ژمارە و حەرفی نووسینت گشت عەرەبین
لە بیرم چوو، ئەگەر بشڵێم پیتەکانت، هێشتا ئەوان هەر عەرەبین
ئەو فتبۆلەی منداڵەکەت یان براکەت تێیهەڵدەدات
ژنێکی سریلانکایی یان ڤێتنامی دووریویەتی
شاڵی سەر شانی دەنکەکەت، لە سەنگافوورە دەچنرێت
کراسەکەی خۆت چینییە، هی براکەت مەید ئین تایوان
قۆپچەکانی لە ئیتالیاوە هێنراوە
گەر فانیلەی عەللاگەکەت شیکرێتەوە، لۆکەکەی دەفڕێ بۆ ئەسوان
سووراوی دەستگیرانەکەت، بە سواری پاپۆڕێک دێت و
کۆلکێشێکی خەلکی بەسرە باریدەکا و
بە (سکانیا)یەکی سویدی یان بە (مان)ێکی ئەڵمانی دێتە بەر ئاوێنەی ماڵتان
ئەو پیتزایەی بە دەست دەیخۆیت ئیتاڵییە
پەنیر و زەیتوونەکەی سەری لووبنانییە یان تورکییە
بە ماشێنی یابانی هات وچۆ دەکەیت
پاسەکانت ڕۆژگارێکیان پۆڵۆنی بوون
ئەو کۆلایەی دەیخۆیتەوە، ئەمریکییە
دۆی ساردی کەللەتەزێنت لە ئێرانەوە دەهێنرێ
عەباکەی دایکت یان نەنکت، خلیجییە
دە پێم بڵێ: گەر ئەوانەت لێسەننەوە
پێم ناڵێ چەند ڕووت و قووتی، تۆ چیت لێدەمێنێتەوە؟
* بەشوێن چەند دێڕێکی ئەنتی راسیستێکی سویدیدا
20140810