من ده‌مگوت و به‌ ده‌نگێكی به‌رز به‌رز ده‌گریام.. به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌نگی خۆم له‌ حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسمانه‌كانه‌وه‌ ده‌ژنه‌وت... له‌ كونجوڕه‌كانی ماڵه‌وه‌، له‌ سه‌قف و بنمیچ و تاقی لار هه‌ڵچنراوه‌وه‌.. ده‌نگێك تێكه‌ڵه‌ له‌ خیزه‌ی سنگ و كۆكه‌یه‌كی یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كی ترسناك.. تێكه‌ڵه‌ له‌ نه‌فه‌سی پچڕ پچڕ و.. هه‌نسكی كورت.. كورت!! وه‌ك ڕۆحله‌به‌رێك له‌ تاریكی و بوونه‌وه‌رێكی چكۆله‌ له‌ زوقمی ته‌نیایی و په‌ڕپووت له‌ هه‌موو به‌خته‌وه‌ریه‌ك، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بێشه‌ڵانێكی تاریكی هه‌زار پێچدا به‌گیر هاتبێتم، ده‌شم له‌ تاریكی و شه‌كه‌تی خۆم وه‌رده‌دا و هه‌ردوو چاوه‌ مه‌ست و ئاوداره‌كانم له‌سه‌ر یه‌ك ده‌ناو، وه‌ك بۆنی ته‌مه‌نێك له‌ شكست كاسی كردبێتم له‌ تلی هه‌زاران مه‌رقا هه‌ڵده‌نوتام و به‌رز ده‌بوومه‌وه‌ هه‌روه‌ك گه‌ڵایه‌كی ڕه‌ق هه‌ڵاتووی زه‌رد و هه‌تیو له‌ زمانی بایه‌كی بێ باكدا ئه‌مبه‌ره‌و ئه‌و به‌رم ده‌كرد.. كه‌له‌م هێلانه‌ی چه‌نده‌ها بێچوله‌ی حه‌سره‌ت و تامه‌زرۆبوونی كوشنده‌ بوو...

من ده‌مگوت و به‌ ده‌نگێك كه‌ هه‌ستم ده‌كرد قه‌ده‌ری بیابان و ده‌ریاو ئاسمان و ئه‌ستێره‌كان هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه‌ و بانگم ده‌كرد:

-دایه‌.. دایكه‌.. خه‌وم دیووه‌، خه‌وم دیوه‌ یوسف ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.. كۆشم پڕ ده‌كات له‌ ده‌نكه‌ هه‌ناری داته‌كێنراو، گیرفانه‌كانم پڕ ده‌كات له‌ به‌رچنه‌ شاتووی گه‌وره‌ گه‌وره‌.. گواره‌م له‌ په‌ڕی گوڵه‌ نازنازه‌كان بۆ چێده‌كات.. له‌ گه‌ردی ئه‌ستێره‌كان تریفه‌م بۆ ئه‌چنێت و له‌ كرۆكی سه‌ده‌فان ملوناكه‌م بۆ ده‌هۆنێ.. دایكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، من دڵنیام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.. من دڵنیام یوسفۆكه‌ تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.. شاهه‌نشای میرنشینه‌كانی خه‌ونی من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌...

من ڕام ده‌كرد و به‌ڕاڕه‌وی باریكه‌له‌ی حه‌وشه‌ چكۆله‌كه‌دا سه‌رده‌كه‌وتم و دایكه‌ وه‌دووم ده‌كه‌وت...

له‌مسه‌ر بۆ ئه‌وسه‌ری پێچه‌كان ڕاوی ده‌نام، ڕه‌فته‌ ڕه‌ساسیه‌ چكۆله‌كه‌می لێده‌كرده‌وه ‌و ئه‌گریجه‌ی ژاكاو ئاڵۆزكاومی له‌ پێچی زه‌نده‌ خڕ و ده‌سته‌ قورسه‌كه‌یدا لول ده‌كرد و وه‌ك چنێك له‌ هه‌ناسه‌ی ئه‌ژدیها ده‌ینه‌ڕاندو ده‌یكێشا به‌ گڵۆڵه‌ چیمه‌نتۆی بن بلۆكه‌كانی حه‌وشدا و تاڵه‌ی ئه‌گریجه‌ سپیه‌كه‌ی وه‌ك یاڵی ئه‌سپێكی ناڕه‌سه‌ن به‌ئه‌ملاولای لاملی دا شۆڕ بووبوونه‌وه‌، به‌ ده‌نگێكی خاڵی له‌ هه‌موو مه‌رحه‌مه‌تێكی دایكانه‌ ده‌یگوت:

-(دێڵه‌ شڕه‌.. به‌ تۆچی؟ به‌ تۆ چ گه‌ڕانه‌وه‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی یوسف، به‌تۆ چی هاتنه‌وه ‌و نه‌هاتنه‌وه‌ی تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب..)

وه‌ك مێرووله‌یه‌كی چكۆله‌ خشه‌ی توندی كابانێك ئیفلیجی كردبێت لاره‌ مل، وه‌ك كه‌روێشكێكی خرپنی توكن گلاندبێتانه‌ توێژاڵه‌ به‌فرێكی ته‌نكه‌وه‌ هه‌ردوو پاژنه‌ فڕو فڵیشاوه‌كانم به‌رزده‌كرده‌وه‌و وه‌ك له‌مه‌حشه‌ری ئازارێكی پڕوكێنه‌ر هه‌ڵبێم ده‌مڕوانییه‌ سینه‌ی ئاسمان كه‌ هه‌ر به‌ چاوه‌گه‌ش و ببووره‌ مات و حه‌په‌ساوه‌كانی (یوسف) ده‌چوون له‌گه‌ردوو گوڵی ئه‌و به‌یانییه‌دا كه‌ بردیان، ئه‌و به‌یانییه‌ی كه‌ كزه‌ باسارده‌كه‌ی باشووری كۆڵان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی سه‌یر سه‌ركوڵم و قولاپه‌ی لوت و په‌نجه‌كانی ده‌ته‌زان، وه‌لی (یوسف) ته‌نك و نازك و نه‌رم كه‌ هه‌ر ده‌تگوت دڵۆپه‌ ئاوی سه‌ر ڕووبه‌ری په‌ڕه‌ی نێرگزه‌ كه‌ به‌لاجانگیا ده‌هاته‌ خوارو ده‌ڕژایه‌ سه‌ر تاڵه‌ مووه‌ نه‌رمه‌كانی سه‌رسنگی كه‌ هه‌ر به‌ گوڵجاڕییه‌كی قه‌د پاڵان ده‌چوو.. كراسه‌ سپییه‌ به‌فرییه‌كه‌ی وه‌ك له‌ تریفه‌ چنرابێت ئه‌دره‌وشایه‌وه‌، ئه‌و كراسه‌ی ئێواران له‌ دوای مه‌رگی كوت و پڕی دایكه‌وه‌ ده‌یهیچناو به‌ نیگایه‌كی ئه‌یڵه‌ق له‌ترس و شه‌رم و نیمچه‌ عه‌شقیچكی نهێنی ده‌یدایه‌ ده‌ستم و بۆم ده‌شت، به‌سه‌رته‌ قه‌ی دڵی خۆم وه‌ك ددانه‌ ورده‌كانی جلگیرێكی چكۆله‌ كراسه‌كه‌م ڕاده‌گرت، له‌ لرڤه‌و گڤه‌ی ئه‌بایانه‌ ده‌مپاراست، كه‌ هه‌ندێجار گومانم ده‌كرد، ڕۆژێك كراسه‌كه‌ی (یوسف) به‌رن...

دایكه‌. هه‌ندێ كات به‌ ده‌نگێك كه‌ تاكه‌ په‌ناگه‌و دۆستی (یوسف) بێت بانگی ده‌كرد:

(یاسه‌مه‌نا.. با ده‌یبات...)-

وه‌ك چۆن چۆله‌كه‌یه‌كی ڕووته‌ڵه‌ی ڕۆح سوك فیكه‌ بۆ ده‌نكه‌ چه‌ڵتوكێ ده‌كێشی و پیره‌ژنێكی ته‌زبێ به‌ دسه‌ت به‌ده‌م هه‌ڵای كشه‌كردنه‌وه‌ هه‌ڵیده‌فڕێنێ فیكه‌یه‌كی نه‌رمم ده‌كێشا و به‌ خۆمم ده‌گوت:

-(دڵی من ده‌یهێنێته‌وه‌)

ساڵانێكی زه‌وه‌نده‌ (یوسف) واته‌ تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب.. نا.. كوڕه‌ كاكۆڵ ڕه‌شه‌كی میرنشینه‌ شپرزه‌و هه‌لا هه‌لاكانی من، سه‌فه‌ری كردووه‌.. ئه‌و كوڕه‌ی دوای هیچنانه‌وه‌ی كراسه‌ خوێناوییه‌كه‌ی له‌ بولێڵی ئێواره‌یه‌كی سامناكدا هه‌ستم كرد داڵی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ هه‌ڵكۆڵین و ده‌ریهَنانی بیلبیله‌ی خه‌ونه‌كانی من...

ده‌مزانی له‌ ئێواره‌ی ئه‌و ورزه‌وه‌ی كه‌ كراسه‌ خوێناوییه‌كه‌ی (یوسف) له‌مابه‌ین په‌نجه‌ی براكان دائه‌مدیوو ئه‌و دیووی ده‌كرد، ئه‌و كاتانه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب ده‌یڕوانییه‌ جوگرافیای خوێنینی كراسه‌كه‌و، نیگای له‌سه‌ر یه‌ك یه‌ك له‌ براكان ڕاده‌گرت و دڵۆپه‌ دڵۆپه‌ ڕۆندك له‌ ڕدێنه‌ پیسه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌تكایه‌ سه‌ر په‌ڵه‌ په‌ڵه‌ی خوێنه‌كان.. ده‌مزانی له‌ ئێواره‌ی ئه‌و وه‌رزه‌وه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب به‌ گومانه‌وه‌ ئه‌یڕوانییه‌ براكان و ورته‌ ورت له‌سه‌ر مه‌رگی هه‌تایی و كوت و پڕی ئه‌و ئه‌دوان، ڕۆحی سه‌ركه‌ش و یاخی من ده‌بێته‌وه‌ به‌نده‌ره‌وانی چاوه‌ڕوانیه‌كی قوڵ و ڕه‌میده‌ی حه‌سره‌تێكی سه‌خت!!!.

ئه‌مڕۆكه‌ زۆر دێڕه‌.. دێڕه‌.. دێر، ساڵانێكی زه‌وه‌نده‌ یوسف سه‌فه‌ری كردووه‌.. یه‌ك.. دووان.. سیان..، نا.. نا هێنده‌ زۆر به‌ ژماره‌ی تاڵه‌ مووه‌ پیسه‌كانی پرچی ننه‌ حه‌بێ، هێنده‌ی حیكایه‌ته‌ بێێ شوماره‌كانی.. هێنده‌ی ته‌مه‌نی پاڵه‌وان نه‌به‌زییو و سامدراه‌كانی.. هێنده‌ی كاسه‌ی سه‌ری به‌جێماوی جه‌نگاوه‌ره‌كانی.. هێنده‌ی قوڵی و درێژی گومانه‌ كوشنده‌كانی له‌من!! به‌تایبه‌ت ئه‌و شه‌وانه‌ی وه‌رده‌گه‌ڕیاوه‌ سه‌ر حیكایه‌تی ونبوونی (یوسف) و ئاااه نزوله‌ حه‌سره‌تی باوكه‌ یه‌عقوب و خیانه‌نی ده‌جالیانه‌ی براكان..

ئه‌و ده‌یگوت:

-(یه‌عقوبی گه‌وره‌ له‌ به‌یانی ئه‌و شه‌وه‌وه‌ی كه‌ (یوسف) ی تاقانه‌ به‌ داخه‌وێك وا هه‌ڵیواسی، ده‌یزانی قه‌ده‌رێكی به‌د له‌نێو چاوانی یوسفۆكه‌دایه‌.. ده‌یزانی مۆته‌كه‌ی گریانێكی قوڵ ده‌نێو چاوه‌كانی دادێت و ده‌چێت!! ... هه‌میشه‌ له‌ژێر پاڵتۆكه‌ی خۆیدا ده‌یشارده‌وه‌و له‌ چاوی به‌دی براكان ده‌یپارات، (یوسف) مناڵیچكی چكۆله‌، وه‌ك كوڕی وه‌رزێك له‌ جوانی و گه‌وره‌یی گه‌ردوون ده‌دره‌وشیایه‌وه‌و وه‌ك نه‌فه‌سێك له‌ ڕۆحله‌به‌رێكی گه‌وره‌ بزه‌ی ده‌گرت..

یه‌عقوبی گه‌وره‌، ده‌یزانی سوژده‌بردنی مانگ و هه‌ساره‌كان حیكمه‌تێكه‌ له‌ حیكمه‌تی په‌یامبه‌ران نیشانه‌دانه‌وه‌ی سروشتێكی تاكانه‌و پیرۆزه‌..

چێشته‌نگاوێكی دره‌نگ (یوسف)ی له‌ ژێر دارهه‌ناره‌كاندا گرت و كاسه‌ی سه‌ری به‌ سنگه‌ له‌رزۆكه‌كه‌یه‌وه‌ نوساند.. سنگێك وه‌ك شه‌پۆلێكی به‌هه‌ره‌كه‌ت دایچڵه‌كێنێت... وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی توند له‌ ژێر تووكه‌كانیدا بێدار بوو بێته‌وه‌ گه‌رم گه‌رێ داهاتبوو..

ئه‌و ده‌یگوت:

(وای له‌و به‌یانییه‌ی كه‌ بردیان.. وه‌ك چڵه‌ نێرگزێكی ته‌نیا له‌ نێوه‌ڕاستی هه‌موویان داده‌یڕوانییه‌ زه‌مبیله‌ی كون كونین و قورسی براكان و ئه‌گریا.. داده‌نه‌وییه‌وه‌ و دڵۆپه‌ دڵۆپه‌ گه‌ردنی یه‌عقوبی گه‌وره‌ی ماچ ده‌كرد..

باوكه‌ یه‌عقوب به‌ گومانێكی كوشنده‌ و وپێش بینی نا ئومێدانه‌وه‌ نیگای له‌ینگای كوڕه‌كاندا ڕاده‌گرتا و ده‌یگوت:

-(ده‌ترسێم (یوسف) ده‌نێو ئێوه‌دا گورگان بیخوات!) هه‌ریه‌كه‌ له‌ براكان به‌ چه‌شنێ متمانه‌ی باوكه‌ یه‌عقوبیان ئارام ده‌كرده‌وه‌و، مۆمی دڵنیایی و ڕازی بونیان له‌ ڕۆحی باوكه‌دا هه‌ڵده‌كرد..

باوكه‌ش وزه‌ك ڕۆچوبێته‌ په‌ناگه‌ی نه‌خشه‌ جه‌هه‌نده‌مییه‌كانی هه‌ریه‌كه‌یان به‌ قامكه‌كانی ده‌ستی ڕاستی قژه‌ خاوه‌و ڕه‌شه‌كه‌ی یوسفی تاقانه‌ی داده‌هێناو ده‌گری...

یوسفی تاقانه‌ به‌ په‌نجه‌وردو نه‌رمه‌كانی پێڵوه‌كانی هه‌ڵده‌گڵۆفت و بیری له‌ بنیامینی برابچكۆله‌ ده‌كرده‌وه‌، ڕدێنه‌ پڕو به‌فرییه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب درێژ ترو مه‌لولانه‌تر خۆی ده‌نواند و ته‌نیاتر ده‌بوو.. پتر هه‌ڵده‌كورما..

ئه‌و ده‌یگوت:

-(براكان وه‌ك ئه‌وه‌ی كوڕێكی ته‌ره‌و ڕه‌میده‌ ڕووت كه‌نه‌وه‌ ڕوتیان كرده‌وه‌و كراسه‌ سپیه‌ نیو قۆڵه‌كه‌یان له‌به‌ری داكه‌ندو، وه‌ك چۆن به‌ردێكی چكۆله‌ بۆ قوڵایی ده‌ریایه‌ك هه‌ڵده‌ده‌ی فڕێیان دایه‌ بیرێكی قوڵه‌وه‌..)

ئه‌و چه‌ندێله‌سه‌ر چكۆله‌یی (یوسف) بدوابایه‌ من ده‌م هه‌راش تر ده‌بووم، وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆفانێك له‌ پشكۆ به‌سه‌رمدا ببارێت ده‌مقیژاند..

وای نه‌ نه‌.. وای له‌وشه‌وه‌ی وه‌ك كچه‌ خاجیره‌یه‌ وێنات كردم و ده‌رت كردمه‌ ده‌رێ و.. ئیدی نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ لای تۆ.. په‌ككو له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ قه‌ده‌ر و چاره‌نووسی (یوسف) به‌شێوه‌یه‌كی تر ڕژایه‌ نه‌زمی منه‌وه‌..

وه‌ك مه‌له‌وانێكی ناشی له‌ كۆتاساتی خنكانا ده‌گریام و ده‌مگوت:

-(نه‌نه‌.. تۆ.. تۆ توڕه‌ بووی؟ ... توڕه‌ بووی ها.؟!!) نه‌نه‌ حه‌بێ وه‌ك له‌ شه‌رابی شه‌رم و نازكی و هه‌ڵچوون و پیرێتی خۆی پێكی ڕسته‌یه‌كی قوڵ سازبكات به‌ ده‌نگێكی هه‌ندێجار هێمن و هه‌ندێجار توڕه‌وه‌ ده‌یگوت:

-(بڕۆ ده‌رێ، یاسه‌مه‌نا.. تۆ ئیدی كچه‌ موئمین و هێمنه‌كه‌ی نێو شه‌و نشینیه‌كانمه‌ من نیت!! بڕۆ ده‌ێ یاسه‌مه‌نه‌ فاجیرا، تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب عاشقی هیچ كچێ نه‌بووه‌، ئه‌و كه‌ هێنده‌ چكۆله‌ بوو له‌ سه‌تڵی بچووكی تاجیرانی كه‌نعاندا جێگه‌ی بوو بویه‌وه‌!! یوسف كه‌ ئه‌و به‌یانییه‌ بردیان نه‌ك ئاوڕی بۆ هیچ كه‌سێ ته‌نانه‌ت بۆ باوكه‌ یه‌عقوبیش نه‌دابویه‌وه‌. ته‌نانه‌ت بۆ بنیامینی چكۆله‌ش.. یاسه‌مه‌ نه‌افاجیرا.. تۆ ئیدی درۆ ده‌كه‌یت.. درۆ.. درۆ.. درۆ!!

من ده‌مگوت:

-(نا.. نه‌نه‌.. نا هه‌موو یوسفێیاسه‌مه‌نێكی خۆی هه‌یه‌.. به‌خاتر چی ده‌ته‌وێ قه‌ده‌ره‌كانی من له‌ زینده‌گای حیكایه‌ته‌كانم ئه‌و بكه‌یه‌ ده‌رێ.. ئاااخر بۆ نه‌نه‌..؟! دڵنیایت بێ به‌ته‌نێ من، منم جه‌زیره‌ی كه‌تانی ڕۆحی ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ ئه‌وڕۆ ونبووه‌..، نا كه‌ ئێستا سه‌فه‌ری كردووه‌، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ كراسه‌كه‌یان هیچنایه‌وه‌ بۆ باوكه‌ یه‌عقوب، من.. من.. من، منم ته‌لیسمی سۆزی ئه‌و كوڕه‌ی كه‌ كوشتیان!!

-یاسه‌مه‌نه‌ فاجیرا.. درۆ ئه‌كه‌یت.. درۆ.. تاقانه‌ كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب.. هه‌رگیز تۆی نه‌دیووه‌.. نا.. هه‌رگیز.. هه‌رگیز!!

ئێستاش بیر له‌ گه‌ردوو گوڵی ئه‌وبه‌یانیه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بردیان ئه‌و به‌یانیه‌ی كه‌ جودا له‌ هه‌موو به‌یانیه‌كانی دیكه‌.. قه‌ده‌ری زینده‌گای منیه‌كه‌مین هه‌ناسه‌ی نه‌سره‌وتی وه‌رگرت.. جه‌نگێكی دیكه‌دا بارییه‌ سه‌ر ڕوانین و بیركردنه‌وه‌كانی من، ئاشووبێكی زۆر گه‌وره‌تر هاژه‌ی كرده‌ ژێر كه‌وشه‌كانمه‌وه‌ه‌ له‌پاوه‌ تاگه‌ردن كرۆشتمی.. ئه‌و به‌یانیه‌ی وه‌ك پاڵه‌وانێكی دۆڕاو به‌شكتێكی بێ كۆتا ژانتا ڕه‌شه‌ چكۆله‌كه‌ی جودا له‌ ژانتای بۆرو په‌ڵه‌ په‌ڵاوی براكان كرده‌وه‌ شان و ورده‌ خۆڵی كه‌وشه‌كانم ده‌ته‌كاند، ئه‌و ورده‌ خۆڵانه‌ی كه‌ ئاره‌قه‌ی مابه‌ین و قورسایی په‌نجه‌كانی درشت درشتیان كردبوو.. ئه‌و ژانتایه‌ی كه‌ پڕبوو له‌ په‌ڕی ڕه‌نگاوڕه‌نگی كۆتره‌كان و پوله‌كه‌ی نازكی ماسیه‌كان، پ{شاوپڕ له‌و ورده‌ گه‌ڵا زه‌ردانه‌ی كه‌ له‌ دره‌خته‌كانی كۆڵان ده‌وه‌رین، سیخناخ له‌و نامه‌ شپرزانه‌ی كه‌ له‌ شه‌وه‌ ئه‌نگوسته‌ چاوه‌كاندا له‌قاوغێكی چكۆله‌ی شقارته‌دا بۆیم فڕێ ده‌دا، ئه‌ویش به‌نیگای كوڕێكی گه‌ڕیده‌ و تاسه‌ر ئیسك گوماناوی توند له‌نێو ده‌سته‌كانی دا هه‌ڵی ده‌گرت..

ئێواره‌ی هه‌مان وه‌رزبوو.. نا.. نا.. ئێواره‌ی ساڵانێكی زۆر دره‌نگ تر.. من له‌سیله‌ی كۆڵانه‌ ته‌نگه‌ به‌ره‌كه‌دا به‌دیار ئاوابوونی زه‌رده‌په‌ڕه‌وه‌ بیره‌وه‌ری چركه‌كانی چاوه‌ ڕوانی (یوسف) واته‌ تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوبم هه‌ڵده‌گرته‌وه‌، براكان گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ر به‌ پێڕه‌ سه‌ربازێكی خیزل و ترسنۆك ده‌چوون چۆناهی خوده‌كانیان له‌بن ده‌ستانێ ده‌نێن و به‌رانبه‌ر فه‌رمانده‌ یان سه‌ری شه‌رمه‌نده‌یی داده‌خه‌ن.. كراسه‌ سپیه‌ نیوقۆڵه‌كه‌ی (یوسف) وه‌ك ده‌لیلی حیكایه‌تێكی خوێناوی ه‌ئم ده‌ست هه‌ڵیده‌دا بۆ ئه‌و دسه‌ت، كۆتا جار له‌سه‌ر له‌په‌كانی برای گه‌وره‌ شنه‌بای خیانه‌تێكی ئه‌هریمه‌نانه‌ ڕای ده‌وه‌شاند، جێگه‌ نه‌خشی چێنده‌ها ئازاری قوڵی پیچوه‌بوو.. وێنه‌ی چه‌نده‌ها گه‌ڵای سوور له‌سه‌ر جوگرافیای كراسه‌كه‌ ڕازێنرابوون، چه‌نده‌ها دڵی گه‌وره‌ گه‌وره‌ ترێنجرابوونه‌ كونی قۆپچه‌كانه‌وه‌.. چه‌نده‌ها كۆتری لاره‌مل و سیسه‌ڵه‌ له‌دامێنی كراسه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕین و به‌ئه‌سته‌م ده‌نیشتنه‌وه‌.. ئه‌و كراسه‌ی زیاد له‌ هه‌موو شتێ زیاد له‌ هه‌مووشتێ شاهیدی یه‌كه‌مین سه‌فه‌ری دوور و درێژی بێ كۆتایی من و یوسف بوون..

نا.. جه‌ساره‌تم نه‌بوو چاوه‌كانم تا ده‌هات چكۆله‌تر ده‌بوونه‌وه‌، دڵیشم له‌سینه‌مدا چوون چه‌مۆڵه‌ ئاوێكی په‌رش و بڵاو.. هه‌ر به‌ ڕیشۆڵه‌یه‌كی ته‌ڕ ده‌چووم له‌ ژێر ستوونی ئازارێكی ئه‌به‌دیدا هه‌ڵ له‌رزیبێت..

هه‌ستم ده‌كرد ده‌بمه‌ یه‌كه‌مین شه‌هیدی چاوه‌ڕوانیه‌كی بێ كۆتاو كه‌س كفن و دفنم ناكات..

ئه‌و ئێواره‌یه‌ باوكه‌ یه‌عقوب به‌ناو حه‌وشه‌كه‌دا ده‌هات و ده‌چوو، تاوێك ده‌یڕوانییه‌ ئاسمان و تاوێكیدیكه‌ ده‌ستی له‌نێو قه‌دی دره‌خته‌كان گیرده‌كرد به‌ ده‌نگێك مه‌حزون تر له‌ ته‌واوی ده‌نگه‌كانی دی ده‌گریا و ده‌یڕوانییه‌ كراسه‌ خوێناوییه‌كه‌ی (یوسف) ئه‌و كراسه‌ی وه‌ك تاكه‌ ده‌لیلی كاره‌ساتێكی ناگه‌هان هێنابوویانه‌وه‌، تا باوكه‌ی پی دڵنیا بكه‌ن كه‌ ئیدی هه‌رگیز یوسفی تاقانه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌.. تا باوكه‌ حاڵی بكه‌ن كه‌ هه‌مان ئه‌و كراسه‌ نه‌خشی چه‌نده‌ها جه‌نگی گه‌وره‌گه‌وره‌ی له‌هه‌ناویدا هه‌ڵگرتبوو..

باوكه‌ یه‌عقوب كه‌لله‌ی لێوان له‌مه‌رگه‌ساتی ده‌نابه‌قڵیشی دار تووه‌كانه‌وه‌و نێوچاوانی به‌گه‌ردو تۆزی گه‌ڵای هه‌نجیره‌كان ده‌شارده‌وه‌و به‌ ده‌نگێكی خاڵی له‌ هه‌موو ترۆسكه‌ و زرینگه‌ی ئومێدێك به‌ دڵێكی تاسه‌ر لێوان هاتووه‌وه‌ و به‌چاوانێكی سیخناخ له‌ په‌شیمانییه‌وه‌ سه‌ری چكۆلانه‌ی بنیامینی خستبووه‌ سه‌رانه‌كانی و ده‌یگوت:

-(ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیدی (یوسف).. ته‌واو.. مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیدی هه‌رگیز تاقانه‌ جوانه‌كه‌ی من ناگه‌ڕێته‌وه‌.. هه‌رگیز براكه‌ی بنیامین ده‌نكه‌ توو له‌ دره‌خته‌كان ناكاته‌وه‌، كاسه‌ی سه‌ری نغرۆی نێو تووكه‌ لوله‌كانی سنگی من ناكات.. ئیدی ته‌واو.. به‌ قامكه‌ چكۆله‌و نه‌رمه‌كانی یاری به‌ڕدێنم ناكات.. نا.. وئه‌مه‌ مانای ه‌ئوه‌یه‌ كه‌ ه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه‌.. هه‌رگیز.. هه‌رگیز!!

براكان سه‌ری شه‌رمه‌نده‌ییان به‌ردابوویه‌وه‌ نێوڕانه‌ كانیان و به‌یه‌ك ئیحا ئه‌یانگوت:

-(هه‌رگیز!! هه‌رگیز!!؟)

نه‌نه‌ بڕوا ده‌كه‌یت.. یان نا!! من ته‌نها كچێك بووم، له‌ مه‌یدانی حه‌وشه‌ گه‌وره‌و چاڵ چاڵاوییه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب دا، پاش ئه‌وه‌ له‌ كڵوسمه‌ خۆڵ و جۆگه‌له‌ی ڕیخانه‌ و گوڵه‌لاله‌ عه‌باسه‌كان هه‌ڵده‌كه‌وتم، دوای شه‌ل و كوت كوت بوونی چه‌نده‌ها مێروله‌ی ورد ورد كه‌ به‌شاڕێگه‌ی جودادا ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ مه‌نزڵ لوته‌ خڕو چاوه‌ بی ڕوناهییه‌كانم ده‌نا به‌ په‌ڵه‌ په‌ڵه‌ی حه‌سره‌تی كراسه‌كه‌ی (یوسفی تاقانه‌)وه‌و ده‌مگوت:

-(باوكه‌ یه‌عقوب من دڵنیام.. یوسف واته‌ تاقانه‌كه‌ی تۆ.. ده‌گه‌ڕێته‌وه‌!!

برای گه‌وره‌ چه‌قۆی له‌نوێی هه‌سان دراوی له‌نێو گیرفانه‌كانیدا ده‌رده‌هێناو هه‌ردوو چاوه‌ گه‌شه‌كانی چه‌شنی دوو فسفۆڕ هه‌لچده‌كرد برۆ چڕو سیاكه‌ی به‌شێوه‌یكی توند ویچك ده‌هێنایه‌وه‌و توكه‌كانی سه‌رسنگی وه‌ك ده‌نوكی نه‌شته‌ران ڕه‌ق ده‌وه‌ستان و سمێڵه‌ گیڤ و چڕه‌كه‌ی به‌هه‌ردوو قامكی گه‌وره‌و شه‌هاده‌ی ڕاده‌كێشاو ده‌یگوت:

-(ده‌به‌سیا، یاسه‌مه‌نا.. ده‌به‌سیا..)

من ده‌مگوت:

-(باوكه‌ یه‌عقوب، ئه‌مه‌ ته‌نها زه‌ینێك نییه‌و ته‌واو، من دڵنیام یوسفۆكه‌ گورگ نه‌یخواردووه‌.. ئه‌گه‌ر جێگه‌ كه‌ڵبه‌كان ونجڕ ونجڕ ده‌بوو!! من دڵنیام له‌ نه‌خشی سوچێكی چكۆله‌ دایه‌!! یان له‌ كرۆكی پێچچێكدا، یان له‌ لۆچی ‌ده‌ریایه‌كدا نوستووه‌...

باوكه‌ یه‌عقوب به‌ گومانه‌وه‌ نیگاكانی ده‌نێو نیگاكانم ده‌بڕی و وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ست بكات من تاكه‌ تروسكه‌ی ژیانی تێپه‌ڕو گوزه‌رهای ئه‌وم، به‌هه‌ردوو ده‌سته‌ماندوو هیلاكه‌كانی هه‌ردوو لۆچی ڕه‌فته‌ڕه‌ساسیه‌كه‌می ده‌گرت و پێمی ده‌گوت:

-یاسه‌مه‌نا.. تۆ دڵنیایی.. ها؟!

منیش وه‌ك كیژۆڵه‌یه‌كی ترساو به‌ ته‌نهاییه‌كی كوشنده‌ و چاوه‌ڕوانیه‌كی كه‌یل كراسه‌ پیسه‌كه‌ی (یوسف)م ئه‌مدیو ئه‌ودیو ده‌كرد و ده‌ستم له‌ ژێر مه‌مكی چه‌پم دا ڕاده‌گرت و به‌ ده‌نگێكی ده‌رنه‌هاتوو ده‌مگوت:

-(باوكه‌ یه‌عقوب هه‌ردوكیان ده‌لیلمن.. ئه‌م كراسه‌ بای هه‌ر سه‌ده‌یه‌ك بیبات دڵی من ده‌یهێنێته‌وه‌!!!)* باوكه‌ یه‌عقوب وه‌ كچێك داباریو له‌ نوتفه‌ی دڵنیاییه‌ك داده‌نه‌وییه‌وه‌و سه‌رمی ماچ ده‌كردو هۆن هۆن ده‌گریا.. به‌رده‌وام ده‌یگوته‌وه‌:

-(یاسه‌مه‌نا.. تۆ!! ده‌ڵێی!! ها.. تۆ ده‌ڵێی؟!) منیش به‌سه‌رێك كه‌ هه‌ستم ده‌كرد شه‌پۆلی ئازارێكی قوڵی هه‌ڵگرتووه‌ ئاماژه‌م بۆ ده‌كرده‌وه‌.

-(ئم.. م م)

براكان هۆقه‌ هۆقه‌ تفیان تێ ئه‌كردم و مست مست ورده‌ چه‌ویان ده‌گرته‌وه‌ پابوسم و جۆگه‌له‌.. جۆگه‌له‌ خوێن له‌بن پێیانمه‌وه‌ قه‌تاری ده‌به‌ست، به‌خاكه‌نازه‌ چكۆله‌كانی ده‌ستیان قوڕ و لیته‌یان به‌ باڵا پۆشه‌كانم دا ده‌كردو زمانیان لێ ده‌رده‌هێنام و چه‌پۆكیان ده‌كێشا به‌لاڕانی خۆیانیدا و ده‌یانگوت:

-(ده‌تكوژین یاسه‌مه‌نه‌ خاجیرا، به‌گۆڕی دایكه‌ ئه‌تكوژینن به‌مه‌رگی كوت و پڕی یوسفی تاقانه‌، كوت كوتت ده‌كه‌ین!!)

منیش وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رگی خۆم دابم و وه‌ك له‌دوا خاڵی هه‌موو بێزاریه‌كدا بێتم بی باكانه‌ ده‌مگوت:

-(چش!!)

دامێنی كراسه‌ لۆچینه‌كه‌یم گرته‌وه‌و به‌ گڵێكی پڕوكێنراو جه‌سته‌یه‌كی تاسه‌رئێسك هه‌لاهه‌لا و كه‌له‌یه‌كی ماندووه‌وه‌ تكام لێكرد:

-(نه‌نه‌.. هه‌ر هێنده‌ به‌ منیش حیكایه‌ته‌كانی عه‌شقی خۆم و ئه‌و كوڕه‌ بگێڕمه‌وه‌ كه‌ساڵانێكی دێره‌.. سه‌فره‌ی كردووه‌!! یان مردووه‌!! یان وه‌ك دڵم ده‌ڵێ ونبووه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌...

بۆچی هێنده‌ بێ ڕه‌حمانه‌ ده‌رتكردمه‌ ده‌ری و ئه‌ڵقه‌ڕێزی ده‌رگه‌كه‌ت لی داخستم، وه‌ك هه‌ر ڕیشۆڵه‌یه‌كی هه‌تیوو به‌ هه‌ڵكورماوی ده‌مڕوانی و چوون پشیله‌یه‌كی بۆز ده‌م میاواند.. چه‌نده‌ وه‌ڕه‌س و پڕوكێنه‌رانه‌ ده‌تگوت:

-(درۆ ده‌كه‌ی یاسه‌مه‌ن.. درۆ ده‌كه‌ی.. یوسف عاشقی هیچ كچێ نه‌بووه‌.. نا.. دنیای یوسف خاڵی بووه‌ له‌ كریشمه‌ی هه‌ركیژۆڵه‌یه‌..)

-نا.. نا.. نه‌نه‌ هه‌موو یوسفێ یاسه‌مه‌نێكی خۆی هیه‌ه‌، منم... به‌ ته‌نێ من، یاسه‌مه‌نی ئه‌و كوڕه‌ی دڵ ساده‌ی باوكه‌ یه‌عقوب و مخه‌شیمی براكان و نیمچه‌یی حیكایه‌ته‌كانی تۆ كوشتیان.. بیرت نه‌چی حیكایه‌ته‌كانی یوسف به‌وێنه‌ی مه‌زنی و سه‌نگینی ئه‌م كه‌ونه‌ گه‌وره‌یه‌!! هه‌ر به‌ كتێبێكی ئه‌ستور ده‌چێ هه‌ر په‌ڕه‌گرافێكی له‌زاری گه‌رده‌لولێكی توند ڕه‌و دایه‌، په‌ره‌گرافێكی دڕاوی لای تۆیه‌، په‌ره‌گرافێكی لای باوكه‌ یه‌عقوب و به‌شێكی لای ئه‌و به‌له‌مه‌ شكاوانه‌یه‌ كه‌ (تاقانه‌) دوایت ڕاوكردنی ماسیه‌ نقه‌كن، ئه‌و كاتانه‌ی كاسه‌ی سه‌ری له‌نێو هه‌ردوو له‌په‌كانی داڕاگرت و په‌نجه‌ قوڕاوییه‌كانی هه‌ردوو پایی له‌یه‌كدی ده‌خشان و قوڵ قوڵ ده‌یڕوانیه‌ سینه‌ی ئاسمان..

كه‌رتێكی دیكه‌ی له‌زه‌رده‌په‌ڕی ئه‌و ئێوارانه‌ دایه‌ كه‌ به‌ قه‌ڵمێكی په‌مه‌یی و ده‌فته‌رێكی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه‌ تۆماری پیربوونی وه‌رزه‌كانی ده‌كردو، پۆسته‌ره‌ شعری چكۆله‌ چكۆله‌ی ده‌نووسییه‌وه‌ و ده‌یدا به‌ده‌م با.. په‌ره‌گرافێكی دیكه‌ی له‌ڕدێنی كلوی ئه‌و پیاوه‌دا حه‌شاردراوه‌ كه‌ له‌ شه‌وێكی تاریك و نوته‌كدا نێو له‌پی پڕكردبوو له‌ سووتووی جگه‌ره‌و پێی گوتبوو:

(تۆ ده‌بیه‌ جوانترین ئه‌فسانه‌ی دنیا.. سه‌فه‌ركه‌ كوڕم.. هه‌میشه‌ ڕێگای دووران.. حیكمه‌تی گه‌وره‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌...)

په‌ره‌گرافێكی دیكه‌ی له‌ دوو توێی ئه‌و نامانه‌دایه‌ كه‌ به‌دزی باكه‌ یه‌عقوب و براكانه‌وه‌ بۆی ده‌هێنام.. په‌ره‌گرافیچكی تری له‌ خه‌ونه‌ بی شوماره‌كانی هه‌ردووكمان له‌هۆڵی قوتابخانه‌كاندا و ده‌نێو ئه‌و نووسینه‌ كورت و پڕانه‌ دایه‌ كه‌ له‌ كۆتایی فرساندا به‌ تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی له‌سره‌ ته‌خته‌ ڕه‌شه‌كه‌ ده‌ینووسی..

ئاااخر به‌گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ زینده‌گای (یوسف) ده‌بێ بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ته‌واوی ئه‌و دنیایانه‌ی كه‌سه‌ر له‌ به‌ری وێرانه‌ی چیرۆكه‌كانی ئه‌وپێك دێنن.. ئه‌گه‌ر نا... ڕێگه‌ بده‌ من په‌ڕه‌ی ژیانی خۆم هه‌ڵبده‌مه‌وه‌، ئه‌و په‌ڕه‌یه‌ی هه‌ردێڕێكی په‌یوه‌ندی به‌ ڕۆژانێكه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ تۆ به‌یه‌جگاری فه‌رامۆشت كردوون..

ڕۆژانی ئه‌و نامه‌ زۆر زه‌وه‌ندانه‌ی كه‌ به‌ پوله‌كه‌ی ماسیه‌كان و هه‌ناسه‌ی سه‌ده‌فان زه‌خره‌فه‌ی ده‌كردن و له‌ شه‌وه‌ هه‌ره‌تاریكه‌كانی شاردا ده‌یدایه‌ ده‌ستم ئه‌و نامانه‌ی كه‌ پتر بۆنی ده‌ریاو قولاپ و لم و شه‌پۆل گلێنه‌ی حه‌په‌ساو دا كه‌تووی ه‌ئو ماسیانه‌ی لێده‌هات كه‌ له‌ دوو توێی تۆڕه‌كاندا هه‌ڵگیرابوونه‌وه‌.. ئه‌و نامانه‌ی زیاتر بۆنی زمانی شه‌پۆل و ورده‌ چه‌وه‌كانیان لێده‌هات تازمانی (یوسف).. ئه‌و نامانه‌ی كه‌سه‌ره‌تای هه‌موویان به‌م ڕسته‌یه‌ ده‌ستی پێده‌كرد..

-(یاسه‌مه‌ن.. خه‌ونێكیگه‌وره‌تر ببینه‌، خه‌ونێك هێنده‌ی گه‌وره‌یی ده‌ریاو، هێنده‌ی مه‌له‌ی بێ كۆتایی ماسیه‌كان، خه‌ونێك هێنده‌ی بی ده‌نگی ئه‌و ده‌نكه‌ چه‌وانه‌ی شه‌پۆلێكی به‌هوروژم خه‌به‌ریان ده‌كاته‌وه‌.. یاسه‌مه‌ن هه‌میشه‌ مردنی خه‌ون.. مردنی ژیانه‌..)

من له‌ گزنگێكی ته‌مباریدا ‌ئه‌و كاتانه‌ی ئه‌و ده‌ركی كولانه‌كه‌ی له‌ جوجكه‌كان ده‌كرده‌وه‌و، وه‌ك ماسیگرێكی كارامه‌ خۆی ته‌یار ده‌كرد له‌ ماشێنێكی چكۆله‌دا ده‌چوویه‌ كه‌نار ده‌ریا، منیش به‌شه‌رمی كچێكی كاڵفامه‌وه‌، ژانتا ڕه‌شه‌كه‌م ده‌دا به‌ شانمدا و ته‌واوی ئه‌گریجه‌م به‌قردێله‌یه‌كی سپی به‌فرین ده‌به‌ست و له‌سه‌ر خۆ هه‌نگاوم هه‌ڵده‌گرت و له‌ پێچی كۆڵانه‌كه‌دا ده‌یگرتم!

-(یاسه‌مه‌ن.. نامه‌كه‌.. چی؟)

من هه‌ردوو پێڵوی چاوه‌كانم له‌سه‌ریه‌ك ده‌ناو به‌ده‌نگێك هێمنتر له‌ خه‌ونی باخچه‌كان پێم ده‌گوت:

-(نا.. یوسف هه‌میشه‌ مردنی ژیان مردنی خه‌ونه‌!)

ئه‌ویش جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی نه‌رم نه‌رمێ پی ده‌كردو وه‌ك كوڕی ئیمپراتۆری له‌ ڕوانین و ڕامانی قوڵ به‌هێوری ده‌یگوت:

-(نا.. یاسه‌مه‌ن.. نا..نا.. هه‌ڵه‌یت، له‌و جێگه‌ی خه‌ون ده‌مرێت ئیدی ژیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌) من ڕێم ده‌كردو به‌ته‌نێ به‌جێم ده‌هێشت، جار نا جاره‌ نه‌رمه‌ ئاوڕێكم لی ده‌دایه‌وه‌و ئه‌و تاڵه‌ زوڵفه‌م ده‌خسته‌وه‌ سه‌ر په‌رچه‌مم كه‌ تاو ناتاوه‌ جوێی ده‌بوویه‌وه‌..) بیرم له‌ ته‌واوی چركه‌كانی ئه‌و ده‌كرده‌وه‌، ه‌ئو كاتانه‌ی هه‌ردوو گیرفانه‌كانی بۆ پڕ ده‌كردم له‌كه‌لا شوشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ، هه‌ر به‌هه‌واوه‌ دار هه‌ڵوكه‌كانی بۆ ده‌رگتمه‌وه‌ وتا ئه‌و سه‌ری قوتابخانه‌ له‌گه‌ڵم ده‌هات.. بیری ئه‌و دارحه‌یزه‌رانانه‌م ده‌كه‌وته‌وه‌ مامۆستا ئاریان لێی ده‌یاین.. بیری پێكه‌نینه‌كانیم ده‌كه‌وته‌وه‌، بیری ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ چه‌ندان دێقه‌ له‌سه‌ری ده‌مایه‌وه‌و بۆی حه‌ل نه‌ده‌كرا، به‌یانییه‌كایان دوای ته‌ریق بوونه‌وه‌یه‌كی بی ئه‌ندازه‌ له‌ به‌رانبه‌ر مامۆستای بیركاریدا پێم گوت:

-وای یوسفۆكه‌.. یانی تۆ نابییه‌ مامۆستا.. نا.. تۆ هه‌رگیز وه‌رامی پرسیاره‌كان ناده‌یه‌وه‌!!..

یوسف وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ون تۆپێكی باغه‌ی به‌ر قاچه‌كانی بێت سوكه‌ پێكه‌نینێكی ده‌كردو به‌ ده‌نگێكی قه‌شمه‌ر جاڕانه‌ ده‌یگوت:

-(نا.. یاسه‌مه‌نا.. ئه‌وانه‌ پرسیاری چكۆله‌ نا.. مرۆ ده‌بی سه‌رگه‌رمی حه‌لكردنی پرسیاره ‌گه‌وره‌كان بێت..)

ئیدی مامۆستا ئاریان به‌یه‌جگاری كردیه‌ ده‌ری و پێی گوته‌وه‌:

(تۆ ماتماتیكی قوتابخانه‌ تێك ده‌ده‌ی، تۆ ده‌بێ بگه‌ڕێیته‌وه‌ لای باوكه‌.. تۆ ئه‌بێ بگه‌ڕێیته‌وه‌ لای سه‌وڵ و به‌له‌م و ماسیه‌كان..)

ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین سات بوو له‌ ته‌مه‌نمدا هه‌ستمه‌وه‌ و به‌رانبه‌ر مامۆستا ئاریان ڕابوه‌ستم و به‌ ئه‌وكێكی هاتووه‌ و پێم وت:

-(مامۆستا ئه‌كرێت یوسف هه‌م ماسی گربێ و هه‌م مامۆستا..)

-(دانیشه‌وه‌ دێڵه‌ شڕه‌...)

ئیدی یوسف به‌شێوه‌یه‌ك گه‌مارۆی ژیانی منی داو له‌ بۆته‌ی عیشق و هۆگربوونی خۆیدا یه‌خسیری كردم.. بوونی خۆی وه‌ك هه‌نارێكی گه‌وره‌ی درز بوردوو داوه‌ رانده‌ سه‌رسینی بوونی منه‌وه‌.. ئاریان له‌ دواچركه‌كانی ئه‌و به‌یانیه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیكی ده‌یڕوانییه‌ من، جه‌نگێكی دیكه‌ی داوڵیه‌ قه‌ده‌ره‌كانی منه‌وه‌، كه‌ ئولفه‌ته‌كانی ڕوانینی منی بۆ نێو دنیای خه‌ونێكی گه‌وره‌تر كێش كرد..

له‌دوای ئه‌و به‌یانییه‌وه‌ی كه‌ بردیان..وه‌كو تر بڵێم كه‌ سه‌فه‌ری كرد.. یان ونبوو، ژانتاڕه‌شه‌كی خستبووه‌ سه‌ر شانی و وه‌ك مه‌یته‌ره‌وانێكی ئه‌سپ ون كه‌رده‌.. ماندوو شپرزه‌ وه‌ك چۆن سه‌ربانه‌ێك كه‌له‌ی خۆی له‌ خوده‌ كه‌یدا ده‌شارێته‌وه‌ ته‌واوی قژه‌ لول و پڕه‌كه‌ی له‌ ژێر كڵاوه‌ فه‌روه‌ داره‌كه‌یدا شاردبوویه‌وه‌..

نازانم .. بۆ هیچی نه‌وت!! یان بۆ نه‌یویست شتێك بڵێ.. ئایا شتێك شایه‌نی ئه‌وه‌نه‌بوو بوترێت.. من ته‌نها كچی نێو ئه‌ونامانه‌ی كه‌ له‌به‌ر مانگه‌شه‌ودا و دوای ده‌رهێنانی ئه‌و ماسیانه‌ی بێ ڕه‌حمانه‌ ڕاوی ده‌كردن به‌و له‌شه‌ داهێزراو به‌و په‌نجه‌ ماندوانه‌وه‌ ده‌ینووسی.. بۆنه‌یویست ته‌نها شتێك بڵێ له‌ به‌یانی ه‌ئو ڕۆژه‌دا كه‌ ده‌ستێك له‌ چه‌شنی واهیمه‌یه‌كی كوت و پڕ منی بێداركردبوویه‌وه‌، یان شتێك له‌ بۆنی ئه‌و نامانه‌ی كه‌ یوسف له‌ كه‌نار ده‌ریاو به‌له‌م و ورده‌چه‌و لمه‌كانه‌وه‌ بۆی ده‌ناردم، هه‌مان ئه‌و بۆنه‌ی وای كرد له‌ پشت ئه‌و تانكیه‌ گه‌ورانه‌ی سه‌ربانێدا له‌سه‌فه‌ری كوڕێك بڕوانم نه‌ك هه‌ر خۆشم ده‌یوست به‌ڵكه‌ ئاماده‌بووم ته‌واوی قه‌واره‌و بونییه‌ی خۆم وه‌ك فواره‌ی تاڤگه‌یه‌كی به‌هه‌ره‌كه‌ت بڕژێنمه‌ چاڵی چاوه‌كانیه‌وه‌..) بۆ نه‌یویست ته‌نها ئاوڕێك بداته‌وه‌.. من.. باسه‌ مه‌نی نێو شه‌وه‌ دوورو درێژه‌كان.. یاسه‌مه‌نی خه‌ونه‌ بێ كۆتایی و بێ سه‌ره‌و به‌ره‌كان.. یاسه‌مه‌نی ئه‌و نامانه‌ی كه‌ هه‌ندێجار له‌وپه‌ڕی شپرزه‌یی و هه‌ندێجار له‌وپه‌ڕی عه‌شق دا ده‌ینووسی:

-(یاسه‌مه‌نا.. به‌دوی خۆر دا ڕام ده‌كرد.. وای چه‌نده‌ هه‌ڵده‌تووتام، ده‌مویست كراسێكت له‌تیشك وبۆبگرم.. ده‌مویست بنكه‌یم به‌بووكی شای په‌رییان و له‌سه‌رمافووره‌ ئه‌فسوناویه‌كانی تریفه‌ بتخوازم.. وای چه‌ندێ ڕێگام ده‌بڕی و نه‌ده‌گه‌شتمه‌ خۆر.. وای یاسه‌مه‌نا.. وای.. وای!!)

-(یاسه‌مه‌ن، ئه‌مشه‌و مانگ له‌ په‌نجه‌كانمدا وه‌ك چۆن سێوێك كه‌رت ده‌كه‌یت.. بووبه‌ دووله‌ته‌وه‌.. وای چه‌نده‌ ده‌گه‌ڕام تابت دۆزمه‌وه‌و له‌ ته‌مانگی خۆتت بده‌مێ و خه‌نیت كه‌م.. یاسه‌مه‌نا چه‌ندێم ده‌كرد نه‌مده‌بینیه‌وه‌.. وای ...وای.. وای..)

-(یاسه‌مه‌ن.. دوو ئه‌ستێره‌ی دره‌خشان له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستی هه‌ردووكمان ده‌دره‌وشانه‌وه‌، هه‌میشه‌ ئه‌ستێره‌كه‌ی من ده‌كه‌وته‌ سه‌ر كۆشی تۆ و ئه‌ستێره‌\كه‌ی تۆش ده‌كه‌وته‌وه‌ سه‌ر كۆشی من.. ئیدی ده‌لیلمن ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی كه‌ قه‌ده‌ر و چاره‌نووسی هه‌ردوكمان هه‌مان قه‌ده‌ر و چاره‌نووسه‌..)

من كچی ناوخه‌ون و قه‌ده‌ره‌كانی ئه‌و.. كچی ناو ئه‌و پۆسته‌ره‌ شعرانه‌ی كه‌ به‌ پچڕپچڕی ده‌ینووسی.. كچی ناو ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ بێ فاسیلانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ده‌ریا.. كچی ناو بۆنی ماسی و پوله‌كه‌و گلێنه‌ ده‌رتۆقیوه‌كان.. كچی ناو حیكایه‌ته‌كانی نه‌نه‌ حه‌بێ.. بۆ ئه‌و به‌یانیه‌ نه‌یویسیت.. نا.. یوسف واته‌ تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب شتێك بڵێ.. ته‌نانه‌ت ماڵ ئاواییه‌ك.. چش با ساردتر بووبا له‌ شه‌وه‌كانی كه‌نار ده‌ریاو بێده‌نگ تر له‌ فه‌رامۆشی و خامۆشی فانۆسه‌ پێنه‌كراوه‌كان.. ئایا نه‌یده‌ویست براكان بزانن كه‌ (یوسف) واته‌ تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب یاسه‌مه‌نێكی خۆی هه‌یه‌.. یان شه‌رمه‌نده‌ی باوكه‌ یه‌عقوب ده‌بوو له‌ بولێڵی ئه‌و پێده‌یه‌دا بزانێت كه‌ ژیان و شه‌یتان به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بۆ چركه‌یه‌كیش بووبێت به‌ یوسف واته‌ تاقانه‌كه‌ی ئه‌و پێكه‌نیوون...

ئاااخر یوسفۆككه‌ له‌ سه‌ریه‌كێ له‌ ده‌فته‌ره‌كانی من نووسیبووی

-(ئه‌زانی یاسه‌مه‌نا باوكه‌ خۆشی به‌ به‌زم و باده‌ی عاشقان نایه‌.. ئه‌و ده‌ڵێ عاشقبوون ڕێكه‌وتێكی نهێنی شه‌یتان و ژیانه‌ بۆ پاشقول گرتن له‌ ئینسان)...

نا.. نا!! بۆ خۆی نه‌یویستووه‌.. شتێك له‌ قوڵاییه‌كانی ناوه‌وه‌یدا پاڵنه‌ری ساردی و بێ مروه‌تی ئه‌و به‌یانییه‌ی ئه‌و بوون.. ناباوكه‌ بووه‌ نه‌ براكان.. شتێك له‌ چه‌شنی نهێنییه‌كی گه‌وره‌، وه‌ك نهێنی ئه‌و نامه‌یه‌ی كه‌ چێشته‌نگاوێكی دره‌نگ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ده‌ریا له‌گه‌ڵ چنگێ به‌ڕووی لوس و كڵاودارا فڕێیدایه‌ كۆشم..

ئه‌و نامه‌یه‌ی كه‌ ته‌واوی ڕوانینی منی بۆ خۆی ئاوه‌ژوو كرده‌وه‌، وه‌ك نوخشه‌ی ڕاڕاییه‌كی تر به‌ خۆم سه‌یرم ده‌كرد..

(یاسه‌مه‌ن ئه‌مشه‌و له‌ كاتێكدا وه‌ك ماسیگرێكی ماندوو شه‌كه‌ت دوای دوور هه‌ڵدانی قولاپ و سه‌وڵ و تۆڕه‌كان، ده‌نێو به‌له‌مه‌كه‌مدا چاوم بڕیبووه‌ ئاسمان و بیرم له‌ شتێكی سه‌یر ده‌كرده‌وه‌.. یاسه‌مه‌ن بیرم له‌ عه‌شق ده‌كرده‌وه‌.. خودی عه‌شق.. وای یاسه‌مه‌ن چه‌نده‌ هه‌تایی و بێكۆتا.. یاسه‌مه‌ن كه‌ نه‌وڕه‌س ده‌گیرێت ئیدی له‌ فڕین به‌تاڵ ده‌بێته‌وه‌ و قه‌ده‌ری خه‌ونی خۆی ده‌به‌خشێته‌وه‌ نمایشی په‌نجه‌كان، عه‌شقیش وایه‌ یاسه‌مه‌ن، هه‌میشه‌ حه‌زی له‌ به‌رزاییه‌كانه‌، هه‌ر به‌ تارماییه‌كی ئاوی ده‌چێت ئه‌وه‌نده‌ی پێی ڕاگه‌یشتی هه‌ڵدێت.. هه‌ڵدێت له‌ داڵانی ته‌سكی ژووره‌كان، له‌ پشووه‌ پچڕ پچڕ و كورته‌كان، له‌ لێك نه‌گه‌یشتنه‌ كوت و پڕه‌كان...)

ئه‌ی بۆ ته‌نها ئاوڕێكیشی نه‌دایه‌وه‌؟ ئه‌م پرسیاره‌ پرزۆڵه‌ پرزۆڵه‌م ده‌كات.. بۆ ته‌نها ده‌ستێ كێشی به‌رزنه‌كرده‌وه‌.. ئه‌و ده‌ستانه‌ی ساڵانێكی زۆر سیمبولی گفته‌ نه‌وكراوه‌كانی من و ئه‌وبوون..

منێك له‌ بولێڵی ئه‌و به‌یانییه‌ سارده‌دا به‌دزی دایكه‌و باوكه‌ و برا ڕدێن هاتووه‌كانم و خوشكه‌ خیزل و بوغزنه‌كانم، له‌ پشت تانكیه‌ زل و هه‌ڵئاوساوه‌كانی سه‌ربانه‌وه‌ لێم ئه‌ڕوانی و هه‌نسك.. هه‌نسك ئه‌گریام، له‌ دووری چێنده‌ها مه‌تره‌وه‌ هه‌ستم به‌ خورپه‌ و هه‌ناسه‌و سێبه‌ركانی ده‌كرد..، ماتی و حه‌په‌ساوی گڵێنه ‌داكه‌وتووه‌كانیم ده‌خوێنده‌وه‌، ئه‌و به‌یانییه‌ كه‌ زانیم تاقانه‌ ئیدی نگیه‌رانه‌.. ئه‌و عاجزییه‌م له‌ هه‌ناسه‌ ساردو ئه‌ڵقان ئه‌ڵق بووه‌كه‌یدا چاوكرد.. زانیم ئاااه زانیم كه‌ بێزاربووه‌ له‌ سۆزو عاتیفه‌ شپرزه‌كانی باوكه‌ یه‌عقوب!! وه‌ڕه‌س بووه‌ له‌ ساخته‌چیه‌تی و درۆی قه‌به‌ی براكان!! له‌ ماتماتیكه‌ لنگه‌وقوچه‌كانی مامۆستا ئاریان!! له‌ حیكایه‌تی پاڵه‌وانه‌ فیشاڵ و عاشقه‌ ترسنۆك و كچه‌ هه‌تیووه‌ كانی نه‌نه‌ حه‌بێ.. له‌ خه‌ونه‌ بی كۆتایی و پچڕ پچڕه‌كانی ده‌ریا، ئه‌و خه‌وانه‌ی ئاوێزه‌ له‌ فه‌نتازیاو ئارایشكارانه‌ی خۆی ‌به‌ پووله‌كه‌ی ماسییه‌كان ده‌ینارد بۆ من.. وای مه‌زه‌نده‌ ده‌كرد كه‌ تاكه‌ یاسه‌مه‌ن و تاكه‌ په‌ری ناو حیكایه‌ته‌كانی ئه‌وم...

نا.. نا.. من هه‌‌رگیز یاسه‌مه‌ن و په‌ری ناو حیكایه‌ته‌كانی ئه‌و نه‌بووم.. ئه‌ڵبه‌ته‌ نه‌متوانیبوو سێبه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و عه‌شقه‌ شێتانه‌ی ئه‌وبم.. نه‌متوانیبوو له‌ خورپه‌و هه‌ڵچوونه‌كانی بگه‌م و تامی فرمێسكه‌ گه‌وره‌ و سوێره‌كانی بكه‌م.. ئه‌و فرمێسكانه‌ی له‌ ده‌مه‌و ئێواره‌ تاریكه‌كاندا له‌ لۆچی نامه‌ حه‌زین و له‌رزێنه‌ره‌كاندا بۆمی ده‌نارد.. ئه‌و كه‌ ئیتر زانیبووی من په‌ری و یاسه‌مه‌نی ئه‌و نیم، نابمه‌ وه‌ به‌و كچه‌ی گه‌مارۆ دراوی وه‌همه‌ زه‌وه‌ندو خه‌یاڵه‌ چڕه‌كانی ئه‌وه‌، ئه‌و یاسه‌مه‌نه‌ی له‌سه‌ر په‌ڕی گوڵه‌ ناز نازه‌كان داده‌نیشێ و ڕووناكی له‌سه‌ر په‌نجه‌كانی هه‌ڵ ئه‌كاو كاڵ نابێته‌وه‌ به‌و هه‌مووه‌ خه‌ت خه‌تێنه‌ی به‌وه‌رزه‌كانی ده‌كات.. ئاااخر ئه‌و به‌رده‌وام له‌ سیله‌ی كۆڵانه‌ ته‌نگه‌به‌ره‌كه‌دا له‌ پشت بلۆكه‌ هه‌ڵڕێژراوه‌كانه‌وه‌ به‌گیری ده‌هێنام وه‌ك مناڵێكی گڕۆزی وڕكگر له‌ په‌سا ده‌یووته‌وه‌:

-(یاسه‌مه‌نا.. ئه‌توانیت ببیته‌ په‌ڕی ده‌ریا..؟ تۆ ئه‌توانیت ...؟ تۆ ئه‌توانیت؟!!)

-(نا.. یوسف.. نا.. هیچ كچێ نابێته‌وه‌ په‌ری ده‌ریا.. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ تۆ هیچ كچێكت خۆش نه‌ویستووه‌ به‌یاسه‌مه‌نیشه‌وه‌.. ئاااخر چۆناهی كچێ ده‌توانێ هه‌م په‌ری ده‌‌ریاو هه‌م په‌ری ئه‌ستێره‌كانی دیكه‌ بێ...

ساڵانێكی زه‌وه‌نده‌.. یه‌ك.. دووان.. ده‌.. یوسف سه‌فه‌ری كردووه‌، من نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ دوانامه‌و دوا گۆڕینه‌وه‌ی هه‌ستی كچێكی تاسه‌ر ئێسك ڕاڕا بوو بۆ كوڕێك كه‌ هه‌روه‌ك دارچیلكه‌یه‌ك تا ده‌هات ڕه‌قه‌ڵه‌تر و وشكتر خۆی ده‌نواند.. ئه‌و كوڕه‌ی كه‌ هه‌ستم ده‌كرد قه‌ده‌ره‌كانی هێنده‌ ئاڵۆزه‌و چاره‌نووسیشی ناچێته‌وه‌ سه‌ر مه‌وسمی چاره‌نووسه‌ لێڵ و نادیاره‌كانی من...

به‌ خۆمم ده‌گوت... نا ئه‌و شایسته‌ی ته‌نها خاتوونێكه‌ كه‌ نه‌ك په‌ری ده‌ریا، به‌ڵكو په‌ری بیابان و په‌ری ئه‌ستێره‌كانی تریش بێت.. په‌رییه‌ك لیباسی به‌ری له‌ پرشنگه‌ تیشك و كلی چاوانی سه‌ده‌ها سه‌ده‌ی لیچك هه‌ڵوه‌شاو بێت كچێك له‌ بلوور و گه‌وهه‌ر و شووشه‌..

نه‌مده‌زانی نا.. هه‌رگیز نه‌مده‌زانی دوا گۆڕینه‌وه‌و دوا چپه‌و دوا خورپه‌ی هه‌ستی كچێك بوو بۆ كوڕێك كه‌ باوكه‌ یه‌عقوب پێی وابوو نه‌ ئه‌و ئێواره‌و نه‌ هیچ یه‌ك له‌ ئێواره‌كانی تر ناگه‌ڕێته‌وه‌..

ساڵانێكی زه‌وه‌نده‌، به‌زه‌وه‌ندی ته‌واوی ئه‌و ئێوارانه‌ی كه‌ باوكه‌ یه‌عقوب ده‌هاته‌ لای من!! منێك كه‌ یه‌كه‌مین كه‌س بووم چڕه‌ گومانێكم له‌ كه‌لله‌ی ئه‌ودانابوویه‌وه‌.. ختوكه‌ی تاكه‌ ئومێدێكی كوژاوه‌ی ڕۆحی ئه‌وم دابوو!!.

گشت ئێوارانێ له‌بن دار هه‌ناره‌كاندا ده‌یگرتمن، به‌ سیمای پیاوێكی مه‌لول و هه‌لاهه‌لاوه‌ ئه‌گریا، هێنده‌ی نێو له‌په‌كانی فرمێسكی شووشه‌یی هه‌ڵده‌وه‌راند وه‌ك مناڵێكی ئه‌بڵه‌ق و سه‌رسام پێمی ده‌گوت:

-(یاسه‌مه‌نه‌.. تاقانه‌.. چی؟!)

منیش قوڵ ده‌مڕاونیه‌ ڕیشه‌ سپیه‌ هاتووه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب و چرچی دسته‌كانیم له‌ بیره‌وه‌ریمدا هه‌ڵده‌گرته‌وه‌و ده‌مگوت

-(ده‌گه‌ڕێته‌وه‌..)

باوكه‌ یه‌عقوب پێڵوه‌ داچه‌كیوه‌كانی لێك ده‌ناو له‌ره‌یه‌كی نه‌رمی به‌كه‌له‌ی ده‌كردوو ده‌یوت:

-(تۆ چووزانی.. یاسه‌مه‌نا؟!!)

منیش به‌ شه‌رمی كابانی پێكراوی عه‌شقێكی ونه‌وه‌ ده‌مگوت:

-(خه‌وه‌كان وام پێده‌ڵێن.. خه‌وه‌كان.. یوسف واته‌ تاقانه‌ جوانه‌كه‌ی تۆ هه‌رشه‌وه‌ به‌چه‌شنێ دائه‌بارێته‌ سه‌ر ڕۆحم.. شه‌وێك هه‌ردوو چنگی پڕده‌كا له‌ به‌فرو به‌نێو چیمه‌نه‌كه‌دا ڕاده‌كا!!

شه‌وێكی دیان قه‌ڵبه‌زه‌ قه‌ڵبه‌زه‌ ئاو له‌ هه‌ردوو پێڵوه‌كانیه‌وه‌ تاڤه‌ی دێ.. شه‌وێكی تر هه‌ر ده‌په‌نجه‌ی ده‌سته‌كانی وه‌ك گوانی مانگا فرێزیه‌كان به‌ هوروژم شیری لی ده‌ڕژێ.. شه‌وێكی دی به‌ڕه‌نگی شاتوو ده‌نكه‌ گێلاس نه‌خشی ئه‌و ڕه‌وه‌ كۆتره‌ ده‌كێشێ كه‌ له‌ ئێواره‌ی هاتنه‌وه‌ی كراسه‌كه‌ تانیه‌كه‌ی نێو ده‌ستی براكان له‌ دامێنه‌ خوێناوییه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕین و ده‌نیشتنه‌وه‌...)

تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌رده‌ی نازكی و حیشمه‌ت و شه‌رمی خۆم به‌ یه‌جگاری داده‌ دڕاندو به‌رانبه‌ر باوكه‌ یه‌عقوبی گه‌وره‌ سوێندم ده‌خوارد كه‌ تاقانه‌كه‌ی ئه‌و پێی وتوم:

-(ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ یاسه‌مه‌نا.. ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌و وه‌ك كوڕی ناو حیكایه‌ته‌ ئه‌فسوناوییه‌كان له‌سه‌ر مافوره‌ كه‌ی به‌یده‌با ئه‌تخوازم.. ئه‌ڵقه‌ت له‌ پڕیشكی ئه‌ستێره‌كان و كراست له‌ په‌لكه‌ زێڕینه‌ بۆ دێنم.. به‌ڵێنی یاسه‌مه‌ن ده‌بییه‌وه‌ په‌ری چكۆلانه‌ی ده‌ریا!! ده‌بییه‌وه‌ شابووكی ئه‌ستێره‌كان.. به‌ڵێنی به‌.. به‌ڵێنی..)

منیش هه‌ردوو ده‌سته‌كانم وه‌ك دوو یاڵی په‌لكه‌ زێڕینه‌ له‌به‌ر بارانێ داڕاده‌گرت و له‌ توێی كراسێكی سپی ئاودامنی كه‌شه‌ماڵ و كزه‌ بای ده‌ریا یاری به‌دامێنه‌كه‌ی ده‌كرد به‌ ده‌نگێكی تێكه‌ڵه‌ له‌ شه‌ونم و دڵۆپه‌ی بارانه‌كان بانگم ده‌كرد!

-(به‌ڵێن.. به‌ڵێن..)

باوكه‌ یه‌عقوب ده‌یڕوانیه‌ درشتی ئه‌شكه‌كانم و له‌رزینی بێ ئه‌ندازه‌ی په‌جه‌ سیگاریه‌كانم و ده‌یگوت:

-(واهیمه‌ یا.. واهیمه‌.. واهیما!!!)

قه‌ده‌ری من و ئه‌م ڕسته‌یه‌ ڕژانه‌ ئه‌تڵه‌سێكی گه‌وره‌وه‌ كه‌ ئه‌تڵه‌سی خنكان و هه‌ڵته‌كاندنی ژیانی من بوو.. هه‌ڵته‌كاندنێك كه‌ من بۆ خۆم كامه‌ران و به‌خته‌وه‌ری ئه‌و هه‌ڵته‌كاندنه‌ بووم...

یه‌كه‌مین كات به‌ڕێوه‌به‌ر بانگی كردمه‌ ژووره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌و هه‌ردوو چاوه‌كانی وه‌ك ناخی هه‌وره‌ بروسكه‌یه‌كی ترسێنه‌ر هه‌ردوو ده‌سته‌كانی له‌نێویه‌كدا هه‌ڵده‌گڵۆفت و به‌ده‌نگێكی تۆقێنه‌ره‌وه‌ پێمی گوت:

-(له‌ به‌رچی..؟ یاسه‌مه‌نه‌ فاجیرا.. له‌به‌رچی؟! له‌سه‌ر ته‌ختی قوتابخانه‌كان ده‌نێو ده‌فته‌ری ئیملاو وه‌ره‌قی تاقی كردنه‌وه‌كان، له‌ ساتی لێكداته‌وه‌و ته‌واو كردنی هاوكێشه‌كان، ئااخر بۆ؟ یاسه‌مه‌نا.. ته‌واوی ئه‌مانه‌ بۆ؟!!)

منیش وه‌ك په‌پوله‌یه‌كی ترساو، په‌پووله‌یه‌ك له‌ لێواری شه‌معێكدا و گڕی ئازارێكی گه‌وره‌ باڵه‌كانی سوتاندبێ به‌ ده‌نگێكی ترساوه‌وه‌ ده‌مگوت:

-(ده‌ی.. ده‌گه‌ڕێته‌وه‌)

به‌ڕێوه‌به‌ر وه‌ك په‌لپه‌ل كراوی نێو ده‌می ئه‌ژدیهایه‌كی پیربێ ده‌یگوت:

-(كه‌وابێ تۆش ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌!! تا ده‌گه‌ڕێته‌وه)

ئیدی ڕسته‌های گه‌ڕانه‌وه‌ی یویسف، به‌سه‌یر ڕژایه‌ فه‌رهه‌نگی زمانی منه‌وه‌.. كه‌ نه‌ك هه‌ر پڕۆژه‌كانی زینده‌گیمی ئاوه‌ژووكرد به‌ڵكو له‌ لۆچ و پێچی چێنده‌ها ڕوانینی سه‌یرتردا گه‌مارۆی دام و فڕێیدامه‌ كڕۆكی چه‌نده‌ها شه‌وه‌زه‌نگ و تاریكی قوڵ قوڵ.. تاریكیه‌ك كه‌ ته‌نها تروسكه‌یه‌ك بۆ من گه‌ڕانه‌وه‌ی یوسفۆكه‌بوو.. یوسف واته‌ تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب...

من ده‌مگوت:

-(دایكه‌ خه‌وم دیووه‌. . خه‌وم دیووه‌.. یوسف ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌.. ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و كۆشم پڕده‌كات له‌ مرواری، به‌هه‌ناسه‌ی ڕیحاه‌ باوه‌شێنم ده‌كات و گواره‌م له‌ په‌ڕه‌ی گوڵه‌ نازنازه‌كان بۆ دێنێ.. دایكه‌ یوسف.. یوسفی یاسه‌مه‌نا.. ده‌گه‌ڕێته‌وه‌..)

دایكه‌ توڕه‌تر ئه‌گریجه‌ی ژاكاو ئاڵۆزكاومی له‌ پێچی ده‌سته‌ خڕو زه‌نده‌ قورسه‌كه‌یدا لوول ده‌كرد و ده‌یكێشا به‌ گڵۆڵه‌ چیمه‌نتۆی بن بلۆكه‌كانی حه‌وش داو وه‌ك غه‌واره‌یه‌كی دووره‌ ده‌ست به‌خه‌مه‌تاكانه‌و قوڵاییه‌ شپرزه‌كانی ڕۆحی كچێك، شاته‌ شاتی په‌ڵه‌ هه‌وره‌كانی ده‌حه‌په‌ساند به‌ ده‌نگێكی به‌تاڵ له‌ میهری دایكانه‌ ده‌یگوت:

-(دێڵه‌ شڕه‌ به‌تۆچی.. به‌تۆ چ یاسه‌مه‌نه‌ فاجیرا.. گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ییوسف!!) ده‌مزانی تازیاتر له‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی (یوسف) واته‌ تاقانه‌كه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب بدوابامایه‌ دایكه‌ توندتر و به‌جه‌ز به‌تر لێی ده‌دام.. خه‌سته‌ تر جه‌سته‌می شین ده‌كرده‌وه‌و باوكه‌ توڕه‌ تر و ماقول تر هاشاوڵی بۆ ده‌هێنام..

وه‌ك كۆترێكی په‌ڕوباڵ كراو هه‌ڵغزا و له‌گومه‌زی چه‌نده‌ها حه‌سره‌تی قوڵ، له‌و دیوو هه‌موو شوره‌و په‌رژینه‌ زه‌وه‌نده‌كانه‌وه‌ له‌ پشت دیوارو په‌نجه‌ره‌ و ده‌رگا بێكۆتاییه‌كانه‌وه‌ بانگم ده‌كرد:

-(یوسف تۆ له‌ كوێی؟ له‌ كوێی؟! تۆ له‌ كوێی كوڕه‌ كاكۆڵ زێڕینه‌كه‌ی ناو میرنشینه‌ شێواو په‌ڕپووته‌كه‌ی نێو خه‌ونه‌نكانی من.. له‌ كوێی عاشقه‌ چاپووك و مه‌رده‌كه‌ی من؟! له‌ كوێی عاشقه‌ چاپووك و مه‌رده‌كه‌ی من؟! له‌ كوێی ماسیگره‌ چاوماته‌كه‌ی ده‌ریا له‌ كوێی.. له‌ كوێی؟!) براكان به‌هه‌ره‌كه‌تتر ده‌یانكێشا به‌ كه‌لله‌ی خۆیاندا و ده‌یانگوت.

-(به‌سیه‌.. یاسه‌مه‌نا.. ده‌به‌سیا..)

من سه‌ركه‌شانه‌ تر و توندتر ده‌مگوت:

-(ده‌گه‌ڕێته‌وه‌)

باوكه‌ نیگاكانی وه‌ك نیگای كه‌ڵه‌ پشكۆیان داده‌گیرسان و ده‌موچاوی وه‌ك به‌هه‌ورێكی تاڵ شتبێ هه‌ردوو چاوه‌كانی بروسكه‌ ئاسا به‌ بنمیچی ژووره‌كاندا ده‌گێڕاو خه‌نجه‌ره‌كه‌ی به‌رپشتێنی توندتر له‌ كێلان ده‌رده‌هێناو ده‌یگوته‌وه‌:

-(یاسه‌مه‌نا ده‌تكوژم.. ده‌تكوژم فاجیرا!!)

منیش وه‌ك له‌ تاقی ئاسمانێكی دووره‌ ده‌ستدا دانیشتبێتم ئاماژه‌یه‌كی هێورم بۆ ده‌كرده‌وه‌و پێم ده‌گوت:

-(ئه‌زانم)

باوكه‌ مشكیه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی گه‌ردنی توندتر ده‌كرده‌وه‌و په‌له‌ تر هه‌ڵوه‌دانی دۆزینه‌وه‌ی قفڵی ئه‌و ژووره‌ نهێنییه‌ ده‌بوو كه‌ له‌ ڕۆژه‌ سه‌خته‌كانی جه‌نگدا برا ترسنۆك و ڕه‌نگ په‌ڕیوه‌كانمی تێدا ده‌شارده‌وه‌..

من ده‌مگوت:

-(باوكه‌.. ئااخر ئه‌مه‌ خه‌وێكه‌ و هیچی تر..)

دایكه‌ هه‌ردوو لۆیی له‌چكه‌ سپیه‌ بێ له‌كه‌كه‌ی به‌رده‌دایه‌وه‌ سه‌ر هه‌ردوو مه‌مكه‌ گه‌وره‌و شلوێ بووه‌كانی و كه‌فی ده‌چه‌راند و ده‌یگوت:

-(بیبه‌ن... ئه‌و حه‌یابه‌ره‌.. ئه‌و فاجیره‌یه‌ به‌رن.. ئه‌و له‌ڕه‌چه‌ڵه‌كی بێ حیشمه‌تیه‌ حه‌پس كه‌ن...!!)

خوشكه‌كانم وه‌ك ئه‌وه‌ی من داینه‌سورێكی چكۆله‌ بووبێتم زمانیان لی ده‌رده‌هێنام و لوتیان لی وه‌رده‌چه‌رخاندم براكانم ڕدێنه‌ چڵك گرتووه‌كانیان هه‌ڵده‌كڕاندو پشتوێنه‌ ئه‌ستوروه‌كانیان توندتر ده‌كرده‌وه‌و به‌ باوكه‌یان ده‌گوت

-(بیبه‌... ماتڵی چیت؟! ده‌بیبه‌!!)

باوكه‌ هه‌ر دوو باسكه‌كانمی له‌نێو ده‌سته‌ توندو زبرو توكنه‌كه‌ی خۆیدا ده‌گرت و به‌نێو حه‌وشه‌كه‌دا كێشی ده‌كردم.. توندتر به‌رشه‌قی ده‌دام و نقورچی گه‌وره‌تری لی ده‌گرتم.. دایكه‌ و باركان هه‌ریه‌كه‌ له‌ خوشكه‌ كانم به‌ توانجه‌وه‌ تێیان ده‌نۆڕیم و ده‌یانگوت:

-(یوسف ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟!!!)

له‌ ژێر نركه‌ و فشارو هانكه‌ هانكه‌كانی باوكمدا بیرم له‌ بێكه‌سی و كزۆڵه‌ی باوكه‌ یه‌عقوب و هه‌ڵكورمانی بنیامینی چكۆله‌ ده‌كرده‌وه‌ له‌بن دیواره‌كاندا و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌گریام و ده‌مگوت:

-(من.. دڵنیام.. ده‌گه‌ڕێته‌وه‌!!)

باوكه‌ زیاتر به‌ حه‌وشه‌كه‌دا كێشی ده‌كرد و له‌قه‌ی توندتری لی ده‌دام، شێتانه‌ تر و به‌جه‌زبه‌ تر هاوشاڵی بۆ ده‌هێنام.. منیش وه‌ك ئاسكێكی غه‌مگین و بریندار له‌ێو زبری ده‌سته‌كانیدا و له‌ ژێر نركه‌ی له‌قه‌كانیدا پاژنه‌ قڵیش بردووه‌كانم زیاده‌ تر له‌ درزی حه‌وشه‌كه‌ ده‌خشان وه‌ك كه‌ناریه‌كی پێكراو ده‌گریام، به‌ حه‌سره‌تی ساڵانێكی كوشنده‌ و خه‌ونێكی كوژراوی كچانه‌ نقورچی له‌ به‌ده‌نم ده‌گرت و هه‌لاهه‌لای ده‌كردم.. باوكه‌ش زیاده‌تر كێشی ده‌كردم تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ئیدی حه‌وسه‌ڵه‌ی ڕاكێشانی كرزتر ده‌بوو.. بردمیه‌ ژووره‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی باركان، وه‌ك چۆن كه‌روێشكێكی ئیفلیج له‌ كولانه‌ ده‌هاوێت، له‌و ژووره‌ی هاویشتم و به‌ قفڵێك دوو هێنده‌ی نێو له‌پی خۆی گه‌وره‌تر ده‌ركه‌كه‌ی له‌سه‌رم داخست و برقه‌كه‌ی كوژانده‌وه‌...

هه‌ردووك لێوه‌كانم، وه‌ك پێڕه‌ گه‌نمی سه‌ر بێژه‌نگی پیره‌ ژنێكی سه‌لار ده‌له‌رزین، چاوه‌ گه‌وره‌و مه‌سته‌كانم، ئه‌و چاوانه‌ی كه‌ یوسف وه‌ك دوو ده‌نكه‌ ترێی قه‌رسیلی باخه‌ دووره‌كانی به‌هه‌شت وێنای ده‌كردن. وه‌ك له‌ ماراسۆنی ناشتنی ڕووناهیه‌كی هه‌تاییدا بن تا ده‌هات چكۆله‌تر ده‌بوونه‌وه‌. ڕه‌نگیشم ده‌چوویه‌وه‌ سه‌ر ڕه‌نگی ئه‌و مه‌یمونانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر دوا په‌لكی دره‌خته‌كان به‌جیجكانه‌وه‌ داده‌نیشتن...

له‌دوا چركه‌كانی ڕۆشتنه‌وه‌یدا، به‌ ده‌نگێكی په‌ڕپووت و فه‌رهود كرا و له‌ هه‌موو ئومێدێك ئه‌گریام و هه‌نسك.. هه‌نسك هاوارم ده‌كرد:

-(باوكه‌.. بۆ؟... بۆ؟!.. بۆ؟!...)

باوكه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بایه‌ك به‌ده‌وارێك پێنه‌كه‌نیبێ به‌ڕاپله‌كاندا سه‌ركه‌وته‌وه‌و به‌ ته‌نها كۆكه‌یه‌كیش وه‌رامی نه‌دامه‌وه‌...!!.