( بۆ دەستگرتن بە ژیانەوە ، چەند هەناسەیەک بۆ "ڤالانتاین"ی ٢٠١٧)
١
ژنێک ، بە جوانییەکەی
خەریکی کوشتنی شیعرە لە کەناری ئەم ڕووبارە !
٢
لە کەناری ئەم ڕووبارە
ئاو ، وەک تۆ دادەنیشێ
گۆرانی ، لاسایی ڕۆیشتنی تۆ دەکاتەوە .
٣
کەس خەمی بەجێمانی دڵێکی نییە
لە کەناری ئەم ڕووبارە
٤
لم نەبێت
کەس سەیری پاژنەی پێی ' ئاو' ناکات
لە کەناری ئەم ڕووبارە .
٥
گیرفانی ڕ‌ق
خاڵییە وەک گیرفانی هەژاران
لە کەناری ئەم ڕووبارە !
٦
کەس عاشقی خۆی نابێ ،
بەردەکان درۆ لەگەڵ یەکتر ناکەن .
شاعیران
ئەستێرە و مەی
لە خۆڕا ناخەنە ڕستەی ڕۆحەوە !
گوڵ ناکەن بە خوشکەزای باران
لە کەناری ئەم ڕووبارە !
٧
"ڤالانتاین"
بێ کەژاوە
بێ پاسەوان
بە ڕووتیی
تێدەپەڕێ
لە کەناری ئەم ڕووبارە !
٨
لە کەناری ئەم ڕووبارە
تکا لە مانگ دەکەم
ئەم گیتارە غەمگینەم بباتەوە بۆ خۆی .
لە جیاتی ،
پارچەکانی دڵی کەوتووم
بە شکاویش بێ ، بداتەوە !
٩
ڤالانتاین نەبا
لە کەناری ئەم ڕووبارە
دەمێک بوو ئەم کورسییە شکاوەی ژیانم
لەسەر شۆستەی مەرگ جێهێشبوو ، ڤالانتاین نەبا !
١٠
بریا لەوێ
دوور لە کەناری ئەم ڕووبارە
سنگی ڕۆژنامەکان
ئیتر خاڵیی دەبوون
لە هەناسەی ئەم مانشێتە خۆڵەمێشییانە ؛
کۆترێک بە دەستی براکەی کوژرا .
گوڵێک هەیە تەنیا ،
کەس نییە بە دیاریی بیداتە کەسێکی تر !
لە باخچەدا ، هەنارێ خۆی کوشت .
شاعیرێک ، شێرپەنجەی سیاسەت کوشتی .
نیشتمان ، لە شەڕی ساردی براکاندا ،
"ڤالانتاین"ی بیر چۆتەوە!
١١
لە پێناوی پەنجەرەدایە
خۆر هەڵدێ
لە کەناری ئەم ڕووبارە .
١٢
منیش
بەر لەوەی ، قسەکانم بە گۆچان بڕۆن
پێم خۆشە
لەم کەنارەوە هەڵبێم .
چەند جوانە ژیان
ئەو دەمەی
قومێکی تر لە پێکی "ڤالانتاین" ئەدەم ، پێش مردن !
-----------------------------------------------------------------------
سەرەتای ٢٠١٧ / کوینسلاند / نزیک ڕووباری "بریسبن" – باکووری ئوسترالیا