هۆڵه‌که هه‌زار کورسی تیایا، له نێویاندا پیاوێ به ته‌نیا دانیشتووه، له ژێر بارانی مۆسیقایه‌کی دڵگیرا چاوه‌رێ ئه‌کات فلیمه‌که ده‌ست پێ‌بکات. پیاوه‌که کتێبێ ئه‌خوێنێته‌وه، من له دووره‌وه ئه‌یبینم، به‌رگی شینه، دواین رۆمانی میلان کۆندێرایه. کۆندێرا چه‌ند ساڵێ پێش ئه‌وه‌ی من بێمه دونیاوه پراگی به‌جێهێشت له پاریس نیشته‌وه، له‌و رۆژه‌وه هه‌رده‌م له خۆی ئه‌پرسێ پراگ یان پاریس، کافکا یان پرۆست. ئه‌مرۆ سێیه‌م رۆژی ڤیستڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی سینه‌مایه. من له گه‌ڵ کچێ پۆڵۆنیا ئیش ئه‌که‌م، له کراکۆف ئه‌ده‌ب و سینه‌مای خوێندوه، له‌ش و لارێکی که‌ته‌ی هه‌یه‌و به‌رده‌وام قسه‌ئه‌کات.
فلیمه‌كه که پیاوه‌که چاوه‌رێ ئه‌کات ده‌ست پێ‌بکات، فلیمێکی ئیتالیه، من یاده‌وه‌ریه‌کی زۆرم هه‌یه، ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ فلیمه ساده‌که‌ی دیسیکا، پاسکیل دز. فلیمه‌که‌ی ئه‌مرۆ ناوی؛ به‌یانیت باش ئه‌ی شه‌و، دێرهشیعرێکی ژنه خه‌مباره ئهمریکیهکهیه که ناوی، ئیمیلی دیکنسنه. فلیمه‌که ده‌رباره‌ی به بارمته‌گرتنی مۆرۆیه، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیتالیا له کۆتایی حه‌فتاکان له لایه‌ن لیوای سوره‌کانه‌وه، رێد بریگهید. من به‌ده‌ستی خۆم نیه نێگرێم بیر ئه‌که‌وێته‌وه، ساڵانی غوربه‌تی و ده‌قه جوانه‌کانی ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی و هه‌ژاری و شۆرش. نێگرێ بیرمه‌ندی لیوای سوره‌کان بوو. هه‌روه‌ها لاپۆ ڤهنینی و قژه درێژه‌که‌ی.
وه‌ک دۆلۆز ئه‌ڵێ؛ سینه‌ما زمانی دونیایه، هه‌موو ساڵێ له‌م هه‌فته‌یه‌دا، فلیمی سه‌یرو سه‌مه‌ره له کونج و که‌له‌به‌ری دونیاوه دێن، بۆ ئه‌وه‌ی ساتێ له‌ئاگایی ئه‌م شاره‌دا بژین و شوێنێک له یاده‌وه‌ریا به‌جێبێڵن.