‌ چیرۆكی نه‌گوتراوی ئێمه‌یه‌
لێره‌ به‌یانییه‌ك له‌ مایسدا میدالی سه‌ركه‌وتنی ئه‌وینێكی گه‌وره‌م پێ به‌خشراو
له‌ به‌یانییه‌كی ئۆكتۆبه‌ردا وه‌ك دۆڕاوترین پاڵه‌وان
سه‌فه‌رم كرد
ئێره‌ پڕه‌ له‌ تاڵی ئه‌و به‌یانیانه‌ی كه‌ هۆشم له‌ هۆشی تۆدا خه‌وتبوو
زه‌نده‌قم له‌ سه‌فه‌ری كازیوه‌ چووبوو
وه‌ك پیره‌ مێردێكی به‌رده‌م ئاگردانێكی نیوه‌ ڕوت
خه‌شمم له‌ ته‌نیایی خۆم گرتووه‌
شكۆمه‌ندی به‌یانییه‌كانی من سه‌فه‌ری ئۆكتۆبه‌رێكی تاڵی كرد
ئاخ چ سه‌فه‌ره‌ به‌یان؟
ئاخ چ تاڵه‌ ژیان؟
ئاخ چ بێ تۆم ؟
وه‌ره‌ ئازیزم با پیاسه‌یه‌ك به‌ده‌م ئه‌و بیه‌یانیانه‌دا بكه‌ین
كه‌ هه‌ناسه‌یه‌كی مه‌ندی قوڵ چاوه‌كانی پێ داخستون
وه‌ره‌ ئازیزم با له‌به‌رده‌م شكۆی ئه‌م به‌یانیانیه‌دا تاوڵی
نه‌سیمێكی زیوین هه‌ڵده‌ین
به‌یه‌كه‌وه‌
چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی حه‌زه‌تی نالی بكه‌ین
له‌به‌رده‌م فرسه‌تی سه‌فه‌رێكی تاڵدا گۆشه‌یه‌ك
بۆ نوسینه‌وی خه‌نده‌ بكه‌ینه‌وه‌
وه‌ره‌ ئازیزم
هه‌ناسه‌م ته‌نگ ئه‌بێت كه‌چاوم به‌ گڵۆپه‌ تاریكه‌كانی ئه‌م شاره‌ ئه‌كه‌وێت
كوا فرسه‌تی بینینه‌وه‌ی شكۆمه‌ندی
خه‌ساره‌ت مه‌ندم وه‌ك ئه‌و كیژۆڵانه‌ی كه‌به‌دیار
ڕه‌ونه‌قی ئاوێنه‌وه‌ خۆیان با ئه‌ده‌ن و یه‌ژن’’جوانی به‌شێكه‌ له‌ ئێمه‌’’
بیره‌وه‌ری كچێكی كاڵ ئه‌نوسمه‌وه‌ و قردێله‌یه‌كی شینی تۆخ ئه‌خه‌مه‌‌ گه‌ردنی ره‌شه‌با
لێره‌ فرسه‌تی ناسینی به‌یانیه‌كم نه‌بوو
تاهه‌ناسه‌م به‌ ئاوه‌دانی خه‌نده‌یه‌ك ژیركه‌مه‌وه‌
ئاخ ئه‌زیزم چ بێ تۆم؟
رو له‌ ته‌به‌قی كام ئاسمان بكه‌م
تا ته‌به‌قی شوشه‌ی شكاوی دڵم چاك كاته‌وه‌
كام به‌یانی داگیرسێنم وه‌ك به‌یانیه‌كانی دوێنێم بێت
ئۆكتۆبه‌ر پڕیه‌تی له‌شومی
حاجیاوا