مەرگەساتی کۆرپەلەیەک

 

بەر لە دوو هەفتەی رابردوو، گەرماوگەرم هەواڵی لە دایکبوونی منداڵێک لە شارۆچکەی 'زاخۆ'دا بڵاو بۆوە، کە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ماس- میدیا قۆستیانەوە و بوو بە هەواڵێکی تراژیک و سەمەرە و غەمهێن تا ئەوپەڕی بێچارەیی و دۆشداماوی کە نیگەران و غەمناکی کردم، بێگومانم کە کەسانی دیکەشی دڵتەنگ کردووە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی زۆرینە بووە؛ ئەوە بوو کە ئەم وەک کۆرپەلەیەکی تازە لە دایکبوو، لە باری جەستەیی و تەندروستییەوە گرفتی کوشندەی هەبووە، بە واتا شێواوییەک لە بونیادی فیزیکی ئەودا هەبووە کە زێدە جەرگبڕ بووە کە کۆرپەلەکە بە یەک دەست و یەک قاچەوە هاتۆتە دونیاوە، "کۆم"ی نەبووە بۆ پیسایی و پاشەرۆک دەردان، هەروەها ئەندامی زایەندی سروشتی نەبووە تاوەکو بزاندرێت کچە یان کوڕە، بە واتا میزەڕۆی نەبووە، هەتا نێرەمووکیش نەبووە، کە نێرەمووک بوون لەم مەملەکەتەی ئێمە بۆ خۆی کارەساتێکی کوشندە و رسواکەرە، بە درێژایی تەمەنی خۆی، نێرەمووک لە ناو خێزانەکەی خۆیشی بێزراوە، بێجگە لە خەڵکی دیکە، گەرچی گوایە ئەویش هەر خەڵقەندەی خودایە!

کۆرپەلەی بێئاگا لە ژینگەی دەوروبەر هەرچی بخوات دەیهێنێتەوە و دەڕشێتەوە، نە گووی پێدەکرێت و نە میز، تەنها پێنج سەعات لە خەستەخانە بووە، گوایە خانەوادەکەی نائومێد بوون لە چارەسەرکردنی، ئیدی بە ملعندی و لەسەر ئەستۆی خۆیان بردوویانەتەوە بۆ ماڵی خۆیان کە ئەوەشیان جێگەی سەرنج و پرسیارە، چونکێ.. چارەنووسی کۆرپەلەکە دەخاتە مەترسییەکی کوشندەترەوە.

لە نێو دونیای پێشکەوتوودا بە مانا زانستی و نوژدارییەکەی ئەرک و کاری دەوڵەتداری و وەزارەتی تەندروستییە کە هەر لە سەرەتاوە کە خانمان 'دووگیان/ ئاوس*' دەبن و دەکەونە سەروەختی سکوزاکردن؛ پزیشکی پسپۆر و تیمێکی شارەزا هەنگاو بە هەنگاو چاودێری تەندروستی دایکەکان و ئەو دەڵەمە و کۆرپەگەلەیە دەکەن کە هێشتا تۆماوە و نەخەمڵیوە، ئاخر مەرجە هەر کۆرپەلەیەک بە ساغڵەمی و بە لەشێکی بونیاد تۆکمە و کامڵ و بێ کەموکوڕی بێتە دونیاوە کە خودی 'یەزدان' ئەو بەڵێنەی پێداوین، سەرباری ئەوەش کە هەر کۆرپەلەیەک مرۆڤێکە کە ئایندەی خانەوادە و نیشتمان و نەتەوەکان لەسەر هێز و هزر و توانای رۆحی و فیزیکی نەوەی نوێ وەستاون و پەرە بە خۆیان دەدەن لەسەر هەر هەموو ئاستەکان.

لە لای خۆمان لەم بوارەدا بێ سەر و بەرییەکی ئەوتۆ هەیە کە تا ئەوپەڕی بێباکی و کەمتەرخەمی لە ئارادایە و بگرە لە دوای راپەڕین، ساڵ لە دوای ساڵ، لە پاشەکشێدایە، کە پتر دەدرێتە دەست رێکەوت و قەدەر و دانایی و تێنەگەیشتن و پەینەبردن بە ئەسراری 'حیکمەتی ئیلاهی'. پەنا دەبرێتە بەر نوشتە و نزا و گەرمە شین و شەپۆڕ و خۆدانە دەست چارەنووس. سیستمی تەندروستی لای خۆمان زێدە سەرەتایی و پریمیتیڤ و بێ کەڵکە، چونکە خودی مرۆڤ لای ئێمە بەها و سەنگێکی ئەوتۆی نییە کە دڵخۆشکەر بێت. ئەو سەگ و پشیلانەی وان لە "رۆژئاوا" بەختەوەرترن بە بەڵگەی ئەوەی کە خانەوادەکان بیر لە تەندروستی گیاندارەکانی خۆیان دەکەنەوە، بە هەر هەموو جۆرەکانییەوە، بگرە ناو و ناسنامە سەرجەلە و پاسپۆرتیان هەیە، خەستەخانە و خۆراک و دەرمانی تایبەتی خۆیان هەیە، سەرباری بڕینەوەی شتێک لە بودجە و خەرجی و پێویستییەکانی ئەو گیاندارانە: لە پشیلە و سەگ و مشکەوە بیگرە تا باڵندە و پەلەوەر و گیاندارانی ئاویی.

لە دێر زەمانەوە، مامەڵەیەکی خراپ و نامرۆییانە لەتەک مەردمگەلی شکست و دەردەدار لە باری فیزیکی و رۆحی و سایکۆلۆژییەوە کراوە و تاوەکو ئێستاکی بەردەوامە، بۆ نموونە؛ لە "یۆنان"، بە تایبەتی لە شاری "سپارتا" وەک نموونەیەک لە مێژووی کۆنینەدا کە هەرێمێکی سەربەخۆ بووە وەک لایەنی حوکمڕانییەکی خۆسەری، کە دیارە ئەو هەرێمە بەوە ناسراوە کە رۆحی جەنگاوەربوون و ئازایەتی لە شەڕدا بۆ هەمووان مەرجی جوامێری و ئازایەتی بووە، لەو رۆژگارەی کە رۆحی شەڕانگێزی و خەونی داگیرکردنی خاک و خەلكی دیکە بەرکەماڵ بووە، لەو سەروبەندەدا کەمئەندامەکان لەسەر ئاستی فیزیکی و عەقڵی و سایکۆلۆژی نەدەچوونە ناو بازنەی مرۆڤبوون و پیاوبوونەوە، لە سۆنگەی ئەوەی کە نەیاندەتوانی جەنگاوەری ناو کوشتارگاکان بن، کەواتە دەبوو لە ناو ببرێن، هەمان یاسا و رێسا لە لایەن "نازییەکان"ی سەردەمی 'هیتلەر' دووبارە دەبێتەوە، بە کورتی بە درێژایی مێژوو و هەم دەنێو جوگرافیای جیاوازدا کەسانی کەمئەندام وەک بارگرانی و بەڵا و نەفرەتزەدە چاویان لێکراوە، لەسەر ئاستی میللیگەرایی و مەزهەبزەدەیی هەندێکجارلە دایکبوونی منداڵانی کەمئەندام زادەی بەدکاری و گوناهباری دایکان و و باوکانە، یانژی کەسانێک هەن وا مەزەندە دەکەن کە تاقیکردنەوەیەکە بۆ دایکان و باوکان و خودی خانەوادەکان کە لە لایەن ئاسمانەوە تاقیدەکرێنەوە کە بزاندرێت بایی چەندە خۆراگر و پشوودرێژن و شوکرانەبژێرن بەو پەند و حیکمەتەی کە تەنها ئاسمان خۆی دەیزانێت، بەدەر لەوەی کە لە نێو خودی کولتوور یان ئاییندا رەگی هەبێت یان نەبێت، یان لە یەکێکیاندا بووبێتە جۆرێک لە روانینێکی جێگیر و هەقیقەت!

مێژووی مرۆڤایەتی سیخناخە لە مامەڵەکردنێکی ترسناک و خوێناوی بەرامبەر بەو منداڵانەی کە بە ناکامی و ناکامڵی لە دایک دەبوون، بگرە لەسە یاستی میللیگەرایی وا چاویان لێکراوە کە خودی خودا سزای داون.. دەنا وایان لێنەدەهات، بگرە کەسانی شێتۆکە و گێلۆکە دەکران بە کەسانی دەستخەڕۆ و فریو خواردووی 'شەیتان' و جنۆکە و لەمەچێتر کە گوایە لە ناو رۆحی ئەوانی دەللی و دەیری و کاڵفام لانەیان چێکردووە، کە مەرجە بە زەبری سزا و ئازاردانی ئەوانی کاڵفام و شێتۆکە، بە بیانووی دەرکردنی "شەیتان" و 'جنۆکەکان لە ناو گیانیاندا، هەرچی کوشندە و خوێناوییە پیادە دەکرا تا ئەندازەی کوشتنیان کە تاوەکو هەنووکەش لە هەندێک جوگرافیای ئێرە و ئەوێندەرێ پیادە دەکرێت، بە واتا گەر نەکرا رۆحی شەڕانگێز و خراپ لە ناو گیانی ئەوانی دەردەدار دەربکرێن و قاو بدرێن، ئەوسا مەرجە بەدەم ئەشکەنجە و سزاوە بمرن، بە بیانووی دەرکردنی رۆحی بەد و پیس و نەگریس لە ناو رۆحی ئەوانی بیمار و دەردەداردا لە باری جەستەیی بووبێت یان رۆحی و سایکۆلۆژی کە بە ژمارە پترن. دیارە دیسانەوە وا لێکدراوەتەوە کە رۆحی شەڕانگیزی ئەوانی ناکامڵ و نەخۆش و کەمئەندام و گێلۆکە و شێتۆکە هی خودی "شەیتان'ە و بەرجەستەی رۆحی کۆی شەڕ و خراپەکارییە کە گوایە 'خودا' خۆی بۆ تاقیکردنەوەی هەر هەموومان بەری داوەتە سەر ئەم سەرزەمینە کە مایەی تێڕامان و پرسیارە، بگرە خودی هەردوو فەیلەسووفی یۆنانی:"ئەفلاتون" و "ئێرستۆتل" و دەیان بیرمەندی دیکە: نموونەی فەیلەسووفی ئەلمانی:"هیگل: ١٧٧٠-١٨٣١"ی هاوسۆزی لە ناوبردنی ئەو کەمئەندامانە بوون!

با بێمەوە لای کۆرپەلەی نامێ و ناکام و ناکامڵ وەک بوونی جەستەیی کە لای خۆمان ئەو کەمئەندامانە بە {سەقەت} ناوزەد دەکرێن کە داتاشراوە لە زمانی عەرەبییەوە، لە هەنووکەدا کە مرۆیانەتر و شیاوترە بەو کەسانە دەگوترێت 'خاوەن پێداویستی تایبەت' کە نەزاکەتێکی تێدایە.

دیارە وەک مەزەندە کراوە لە نێو یەک ملیۆن کۆرپەلەی لە دایکبووی بەم شێواوییە، تەنها یەک دانەی وەک ئەم کۆرپەلەیەی 'زاخۆ' بە ناکامڵی دێتە دونیاوە کە ئەمساڵ بوو بە خەڵات و دیاری بۆ ئێمە. پرسیاری من ئەوەیە کە بە گوێرەی {ئایەتی ژمارە '٤' و لە سورەتی التین/ هەنجیرەکە}* بێت مەرجە بنیادەم کە مینا و موعجیزە و پەرجووی پەروەردگارە کە خودی ئایەتەکە ئاماژەیەکە بەوەی کە 'خودێ' مرۆڤی بە جوانترین و باشترین وێنە و شێوە و شەمائیل خوڵقاندووە.
زۆر جاران کە پرسیار لە مەلا و ئاخوند و قەشە و حاخام و مەزهەبزەدە و دیندارەکان کراوە کە کوا 'حیکمەتی ئیلاهی' و یەکسانی و دادپەروەری؟ بۆچی دەبێت کۆرپەگەلێک لە دایک ببن بە ناکامڵی؟ کوێر و لاڵ و کەڕ و ئۆتیزم و کەمئەندام و کاڵفام و شێتۆکە و گێلۆکە... ‌هتد؟ وەڵامی باوی زۆرینەیان لەوەدا چڕ بۆتەوە کە نهێنییەکە لای خودی 'یەزدان'ی خالیقە. رۆژانە منداڵانێک هەن کە لە باری جەستەییەوە ناکامڵانە دێنە دونیاوە، وەڵامی ساز و ئامادە ئەوەیە کە کامڵبوونی خولقاندنی لە لای 'خودا' بە تەنها مەبەستی "ئادەم و حەوا"یە و بەس، دوای ئەوان فاکتەری دیکەی ناکامڵبوونی خولقاندن گەلێک زۆرن کە مەرجە بیر لە سروشتی و ناسروشتی لایەنی بایۆلۆژی بکەینەوە لە نێو ئەو ژینگەیەی کە منداڵەکان تیایدا لە دایک دەبن، یان مەرجە ئەو هەڵە و پەڵە و ناجۆری گرفتەکانی زایەندی و پەیوەندی ژنان و پیاوان بە هەند وەربگرین، یانژی پیسی و پاکی لایەنی تەندروستی بە گشتی کە ئیدی مەرجە مەردمگەل خۆیان بەرپرس بن کە خاوەن ئاوەز و عەقڵن!

پارادۆکس و تەوسەکە لێرەدایە کە دایک و باوکی ئەو کۆرپەلەیەی "زاخۆ" هێشتا گەنجن، بڕیاریانداوە کە ئەگەر کۆرپەکە ژیا و کچ بوو: ناوی"فاتیمە"یە، گەر کوڕیش بوو: ناوی "ئەحمەد"ە کە دوو ناوی عەرەبی و ئیسلامین، دیارە لە باری سایکۆلۆژییەوە ئەم دایک و باوکە بیانوووی هەڵبژاردنی دوو ناوی پیرۆز بە مەرامی نزا و نماز و تکاکارییە لە خودا کە ئەم کۆرپەلەیە بکات بە خەڵاتی ئەم خانەوادەیە، بۆ من پرسیارە ئەوەیە کە بۆچی دوو ناوی سەردەمییانەیان هەڵنەبژاردووە؟ وەڵامی خۆم لەوەدا چر دەکەمەوە کە لە کنە منیش ئەوەیان ئاماژەیەکی ئاشکرا و روونە کە ئیمەی کوردگەل لە ناوەکانمانەوە تا ناوەرۆک و رۆح و مێژوومان داگیر کراوین و تا هەنووکەش زۆرینە پێیان راست و رەوایە، کە زووتر لە دوا وتارێکی خۆمدا بە نێوی {دوا مانیفێستی من} دەیەها پرسی کوشندەترم درکاندووە سەبارەت بە داگیرکردنی ئێمەی کوردگەل لەسەر هەموو ئاستەکاندا.
ئەوەی کە مایەی قەهر و تێڕامانە بۆ من ئەو هەموو حیزبە فشۆڵانەی خۆمان کە دروشمی " ناسیۆنالیزم" و نەتەوەگەری و کواردایەتیان بەرز کردۆتەوە، تا هەنووکە نەیانتوانیوە وا بکەن کە لەسەر ئاستی دەوڵەتداری و دەزگایی هانی دایکان و باوکان بدەن کە هەرهیچ نەبێت وەک خەڵکانی بندەست و داگیرکراو لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێونەتەوەیی و گڵۆبالیست، بە فەرمی ناوی کوردی بۆ کچەکان و کوڕەکانمان هەڵبژێرین کە سادەترین ئاماژەی هۆشیارییە بۆ نەتەوەیەک کە لەسەر خاکی خۆی پەنابەرە!

با بێینەوە لای کۆرپەلەی تایین کە ژمارەیەکی کەم بێت یان زۆر، شێواوی جەستەیی ئەم بە موعجیزە و پەرجوو دەزانن، سەبارەت بە پرسیارێکی ناحەزانەی من لە چاوی ژمارەیەک لە مەزهەبزەدەکان کە ئاخۆ چ پەند و حیکمەت و موعجیزەیەکی ئیلاهی لە پشت وەها خەڵقەندەیەکەوە هەیە؟ وا مەزەندە دەکەم بێجگە لە تەکفیر و تەفسیق و تەبدیع و نەفرەتکردن گوێبیستی هیچی دیکە نابم لە بەرامبەر ئەم پرسیارەم کە ئەوەشیان سەیر و سەمەرە نییە و خۆشە بوویمە!

بەربڵاوترین و سادەترین وەڵامی زۆرینە ئەوەیە کە 'یەزدان' پێشتر رەسمی کردووە کە خوڵقاندن بە چ یاسا و رێسا و بەرنامە و رێنماییەکدا دەڕوات، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم شێواوی و ناکامڵییە دەگێڕنەوە بۆ ئەو هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنەی ژنان و پیاوان لەتەک یەکتریدا کە نازانن بە دروستی پەیڕەوی ئەو رێ و رەسمانە ناکەن کە خودا و هەم زانست و نوژداری دەیخوازن، یانژی هەڵە و پەڵەیەک و نەزانینێک هەیە سەبارەت بەو ژنگەل و پیاوانەی کە زاووزێ دەکەن، کە بە هەق لە باری سروشتی و دونیاییەوە راستییەکی تێدایە.

وەڵامێکی دیکەش هەیە کە لە لای مەزهەبزەدەکان بە مانا دینییەکەی گوێبیستی دەبین کە پتر لە پینەوپەڕۆکردن دەچێت و لۆژیکی تێدا نییە، کە ئەوەشیان بێجگە لە پاساو و خۆپەڕاندنەوە لە خودی پرسیارەکەمان کە ئەویش ئەوەیە: ئایا بە راستی و دروستی دەکرێت 'یەزدان' خۆی دایکان و باوکان فەرامۆش بکات کە چلۆن بە پێچەوانەی یاسا و رێسا و بەرنامەی خودا مامەڵە بکەن؟ دیارە لە وڵاتانی بڕواهێن بە 'سێکیولاریزم' و زانست پەرجووی نوژداری: دەوڵەتداری ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی لە رێگەی نەخشە و پلانی تۆکمە و پێشین لە پێناو پاراستنی تەندروستی و زیندەگی هەمووان، هەرگیز رادەستی چارەنووس و ئاسمانی ناکەن.

" ئەبو حامیدی غەزالی: ١٠٥٨-١١١١" لای وایە خودا وەک مالک و خاوەندار مافی رەهای هەیە بەسەر مرۆڤ و دروستکراوەکانی، کەسیش بۆی نییە کە پرسیار لە کار و کردەوەی ئیلاهی بکات. لە کاتێکدا زاتی ئیلاهی دەتوانێت پرسیار و لێپرسینەوە لە هەمووان بکات.

ئەو وەڵامانەی 'مەزهەبزەدکان' لەوەدا خۆی چڕ دەکاتەوە کە گریمان منداڵەکان و گەورەکان بە ناکامڵی دروست دەبن کە یان زگماکە، یان رووداوێکی سروشتی یان ناسروشتی کوشندە بۆتە مایەی شێواوی و پەککەوتن، جا چ بە دیوە رۆحی و رەوانییەکەی بێت یان فیزیکی و جەستەیی، وەڵامی ئاسانی باوەڕدارەکان ئەوەیە کە خودا خۆی میهرەبانە و لەو دونیا پاداشتیان دەداتەوە، هاوکات لە خۆشی و جوانی بەهەشت بەهرەمەندیان دەکات، بە مەرجێك بەدکار و گوناهبار نەبووبن و خودای خۆیان ناسیبێت. هەمان بەڵێنی خەڵات و پاداشت بۆ ئەو دایک و باوکانەش دابین کراوە، بە مەرجێک شوکرانەبژێر و ئارام و پشوودرێژ بن و ئەو دۆخەی خۆیان و منداڵ و زارۆکەکانیان تێیکەوتوون و گیرۆدە بوون، وا رەواترە کە بە تاقیکردنەوەی ئاسمانی تێبگەن بۆ بەندەکانی خودای تەبارەک وەتەعالا، بە دەردێکی وا کوشندەی نەزانن، بەڵام دیسانەوە مەرجی لە پێشینە بۆ دایان و باوان ئەوەیە کە پاکزاد و خوداناس بووبن!

ئەوەی کە منی خستۆتە گومان و پرسیارەوە، لە سەردەمانێکەوە کە هەرزەکار بووم تاوەکو ئێستاکێ: ئەوەیە کە بۆ هەمیشە بڕواداران لای خۆمان پاساو و بیانوو بۆ هەموو مەرگەسات و گرفتێکی ئینسانی دێننەوە، هەرچەندە کوشندە و ناماقووڵ بێت، ئاسانترین وەڵامیش ئەوەیە کە دەڵێن: ئاسمان خۆی دەزانێت و ئێمە لە نهێنییەکانی 'مەلەکوتی ئەعلا' تێناگەین، ئێمەی بەندە لەوە کاڵفامترین بیزانین و تێیبگەین و بگرە بێچارەین و بەو چارەنووسەش شوکرانەبژێرین!
من وای دەبینم کە ئارامییەکی زۆر لای خەڵکی ئێمە لەوەدایە کە پرسیار و گومانیان نەبێت و حەساوەترن گەر هەر هەموو مەرگەساتەکان رادەستی ئاسمان بکەنەوە، بەوەش سەریان سووکتر و خەویان خۆشترە.
دیوێکی زۆر غەمهێنی ئەم دۆخەی کە لە ئارادایە ئەوەیە کە منداڵان و کۆرپەگەلێک هەن کە هەرکە لە دایک دەبن دوچاری نەخۆشی کوشندەی شێرپەنجە بوون کە هەندێکیان دەمرن، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە کە لەسەر ئاستی میللیگەرایی خەڵکانێک هەن بڕوایان بەوە هێناوە کە کێ ناڵێت 'حیکمەتی ئیلاهی' تێدا نییە کە ئەوانەی نابینا و کەڕ و گول و لاڵ و تلاوەی دەستی دەردی گرانن، هەر خودا خۆی دەیزانێت چلۆن وا بە ناکامڵی و دەردەداری دەیانخوڵقێنێت، چونکە گوایە ئەگەر تەندروست و ساغڵەم بوونایە، لەوەدا بوو شەڕانگێز و بەدکار بوونایە و زیانیان بۆ خەڵکی بێگوناە و بیدەرەتان هەبووایە، بە واتا ناکامڵی کۆرپەلەکان گەر بە زگماکیش بێت، خەڵکانێکی بێشومار هەن وا مەزەندە دەکەن کە دانایی و 'حیکمەتی ئیلاهی' تێدایە کە ئەوەشیان خۆ دزینەوەیە لە کارەساتەکان، دیارە بە درێژایی تەمەنی خۆم تا هەنووکە گوێم لەم چەشنە لێکدانەوە و روانینە و بڕوایە دەبێت کە ئەوەشیان چەقبەستنێکە لە ناو تاکە وەڵامێکدا کە دەبوو چەندین سەدە لەمەوبەر وەڵامێکی تازەمان هەبووایە.. کە نیمانە!

ئەمن ناچارم ئاماژە بەوەش بدەم کە کەمئەندامی و نوقسانی بە تەنها لەسەر ئاستی فیزیکی و جەستەیی نییە، بەڵکو کۆی سیستمی ناسیستماتیکی ئێمە لەسەر ئاستی هەموو خانە پەروەردەییەکاندا وەها نارێک و شکست و بەربادە کە لە باری دەروونییەوە هەر هەموومانی نەخۆش خستووە، بە واتا هەر یەکێک لە ئێمە بیمارە لە باری رۆحی و رەوانی کە لە رەفتاری هەر هەمووماندا دەرکەوتەی زۆر خراپی هەبووە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و کۆبەندی کولتووری بە مانا هەرە فراوانەکەی. سەرباری ئەوەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە هەزارەها لە کەسانی دڵڕەق و دەروون بیمار بە ناو و ناتۆرە و سووکایەتی کردن بە کەسانی "خاوەن پێداویستی تایبەت" و هاندیکاپ بەزم و رەزمی سەیر بەو زاتانە دەکەن کە لە باری فیزیکی و جەستەییەوە گرفت و کێشەیان هەیە، کە ئەوەشیان دەبێت بە مایەی خۆ بە کەم بینین و تێكشانێک و کەمبودی لە باری رۆحی و سایکۆلۆژییەوە کە دەمخواست بیاننوسمەوە، بەڵام لیستێکی درێژە و هەمووتان دەیزانن!

هەر بۆ نموونە: من بۆ خۆم بۆ ماوەی پتر لە (١٠) دە ساڵ پێیاندەگوتم {کوندەمیز}دەرئەنجامی ئەوەی شەوەهای شەو بۆ چەندین ساڵ لە منداڵییەوە میزم بە خۆمدا دەکرد و بنە خۆم تەڕ دەکرد کە لە زۆربەی چیرۆکەکانمدا رەنگی داوەتەوە، یان منی لەڕ و باریک و بنێس و 'جافیلۆک' لە پای لاوازی و ترس و شەرمی کوشندەی خۆم جێگەی مەزاق و پێڕابواردن بووم، یان پێیاندەگوتم "کوڕی زارە دۆمێ/ قەرەج" کە ئەم بابەتە هەڵدەگرم بۆ وتارێکی دیکە، بیرمە جاروبار دایکم دەگریا کە ئەگەر گەورە بم و ئیدی سەروەختی ئەوە هاتەپێشێ کچێکم بۆ بخوازن، لە تاوان دایکم شینی دەگێڕا و دەیگۆت، "کوو حەیا و نامووسمان دەچیتن لە مەملەکەتێ کە لە شەوی یەکەمی بە زاوابوون و چوونە پەردەوە 'شێرۆ' پێخەفی بووک و زاوایەتی لە میزدا نوقم بکاتن.. واوەیلا لۆ ئەوێ رۆژێ و.. هەش و قوڕ بەسەر خۆت زارێ؟ هەڵبەتە پێڕابواردن و شەرم و شکانی من و خووی میز بە خۆداکردنی من گەیشتە گوێی ژنان و کچانی گەڕەکێ، رێک ئەو کاتەی کە ئیدی باڵق ببووم بە ناخێری گیانم!

دێمەوە سەر چەمکی عەدالەت و 'دادپەروەری خواهانە' کە بۆ من مایەی تێڕامان و تێفکرینە کە لە رۆمانی "برایانی کارامازۆف"ی "فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی: ١٨٢١-١٨٨١" کە لەسەر زمانی یەکێک لە کارەکتەرەکان پرسیارێکی ترسناک دەکات و دەژنەوێت، "خودایە.. بۆچی منداڵەکان دەخولقێنیت و کەچی زۆر زووش دەیانمرێنیت؟" لێرەدا گەرەکمە نموونەیەک بێنمەوە سەبارەت بە بوون و نەبوونی دادپەروەری 'یەزدان' کە لە ناوئاخنی هەمان رۆماندا دۆزیومەتەوە، لە میانەی ئەو رۆمانەدا تێبینی دەکەین کە خانەوادەی "کارامازۆف" سیخناخە لە نێرینە و بە ژمارە براکان زۆرن، هەر یەکە و لە هەوای خۆیدا دەژی و تەواو لە یەکتری جیاوازن، جێگەی سەرنجیشە تارمایی کچێکی تێدا نییە و بێ خوشکن، لە نێوا براکاندا کە لێکدی ناچن، بە تایبەتی "دێمتری" و "ئیڤانۆڤ" کە وەک دوو برا سەرگەرمی جەنگێکئ فیکری و رەوشتمەندین لەگەڵ یەکتریدا کە کۆتایی نایەت، یەکێکیان ئاتەییست و خوانەناسە و ئەویدیکەیان خواناسێکی دەمارگیر و سەرسەختە، لە میانەی دیالۆگ و دەمەتەقێیەکی کوشندەدا سەبارەت بە 'خودا'یەکی هەستیار و دادپەروەر کە بە راست هەیە یان بێباک و کەمتەرخەمە و دەستی لە دونیای دوون شۆریوە؟ خوانەناسەکە پرسیارێکی جەرگبڕانە و زیرەکانە لە برا خواناسەکەی دەکات، بەو مەرجەی کە خوداناسەکە یەکسەر و یەکاندەردوو وەڵام بداتەوە، کە یەک چرکە نەوەستێت بۆ تێرامان و تێفکرین، چونکە بڕوادارە و پێویستی بەوە نییە خێرا و بە یەکهەناسە وەڵام نەداتەوە.
پرسیاری برا خوانەناسەکە لە برا خواناسەکەی بەم چەشنە دەبێت:
" هۆ برا ئاییندارەکەم.. من دەزانم کە تۆ بڕوات بە دادپەروەری و هاوسەنگی خودای خۆت هەیە، ئایا قایل و رەزامەندی هەموو خەڵکانی مەملەکەتی {روسیا}ی خۆمان تێر و پۆشتە و پەرداغ و خۆشبەخت و بێخەم بن، بە مەرجێک لەسەر حیسابی تلانەوە و ئازار و برسییەتی یەک کەس بێت، کە دەکرێت ئەو کەسە من بم یان تۆ بیت، چ قەیدییە کە هەمووان تێر بن بەو مەرجەی من یان تۆ برسی بین؟"
خودانەناسەکە سڕ و سەرسام و واقوڕماو.. جام دەبێت، بە پەریشانییەوە زاری گۆ ناکات و بەدەم تیفکرین و تێرامانەوە بۆ وەڵامێک دەگەڕێت کە خودا زویر نەکات.. ناتوانێت و لاڵ دەبێت بەرامبەر بە پرسیاری ترسناکی برا خوانەناسەکەی!
خودانەناسەکە بە برا ئیماندارەکەی دەڵێت:
"ئەتۆ لە من خوانەناس و بێ بڕواتریت مادامەکێ بۆ وەڵامێک دەگەڕێیت کە دوو وشەیە: "نەخێر" یان "بەڵێ"، کەواتە ئەتۆش بڕوات بە دادپەروەری ئیلاهی نییە بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لە من!"

کەواتە منیش دەپرسم کە ئاخۆ ڕەوا و خواهانەیە کە کۆرپەلەیەک لە دایک بووە و نوقسانە بەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، کە نە کۆمی هەیە و نە کێر وگون و نە کوزیلە، دەست و قاچێکی لە ئاسمان بەجێماوە و بە دوو پەل: دەستێک و قاچێک، رەوانەی سەرزەمین کراوە کە دەکرێت هەر یەکە و بۆ وەڵامێک یانژی پەند و حیکمەتێکی ئیلاهی بگەڕێت، بە مەرجێک بوێرێت و بە تەنها بۆ خۆ دەربازکردن نەژنەوێت: سوبحانەڵلا!
پارادۆکس و تەوسەکە لێرەدایە کە لەو ملیۆنەها یان ملیارەها فریشتەگەلی ژیر و میهرەبان و سۆزدارەی ئاسمان، شتاقیان هاوارێک لەو کۆرپەلەیە ناکەن و تاق دەستەکەی بگرن و بیوەستێنن تاوەکولە کارگە سەراسیمەکەی 'یەزدان'دا دەستیك و لاقێکی دیکەی بدەنێ و ئینجا رەوانەی لە ئیمەی بکەن!

*پەراوێز:
* ئاوس: هەن دەستەواژەی "ئاوس" بوون بۆ خانمان بە نەشیاو دەزانن، کە وا نییە، چونکە لە لقی شێوە زاری دیکەی سۆرانی، بە تایبەتی لە هەولێر، مایەی نەنگی و شەرم نییە، کە لە سلێمانی 'دووگیان' باوترە، 'سکپڕ'یشمان هەیە.

* دیارە من وشەی "سەگتۆپ" یان "تۆپین" بە ڕەوا نابینم بۆ هیچ گیاندارێکی سەرزەمین، بە تایبەتیش بۆ "سەگ" کە ئەگەر ئەم گیاندارە نەبووایە قۆناغی "شوانکارەیی" کە یەکێکە لە قۆناغە هەر پێشکەوتووەکانی زیندەگی مرۆڤایەتی، بۆ چەندین سەدەی دیکە دوا دەکەوت، دیارە هاوسۆزیم بۆ گیاندارەکان لەوەوە هاتووە کە ئەوان وەک ئێمە بەدکار و پۆخڵ نەبوون، چونکە ئەو گیاندارانەی کە فڕندە بن، یان پەلدار و سەر بە وشکانی. یانی ئاویی، هەرگیزاوهەرگیز 'هەوا' و 'ئاو' و 'خاک'یان پیس و بۆگەن نەکردووە وەک ئێمە، بەڵام دەستەواژەی 'سەگتۆپ' لەسەر زاری ئێمە بەکار دێت بۆ سووکایەتی کردن بە کەسانێک کە گوایە خراپەکار و گڵاون، بەڵام گیانداران و ئاژەڵان لە ئێمە بێ زیان و بێوەیترن، چونکە ئەوان ژینگەی خۆیان وەک ئێمە ژەهراوی نەکردووە و تێکیان نەداوە، ئێمەیەک کە گوایە نازی ئەوە دەکەین کە مرۆڤ 'خەلیفە'ی خودایە لەسەر زەمین، دەی.. ئەگەر دڕندەی خودا بووایە..چی دەکرد؟ چونکە شارازەیانی ژینگە پێشبینی بەدبینانە دەکەن کە ئەم ئەستێرە رەنگینەی کە ئێمە لەسەری دەلەوەڕێین و دەژین، سەردەمانێک دێت لەسەر دەستی ئێمەی مەردمگەل دەکوژێتەوە و نامێنێت!

شێرزاد حەسەن
2021-12-05