نەفرەتنەشکێنی لە "نەفرەتی نەوبەهاران"دا
نووسینی: بەکر ئەحمەد

شەرەفی ئێمە بە تۆیە، ئەگەر هەنگاوێکت لەوی دیکەت درێژ تر بێت، لێت دەکەوێت. ئەگەر کەوتیش خۆت دەزانی چی چاوەڕوانت دەکات.”
ئامۆژگاری کوڕێکی پەنابەر بۆ خوشکەکەی

”دوای ئەوەی ئەرکەکانی قوتابخانەم جێبەجێکرد، لە ژوورەکەمدا سەمادەکەم. ڕۆژی پشوو لەگەڵ تۆدا مەلەدەکەم. هەندێک ڕۆژی دوای قوتابخانە، یاری باسکێت دەکەم. گەر گەورەیش بووم، ئەو کاتانەی کە ئاشق بووم، بۆخۆم کەسێک هەڵدەبژێرم. جاخۆ بابە ئەگەر بە قسەی باوکی فاتمە بێت، خێزانی ئێمە خاوەنی شەرەف نییە.”
ئاخاوتنی کچێکی کوردی نۆ سالە لەگەڵ باوکیدا، دوای کوشتنی فاتمە شاهیندال لە سوید.


Behind the sun یەکێک لە دراما جوانەکانی "والتەر سێلس" ی بەرازیلییە کە لە نواندنی "خوسێ دومۆنت" و "رۆدریگۆ سانتۆرۆیە". لە ناوچەی تەپۆلکە بەرزەکانی بەرازیلدا، دوو خێزان لە شەڕێکی تۆلەسەندنەوەی بێمانادان لەسەر پارچەیەک زەوی. ڕووداوەکان لە سەرەتای سەدەی بیستدا دەگوزەرێن و فیلم بە دیمەنی هەڵواسرانی کراسێک بە تەنافی ماڵی "برێڤێ"وەیە دەستپێدەکات کە کونێکی تیایە و پەڵەی دەوری کونی فیشەک هێشتا سووردەنوێنێت و رەنگی خوین زەردهەڵنەگەڕاوە. کوڕی "برێڤێ" لەلایەن خاوەنموڵکی دەوڵەمەندی ناوچەکەوە کوژراوە و بە پێی ئەو ترادیسیۆنەی چەندین ساڵە پەیڕەوی لێدەکرێ، تا کراسی بەری کەسی کوژراو زەردهەڵنەگەڕێ، بکوژ ئازادە لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیدا و هیچ ترسێکی لەسەر نییە. دوای زەردبوونی ڕەنگی خوێنی سەر کراسی کەسی کوژراو، بکوژ دەبێ لە ئامادەییەکی هەمیشەیدا بێت تا بنەماڵەی کەسلێکوژراو، تۆلەی خۆیانی لێدەکەنەوە.
دیمەنی خوێنی ڕژاوی ئەم تۆڵە لێسەندنەوە بێمانایەی کە لەسەر وەلائی کوڕ بۆ باوک و پاراستنی شەرەفی بنەماڵە دامەزراوە، لە ریزی وێنەی کورە کوژراوەکانی بنەماڵەدا دەردەکەویت کە بە دیواری ژووری میوانەوە هەڵواسراون. نەوە لە دوای نەوە، خێزانی "برێڤێ"ی هەژار لە دوای هەر کوژراوێکیان، دەبێ کەسێک لە بنەماڵەی خاوەنمولک بکوژنەوە. بۆ بنەماڵەی ئەوبەریش ئەم نمایشە هەر هەمان شتە.
"هیچ کەس نەیدەزانی لە ناو ئەو سووتووانەدا، وێنەی ژنێک هەیە، چەندین ساڵە دەسووتێت و دووبارە دەگەرێتەوە، ژنێک لەوەوبەر لەو شارەدا مێردێکی عاشقی هەبووە، لە ساتێکی ترس و غەمبارییدا ئەو وێنەیەی لێگرتووە. ئێستا ئەوە بۆتە نەفرەتێکی ڕەش ....نا کەس نەیدەزانی ئەو ژنە خانمی گێلاس بووە. نەفرەتەکەش نەفرەتی خۆی، نەفرەتی ژنێک پییاندەگووت خانمی نەوبەهاران."
ئەم چەند دێڕەی سەرەوە، دوا پەرەگرافەکانی رۆمانی " نەفرەتی نەوبەهاران"ی "بەختیار عەلی"یە کە تیایدا وێنەیەکی بێتاوانی ڕووتی ژنێک وەک نەفرەتیک لە بنەمالە بەردەبێت و یەک بە یەکی ئەندامانی خێزانی ژن و مێرد و نەوەکانیشییان لە بەردەم هەرەشەکانی مردندا ڕادەگرێت.
لای بەختیار، ڕوتێتی وێنەی ژنێک کە سەنتەری تێروانینی کولتوری شەرەفپارێزی کوردی لەدەور هەڵچنراوە، ئەو سەنتەرە گرنگەیە کە بەدەوریدا چیرۆکە دێتە گێرانەوە و پاڵەوانەکانی ڕۆمان، هەر یەکە و لە جێگاو ڕێگای خۆیەوە، پزیشکەکانی ئەم نەفرەتی ڕوتێتییەیان بەردەکەویت.
لە دراماکەی "والتەر سێلس"یشدا، پاراستنی شەرەف ئەمجارەیان لە ڕێگەی ملکەچکردنێکی کوێرانەی نەوەکان بۆ ئەو کولتور و ترادیسیۆنەی چەندین سالە پەیرەوی لێدەکرێ لەلایەن باوکەکانەوە لە سەنتەردایە و سەرتاپای دراماکە لەسەردرێژەپێدانی ئەم خوێنڕێژییە کاردەکات.
شەرەف لە " نەفرەتی نەوبەهاران"دا لەدەوری سێکسوالێتی ژن دەسورێتەوە، بەڵام لە دراماکەی "والتەر سێلس"دا، تۆڵەسەندنەوە لە سەنتەردایە. بەڵام لە هەر دوو دۆخەکەدا، پاراستنی بەهاو پیوەرە کۆمەلایەتییەکانی لەدەوری ئەم چەمکانە بنیاتنراون، هیشتنەوەی نۆرم، درێژەدان بە ترادیسیۆن و کۆشش بۆ هێشتنەوەی ئەوەی دەبێ بپارێزرێت لەلایەن باوکەکانەوە، ئەمانە ئەو جەبرانەن کە پالەوانەکان لە ناو داوە بینراو و نەبینراوەکانی ئەم کولتوری شەرەفپارێزییەدا دیلدەکات و هەر ڕاوەستانەوەیەک لەبەرانبەریدا، باجدانێکی گەورە لە تاکەکان دەخوازێت.
بۆ "تۆنیۆ"ی پاڵەوانی لە پشت خۆرەوە، کاتێک برا گەورەکەی دەکوژرێت، دەبێ ئەو چەکی ئەم شەرەفپاککردنەوەیەی بنەماڵە بکاتە شان و لە ڕاوی کوشتنی کەسێکی دیکەی بنەمالەی ئەوبەردا بێت. دەکرێ ئەم خوێنرێژییە بۆ ئەبەد بەردەوام بێت؟ ئەوە ئەم پرسیارەیە کە لە درێژەی بەرەوپیشجوونی رووداوەکانی ناو فیلمدا ، "تۆنیۆ" ناچاردەکات رێگای خۆی هەڵببژیرێت.
بۆ "تۆنیۆ"کانی ناو ڕۆمانی " نەفرەتی نەوبەهاران" کە پێک هاتوون لە کامیل ئاغا و براکانی، گێلاس کە لە سەرتاپای ڕۆماندا وەک وێنەیەک دەردەکەوێت و تا کۆتایی ڕۆمانیش خوێنەر لە گەڵ وێنەکەیدا دەژی و لە کۆتای رۆماندا ، لە ناو نمایشێکی مەتەڵئاسادا کە خوێنەر دەخرێتە ناو کەش و هەواکەیەوە تا لە گومانەکانی خۆیدا بپرسێ ئەرێ ئەم گیلاسە یاخود نا، براکانی گێلاس و ئەو کەس و دەموچاوانەی دی کە لە خوێندنەوەی رۆماندا لە کونج و کەلەبەری چێرۆکەکانی ناو ڕۆمانەوە دێنە سەر رێ، هەموو ئەمانە بە جۆرێک لە بەکارهێنانی سیحر و نەفرەتی وێنەکەی گێلاس وکاریگەرییەکانیدا دەخرێنە بەردەم هەڵوێستوەرگرتنێک.
دەکرێ وێنە ڕووتەکەی خانمی نەوبەهاران ئەم ئینسانانە بخاتە بەردەم چ کاردانەوەیەکەوە؟ دەکرێ وەک "تۆنیۆ"ی فیلمەکەی سەرەوە لە پاڵ فشارەکانی باوک و ترادیسیۆندا بێ چەک نەخەوێت و بەشوین تؤلەسەندنەوەی کوشتنی براکەیەوە بێت، یان ببێتە ئاشقی کچە قەرەجێک ولە نێوان رێگای درێژەدان بە کوشتن ویاخود تێکشکاندنی ئەم کۆت و بەندەی ترادیسیۆندا، خالێک لەسەر ئەم خوێنرێژییە دابنێت و شەقێک لەوە بدات کە شەرەفی بنەمالە بە گەردنی نەوەکاندا هەلواسێت و ئەم نمایشی خوێنڕێژییە بەردەوام نەبێت؟
ئەوەی من لەم نووسینەدا بەشوینیەوەم، سەرنجدانی ئەو کاردانەوە جۆراوجۆرانەن کە پالەوانەکانی رۆمان لە بەرانبەر وێنەکەی خانمی گێلاسدا ناچارن دەستی بۆ بەرن.
کولتوری شەرەف و تاوانەکانی، خوێناویترین جومگەکانی ناو کولتوری کوردییە و گۆرستانەکانی ناوەوە و تەنانەت دەرەوەی ولاتیش، کوردی وەک ژنکوژێک ناساندووە. لە باری ریپۆرتاژ و دۆکۆمێنتکردنی ئەم کەیسەدا، داتایەکی گەورە لەبەردەستدایە و ئەم خوێنرێژییەش هێشتا هەر درێژەی هەیە.
بە ئەدەبکردنی تراژیدیایەکی وەک ئەمە لە لایەن "بەختیار عەلی"یەوە، کاریكی چاوەروانلێکراو بووە و شەن و کەوکردنی ئەم پرسیارە وەک ئەوەی هەیە و دەبێ چۆن بۆی بڕوانی، لە ئاستی چاوەروانییەکانی من و زۆر کەسی دیکەدایە.
با وێنەیەکی خێرا لە کار و کردەوەکانی پالەوانەکانی رۆمان بیری خوێنەر بهێنمەوە تا مەبەستی من لە نووسینی ئەم وتارە روونتر بێتەوە.
سەرەتای نەفرەتی نەوبەهاران لە وێنەگرتنی کامیل ئاغاوەیە بۆ خۆشەویستەکەی خۆی.
بەڵام کاتێک کەمال ئاغای برای لە دەمە قالەیەکی ئاسایی سەر جادەدا، کەسێک لە خێڵی ڕؤشارییەکان دەکوژێت، ئیتر وێنەکەی گێلاسی خێزانی لەوە دەکەوێت کە تەنها وێنەیەکی ئاسایی ناو سندوقی وێنە تایبەتییەکەی ئەو بێت. ئاخر ئەم وێنەیە لەلایەن یەکێک لە کارەکەرەکانی خانمەوە فڕێندراوە و لە سەودا و مامەلەیکەی عەشایەریانەدا وەک کارتیکی فشار لەبەرانبەر کامیل ئاگادا بەکاردەهێنرێت تا براکەی خۆی تەسلیم بکات وبکوژریتەوە. پاراستنی شەرەف و ترس لەئابڕوونەچوون ، کامیل ئاغا ناچاردەکات تا برا بچوکی خۆی بداتە دەست بکوژەکانی.
ئەم وێنە ڕووتە، دووبارە لە پاش سووتاندنی، دێتەوە ناو ڕووداوەکان و وەک کارتێکی دیکە لەلایەن "خانی زەرد"ەوە بەکاردەهێنرێت تا کامیل ئاغا بکرێ بە جاش. ئاخر پاراستنی شەرەفی خۆ: لە شەرەفی ئەم میللەتە بێڕەحمە باشترە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و ئەمجارەیان دەکرێتە فشارێک لەسەر بنەماڵەی کچ، واتا براکانی گێلاس. کاردانەوەی ئەمان لەبەرانبەر شەرەفنەچوونیاندا، شاردنەوەی خوشک و بلاوکردنەوەی هەوالی مردنی ئەوە. تەنانەت ناشتنی جەستەیەک کە گوایە خوشکیانە.
ئەم وێنەیە زیندوو دەبێتەوە و لەلایەن حاکمی سەربازی شارەوە بەکاردەهێنرێت بۆ مۆبیلیزەکردنی چەکدارە کوردەکان تا لەبەرانبەر دژەشؤڕشەکانی دەولەتدا باشتر بجەنگن ئەگینا ژنەکانیان لاقەدەکرێت.
پاڵەوانێکی دیکە کە کاردانەوەیەکی دیکە لەبەرامبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا نیشاندەدات، زیائەدینی نەوبەهارانە. ئەو لەبەرانبەر وێنەی رووتی خوشکەکەیدا دەستدەداتە دروستکردنی شارێک کە ژنان هیچ شوێنێکیان دیارنەبێت:" تا ژن هەبێت و یەکێک جلەکانییان لەبەردابکەنێت، شەرەفمان لە مەترسیدایە"
لای "مولازم حەسۆ"، ئەم وێنەیە دەکرێتە کارتی فشار لە شەری ناوخۆدا تا برا دیلەکەی و دوو کوری "زوهێر مەسۆ" لە دەستی "شەمدینی کامیل ئاغا" دەربهێنێت و ژیانێکی دیکەیان پێببەخشێتەوە. " لەم جەنگەدا هەموو سنوورێکمان پێشێلکردووە، تەنیا ئەم سنوورە ماوە، وێنەی ناوگەڵی یەک بلاوبکەینەوە"
لەبەرانبەر ئەم کارتی فشارەدا، "شەمدینی کامیل ئاغا"ش دەکەوێتە گرتنی وێنەی ڕووتی ژنانی جەنگاوەرانی بەرانبەر و وەک دژەهەرەشەیەک بۆ پاراستنی شەرەفی خۆو راوەستانەوە لەبەرانبەر داواکەی "مولازم حەسۆ"دا، بەکاری دەهێنێت.
دواجارخانمی رووتی ناو وینەکەی رۆمان، بە گۆشت و خوێنی خۆیەوە لە ماڵی حەوت خانمدا، لەگەل دەستە خوشکەکانی دیکەی ناو مالدا، وینەی ئەو پیاوانە دەدەنە دەستی پۆلیس کە بە رووتی ولە کاتی سیکسدا لە ماڵی حەوت خانمدا گیراون . لەگەڵ ئەم دیمەنەدا، ئیتر تەنها جەستەی رووتی ژن نییە کە بانگەوازی پاککردنەوەی شەرەفی لەدەستچوو بە دەنگی بەرزبە گویی هەمواندا دەڵێتەوە، بەلکو وێنەی رووتی پیاویش لە شوێنێکی واهیدا، هەموو کۆد و بەها سیمبۆڵییەکانی شەرەف چالاکدەکاتەوە.
ئەم کاردانەوانەی پالەوانەکان لە خۆیانی نیشاندەدەن، هەر هەموویان لەناو کۆد و سیستەمی بەهای کولتوری شەرەفدا دێن و دەچن و کارو کاردانەوانەکانیشیان ئەوەیە کە ئەم سیستەمە بەرهەمیهێناوە، رەفتارنواندنێک کە کولتوری شەرەف ڕەنگرێژی کردووە. بە کورتییەکەی: کاتێک شەرەفت کەوتە مەترسییەوە، دەبێ بەو شیوازە رەفتار بکەیت کە شەرەفپارێزی وپاککردنەوەی شەرەف لێتدەخوازێت.
بەڵام کەریم ئاغای برای کامیل ئاغا، ئاڵوگۆڕێک بەم سوورانەوە هەمیشەییەی زۆربەی پالەوانەکانی ناو ڕۆماندا دەهێنێت کە لەناو هەمان کۆد و سترۆکتۆرەکانی کولتوری شەرەفدا دەسورێنەوە و کاردانەوەیەکی دیکە پیشاندەدات. ئەو لە پاش ئاشبەتاڵی 1975دا وزانینی نهینی وێنەکەی براژنیدا، دەکەوێتە دۆخێکی تایبەتەوە:" ئێستا پیاویکی بێشەرەفم، نەخۆم، نەخێزانەکەم، نە عەشرەتەکەم، نە نیشتیمانەکەم، شتێکمان نەماوە شانازی پێوە بکەین... ئێستا تەواو پیاوێکی بێشەرەفم". ئەو بەم هەستە جۆشدارانەوە کە تیایدا بیشەرەفی خۆ ئەو پردەکات لە هەستی نەبوون، دەداتە شاخ و گەرانەوە بۆ دیهاتە کۆنەکەی خۆیان و پشتدەکاتە کۆمەلگا.
کەریم ئاغا لە شاخدا، لەگەڵ دیوەزمەکانی ناو ناخی خۆیدا دەکەوێتە جەنگێکی دەروونی گەورەوە. ئەم جەنگە هەموو شەوێک لە شکڵی کەسێکی نەناسراودا کە لەسەردانی هەمیشەیی خۆیدایە بۆ لای کەریم ئاغا تا بیخاتە سەر کەلکەلەی کرینەوەی شەرەفی بنەماڵە: "هەمان یاری لەگەڵدا بکە!هەمان یاری. ژنەکەی یان کچەکەی بڕفێنە، هەمان وێنەیان بگرە" بەڵام سەرنجڕاکیش ئەوەیە کە کەریم ئاغا لەم جەنگەدا دەیباتەوە و دوا بڕیاری خۆی دەدات:" پیاوێکی بێشەرەفم لەناو خەڵکێکی بێشەرەفدا، سەر بە عەشرەتێکی بێشەرەف لەناو سەدان عەشرەتی بێشەرەفدا" . بۆیە بڕیاری ڕاوەستانەوەی لەبەرانبەر ئەم بێشەرەفییەی خۆی و کۆمەلگاکەیدا دەبێتە:" دەڕۆم بۆ ناو سروشت، لەوێ هەموو شتێک لەیاددەکەم". کەریم ئاغا لەم هەڵوێستنواندنەوە و کاردانەوە جیاوازەی خۆیدا لەبەرانبەر کولتوری شەرەف و دەستنەبردن بۆ کوشتنەوەی ئەو کەسەی کە لە ئەتکردنی شەرەفی بنەماڵەکەیاندا بەشدار بووە، لە ڕیگەی نامەیەکی زۆر کورتەوە بۆ نەوەکانی گێلاسی نەوبەهاران، پەیامی رۆمان بە گوێ خوێنەردا دەدات: " بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە" .


تاوانی شەرەف و ڕژێمی جەندەری کوردستان

لە هیچ زمانێکی جیهانیدا کە تیایدا چەمکی کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف برەوی هەیە، بەقەد زمانی کوردی بنەما و تەنانەت هۆکاری ئەنجامدانی ئەم کارە ڕۆشن نییە. لە کۆمەڵگای کوردیدا پیاو، جا باوک بێت یان برا یان ئامۆزا یان هەر نەوەیەکی تری نێر کە لە ئامادەنەبوونی ئەو کەسانەی تردا دەکرێت ڕۆڵی پارێزەری شەرەف ببینێت، هەڵدەستێت بەم تاوانە تاکو شەرەفی خۆیی و  بنەمالە بکڕێتەوە. ژنی کوژراو ئەو کەسە بوو کە ئەم شەرەفەی هەرزان فرۆشکرد، بۆیەش بۆ کڕینەوەی دەبێ نرخێکی گرانتر بدرێت کە بە هیچ شتێکی تر ناپێورێت، ژیانی خودی ئافرەت نەبێت. ئەوەی ئەم پرۆسەی کڕین و فرۆشتنەی لەسەر ئەنجامدەدرێت، سێکسوالیتێتی ژنە. بە پێی ئەو سیستەمە فیکرییەی کە دەسەڵاتی جەندەری لە خۆرهەلاتدا کاری لەسەر دەکات و تەواوی بەهاکانی ڕێزلێگرتنی ئینسانی لەسەر دادەمەزرێت، کە تیایدا بە پلەی یەکەم ئەو ئینسانە پیاوە، سێکسوالیتێتی ئافرەت خاڵی سەنتەر و بگرە تەواوی بنەماکانی ڕێز و حورمەتی پیاوی لەسەر ڕاگیراوە. بە پێی ئەم دەستگا فیکرییە، هەر پەیوەندییەکی جنسی ئافرەت لە دەرەوەی ئەو نۆرمەی کە خێزانە، مانای پیسکردن و لەکەدارکردنی شەرەفی پیاوە. ئەم کردەوە سێکسییە لە پلەی یەکەمدا گرنگ نییە کە لە باری فیزیکییەوە ڕووی دابێت. واتا هەر جووڵەیەکی ئافرەت، نیگایەکی ئەو کە بۆنی سێکسی لێ بێت، کافییە بۆ ئەوەی کە بە مانای لەکەدارکردنی شەرەفی پیاو لێکبدرێتەوە. تاوانی شەرەف کە لەم سیستەمە جەندرییەدا بەرهەمدەهێنرێتەوە ، هیچ شتێک نییە جگە لە کۆششی ئەم دەسەڵاتە بۆ کۆنترۆڵکردنی سێکسوالیتێتی ژن. ژن لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەدا ، ئەو کەسەیە کە خۆی خاوەنی جەستەی خۆی نییە و هەر بۆیەش سێکسوالیتێتی ئەو و بڕیاردان لەسەر کردنی ئەم کارە دەخرێتە دەستی پیاوانی خێزان و هۆز و خێڵەوە. بەڵام پیاوی ئەنجامدەری تاوانی شەرەف هیچ شتێک نییە جگە لە ئامرازێک. تاوانباری ڕاستەقینە ئەو فشارە گەورە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم سیستەمە لەدەرەوەی تاکەکان دروستی کردووە و تیایدا هەموو ئاراستەکان ڕووبەڕووی ئەو پیاوە کراوەتەوە کە ژنەکەی، خوشکی یان دایکی شەرەفی ئەوی دۆڕاندووە و پێی دەڵێن: بڕۆ شەرەفت بکڕەرەوە. ئەوەی کە تایبەتمەندی تاوانی شەرەفە و ئەم تاوانە لە کوشتنی پیاوێکی سویدی بۆ ژنەکەی جیادەکاتەوە، کاریگەری ئەم دەسەڵاتە جەندەرییەیە لەسەر ئەو تاکانەی تری کۆمەڵگا کە ڕەنگە نزیکایەتییەکی ئەوتۆییشیان لەگەڵ بنەماڵەی پیاوەکەدا نەبێت. فشارێک کاتێک هەست بە ڕەوینەوەی دەکرێت و پیاوی ئەنجامدەری تاوان دەتوانێت ئاهێک هەڵبکێشێت و سەربەرزانە بە کۆمەڵگادا بگەڕێت کە تاوان ئەنجامدراوە. پیاوی تاوانی نامووسی لە شڵەژانییەکی گەورەی دەروونیدا ژیان بەسەر دەبات کاتێک ژنێکی نزیکی خۆی شەرەفی پیاوانی بنەماڵە دەخاتە مەترسییەوە.  ئەو ژن دەکوژێت بۆ ئەوەی شەرەف بکڕێتەوە و باڵانسی ڕۆحی خۆی وەربگرێتەوە. ئەو سەرشۆڕترین پیاوەکانی کۆمەڵگایە و دەکوژێت بۆ ئەوەی سەربەرزکاتەوە. کاتێک لە وشەی “سەربەرزکاتەوە” وورددەبینەوە ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت ئەم پرۆسەی سەربەرزکردنەوەیە کاردانەوەیەکی تاکگەراییانەی پیاوکوژنییە. بەڵکو لەبەرانبەر کەسانێکی تردا سەری خۆی بەرزدەکاتەوە کە تاکو ئەنجامنەدانی تاوانەکە بە ئینسانێکی بێ شەرەف و سەرشۆڕییان لەقەڵەم دەدا. هەربۆیەش لە پرۆسەی سەربەرزکردنەوەی تاوانباردا، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر یەکێک لە هەرە تایبەتمەندییەکانی تاوانی شەرەفدا دەبینینەوە کە لە تاوانی تری کوشتنی ژناندا وە بەتایبەت لەو شوێنانەی کە چەمکی شەرەف لە سێکسوالێتی ژن جیاکراوەتەوە، بوونی نییە. ئەم تایبەتمەندێتییەی تاوانی شەرەف  ئەوەیە کە ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەک نین کە لە نێوان دوو تاکی کۆمەڵگایەکدا بێت و لەسەر کێشەیەکی تایبەتی بە کوشتن تەواو بێت. بەڵکو ئێمە لەبەرانبەر تاوانێکداین کە تیایدا ژن وەک تاک لەبەرانبەر سیستەمێکدا ڕاگیراوە. تاوانی شەرەف کردەوەیەکی تاوانکارانەی تاک نییە لە بەرانبەر تاکێکی تردا. بەڵکو تاوانی شەرەف کردەوەیەکی کوژەرانەیە کە تیایدا سیستەمێکی گەورە لەبەرانبەر تاکێکدا سەنگەردەگرێت و بڕیاری مەرگی بەسەردا دەبارێنێت. ئەوەیشی کە رەهەندی کولتوری بەم تاوانە دەبەخشێت، بە کۆمەڵایەتیکردنی چەمکی شەرەف و چڕکردنەوەی ئەم چەمکەیە لە سێکسوالیتێتی ئافرەتدا کە سەرتاپای کۆمەڵگا دەتەنێت و بە شێوەی تۆڕێکی گەورە ئینسانەکان لە ناوخۆیدا یەخسیر دەکات. لەو کۆمەڵگایانەدا کە تاوانی شەرەفی تێدایە، ئێمە شایەدی بەهایەکی تر و پێناسەیەکی تری شەرەف نین کە لە سێکسوالیتێتی ژنان جیاکرابێتەوە. پیسترین و ناشیرینترین جنێوەکانی ئەم کۆمەڵگایانە بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، ئەو جنێوانەن کە دەبێ دایک و خوشکی کەسی جنێوپێدراو بگرێتەوە. بەمە ئینسان لە ناسکترین تاڵەکانی هەستی ئەو کەسە دەدات کە هەموو حورمەت و ڕێزی خۆی لەو شوێنەدا کۆدەکاتەوە کە کەسی جنێودەر لە ڕێگەی جنێوەکانییەوە بەنیازە پیسی بکات. لە کۆمەڵگای کوردیدا هەتا ساتە وەختەکانی ئێستاکەش شەرەف و سێکسوالێتی ژن بەجۆرێک بەناو یەکدا چوون کە مەحاڵە لەیەکتری جیابکرێنەوە.
سەرتاپای رۆمانی "نەفرەتی نەوبەهاران" نمایشکردنێکی ڕوون و ئاشکرای ئەم کاریگەرییەی سیکسوالیتێتی ئافرەتە کە لە جەستەی رووتی ئەودا، هەموو لایەنە دەرگیرەکان کە لە خزم، بنەماڵە، سیستەمی داد ، پۆلیس، هۆز، دەستگای جەنگی کۆمەلگا و پیاوانی ئاین پێکهاتوون، هەموویان لە بەرانبەریدا لە کارو کاردانەوەی خۆیاندان تا ئەم شەرەفە لەکەدارکراوە بکڕدرێتەوە، کەسانی دی پێوە بکوژرێت یان شەرەفی ئەوانی دیکەی پێلەکەدار بکەن.
لە کاتێکدا لە بەرانبەر نەفرەتی ئەم جەستە رووتەدا: " بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە"، دەبێتە شا پەیامی رۆمان ولە ناو تەمومژەکانی ئەم دەربڕینە شیعارئامێزەدا، ئەوەی کە کرۆکی ئازادبوونی ئەم جەستە رووتەیە لە دەست جەبرەکانی سیستەمی شەرەف، ئەوەی کە ئەم نەفرەتە لەشوێنێکدا تێکبشکێنرێ، ئەوەی کە ئەم وێنە رووتە چەندبارە سووتێنراوە توانای گەرانەوەی نەبێ وقوربانی دیکە نەچنێتەوە، لە گرەوی بەدەستهێنانەوەی ئازادی ئەم جەستە رووتەدایە بۆ بوونەوە بە خاوەنی خۆی کە کولتوری شەرەف، دەمێکە خاوەندارێتی ئەوی لەو سەندۆتەوە و داویەتی بە کەسانی دیکە.
بەکورتییەکەی، بۆ ئەوەی ئازادی بەدەستهێنانەوەی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ و سێکسوالیتێتی خۆ، ئازادبوون لەدەستی بەهاو پێوەرە کۆمەلایەتییەکانی کولتوری شەرەف، نمایشێکی زەقتری ناو رووداوەکانی رۆمان بێت، بە تایبەت لەبەرانبەر خێڵی شەرەفپارێزان و رووداوە خوێناویەکانی ناو چیرۆکدا کە گەورەترین ڕووبەرەکانی ناو لاپەرەکانی رۆمان داگیردەکەن، دەبوا دەنگی ئەم ئازادییە، ئازادی خاوەندارێتی بۆ جەستەی خۆ، بەجیا لە وتنەوەی تاکە دیڕێک: " بە بێ ئازادی شەرەف بونی نییە"، جێگایەکی لە رۆماندا پێببەخشرایە، کە جێی داخە بە تەواوەتی ونە. ئاخر ئەگەرئازادی چەند چەمکێکی بەرین و گشتیگیر بێت و چەندەها پێناسە لەژێریدا جێگای بێتەوە، ئەوا لە پەیوەند بە کولتوری شەرەفدا، مانایەکی دیکەی نییە جگە لە ئازادی بەدەستهێنانەوەی جەستە و سیکسوالیتێتی خۆ. ئەوە لەگەل بەدەستهێنانی ئەم ئازادیەدایە کە سەرتاپای سیستەمی شەرەف بە مانا کوردییەکەی، هاڕەدەکات. لێرەدایە کە نەفرەت چیدی ناتوانێ نەفرەتێکی ئەزەلی بێت و وێنەی ڕووت دەکرێ تەنها وێنەیەکی ئاسایی جەستەیەکی ڕووت بێت و بنەمالە و هۆز و نەتەوە ناتوانن چیدی زمانحاڵی خاوەندارێتی خۆیان بۆ وێنە و جەستەکەی بە ئەرکی خۆیان بزانن.
بەلام ئایا ئەمە داواکردن نییە لە بەختیار بۆچی ئەم دەنگەی کە یەکێک لە پالەوانەکان ببێتەوە بە خاوەنی جەستەی خۆیی و ئەم چەندبارە بونەوەیەی وێنەیەکی رووت ساڵەکان نەبەزینێت و لە شوێنێکدا ماناکانی خۆی لەدەست بدات، وەک داوای ئەلتەرناتیڤکردن لە بەختیارلێکنادرێتەوە؟
بە بڕوای من، ئێمە لە کۆمەلگای کوردستاندا، شایەتی خوێناویترین کەیسەکانی کوشتن و شەرەفشکاندین کە هیچیان لە چارەنووسی پالەوانەکانی ناو رۆمان کەمتر نین. تەوزیفکردنی ئەم تراژیدیا خویناوییەی کۆمەلگای کوردستان لە ئەدەبدا بەو شیوازەی کە لە کۆمەلگادا هەیە و نەبوونی نیگایەکی دیکە کە تەواو پێچەوانەی بەها و پێوەرە کولتورییەکانی بەرهەمهێنانی نەفرەتی نەوبەهارانە، ئەرکی نووسەرە و لە پەیوەند بە توانا و لیهاتوویەکانی بەختیاردا، چاوەروانییەکی هەتا بڵیی سادەیە.


بەختیارعەلی و کارل یوهان ئالمکڤیست

ساڵی 1839 ی سویده‌، "سارا"ی کچی کابرای شووشه‌چی له‌ که‌شتییه‌کی نێوان (ستۆکهۆڵم) و (لیدشۆپین)دا موسافیره‌. ئەم سەفەرە چەند رۆژێکی پیدەچێت و به‌ هۆی درێژی سه‌فه‌ره‌که‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ سه‌ربازێکی سه‌ر که‌شتیه‌که‌دا په‌یدا ده‌کات. کاتێک دەگەنە دوا ویستگەی خۆیان، "سارا" داوا لە "ئەلبیرت" دەکات کە ئەم پەیوەندییەیان بخەنە فازێکی ترەوە و بەیەکەوە بژین. ئەو دەتوانێت بگوێزێتەوە بۆ ماڵی "سارا" و درێژە بەم پەیوەندییە خۆشەویستییە بدەن. "ئەلبێرت" لەسەرەگێژەیەکی سەیردا تیا دەمێنێت و دەپرسێ: دەکرێ دووکەس بێ گرێبەستی هاوسەری و مارەکردن لە کلێسادا، بچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە؟ ، "سارا" له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: به‌ڵێ ده‌بێ.
“به‌ڵێ ده‌بێ” ناونیشانی رۆمانه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی نووسه‌ری سویدی" کارل یوهان ئالمکڤیست"ه‌ لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا. بەلام کاردانەوەکانی کۆمەلگای کۆنسیرڤاتیڤی ئەوسای سوید، وەلامێکی تووند بەم رۆمانە بچووکە دەداتەوە و بانگەوازی: نەخێر نابێ، دەبێتە مانیفێستی دژە دەنگی "سارا"ی "ئالمکڤیست".  
ئەوەی "ئالمکڤیست" لە رۆمانی"بەڵی دەبێ"دا دەیکات، سەرنجدانە لە خۆشەویستی، لە سیکس لەدەرەوەی خێزان و هاوسەرگیری لەدەرەوی کلێسادا، بەلام بە گۆشەنیگایەکەوە کە تەواو پێچەوانەی ئەو نۆرم و بەها زالانە بوو کە لەسەردەمەکەی ئەودا لە ئارادا بوون. گۆشەنیگایەک کە سەد ساڵ لە دوای مەرگی خۆیەوە، دەبێتە نۆرم وبەها و کولتوری باوی کۆمەلگا.
بەختیار لە "نەفرەتی نەوبەهاران"دا، دەکرا و دەیتوانی کۆمەلگای کوردی، لە رێگەی یەکیک لە پالەوانە کچەکانی نێو ڕۆمانەوە، لە رێگەی ئازادی جەستەیەکەوە کە دەتوانێ رووت بێت وەک ئاماژەیەک بۆ پراکتیزەکردنی رووت و ئاشکرای ئازادی، وەک دەنگێک لە دەرەوەی بەها وسیمبوڵ و کۆدەکانی باوی شەرەفی کوردییەوە، بانگبکردایەتە ئایندەیەکەوە کە نەفرەتی نەوبەهاران، چیدی نەفرەتێکی ئەزەلی نەبێت.


دوا وتە

بۆ "تۆنێۆ"ی دراماکەی "والتەر سێلس"، وەختیک لە عاشقبوونیدا بە یەکێک لە کچە قەرەجەکانی ئەو خێڵە قەرەجەی بارگەیان لە شارێکی نزیکی کێلگەکانی ئەوانەوە هەڵداوە، بەجۆرێک سەرقاڵ دەبێت کە پاراستنی خۆی و براکەی بە تەواوەتی لە بیر دەچێتەوە. تا لە کۆتایی فیلمدا، بنەماڵەی خاوەنمۆلک زەفەر دێنن و برا بچووکەکەی دەکوژن. ئەو ملكەچ لەبەرانبەر باوکدا دووبارە ڕادەوەستێتەوەو دەبێ چەکی تۆلە بکاتەوە شانی. وەختێک دەگاتە سەر دووریانی بەرە و ماڵی خاوەنموڵک رۆیشتن تا تۆڵەی برابچووکی خۆی بکاتەوە یان ڕیگای بەشوین خێڵی قەرەجەکاندا بگرێ کە بارگەیان بەرەو شوێنێکی پێچاوەتەوە، ئەو رێگای دووهەمییان هەلدەبژێرێت.
وەختێ منیش لەگەڵ کچەکەمدا دەکەوینە گفت و گۆ، بە تایبەت کاتێک هەردوولامان هەمان کتێبمان خوێندبێتەوە تا لە تێگەیشتنی ئەوەوە تێروانینی خۆم بۆ کتێبەکە فراوانتر بکەم، لێیدەپرسم: دوای تەواکردنی" نەفرەتی نەوبەهاران"، چی دەبینێ؟ ئەو چاوەکانی دادەخات و دەڵێ: " من ئێستا کچێکی بالابەرزی کراس گوڵگوڵی کاوبۆ لەبەر دەبینم کە گەیشتۆتە قەڵەباڵغترین شەقامی شار. ئەو سەرنجی هەموو ڕێبوارانی شەقام بەلای خۆیدا ڕادەکێشێ. لە شوێنێکدا کە ناوەراستی گؤرەپانەکەیە، رادەوەستێ و لە دەووروبەری خۆی دەڕوانێ. لە تەنیشت شۆستەی نزیکی ڕاوەستانی ئەوەوە، پیرەمێدێکی پاکەتفرۆش دانیشتووە. لە روخساریدا، دەڵێی هەموو مەینەتەکانی سەدەی لە چرچ و لۆچی دەموچاو و دەستەکانیدا، هەڵگرتووە. کوڕێک لەبەرانبەریدا چەماوەتەوە و داوای پاکەتێکی جگەرە دەکات. دەنگەدەنگی ناو شەقامەکە تا بێت بەرزو بەرزتر دەبێتەوە. چاوەکان دەچنە سەر کیژی ڕاوەستاوی ناو جەرگەی بازاڕەکە. ئەو دوگمەی دوومی کراسەکەی کردۆتەوە وکەمێک لە ستیانەکەی دەبینرێ. پاش کردنەوەی قۆپچەکانی سەردەستی، بە هێواشی، بێگوێدانە قەلەباڵغی شەقامەکە، کراسەکەی دادەکەنێت و لە نزیک پێلاوەکانییەوە دایدەنێ.
" بسمیللا، کچەکەم ناکرێ خوا عەقڵی لێسەندبیتەوە؟ ژنێکی عەبابەسەری نێو حەشاماتەکە وادەڵێ. "قەحبەی رووداریشمان بینی"، دەنگێکی دیکەیە و بەجۆرێک دەیڵێ تا زۆرترین کەس بیبیستێ. دەنگە دەنگی ناو گۆرەپانکە لە هەڵکشاندایە. ژنێک عەباکەی سەرسەری خۆی دادەکەنێت و بە پەلە خۆی دەگەێنێتە کچەکە و دەیەوێ جەستەی روتی کیژەکە دابپۆشێ. کچەکە عەباکە لەخۆی دەکاتەوە و هەنگاوێک لە شوێنەکەی خۆی دووردەکەوێتەوە. دەستدەبات و دووگمەی کاوبۆکەی دەکاتەوە و بە هێواشی پانتۆلەکەیشی دادەکەنێ و دەیخاتە سەر کراسەکەی. کۆمەڵیک ژن لێی نزیکدەبنەوە و دەیانەێ دەوری بگرن و لە چاوی حەشاماتەکەی دووربخەنەوە. کچەکە بە قەلەمبازێک خۆی لە بازنەی ژنەکان دەردێنێت و چەند مەترێک لەولای ئەوانەوە بە روتی ڕادەوەستێ. ئێستا ئەو تێکستەی کە بە رەنگی سوورلەسەر سنگی نووسراوە، بەتەواوەتی دەبینرێ. لە تاتوویەک دەچێ کە خۆشنووسێکی بە توانا نووسیبێتی.
" دەورگرتنی چی، ئەو قەحبەیە ڕەنگە ئێستا لایڤێکیان بۆ کردبێتەوە و کەسێ بۆی پەخشدەکات. ئەو نایەوێ نەبینرێ. کاری ئەم دەڵەقۆرە ڕێک ئەوەیە، ئێوە عەزیەتی خۆتان بۆ دەدەن؟" ، پیاوێکە و لەگەل ئەو ژنانەدا دەدوێ کە لە شڵەژانی خۆیاندا نازانن چی بکەن. بازنەی دەوری کچەکە پڕە لەو دەستەبەرزراگیراوانەی کە کامێرای تەلەفۆنەکانییان کردووەتەوە و فیلم و ڤیدیۆی ماجەراکە دەگرن. تەنانەت کوڕەی پاکەتکڕی بەردەمی پیرەمێردەکەیش لە سەرقاڵی وێنەگرتنی خۆیدا ئەوەی بیر نییە کە خەریکی کرێنی جگەرە بووە و پیرەمێردی لە پشت خۆیەوە لەیادکردووە. پۆلیسەکان دێن و بە پەلە کچەکە دەخەنە ناو سەیارەکەیانەوە. لەناو تاریکی سەیارەی پۆلیسەکەدا، تێکستی نووسراوی سەرسینەی کچەکە دەدرەوشێتەوە و دەڵێی بە بۆیەیەکی وا نووسراوە کە لە تاریکیدا زیاتر ببینرێت. لەناو غەڵبەغەڵبی ڕێبوارانی سەرشەقامدا کە هەریەکە و لەگەڵ کەسی تەنیشتیی خۆیەوە لە قسە و باسی ئەوەدان کە چی ڕوویدا و کچی کێ بووە...، کوڕەی پاکەتکڕ، ڕوودەکاتە پیرەی پاکەتفرپش و دەڵێ:" ببوورە مامە گیان! چەند دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بوو، تکایە چەند دەکات؟ پیرەمێردەکە دەڵێ:" من لەبەر قەلەباڵغییەکەی دەوری کچەکە نەمتوانی ئەوە ببینم لەسەرسنگی ئەو نووسرابوو، دەکرێ پێمبڵیی چی بوو؟
کوڕەکە مۆبایلەکەی دەردەهێنێت و بە پەنجەکانی وێنەکە گەورەتر دەکات ودەڵێ: " من خاوەنی جەستەی خۆمم. من بڕیاردەدەم چۆن ببینرێ و کێ بیبینێ. تۆ ئەگەر بە جەستەی ڕووتی من دەروونت گڕدەگڕێ و پڕدەبی لە نەفرەت، دەکرێ چاوەکانت دابخەیت. من بەرپرسیاری بینینی تۆ نیم. ئەوە تۆیت خاوەنی چاوەکانی خۆتیت، منیش خاوەنی جەستەی خۆمم، لە ژێر تێکستەکەیشدا نووسراوە، زۆزان گێلاس." پیرمێردەکە زەردەخەنەیەک دەکەوێتە سەر ڕووخساری وچاوەکانی پڕدەبێت لە فرمێسک." کوڕم بڕۆ و داوەتی منی". هەرزەکارەکە دەستی مامە پیرە دەگوشێت و دەڕوا. پیرەمێردەکە لەبەرخۆیەوە ورتە ورتی دێ." دەکرێ چاوەکانت دابخەی، دەکرێ چاوەکانت دابخەی"