سینەی پڕ ئاهم .. هەورێ تیا دەگری و
لە چاوانمەوە.. باران داناکا!
عومریشم .. بەفری بەر هەتاوێکە..
هەر ئەبێ بە شوێن مردنا ڕاکا
*
کێ بێ پایزی دڵی ئاوارەم..
بنێتە کۆشی قرمزیی بەهار؟
کەشتیییەکی وێڵ لە دەریای تووشا..
تۆ بڵێی ڕۆژێ بگاتە کەنار؟
*
با خۆم گێل نەکەم.. منی غوربەتیی..
کەنارم تۆف و شەستەبارانە
کەس ناگری بەسەر ڕوخساری منا..
تەم و مژێکی دەم ئێوارانە
*
بۆ شادمانیی زۆر کورتە تەمەن..
بۆ کوێرەوەریی.. نابڕێتەوە
چۆن گڕ ناگرێ بەفری بەرهەتاو؟..
خۆ دوای چەند ساتێ.. سەرئەنێتەوە!
*
بەفری بەر هەتاو .. چییە جوانیییەکەی..
گەر خوێن نەهێنێ لە دەستی گزنگ؟
ئەگەر نەبێتە جەنگەڵی هاوار..
کە تووانەوە عومری نایە چنگ
*
ئای چەندە مەیلم لە گریانێکە..
دڵ و جەرگمی تیا بتوێتەوە
تەنیام و تەنیا.. کەس نیە باوەش..
بۆ ئەم ئازارەی من بگرێتەوە
*
لە تاو تەنیایی.. دوێنێ نیوەشەو..
چووم سەگێکی مات بگرمە باوەش
چاوانی ئەتوت گەڵای پایزە..
ئەویش جێی هێشتم.. تف لە بەختی ڕەش
*
شەو نیوە شەوان.. پیاسەی نیوەشەو..
سەگێک ئاشنا بە ڕۆیشتنی ڕێم
چاوم ئەبڕییە چاوانی زەردی..
چەمی عاتیفەی ئەڕشتە بەر پێم
*
لەبەر ڕەهێڵەی برسێتی یا .. ئای..
ڕەنگە ئەو سەگە ئێستا مردبێت!
بە دەم هەناسەی گیان دەرچوونەوە..
یادێکی منی تەنیای کردبێت!
*
گوڵی چەند هەورێ.. وا بوو بە چەپک..
بروسکەیەکیش بوو بە گوڵدانی
گوڵدان ئەشکێت و بە هەناسەیەک..
باڵام تەڕ ئەکا.. تاوە بارانی
*
لە پاسارێکا چۆڕاوگەی باران..
موچڕکە و تەزوو دێنێ بە لەشما
ئەو ڕۆژانەم بیر ئەکەوێتەوە..
نیگای پشکۆ بوو لە خوێنی گەشما
*
ئەو ڕۆژانەم بیر ئەکەوێتەوە..
دڵم بەفر بوو .. نیگام زەردەپەڕ
تلیاک بە خوێنم نائاشنا بوو
نە ئەشکی گەرم .. نە کسپەی جگەر
*
لێک جیابووینه‌وه بێ ماڵئاوایی..
خه‌ونه‌کانم بوو به ته‌م و دوکه‌ڵ
دڵ وێرانه‌یه و جێی کونه‌به‌بوو..
شینێ بگێڕم بۆ جریوه‌ی مه‌ل!
*
ببم به سۆفی و له سارایەکدا..
خه‌و به ڕوخساری خواوه ببینم؟!
ئاخۆ له نووریا ئهمشارێتهوه..
گوێ ڕائه‌دێرێ بۆ سه‌دای شینم؟
*
ببمه ڕاهیب و له‌ناو دێرێکا..
له‌گه‌ڵ لێدان و زرنگه‌ی زه‌نگا
شیوه‌ن که‌م به‌سه‌ر ڕه‌ش پۆشیی خۆم و
په‌یکه‌ری عیسای مات و بێ ده‌نگا
*
ئه‌ی له‌که‌نیسه‌ی سۆز و ئهسرینما..
ڕاهیبه‌یه‌کی چاو کاڵی ڕه‌شپۆش
یه‌ک یه‌ک مۆمه‌کان دائه‌گیرسێنێ و
دڵی ته‌زیوی من ئه‌گرێته کۆش؟
*
ساتێ ئه‌چمه ژێر چه‌تری باران..
سیمای (دێرینی)م دێته‌وه به‌ر چاو
ساتێ هه‌وره‌کان ئهڕهوێنهوه..
ئه‌ویش ون ئه‌بێ وه‌ک تنوکێ ئاو
*
خۆزگه ئه‌متوانی له ناو پێکێکا..
ئا.. ئه‌و هه‌ورانه گشت بخۆمه‌وه
به پله‌ی په‌یژه‌ی بروسکهیهکا..
سه‌رکه‌وم.. به گڕ دڵ بشۆمه‌وه
*
ئێواران سه‌رم ئه‌بێته سوتو..
له ساو سێبه‌ری دره‌ختی ئه‌شکا
دره‌ختی گریه‌م.. لق و چڵی ڕووت..
کێ چه‌ند گوڵێکی خه‌نده‌ی لێ به‌شکا؟
*
خه‌ڵکی به شێتیان ئهدامه قه‌ڵه‌م..
ئاخ ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌به‌ر بارانا
دڵی پڕ ئه‌شکم.. ئهتووایهوه..
له چاوه‌ڕوانیی ده‌م ئێوارانا
*
خه‌ڵکی به شێتم ئه‌ده‌نه قه‌ڵه‌م..
نازانن که من (با) ئه‌خوێنمه‌وه
تنۆکێ باران حه‌رفی شیعرمه و
ئاگری عه‌شق چۆته خوێنمه‌وه
*
خۆزگه ئه‌متوانی گڕ له خۆم به‌رده‌م..
دوكهڵم ببێ به‌تارای سه‌ر ڕووت
یان بمرم و سه‌گ له لاشه‌م تێر بێ..
دنیای ڕوانینم مردنه و تابووت
*
تابووتێ به به‌ر ده‌مما ڕاده‌برێ..
ئاخۆ سه‌ر به چ ماڵێکا بکا؟
له چ کوختێکی سارد و ته‌زیوا..
ڕه‌شه‌بای گه‌رمه‌شینێ هه‌ڵبکا؟
*
نه‌ء.. تۆ بڵێ ئه‌و ته‌خته‌ی تابووته..
ته‌رمی چ سهوزهدرهختێکه.. ئای؟
لانکه‌ی چه‌ند مه‌لی لانه‌واز بووه..
چ شۆخێ بووه چ زامێکه.. وای؟
*
ئهرخهوانێکم دێنێته‌وه یاد..
به گۆڕستانێک چۆڵ و سارده‌وه
چرپه‌ی دوو دڵی نامۆ و ته‌زیوی..
له گه‌رده‌لولی شار ئه‌شارده‌وه
*
ئه‌و ئه‌رخه‌وانه.. ده‌مه‌و ئێواران..
ئه‌چوینه ژێری و بارانی چرپه
ئه‌بووه ئارامگا و گه‌رده‌لولی شار
دڵی نه‌ئه‌کرد به بێشه‌ی خورپه
*
ئه‌یوت.. بڕوانه ئه‌و خامۆشییە..
مه‌زار به‌هه‌شتی خۆشیی نه‌دیوه
دره‌ختی مه‌یل و شه‌ڕ و ئاژاوه..
له گۆڕا ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ڕزیوه
*
تا خۆڵه‌مێشی بکوژ و کوژراو..
له گۆڕا له یه‌ک جیا ناکرێته‌وه
مردووه‌کان مه‌ستی خه‌وێکی قووڵن..
مه‌لی ئه‌شک.. باڵی تیا ناگرێته‌وه
*
وێنه‌ی دوو دڵ و تیرێکمان هه‌ڵکه‌ند..
له‌سه‌ر قه‌دی ئه‌و دار ئه‌رخه‌وانه
توخوا تۆ بڵێی ئه‌و داره مابێ؟..
یان ئه‌ویش سوتوی سه‌ر گۆڕه‌کانه!
*
لهئێوارانا.. ئای ڕه‌نگه ئێستا..
له‌سه‌ر بنچکهکهی قه‌له‌ڕه‌شکه‌یه‌ک
هه‌ڵکورمێ و چاوی بڕژێنێ سیحری..
ڕق و نه‌گبه‌تیی و فیتنه و گهشکهیهک!
*
ئێواره‌یه‌کی پرتهقاڵیییە..
دنیای ڕوانینم نوقمی بارانه
دڵ به‌که‌ناری ئاوابوونه‌وه..
خوێنی لێ ئه‌تکێ.. که‌یلی گریانه
*
له دنیای دڵی سیاپۆشمهوه..
چاو خافڵ ناکه‌م قه‌ت له‌و هه‌ورانه
هه‌ور ته‌مه‌نی ئه‌داته باران..
باران هه‌ناسه‌ی به‌و جۆگه‌لانه
*
جۆگه‌له عومری ئه‌به‌خشێته چه‌م..
چه‌م بهڕوبار و.. ڕوبار به ده‌ریا
ده‌ریاش دڵی له مشتی خۆرایه و
نهێنی باران وا له‌ژێر سه‌ریا
*
دڵۆپی باران چه‌ندی سه‌وز ئه‌بێ و
لهغهریبیییا سه‌ر ئه‌نێته‌وه؟
چه‌ندی له له‌پی ده‌ستی ونبوونا..
ئه‌مرێ و که‌س ته‌رمی نابینێته‌وه!
*
دڵۆپی باران ته‌رمی مردووه..
یان مناڵێکه گڕوگاڵ ئه‌کا؟
ڕێژنه و ڕههێڵهگهرمهقاقایه..
یان گریانێکهم ماڵه‌وماڵ ئه‌کا؟
*
ئێواره‌یه‌کی مات و غه‌مناکه..
ڕوانینهکانمی تیا سه‌رگه‌ردانه
جارجار هه‌وره‌کان ئه‌بنه په‌نجه‌ره..
زه‌رده‌په‌ڕ ئه‌دا له‌ڕووی وێرانه
*
ئۆقره و ئیلهامم دارێکی وشکه..
نوقمی کزه‌بای بێ ئارامیییه
سه‌گ وه‌ڕی تاو تاو.. گرمه‌ی گه‌واڵه..
مۆسیقای دڵه‌ی پڕ سهرسامیییە
*
ئای چۆن به‌م هه‌موو ژانه‌وه ئه‌ژیم
که دڵم لانه‌ی دوپشک و ماره؟
به شێوه زیندووم.. مردووم له ناخا..
تۆ بڵێی مردن ببێته چاره؟
*
بێ ئه‌وه‌ی که‌سێ منی ناسیبێ..
سته‌مه لاشه‌م بچێته ژێر گڵ
ئاخ.. خۆزگه له ژێر کوختی شیعرێکا..
ئارامی ئه‌گرت گه‌رده‌لولی دڵ
*
داد بۆ خوا ئه‌به‌م.. نه‌هێڵێ بمرم..
تا خامه‌م ژانم ئه‌هۆنێته‌وه
وه‌کو چۆن ساڵان به‌تاڵی سپی..
یادی له قژما ئه‌نوسێته‌وه
*
مردن لێم گه‌ڕێ.. ئه‌مشه‌و خۆم ئه‌مرم..
تا شیعرێ بێنمه بوون و ژینه‌وه
له سهرابێکام.. خوێنم ئه‌سوتێ..
به سۆزی تاڤگه و چه‌می شینه‌وه
*
مردن پێم ئه‌ڵێ: تۆ ته‌واو شێتی..
وشه جێی ژانتی تیا نابێته‌وه
سه‌رخه سه‌ر سنگم.. چاوانت لێک نێ..
که‌س نیه فرمێسک بخوێنێته‌وه
*
کوا شیعرێ ژانی من بگرێته خۆی؟
شینم پێ بکه‌نێ به‌ده‌متانه‌وه
فرمێسکم سه‌رکا (تانجه‌رۆ)یه‌ک بێ..
بڕژێته گۆمی ویژدانتانه‌وه
*
ئاخ.. بۆ تانجه‌رۆش.. تانجه‌رۆی جاران..
تۆ بڵێی چاوم پێی ڕوون بێته‌وه؟
تۆ بڵێی قژی ماش و برنجیم..
به دیدارێکی ڕه‌ش ببێته‌وه؟
*
بیرمه مناڵ بووم له‌گه‌ڵ باوکما..
له ته‌نیشت پرده ڕوخاوه‌که‌وه
قولاپی ماسی گرتن له ده‌ستما و
قاچم ئه‌خسته ناو ئاوه‌که‌وه
*
ئای به مناڵیی.. به نوکی قولاپ..
چه‌ند کۆرپهماسی ناو تانجه‌رۆم کوشت؟
ماسیه‌کی ناو گۆمی ته‌نیاییم..
ده‌رگای مه‌رگ له خۆم که‌وتۆته سه‌ر پشت
*
من پرسه‌یه‌کم.. هیچ که‌س نامبینێ..
بێت و دانیشێ و فڕکا قاوه‌یه‌ک
وردبێته‌وه له ده‌ریای ناڵینم..
بگری بۆ مه‌رگی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک
*
ده‌ریای ناڵینم گۆڕستانێکه..
ئارامگای سه‌دان چه‌می سه‌ربڕاو
چه‌م قه‌ت سه‌رچاوه نابینێته‌وه..
به‌فری خۆزگهشم ڕۆیی بوو به‌ئاو
*
به سۆز و یادی هه‌واری باڵای..
زستانی پار بوو.. له ڕێبه‌ندانا
به‌فری به‌رده‌رگام کرد به په‌یکه‌رێ..
تا ته‌زوی ئۆخه‌ی بێنێ بهگیانا
*
نه‌ک ئۆخه‌ی هه‌ر ده‌م.. بۆ تاقه ساتێ..
به‌فرینه کچێ.. به‌فری ساردوسڕ
شێوه‌ی بنوێنێ و هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌ی..
ده‌ماره‌کانم پڕ بکا له گڕ
*
شه‌و (با) هه‌ڵکات و بیبه‌ستێ په‌یکه‌ر..
تاکو یه‌ک دوو ڕۆژ.. بمێنێته‌وه
به‌رله‌وه‌ی خۆر چنگ له سینه‌ی گیرکا..
عومری جوانیی لێ بسێنێته‌وه
*
شه‌و نوستم.. سبه‌ی.. کاتی چێشته‌نگاو..
بوو بوو به هه‌ڵم په‌یکه‌ری باڵای
له‌و ڕۆژه‌وه من له تیشکی ڕۆژا..
وێڵم بۆ ورشه و پرشه‌ی نێو نیگای
*
جوانیی ته‌مه‌ن کورت.. عه‌شقێک ئه‌به‌دیی..
بۆ زه‌رده‌په‌ڕێ له ئاوابوونا
وانه‌ی مه‌شقێکی بێ کۆتایییه..
له جوان په‌رستیی دڵه‌ی زه‌بوونا
*
ئۆف دنیای جوانییش.. مۆمی کوژاوهم..
خۆی تیا ئه‌نوێنێ.. دیمه‌نێکی په‌ست
سیمای په‌پووله‌ی هه‌ڵقرچاوی شه‌و..
له تهماشاما.. گریانێکه خه‌ست
*
مۆمیش.. ته‌مه‌نی.. کزه‌ی.. سوتانی..
بارمته‌ی ده‌نکه شقارته‌یه‌که
هه‌ر ده‌ستێکیش بێ دایبگیرسێنێ
باعیسی مه‌رگی په‌پووله‌یه‌که
*
چه‌ندین شه‌و له‌سه‌ر نزرگه‌کان من..
بوومه کۆی زوخاڵ.. سوتام وه‌کو مۆم!
له‌سه‌ر نزرگه‌ی دڵ.. مشایهخێ..
مۆمێکی نیگای دانه‌گیرسان بۆم
*
من میراتگری سه‌دان پایزم..
هه‌تاوی خه‌می من ئاوا نابێ
هه‌تاوێک سارد و سڕه وه‌ک مردوو..
ڕه‌نگه بوونیشم فرمێسکی خوا بێ!
*
خوا گه‌وره‌یی خۆی به من به‌خشیوه..
بۆ ئازاره‌کان له هه‌ست کردنا
ئه‌و شه‌پۆلانه و کهشتیییەکی شڕ..
هه‌ره‌س ئه‌هێنم له خۆگرتنا
*
مردن گێژاوه.. بێ سه‌وڵه کهشتییم..
ڕێشم گه‌رداوی چه‌قۆ و خه‌نجه‌ره
چش له مردنم له‌م ڕێ تووشه‌دا..
گه‌ر گۆرانیییهک بێ به‌په‌نجه‌ره
*
چی سامناکتره.. چی غهمناکتره..
له منێکی ته‌نیای ناو دورگه‌یه‌ک چۆڵ؟
گیانێکی ماندوو.. هه‌ستێکی (نالی)..
خۆزگه‌ی ماچێکی ده‌شتی (خاک و خۆڵ)
*
کێ بۆ خه‌زانی عومری من ده‌گری؟..
کێ به‌دیی ئه‌کا گه‌ڵا ڕێزانی؟
پایز فرمێسکه له چاوی هه‌ورا..
کوا هه‌وری من و قوڵپی گریانی؟
*
تاکه په‌ناگام پایزه و کزه‌ی
شینێ له دڵما کهف و کوڵیهتی
کێ له‌به‌ر کۆستی منا خۆی ده‌گرێ؟
دڵم بولبوله.. پایز چڵیهتی
*
ده‌مه‌و پایزان ڕوو له شێت بوونم..
پایز که‌نیسه و خه‌ڵوه‌تگای منه
ترپه و لێدانی دڵ خهزانێتی و
له ڕوانینی چاوانتا ونه
*
پایزم زامه و هه‌میشه‌یییه..
ڕوخساری به‌هار نایشارێته‌وه
له قوڵاییما.. گه‌ڵاڕێزانه..
زریانی ناخم نابڕێته‌وه
*
من بۆچی نه‌مرم؟ بۆ نه‌بمه هه‌ورێ؟
تێر بگریم به‌سه‌ر باڵای ئازیزا
بۆ ئازیز ڕۆیی و له من ناپرسێ؟..
تهمێکم له ناو کۆشی پایزا
*
بۆ به سوتوی دڵ چاوی ناڕێژێ؟
بۆ نامداته به‌ر کزه‌بای ئاهێک؟
بۆچی بۆ ژووره سارد و چۆڵه‌که‌م..
ناکاته دیاریی په‌نجه‌ره‌ی ئاخێک؟
*
بۆ دڵ شمشاڵه و ناڵیین ئه‌یژه‌نێ؟..
بۆ ئه‌و ناپرسێ له ئاھ و خورپه‌ی؟
له دارستانی سه‌وزی بیستنما..
بۆ خامۆش بووه چۆله‌که‌ی چرپه‌ی؟
*
له نسێی مه‌رگا.. گینگڵ ئه‌ده‌م و
دڵم هه‌ر له لای چرپهکانێتی
حه‌ز و ئاره‌زوم چۆله‌که‌یه‌که..
کزه‌بای پایز نیشتمانێتی
*
پایز له دنیای شیعری وێڵ بووما..
ئاسمانێکی پڕ له گه‌رده‌لووله
پایز له خوێنما مۆمه و ئه‌سوتێ..
پایز له دڵما زامێکی قووڵه
*
پایز بوو کاتێک بڵێسه‌ی نیگای..
گڕی به‌ردایه هه‌وری ساردی دڵ
پایزی نیگای هه‌ڵوه‌ری و ڕۆیی..
خۆشه‌ویستیمی نایه کۆشی گڵ
*
ده‌ک پایزم ڕۆ.. وه‌رزی شاعیریی..
دڵ گه‌ڵایه‌که وا له‌به‌ر (با)دا
که هاناش ئه‌به‌م بۆ پایزی ناخ..
تامی پایزی چاوانی نادا!
*
بۆ چوار وه‌رزی ساڵ نابێته پایز؟..
تا نیگای ئه‌وم هه‌رده‌م نیشان دا
ئه‌و نیگایه‌ی له سنگما ئه‌سوتێ و
چه‌خماخه ئه‌دا له ناخی گیاندا
*
پایز بوو.. باران نم نم ئه‌باری..
نیگای چاوانی پایزیی و مه‌ستی
وه‌ک چه‌م ڕژایه ده‌شتی گیانمه‌وه..
ده‌ستی خۆزگه‌می خسته ناو ده‌ستی
*
باران ئه‌باری و ژێر چه‌تری پاسێک..
بۆ یه‌که‌م بینین بوو به ژوانگه
بوو به په‌نجه‌ره بۆ سه‌ر گۆڕه‌که‌م..
لێم ون بوو.. ڕۆیی.. ڕوخا ڕوانگه
*
ئاخ بۆ ده‌ستێکی پڕ له میهر و سۆز..
بوونم ئهشکێکه به گلێنه‌مه‌وه
شیعرم وه‌ک پایز هه‌تیو که‌وتووه و
پایزیش دیاره به وێنهمهوه
*
داوای شیعرێکی سه‌وزم لێ مه‌که..
به‌هار له عومری من بێ بهریییه
بڕوانه قژی ماش و برنجیم..
که ده‌فته‌رێکی کوێره‌وه‌ریییه
*
پرسه‌یه ئه‌گرم بۆ ئه‌م پایزه..
چه‌ند خۆشه له‌به‌ر شه‌سته بارانا
له‌سه‌ر ئه‌و گه‌ڵا زه‌ردانه بمرم..
له‌سای به‌رامه و بۆی چنارانا
*
ڕۆژێکی پایز.. مه‌ست بووم.. ئه‌له‌رزیم..
له‌ناو باخێکا نوقمی خه‌زان بوو
هاوڕێیەک کۆشێ گه‌ڵای داگیرسان..
گڕی گه‌ڵای زه‌رد بۆ تینی گیان بوو
*
له‌یلاکه‌م چاوی دوو گه‌ڵای زه‌رده..
وتم.. تۆ چیت کرد ئه‌ی هاوڕێی ئازیز؟
ئه‌و کۆچی کرد و تۆش چاویت سوتان..
بۆ گڕ به‌ر ئه‌ده‌ی له گه‌ڵای پایز؟
*
تو خوا گه‌ر مردم.. گه‌ڵا کفنم بێ..
ده‌میشم پڕکه‌ن له گه‌ڵای وه‌ریو
تابووت و گۆڕم چڵی پایز بێ و
ته‌رمم مه‌نێنه ناو خاکی ته‌زیو
*
خۆ پایزیش خۆی.. گه‌ڵاڕێزانی..
ڕائه‌کشێ له‌ناو تابووتی (با)دا
مردنێکی بێ پرسه و گڵکۆیه..
هاواره و ده‌نگی ناگا به خوادا
*
حه‌ز ئه‌که‌م پایزی عومرم..
هه‌ور بێ له چاوی ئاسمانا
گریانێک بێ.. بێ کۆتایی..
سه‌مایه‌ک بێ له سوتانا
به‌سره - پایزی 1980
شیعرەکانی به‌ر له‌م شیعره، واتە له شیعری (ئه‌شکی ئێواره)وه‌تا ئه‌م شیعره، له‌نێوان ساڵانی (1977 - 1980) نوسراون.