بۆ ' کۆپنهاگن ' ... بۆ 'ناتاشا' !

  

(ئەوەی گۆرانیی ئەڵێ ، ئەوە من نیم ، ئەوە ئەو گوڵانەن کە بینیمن ..
ئەوەی ئەگری ، ئەوە من نیم ، ئەوە ئەڤینی ونبوومە ! )
                                               ژاک بریڤێر
 
 
1
بە تەنیا لەناو گوڵێکدا ماوم
بە تەنیا منداڵییم لەسەر ئەڕوێت .
لە باران دێمە دەرەوە ،
خۆم ئەدەمەوە دەست سەفەری شەوێکی شیعر
شیعرێک بۆ کەنارەکانی ئەوێ ؛
بۆ قاوەخانەیەکی پڕ لە میهری کۆپنهاگن !
2
کۆپنهاگن ماڵێکی ڕووناکی ئێوارانە
بەسەر گەڵا دوورەکانی باشووری 'بەڵتیکەوە'.
شارێکە لە ئاوی حەیات ئەتکێ
عیشق ئەکا بە گۆرانیی !
چیبکەم لەوێ نەمردم !
3
لەوێ، ئەو دڵەی پێشوازیت ئەکا
پڕە لە ڕووباری شەراب .
لەوێ ، دیواری ماڵەکان
حیکایەتی ڕەنگ لە ساڵەکانی ئاشوبدا ئەگێڕنەوە .
حەزم ئەکرد لەوێ کە ئەمرم
بە تەنێ خودا لە جانتاکەمدا جێ بمێنێت .
چیبکەم لەوێ نەمردم !
4
ئەم نەغمە سەیرەی من
بەشێکە لە فڕینی پیانۆیەک
بۆ ئەوێی هەڵلەرزینی ڕۆح و
بۆ ئەوێی پیاسە لەگەڵ زەمەنی سپیدا ،
لەگەڵ خۆتدا !
من پێموابوو لە کۆپنهاگن
ئیتر وەرزی نەگەڕانەوەی من
بۆ پشت زەریاکان دەست پێئەکات .
ئیتر بۆ دواجار خودا ئەبینم و
هەموو خۆم لەدەست ئەدەم .
پێموابوو ئیتر بەلەمێکی کاغەزینم بەسە
هەموو دنیام بگێڕێت .
ئیتر دەریا دێتە خوێنمەوە و ئەبمەوە ئاو .
ئیتر وەرزەکان ئەبنە هاوڕێم و
هەندێکیان بۆ یادگار لە دڵما هەڵئەگرم ،
بۆ نموونە ؛ بەیانییەک ، چایەکەم تازە دەمی کێشابوو ،
لەگەڵ لەتکردنی پەنیردا
پەنجەرەی تەنیای شوققە پیرەکەمم کردەوە ،
پایزم بە کراسێکی زەردەوە بینی
لە شەوی " ناتاشا " ئەگەڕایەوە .
کە پێم وت ؛ تەنیام ..
ئەو بە میهرەوە هات و بەرچایی لەگەڵدا کردم !
لە کۆپنهاگن ، پێموابوو
هەتا پەنجەرە هەبێ ، خەون لە فڕین ناکەوێ .
هەتا شەقام بۆنی گۆرانیی لێوەبێت
دیوار لە بینین ناکەوێ !
لە کۆپنهاگن ، پێموابوو
زۆر شت ماون ئەبوو ڕوو بدەن .
زۆر ئەفسانە بەڕێوەبوون
ئەبوو پاکیزەیی مەریەمەکان بگێڕنەوە !
چیبکەم لەوێ نەمردم !
4
هەموو پایزەکانی دنیا
لە هەڵوەرین هەڵدێن ، لە خەزان ڕا ئەکەن .
کەچی پایزی کۆپنهاگن
باوەشیان بۆ ئەکاتەوە، بە دڵ یادیان ئەکات !
خودایا ، بۆ لەوێ نەمردم !
5
کۆپنهاگن ، گەرچی تەنیایە
کەچی هەموو بەیانییەک کە لەخەو هەڵئەستێ ؛
دوو مۆمی شیعر هەڵئەکات
دوو پیاڵە چا لە جۆری ئەڤین تێئەکات
دوو پەرداخ پڕ ئەکات لە قسەی خۆش
دوو جگەرە لە گەڵاتوتنی
دوڕگەکەی ئەوبەر لەسەر مێزەکە دائەنێت !
کۆپنهاگن خۆی تەنیا و
کەچی زۆربەی شتەکان، دوو دوو ، حازر ئەکات !
بە خۆی ئەڵێت ؛
نەبا " ناتاشا " ڕێگەی باخچەکەی لێ ون بێ و
بە بێدەنگیی لە زەنگی دڵ بدا و
ئەم بەیانییەم لەگەڵدا
بەشکات ..!
کۆپنهاگن لەم سەفەرەدا تەنیا بوو ، زۆر تەنیا ،
کەچی منی لەگەڵ خۆی نەبرد .
چیبکەم لەوێ نەمردم !
6
کۆپنهاگن فێری کردم ، زۆر جار بە خۆم بڵێم :
تاوێ قسەکردن ڕاگرە گیانی من !
ئاخر بێدەنگیی ئەیەوێ بدوێ
ڕەنگە داوەتم بکات بۆ ئەودیوی خۆی .
ڕەنگە شتێکم پێ بڵێ من نەیزانم !
لەوێ زانیم ، بێدەنگییش شتێکی هەیە بۆ وتن ؛
ڕەنگە نوکتەیەک بێت ، یان گۆرانییەکی غەمگین !
چیبکەم لەوێ نەمردم !
7
لەوێ ، هەندێ جار کانییەک
ئەتوانێ جێگەی نیشتمانت بۆ بگرێتەوە .
لەوێ ، ئەکرێ لە دارستانێکی پڕ لە کەمینی ڕاوچییدا
درەختێکی غەمگین بۆ ئەبەد ببێتە هاوڕێت !
لەوێ ، عەسرێکی درەنگ
بەرلەوەی خۆر بکەوێتە ناو دەریای باکوور
پۆلە گوڵەکان بە عیشقەوە
خۆیان ئەکەن بەناو بێدەنگیی تۆدا !
لەوێ بۆت هەیە سوێند بە فرمێسک بخۆی
بڵێیت ؛ قەسەم بەو گریانەی
ڕازیانەی نهێنییەکانی ژنێک ،
لەسەر بەردی خەم ئەڕوێنێت !
لەوێ ئەتوانیت
جگەرەیەک لە نیوەشەوی دەریایەکدا داگیرسێنی و
لەگەڵ دوکەڵەکەیدا بگەڕێیتەوە لای مناڵیی ،
ئەم جەنگەڵە جێبهێڵیت .
لەوێ ، لە کۆپنهاگن ،
ئەتوانیت تا ئەبەد دڵت بەدەم عەشقەوە بلەرزێت !
چیبکەم لەوێ نەمردم !
8
ئاگری نوێژەکەی من لەوێ کەوتەوە
گوڵناری غەریبیی من لەوێ هەڵوەری !
لەوێ کە شارم بینی سەری ناوە بە سەری شەقامێکەوە
پڕە لە مەست و عاشق و بێدارانی خۆی .
کە بینیم سینەی پڕ کردووە لە تەم !
کە بینیم ،
مێژووی شاژنێکی بریندارم بیرکەوتەوە .
کەنیسەیەکی هیلاکم هاتە بەرچاو .
کە بینیم ، کۆپنهاگن مناڵێکی بزر بوو
لەناو پەڵە سنەوبەرێکدا بۆ خۆی ئەگەڕا ،
بە دوای حەقیقەتدا وێڵ بوو ..
خودا بۆ لەوێ نەتکوشتم !
9
' ناتاشا ' خۆی لەوێ نەبوو ،
چەپکێ هەوری ناردبوو .
بە دڵۆپی باران لەسەری نوسیبوو ؛
من ناوم ' ناتاشا ' یە ،
خەڵکی ئەم شارە نیم ، خەڵکی دنیام .
منیش وەک تۆ
ئەبێت بە دیار دڵشکانەوە دانیشم .
منیش ئەبێ
دوور لە کۆڵانەکانی نیشتمان بمرم .
لە دوورەوە
هوها لە بچووکبوونەوەی دنیا بکێشم .
من ' ناتاشا ' ی غەریبم ،
بۆ نامبەیت لەگەڵ خۆت ئەی پیاوی نائومێد !
زمانم پڕە لە قافیەی بێدەنگیی و
باڵی فڕینم کەوتۆتە بەر سەبای تەنیاییت .
بۆ نامبەیت .. !
ئەم کۆچەی تۆ ، نە سەرەتای هەیە نە کۆتایی !
ئەم کۆچەی تۆ ،
نە لەوێی دۆزەخەوە دەست پێئەکا و
نە لێرەی بەهەشت کۆتایی دێ !
( ئەم چیرۆکە ، لە ئێوارەیەکی کۆپنهاگندا ،
خەیاڵ هێنای و ، حەقیقەت فڕاندی ..!)
چیبکەم لەوێ نەمردم من !
10
ورتە ورتێک دێت ، خۆیەتی ، دەنگی شارە
بە هەناسەیدا ئەزانم چیی ئەڵێت !
شار ئەڵێت ؛
ئەوە چەندین سەفەری درێژە
من ئەمەوێت ناوی خۆم
لەناو لەپی پیاوێکی رۆژهەڵاتی بدۆزمەوە .
پێی بڵێم ؛ جانتاکەت بکەرەوە ،
ئەمەوێت بزانم
تۆ ئەو موسافیرە غەمگینەیت
هەمیشە ئاسمان پڕ ئەکەیت
لە بۆنی مێخەکی جاویدانیی و
لە ڕەیحانەی خۆشەویستیی !
ئەمەوێت بتدۆزمەوە
بزانم ئەو جەنگاوەرە شەکەتەیت
هەمیشە بە ئاڵای سپییەوە
تەسلیمی ژنە پاسارییەکان ئەبیت !
ئەمەوێت بزانم
تۆ حەز ئەکەیت
گۆڕەکەت جوانتر بێت لە ژوورەکەت .
بزانم چەند جار ، لە چەند سەفەردا
وەک 'یوسف' لە بیریان هاویشتویت .
چ وەرزێک هی تۆیە
چ ڕێگەیەک ئەتباتەوە کۆپنهاگن !
11
ئەوەی باخچەکانی کۆپنهاگن ببینێ ،
بە نیوەی زەمین و هەموو مێژوودا گەڕاوە .
چیبکەم لەوێ نەمردم !
خودا بۆ لەوێ نەتکوشتم !

 
 
***ئۆکتۆبەری 2011 ***
کۆپنهاگن – ئەدیلاید