جەهل یەکێکە لە ئاڵۆزترین دیاردەکانی دونیا، یەکێکە لە هێزە هەرە گەورەکانیش. بە ڕای من ئەو کۆمەڵگایانەی ناوێرن قسە لەسەر جەهل بکەن، ئەو کۆمەڵگایانەن کە ناوێرن بە ڕێگای سەخت و پڕ سەرکێشیی مەعریفەدا بڕۆن. لە هەر کۆمەڵگایەکدا قسە لەسەر جەهل کەم بوو، ئەوا جاهیلان تێیدا هێزێکی گەورە و چاونەترس و دەسەڵاتدارن. یەکەمین شت کە جەهل دەیکات ئەوەیە لە جەهل بێدەنگ دەبێت. گەورەترین نیشانەکانی باڵادەستیی جەهلیش، ونبوونی تێڕامانە لە جەهل خۆی، چونکە جەهل ناتوانێت و نایەوێت لە جەهل ورد ببێتەوە.

...
...

جەھل بریتییە لە نەزانین و بێئاگایی لە شتێک کە پێشتر خەڵکانێکی دی کاریان لەسەر کرووە و تێیدا بە دەرەنجامگەلی تایبەت گەیشتوون، واتە ئیشکردنە لە کایەیەکدا بێئەوەی ئاگاداری جەمسەرە گرنگ و تێزە و میتۆدە گرنگەکانی ناو ئەو کایەیە بیت، واتە جەھل بە مانا سادە و پراکتیکییەکەی نەزانینی زانیارییەکی زانراوە لەلایەن کەسێکەوە کە پێویستە ئەو زانیارییەی ھەبێت تا بتوانیت لەو بوارەدا کار بکات.

...
...

ئەوەی جەھل دەکاتە شتێکی پڕ مەترسیی، خودی جەھل نییە، بەڵکو تێکەڵبوونێتی بە گەمژەیی. گەمژەیی تێکەڵاوبوونی جەھلە بە کۆمەڵێک سیفەتی سەرەکی دی، کە لەوەی دەردەکەن تەنیا نەزانین بێت، بەڵکو دەیکەنە ڕێگرێکی ترسناک لە بەردەم زانیندا. گەمژەیی تەنیا نەزانین نییە، بەڵکو دەرخستنی نەزانینە وەک زانین، سیستمی پاراستنی نەزانین و ئیشکردنە بە نەزانین لە کاتێکدا زانین ئامادەیە، سیستمی دەستێوەردانی نەزانینە لە زانین، ھەر وەک سیستمی فەرامۆشکردن و گومانکردن و دزێوکردنی ڕەمزییانەی زانینە. جەھل لە جەوھەریدا ڕووبەرێکی نەزانینە، بەڵام لێکدانی گەمژەیی بە نەزانین، دەبێتە مایەی بە سیاسییکردن و بە ئایدۆلۆژییکردنی نەزانین، بریتییە لە گۆڕینی جەھل بۆ دانەر و داڕێژەری یاساکانی ناو سیستم. جەھل قابیلی لەناوبردنە، بەڵام جەھل کە بوو بە سیستم و بوو بە داڕێژەری کولتووری مەعریفیی، ئەو کات دەبێتە ھێزێکی کۆمەڵایەتيی گەورە و ئاسان لە ناو نابرێت. لێرەوە زۆربەی شەڕی بیریاران لەگەڵ جەھلدا نییە وەکو جەھل، بەڵکو لەگەڵ جەھلدایە کاتێک بۆتە سیستم و تێکەڵ بە گەمژەیی بووە، جەهل کاتێک ناهێڵێت مەعریفە ئیش بکات.

...
...

بە ڕای من گەمژەیی تەنیا بریتی نییە لە دەستکورتیی و بێتوانایی دەرهەق بە تێگەیشتن یان دەرهەق بە 'توانای حوکمدان' وەک کانت لە 'ڕەخنە لە عەقڵی پەتی'دا دەڵێت، بەڵکو جەوهەری گەمژەیی لە نەبوونی چێژی ستاتیکیی و توانای بینینی جوانییدا زیاتر بەرجەستە دەبێت. گەمژە کەسێکە ئاسۆکانی بیرکردنەوەی تەسکن و تێڕوانینی جێگای تێزی نوێ و گووتاری دی و دەرئەنجامی تازەی تێدا نابێتەوە، هەروەها کەسی گەمژە حەزێکی پەروەردەنەکراوی هەیە کە توانای چێژکردنی ڕووە جیاوازەکانی جوانیی نییە. کەچی لەگەڵ‌ ئەوەشدا گەمژەکان هەمیشە بەهێزن چونکە وەک سیاسەتمەداری بەلژیکیی، پاول هێنری شپاک لە جێگایەکدا دەڵێت، 'گەمژەیی تاکە نەخۆشییەکی دونیایە کە هەرگیز نەخۆشەکە ئازار نادات، بەڵکو ئەوانی دی پێوەی دەناڵێنن'.نەک هەر ئەوە، بەڵکو گەمژەیی دەردێکی درمیشە، زوو بە حوکمە سادە و ساکار و سەرەتاییەکانی دەتوانێت زۆرینەی خەڵک بخاتە پاڵ‌ خۆی، بە تایبەت ئەو زۆرینەیەی ناتوانێت لە وردەکارییەکانی هیچ کێشەیەکی زانستیی و کۆمەڵایەتیی و ستاتیکیی تێ بگات. گەمژەکان بەوەدا ترسیان لە هیچ هەڵەیەکی فیکریی و زانستیی و ئەخلاقیی نییە، ئازادانە قسە دەکەن....
...
...
هەڵبەت مرۆف دەبێت لە نێو ئاستەکانی جەهل و گەمژەییدا جیاوازیی بکات، گەمژەیی سیاسیی و گەمژەیی دینیی و گەمژەیی زانستیی و ئەکادیمیی و هتد، جۆری جیاوازی گەمژەیین و کەرەستە و تێزی جیاوازیان هەیە، بەڵام پێکڕا یەک یەک بەرهەم دەهێننەوە. جەهلی سیاسیی، جەهلی ڕۆشنبیریی و زانستیی و ئەخلاقییش بەرهەم دەهێنێت. جاهیلەکان لە جەوهەردا لە هەر جێگایەک بن برای یەکن، هەتا ئەگەر دوژمنی سیاسیی یەکیش بن، لە بەرابەر مەعریفە و عەقڵدا، هاوپەیمانێتیی جاهیلانە کۆیان دەکاتەوە و یەکیان دەخات.

من لەو باوەڕەدام لە دونیای ئێمەدا گەورەترین و فراوانترین بەرە کە ئەم کۆمەڵگایە بەخۆیەوە بینیبێتی، بەرەی جاهیلەکانە لەگەڵ یەکدا. ئەم بەرەیە لە بەرە سیاسییەکان بەهێزترە، ئەمەش بەرەنگاربوونەوەی جەهلی دەیانجار سەختتر کردووە. گەمژەیی و جەهل لە کونجێکدا نین گەمارۆیان بدەین، بەڵکو لە هەموو جێگاکاندان و بە دەمامکی جۆراوجۆرەوە ئامادەن و یەک لە پشتی یەکیش دەوەستن. جەهل لە ناو دەسەڵاتدایە وەکو چۆن بە هەمان سەرسەختیی و خەستییش لە ناو ئۆپۆزسیۆندایە، لە زانکۆکاندایە و لە ژیانی ڕۆژانەی ڕۆشنبیرییشدایە، لە دیندایە هەروەک چۆن لە ئیلحادیشدایە، لە مۆڕاڵدایە هەروەک چۆن لە ناو بێمۆڕالییشدایە... گەمژەیی و جەهل جێگایەک جێناهێڵن سەنگەری تیا لێ نەدەن. لێرەوە زۆربەی ڕۆشنبیرانی دونیا وا هەست دەکەن کە جەهل ناکۆتا و بێسنوورە. هاوارە بەناوبانگەکەی نیتشە 'خودایە  گەمژەکان زاوزێ دەکەن' یەکەم هاوار و دوا هاواری ڕۆشنفیکران نەبووە. ڤۆلتێر دەیگووت' گەر دەتەوێت لە مانای وشەی ناکۆتا تێبگەیت، سەیری گەمژەیی بکە'. ئەو بەحرە ناکۆتایەی گەمژەییە کە لە هەموو قۆناغەکاندا ڕۆشنبیران تووشی نائومێدیی دەکات. گەمژەیی سیستمێک لە بڕیار و قەناعەتی پێشوەخت ئامادەکراوە، کە بە جۆرێک داڕێژراوە یارمەتی گەمژەکان دەدات بێ ئەوەی بیر بکەنەوە و خۆیان بڕەنجێنن، حوکم بدەن و حوکمی دونیاش بکەن.

 

-----------
دوا خەندەی دیکتاتۆر، 2020، دەربارەی جەهل و گەمژەیی، لاپەڕە 215-222، 
نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان'