لە تورکییەوە: یوسف عزەدین
(لە ئێستادا بیرۆکەی مردن، بۆ لای مەرگم ڕاپێچ دەکات، چونکە ئیدی ھەموو شتێک بەسەرچوو، ھەموو شتێک کۆتایی ھات..... گەرچی لەنووسینی کتێبێکدا کەس زۆری لێنەکردووم و کەسیش زۆرم لێناکات، بەڵام پاش نووسینی دەبمە تارمایی و ھەروەک ئەوەی کەون بووبێتم، چونکە شوێنەوارێکم بۆ داھاتوویەک بەجێھێشتووە کەمن تێیدا مردووم. ئەمە بانگەشەیەک نییە بۆ نەمربوون، چونکە فۆرمی جێگری ژیان ئەوەیە، کەدەبێت بمریت. ھەر بۆیە پاش خۆم ئەو پارچە کاغەزانە جێدەھێڵم.. بەناچاری دەبێت ئەم دنیایە جێبھێڵم و بمرم. نازانم ئەوەی کەجێشی دێڵم، کێ دەبێتە میراتگری و خۆی بەخاوەنی دەزانێ؟!) -ژاک دریدا-
 

لیمۆند: ھێندەی ئاگادارین، جگە لەو بەرھەمانەی لەم ساڵانەدا بەچاپت گەیاندووە، بەشداریی چەندان کۆنفرانستان کردووە، ھەر لەلەندەنەوە تا پاریس و زۆر شوێنی دیکەی دنیاش. ھەر لەم ساڵدا بوونەتە میوانی دوو فیلمی تایبەت بەخۆتان و زۆرێک لەگۆڤارەکان ژمارەی تایبەتیان سەبارەت بەئێوە بڵاوکردۆتەوە.. وەک ھەردوو گۆڤاری Europe و Magazine Litteiaire ...و ھێشتاکە زۆر گۆڤاری دیکەش لەژێر چاپدان کە دەرحەق بەئێوە ژمارەیان تەرخانکردووە...ھەر بۆ نموونە ھەردوو گۆڤاری Herne و Cahiers.. باشە ئەم ھەموو چالاکییەتان لەماوەی ساڵێکدا، پێ زۆر نییە؟!
ژاک دریدا: پێم خۆشە ھەر ڕاشکاوانە بڵێیت، دووچاری نەخۆشییەکی کوشندە بوون و لەئێستادا خەریکی چارەسەری خۆتانن، بەڵام با لەئێستادا ئەم مەسەلەیە بخەینە لاوە، چونکە تەوەرەی باس و خواسەکەمان ھیچ پێوەندییەکی بەباری تەندروستی منەوە نییە.

لیمۆند: کەواتە واباشترە بگەڕێینەوە بۆ " تارماییەکانی مارکس" گەرچی تایبەتە بە تێزی عەدالەت لەداھاتوودا، بەڵام پێم وایە واتای پەنھان و نھێنی پشت دێڕەکانی لەم ڕستەیەدا بەرجەستە دەبێت: "یەکێک لەوانە ڕەنگە من بم، یان تۆ.. ھەنگاوێک دەچێتە پێشەوە و دەڵێت: دەمەوێت فێری ژیان بم".. باشە پاش ساڵانێک لەنووسینی ئەو کتێبە و لەمڕۆدا چی دەرحەق بەفێربوونی ژیان دەڵێن؟!
ژاک دریدا: لەڕاستیدا تەوەرەی سەرەکی کتێبەکە ئینتەرناسیۆناڵی نوێیە و بەدەر لەکۆزمۆپۆڵیتیزم و گڵۆباڵیزم، تێزێکی ئەڵتەردیالیست دەخاتەڕوو. لە ساڵی ١٩٩٣-دا لەڕوانگەی ئەنتەرناسیۆناڵی نوێوە، ڕاشکاوانە ئاماژەم بەوەدا، کەپێویستە ڕێکخراوەکانی IMF` DTO`G8 و بەتایبەتیش ڕێکخراوی BM ھەر ھیچ نەبێت بارەگاکانیان ببەنە شوێنێکی دوورتر لە نیویۆرک، ئەمە جگە لەپێداویستی گۆڕینی پڕۆگرام و بەرنامەیان.
سەبارەت بەفێربوونی ژیان-یش ڕاستییەکەی لەکۆتایی کتێبەکەدا ئەم ڕستەیەم بەخەیاڵدا ھات، دیارە دەکرێت ئەم ڕستەیە لە زۆر گۆشە نیگاوە ڕاڤە بکرێت، گەر بەیەکێک بڵێیت "فێری ژیانت دەکەم"... وەک ئەوە وایە پێی بڵێیت، دەتخەمە ئەو قاڵبەی کەخۆم دەمەوێت، بەو پێیەش ھەست بەتۆنێکی ھەڕەشەکارانە لەدوو توێی ڕستەکەدا دەکەیت، ڕاستییەکەی ھەر خودی ترسمانە لەمەرگ، کەدەبێتە مایەی خستنەڕووی پرسیارێکی لەو چەشنە.. تۆ بڵێی فێری ژیان ببین؟! یان تۆ بڵێی فێری ژیانمان بکەن؟! گەر نەمەوێت درێژەی بدەمێ و بەپێچ و پەنادا نەتبەم، ئەوە ڕاستەوخۆ وەڵامت دەدەمەوە و دەڵێم: نەخێر من ھیچ کاتێک فێری ژیان نەبووم... بێگومان نەخێر، چونکە فێربوونی ژیان، فێربوونی مەرگە، ھەر لەسەردەمی پلاتۆنیشەوە گوتراوە: "فەلسەفە فێربوونی مەرگە". گەرچی لەئێستادا کەمتر باوەڕم بەو گوتەیە ماوە، چونکە ھێشتاکە فێری مەرگ نەبووم، ئێمە ھەر ھەموومان دەمانەوێت، لەم دنیایەدا بمێنینەوە و بژین، تا پێمان بکرێت دەمانەوێت مەرگ لەخۆمان دووربخەینەوەو ھاتنی دوابخەین، بەڵام مەودای نێوان من و مەرگ، تا دێت زێدەتر کورت دەبێتەوە..چونکە زۆرێک لەو نووسەرانەی کە لەگەڵ مندا ناویان دەھێنرێت، ئێستا لە ژیاندا نەماون و مردوون.
من وەک خۆم میراتگری دەیان شتی باش و خراپم.. دواین نوێنەری نەوەی شەستەکانم. گەرچی ھەموو شتێکیان بەڕاست نازانم، بەڵام بەتەواویش لێیان ناڕازی نیم و چەشنێک لەویستی بەرپەرچدانەوەی میلانکۆلیم لا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەت کەلەمڕۆدا نەخۆشی تەنگی پێ ھەڵچنیوم و لەبگرە و بەردەی ژیان و مردندام. ئەوەی کەبەتەواوی بیر و ھزری تەنیوم، خودی زیندەگی و مانەوەمە لەژیاندا، بەشێوەیەکی گشتی ژیان بەواتای درێژەدان بەزیندەگی و ئیدامە پێدانی دێت، بەڵام لەڕوویەکی دیکەشەوە بەواتای ژیانەوەی پاش مەرگیش دێت، "واڵتەر بینجامین" ئاماژە بەدوو جۆری ژیانەوەی پاش مەرگ دەدات. یەکێکیان بە"ئوبەرلیبین" ناودەبات و بەواتای لەژیاندا مانەوەی پاش مەرگ دێت، ھەرەک چۆن منداڵێک، پاش مەرگی دایک و باوکی، دەیەوێت لەژیاندا بیانھێڵێتەوە و لەبەرچاویدا بەتەسەور بەرجەستەیان بکات. دووەمیشیان بە"فۆرتلیبن" ناودەبات و بەواتای ژیانەوەی پاش مەرگ دێت، ھەروەک چۆن نووسەری کتێبێک پاش مەرگی دەژێتەوە.

لیمۆند: ئاماژەدانت بەنەوەی شەستەکان و ناوبردنی ئێوەش لەگەڵ ئەواندا، چۆن چۆنی لەلایەن ئێوەوە ڕاڤە دەکرێت؟
ژاک دریدا: ڕاستییەکەی ئاماژەدانم بەنەوەیەک، شتێک لاستیکییەو نەوەکانی پێشوو و ڕابردووش، لەمەدارێکی ئەناکرۆنیکی ھاوچەرخدا دەگرێتە خۆی.. ھەر لەلاکان و لیڤینس و فۆکۆڵت و بارتێس و دیلوز و بلانچۆت و لیۆتارد و ساراکۆفمان-ەوە تا دەگاتە ئەڵتۆسێر و دەیان نووسەری دیکە کەھێشتاکە لەژیاندان، گەرچی ڕەنگە لەڕووی جێگەوە، زۆر لەمنەوە دووربن، بەڵام ھەست بەوە دەکەم کەزۆر لێیانەوە نزیکم. گەر لەڕوانگەیەکی میتۆنیمییەوە بڕوانمە میراتی پێش خۆم، دەبینم ھیچ ھەوڵێکی سازشکارانەو سەوداکارانەی نەبووە و سەرباری زۆر بۆ ھێنانی توێژێک لەنوێنەر خۆی سادە نەکردۆتەوە و وەک "Ethos"ێک پاشەکشەی نەکردووە.
شایانی باسە مەسەلەکە لەڕیزکردنی کۆمەڵێک ناودا خۆی نابینێتەوە، ھێندەی ئەوەی کەمەبەستمان لەوەبیرھێنانەوەی سەدەیەکە، کەدەبێت لەسڕینەوەو لەناوچوون ڕزگاری بکەین. یان باشترە بڵێم، دەبێت بیژێنینەوە و ھەوڵی ئەوە بدەین کەجارێکی دی لەدایک بێتەوە. ڕووناکبیرانی ئەمڕۆ ئەرکێکی زۆر گرنگ لەئەستۆیاندایە و دەبێت بەجێی بگەیەنن، چونکە میدیای ئەنتەلکتوێل و لۆبییە"ئیکۆنۆمیک-پۆلەتیک"ەکان، ھەموو بوارە مەعریفییەکانیان کۆنتڕۆڵکردووە و دەبێت دژ بەوان جەنگێک بەرپابکەین، ئەمەش بەو واتایە نایەت کەدەبێت دەستبەرداری میدیا ببین و پشتی تێبکەین، بەڵکو دەبێت ھاریکارییان بکەین و وایان لێبکەین کەھەست بەبەرپرسیارێتی بکەن.
دەبێت ئەوەشمان لەیاد نەچێت، کەسەدەی بەختەوەری و ئاشتی بەسەرچووە و ھەموو شتێک بۆتە ھیمۆژینێکی تێکەڵ و ھەستی ڕک و ڕکەبەرایەتیمان تێدا دەبزووێنێت، وەک بیرۆکەی ساڵی"٦٨"، لەسایەی گوزارشتێکی بێ مانادا کۆکراوەتەوەو چ لەزانکۆ و چ لەمیدیاکانەوە، وەک پەڕۆڵە یان تاوانبارکردنێک بەڕووماندا دەدرێت، بەڵام ھەر دەبێت درێژە بەدیالۆگ بدەین و بەزیندووێتی بیھێڵینەوە. ئەوەی کەسەبارەت بەنەوەی خۆم بەڕاستی دەزانم، بەھەمان شێوەش نەوەکانی پێش خۆشم دەگرێتەخۆ و لەھەمان دیدگاوە تێیان دەڕوانم. ناکرێت دەستبەرداری کتێبی پیرۆز و پلاتۆن و کانت و مارکس و فرۆید و ھایدیگەر ببم. ھەموو کاتێک فێربوونی ژیان، شتێکی نارسیستییە، چونکە ھەردەم مرۆڤ دەیەوێت بەرگری لەبوونی خۆی بکات و لەو گەردوونە گەورەیەدا، سەرباری بچووکی خۆی شوێنێک بۆ خۆی بکاتەوە. ھەر بۆیە ناکرێت پشت بکەمە ھەموو ئەو کەسانەی کەخۆشم دەوێن، ئەوەی کە داوایەکی واشم لێبکات وەک ئەوە وایە پێم بڵێت: "بمرە". لەڕاستیدا ڕاستگۆیی و بەوەفاییم، سەبارەت بەوانەی کەناوم ھێنان، چەشنێک لەبەرگری و داکۆکی کردن لەخودی خۆم و خۆپاراستنێکی ناوەکی دەگرێتە خۆی.

لیمۆند: پێم وایە ئێوە لەژیاندا مانەوە و نەمریتان کردە، شێوازێکی نووسین و بەو پێیەش شێوازێکی نوێتان داھێنا؟! 
ژاک دریدا: گەر شێوازێکی نوێم لەنووسیندا داھێنابایە، ئەوە بێگومان لەفۆرمی شۆڕشێکدا دەکەوتە ڕوو!؟ ھەر بارودۆخ و کەش و ھەوایەک، شێوازێکی تایبەت بەخۆی گەرەکە، کەبتوانێت پڕاوپڕی ئەو ناوەڕۆکە بێت کەدەخرێتە ڕوو. ئەمە جگە لەوەی دەبێت باوەڕمان بەدروستبوونی توێژێکی نوێش لەخوێنەر ھەبێت، چونکە ھەر کتێبێک –پیدەگۆژیی-ەکی لەقاڵبدانی خوێنەرە و ئامانجی سەرەکیشی ھەر ئەوەیە. دیارە ڕاگەیاندنەکانیش ھەر لەھەوڵی ئەوەدان. بەڵام بێگومان ئەم کارە ھێندە ئاسان نییە و ناکرێت بەسانایی خوێنەران کۆنتڕۆڵ بکرێن.
چەند بەوەفا و دڵسۆزیش بین لە خستنەڕووی گوتارەکانماندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بمانەوێت و نەمانەوێت بەرامبەرەکانمان بریندار دەکەین، بەتایبەت کاتێک کتێبێک بڵاودەکەینەوە ھەرچییەک بڵێین و دایبھێنین. دواجار ھەموو ئەوەی کەنووسیومانە ئیدی ھی ئێمە نییە و لەئێمە بەدەرە و بەدەر لەویست و خواستی ئێمە دەکەوێتە جووڵە و دەبزووێ، گەرچی لەنووسینی کتێبێکدا کەس زۆری لێنەکردووم و کەسیش زۆرم لێناکات، بەڵام پاش نووسینی دەبمە تارمایی و ھەروەک ئەوەی کەون بووبێتم، چونکە شوێنەوارێکم بۆ داھاتوویەک بەجێھێشتووە کەمن تێیدا مردووم. ئەمە بانگەشەیەک نییە بۆ نەمربوون، چونکە فۆرمی جێگری ژیان ئەوەیە، کەدەبێت بمریت. ھەر بۆیە پاش خۆم ئەو پارچە کاغەزانە جێدەھێڵم.. بەناچاری دەبێت ئەم دنیایە جێبھێڵم و بمرم. نازانم ئەوەی کەجێشی دێڵم، کێ دەبێتە میراتگری و خۆی بەخاوەنی دەزانێ؟! ڕاستییەکەی ئەم سەدەی (تەکنۆ-کولتوور)ەی تێیدا دەژین، بووەتە مایەی گۆڕینی زۆر شت. نەوەی پێشوو، نەوەیەکی تر بوو، ھەردەم پەنامان دەبردە بەر خوێندنەوەی نەوەکانی پێش خۆمان، بەڵام لەمڕۆدا ھەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا ھاتووە و دیار نییە داھاتووی بیر و ھزر دەگاتە کوێ. بۆخۆم دوو تێڕوانینم ھەیە، یەکێکیان ئەوەیە کەڕەنگە پاش مردنم، چەند خوێنەرێک پەنھان و مەبەستی نووسینەکانم تاوتووێ و شیکار بکەن؟! تێڕوانینی دووەمیشم ئەوەیە، کەڕەنگە پاش مردنم، بەپێنج شەش ڕۆژ یان مانگێک لەیاد بکرێم و کتێبەکانم تەنھا لەئەرشیفی کتێبخانەکاندا بمێنێتەوە،کەدیارە ئەم ھەستە زۆر بەسەرمدا زاڵە و سوێندتان بۆ دەخۆم کەوەک خۆم زۆر باوەڕم بەوەیە، کەوام لێ بەسەر دێت.

لیمۆند: لەنووسینەکانتاندا ھەست بەوە دەکرێت زۆر ھۆگری زمانی فەڕەنسین، تەنانەت لەکتێبی Le Monrolinguisme de L'autre ، ڕاشکاوانە خۆتان وەک پارێزەرێکی زمانی فەڕەنسی ناساندووە و پێتان وایە کەئێوە نیگارکێشێکی ئەو زمانەن.
ژاک دریدا: گەرچی زمانی فەڕەنسی، زمانی زگماکی من نییە و بەبنەچە جوولەکەیەکی فەڕەنسیم و لەسەر خاکی جەزائیر لەدایک بووم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زمانی فەڕەنسی تاکە زمانێکە کەبەکاری دەھێنم. جوولەکەکانی جەزائیر چ لەڕووی زمان و چ لەڕووی داب و نەریتەوە، ھێشتاکە لەعەرەبەکانەوە نزیکن. پاش ساڵی ١٨٧٠، جوولەکەکانی ئەوێ تەنگەتاوکران و تەنانەت نەنکم، لەو بارودۆخەدا بەدزییەوە و لەباخچەیەکی پشتەوەی شارەوانییەکدا، ڕێ و ڕەسمی زەواجییان بۆ کردبوو.
سەردەمی دایک و باوکیشم ئەو سەردەمە بوو کەزۆربەی جوولەکەکان تووجار بوون و بەتیجارەتەوە خەریک بوون. زۆربەیان نوێنەری مارکە کۆزمۆپۆلیتەکان بوون. دەکرا زۆر بەسانایی جوولەکەیەک ببێتە نوێنەری فابریکەی سابوونی مارسیلیا لەباکووری ئەفەریقا. پاشان نەوەی ئێمە ھاتە پێشێ، کە زۆربەیان مامۆستا و پزیشک و کەسانی ڕۆشنبیر و ئەنتەلەکتوێل بوون و زۆربەشیان گەڕانەوە بۆ فەڕەنسا و پێم وایە لەساڵی ١٩٦٢ بەدواوە، ھیچ کەسێکی ئەو نەوەیە لەجەزائیر نەمان.. شایانی باسە یەکێک لەپێکھاتە گرنگەکانی ژیانی من، زمانی فەڕەنسییە و زۆرم لا خۆشەویستەو تەنیا زمانێکی بێ گرێ و گۆڵە بەلامەوە.
ئەوەی کەوام لێدەکات لەنووسینەکانمدا توندوتیژبم، زمانی فەڕەنسییە، یان ڕەنگە لەوەوە بێت، کەزمانێکی خۆشەویستە بەلامەوە. کەدیارە ئەمەش پێوەندی بە نەتەوەپەرستییەوە نییە، زمان پێویستی بەسەلماندن و سەپاندنە. شایانی باسە ناشێت و ناکرێت ھەموو شتێک بەسەر زماندا بسەپێنیت، چونکە زمان لەپێش ئێمەوە ھەبووە و لەدوای ئێمەشەوە ھەر دەبێت. گەر بتەوێت دەستکاری زمان بکەیت و شتێکی بەسەردا بسەپێنیت، ئەوە دەبێت زۆر بەناسکی و نەرم و نیانی بەئەنجامی بگەیەنیت و بێ ئەدەبی دەرحەق نەکەیت، گەر ئەوەش بکەیت دەبێت یاسا نھێنییەکانی زمان لەبەرچاو بگریت و ڕێزت بۆی ھەبێت. ھەر بۆیە من وەک خۆم بەو شێوەیە لەگەڵیدا دەجووڵێمەوە و دەمەوێت لەمێژووی زمانی فەڕەنسیدا، شوێنەوارێک جێبھێڵم. بەڕادەیەکی بێ سنوور پەرۆش و پەیوەستی ئەو زمانەم و پێشم وایە کەتاکە زمانێکە، توانستی گرتنە خۆی بێگانەی وەک ئێمە و مانانی ھەیە. دڵنیاشم لەوەی کە چ جوولەکە و چ غەیرە جوولەکەکانی فەڕەنسا، لەم ڕووەوە لەگەڵمدا ھاوبیر و تەبان.

لیمۆند: واپێدەچێت زۆر نەتەوێت لەقسەکانتدا، دان بە"ئێمەی جوولەکە"و "ئێمەی فەیلەسووفدا" بنێیت، گەرچی لەزۆرێک لەنووسینەکانتدا ، ئاماژەت بە"ئێمەی ئۆرووپایی" کردووە، لەوە دەچێت کەمتر سلڕ لەبەکارھێنانی بکەیتەوە، لەچاو ئەوانەی پێشوودا. لەکتێبی L'Autre cap دا ئاماژە بەپیرە ئۆرووپاییەکان دەکەیت.
ژاک دریدا: باش بوو ئەو مەسەلەیەت وەبیرھێنامەوەو، چونکە بەڕاستی لەبەکارھێنانی زاراوەی "ئێمە"، کەمێک دوو دڵم و سڵی لێدەکەمەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەر بەکاری دەھێنم، سەرباری ئەوەی کەپێم وانییە ئیسرائیل، نوێنەری نەک تەنھا ھەر جوولەکەکان، بەڵکو تەنانەت پێشم وانییە نوێنەری خودی زایۆنیزمیش بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ کاتێک، نکوڵیم لەجوولەکە بوونی خۆم نەکردووە و کەم تا زۆریش "ئێمەی جوولەکەم" بەکارھێناوە و ھەر بەکاریشی دەھێنم، تەنانەت گەر پێویستیش بکات، ئاساییە لەشوێنی خۆیدا "ئێمەی فەڕەنسی"یش بەکاربھێنم.
ھەر لەسەرەتای نووسینمەوە، دژ بەوە بووم کە ئۆرووپا لەمیانی تێکست و بۆچوونەکانی ڤالێری و ھۆسێرل و ھایدگەرەوە، ھەڵبسەنگێنرێت و لەداڕژگەی مۆدێرنیزمدا جێی بکرێتەوە، چونکە سەرچاوەی نازیزم و تۆتالیتاریزم و جینۆسایدی جوولەکەکان، ھەر لەخودی ئۆرووپاوە ھەڵقووڵاوە، گەرچی لەمڕۆدا ئۆرووپا تێڕوانینێکی دیکەی ھەیە و دەیەوێت ببێتە قوتبێکی دژ بەسیاسەتەکانی ئەمریکا، ئەمە جگە لەوەی کەلە کێشمەکێشدایە، دژ بە تیۆکراسیەتی "عەرەب-ئیسلام"ی ناپۆلۆتیکانە، ھەر بۆیە دەبێت سەرجەم ئۆرووپا، دژ بەو بلۆکانەی کەدژ بەون، کۆک و تەبا و یەکانگیربێت، من لێرەدا مەبەستم لە "نیولیبڕاڵی" نێو ئۆرووپاو ئەو جەنگە ناوخۆییانەی ئەم دواییانە نییە..مەبەستم لەئۆرووپایەکە کەبەشوێن خۆیدا دەگەڕێت، ئۆرووپایەک کەھەست بەلێپرسراوێتی مێژوویی و مرۆڤانەی خۆی دەکات، ھەر بۆیە لەو کاتەدا سڵ لەوە ناکەمەوە کەبڵێم: "ئێمەی ئۆرووپایی".
ئۆرووپای نوێ دەبێت ئەڵتەرمۆندیالیستێکی نوێ، دژ بە گڵۆباڵیزم بھێنێتە ئاراوە و بیخوڵقێنێت، بەڕای منیش ئەمە تاکە ڕێگەیەکی دەربازبوونمانە.. ھەر ئەوەندەی ئەم ھێزەش کەوتە گەڕ، پێم وانییە ھیچ شتێک بتوانێت بەری پێ بگرێت، دەبێت ئۆروپا لەئەمریکا و ناتۆ، خۆی بەدوور بگرێت، ھێزی سەربازیشی دەبێت تەنھا بۆ بەرگریکردن لەخۆ بێت، نەک بۆ ھێرش و ھێرشکاری.

لیمۆند: پێدەچێت سەبارەت بەئۆرووپا، لەنێو خۆتاندا لەململانێدا بن، چونکە ١١-ی ئەیلوول، گرامەری جیۆپۆلەتیکی کۆنی سەروژێر کرد و ئۆرووپاشی تووشی کریز کرد.. لەکاتێکدا ھێشتاکە ئێوە دەتانەوێت کۆزمۆپۆلیتی نێو نەتەوەیی ئۆروپا وەک خۆی بمێنێتەوە...؟!
ژاک دریدا: پۆلەتیک وشەیەکی گریکییە و پەیوەستە بەدەوڵەت و خاک و ئۆتۆکتۆنیکەوە Otoktoni ، لەپێش وشەی Polis ەوە بوونی ھەبووە و بەکارھێنراوە، بەڵام لەمڕۆدا باڵادەستی دەوڵەتێک، بەخاکەوە پەیوەست نییە، ھەر ئەمەشە لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە تووشی کریزی دەکات. بەڕای من بۆ پارێزگاریکردن لەئۆروپا، جار جارە پێویستە ناڕەزایەتی خۆمان دژ بەھێزە گڵۆباڵەکان بخەینەڕوو، ئەمەش بکەینە کولتوورێک، ھەروەک لەنووسینەکانمدا ئاماژەم پێداوە، دیموکراسییەت ھیچ کاتێک نابێتە جێگەی بڕوا، ھەر بۆیە دژ بەخۆم دەجەنگێم و لەنێو خۆمدا لەململانێدام، ئێوە لەو ڕووەوە ڕاست دەکەن، دڕدۆنگ و دوودڵم و ھەر ئەمەشە وام لێدەکات، لەیەک کاتدا ڕاوبۆچوونی لەیەکتر جوداو جیاواز بخەمەڕوو.. ئاشکراشە ئەم دڵەڕاوکێیە دەمژێنێت و دەمکوژێت، ئەم جەنگە جەنگێکی ترسناکە و ئازاربەخشە و ژیانیش ئەمەیە، مەگەر پاش مردنم بەتەواویی دابسەکنێم و ھێورببمەوە.

لیمۆند: لەھەردوو کتێبەکەی ئەم دواییەتاندا، بۆ جارێکی دی ژیان و مردنتان خستۆتە ژێر پرسیارەوە و فەلسەفەتان بە"دیاری مەرگ" داوەتە قەڵەم؟
ژاک دریدا: چەمکی ژیان و مردن، شتێکی ئاڵۆزەو فامکردنی ئاسان نییە، لەژیاندا مانەوە و نەمری، ژیانێکی دیکەی ئەودیوی ژیانە.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئیدامەدان بەزیندەگی ھەر لەنێو خودی ژیاندا شیاو و مومکینە. ھەردەم لەخۆشترین ساتەکانی ژیانیشمدا، ھەستم بەتارمایی مەرگ کردووەو زانیومە کەھەمیشە لەبۆسەدایە. ڕەنگە لەژیاندا شانسم ھەبووبێت و توانیبێتم ببمە خاوەنی ھەموو ئەو شتانەی کەدەمەوێت، ئاشکراشە زۆر ساتی پڕ کامەرانی و بەختەوەریشم بردۆتە سەر، بەڵام لەئێستادا بیرۆکەی مردن، بۆ لای مەرگم ڕاپێچ دەکات، چونکە ئیدی ھەموو شتێک بەسەرچوو، ھەموو شتێک کۆتایی ھات.

 

___________________________
تێبینی: 
(بەر لەماوەیەک پێش مەرگی ژاک دریدا، لیمۆند-ی فەڕەنسی توانی لەناوچەی Ris orangisی دەرەوەی پاریس، ببێتە میوانی ژاک دریدا و ئەم دوا دیدارەی لەگەڵدا سازبدات.. کەدیارە لەو دەمەدا تابڵێی کەنەفت و پەرێشان و نەخۆش بووە، موبەتەللا بووە بەسەخترین و کوشندەترین و ترسناکترین جۆرەکانی نەخۆشی. بۆیە ئاساییە ترس و خۆفی لەمەرگ تاساندبێتی؟! 
بەڵام ئەوەی سەیرە توانستی بگرەو بەردەو قسەکردنیەتی دەرحەق بەشتە ھەستیارەکان و زۆر بەپێچەوانەی زۆرێک لەو نووسەرە نەرجسییانەی کەپاش خۆیان دەیانەوێت لەمیانی گرنگی دان بەتۆپۆگرافیاو جوگرافیای شوێنی ناشتن و ھەڵبژاردنی باشترین شوێنی قەرەباڵغی نێو خەڵکی بۆ مەزاریان.. یان بۆ نموونە وەسیەتکردن بەژەندنی میوزیک لەکاتی ناشتنیاندا وەک نمایشێکی نەترسانیان لەمەرگ و یاخود...؟!.. یان ھەوڵ و داواکاریی شاراوەو ئاشکرایان بۆ ناونانی کوچە و کۆڵان و شەقام و خەڵات و مۆزەخانەو شتی لەوچەشنە بەناویانەوەو زۆر شتی سەیر و سەمەرەی تر، بەمەبەستی مانەوەیان بەتۆپزی لەیادەوەری نەوەکانی پاش خۆیاندا؟!
کەچی وەک لەدیدارەکەدا ڕوون دەبێتەوە، پێدەچێت "ژاک دریدا" بەچەشن و شێوازێکی دیکە تەسەووری قۆناغی پاش مەرگی خۆی بکات و پێناچێت ھێندە خۆش باوەڕ و نابوود بووبێت لەڕووی ڕۆحییەوە، تا لەمیانی وەسیەت و وەسیەتکاری، بۆ نموونە داواکردنی ناشتنی لەپارکێکی گشتی بەرچاودا، یان دروستکردنی شوێنێکی تایبەت لەنزیک گۆڕەکەی... و شتگەلی لەو چەشنەوە، تا لەوڕێیەوە بیەوێت؛ لەیادەوەری زیندوواندا بمێنێتەوە.. یان بابڵێین سواڵی بەردەوامی فرمێسک و عەتفی کەسانێکی پاش خۆی زیندوو بکات؟!).

 

___________________________
ژێدەر: Cogito-Yapi kredi kultur sanat yayngilik-A.S-2006-iastanbul.