بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
واى دابنێ من و تۆ هێشتا لەوێین
لاى دار سنەوبەرە تەنیاکەى باخى گشتى
کە خەونى سێبەرەکانیت بۆ تەفسیر دەکردم
منیش هێڵەکانى ناو لەپى تۆ ..
من مەرگى عیشقم دەدى و
تۆ فیشاڵەکانى عاشقبوون ..
من گوڵەکانى نائومێدییم پەڕ پەڕ دەکرد و
تۆ لە باخچەکانى گوماندا سەرمەستى خەونێکى پەمەیى بوویت ..
وابزانە دونیا هێشتا جوانە
واى دابنێ من هەر نەبووم و نەتناسیوم
واى دابنێ گوڵەکانى حەقیقەت بوونیان نەبوو
واى دابنێ هەرزەکارێکى سەرشێت بووم و
لە سوچى کوڵانێکدا تانەیەکى شێتانەم تێگرتى ..
واى دابنێ هێشتا شیعرێکم بۆت نەنووسیوە
وابزانە دونیا بەبێ شیعر جوانە ..
چامەى وشەکانم مەخوێنەوە
با نەزانى رۆژێک لە رۆژان ناوى منت بەر گوێ کەوتوە
واى دابنێ ژیان تازە دەست پێدەکات
واى دابنێ شیعر و عیشق و رابردومان
خەونێکى ناخۆش بوو زوو تێپەڕى ..
واى دابنێ ناوى منت تەنها لە چیرۆکێکدا بینیوە
زووبە .. منت بیر چێتەوە ..
من کولارەى دەم رەشەبام نابەڵەد بە فاجیعەکانى وجود
ئاسمانەکان تەى دەکەم ..
تۆیش گوڵاڵەیەکى سوورپۆشى بەهار
ئومێدى ژیانت ببە بۆ لاى روبارەکان
لاى کانیلە چاو مەستەکان خەونى ناخۆشى عیشقت پوچ بکەرەوە
لاى ژنە قەرەجێک نوشتەى بیرچوونەوەیەک بکە
ناوى من رەش بکاتەوە لە تیانووسى چاوەکانتا ..
باسى من بسڕەوە تا زووە لە ژیانت
وێنەکانم لە ئەلبومەکەت دەربهێنە
پشتى هیچیان مەخوێنەوە
نەوەک دێڕێک .. ووشەیەک .. بتهێنێتەوە رێى دڵم ..
دڵم ئێستا خەڵوەتى خەونە رەشەکانە
جێى عیشقى تۆى تیا نەماوە
ئیدى نایەیتەوە دڵم تا هەتایە ..
بڕۆ ئیدى وەکو باخچە گوڵ بگرە بۆ رەشەبایەک
یارى بە پرچەکەت بکات
شەرم نەکات لە جوانى تۆ
خەونەکانت ورد و خاش بکات ..
من تا دەمرم ناتوانم نیگایەک بگرمە چاوت
هەر وەکو چۆن نەمدەتوانى
لەگەڵ ئاوێنەیش باسى تۆ بکەم ..
هەرچى دەکەم من ناتوانم
بۆ یەک جارێک وەسفى جوانى تۆ بنووسم ..
من نەفام بووم عیشقم قوربانى تۆ کرد و
تۆیش منت کرد بە قوربانى خەونێکى سەر رێى خەیاڵت ..
وابزانە دونیا هێشتا جوانە
وادەزانم دونیا هەرگیز نابڕێتەوە
واى دابنێ من و تۆ هەرگیز پێکەوە لەوێ نەبووین
لاى دار سنەوبەرە تەنیاکەى باخى گشتى
وابزانە دونیا هەر ئێستا دەست پێدەکات
پاش ئەم شیعرە ..
وادەزانم دونیا هەر ئێستا وێران دەبێت
پاش ئەم شیعرە ..
ئیدى منیش بۆ بەدبەختى پایزى عیشق
لەوپەڕى دونیاوە خەونى نائومێدى دەهۆنمەوە
دەیکەمە ملوانەیەک بۆ گەردنى مردنێکى سپى
مردنێک لە ئێوارەیەکى بەفرانباردا
لە کەنارى دەریایەکى لە گۆکەوتوو
بە لەرزەوە سەڵاو بکات
من هەر حاڵى نەبم چى دەڵێت!! ..
وابزانە دونیا هێشتا جوانە
وادەزانم دونیا هەرگیز جوان نەبووە
واى دابنێ من و تۆ هەرگیز یەکمان نەبینیوە ..
واى دادەنێم هەرگیز لە چاوم وون نابیت'