قسه‌یه‌كى جوانى (نه‌سر حامد ئه‌بوزێد) له باره‌ى ناسنامه‌وه هه‌یه، ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ناسنامه وه‌ك پێدراوێكى كۆنكریت و نه‌گۆڕ دابنێین، ئه‌وه ژههرێكى كوشنده‌یه.. ئه‌و قسه‌یه‌ى ئه‌بوزێد به تایبه‌تى له خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ئایدیۆلۆجیاى ناسیونالیزممان بیر ده‌خاته‌وه، به مانایه‌كى دیكه ئه‌و قسه‌یه له لایه‌ك ناسنامه وه‌ك ئایدیۆلۆجیا وه‌رده‌گرێت، له‌لایه‌كى دیكه ناسنامه و ناسیونالیزم له پیرۆزیى و ناوازه‌یدا ده‌بینێته‌وه، هه‌موو لهیهكنزیكردنهوهیهكى ناسنامه و ناسیونالیزمیش دیدێكى دۆگمایانه به ناسنامه ده‌به‌خشێت، چونكه خودى ناسیونالیزم له خۆرهه‌ڵاتى ناوهرِاستدا جگه له داكۆكیكردنێكى ناوازه، جگه له پرنسیبێكى سیاسى پیرۆز شتێكى دیكه نییه! ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌وه داكۆكیكردنى ناوازه‌یى ناسیونالیزمه پێیوایه ده‌بێ یه‌كێتییه‌كى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى به‌یه‌كه‌وه بگونجێنین، واته ده‌بێ یه‌كێتى سیاسى له سه‌ر یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى دامه‌زرا بێت، ئه‌وانه‌ى له نێو یه‌ك چوارچێوه‌ى سیاسی‌دا ده‌ژین، ده‌بێ بوونى نه‌ته‌وه‌یه‌ك كۆیان بكاته‌وه، ده‌بێ پیرۆزیى نه‌ته‌وه‌یى یه‌كیان بخات، به‌و مانایه‌ش ده‌بێ ناسنامه‌یه‌كى پته‌و و نهگۆرِیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش جارِدانى مه‌رگى ناسنامه و دابرِانى ناسنامه‌یه له گه‌شه‌كردن و پێكه‌وه ژیان و كرانه‌وه و به‌ره‌وپێشچوون، دروستكردنى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌دا.
(به‌ختیار عه‌لى) یه‌كێكه له‌و نوسه‌ر و ڕه‌خنه‌گرانه‌ى دنیا، كه به شێوه‌یه‌كى مۆدێرن دژ به بیر ته‌سكى ئایدیۆلۆجى و فه‌لسه‌فى قسان ده‌كات، بۆیه له پێناسه‌ى ناسنامه‌ى كوردیدا ئه‌و یه‌كیه‌تییه سیاسییه‌ى باسمان كرد و ئه‌و بنبه‌ستبوونه ده‌خاته به‌ر به‌دواداچوون و ڕه‌خنه‌ى فیكرییه‌وه... بێگومان له قسه‌كردن له باره‌ى ناسنامه و چه‌مكى ناسنامه له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوهرِاستدا نابێ ئه‌و یه‌كێتییه سیاسییه‌ى نێوان ئایدیۆلۆجیاى ناسیونالیزم و ناسنامه له بیر بكه‌ین، چونكه گرنگترین شت بۆ سیستمى سیاسى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌وه‌یه، كه كۆمه‌ڵگا خانه خانه بكات، پرۆسه‌ى خانه خانهكردنى كۆمه‌ڵگا جگه له تێكه‌ڵكردنى ناسنامه و ناسیونالیزم، شتێكى دیكه نییه، به دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش هه‌میشه ئایدیۆلۆجیاى سیاسى و ناسیونالیزم تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا ده‌خاته نێو ئه‌و خانانه‌ى بۆى ئاماده كردووه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له كایه‌ى ئایدیۆلۆجیاى سیاسى و ناسیونالیزمى كوردیدا هه‌وڵى ناساندنى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا ده‌درێت و ناسنامه‌یه‌كى دیاریكراویان پێده‌به‌خشرێت! به‌ڵام مرۆڤ نابێ له كایه‌ى سیاسیی‌دا بۆ ناسنامه‌ى خۆى بگهرِێت، به‌ڵكو وه‌ك به‌ختیار عه‌لى له كتێبى (جوانییه‌كانى ناڕێكى، ل126، 147،212)دا ده‌ڵێت: مرۆڤ ده‌بێ له مێژوو و ئایین و سیاسه‌تدا بۆ ماناكانى بوونى خۆى بگه‌ڕێت. چونكه كێشه‌ى مرۆڤ له دیدى به‌ختیار عه‌لیدا به پله‌ى یه‌كه‌م وه‌ك چۆن (عه‌لى حه‌رب) ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ خۆیدایه، كه‌سێك نه‌توانێ خۆى دروست بكات، كه‌سێك نه‌توانێ خۆى ئازاد بكات، ناتوانێ له ئازادكردنى كه‌سانى دیكه‌دا یان له گۆڕینى واقیع و بونیادنانى كۆمه‌ڵگادا به‌شدارى هه‌بێت... له كتێبى جوانییه‌كانى ناڕێكیدا پێیوایه مێژووى ئێمه‌ى كورد مێژووى توانه‌وه‌ى خوده له ئه‌ویدیدا، مێژووى تێرِامانى خوده له ئه‌وانیدیدا، گه‌ر چاوێك هه‌بێت ئێمه له ڕێگایه‌وه سه‌یرى خۆمان بكه‌ین، ئه‌و چاوه‌یه، كه له ئه‌وانیدیكه قه‌رزكراوه...
خۆرهه‌ڵات له مێژوو به‌ده‌ره، ئه‌و قسه‌یه به‌و مانایه‌یه، كه سیاسه‌ت له خۆرهه‌ڵاتدا ئه‌و كه‌ره‌سه و ڕێگرهیه كه ناهێلێ مێژوو ده‌ست پێبكات. سیاسه‌ت هه‌رگیز له خۆرهه‌ڵات ئه‌وه نه‌بووه، كه بانگدهرانى جارِى بۆ ده‌ده‌ن، سیاسه‌ت به‌وه شكاوه‌ته‌وه كه مرۆڤه‌كان له جوغزى ناسنامه‌یه‌كى ته‌سكدا، له جوغزى شهرِێكى دوورودرێژى مان و نه‌ماندا قه‌تیس بكات...
له كتێبى (له دیاره‌وه بۆ نادیار)دا ده‌ڵێت: كاتێك كلتورى كوردى، پرسیاره جهوههرییهكانى له فیكردا ده‌كوژێت، ناتوانێ له سیاسه‌تدا به ده‌ستى بهێنێته‌وه. وه‌ك ده‌بینین پرسیارى جه‌وهه‌رى بزوتنه‌وه‌ى ناسیونالیزمى كوردى له فیكردا ونه، وه‌ك چۆن پرسیارى تاكى كوردى له ناسنامه‌دا نادیاره! ناسیونالیزمى كوردى هه‌رگیز بیرى له پرسیارى جه‌وهه‌رى نه‌كردۆته‌وه، وه‌ك چۆن تاكى كوردى بیرى له جیاوازى و مرۆڤایهتیبوونى ناسنامه نه‌كردۆته‌وه، هه‌رگیز ناسیونالیزمى كوردى پرسیارى خۆى له خه‌ونى گه‌وره‌دا نابینێته‌وه، وه‌ك چۆن تاكى كوردى تایبه‌تمه‌ندى ناسنامه به هه‌ند نازانێت... ناسیونالیزمى كوردى به درێژایى مێژوو دراسه‌كردنى خه‌ونى گه‌وره‌ى به ئه‌ركى خۆى نه‌زانیووه، به درێژایى ده‌یان ساڵى مێژوو مرۆڤى كوردى بۆ خه‌ونى گه‌وره ئاماده نه‌كردووه... به‌ڵكو پشتى به فاكته‌ره غه‌یبى و خورافییهكانهوه به‌ستووه، هێزى ناسیونالیزمى كوردى له برى ئه‌وه‌ى ئومێدى خۆى له سه‌ر ئه‌رزى واقیع بونیاد بنێت، له برى ئه‌وه‌ى ئومێدى ڕاسته‌قینه به تاكى كوردى ببه‌خشێت، خورافهتبازى كردۆته پیشه، له برى ئه‌وه‌ى ترسى له واقیع هه‌بێت، ترسى له سه‌ر خورافه‌ت بونیاد ناوه... ناسیونالیزمى كوردى به هه‌موو ته‌مه‌نى خۆى دروستكردنى ده‌وڵه‌تى كوردى فه‌رامۆش كردووه، به هه‌موو مێژووى خۆى به هیچ جۆرێك نه له ڕووى ده‌روونى و نه له ڕووى فیكرى و سیاسى و عه‌قڵییه‌وه تاكى كوردى بۆ دروستكردنى ده‌وڵه‌ت ئاماده نه‌كردووه، وه‌ك چۆن نه جیهان، نه ده‌وروبه‌رى خۆى بۆ ڕووداوێكى له‌و جۆره ئاماده نه‌كردووه.
كۆى ئه‌و قسانه بۆ ئه‌وه نییه، وێنه‌ى ناسیونالیزمى كوردى به قه‌ڵه‌مێكى ڕه‌ش بكێشم، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه ڕه‌نگه‌كانى ناسنامه وه‌ك چه‌مكێكى نزیك له چه‌مكى ناسیونالیزم له دیدى به‌ختیار عه‌لى دیارى بكه‌م... به‌ڵام هه‌رگیز من له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكانه دژ نایه‌مه‌وه، كه له یه‌ك شوێن و زێددا له دایكبوون، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه ناگونجێم كه ناسنامه له ناسیونالیزمى كوردى ده‌گرێ، ناسیونالیزم وه‌ك كۆنكریت و نهگۆرِ سه‌یر ده‌كات، نه‌ك وه‌ك ڕاپرسییه‌كى ڕۆژانه!
به‌ڵام ناسنامه له دیدى به‌ختیار عه‌لى نزیكه له ته‌ماشاكردنى نه‌ته‌وه وه‌ك ڕاپرسییه‌كى ڕۆژانه، نزیكه له بوونى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا له داكۆكیكردنى هه‌تا هه‌تایى له ژیان، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه تاكه كه‌سه ڕۆژانه هه‌ڵوێستى خۆى به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه دیارى ده‌كات، ئه‌وه تاكه كه‌سه ڕۆژانه دیدى خۆى بۆ ناسیونالیزم، ناسنامه... نوێ ده‌كاته‌وه. وه‌ك ده‌ركه‌وتووه چه‌مكى ناسنامه چ وه‌ك چه‌مكێكى سێنترال و چ وه‌ك چه‌مكێكى ئایدیال، ترسناكترین چه‌مكه كه بشێ هه‌ردوو ڕۆڵى پۆزه‌تیف و نێگه‌تیف پراكتیزه بكات. دوێنێ ڕۆڵى كاریگه‌رى له هوشیاركردنه‌وه‌ى گه‌لان و پراكتیزه‌كردنى خود ده‌گێڕا! ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام له كێشه و ململانێ و وێرانكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كاندا تۆخ ده‌كرێته‌وه...
به‌ختیار عه‌لى له كتێبى (چێژى مه‌رگدۆستى، ناوه‌ندى رۆشنبیریى و هونه‌رى ئه‌ندێشه- سلێمانى، ل 80) ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه، كه هه‌میشه گه‌لانى ده‌ستڕۆیشتوو، هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتى داگیركا‌ر وێنه‌یه‌ك بۆ خۆى ده‌كێشێ (یان به مانایه‌كى دیكه ڕووییهكى ناسنامه‌ى خۆى پێشان ده‌دا) كه دواتر كه‌سانى بنده‌ست ده‌بنه كۆیله‌ى ئه‌و وێنه‌یه و كۆیله‌ى ئه‌و رووه له ناسنامه، كۆى پهرچهكردارهكانیشیان ده‌بێته وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و وێنه‌یه، خه‌ڵكانى بنده‌ست له به‌ر ڕۆشنایى ئه‌و وێنه‌یه چاوه‌ڕوانیه‌كى تایبه‌ت په‌روه‌رده ده‌كه‌ن! هه‌ر له‌و كتێبه‌دا نموونه‌یه‌كى زۆر جوان ده‌هێنێته‌وه، نموونه‌ى داگیركارى ده‌سه‌ڵاتى به‌عس، نموونه‌یه‌ك كه به‌مڕۆش ڕاده‌گات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێ له سایه‌ى حیزبى به‌عس هه‌موو شێوه‌كانى ده‌سه‌ڵات هه‌یبه‌تى خۆیان و ئارِاسته و ماناى خۆیان له ده‌ستده‌ده‌ن و ده‌بنه پاشكۆى ده‌سه‌ڵاتى به‌عس. له‌و نموونه‌یه‌دا باشترین پرۆفیسۆر ئه‌وه نییه، كه باش بیر ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه باشتر بۆته به‌عسى... ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌مڕۆى پێ پێوانه بكه‌ین، هیچ بیركردنه‌وه‌یه‌كى قووڵى ناوێت، زۆر ڕوونه ده‌یه‌وێت بڵێت، ئه‌وه ناسنامه‌ى به‌عسییانه‌یه به پێى فاكته ناوه‌كى و بیركردنه‌وه و هه‌ست و ئاره‌زوو و دنیابینیهكانى گوزارشت له خۆى ده‌كات، ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى بهعسییهته به پێى كاریگه‌ره ده‌ره‌كى و گۆڕانكاره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى خۆى ده‌نوێنێ.
خۆبه‌ستنه‌وه‌ى كوردى به وێنه‌ى به‌عسه‌وه، ته‌ماهیبوون به ناسنامه‌ى به‌عس و ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى بهعسییهتهوه، جگه له‌وه‌ى گوزارشت له كۆمه‌ڵێ كاره‌ساتى مرۆیى ده‌كات، جگه له‌وه‌ى بێنرخكردنى مرۆڤى لێ ده‌بێته‌وه، جگه له‌وه‌ى ده‌لاله‌ت له شۆفێنییه‌ت ده‌كات، جگه له‌وه‌ى سته‌م و زۆردارى و ملهورِى ده‌نوێنێ... هه‌ڵگرى باوهڕێكیشه كه پێیوایه حه‌قیقه‌تى ڕه‌ها ته‌نها لاى ئه‌وه، ئه‌و نوێنه‌رى ڕاستى و باشترینه... به‌ڵام ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه جگه له تووندوتیژیى و دواكه‌وتن و هه‌ژاریى، جگه له تاك ناسنامه‌یى و ڕه‌سه‌نایه‌تى بێ بنه‌ما هیچى دیكه نییه! ئه‌مڕۆ دنیا، دنیاى بیروڕاى جیاواز و فره كلتوورى و فره ناسنامه و كرانه‌وه و ڕه‌نگاوڕه‌نگییه، دنیاى داهێنان و ئازادى و تێپه‌ڕاندن و بونیادنانه‌وه‌یه، نه‌ك بنبه‌ستبوون و تووندوتیژى و تهنگژهسازى و نه‌گونجان! كه‌واته ئێمه‌ى كورد له به‌رده‌م دروستكردن و پێكهێنان و هاوگونجانین، له به‌رده‌م قبوڵكردنى جیاوازیداین...
---------------------
(به‌ختیار عه‌لى محه‌مه‌د) ساڵى 1960 له شارى سلێمانى گهرِهكى (ئیبراهیم پاشا) له دایكبووه، قۆناغى سه‌ره‌تایى له قوتابخانه‌ى (شێخ سه‌لام) خوێندووه، دواتر ناوه‌ندى ئهزمرِ و دواناوه‌ندى هه‌ڵكه‌وتى هه‌ر له سلێمانى ته‌واو كردووه، له زانكۆى سلێمانى چۆته به‌شى (جیۆلۆجى- زه‌وى ناسى) و كاتێك زانكۆى سلێمانى گوازراوه‌ته‌وه بۆ شارى هه‌ولێر ئه‌ویش له هه‌ولێر درێژه به خوێندن ده‌دات، له سه‌ره‌تاى هه‌شتاكاندا له خۆپێشاندانى قوتابیاندا به‌شدار ده‌بێت و بریندار ده‌بێت و بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته زیندانى به‌عسییانه‌وه، پاش ده‌رچوونى له زیندان به یه‌كجارى واز له زانكۆ ده‌هێنێ و هه‌ر له‌و كاته‌دا چامه‌ى (نیشتمان) بڵاو ده‌كاته‌وه، له ساڵى 1985 روو له چیاكانى سه‌ر سنور و كوردستانى ئێران ده‌كات، له گه‌رمه‌ى شهرِى خوێناوى عیراق و ئیران دهستنوسى یه‌كه‌مین رۆمانى به ناوى (مه‌رگى تاقانه‌ى دووه‌م) ئاماده ده‌كات و وه‌ك ده‌ستنوس ده‌مێنێته‌وه و پاشان له دواى راپهرِینى ساڵى 1991 به چاپى ده‌گه‌یه‌نێت... له ساڵى 1994 روو له دیمه‌شق- سوریا ده‌كات و دواى نۆ مانگ له مانه‌وه‌ى له‌وێ ده‌چێته ئه‌ڵمانیا تا ساڵى 1999 له شارى فرانكفۆرت ده‌مێنێته‌وه، پاشان بۆ شارى كۆڵن ده‌گوازێته‌وه... نوسه‌ر وه‌ك بیرورِا دژ به ئایدیۆلۆجیاى تۆتۆلیتار و بیر ته‌سكى ئه‌ده‌بى و سیاسى و فه‌لسه‌فى وه‌ستاوه، بره‌و به بیرى عه‌لمانى ئازاد و چه‌مكى جیاوازى و دیموكراسى ده‌دا. نزیكه‌ى (30) كتێبى له شیعر و رۆمان و لێكۆڵینه‌وه چاپ و بڵاو كردۆته‌وه، به‌رهه‌مه‌كانى بۆ سه‌ر زمانى فارسى، عه‌ره‌بى، توركى، ئینگلیزى، سویدى، ئه‌ڵمانى ته‌رجه‌مه‌كراون، له سایه‌ى وهرگێرِانى رۆمانى (دواهه‌مین هه‌نارى دونیا) بۆ زمانى ئه‌ڵمانى له 10/12/2017 خه‌ڵاتى (نیلى زاكس)ى له شارى (دۆرتمۆند) پێبه‌خشراوه.