ئێوارەیك هەواڵم بۆدێنن
كەتۆ دەگەڕێیتەوە بۆ شارو
هەموو دیوارەكان ئەكەیت بە دەرگا
شەقامەكان ئەسپێریت بە فەرامۆشی
بەڵام من وەك كۆترێكم لێهاتووە
عیشق پەڕو باڵی كردبێت

*

تۆ دیار نەمایت
لەباو بۆران و
هەوری پایز هەواڵم پرسیت
لەئێوارەی یادگاریەكان و
گەڵای سەماكەری دەم كزەبا
سۆراخم كردیت
من خەریكبووم ناو خەیاڵی كتێبەكان و
باخچەی فریشتەكانی خواو
سەر زەمینە نەدۆزراوەكانت بۆ دەگەڕام
بەڵام تۆ لەبەلەمێكا خنكابوویت
بەڵێن بوو بتباتە سەرزەمینی ئاسودەیی

*

دوای تۆ
من جەنگەكانم بە دۆڕاندنی خەیانەت بردەوە
لەسەر مێزێك هەرگیز
من و خەیانەت پێكێك بادەمان نەنۆشی
ئێستاش من سەر كەوتوویەكی دۆڕاوم
وەك ئەو شارەی لەناو دوكەڵی كەلاوەكانیدا
ئاڵاكەی ئەشەكێتەوە

*

دائەنیشم و حەكایەتە كوژراوەكانی گەنجیم
بۆ پەڕەسێلكەیەكی سەر بڕاو ئەگێڕمەوە
عیشقی كۆنەساڵ لەنێو بێدەنگی شەودا ئەناڵێنێ‌
ئاشنایەتی من و ئەو ئەچێتەوە ناو خەیاڵی شیعرێك
من گوێم لەبریندارێكە هاوار ئەكات
بەهەناسەكانی پەروانەیەكی تەزیوو گەرم ئەكاتەوە
پەروانەیەك،
هەمیشە بەبرینەوە برین ئەنوسێتەوە
بای پایزیش فوو بەگەڵاو گوڵی جوانیا ئەكاو
وەكو پەپویەك لەسەر كەلاوەی ماڵی یار
ئاشوب ئەدا ئەكات
باشەقامەكان وەكو خۆیان تاریك بن دڵی من
نمایشی مەرگ خەریكە دەست پێئەكات

*

سەرم ئەنێم بەدرەختێكی ڕوتی پایزەوەو
سەیریشەقامێكی چۆڵ ئەكەم
پڕە لەئاوازی باو گریانی گەڵای كۆچكردوو
ئاگام لێیە دێوانەیەك لەو بەرەوە
جگەرەكەی ڕۆشن ئەكاو بای سارد ناهێڵێ‌
ئاگام لێیە شەقام تاریك دادێ‌‌و
مەرگ وەك چەتەیەكی جەربەزە پێم ئەڵێ‌:
دەست بەر زكەرەوە
پارەم لێت ئەوێ‌ نەك بیرە وەری
بەڵام من باكم بەدوری تۆ هەیە نەك نزیكی ئەو
تۆ ڕۆژێك دڵشكانمت لەگەڵ خۆت نەبرد بۆ پیاسە
تەنیایمت بەدم جگەرەیەكەوە نەكێشا
ئاگرێكت نەبینی لەناو شیعرەكانما ئەسوتێ
ڕۆژێك هەواڵی كڵۆڵیمت لەدەردە دارێك نەپرسی
ئێوارەیەك بەخەیاڵیش بەم بیماریەت نەزانیم

*

زەمانێك دێت لەسەر دیوارەكانی شار ئەنوسن
پیاوێك هەبوو پەرستاری دڵێكی هەزار جار شكاو بوو
پاسەوانی مەیخانەیەكی بێدەنگ بوو
خۆر بێئومێد بووبوو لەوەی پەنجەرەكەی بۆ بكاتەوە
بەپێی خاوسی
هەموو ڕۆژێ‌ هەتا ئەو سەری مەلولی ئەڕۆیشت
تەنها ئەم ڕستە میراتی ئەو پیاوە بوو
(كلیلەكان دەرگای جەهەنەم ئەكەنەوە نەك چارەنوس)

*

بەخودا ئیتر دڵی من
بەرگەی ئەم هەموو خەیاڵ‌و برین و
خوێن لێچونە ناگرێت، ڕوئیا
هەر ئەو پیاوەی ئێواران
بەلێوی كەمانێكی دڵتەنگ ئەگریا
كەمانچەژەنەكەی بەخەمی خەیانەت خۆی كوشت
ئێستا دڵی لەژیان ئێشاوە

*

هەموو شتێك بەبێ تۆ غەریبە
هەموو شتێك بۆنی شوێن پێی تۆی لێدێ‌
وەك ئەوەی تۆ بەگۆرانیەكی بێدەنگ
ژیانت پڕ كردبێت لەدڵتەنگی

*

وەكو دەستی مردویەك خۆڵی سەر گۆڕەكەی لابدات
تۆزی
سەر تابلۆكان دەسڕم
دەزانم تۆ لەناو چوار چێوەدا
ئەمشارەت پڕكردووە لە دیلێتی
وێنەیەك لەناو چوار چێوەدا
ئەم ماڵەی پڕ كردووە لە بۆن

*

سەختە گۆرانی وتن بۆ گوڵێك
 بەر لەپشكوتن هەڵوەری
مردن بەدیار كۆترێكەوە
بۆ تاقە جارێكیش بێت
بەسەر چڵێكی خەیاڵی ئێمەوە نەنیشت

*

یەشتا دێوانە دڵشكاوەكەی جاران
بەسەر شەقامەكاندا دەگەڕێت
ئەوەندە دڵی تەنگە ،
گوڵێكی پەژموردەش دڵی خۆش ئەكات
بەدڵێكی لاوازو دووچاوی كزەوە
شەقامەكانی نامورادی ئەگەڕێ‌
حەیففففف!
نە ئەو سەری بەماڵی خەیاڵی ئێمەدا كردو
نەئێمەش گوڵێكی حەقیقیمان دا بەئەو

*

من دەزانم
دڵی تەنگە وەك خۆر نشینی ئێوارەیەكی ماتەمبار
لەسەر سینەی ئەم شانۆ تاریكە
وەك  قەرجێكی دڵشكاو ئەجوڵێ‌
وەك سەماكەرێكی پیر دڵی خۆی ئەداتەوە

*

یەشتا وەك شەو پەرستێك
كەمانەكەی بۆ تاریكی ئەژەنێت
وەك حەماڵێكی شەكەت
هەزار سەدە مەینەتی بكاتە كۆڵ
پشكۆ لەسەر دڵی سارد ئەكاتەوە
بێتاقەتی لەمەستیدا ئەكێشێت

*

دوای تۆ باكم نەبوو چی ڕوو ئەدا
بە كۆڵ حەسرەتم بۆ ژیان ئەكێشاو
گوڵم ئەدایە دەستی بێهیوایی
مەرگ لەگۆرانیەكانما سەوز ئەبوو
عیشق لەناو دڵ پەروانەكانا ئەمرد

*

دوای تۆ
وەك ئەو گوڵانەی هەتا مردن دڵیان ئەشكاو
هەڵئەوەرین
وەك ئەو بیمارانەی لەنەخۆشخانەكاندا
كەسێكیان نەبوو لە ژور سەریانەوە دانیشێت
عیشق گیانی سپارد

*

ناڵەی ئەو شەوانەی بۆت ناردبووم
وەك گوللەیەكی وێڵ دەیپێكام
دوای تۆ سێبەری گۆڕێك داڵدەی نەدام
مردن ژیانی منی بەفلسە سورەیەك نە كڕی

*

من مردووم و تۆ ئاگات لێنیە
بەشی من لەم دونیایەدا
پێكێك خوێن و
كۆڵێك غەم و
مشتێك خۆڵەمێش بوو
ئێستاش كەخودا دەرگای بەهەشتت لێدەكاتەوە
لە دۆزەخی منا ئەسوتێی
كە خودا دەرگای بەهەشتت لێدائەخات
لەدۆزەخی تۆدا ئەسوتێم
تۆ بۆ عیشقێك ئەگریت
لەدەستەكانی منا سەوز نەبوو
من بۆ گوڵێك لەخەیاڵی كەسدا سەوز نەبوو

*

ئێستاش لەسەر خۆ خەریكە وێران دەبم و
كەس نایبینێ‌
ماڵەكەی من وەك دڵی تازیە بارێك كپ‌و خامۆشە
لەسەر شۆستەكان
سەیری سواڵكەرو كتێبەكان ئەكەم
ژورەكەی تەنیایشم
لەپرسەی سۆزانیەك ئەچێت