بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
شەو کەسێ پرسی لە خۆ دەرخستنی پەروانە شەو
ئەو وتی: ناتێگەیشتوو! تەجرەبەی مەردانە شەو
ھەر سیا بەختانی عیشقە مەظھەری نووری ھودان
شەو نەبێ ئەستێرە مەستوورن، بە کەم مەڕوانە شەو
ئەم سیا ڕۆزیی منە پۆشیوییە عەیبی کەسان
ئاشکارە سەتری ئەحواڵی گونەھکارانە شەو
بۆیە ظوڵمەت پۆشە، نووری ئەھلی جەوھەر دەرکەوێ
سەیری حەققی کەن لە سەر ئەم ماھ و ئەستێرانە شەو
نەبووە، نابینی لە شەو مەحرەمترێ تا ڕۆژی حەشر
پەردەپۆشە، ھەمدەمە، ھەمدەردی عوششاقانە شەو
شەو، ھەموو شەو چاوەڕێیە ڕۆژ ھەڵێ، ھەر ڕۆژھەڵات
مەحوە سەرتاپا لە بەر پێتا فیداکارانە شەو
خودپەرستینە! لە شەو فێری پەرستن بن، کە خۆر
ھەر دیاری دا، بە دەوری سەریەدا قوربانە شەو
فیرقەتی ڕۆژە دەروونی کردە داغێکی سیا
وەک منی سەودازەدە ئاتەشزەدەی ھیجرانە شەو
گەر فیراق ئاگر ھەموو ڕۆژێ لە جەرگی بەرنەدا،
بۆ ھەموو شەو تیرە دڵ، سینەی زوخاڵستانە شەو!
تیرەگی وا فەضڵی بۆ نادەم بە سەر ڕووناکییا؟
مەنشەئی ئیظھاری جیلوەی فەیضی سبحەینانە شەو
ھەر لە تاریکی شەوایە ڕێ درێ ئەھلی نیاز
ڕازی دڵ ئیفشا بکەن، خەڵوەتگەھی خاصانە شەو
تێبگە بۆچی بە جانن طالیبی شەو عاشقان:
نیوەشەو بوو، وەعدەگاھی ھاتنی جانانە شەو
ھێندە صاحێب سیڕڕە، 'میعراج' و شەوی 'قەدر' و 'بەرات'
خاصەجاتی ئەون و مومتازە بەم ئەسرارانە شەو
ھەر کەسێ طالیب بە دوڕڕی مەعریفەت کۆکردنە
پڕ لە دوڕ، دەریایەکی بێ مەھلەکەی خنکانە شەو
وەک 'خضر' ئاوی حەیاتی فەیضی حەق عافێتییە
ئەو خودا پێ داوە 'مەحوی'! تا سەحەر ناڵانە شەو