بۆچی
لەو گوندە دوورەدەستە دەمكوژی ؟
فریای ئەوە نەكەوتووم نیسكافەكەم تەواو بكەم
كتێبەكەم
تابلۆیەكەم
هۆنراوەكەم
خەونەكەمم تەواو نەكردووە .
دەرفەتم بدە
تا تۆ ژنە مردووەكەت دەشۆیت
هەموو شتێكی خۆم تەواو دەكەم
تا تۆ ژنە مردووەكەت لە نێو ئەو بەفرە دەشاریتەوە
خۆمم تەواو كردووە
خۆمم كووشتووە
ئەو كاتە حەقتە بمكوژی
بمكووژە و بەزەییت پیامدا نەیەتەوە
هەروەك چۆن من بێ بەزەییانە تۆم كوشت .
مردوو شۆرەكە
چرپاندی بە گوێی مردووەكەدا:
ـ با كەس نەزانێ
هەمووی وەهم بوو
قاوەفرۆشەكە وەهم بوو
قاوەكە وەهم بوو
وەهم و حەقیقەتەكە وەهم بوون
ئەمە هەموو شتێكە
تاقە شتێك كە مابێ پێتی بڵێم
ئەوەیە كە وەهم بوو
ترێ و زەمبیلفرۆشەكان ....
تووشی نەخۆشی زەردوویی بووینە
ئێمەی خوێنبەخشانی تۆز
خوێنمان بەخشییە گوجیلەسەگ
سەلەیەك مشكی پێداین
خوێنمان بەخشییە كێڵگەكە
سەبەتەیەك لالەنگی پێداین
خوێنمان بە مرۆڤ دا
بووینە كەر
كەری تۆپیوو
خەیاڵ بیر لە ئێمە دەكاتەوە .
بۆ دوواجاریش بێ
لەو قوتابییە خۆش بن قۆپییەی كردووە
كە فارگۆنی ئەو نەفرەتلێكراوە ناگات
بۆچی لێدەگەڕێن چاوەڕێی مۆنالیزا بكا
حاجیلەی بەهاری رۆحم دابەش دەكەم
نەفرەت لە ئامینە تاقانەكەی دایێ
بەرائەتە گەورەكەی خۆی پێدام
جێگەیەكم نییە خۆمی تیا تەقەت كەم
ئەو بەرائەتە گەورەیە لەكوێ هەڵگرم ؟
دیجلەی من
لە فوڕاتدا خنكاوە .
لە بەردەم نافوورەكە
كۆدەبینەوە
خۆپیشاندان دەكەین
تێكستەكان لە بەردەمی موعجیزەكان دەسووتێنین
خۆڵەمێشەكە دەدەینە بەر با
بایەكە دەخەینە ئاوەوە
ئاوەكە دەخۆینەوە
ژیان جگە لە خواردنەوەی ئاوێكی ژەهراوی
چیتری فێر نەكردین
ژیان نەورەسێك بوو گورگ خواردی .
تۆ لەدادگایەكدا
شاهێدی لەسەر من دەدەی و
تاوانبارم دەكەی
كە خۆم حاكمم تیایدا
تۆ بە خواردنی سێوی بازاڕێك تاوانبارم دەكەی
كە من لە بری سەماكردن لە بەردەمی جەنازەی باوكم وەرم گرتووە
بە نووسینی شیعرێك تاوانبارم دەكەی
كە من لە بری كێشانی جگەرە
لە بەردەمی جەنازەی دایكم نووسیومە
وەكو مەرسۆ (1) .
سێبەری من
سەری بڕاوە و گوناهی لێ دەڕژێ
ئەوكاتەی دەچینە گازینۆی كلاسیكۆ
ئەو نایەتە ژوورەوە
چونكە ئەو هاندەری تیپی چەقۆیە و
من هاندەری تیپی شووشەم
سێبەرەكەم منداڵە
هێشتا نەچۆتە مەكتەب
لە باخچەی ساوایانی دیناسۆڕ دەخوێنێ
سێبەرەكەم خوێنەر نییە
هیچ كتێبێكی نەخوێندۆتەوە
تەنها منی بە ڕێنووسی لاتینی خوێندۆتەوە
لێم تووڕە مەبە ماریا(2) خان
گوناهی منی تیا نییە
كە سێبەرەكەم سێبەرەكەی تۆی لاقە كردووە....
(1) كارەكتەری سەرەكی رۆمانی( نامۆ)ی ئەلبێر كامۆیە .
(2) كارەكتەری سەرەكی رۆمانی( یانزە خولەك)ی پاولۆ كۆیلۆیە.
تێبینی : ئەم شیعرە پێشتر لە رۆژنامەی (خەبات ) بڵاوكراوەتەوە .