چەند دێڕێک لە :
ئازادی و بیرکردنەوە
بۆ ئازادی لە دونیای ئێمەدا هەمیشە لە قەیراندایە

هەموو شتەکان لە بیرکردنەوە لە مانای ئازادییەوە دێنەدەرێ. لە هەر جێگایەکدا بیرکردنەوە لە مانای ئازادی نەبوو، هیچی گرنگی دیکەش نییە. بیرکردنەوە لە ئازادی، نەوەک دروشمی ئازادی ئەوە گرنگترین و سەرەکیترین جیاوازیی نێوان کۆمەڵگاکان و قۆناغەکانە. کۆمەڵگا هەیە دروشمی ئازادی هەڵدەگرێت بێئەوەی بیری لێبکاتەوە، کۆمەڵگاش هەیە ئازادی دەژی و لە ئازادی ڕادەمێنێت بێئەوەی بیگۆڕێتە سەر دروشمی قەبە و زل. مێژووی ئێمە مێژووی دروشمەکانی ئازادییە نەوەک مێژووی بیرکردنەوە بێت لە ئازادی. دەبێت جیاوازییەکی گەورە بکەین لە نێوان دروشمی ئازادی و بیرکردنەوە لە ئازادی، بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادی هەرگیز بەو مانایە نییە یەکێک هەیە و بە ڕاستی بیری لە ئازادی کردۆتەوە. مێژووی ئێمە بە کۆ لە سەردەمی سەرهەڵدانی بزاوتی ناسیۆنالی مارکسی کوردییەوە تا ئەمڕۆ و لە کۆی بەرەکانیدا مێژووی درۆکردن و خۆدزینەوەیە لە بیرکردنەوە لەم چەمکە، مێژووی بەرزکردنەوەی دروشمی ئازادییە بێئەوەی ئەم دروشمە لە ڕاستیدا ناوەرۆکێکی هەبێت، یاخود لە سنووری ململانێی سیاسیانە لەسەر دەسەڵات یان لەگەڵ دەسەڵاتدا تێپەڕیبێت.


……..
سەرچاوە: خۆڵەمێشی قەقنەس، چاپی یەکەم، ٢٠٢٣