"هەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بە سەرما
یا سەڕسەڕی دووریتە کە لێی کردمە سەرما "
-حەریق-
داوود دەگەڕێتەوە ، دڵی کەنارییەک خەبەری داوە !
بەبێ داوود ، ئێمە زەرنەقووتەی بێ دان و ئاوین
بەبێ داوود ، ئێمە چاوی بێ خەوین ،
ئێمە لوتکەی جەهل و ئێمە خەرەندێکین پڕ لە مردن!
بەبێ داوود ، قەبیلەیەکی تفەنگچیین ، یەکتری ڕاو دەکەین!
داوود دێتەوە ، خەونەکەی دایکم وا دەڵێ !
داوود دەگەڕێتەوە ،
لەدەروازەی شار ، کێوەکان دەچنە پێشوازی .
دەشتەکان فەرمووی ڕۆیشتنی
بەسەر دەستی خۆیانی لێدەکەن !
داوود دێتەوە و لە پێشدا دەچێتە سەر "تانجەرۆ"
لەوێوە بانگی پاسارییەکان دەکات
بچن خۆیان "تەعمید" بکەن !
داوود دێتەوە و
باڵندەکانی "سلێمانی" دەبنە پەرژینی .
تاوسەکانی "باخچەی گشتیی" سێبەری بۆ دەکەن !
داوود کە دەگەڕێتەوە ،
دڵم لێیداوە ، کات شەو دەبێت کە ئەم مانگی دڵە
بە خۆی و سایەقەی ساماڵی ،
بە خۆی و شەوقی نوکتەکانییەوە دێتەوە !
ئەستیرەکانی سەرشانی 'قەڵاچوالان'
گۆچانی ڕووناکیی وەک جاری جاران ئەدەنەوە دەستی .
بۆ سبەی
لەسەر شەرەفی هاتنەوەی ئەم جانی جانانە ،
خۆر ، نیوەڕۆخوانێکی عاشقانە
بۆ هەنارانی عاریف و بۆ فریشتەکانی داوود ،
بە گوڵ و مرواریی
لە کەناری جارانی بەختەوەری ،
لای دەریاچەی پڕ بلوری پێغەمبەران
دەڕازێنێتەوە بە مەی ، بە ڕازیانەی خۆشەویستی !
داوود دێتەوە و
من دادی خۆم دەبەمە لای ئەو .
پێی دەڵێم من یەکێکم لە کوڕە غەریبەکانت
من سولەیمانەکەی خۆتم !
لاووکی غەم و
بەیتی غەدر و
مەزمورەکانی غەریبییت بۆ دەچڕم .
پێی دەڵێم :
ڕەنگەکانی ناو دەستی خۆتم بدەرێ
قسەکانی ناو دڵتم بدەرێ
پەلکەزێڕینەی پشت سەری خۆتم پێ ببەخشە !
ئەمجارە جانتاکەم پڕ پڕ دەکەم لە سپێدەی ڕەنگی تۆ
ئەمجارە گیتارەکەم وا دەژەنم ،
تەڕ تەڕ بێت بە بارانی دەنگی تۆ .
ئەمجارە گەر بڕۆم ، بە تەنیا پێکەنینەکەی تۆ دەبەم .
بە تەنیا چاویلکەکەی بان دییەی تۆ دەبەم .
ئەمجارە گەر تۆفانی سەفەر بردمی
بە تەنیا سنەوبەرێکی عاشقی "دەباشان" لەگەڵ خۆم دەبەم !
کە دێتەوە پێی دەڵێم ؛
- لەسەر لەپی دەستەکانت ، باڵندەی نیشتمان ماندووە دەیەوێ سەرخەوێک بشکێنێت .
- ئەوانەی لە بەهەشت دەرکراون ، بلوری دڵیان شکاوە دەیانەوێت لە ئێوارەی برینێکدا
یاقوتی حوزنت لەگەڵدا بەش کەن !
سەفەرەکەی داوود
نە ڕۆژێکە
نە مانگێکە ، نە ساڵێک !
سەدەیەکە داوود
لە داخی شەڕەکانی ئێمە
سەفەری کردووە بۆ پشت قەفقاسی تەنیایی .
سەدەیەکە خۆر بەو هەیبەتەی خۆیەوە
لەتاو دووریی داوود
هەموو ڕۆژێک خۆی ڕووت دەکاتەوە و
خۆی دەهاوێتە ناو ڕووباری مردن و ، نامرێت !
سەدەیەکە کانی ، بەو چاوە قڕژاڵییانەی خۆیەوە
ئەشکەوتان دەگەڕێ
بن بەرد و تاوێران بۆ داوود تەی دەکات .
داوود لە کوێیت ؟
ئەوە هاواری کانییە لەو شاخانە بەردەبێتەوە ناو عەدەم .
ئەوە دەنگی مێژووە لەو بنارانە چاوەڕێی
گەرووی داوودە هەتا ئەبجەدییەتی ئازارەکانی بڵێتەوە .
لە کوێیت داوود ؟
دنیا پڕ بووە لە گورگ و ،
دەشتەکان پڕبوون لە قەهر و ،
ڕوبارەکان بەدەم خەیاڵەوە ڕێ دەکەن .
باخچەکان شەرابی خۆکوشتن ئەدەنە گوڵەباخ .
لە ماڵی کام ئازاردا ڕاکشاویت داوود !
لە سەر بەرماڵی کام ڕەشەبا نوێژ دەکەیت داوود !
لە کام ژووری مێژوودا
چرای میهر بۆ دڵانی تاریک هەڵدەکەیت داوود !
وای داوود ، با دونیا بزانێت ؛
تۆ ڕۆژێک لەم خەڵوەتە سپییەی خۆت دێیتە دەرێ .
دەچیتەوە لە "یاخسەمەر" قسە لەگەڵ خوادا دەکەیت .
لە نێوان گۆچانەکەی تۆ و مووسادا
ئەو دەبوو بە مار سەمای دەکرد .
لێ گۆچانەکەی تۆ دادەگیرسا
دەچووە دیدەنی ئاو
ڕوباری دەوەستاند ، هەوری ڕا دەگرت !
تۆ دەزانیت داوود ؛
"کاڤاڤیس" شاعیرێکی تەنیا بوو ، هەمیشە دەیوت:
"ئەمێستاکە ، بێ هاتنی بەربەرییەکان
داخۆ ئێمە چییمان بەسەر دێت .
داخۆ بەربەرییەکان کەی دێن !" .
کەچی من دەڵێم ، ئێمە بەبێ گەڕانەوەی داوود
کەسمان نازانین ،
ئەوە خاچی نیشتمانە ئازارمان ئەدات
یان مێخ و بزمارە خوێناوییەکانی خۆمانن
بە دیواری ئەشکەوتەکانی عێراقێکی پڕ ئاشوبدا
هەتا لێوارەکانی مردن هەڵمان دەواسن ، چۆن هەڵواسینێک!
ئێمەی منداڵەکانی تۆ داوود
بێ گەڕانەوەی تۆ ،
هەموو قاوەگرەوەکانی دونیاش نازانن چییمان بەسەر دێ !
بێ تۆ نازانین چۆن ئەم گوندە ڕوخاوە
بکەینەوە بە ئاوایی هەزارگوڵ و هەزارکانیی و
هەزار باخچە و هەزار عاشقی پڕ ئەوین و جوانیی !
داوود ،
ئێمە نازانین بێ چەخماخەی ناو دەستەکانی تۆ
لە تاریکییدا چۆن خۆمان دابگیرسێنین !
داوود بگەڕێوە .
بەرلەوەی ڕەنگەکان سەفەری کۆتا بکەن
بەرلەوەی بەربەرییەکان بگەن
بەرلەوەی کێوەکانی ئەسەف
هاڕە بکەنە ناو ڕوبارەکانی نائومێدیی .
یان چاڵەکانی ئاگر
خۆیان بە هاواری گوڵە شەهیدەکان پڕ کەنەوە ،
تۆ بگەڕێوە داوود .
گورگان بەڕێوەن داوود
عاریفانە ژێی تیروکەوانەکەت ڕاکێشە .
وەک جاران عاشقانە چڵێک خەونم بدەرێ ،
ئێرە سەرەتایە بۆ هەڵمژینی شیعرێکی قووڵ .
ئەم پێدەشتی ڕۆحە سەرەتایە
بۆ هەڵاتنی نزاکانی یوسف لە بنی بیرە خامۆشەکانی شۆڕش !
دەستێکتم بدەرێ داوود
کانیی برینم هێند قووڵە ، ئەم نەزیفی عەزابەم پێ ناوەستێ.
حەرفێکی داگیرساوی خۆتم بدەرێ
چیرۆکی ئەم مردنەم هێند تاریکە
نازانم چۆن چۆنی رۆشنی بکەمەوە داوود !
داوود دڵم خەبەری داوە دێیتەوە و
وڵاتێکم پێدەبەخشیت
پڕە لە باڵندەی عاشق
پڕە لە بارانی وەفا
وڵاتێک بۆ یەکەمجار خۆری لە باکوورەوە لێ هەڵدێ .
بۆ یەکەمجار
هەرچی ئەو تاوسانەی پەڕوباڵی غروریان شکێنراوە
هەرچی ئەو کۆترانەی گمەی شیعریان سوتێنراوە
هەرچی ئەو تەیرەن ئەبابیلانەی لە 'حەبەشە' دەرکراون
هەرچی 'نالی'یەکانی دونیایە
دێن و لەبن کەپرەکانی ئەم وڵاتەی تۆدا
دەبنە پەناهەندەی عاشق !
داوود ؛
چەندین هەتاوە من چاوەڕێی هەڵهاتنی ڕوخساری تۆ دەکەم .
ئێمە بێ تۆ شیعرمان خاڵییە لە باران ،
ئێمە بێ تۆ ، نازانین چۆن گوڵدانی ڕۆح
لە تاق و پەنجەرەکانی ئاسمان دابنێین .
بێ تۆ دەبینە خۆڵ ، دەچینە چاوی نیشتمانەوە !
داوود ؛
بۆ جارێک
بۆ یەک هەناسەش بێت خۆتم نیشان دە ،
قیروسیا با هەرچی کێوەکانی دونیایە بسوتێن .
تۆ بەیتێک لە دیوانەکەی خۆتم بدەرێ
ئیدی خوای دەکرد هەموو شاخەکانی دونیا
ئەندێشە دەیگرتن ، لە ترسا دەڕوخان !
بێ تۆ ، ژیان درەختێکە بێ هاوڕێ ، بێ گەڵای پێکەنین .
بێ تۆ ، ژنێتیی ڕووبار دەکەوێتە ئاگری خەتەرەوە !
بێ تۆ ،
سەبەتەی کچان پڕن لە نامەی گلەیی لە ژیان .
داوود
بێ تۆ ، من چاوەڕێی مردنێکم
وەک مردنی پەپولەیەک بەسەر خاچەکەی عیساوە
وەک مردنی تریفەیەک
بەدەم چۆڵکردنی گوندێکی ئەنفالەوە !
داوود ،
دەترسم هەتا تۆ دەگەڕێیتەوە
کەشتییەک کە ئومێدی بار کردووە
نەگاتە ئەم بەندەرە ڕوخاوەی من .
دەترسم هەتا میوەی گەڕانەوەی تۆ پێدەگات
قەل و داڵەکانی سەر سنوور
سینگی نیشتمان شەقار شەقار کەن و
هەناسەیەک بۆ گۆرانی نەهێڵنەوە !
دەترسم داوود
دەترسم قەلەڕەشەکانی سەحرا بگەن و
چاوە کزەکانی شیعری من هەڵکۆڵن و
فریای بینینت نەکەوم داوود !
دەمەوێ لەسەر دیوارە سپییەکانی دڵم
بە بۆیەی ئاویی ڕەسمی شاخێکی سەوز بکێشم و
لەسەری بنووسم ؛
دەگەڕێتەوە ،
ئەمجارە بە چەپکێ نوورەوە دەگەڕێتەوە داوود !
2015-2016 / ستۆکهۆڵم – سلێمانی - هەولێر