هووتافی توڕەی ئەم بەیانیانە لە نزیک ماڵە شێدارەکانی ریشەوە
سەردەکا بە باخچەنیگەرانەکانی هەرزەییمدا
ڕستە پڕ و وشە بەجێماوەکانی تووڕەیی لە سەر لێوی کازیوە دەگەوزن
بینینم تەنگ دەبێتەوە
چاویلکەی بیستن دەخەمە سەر مێزیی کتێبێکی ڕەش داگەڕاو
بە نازنازو لاولاو دەمەشێرەکان دەڵێم
بەسە ئیرەی بردن بە تیشکە پڕلەمەراقەکانی خۆر
خۆ شەونمی سەر ڕوحی ئێوە نەبێ
کازیوە کوا دەگاتە ئەو دیوو پەردەی پەنجەرەکان
حیکمەتی هەنگێکی دڵتەڕ نەبێ
کوا هەناسە پڕ لەچێژەکانی هەڵاڵە جوتدەبن
لەو گفتە پڕ لە شەرابانەی ئێرە
پێکی گواستنەوەی ئاوایەکانی منداڵیم دەبێتە قەرەجێکی ڕەدووکەوتوو
لەبن ڕەشمالە تەنهاکان
دوور لە هووتافە سەرسەوزەکانی وێ
دوور لە بانیژەکانی پێکەنین
دوور لە مەرقەدەکراس سەوزەکانی گەڕەک
دوور لە کوچەکانی نیگا کردن
دەڕۆین
پەڕەیەکی کتێبی پێگەیشتنی کەنیشکە تەنهاکان هەڵنادەینەوە
ئەلبومەکان دەرگای بیرەوەری دادەخەن
تیشکێک دزەناکاتەوە سەر روومەتی وێنەکان
ماڵئاوا
ئەی گەڕەکە سەر سەوزەکانی تێپەڕین
ماڵئاوا
 
***
 
ئێمە دەڕۆین ماڵمان لەکوچەی باران باردەکا
پەنجەرەکان پاساریەکان دەردەکەن
ئاوێنەکان سێبەر لە هەتاودەکەن
دەڕۆین و ماڵمان لە باخچە باردەکا
ئاوڕ نادەینەوە
لە ڕنینی ئاڵوباڵو و قۆخەکان
هەنجیرێکی گەیو نادۆزینەوە بەشی کەین
دارگوێزەکان ناخەینەوە بەر تروسکایی تەکان
سوعبەتێکی تر لەگەڵ ژەنگە سوورە تووڕەکانی ئاوایی ناکەینەوە
دەڕۆین و مەقسەدەکانی عەشق ناخەینەوە سەر ڕێگای کانی
ماڵمان لەوێ باردەکا
ڕێگاکان دەخەینەوە باوەشی تۆزێکی نەسرەوتو
سڵاوەکان لەپشتی پیکابێکی ماندوودا جێ دێڵین
دەستمان دەخەینە تەوقەیەکی بریندارەوە
یادەوەریمان دەخەینە ئەرشیفی کارێزە دۆڕاوەکانی مەراق
چاومان دەخەینە سەر ئاگردانێکی هیلاک
دەڕۆین بێ ئاوڕدانەوە
لە چوالە سەرسپیکانی وەرز
بێ ئەوەی گوارە تەنکەکانی سێبەر بخەینە بزە
دەڕۆین میراتی خۆشەویستی بەشدەکەین
تۆ هەموو بیرەوەریەکان دەبەخشی بە من، چەند دڵفراوانیی
منیش دڵم دەدەم بە تۆ
من هەموو مەراقەکانت لێ وەردەگرم و
تۆش لەگەڵ خۆت هەموو خەنینەکان دەبەی
ڕوحم دەبەیت و دڵت بەجێناهێڵی
چاوم دەبەیت و ڕۆشناییەک ناخەیتەوە سەر کتێبە چاوەڕێکانی خوێندنەوە
نامەکانی کچێنی هەڵناگری
چاوی پڕلە پرسیاری کەنارییەکان ئیستێکت پێ ناکا
ماڵمان لێرە باردەکا
و دەچینەوە بۆ کۆڵانە پڕ لە ترسەکانی سندان
عەشق دەبێتە مەزرای برینەکانی مێژوو
لێڵایی کچ و کوڕە سوێند خۆرەکان
دارەبەن ناخەنەوە لەرینەوە
فیدیەی قەیرەیی ئەم وەرزە ناکامانە
ناچێتەوە سەر سفرەی هووتاف
ئێمە دەڕۆین
تاوێکی تر ڕێگاکان پڕدەبن لە پرسیار
گۆزەکان خۆیان کۆدەکەنەوە
جامولکەی بینین لەسەر تەرازوی لێو هەڵناگرین
ئەوکاتەی حیلەی ئەسپ ڕووبار ئاوس دەکا
ئەوکاتەی تەرزەیەکی نیگەران دێ و باخەوانەکان پڕدەکا لە تکا
ئێمە دەڕۆین
لەم مەملەکەتی نیاگارە
ئاوڕ لە زەبوونی قەفەسەکان نادەینەوە
ماڵمان لێرە باردەکا و دەچینەوە
کۆڵانە سوورەکانی سەرچۆپی
 
***
 
لەم داڵانە تەنگانەی یەقین
ئافاتی وڕک گرتنی منداڵێک بەسە
بۆ تێهەڵچوون لە شەڕی قومریەکان
مەزادخانە پڕ بریقەکانی هەوەس
بەسن بۆ گەیشتن بە نهێنیە پەنهانەکان
گەڵای عەشق لێرە هەمیشە وەریووە
تێفکرین لە بازنەکانی مەنتق (نیگار) ناخاتەوە باوەشی مناڵی
(ساکار) ناباتەوە بۆ پۆلەکانی فڕین
مرازەکانی قەفەس (ئاوا) نابن
ماڵمان لێرە باردەکا و
قەڵەمەکان دەخەینەوە باوەشی دارچنارێکی مەست
کاتژمێرەکان دەخەینەوە بەردەم ئاوێنەی وەستان
تەمبورەکان
لەشەقامە دڵتەنگەکاندا جێدێڵین
باخچە گریاوەکان خەندەیەکیان نیە ببێتە نۆتە
من دێم و دەبمە گەڕیدەیەکی مەست
دەبم بە (حەسەن یوسفی زەمان)
نووسینەوەی نۆتەکانی ئەم برینە
خۆم نەبێ
کەسێ سەر دەرناکا لە فڕینیان
دەچمە سەر سەکۆکانی ژەنین
وەک مایسترۆیەکی دڵتەنگ ئیقاعەکان دەجوڵێنم
ژێدارێک نیە بە هانای ئەم هەموو حوزنەوە بێ
وای لە ترپەی لێدانەکانی کەوتن
چەندە ئاوازێکی حەزینە
خەنینێک نەهاتە کۆنسێرەتەکانی مردنی من
وای لە دڵم چەند تەنیایە
وجودێک تەواف ناکات بە دەوریدا
مریەمێک گێلاس ناخاتە سەر برینی
دەڕۆین بێ تێڕامان
لە ڕانانی چیرۆکی تەزبیحە درێژەکانی قەزوان
لێرە دەڕۆین بێ ئاوڕدانە لە کەوتنی نێوکی چێشتەنگاو
پرێسکەیەک خوێ نابەستین لە ترازانی کات
ئیتر تەواو
کاتمان دۆڕاند لە نەزەری تەنافە درێژەکانی سەربان
گلێنەمان نەخستەوە سەر موقرای بینین
یادەوەریمان نەگەڕایەوە بۆ باخچە
گلەی ئەم هەموو تەماشایەما نەبینی لە حوزنی گەڵا
ستیانێ فرمێسکی نەسڕین ئەوکاتەی تینی سەفەر گریاندینی
عەتارێ عەتری نەهێنا بۆ کڕوزانەوە بێ مەئواکانی وەرین
کاتمان دۆڕاند
بەدیار کشانی ئەستێرەوە چاومان وەریی
ئەو شەوانە هێند تەنیا بووین
هەورێک لە باران نەگەڕایەوە بۆ چرپە
نێزەکێک مردنی پێ ڕەوا نەبینین ئەوکاتەی قەهری سەفەر دەیکوشتین
ئیتر تەواو کاتژمێرەکان بوخچەی میل و زەنگیان پێچایەوە
ئیتر تەواو لەبیریکردین خودا
ماڵمان لە کوچەی باران باردەکا
دەچینەوە دەبینە سەربازێکی ماڵ نشین
بەدیار پیربوونی بۆڵێ ترێوە دانانیشین
شراب ناخەینە سەر مێزی مەستی
لێرە داگیرسان پێویستی بە ئۆزۆ نیە
مەیلی سەفەر هاتۆتە دیواخانەکانمانەوە
هەترەشی منداڵە نەباڵقەکان لە گەڕان دەبا
ئیتر تەواو لەبیریکرین خودا
ئەوکاتەی گلێنە پڕگلەیەکانی ماڵئاوایی لێک دەئاڵان
یادەوەری باڵ لێکدانی ماچێکی گەردن
تەپۆتۆزی ڕۆیشتنی مەند دەکردەوە وەک بەستەڵەکی شەوێکی ساماڵ
دوای دۆڕان لەم مەڕاسۆنە درێژانەی سەفەر
پاژنەیک نەبوو حوورمەتی هەستان بخاتە مەیلمانەوە
ئایەتێک نایاتەوە خوار کەلێنی ئەم سوڕەتانە تەواوکات
وەرزێکی برۆنزیی بێدار نابێتەوە لەم مێرگە
کانیەک چەپڵە لێ نادا بۆ جووتبوونی نەوەڕەسەکان
ڕووبار تاقەتی هەستانی نیە بۆ پاک کردنەوەی کەنار
جڤینی ئێمە عەشق ناگێڕێتەوە بۆ سێبەرەکانی ژوان
پێگەیشتنی زمان ئەم چیرۆکە نانووسێتەوە
ئیتر تەواو تەوافی ئەم سەحرایە چڵێ زەیتوون سەوز ناکا
کات تێپەڕی و پەرەسێلکەیەک ماڵی سواخ نەدا بۆ ئاگر
بایەک فووی لە گڕی داگیرسانی نزار نەکرد
میتاڵی ئەم (گوشە) نغرۆی کردین لە پرسە
شەرابێک مەخسەدی خۆی نەکردە پێکی گێرانەوە
کات تێپەری و خەونێکمان نەدی بۆبینین
کۆتای هات
فوتێک پێوانەی ڕێگا درێژەکانی باران ناکا
عەشقی گەورە لەم گەڕەکە پڕ هەوەسانەی نیگا نایەتەوە حزووری چرا
 
***
 
ماڵمان لێرە باردەکا و
کەسێ نیە ئینجانەی گوڵە تەنهاکان ئاودا
کەسێ نیە چاوەروانی هاتنی بەیانی و
بارینی ئاونگی ماچە حەرامەکانی شەو بکا
چاومان لە ڕوانینا تکا
هێندە لە خەواڵوی نیوەڕۆیانی نازناز وردبووینەوە
سەبرمان نەبوو کازیوە بێتەوە
تا مەرکانەی گوناح ئاڵ بێت
تا سێبەر لە هاژەی تیشک پڕ بێ
تاڤگە لە خەنینەوەی پژان
من دەڕۆم و تۆ دەگەڕێیتەوە
من دەنیشم و تۆ فڕین دەست پێدەکەیتەوە
من دەوەستم و تۆش شکان دەنووسیتەوە
من دەنووسم و تۆش فڕین ڕەش دەکەیتەوە
ئەی چۆڕاوکە تەزیوەکانی ڕنین
خۆر ناپەرژێتە سەر بینایی ئەم تاریکە ڕێیە
مەزارەکانی مراد لێرە پڕن لە فرمێسکی نادیدە
ئەی تەنیاتر لە خۆم بە دیار میلە پڕ لە وەنەوزەکانی دۆڕانەوە
کڕوزانەوەی جوچکێک لە تەنهایدا
بەسە بۆ تێگەیشتن لە حیکمەتی مەراق
مەراقێک بەسە بۆتێگەیشتن لە دیوارە بێ دەربەستەکانی عیشوە
نیگایەک بەسە بۆ تێگەیشتن لە مەستی ئاگردانەکانی باوەش
بۆ تێفکرین لە دێڕە سەوزەکانی باران
پایزێکمان بەسە بۆ گەردن ئازادی خاڵۆزاگیان
لە گوشینی ڕوحی ڕەز بۆ ناو دڵی ڕووبار
چاویلکەیەکمان بەسە بۆ خوێندنەوەی مەزراکانی مراز
ئەی سەر سەوزتر لە وەرزە ئامادەکانی وەرین
لەبیریکە سەحرانشینی کاتژمێری لم
لەبیریکە ئەم خۆویستی خۆشەویستیە
لەبیریکە
دوورگەی ماڵەکانی ئێمە خودایەکی میهرەبان شک نابا
لەبیریکە
 
***
 
لەم جەنگانە چەند تەنها بووین رشێنەیەک نەڕژایە هەوەسمانەوە
چاوێک نەریتی نەزەری نەشکاندە خەیاڵمانەوە
گۆزەیەک فرمانی نەکرد بە خووناو لێومان تەڕکا
کلچێوکێ خۆی بانەدا لە مەزرا ڕەشەکانی مەراقی من
ئەوکاتەی مردن بە ژمارەیەکی علوج تەلەفۆنی کرد
چۆنی هاوڕێم؟
بەرەکەتی چرا هیلاکی نەکردوویی؟
بەهەڵە حاڵی مەبە گیانی من ببوورە کە بێزارم کردبی
مردن هێند بە ئەدەب دەدوا
وەک تازە لە عمرەی تۆبەیەکی تر گەڕابێتەوە
مردن وەک فاڵچیەکی شارەزا تۆنەکانی دەنگی دەخوێندمەوە
لای خۆیەوە کۆدی دادەنا
لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکەکەم کۆمێنتی دەنووسی
کاتەکانی تێڕامانی دەخوێندمەوە
بروسکەی دەنارد بۆ ڕۆژنامەکان
هەڵەکانی بۆ ڕاست دەکردمەوە
لایکی وێنەکانی دەکردم
هەندێک جار چاتی لەگەڵ دەکردم و دەی فەموو
گەردەتەوێ لێڵای کەنار سڕکەی
لغاوی ئەسپێک بگرە بۆ ئاگر
گەر دەتەوێ نامەیک بنووسی وشەکانی لە تیشک بن
گۆزەیەک پڕکە لە نستەقی شوێن پێ بەجێماومەکانی تەرزە
پەنجەرەکان پڕکە لە باران
کاتژمێرەکان بخەوە سەر میلی سێبەر
گەر دەتەوێ مەزراکانی تۆ پڕ بن لە پرسیار
گەر دەتەوێ هێشوە ئاڵەکانی گوناح بخەیتە کاسەوە
چاوەکانت بخە سەر گۆشەکانی فڕین
مردن وەک عاشقێکی خانەدان پێی وتم
بوخچەکانت کۆکەرەوە ئەی دۆستی خۆم
زەمبیلی حەقیقەت لێرە پڕ نابێ لە شلک
 
***
 
کاتمان دۆڕاند دوای نزاکانی کچێکی هەرزەکار کەوتین
ئیتر تەواو
کاتژمێرەکان پووز و قوڕمیش و زنجیریان پێچایەوە
داڵانەکانی ئێمە هێندە مەستن حیکایەتێک شک نابەن بۆ گێڕانەوە
شەوپەڕی ئێمە نە گەیشتە باخچەیەک و لە وەتاغی خوان تەزیودا وەری
من ناچمەوە بۆ ئەوێ چیتر لەم هەڵخستنی کەرامەتە نەزەر ناکەم
ناچمەوە بەردەم پەرژینە پەمەیەکانی سرووە
ناچمەوە بۆ باخچەیی گۆرانیە تۆراوەکان
دەستەکانی تەختە ڕەشێکی بێفیز دەسماڵ لە پشتی تەباشیر ناکاتەوە
ئیتر نەزەری من نایەتەوە بەردەم شۆڕەیی درەختێکی پڕ لە نزا
سەرچەفی گوڵ گوڵی و نەخشینی دایکم
شکۆیان لەم تراویلکە بەدمەستانەی من شۆڕەترە
لێرە لەم حیکایەتە شەرمنانەی خۆم ڕادەمێنم
ئەی دۆستی خۆم تێفکرینم لە شەقامە تاریکەکانی سەفەر
نوور ناخاتەوە برینە پڕ لە گمەکانی کۆتر
دڵی شکاوی تاقەکان مۆمێک پڕشنگی نیگاری ناداتەوە
لێم گەرێ تۆ ئەی دۆستی خۆم
با تاریکی نەتۆرێ، من لە تاریکیدا باشتر دەبینم
دەفتەری سپی گوناحەکان ڕوونتر دەخوێنمەوە
ئەوکاتانە دەبم بە دەروونناسێکی گەورە
باخچەکانی فرۆید دەکەمەوە بیابان
تۆ لێم گەڕێ ئەی دۆستی خۆم
حوکمکردن لە تاریکیدا پێویستی بە چاویلکە نیە
من دەبم بە ئەیوبی ئومێد لەم تەنگەبەرانەی دەیجور
تۆ لێ گەڕێ ئەی دۆستی خۆم با ئەم خەڵوەتی تەنهایەم بێ جریوە بێ
من لە تەنهایدا جوورئەتی گوێ گرتنم زۆرترە
لە تەنهایدا باشتر ریشی مەندیل دەخوێنمەوە
باشتر تەفسیری مەبەستەکانی گریان تێ دەگەم
وردتر بزە دەخەمە ڕستەوە
لە تەنهایدا پێویستیم بە ژمێرەی ترپەکانی وەرین نیە
لە تەنهایدا سوڕەکانی میلی کاتژمێر هیچ لە کات ناگۆڕن