یەکەم گفتو وگۆی ڕادیۆییم لەگەڵ عومەر کڵۆڵدا لە ڕادیۆی هاوپشتییەوە لە ساڵی 2005 دا ئەنجام دا، ئەو کات لە زانیارییەکی کەم و چاوپێکەوتنی کورتی ئێرە و ئەوێی ئەو پیاوە بەولاوە زیاتر، شتێکی تایبەتم دەربارەی ئەو نەدەزانی. بەو زانیاریانەی لە بەردەستمدا بوون، كلۆڵ خرایە سەرخەتی تەلەفۆنی ڕادیۆ. تەوەری گفتوگۆگە، زیاترناساندنی کاک عومەر و گروپەکەی بوو، گرووپی کەرگەلی کوردستان. هەتا بڵێی گفتو گۆیەکی سەرکەوتوو بوو و ژمارەیەکی ئیجگار لە گوێگران پەیوەندییان کردوو و تێبینی و سەرنجی خۆیان دا.
چەند دەنگێک پێیان وابوو ڕادیۆی هاوپشتی بەم گفتوگۆیەی ئاستی میدیایی خۆی دادەبەزێنیت و لێرە و لەوێش دەیانووت بەکر ئەحمەد سەری لە کەرێتی دەخورێت و رەنگە ژێربەژێر لەگەڵ گروپەکەی کاک عومەریشدا دەستی تێکەڵکردبێت. بەشیک لە هۆکارەکان دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە گوێچکەی ئینسانی کورد و گوێگرانی ڕادیۆ، لەگەڵ زۆربەی دەستەواژەکانی کڵۆلدا ڕانەهاتبوو. بۆیە هەندێک کەس پێیوابوو ئەم پیاوە کلاونێکی (موهەرەجێک)ی سیاسییە و کەر و کەرێتییەک کە باسیدەکات هیچ نییە جگە لە هۆکارێک بۆ خۆدەرخستن. هەندێکی دی زۆرتر دەڕۆیشتن و پێیانوابوو ئەم پیاوە نێردراوە تا شۆڕش و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەر بەلاڕێدا بەرێت.
لە گەرمەی گفت و گۆکەدا، دووجار کەوتمە پێکەنین و سوپاسی برادەرانی تەکنیک دەکەم کە نەیانهێشت دەنگم بۆ گوێگران پەخشبکرێت. بەڵام نەوەک بە هۆی قسەکانی کاک عومەرەوە کە بۆ منیش شتێکی تازە بوون، بەلکو رێک لەو شوێنەوەی کە دەبێ گوێ لە کڵۆڵ بگیرایە: ئەویش بە کوررتییەکەی بریتییە لە چوونە ناو ژیانی ئاژەڵێکەوە و لەوێوە دووبارە سەرنجدانەوە لە کۆمەلگای ئینسانەکان. روانگەیەک کە بە قسەی سویدییەکان کاتێک سەرسامی شتێکی تازە بن، کۆمەڵێک سەرمەوقولاتی گەورەی دەوێت لە مێشکدا.
دوای گفت و گۆکە هەستمکرد کە ئەم پیاوە تەواو بەرگی ئاژەلێکی وەک کەری لەبەرکردووە و وەک دوو پێیەک لە ناو جەستەیەکی چوارپێدا لە ئێمە دەڕوانێ. لە ناو تێکستە ئەدەبیەکاندا کارێکی وا دەکرێ تووشی سەرەگێژەیەکی تایبەتت نەکات، بەلام لە واقیعدا، سەختتر دێتە بەر گوێ.
کاک عومەر وەک کەرناسێکی مەزن، بە تەواوی تایبەتمەندییە بایۆلۆژی و کۆمەلایەتیی و کولتورییەکانی ئاژەلێکی وەک کەرەوە، ڕوودەکاتە کۆمەلگای کەرکوژی کوردستان و دەڵێ: بەزەییەکتان بەم ئاژەڵەدا بێتەوە. ئەو کەرپەرستی و کەرێتی وەک خەسلەتێکی گرنگی ئەم ئاژەڵە دەکاتە پەرچەمی بزووتنەوەیەک کە سەرکردایەتی و بنکردایەتی و هەموو پۆستەکانی دیکەی ئەم گرووپە هەر خۆیەتی.
کەربوون بۆ کاک عومەر سووکایەتی نییە، نە بەخۆ و نە بە کەسی تریش. بەڵکو هەڵبژاردنی هەموو ئەو خەسڵەتە پۆزەتیڤانەیە لە ئاژەڵێکی وەک کەردا و لکاندنی بە خۆوە تا بەو شێوە لەگەڵ ئینسانی کۆمەلگای ئێمەدا بپەیڤێ.
کەربوون، یانی زەحمەتکێشبوون، زیرەکی و دانابوون، تواناییەکی لە ڕادەبەدەری فیزیکی. کەربوون یانی پێشمەرگەیەکی دێرین کە دەکرا رێزی لێبگیرایە. ئەمە ئەو تەفسیرانەن کە لە زمانی کلۆلەوە دەبیسترێن.
بە جیا لە قانیع و نالی، کەم شاعیری کورد هەیە لای لەم ئاژەڵە کردبێتەوە. هەردوو شیعرەکەی نالی و قانیع لە کۆڕوکۆبوونەوە ئەدەبییەکاندا جیگایەکی تایبەتی داگیرناکەن و ئەم دوو شاعیرەی پێناکرێتە ڕچەشکێنێکی مەزن لە ناو شاعیرانی کورددا بەوەی کە لە ناو کولتوری باوی:" ان انکر الاصوات لصوت الحمیر" دا کەریش دەکرێ دەنگێکی خۆشی هەبێت لە شیعردا. لەگەڵ هاتنی عومەر کڵۆڵدا، هەردوو شیعری ناوبراوی شاعیران، تروسکاییەکی دیکەیان بەردەکەوێت و دەخوێنرێنەوە.
من زۆر جار دەپرسم کلۆڵ لەبەرزکردنەوەی شیعاری کەربوونی خۆیدا بە شوێن چییەوەیە: ئایا كلۆل سەوزێکی کۆمەلگای کوردستانە و لە ریی ئاژەڵێکی وەک کەرەوە دەیەوێت پرسیاری پاراستنی ئەم ئاژەڵە و ئاژەلانی دیکە ( بێ مانگا، چونکە کلۆل پێیوایە مانگا بێ عەقڵە و عەللاگە دەخوا) بکاتە پرسیارێک بۆ کۆمەلگا. یاخود دەیەوێت لە رێگای کەرەوە خەون و مەراقە ئینسانییەکانی تاکەکانی کۆمەلگا بە زمانێکی دی دابرێژێ و لە ناو ئەو هەموو داخوازی و ژاوەژاوە کۆمەلایەتییەی کۆمەلگادا ئەویش دەنگێک بێت. تا ئێستاش بۆم ڕۆشن نییە، بەڵام هەردوو ڕەگەزەکە لای كلۆڵ ئامادەیی هەیە.
بەڵام لای کلۆل کۆمەلێک خەسڵەت و تایبەتمەندی هەیە کە دەبێ لەسەر ئەو خەسڵەتانە سووپاس بکرێ.
کلۆڵ لە کۆمەلگایەکدا کەربوون دەکاتە شوناسی خۆی کە کەری وەک بێ عەقلترین و نەزانترین ئاژەلەکانی کۆمەلگا ناساندووە. سەیر لەوەدایە کەر لە زمانی سویدیدا رەمزێک نییە بۆ بێ عەقڵی، بەلکو سیمبوڵی عینادییە. واتا ئاماژەیە بۆ ئاژەلێک کە سەرسەختە. ئەم خەسڵەتە لە زمانی کوردیشدا هەیە بۆ کەر، بەڵام ئەوە بێ عەقڵیەکەیەتی کە لە پیش هەموو خەسلەتەکانی دیکەی ئەم ئاژەڵەوەیە. لە ناو کولتوری زمانەوانی کۆمەلایەتی کۆمەلگایەکی وەک کوردستاندایە کە پیاوێک دێت و بە دژی شەپۆلەوە مەلە دەکات و دەڵێ : من کەرم. ئا لێرەدایە ئەم پیاوە، جێگایەکی دی لە کۆمەلگادا بە خۆی دەدات. شوێنێک کە زۆربەی ئەندامانی کۆمەلگا بە ژن و پیاوە نایانەوێ بە ئاشکرا لەوێدا بوەستن.
کەربوون لای کاک عومەر، بە فیعلی چوونە ناخی ئەم ئاژەلەوەیە و لەوێوە: انا الحق" ی خۆ، کەربوونی خۆ بە گوێی کۆمەلگادا دەچڕێت. من تا ڕۆمانی:" خیمین ناو و حەوت ژیانەکەی" نووسەری چینی (مو یانم) نەخوێندەوە ، لەم ناڵەی کەربوونەی کاک عومەر نە دەگەیشتم. پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە ئینسان، دەبێ ژیان وەک کەر، بەراز،سەگ، مەیمون و مانگا تاقیبکاتەوە. بۆیە رۆحیانەتی خیمین ناو دەکرێتە ناو لەشی کەرەوە و (مو یان)ی نووسەریش وەستایانە ژیانی کۆمەلگای گاومی کە شوێنی ڕووداوەکانی رۆمانە، لە چاوی کەرێک یان ئاژەڵێکی ترەوە دەبینێت و ڕووداوەکان دینە باسکردن . ناڵەی کەربوون لای کاک عومەر، ناڵەی زمانگرتنی ئاژەڵێکە کە ڕۆژانە لۆری دەیکات بە ژێرەوە و منداڵ دەیسووتێنیت و لە وەرزی بێکارکردنی کەراندا ڕەوانەی دەشتەکان دەکرێن و نانیشیان نادرێتێ. بەڵام لە زاری دوو پێیەکی ناو کۆمەلگای دووپێکانەوە دێتە ئاخاوتن. لە کۆمەڵگایەکی وەک سویددا، نیشاندانی وێنەکانی کۆمەڵێک قاز و مراوی کە کەسێک لەسەر کورسی دانیشتووە و بە زیندووی پەڕەکانیان لێدەکاتەوە لە وڵاتی چیندا تا بۆ بەرهەمی جۆراوجۆر بەکاربهێنرێت، هەموو پیشەسازی جلفرۆشی سوید دەخاتە بەردەم مەترسی ئیفلاسبوونەوە و داخوازی ئەوەی کە ئەگەر کۆمپانیاکان فشار نەخەنە سەر کۆمپانیا چینییەکان بۆ وازهێنان لەم وەحشیگەرییە، ئەوا مشتەرییەکان بایکۆتی کالاکانیان دەکەن. قیڕەی دوو قاز و هەزارەها دەنگی ناڕازی. بەڵام لە ئەنفالکردنی کەرەکانی کوردستاندا، بە تەنها یەک کەس دێتە قسە.
کاک عومەر ئەو زمان و بڵندگۆیەیە کە بێزمانەکانی کۆمەلگا، لە زاری ئەوەوە دێنە گۆ و دەتوانن دەنگهەڵبڕن. بێنە بەرچاو کەپەرلەمانی کوردستان و دیوانی پاریزگای سلێمانی و هەولێر لە لایەن کەرەکانی کوردستانەوە داگیرکراون و پەرلەمانتاران و سەرۆکی هەرێم و پارێزگاری شارەکان لە گەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا هەڵدێن و دەسەڵاتیش کەوتۆتە دەست کەرەکانی کۆمەڵگا، سیناریۆیەک وەک ئەوەی لە ڕۆمانی (باخچەی ئاژەڵان)ی جۆرج ئورویڵدا ڕوودەدات. ئەگەر ئەمە ڕۆمانێکی نووسراوی کوردی بوایە، ئەوا كلۆڵ دەوری ئەو کەرەی دەبینی کە بە تەنها و بەر لە ڕوودانی شۆرشی کەران، لە بەردەم دەسەڵاتی سیاسی ئەم وڵاتەدا دەوەستا و دەزەڕی:" کەرەکانی هاوڕێم بە تەمان دەسەڵات بگرنە دەست، دەکرێ سنوورێک بۆ کەرکوژیی و ئاژەڵئازاری لەم کۆمەلگایەدا دابنرێت. وا نەکەن، شۆڕشێک بەڕێوەیە! " بەڵام بەوەی ڕۆمانێکی وا هێشتا نەنووسراوە، کلۆل دەبێتە پاڵەوانی ڕاستەقینەی ئەم یاخیبوونە زیندووەی ئاژەڵەکانی کۆمەلگا و وەک دوو پێیەک لە بەرگی چوارپێدا ، هوشداری دەداتە ئینسانەکانی کۆمەلگا و ناڵەی: من کەرم و کەرکوژی بەسە! بە زمانی دوو پێکان دەردەبڕێ.
بەڵام پەیامی من کەرم، پیاوبوون و پیاویتی کۆمەلگای ئێمە دەخاتە مەترسییەوە. کەربوون خەسڵەتی پیاوبوون نییە لە کۆمەلگای کوردستاندا. بۆیە ئەم پەیامە دەبێ بە گاڵتە وەربگیرێت و خاوەنەکەیشی بکرێتە شوێنی سووکایەتیپێکردن. هۆکارێک کە کڵۆڵ ناچاردەکات دەست لە ناڵەی کەربوونی خۆی هەڵبگرێت.
یان لە باشترین حاڵەتدا، وەک کەسێکی دوو پێ دەبێ ڕووبەڕووی ببیتەوە. واتا وەک کەسێک کە دەکرێ کەمێک گوێی لێبگیرێ، نەک بۆ مەبەستی گوێلێگرتن بەڵکو بۆ ئەوەی قەشمەری پێ بکرێ. کلۆل دێت و بە دژی وێنەکانی پیاوبوون و پیاوێتی کۆمەلگای کوردییەوە، ئەو شتە دەڵێت، کە پیاوی ترادیسیۆنی کوردی ناتوانێ بیڵێ. لەو شوێنەدا دەوەستێت کە کەسمان ناوێرین تیایدا بوەستین.
سەیر لەوەدایە کە سەرمایەداری لە پیشەسازی یاری منداڵاندا، ورچ و کەر و هەموو ئاژەڵەکانی کردووەتە گەورەترین بازرگانی و لە ژووری منداڵاندا جێگایەکی بۆ کردوونەتەوە. بەڵام کلۆلێ کۆمەلگای کوردی، ڕوودەکاتە پیاوان و ژنانێک کە هەموو منداڵییان جومگەیەکی گەشی لە ئاژەڵدۆستی و هاوڕێیەتی ئاژەڵاندا تیا نییە. کلۆل لە کۆمەلگایەکدا کەردۆستی و ئاژەڵدۆستی دەکاتە مەراقی خۆی کە کولانەی سەگی بەرەڵا بەردباران دەکرێت و کەڵەشێرو مریشک و بەرخ و مانگا بە بەرچاوی گەورە و بچوکەوە سەردەبڕدرێن و لە کەرنەڤاڵی قوربانیکردنی بە ئاگاهاتنەوەی ئیسلامی سیاسیشدا، گۆشتی سوور وەک دیوار لە گەڕەکەکاندا هەڵدەچنرێت.
بە کورتی: ئەگەر پەیامی (انا الحق) وەک دەرکەوتنی ڕۆحی خوا لە حەللاجدا تەفسیردەکرێت و ئەو پیاوە وا سەیردەکرێت کە ئەو هیچ نییە جگە لە جەستەیەک کە دەنگی خوای لێوە دێتە دەر، ئەوا پەیامی کەربوونی کلۆلیش هیچ نییە جگە لە جەستەیەک کە ئازارەکانی کەر و ئاژەڵانی کۆمەلگای ئێمە لەوەوە دێنە دەر. کلۆل لە سووتان و بڕوای تەوایدا بۆ ژیانێکی شایستە بۆ کەر و ئاژەلەکانی دیکە ( مانگای لێدەرچێت) ، دەبێتە کەر. کلۆل بەر لەوەی قەشمەرچییەک و نوکتەچییەکی کۆمەلگا بێت، هەستدارترین کائینەکانی کۆمەلگای ئێمەیە کە ئەو جیهانە دەبینێت کە بە تەنیشت جیهانی ئینسانەکانەوەیە و بەڵام ئینسانی ئێمە یەک زەڕە رێزی بۆ دانانێت، بەڵکو هەر نایشی بینێت. بۆ وتنی پەیامێکی وا، کلۆڵ هیچ ستراتیژییەکی دیکە شک نابات بە جیا لە پەیامی (من کەرم) کە لە کۆمەلگای کوردیدا، شەهامەتێکی گەورەی دەوێت لە زەمەنی فەیسبوک و یوتوب و سەتەلایتدا بووتریت. بەڵام كلۆڵ دەیڵی و لەسەر ئەوەش شایەنی سوپاسێکی گەورەیە.
 
کلۆڵ دەکرێ لەسەر خاڵێکی دیکە سوپاس بکرێت.
تیكشکاندنی موقەدەساتە سیاسییەکانی کۆمەلگای ئێمە. سەیرێکی ئەم دەستەواژانەی خوارەوە بکەن!.
خان بریتییە لە سکرتاریەتی گروپی کەرگەلی کوردستان
تەویلە مەڵبەندە
ناڵ مافی ڕەوایە
بار مەسئولیەتە
ئاخوڕ کۆمیتەی گروپی ناوبراوە
جووتە ڕەخنەیە، سمکۆڵان نارەزایەتییە، ڕەشمە یاسایە، ئاخوڕ ئابوورییە.
 
بەر لە کلۆڵ کەس مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ئەحزابی بە خان و تەویلە و ئاخور نەچواندووە. پێم وایە یەکێک لە بەرپرسیارە سەربازییەکانی یەکێتییە کە ئێستا لەگەڵیان نەماوە کاتێک دەگێڕێتەوە کە رۆژگارێک ئەو لە شاخ بووە و وتوویانە مەکتەبی سیاسی کۆدەبێتەوە، ئەم پێیوابووە چ کۆڵین پاوەڵ و ماوتیسی تۆنگێک و جیڤارایەک کۆبوونەتەوە. کاتێکیش دەسەڵات دەکەویتە دەست ئەم تیپە لە مەکتەبی سیاسی دوێنێ، ئەو شەرمەزری دایدەگریت کە مەکتەبی سیاسییەکی وا دەکرا بە خان یان تەویلەی سیاسی بچوێنرایە.
داتەکاندنی تەقەدوس لە بەشێکی گەورە لەو دەستەواژانەی سیاسەت لە کۆمەلگای ئێمەدا خوڵقاندوویەتی جورئەتێکی زۆری دەوێت. کۆمەلگای ئێمە پڕە لەو موقەدەسە سیاسییانە کە هیچیان کەمتر نییە لە موقەدەسەکانی ئایین. کلۆل دێت و بێ ئەوەی خۆیشی پێیبزانێ، سیخورمەیەک دەژەنێتە بەشێکی گەورەی موقەدەسەکانی سیاسەت. ئەم پرۆسەیە نەک وەک کارێکی بە ئاگاهانە لە بەرانبەر دەسەڵاتی سیاسیدا ئەنجامدەدرێت ، بەلکو وەک کۆپیکردنەوەی کایەی رێکخستنی گرووپی خۆ ئەویش لە رێگای لاسایکردنەوەی ئەو گرووپە سیاسییەوەی کە دووپێکان دروستیان کردووە. بەوەیشی ئەم دەستەواژانەی کلۆل لە ئاستێکی بەریندا بلاودەبێتەوە، کاریگەریەکانی لە کاڵکردنەوەی پیرۆزیی و گرانیی ئەم دەربرینانە لە زەینی ئێمەدا ، ناکرێ بە هەند وەرنەگیرێ. لەسەر ئەم تێکشکاندنەی موقەدەساتی ناو سیاسەت لە کۆمەلگای ئێمەدا، کلۆل شایەنی سوپاسێکی گەورەترە.
کلۆل وەک دیاردەیەکی مێدیای گەورە دێت و کاتێک فشارەکانی کۆمەلگا لەسەر خۆیی و خێزانەکەی تووندتردەبێتەوە، بە بێدەنگی و دڵشکاو دەکشێتە دواوە و لە تەنهایی خۆیدا دەتلێتەوە. هیچ کەسێکیش سوپاسی ئەم پیاوە ناکات بۆ ئەو ڕۆل و پێداگرییەی کە پیاوێکی وەک ئەو پێشکەش بە کۆمەلگای ئێمەی دەکات لە بواری ئاژەڵدۆستییەکدا کە ئەگەر ئەو ئاژەڵە بە تەنها کەرەکانی کۆمەلگای کوردستانیش بێت.
بۆیە من بە ئەرکی خۆمی دەزانم لەسەر ئەو شەهامەت و چاونەترسییەی ئەو و ئەو خاڵانەی دی کە لە سەرەوە باسمکردن، سوپاسی ئەو پیاوە بکەم.
سوپاس بۆ ئەوەی ڕوانگەیەکی دیکەت داینێ تا سەیری جیهانی ئینسانەکانی پێ بکەین. روانگەی ئەوەی کە بۆ ئەوەی لە ئازارەکانی هەڵنەفڕین بگەین، باشترە ببینە باڵندەیەکی باڵشکاو.
سوپاس بۆ ئەوەی کە کەرکوژی و کەرسووتاندن و ئاژەڵئازاری موچرکەیەکی لا دروستنەکردین و تۆ هاتیت و بەرگی ئاژەڵێکت لەبەرکرد و لە زمانی ئەوانەوە، ئازارەکانیانت بۆ دەرخستین.
دووبارە سووپاس پیاوە بێدەنگکراوەکە.
 

20140410