له ژێر چێشتخانه یابانیهکهوه، که سوشی خۆشیان هه‌یه، هۆڵێکی سینه‌مای بچکۆله هه‌یه؛ پێی ده‌ڵێن تریسکڵ. تریسکڵ، کورسیه‌کانی ڕه‌ق و کۆنن، ئه‌و فلیمانه پێشان ئه‌دات که زۆرکه‌م خه‌ڵک ئه‌یانه‌وێ بیبینن.
دوو ساڵ لهمهوپێش، ئه‌و کاته درێدا ته‌مه‌نی ته‌نها حه‌فتاو دوو ساڵ بوو، له کچێکی بچکۆله‌ی خه‌ڵکی کۆپنهاگنه‌وه ئیمه‌یڵێکم بۆ هات، "فلیمێک دێت ده‌رباره‌ی ژیانی درێدا، چاوی بۆ بگێره، شایسته‌ی بینینه". کچه‌که ناوی ئانیا-یه؛ له پاڵه‌وانی رۆمانه‌که‌ی پیته‌ر هۆگ ئه‌چێ که ناوی؛ سمێلا خان هه‌ست به به‌فر ئه‌کات. پیته‌ر هۆگ، خۆی خه‌ڵکی کۆپینهاگنه و رۆمانه‌که‌ش ده‌رباره‌ی ژنێ گرینلاندیه له‌و شاره‌دا. کۆپینهاگن له مانگی دیسهمبهرا که تاریکی تیایا وه‌ک ئاسمان بێکۆتاییه و هه‌موو شتێ تیا ئه‌یبه‌ستێ.
فلیمه بایوگرفیهکهی درێدا له تریسکڵ پێشاندرا. پۆسته‌ره‌که‌ی وێنه‌یه‌ک بوو سه‌رنج راکێش، پیاوێ قژ ئێجگار سپی، پایپێکی به لادهمهوهیه و پۆز بۆ کامیراکه لێئه‌دا. هه‌رچه‌نده درێدا بێزاره له وێنه‌ی خۆی، به‌ڵام من به‌لامه‌وه جوان بوو، ئایا جوان بوو چونکه درێدا بوو؟ ئه‌و ئه‌ڵێ بۆ ساڵانێکی زۆر به‌رگریم له‌وه کرد که وێنه‌م بڵاو نه‌بێته‌وه، چونکه یه‌که‌م؛ کێشه‌یه‌کی ئایدهلۆژیم هه‌بوو له گه‌ڵ وێنه‌دا و دووه‌م؛ خۆم و لاشه‌م ئه‌وه‌نده له په‌یوه‌ندیه‌کی باش‌دا نین.
فلیمه‌که به گرته‌یه‌کی پانۆرامایانهی شاری پاریس ده‌ستپێئه‌کات. ئه‌و شاره‌ی، زوو زوو پۆست کارتی جوانم لێوه بۆ دێ، (پۆست کارت؛ له سۆکراته‌وه بۆ فرۆید، ناونیشانی کتێبێکی درێدایه که ساڵی هه‌شتا نوسیویه‌تی)، چونکه هێنده‌ی په‌نجه‌کانی ده‌ستم کچی جوانی تیائهناسم. درێدا جوله‌که‌یه، وه‌ک کامۆ، له جه‌زائیری سه‌ر به فه‌ره‌نسای حه‌فتاو چوار ساڵ له مه‌وپێش هاته دونیاوه. رۆژانێک له به‌ر جوله‌که بوونی له قوتابخانه ده‌رکرا. به‌ڵام ئه‌و پیاوێ ئایندار نیه، بۆیه فاروق ره‌فیق خۆشی ناوێ. درێدا ئه‌ڵێ؛ له سیناگوگ (شوێنی نوێژی جوله‌کان) ته‌نها حه‌زم له گۆرانیه‌کان بوو، به‌ڵام هه‌رده‌م ئاینم به ماهیهتێ داناوه که بیرکردنه‌وه تیا ونه، دووباره‌کردنه‌وه‌یه‌کی کوێرانه‌یه. که گه‌وره‌بوو نیتچه‌ی خوێنده‌وه، پاشان رۆسۆ، ئه‌و هه‌رچه‌نده باش لێیان تێنه‌ئه‌گه‌ی به‌ڵام له‌وه دڵنیا بوو که دژ به‌یه‌کن، بۆیه به‌لایه‌وه گران بوو هه‌ردووکیان له خۆ‌یا جێبکاته‌وه.
پێش فلیمه‌که بیرم له‌وه ئه‌کرده‌وه، ده‌بێ ژیانی فه‌یله‌سوف چی بێت بۆ ئه‌وه‌ی شایانی ئه‌وه بێت بکرێته فلیم، درێدا ره‌به‌ن نیه وه‌ک کانت و دیکارت، ژیانیشی بێ ڕووداو نیه، ئه‌و پیاوێکی تا بڵێی چالاک بوو. چالاک بوو له به‌رگری کردن له بیانیان، له دژایه‌تی کردنی ئاپارتاید، له فلیمه‌که‌دا سه‌فه‌رێک هه‌یه بۆ ئه‌فریقای باشوور بۆ به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌ی که ماندیلای تیا به‌ندبوو، هه‌روه‌ها قسه‌کردن له زانکۆی جوهانسبرگ ده‌رباره‌ی لێبووردن.
که له درێدا ئه‌پرسن چۆن نوسینه‌کانی فه‌یله‌سوفێ له ژیانی جیا ئه‌کرێته‌وه، ئه‌و له وه‌ڵامدا ئه‌ڵێ، نازانم ئایا ئه‌توانرێ جیابکرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یزانم ئه‌وه‌یه که له سۆکراته‌وه بۆ هایدگه‌ر که‌س به زمانی 'من' قسه‌ی نه‌کردووه، ئه‌وان هه‌رده‌م هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه که ژیانی تاکه که‌سیان به پهراوێزبکهن و وای دابنێنن که رێکه‌وته. ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌وان گرنگ بووه بیرکردنه‌وه‌یان بووه.
درێدا له چل کتێب زیاتری نوسیوه، له کتێبخانه‌که‌یا له ماڵه‌که‌یان له پاریس لێی ئه‌پرسن ئایا ئه‌م هه‌موو کتێبه‌ی که هه‌ته خوێندوده‌ته‌وه، ئه‌ویش له‌وه‌ڵاما ئه‌ڵێ، نه‌خێر... ته‌نها چواریانم خوێندوه‌ته‌وه به‌ڵام زۆر به‌وردی. با منیش دانی پیا بنێم، تۆ مردی به‌ڵام ئه‌وه زه‌مانێکه من پێنج کتێبی تۆم هه‌یه هیچکامیانم نه‌خوێندوه‌ته‌وه به ته‌واوی. دواین کتێب ناوی سیاسه‌تی هاورێتیه، به‌دێرێ ده‌ست پێئه‌کات سه‌رم لێی ده‌رناچێ، 'ئه‌ی هاورێکه‌م، هاورێتی نیه'. له زانکۆ گه‌لێک کتێبی تۆ هه‌ن، هه‌موو جارێ له به‌شی فه‌لسه‌فه‌دا ئه‌م دیودیویان ئه‌که‌م و به خۆم ده‌ڵێم رۆژێک دێت بیانخوێنمه‌وه. به‌ڵام بریار بێت ئه‌و کتێبه‌ی له‌گه‌ڵ ڤاتیمۆدا نوسیوتانه ده‌رباره‌ی ئاین بیخوێنمه‌وه.
پاش تۆ من نامۆم به قسه‌کانی خۆم، دڵنیا نیم ئایا وشه‌کان من ده‌ڵێن یان من وشه‌کان ده‌ڵێم. له دوای تۆ من نازانم ده‌ق له چیه‌وه ده‌ست ده‌ست پێئه‌کات و له چیه‌وه کۆتایی دێت. چی ده‌قه‌و چی ده‌ق نیه، تۆ جارێکیان له چێشتخانه‌یه‌ک له نیویورک هاوارت ئه‌کرد، ئه‌م مێزی دانیشتنه‌ش ده‌قه. تۆ هه‌موو جارێ به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه دهتناڵان که ئه‌وانی تر خراپ لێت تێگه‌شتوون، تۆ نهیلیست نیت، ئه‌ی خراپ لێتێگه‌شتن نیه نه‌مری مسۆگه‌ر ئه‌کات، وه‌ک ئۆسکار وایڵد جارێکیان ووتی. نه‌مری؛ تۆ پێت وتین، ئه‌گه‌ر که‌سێ بڵێ من، ئه‌وا له ههمانکاتا پێمان ئه‌ڵێ؛ من زیندووم، من نه‌مردووم. به‌ڵام تۆ و ئه‌و شێته‌کانی تری پاریس، (فۆکۆ‌و دۆلۆز‌و تادوای)، پێتان وتین، ئه‌و سیسته‌مه‌ی که هه‌یه له توانایا نیه ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بێنێت.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی بێزاری فه‌یله‌سوفانی ئینگلیز زمانه ئه‌وه‌یه که دوکانی کتێب فرۆشهکانا کتێبه‌کانی تۆ‌و شێته‌کانی تری پاریس به‌شێکی زۆری داگیرکردووه، بۆیه زۆر هه‌ن وا ئه‌زانن ته‌نها ئێوه‌ن، پاریسیه‌کان. ده‌توانن فه‌لسه‌فیانه بیربکه‌نه‌وه، له کاتێکا فه‌لسه‌فه‌ی ئهنالاتیکی زۆر فه‌لسه‌فیان نوسراوه‌و خوێندنه‌وه‌شی خۆشتره. مردیت، به‌لای منه‌وه ئه‌وه به‌سه له سه‌ر گۆره‌که‌ت بنوسن دیکۆنسترکشن.