بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
(- ئای.. که‌ی بێ چه‌قۆی ژێر سه‌رینه‌که‌ت..
له قوڵپی خوێنتا گه‌رم بێته‌وه؟
یان مردن بمرێ و له ژووره‌که‌تا..
هه‌وری خۆکوشتن بڕه‌وێته‌وه؟)
*
- که نیوه‌شه‌وان.. هانا بۆ مه‌رگ.. مه‌رگی خۆم ئه‌به‌م
ڕوخسارێکی کاڵ.. له دووره‌وه دێ.. کاڵ هه‌ر وه‌کو ته‌م
هه‌تا دێ تۆخ و تۆختریش ئه‌بێ..
له پڕا ئه‌ڵێم.. ئای.. خۆ هاتووه!
سه‌ری ناوه‌ته سه‌ر په‌نجه‌ره‌که‌م
زه‌رده ئه‌یگرێ و
زۆر به خامۆشیی.. له سیمای مردووم.. ورد ئه‌بێته‌وه..
منیش چه‌قۆکه ئه‌شارمه‌وه..
نه‌فره‌ت له بیری خۆکوشتن ئه‌که‌م
پێی ده‌ڵێم.. گیانه.. ئاگر له گیانی ته‌زیوم به‌رده..
با دڵ و سینه‌ی پڕ له ئازارم له‌ت و په‌ت نه‌که‌م
زه‌رده ئه‌یگرێ و
که هه‌نگاوێکیش به‌ره‌و ڕووی ده‌نێم..
به‌جێم ئه‌هێڵێ..
سیمای کاڵ.. کاڵتر.. کاڵ ده‌بێته‌وه
دیسان ژووره‌که‌م که‌یل ئه‌بێته‌وه له زایه‌ڵه‌ی گۆڕ..
هه‌زاران تابووت.. له‌ناو چاوانما.. ئه‌خولێته‌وه
له ته‌م و مژا.. په‌ل ده‌هاوم و
جارێکی تریش هانا بۆ چه‌قۆ ڕه‌شه‌که ئه‌به‌م..
چه‌ند ساتێک نابا.. به‌ر له مردنم.. ده‌گه‌ڕێته‌وه
سیمای تۆخ.. تۆختر.. تۆخ ئه‌بێته‌وه
سه‌رله‌نوێ ده‌ستم سارد ئه‌کاته‌وه
کوشتنی خۆمم بیر ده‌باته‌وه