ڕیتا … عاشقم بە!
قەسیدەی : مەحمود دەروێش
و. جەمال غەمبار

ئێواران، لە ئەسینا
مانگ و گۆرانی دەشارینەوە و
یاسەمینێک داڵدە دەدەین.
باڵکۆنەکان پێیان گوتین:
نە دەستەسڕەکەی ئەو دێت و
نە مەیلێکیشی!
نە ڕێگەوبانیش
سۆز دەکەنە پیشەی خۆیان!
بنوو! ئێرە پڕ بووە لە پۆلیس
بە قەد ژمارەی دار زەیتوون
پۆلیس ڕژاونەتە ئێرە!
بە ئەسینادا وەربوون .
لە خەونێدا، خەیاڵ ئاوێزانت دەبێت.
لێم دوور دەکەویتەوە و
دەبیتە نەیاری زەمین
وەک کازیوەیەکی گۆرانیبێژ
کڵپە دەکەیت و
دەستەکانی منیش
بە کۆت و پێوەندەوەن.
«سەنتوورەکەم» لێم دوورە
وەک جەستەی تۆ
لە بەیتەکانی سترانبێژێکدا!
ڕیتا!
بۆ ئەوەی مەیلی ئەم زیندانییە هەڵوەرێت
عاشقم بە و،
لە ئەسینا
وەک عەتری یاسەمین بمرە!
خۆشەویستیی قەدەغەیە ..
ئەوەتانێ پۆلیس و
قەدەری کۆن،
هەردووک لێرەن.
گەر عیشقی خۆت
بۆ چاوە ڕەشەکان بەیان بکەیت
بتەکان هاڕە دەکەن.
ڕێگر و چەتەکان
لە کەمیندان بۆ هەر ژنێکی عاشق.
+ ئەسینا .. هۆ ئەسینا ..
خانزادەکەی من لە کوێیە؟
- ئەوەتانێ لەسەر چەقۆ سەما دەکات
جەستەی ئەو
سەرزەمینێکی دێرینە.
خەمیشی، دوو ڕوخساری هەیە:
یەکیان ڕوخسارێکی وشکەڵاتوو
بۆ ڕابوردوو یاخیی دەبێت.
ڕوخسارێکیشیان نوقمی شەوەزەنگی تاوانە.
خۆشەویستییش قەدەغەیە،
ئەوەتا پۆلیس لێرەیە و،
یۆنانیش ژنە عاشقێکی هەتیوە!
لە خەونێدا،
خەیاڵ ئاوێزانت دەبێت.
گۆرانیبێژ
لە پەنجەرەکان یاخی دەبێ و،
خۆرنشینیش لەجەستەی سووتاوی تۆ بەرز دەبێتەوە
جەستەیەک کە زوخاڵ و سووتاوە بە کۆت و بەند و
بە هەوا و هەوەس و، بە زەمەنێکی پیسکە!
بنوو، لەسەر خەونی من بنوو!
چاوانت لە بێدەنگیی مندا ون بوون.
جەستەشت شەڵاڵ بووە بە وەرزی هاوین و مردنێکی گەش.
لەوسەری دونیا ئاوێزانت دەبم
ئەو دەمەی پڕ پڕ بە مەحاڵ دوور دەکەویتەوە.
ڕیتا!
بۆ ئەوەی مەیلی ئەم زیندانییە هەڵوەرێت
عاشقم بە و،
لە ئەسینا
وەک عەتری یاسەمین بمرە!
مەنفاکەی من: ئەو جوتیارانەن
کە لە نێو زوبانی دڵتەنگیی مندا زیندانیین!
مەنفاکەی من:
وەردیانی زیندانەکانن
کە لە نێو دەنگی من و لە نەغمەی ڕوبابەدا نەفی کراون.
مەنفاکەی من:
جەژنە مۆمیاکراوەکانن.
خۆرێکیشە لە نووسیندا!
مەنفاکەی من:
ئەو ژنە عاشقەیە کراسی خۆشەویستەکەی
بە کلکەی هەورێکدا هەڵدەخات!
مەنفاکەی من:
هەموو نەخشەکانی دونیا و کۆتایی دڵتەنگییە!
لە خەونێدا باسکت دەبینم خۆرێکی دێرینی هەڵگرتووە!
مردووەکان چ ڕەنگێکیان نییە،
کەچی وەک درەختەکانی باخچە
دەیانبینم شەڕیانە لەسەر تۆ!
تۆش بەو ئەفسانانە ئاوێزانیان بە
کە حەقیقەتیان خستۆتەوە!
هەتا منیش
هەنجەتم بۆ مەنفا هەبێ و،
سەنگەرم قایم کەم و بەردەوام بم لە گەڕان
بە دووی نهێنیی باووباپیرانم و،
بە دووی
ئەو یەکەمین تەرمەی سنوورەکانی مەحاڵی بەزاند.
لە خەونێدا باسکت دەبینم خۆرێکی دێرینی هەڵگرتووە!
ئەزیش،
خۆمم لە هەنگاوەکانی ئەم ڕەزمەدا بیرچۆتەوە
یەک لە سێ بەشی خۆم لە زیندانێ تووند کراوە
دوو بەشەکەی تریشم لە نێو گیای باخچەکەدایە.
ڕیتا!
بۆ ئەوەی مەیلی ئەم زیندانییە هەڵوەرێت
عاشقم بە و،
لە ئەسینا
وەک عەتری یاسەمین بمرە!
خەم بۆتە شووناسی یۆنان!
یۆنان بە دووی منداڵیی خۆیدا وێڵە و
نایدۆزێتەوە.
ئەوەتانێ، ستوونی پەیکەرەکان هەرەس دێنن
قەشەنگترینی سوارەکان خۆ دەکوژن.
عاشقان بە نێر و مێیانەوە لە هەڕەتی جوانییاندا
دەست لێک بەردەدەن.
هۆ پۆلیس! تۆش لێم گەڕێ بە خەمی خۆمەوە بتلێمەوە.
نیوەی ڕێگا وێستگەی منە و،
خۆشەویستەکەشم جوانترین مێینەی کوژراوە .
+ دەڵێیت چیی؟
دەتەوێ تەرمەکەیت ڕادەستکەم؟
بۆچی؟
بۆ ئەوەی بیخەیتە سەر سفرەوخوانی خەلیفە؟
کێ گوتی تۆ گەورەی منیت؟
کێ گوتی؛
خۆشەویستیی قەدەغەیە و؟
خوداوەندەکانیش لە پارلەماندان؟
ئەی کێ گوتی؛
سەماکردنی مەستانەی ئێمە
ساتە کورتەکانی پشوودانی تۆ دەشێوێنێت؟
خەم بۆتە شووناسی یۆنان!
یۆنان بە دووی منداڵیی خۆیدا وێڵە و
نایدۆزێتەوە.
لە یۆنان، پۆلیس،
تەنانەت دڵتەنگییش دەستبەسەر دەکات!
تەنانەت فرمێسکی چاوی بە کل ڕێژراویش!
لە خەونێدا، چاوە ڕەشەکان گەورەتر دەبن
کۆت و پێوەند هەڵدەلەرزن
تەدارەکی شەو ساز دەکرێ.
قەسیدەش
بە خەیاڵی خاکئامێزی خۆیەوە دادەگیرسێت،
خەیاڵ بۆ پێشەوەی دەبات
بە زەبری باڵەکانی بیروباوەڕ دەیبات و
منیش تۆ دەبینم لێم دوور دەکەویەوە!
ئۆه .. بەرەو ئاسۆی خوداوەندێکی تر
لێم نزیک دەبیتەوە!
گەرچی دەستەکانیشم بە کۆت و پێوەندەوەن
کەچی ئەز هەمیشە سەنتوورە دوورەکەم و
جەستەی تۆ دەلاوێنم ..
ئەو دەم یۆنان لەدایک دەبێ ..
گۆرانییەکان گوڵ دەگرن ..
زەیتون گەنج دەبێتەوە ..
ئەو دەم، بروسکە بە نیشتمانەکەمدا
بێ ترس تێدەپەڕێت.
ئەو دەم،
دوو عاشقیش منداڵ دەبنەوە.
ڕیتا!
بۆ ئەوەی مەیلی ئەم زیندانییە هەڵوەرێت
عاشقم بە و،
لە ئەسینا
وەک عەتری یاسەمین بمرە!

————————————————
سەرچاوە : aldiwan.net

سەرنجی وەرگێڕ :
ڕیتا ، ئەو کچە جولەکەیە بوو لەگەڵ م . دەروێش لە ئاهەنگێکی حزبی کۆمۆنیستی ئیسرائیلدا یەکتریان ناسی و دواتر عاشقی یەکتر بوون . دواجار بەهۆی جەنگی خوێناویی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، بە تایبەت شەڕی حوزەیرانی 1967 کە بە (نسکۆی حوزەیران ) ناسراوە، دەستبەرداری ئەو عیشقەیان بوون.

م. دەروێش ئەم قەسیدەیەی لە (ئەسینا) ی پێتەختی وڵاتی یۆنان نووسیوە. ئەوێ دەمێ، لەوێ، لە سایەی کەیسی پەناهەندەییدا و لە کۆلیتەکانی دڵەراوکێ و بێ وڵاتیدا ژیانی بەسەر بردووە.
لە تەرجەمەکردنی ئەم شاکارەی م . دەروێشدا، هەوڵم داوە بە دوور لە تەرجەمەی حەرفیی و، ئەوەندەی پێم کرابێت ڕوانینەکانی شاعیر بخەمە بەر زەینی خوێندەواری کورد.