(1)
شه‌هوه‌ته‌کانم بۆ جه‌سته‌ی شه‌هوه‌ت
ئازادیم بۆ بینینی ئازادی
ناخم بۆ بینینی ناخی
خۆزگه‌کانم بۆ بینینی خۆزگه‌کانیان
گڕیان گرتووه.
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(2)
که‌شتیوان و راهیبه یه‌خسیره‌کان
گیرفانه‌کانمان پڕ له گه‌نم
دڵمان پڕ گیرفان ده‌که‌ن.
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(3)
به لاپه‌ڕه‌کانی مێژوو
قاچه ته‌ڕه‌کانی مێروو وشک ده‌که‌مه‌وه.
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(4)
دوای نیو سه‌ده
دوای نیوه ته‌ڕبوون بە بارانی وشکبوونەوە
گۆڕی نازه‌نینه‌که‌م هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه
ته‌رمی خۆم ده‌بینم.
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(5)
دایکم یاری بە قژی باوکم ده‌کا
باوکم به من و
چاره‌نووس به کۆنتڕۆڵی ته‌له‌ڤزیۆنه‌که.
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(6)
له پێناوی به لاولاوبووندا
شێوه لاکێشه‌ییه‌که‌ی مه‌رگم هه‌ڵبژارد.
به حه‌زه سهرمهدییهکانی ئاسنێکی به‌ردین و
چه‌کوشی گه‌یشتن
فه‌زاکانی نهگهیشتنم ته‌سک کردنه‌وه.
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(7)
چاوشارکانێم له‌گه‌ڵ ژیان کرد
چاوی نووقاند
مردن دۆزیمییه‌وه
چاوم نووقاند:
ـ یازده، دووازده، سێزده.....
له‌وساوه بە دوای ژیاندا ده‌گه‌ڕێم
نه‌مدۆزیوه‌ته‌وه
ئه‌و دره‌خته‌ی له‌ژێر سێبه‌ری بزنێک دانیشتووه:
ـ ژیان ده‌ستی له چه‌قی بازنه‌ی یاری داناوه
شاری کردووه *
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(8)
که‌ڵکه‌ڵه‌ی گه‌ڕانه‌وه
له‌دوای نووستنی مرۆڤه‌که‌ی ئەودیو سرووشته‌وه
ته‌نگی پێ هەڵچنیوم
به‌سه‌ر په‌یژه کۆنه‌که‌ی ته‌مه‌نی منداڵیم ده‌که‌وم
دروود بۆ ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی
ئاوازی حه‌قیقه‌ت داده‌نێ
پۆپیته‌ی که‌ڵه‌شێر ده‌یکاته گۆرانییه‌کی پوولفرۆش و
که‌ڵه‌شێر ده‌بێته زهنبیلهیهکی خاڵی له قووقاندن
سه‌حه‌ر خۆی دهقووقێنێ و بێدارمان ده‌کاته‌وه:
ـ هه ستن نیوه‌ڕۆیه.
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(9)
به‌و قرچه‌قرچی گه‌رمایه
یاداشتی بزربوونی خۆم له‌و بیابانه به‌رین و چۆڵه ده‌نووسمه‌وه
که مردم
ئه‌سپسواره شاره‌زاکان ده‌مگێڕنه‌وه:
ـ کوڕه به‌نازه‌که‌ی ئاوه‌دانی.. .. ..
![](http://www.hemin.dk/files/images/tp.gif)
(10)
دونیا بیابانی حوشترانه
بیابان قهرهجێکه ته‌نیایی زۆری بۆ هێناوه
ته‌نیایی واته منێکی ته‌نیا
له‌سه‌ر ته‌می په‌نجه‌ره‌که نووسراوه
(ته‌م)
له ناوچه‌وانی منیش
( تکایه وێنه گرتن لێره قه‌ده‌غه‌یه )
له‌گه‌ڵ حهلواچییان ته‌خته ده‌که‌ینه حه‌لوا
حه‌لوای شیعر
هه‌موومان شیرین ده‌کا
خۆی به (تاڵ)ی ده‌مێنێته‌وه .
* یارییه‌کی کۆنی منداڵانه هه‌یه، بەم شێوەیە دەکرێت: بازنه‌یه‌ک له‌سه‌ر دیوار ده‌کێشرێ و لە ناوەڕاستی ده‌نووسرێ: (شار). ئه‌وه‌ی ده‌ستی لە چەقی بازنه‌که دانێ، ده‌یباته‌وه، واته شار دەکا.