خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ ڕۆمانی (سواره‌کان به قاچاغ بووکیان گواسته‌وه)ی دواڕۆژ کاروان و کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
پێشه‌کی بۆ یه‌که‌مجار ناونیشانی رۆمانی (سواره‌کان به قاچاغ بووکیان گواسته‌وه)م له کتێبی (مناڵێک به دزییه‌وه کتێب ده‌خوێنێته‌وه)دا به‌رچاو که‌وت، که گفوتوگۆیه‌کی درێژه و (دانا فایه‌ق)ی چیرۆک‌نووس له‌گه‌ڵ (کاروان کاکه‌سوور)دا سازی داوه، تا بڵێی پێی سه‌رسام بووم و ئاره‌زووم ده‌کرد هه‌رچی زووه چاپ بکرێت و ئه‌و ڕۆمانه‌م به‌ده‌ست بگات. ئاخر (کاروان) له گفتوگۆیه‌کدا ده‌ڵێت: (ناونیشان خاڵی جیاکردنه‌وه‌ی نێوان دنیای واقیع و خه‌یاڵه). هه‌ر زوو تێگه‌یشتم بهقاچاغگواستنهوهی بووک ته‌نها له سنووری واقیعدا نییه، به‌ڵکو به قاچاغرۆیشتنه به‌ره‌و دنیای خه‌یاڵ. بروا ناکه‌م ڕێگایه‌کی دیکه هه‌بێت جگه له قاچاغرۆیشتن به‌ره‌و دنیای خه‌یاڵ. دیاره ئه‌ده‌ب لای (کاروان) ئه‌و ڕێگا قاچاغهیه، که ده‌بێت پێیدا تێبپه‌ڕین و له سنووری واقیع دوور بکه‌وینه‌وه. تا له سنووری واقیعیش ههڵنهیهین، ئه‌وا ناتوانین بیخوێنینه‌وه. ڕێک وه‌کو تابلۆ زه‌یتییه‌کان تا لێیان دوور نه‌که‌ویته‌وه، بۆت روون نییه، ئه‌وانه چی‌یان تێدا کێشراوه. له یه‌که‌م به‌رهه‌میه‌وه (کاروان) ویستوویه‌تی له‌و واقیعه هه‌ڵبێت و به‌ره‌و دنیای خه‌یاڵ بڕوات، تاکو له خه‌یاڵه‌وه بڕوانێته واقیع و ئاسان ئاسان نهێنییه‌کانی بدۆزێته‌وه و دیوه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و واقیعه نیشان بداته‌وه. له‌پاش خوێندنه‌وه‌ی ناونیشانه‌که‌ی، ئه‌وه‌شم زانی، که به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ (دواڕۆژ)ی کوڕیدا نووسیویه‌تی، ئه‌مه‌ش خۆی زیاتر مه‌ته‌ڵه‌که‌ی لێ ئاڵۆز کردم. باوکێک خاوه‌نی رابردوو و ئه‌زموونه و له‌گه‌ڵ کوڕه تازهپێگهیشتووهکهیدا ڕۆمان ده‌نووسێت!! ئه‌مانه لای من بوونه پرسیار و گومان. ئه‌وه‌شم بیر نه‌چێت، که هه‌ر له‌و کاته‌وه ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی (کاروان) کردبوو، له‌وه تێگه‌یشتبووم، که ئه‌و نووسه‌رێکی ئاسایی نییه، نه‌ک هه‌ر ته‌نها له نووسینی ئه‌ده‌بیدا، به‌ڵکو له کۆمه‌ڵێک بواری دیکه‌ی مه‌عریفه‌شدا. هێنامه به‌رچاوم کوڕ و باوکێک پێکه‌وه ده‌نووسن، هه‌ر وه‌ک بڵێی پێکه‌وه گه‌شتێکیان کردبێت، هه‌رکه یه‌کێکیان بڕێک ماندوو بوو له گێڕانه‌وه‌ی گه‌شته‌که، ئه‌وی دیکه‌یان له‌و شوێنه‌ی ئه‌م لێی وه‌ستاوه، درێژه‌ی پێ بدات و باقییه‌که‌ی ته‌واو بکات. ڕه‌نگه زۆر جاریش کێشه بکه‌وێته نێوانیانه‌وه و له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک شت ڕێک نه‌که‌ون، چونکه ڕوانین و ته‌عبیرکردنی هه‌ر یه‌کێک له هی یه‌کێکی دیکه جیاوازه. کاتێک زانییشم بیرۆکه‌که‌ی هی (دوارۆژ)ــه، سه‌یرم له‌وه هات (کاروان) چۆن توانیویه‌تی کار له‌و بیرۆکه‌یه بکات و رۆمانێکی هێنده ده‌گمه‌نی لێ به‌رهه‌م بهێنێت. جگه له‌وه هونه‌ری گێڕانه‌وه و زمانی کاره‌کته‌ره‌کان و ئه‌و رۆشنبیری و فکره قووڵه‌ی له پشت کاره‌کته‌ره‌کاندا خۆیان حه‌شار داوه، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌یر کاریان له ئاراسته‌ی روانینی من کرد و تێگه‌یشتم (کاروان) له‌پاڵ هه‌بوونی فکرێکی قووڵ و دیدگایه‌کی فراوانی مه‌عریفه و زمانێکی تا بڵێی ئه‌ده‌بیانه‌دا ده‌نووسێت.
بنیاتنانی فکر و تواندنه‌وه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا
کێشه‌یه‌کی گه‌وره رووی له ئه‌ده‌بی کوردی کردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه زۆرێک له نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانمان به چاوێکی قووڵ ناڕواننه ئه‌ده‌ب وه‌کو هێزێک بۆ بنیاتنانی فکر و تواندنه‌وه‌ی تێیدا. چه‌ند دانه‌یه‌کی که‌م نه‌بێت، ئه‌گینا ئێمه تێکستی ئه‌ده‌بیی وامان نییه، که کاریان له‌سه‌ر فکر کردبێت و له‌و دیدیگایهوه له دنیایان ڕوانیبێت. کار گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی بڵێن ئاساییه چیرۆک‌نووس و شاعیران خوێندنه‌وه‌یان بۆ بواره‌کانی دیکه‌ی مه‌عریفه وه‌کو فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و مێژوو و سیاسه‌ت... هتد نه‌بێت، هێنده هه‌بێت شاعیران و چیرۆک‌نووسان خاوه‌ن دنیای خۆیان بن..!!! دیاره ئه‌ده‌ب وه‌ک ڕوانگه‌یه‌ک ته‌نیا له ڕێگای فکره‌وه توانای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ودیو شته‌کانی هه‌یه و به‌و هێزه‌یه‌وه ده‌توانێت نهێنیی ئه‌و شتانه ده‌ربخات. بێگومان مه‌به‌ستمان له فکرێکی دیاریکراو و ڕه‌ها نییه. به‌بێ هه‌بوونی باکراونێدکی مه‌عریفی و فکری، ئه‌سته‌مه به تێکستێک بڵێین ئه‌وه کارێکی پڕاوپڕه له ئه‌ده‌ب. ئێستا تێکسته ساده و ساکاره‌کان زۆر زیاتر له تێکسته‌کانی دیکه قسه‌یان لێوه ده‌کرێت. من گومانم له تێگه‌یشتن و مه‌عریفه‌ی ئه‌و که‌سانه هه‌یه، که ئه‌و شتانه له‌باره‌ی تێکستی ساده‌وه ده‌نووسن. له لایه‌کی تره‌وه خۆله‌قه‌ره‌دانی ئه‌و تێکسته ئه‌ده‌بییانه‌ی به‌و ساده‌ییه نه‌نووسراون، کارێکی قورسه و زۆر جار ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت لێیان نزیک ببنه‌وه، هه‌ڵه‌ی زه‌قی مه‌عریفی ده‌که‌ن. به‌لای منه‌وه (به‌ختیار عه‌لی) نووسه‌رێکی گه‌وره‌یه، لاشم وایه به‌رهه‌مه‌کانی زۆرترین لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌یه‌وه کراوه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم، که زۆربه‌یان غه‌درێکی گه‌وره‌ن له (به‌ختیار) و نایانتوانیوه بچنه قووڵایی دنیاکه‌یه‌وه. من خۆم سه‌ره‌تا له ساڵی 2008 که ئه‌وکات ته‌مه‌نم 14 ساڵ بوو، له پاش خوێنده‌وه‌ی رۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ی (به‌ختیار عه‌لی)، ده‌ستم به خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه چیرۆکی (ئه‌سپیدیلۆن) کرد، رقێکی گه‌وره له ناخم سه‌ری هه‌ڵدا به‌رامبه‌ر (کاروان)، چونکه تووشی تێنه‌گه‌یشتن بووم له‌و کۆمه‌ڵه چیرۆکه‌ی. دیاره مه‌به‌ستم ڕقی مه‌جازییه. له‌پاڵیشیدا نه‌مده‌توانی گومان له داهێنانی ئه‌و نووسه‌ر و ڕۆشنبیره بکه‌م. ئه‌و هه‌موو مه‌عریفه‌یه‌ی، که له گفتوگۆکانیدا به ده‌ستیه‌وه دابوون، هه‌ستی گومانی منیان به‌رامبه‌ر به هه‌ر تێکستێکی (کاروان) له‌ناو ده‌برد، بۆیه وازم لێی نه‌هێنا. سروشتی خوێندنه‌وه‌ی من وایه، هه‌ر به‌رهه‌مێک لێی تێنه‌گه‌م، وازی لێ ناهێنم و گومان له ئاستی وشیاریی خۆم ده‌که‌م. به‌ڵام پاش ئه‌و هه‌موو خۆماندووکردنهم و گه‌یشتنم به‌و ئاسته‌ی که برێک له به‌رهه‌مه‌کانی تێبگه‌م، لام روون بووه‌وه دنیای ئه‌و نووسه‌ره چه‌نده سه‌یره. ئه‌وه‌ی ئه‌و نووسهرهشی لا گه‌وره کردم، ئه‌وه بوو، که هه‌میشه تووشی گومان و رارایی ده‌کردم به‌رامبه‌ر هه‌موو شته‌کان. له‌گه‌ڵ (کاروان)دا گومان و پرسیارم لا دروست بوو. ئه‌وه‌ی لێره گرینگه بیخه‌مه ڕوو، ئه‌وه‌یه ئاخۆ (کاروان کاکه‌سوور) چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م کێشه‌یه‌دا کردووه. له چیرۆک و رۆمانه‌کانی (کاروان)دا فکرێکی قووڵ ئاماده‌یی هه‌یه. له رۆمانی (مامزێر)دا، زمانێکی تا بڵێی قووڵ و دیدگایه‌کی فراوانی فه‌لسه‌فی هه‌ست پێ ده‌که‌ین. له رۆمانی (که‌ناڵی مه‌یموونه چه‌کداره‌کان)دا (کاروان) له‌به‌رامبه‌ر حه‌قیقه‌تدا ده‌مانخاته به‌رده‌م گه‌وره‌ترین گومانه‌وه. ئه‌و گومانه‌ی، که لای (دیکارت)دا ده‌بێته ڕوانگه‌یه‌ک بۆ تێڕوانین له دنیا. نامه‌وێت لێره‌دا ئاماژه‌ی پێ بده‌م. هیوام وایه بتوانم لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی چڕ‌وپڕ له‌باره‌ی ئه‌و رۆمانه‌یه‌وه بکه‌م، که هێشتا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه و ده‌مه‌وێت لێره‌دا بیخه‌مه ڕوو ئه‌و فکره قووڵه‌یه، که له رۆمانی (سواره‌کان به قاچاغ بووکیان گواسته‌وه)دا کاری پێ کردووه و له تێکستێکی ئه‌ده‌بیدا به‌رجه‌سته‌ی کردووه. بۆ نموونه (دڵخواز)، که یه‌کێکه له کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌و ڕۆمانه، له شوێنێکدا ده‌ڵێت: ((هارترین شێتی ئه‌م دنیایه بگری، ئه‌وپه‌ڕی ده‌توانێت به‌رد بگرێته په‌نجه‌ره‌یه‌ک، یان تۆ بڵێ بیگرێته سه‌ری مرۆڤێک و بیشکێنێت، به‌ڵام ئه‌وه ئاقڵهکانن له‌وه‌ته‌ی هه‌ن شه‌ڕی گه‌وره گه‌وره هه‌ڵده‌گیرسێنن.. به هه‌زاره‌ها خه‌ڵک له‌ناوده‌به‌ن و شاره‌کان وێران ده‌که‌ن.. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئاقڵه‌کان ده‌یانه‌وێت ده‌ست و قاچی شێته‌کان ببه‌ستنه‌وه)). ئه‌م گومانکردنهی (کاروان)، که له عه‌قڵ هه‌یه‌تی، ڕه‌گێکی قووڵی له‌ناو فه‌لسه‌فه و فکردا هه‌یه. (مێشێل فۆکۆ) مه‌به‌ستی بوو گومان له عه‌قڵ بکات و ره‌خنه‌ی لێ بگرێت، ئه‌و ده‌یوت ئایا ده‌توانین عه‌قڵ دادگایی بکه‌ین..؟ ساڵی 1944 له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا، (ئه‌دۆرنۆ) کتێبی (دیالێکتیکی رۆشنگه‌ری)ی نووسی. له‌وێدا ده‌پرسێت به‌راست ئه‌و ئه‌قڵه‌ی، که میتافیزیکه، ئه‌وه‌ی مۆدێرنه و رۆشنگه‌ری ئیشی پێ ده‌کات، ئه‌قڵێکی رۆشنگه‌ر بووه، ئه‌و ئه‌قڵه توانیویه‌تی مرۆڤ رزگار بکات؟ ئایا ئه‌و هه‌موو وێرانییه له کوێوه دێت؟ به‌و شێوه‌یه (ئه‌دۆرنۆ)یش گومان له عه‌قڵ ده‌کات. (نیچه) یانزده ساڵی کۆتایی ته‌مه‌نی شێت بوو و ژیانی له شێتخانه به‌سه‌ر برد، پێش ئه‌وه‌ش هه‌ستی شێتیی هه‌بوو. هه‌ر (نیچه)ی شێته توانیویه‌تی هێنده قووڵ بیر بکاته‌وه و به‌رهه‌مه‌کانی هێنده سهرسوورهێنهرن، که تاوه‌کو ئێستا بوونه‌ته مشتومڕی ڕۆشنبیران. به‌هه‌مان شێوه (هۆلده‌رلین)ی شاعیر و چه‌ندان فه‌یله‌سوف و رۆماننووسی جیهان شێت بووینه و هێنده‌ش قووڵ بیریان کردۆته‌وه... به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌دا (هیتله‌ر و ناپلیۆن پۆناپارت و سه‌دام حوسێن و..... هتد) به ئاقڵ ده‌ژمێردرێن و هۆکاری ئه‌و هه‌موو وێرانی و جه‌نگ و کوشتار و شهڕهشن. تا ئاستێک مرۆڤ گومان له هه‌بوونی هێزێکی گه‌ردوونی ده‌کات به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو وێرانییه، هه‌ر وه‌ک (ئه‌لبێرت کامۆ) ده‌ڵێت: (خوا بێده‌نگه و نابزوێت). دیاره ده‌بینین له‌پشت ئه‌و قسه‌یه‌ی (دڵخواز)دا وه‌کو یه‌کێک له کاره‌کته‌ره دیاره‌کانی ڕۆمانی (سواره‌کان به‌قاچاغ بووکیان گواسته‌وه)دا فکرێکی قووڵ ئاماده‌یی هه‌یه و به‌رجه‌سته‌ی ئه‌ده‌ب کراوه. مه‌به‌ستم نییه کۆی ئه‌و شێتییه له‌و دێره‌دا کۆ بکه‌مه‌وه، به‌ڵکو ده‌مه‌وێ بڵێم زۆربه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی شێتانه یاخود روانینی شێتانه‌یان هه‌یه. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ رۆمانه‌که‌دا برۆین و لێی قووڵ ببینه‌وه، هه‌ست به‌و جۆره شێتییه‌ی زۆرێک له کاره‌کته‌ره‌کان ده‌که‌ین، هه‌ر له سه‌رلێشێواوی و جیانه‌کردنه‌وه‌ی راستی و درۆ، تا تێکه‌ڵکردنی خه‌یاڵ و خه‌ون و واقیع، که وای کردووه سروشتی زۆربه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان به‌ره‌و شێتی بروات، لێرەدا ئەوەم بیردێتەوە كە (كانت) دەڵێت "دنیا شێتخانەیەكی گەورەیە". جگه له‌وه خوڵقاندنی کاره‌کته‌ریش چ له‌م ڕۆمانه و چ له به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌شیدا به‌هۆی ئه‌و تێڕوانینه‌وه‌یه، که بۆ دنیا هه‌یه‌تی. بۆ نموونه (هامانی نارێ مامان)، که یه‌کێکه له کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌م ڕۆمانه، هه‌موو کارێکی ده‌کرد تا بتوانێت ژه‌مێک خواردنی خۆش بخوات، ته‌نانه‌ت ئاماده‌یه وێنه‌ی خوشک و دایک و کچی پوورهکهیشی له‌و پێناوه‌دا بفرۆشێت. ئه‌م کاره‌کته‌ره کۆمه‌ڵگا دروستی کردووه. (هامانی نارێ مامان) ته‌نانه‌ت له شوێنێکدا له‌باره‌ی شێخ و مه‌لاکانی ئه‌وکات، که هه‌میشه خواردنی خۆشیان خواردووه و ژیانێکی ئاسووده‌یان گوزه‌راندووه، ده‌ڵێت: ((به‌ده‌ردی تاڵه‌بانی ده‌ڵێت خۆزگه موویه‌ک بوومایه به گونیانهوه)). ئا ئه‌لێره وێنه‌ی مرۆڤ چه‌نده بچووک ده‌بێته‌وه!! ئه‌وه هه‌ر کۆمه‌ڵگایه ئه‌و مرۆڤه بچووک ده‌کاته‌وه و تاکی هه‌تا بڵێی سه‌یر و بێئیراده و درهندهیش به‌رهه‌م ده‌هێنێت. له ڕێگای کاره‌کته‌ره‌کانی وه‌کو (سه‌نگه‌ر)، (شه‌ماڵ)، (مه‌لا مه‌لاریا)، (دڵخواز)، (شێرۆی نانه‌وا) و زۆری دیکه‌وه ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌وه کۆمه‌ڵگایه مرۆڤی هێنده سه‌یر به‌رهه‌م ده‌هێنێت. له شوێنێکی دیکه‌دا کاتێک (سه‌نگه‌ر)ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ئه‌م رۆمانه ده‌یه‌وێت له (دڵخواز) نزیک بێته‌وه و پڕ به خۆیه‌وه رایمووسێت، تووشی دیوارێک ده‌بێت، به واتایه‌کی دیکه دیوارێک ڕێگره له‌و مه‌رامه‌ی (سه‌نگه‌ر). ئه‌مه ئه‌و دیواره‌یه له‌نێوان کچ و کوڕانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ی ئێمه‌دا هه‌ڵچنراوه. له‌م رۆمانه‌دا چ له ڕێگه‌ی خوڵقاندنی کاره‌کته‌ر و چ له‌رووی ئه‌و هێڵانه‌ی ئێمه له‌پشت رووداوه‌کاندا ده‌یانبینین، زۆر ئیش له‌سه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا کراوه و کێشه ناوخۆییه‌کانی له شێوه‌ی ئیستاتیکادا نیشان دراونه‌ته‌وه. کاتێک (ژیان)ی کچی (مه‌لا مه‌لاریا) له ماڵ هه‌ڵدێت و دواتر له لایه‌ن مه‌لا و کوڕه‌کانیه‌وه ده‌کوژرێت، ئه‌وه هه‌مان ئه‌و وێنانه‌ن، که بوونه‌ته به‌شیکی جیانه‌کراوه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه. ده‌شتوانین هێڵی فکر له ئاکار و بیرکردنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌و رۆمانه‌دا بدۆزینه‌وه، بۆ نموونه کاتێ (سه‌نگه‌ر) و (هامانی نارێ مامان) له زیندان یه‌ک ده‌گرنه‌وه، یه‌که‌میان وه‌کو زیندانی و دووه‌میان وه‌کو جه‌للاد، (هامان) ئاماده‌یه له‌پێناو (سه‌نگه‌ر)دا ورگی خۆی هه‌ڵدڕێت، به‌ڵام سه‌نگه‌ر ده‌ڵێت: ((ئه‌مه چ سوودێک به من ده‌گه‌یه‌نێت..؟! )) له وه‌ڵامیشدا (هامان) ده‌ڵێت: ((چۆن ئاوا ده‌ڵێیت..؟! له شوێنێکدا، که باوه‌ڕ ناکه‌یت هیچ ڕووداوێکی لێ ڕوو بدات و له‌پڕ مرۆڤێک به به‌رچاوته‌وه خۆی ده‌کوژێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر هیوایه‌کی زۆر گه‌وره نه‌بێت، ئه‌دی تۆ پێت وایه چییه سه‌نگه‌ر.. ؟!)) لێره‌دا نووسه‌ر له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه و له ڕێگه‌ی وه‌سفه‌وه باس له ناخۆشییه‌کانی زیندان بکات، ده‌یکاته حاڵه‌تێکی وجوودی و ده‌یهێنێته ئاستی تێڕوانینی فه‌لسه‌فییه‌وه. هه‌ر به‌گشتی لای (کاروان) وه‌سفی ده‌ره‌وه‌ی کاره‌کته‌ر و شته‌کان زۆر که‌م به‌رچاو ده‌که‌وێت و له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا لایه‌نی ناوه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر ده‌خاته ڕوو. (هامان) له ڕێگه‌ی ئه‌و کاره‌یه‌وه ده‌یه‌وێت (سه‌نگه‌ر) وشیار بێته و هه‌ست به بوونی خۆی بکات، ئه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌م ڕوداوه وای لێ بکات بیر بکاته‌وه و له‌ئه‌نجامیشدا کۆمه‌ڵێک ده‌رگای گه‌وره‌ی به ڕووی هزریدا بکاته‌وه. هاشم ساڵح له کتێبی (خه‌مه‌کانی رۆشه‌نگه‌ری)دا ده‌ڵێت: (بۆئه‌وه‌ی هزر ده‌ربکه‌وێت، پێویسته چه‌ند مه‌رجێک فه‌راهه‌م ببن، یه‌که‌میان کاره‌ساته. واته پێویسته کاره‌ساتێکی ڕاسته‌قینه ڕوو بدات تا هزر له دایک بێت، تا هزر له خاکێکی به‌یاردا شین ببێت). کاره‌سات یان ڕوودانی شتێک زۆرجار واده‌کات ئێمه تووشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی فکر بین و له ئه‌نجامیشدا بیر بکه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ک (دیکارت)یش ده‌ڵێت کاتێ ئێمه بیر ده‌که‌ینه‌وه، که‌واته هه‌ین، هه‌ستکردن به بوونی راسته‌قینه سه‌ره‌تای هه‌ستکردنه به کێشه‌کانی خۆی و ده‌وروبه‌ر. با ئێمه سه‌یر بکه‌ین به‌ربوونه‌وه‌ی سێوێک له دار لای (نیوتن) بووه جێگه‌ی پرسیار و له ئه‌نجامیشدا به‌دوای وه‌ڵامیدا بگه‌ڕێت، گه‌ڕانی ئه‌و به‌ناو بیرکردنه‌وه‌دا بوو، به‌ربوونه‌وه‌ی ئه‌و سێوه وای کرد نیوتن بیر بکاته‌وه و ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌مان بۆ ئاشکرا بکات، که هێزی کێشکردنی زه‌وییه وا له‌و سێ‌و و هه‌ر شتێکی دیکه‌وه ده‌کات به‌ر ببێته‌وه. به‌و شێوه‌یه ڕوودانی کاره‌ساتێک زۆرجار گه‌وره‌ترین حیکمه‌ته بۆ مرۆڤ، چونکه له ئه‌نجامدا وای لێ دێت بیربکاته‌وه. دیاره ئه‌مانه و چه‌ندان نموونه‌ی تریش له‌م رۆمانه به‌دیار ده‌که‌ون، به‌ڵام من نامه‌وێت گشتیان باس بکه‌م، چونکه ده‌مخه‌نه به‌رده‌م سه‌ره‌تایه‌کی بێکۆتاییه‌وه. هێنده هه‌یه ده‌مه‌وێ بڵێم فکرێکی قووڵ و رۆشنبیریه‌کی به‌رفراوان له‌ناو تێکسته‌کانی (کاروان)دا بوونی هه‌یه، که له‌ناو ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی کوردی‌دا نموونه‌یان ئێجگار که‌مه.
هونه‌ری زمان و گێرانه‌وه له‌م ڕۆمانه‌دا
فه‌نتازیا رووبه‌رێکی به‌رفراوانی له‌م رۆمانه داگیر کردووه. هه‌ر کردارێک ده‌گری له دوو لایه‌نی خه‌یاڵ و ڕاستی پێکهاتووه وه‌کو کۆچی (دڵخواز) به‌ره‌وه کێوه‌کان و ئه‌و باڵنده سه‌یرانه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا ده‌رده‌که‌ون و دوایی زه‌مین و ئاسمان داده‌پۆشن. هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌گانه‌ی دوای (سه‌نگه‌ر) که‌وتوون و تارمایی (ئاکۆی کووکووختی) و کۆتره‌کانی (ئه‌لیاس) و.... تاد. خه‌یاڵ دیوێکی تری ئه‌م واقیعه‌یه، له ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌وه ئێمه ده‌توانین واقیع به هه‌موو ره‌هه‌ند و ئاڵۆزییه‌کانیه‌وه بخوێنینه‌وه. سه‌فه‌ری (سه‌نگه‌ر) له هه‌ولێره‌وه بۆ که‌رکووک به پاسێکی سه‌یر و له‌ناو ته‌مومژدا، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کورد و عه‌ره‌بدا، که هێڵی سه‌ره‌کیی ڕۆمانه‌که‌یه، هه‌ر خۆی لایه‌نێکی واقیعی و لایه‌نێکی سۆمبۆلییشی هه‌یه. ئه‌و سه‌فه‌ره هێنده‌ی سه‌فه‌رێکی واقیعییه، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش سه‌فه‌رێکی مه‌جازییه. له‌م ڕۆمانه‌دا کاتێ خه‌یاڵێکی وه‌کو (ئه‌سپه باڵداره‌کان)نمان دێته به‌رده‌م، زۆر ئاسان ده‌توانین له چه‌مکه‌کانی شاریبوون و ئه‌و گۆڕانکارییه ناوه‌کییانه‌ی شار تێبگه‌ین. ئه‌فسانه‌ی (ئه‌سپه باڵداره‌کان)، که له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌یه، خوێندنه‌وه‌یه‌که بۆ ره‌هه‌ند و ئه‌و گۆرانکارییانه‌ی، که شار به خۆیانه‌وه ده‌بینێت له مێژوو و کاتی جیاجیادا، بۆ نموونه به شاریبوونی لادێیی له ڕێگه‌ی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه ده‌توانین لێی تێبگه‌ین، هه‌ر له‌و خه‌یاڵه‌وه بینینی هه‌موو دنیا و بیرچوونه‌وه، ره‌نگه فکر نه‌توانێت بنه‌مایه‌کی بۆ دابنێت. هێزی گه‌وره‌ی خه‌یاڵ له‌وه‌دایه، که سنووری ئه‌قڵ ده‌بڕێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه‌ی جوانتر کردووه، ئه‌و مامه‌ڵه هونه‌رییه‌ی گێرانه‌وه‌یه، که ده‌توانم بڵێم شێوازێکی تابڵێی ده‌گمه‌نه و به سه‌لیقه‌یه‌کی زۆر جوان ڕێکخراوه. له ڕێگای ئه‌و شێوازه زمانه‌ی (کاروان) به‌خشیویه‌تیه کاره‌کته‌ره‌کانی، خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی و شێوازی ژیانی ئه‌و کارهکتهرهمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت. شێوازی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه وای کردووه ئه‌م تێکسته فره‌ده‌نگی له خۆی بگرێت. ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت سه‌ره‌ڕای ئازادکرنی کاره‌کته‌ره‌کان بۆ گێڕانه‌وه، ئه‌وا زمانی نووسه‌ریش پانتاییه‌کی باشی له رووی گێڕانه‌وه داگیر کردووه، به‌ڵام نووسه‌ر لێره‌دا کاتێ ئه‌و زمانه‌ی به‌کار دێنێت و ئه‌و ڕووداوانه‌ی پێ ده‌گێڕێته‌وه، که کاره‌کته‌ره‌کان نه‌یانوتووه، یان ئیراده‌ی وتنیان نه‌بووه. هه‌بوونی زمانی نووسه‌ر به‌شێکه له دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌کان له‌ناو ئه‌و تێکسته‌دا. نووسه‌ر به ئامانجی ڕاستکردنه‌وه‌ی رووداوه‌کان ئه‌رکی گێڕانه‌وه ناگرێته ئه‌ستۆ، مه‌به‌ستیشی نییه کێشه‌ی به‌دحاڵیبوون لای کاره‌کته‌ره‌کان چاره‌سه‌ر بکات، به‌ڵکو له‌سه‌ر هه‌مان ریتم شته‌کان ده‌گێڕیته‌وه. هێنده هه‌یه کاتێک کاره‌کته‌ر توانای گێڕانه‌وه‌ی نابێت، نووسه‌ر خۆی ئه‌و ئه‌رکه ده‌گرێته ئه‌ستۆ و هه‌مان بیرۆکه‌کانی کاره‌کته‌ر ده‌رده‌بڕێت، به‌ڵام شێوه زمانێکی دیکه به‌کار ده‌هێنێت و ئه‌و بیرۆکانه قووڵتر ده‌کاته‌وه. ئه‌م رۆمانه فره‌ده‌نگییه‌کی قووڵی تێدایه، تا ئاستێک ئێمه له‌و فره‌ده‌نگییه‌وه نهێنیه‌کانمان ئاسنتر بۆ ده‌رده‌که‌وێت و له دیدگای جیاوازه‌وه ده‌توانین شته‌کان بخوێنینه‌وه، جگه له‌وه‌ی فێری ئه‌گه‌ردانان بۆ شته‌کان ده‌بین. (سه‌نگه‌ر)ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی ئه‌م رۆمانه له هه‌موو ژیانیدا رقی له به‌عسییه‌کانه و بگره چه‌ند جارێک په‌لاماری سه‌ربازی ڕژێمی داوه و یه‌ک دوانێکیشی لێ کوشتوون، ته‌نانه‌ت حه‌زیشی به‌وه ده‌کرد بچێته شاخ، به‌ڵام ئه‌و ره‌فتار و ئاکارانه‌ی، که (سه‌نگه‌ر) کردوونی، به‌هۆی ئه‌و فره‌ده‌نگییه‌وه خوێنه‌ر ده‌خاته گومانه‌وه و وای لێ ده‌کات ئه‌گه‌ری دیکه بۆ ڕووداوه‌کان دابنێت، چونکه خوێنه‌ر له زمانی ئه‌وانی دیکه‌وه هه‌ندێ زانیاریی پێ ده‌گات، که جیاوازن له‌وانه‌ی له ده‌می (سه‌نگه‌ر)ه‌وه گوێی لێیان بووه. خوێنه‌ر نازانێت ئایا (سه‌نگه‌ر) سیخوڕه یان بێتاوانه، بۆیه ده‌بێت خۆی به‌راوردی زانیارییه‌کان بکات و له‌وێوه بگاته ڕاستی. خاڵێکی دیکه، که وای کردووه زمانی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م تێکسته چڕ و قووڵ بێت، جیاوازیی دیدگا و فۆرمی کاره‌کته‌ره‌کانه. له‌پاڵ هه‌ر کاره‌کته‌رێکدا جیاوازی به‌دی ده‌کرێت چ له شێوه‌ی روانین و چ له شێوه‌ی بیرکردنه‌وه و ئاکاردا. هه‌ر ئه‌مه‌شه ئێمه هێنده‌ی جیاوازی له‌نێوان کاره‌کته‌ره‌کاندا ده‌بینین، هێنده هاوڕایی هه‌ست پێ ناکه‌ین. ده‌کرێت بڵێین ئه‌و کۆنتاکته‌ی له‌نێوان کاره‌کته‌ره جیاوازه‌کان و زمانی گێڕانه‌وه‌دا بوونی هه‌یه، کۆنتاکتێکی ئازادانه‌یه. له‌نێوان کاره‌کته‌ره جیاوازه‌کان و گێڕانه‌وه‌دا زۆرجار هێڵی دژ به‌یه‌ک ده‌بیندرێت. هه‌رچه‌نده گێڕانه‌وه به‌سه‌ر دوو به‌شدا دابه‌ش بووه، به‌شێکیان زمانی نووسه‌ره و به‌شێکیی تریشیان زمانی کاره‌کته‌ره‌کانه. له به‌شی دووه‌مدا واته له زمانی کاره‌کته‌ره‌کاندا ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ست به هێڵی دژ ده‌که‌ین له نێوانیان هێنده هه‌ست به ڕێککه‌وتن و لێکچوون ناکه‌ین له‌رووی گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کاندا، که ئه‌مه‌ش خاڵێکی هه‌ره پۆزه‌تیڤه له بواری خوڵقاندنی کاره‌کته‌ردا. دیاره له‌کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌ێت زمانی گێڕانه‌وه زمانێکی دیالۆگییه نه‌وه‌ک مه‌نه‌لۆگ، که ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته به‌رده‌م دۆزینه‌وه‌ی نهێنییه‌کان. به‌گشتی دیاڵۆگ له‌م تێکسته‌دا شێوازێکی سۆکراتییانهی هه‌یه. ئه‌و شێوازه‌ی (سۆکرات)ی فه‌یله‌سووف له کاتی دیاڵۆگی له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا په‌یڕه‌وی ده‌کرد. واته دیاڵۆگ بۆ ئه‌وه‌یه له ڕێگای پرسیاره‌وه نهێنییه‌کانی ناخی کاره‌کته‌ر بدۆزرێنه‌وه، یان به مانایه‌کی دیکه کاره‌کته‌ر له ڕێگای پرسیاری ناکاوه‌وه ناچار بکرێت له ناخی خۆیدا به‌دوای هه‌ندێک نهێنییدا بگه‌ڕێت و ده‌ریانبڕێت، که به لای خۆیشیه‌وه نوێن. بۆ نموونه دیاڵۆگی نێوان (سه‌نگه‌ر) و (ئاسۆی نیگارکێش)، یان دیاڵۆگی نێوان (دڵخواز) و (سه‌نگه‌ر) ئه‌و کاته‌ی له گۆڕستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، دیالۆگی سۆکراتیین. (سه‌نگه‌ر) له ڕێگه‌ی پرسیاره‌وه وا له (دڵخواز) ده‌کات نهێنییه‌کانی ناخی خۆی بڵێت. هه‌ر ڕۆمانه‌که خۆی به دیاڵۆگی نێوان (سه‌نگه‌ر) و (غه‌یبزان)ه‌که ده‌ست پێ ده‌کات. ئه‌رکێکی دیکه‌ی دیاڵۆگ ئه‌وه‌یه فره‌ده‌نگی بۆ تێکسته‌که فه‌راهام بکات. لای (کاروان) شتی ڕۆتینیی ڕۆژانه نابنه به‌شێک له دیاڵۆگ، به‌ڵکو ئه‌و شتانه مۆنتاژ ده‌کرێن و ته‌نیا ئه‌وانه ده‌وترێن، که کاریگه‌رن، هه‌تا ئه‌گه‌ر کاره‌کته‌ره‌که که‌سێکی ساده‌ش بێت. بۆ نموونه (وریای داده نه‌خشین)، که یه‌کێکه له‌وانه‌ی له شکستی حه‌فتا و پێنج به دڵشکاوی ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ئه‌و بۆ خوارووی عێراق دوور ده‌خرێته‌وه و له‌وێ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌وه شاخ. (وریا) له‌باره‌ی شه‌ڕه‌وه به (سه‌نگه‌ر) ده‌ڵێ: ((_ لێدان وه‌کو گۆرانی نییه، دوای ئه‌وه‌ی به‌ندێک ده‌ڵێیت، ده‌بێت گوێچکه هه‌ڵخه‌یت، تا بزانیت گوێ‌گران به دڵیانه، ئه‌وسا به‌نده‌کانی دیکه‌یش بچڕیت.. کاتێ بۆکسێک ده‌وه‌شێنیت، نابێت چاوه‌ڕێ بکه‌یت، تا بزانی ئاخۆ چۆن کاری خۆی کردووه، به‌ڵکو پێویسته به خێراییه‌کی زیاتر ده‌ی دیکه، تۆ بڵێ بیستی دیکه بوه‌شێنیت)). هه‌ر له‌م ڕووه‌وه نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی دیاڵۆگی نێوان (سه‌نگه‌ر) و (دڵخواز) ده‌هێنینه‌وه: ((_ به منداڵی که له باوه‌شم ده‌گرتی، په‌نجه‌کانت ده‌خسته ناو پرچمه‌وه.. تا یارییت پێ ده‌کرد، یارییت پێ ده‌کرد.. دوایی یان ڕاتدهکێشا، یان چه‌ناگه‌ت ده‌خسته ناویه‌وه و خه‌وت لێ ده‌که‌وت. _ ئاقڵ بووم..؟ _ وه‌کو ئێستا هار نه‌بوویت.. قژمت هه‌بووایه، نه شهقشهقهت ده‌ویست و نه مه‌مکه‌مژه. _ ئێستا ئاقڵ نییم..؟ _ نه‌و، بزێویت. _ خۆشت ده‌ویستم..؟! _ له نه‌نکت بپرسه.. بزانه کێ زیاترین که‌س تۆی له باوه‌ش گرتووه. _ به‌گه‌وره‌ییش هه‌ر تۆ له باوه‌شت گرتووم. _ ئێستاش لای من هه‌ر منداڵه‌که‌ی جارانی. _ ئه‌ی بۆ زوو زوو پێم ده‌ڵێیت نابێت که‌س بیزانێت ئێمه یه‌کتر ده‌بینین.. ؟! _ چونکه خه‌ڵک نازانن ئێمه بۆچی.....)) (سه‌نگه‌ر) له ڕێگه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی ئاڕاسته‌ی (دڵخواز)یان ده‌کات، ده‌توانێت هه‌ستی (دڵخواز) به‌رامبه‌ر به خۆی بزانێت. به‌هه‌مان شێوه هه‌ر به هۆی ئه‌و پرسیارانهیهوه هه‌ستی خۆیشی ده‌رده‌بڕێت، چونکه نابێت بیرمان بچێت، که ئه‌و پرسیارانه‌ی (سه‌نگه‌ر) ده‌یانکات، له ئه‌نجامی ئه‌و خه‌ون و زیندهخهونانهن، که به (دڵخواز)یانه‌وه ده‌بینێت و مه‌به‌ستیه‌تی له ئایندهی خۆیان تێبگات. که‌واته دیالۆگ ڕێگای ئه‌وه خۆش ده‌کات له دنیای نێوان دوو کاره‌کته‌ر یان زیاتر تێبگه‌یت، هه‌م ناخ و هه‌ستیان، هه‌م ئاستی وشیارییان. له‌هه‌مانکاتدا پێکه‌وه به‌ستنێکی ئێجگار هونه‌رییانه له گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌کاندا بوونی هه‌یه. هه‌ر له‌و هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه‌دا زۆرجار کاره‌کته‌رێک گرێی رووداوه‌کان ده‌کاته‌وه، به‌ڵام باقیی گێڕانه‌وه‌که بۆ کاره‌کته‌ره‌کانی دیکه یان بۆ نووسه‌ر جێ ده‌هێڵێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه نه‌بووایه و رووداوه‌کان یاخود چیرۆکه‌کان یه‌ک له‌دوای یه‌ک و بێ پچڕاندنیان له‌دوای یه‌که‌وه هاتبان، له‌و بڕوایه دام رۆمانه‌که قه‌باره‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌تری ده‌بوو، به‌ڵام له‌م ڕۆمانه‌دا زمانێکی زۆر چڕ به کار هاتووه، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی گه‌مه‌یه‌کی سه‌رسوورهێنه‌ر له‌گه‌ڵ هونه‌ری گێڕانه‌وه‌دا کراوه. بۆنموونه کۆتایی ئه‌م ڕۆمانه ئه‌و کاته‌یه، که (سه‌نگه‌ر) ده‌گیرێت و ده‌خرێته زیندانه‌وه، به‌ڵام له ڕووی گێڕانه‌وه‌وه کۆتاییه‌که ده‌که‌وێته ده‌ست (ئه‌رخه‌وانی چیرۆک‌نووس). کاتێ نووسه‌ر له کۆتایی ڕۆمانه‌که‌دا کاره‌کته‌ره‌کان ئازاد ده‌کات بۆ گێڕانه‌وه، ئه‌وه ده‌که‌وینه به‌رده‌م هونه‌رێکی زۆر جوانی نووسه‌ره‌وه، چونکه ڕێگه ده‌دات کاره‌کته‌ر له دیدی خۆیه‌وه باس له خۆی بکات. له‌هه‌مانکاتدا هه‌ر له ڕێگه‌ی ئه‌و شێوازی گێڕانه‌وه‌یه‌وه، که وه‌کو وتمان شێوازی فره‌ده‌نگییه، نووسه‌ر توانیویه‌تی شێوازێکی پۆلیسی بداته ڕۆمانه‌که. نازانرێت کێ له‌پشت ئه‌و تاوانانه‌وه‌یه. وه‌کو گیرانی دایکی و باوهپیرهکهی و زۆری دیکه، که به ڕواڵه‌ت (سه‌نگه‌ر) تۆمه‌تبار ده‌کرێت، به‌ڵام ئایا ئه‌مه ڕاسته؟ من کاتێ که‌وتمه به‌رده‌م خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌وه، وه‌ک بڵێی ئاگاداری گشت جووڵه و قسه‌کردنێکی ئه‌و کاره‌کته‌رانه بم. ئایا ئه‌گه‌ر قسه‌کانی (دایه مامز) له به‌رچاو بگرین، که زۆر خۆڕسکانه‌وه له‌باره‌ی (سه‌نگه‌ر)ی کوڕهزایهوه پێمان ده‌ڵێت، که چۆن دوای ئه‌وه‌ی (ئاسۆی نیگارکێشی) ناسیوه بووه‌ته که‌سێکی دیکه، ته‌نانه‌ت ڕازیی نابێت نه‌نکی هیچ کارێکی بۆ بکات، چونکه بیروباوه‌ڕی ڕێگای نادات. یان کاتێ گوێ له (ئه‌رخه‌وانی چیرۆک‌نووس) ده‌گرین، کاتێ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، که (سه‌نگه‌ر) نهیوسستووه نانیان بخوات و به نوێنه‌کانیان بنوێت. ئایا ئه‌مه ڕه‌وشتی مرۆڤی سیخوڕه؟ به‌ڵام له هه‌ندێ شوێنی دیکه‌شدا وامان لێ دێت گومان بکه‌ین و بگه‌ینه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که به‌ڵێ سیخوڕه. مه‌به‌ستم نییه بڵێم ڕۆمانه‌که ڕۆمانێکی پۆلیسییه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک، ته‌نها مه‌به‌ستمه بڵێم کاتێ ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ی له گێڕانه‌وه‌دا ئازاد کردووه، ئه‌وه هه‌ست به شێوازێکی پۆلیسیانه ده‌که‌ین. ئه‌مه‌ش وای کردووه ڕۆمانه‌که له ڕووی هونه‌ر و شێوازی زمانی گێڕانه‌وه‌دا خۆی له پله‌یه‌کی باڵادا ببینێته‌وه.
تێکشکاندنی رابردوو و به گریمانه‌کردنی مێژوو:
نیتچه ده‌ڵێت: ((مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت بژی، ده‌بێت جار جار رابردوو تێک بشکێنێت و هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه، به‌وه‌ی ڕاپێچی بکاته‌وه به‌رده‌م دادگا و بیخاته به‌ر لێپرسینه‌وه‌ی توندی حوکمدانه‌وه، چونکه هیچ رابردوویه‌ک نییه شایسته‌ی حوکمدان نه‌بێت)). ئایا رۆماننووس پێویسته چ مامه‌ڵه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ مێژوودا بکات؟ به‌داخه‌وه زۆرێک له چیرۆک و رۆمانه کوردییه‌کان مێژوو وه‌ک خۆی ده‌گێڕنه‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ی که له واقیعدا ڕووی داوه. با ئێمه بگه‌ڕێینه‌وه لای (ئۆرهان پاموک)، ئه‌و رۆماننووسه‌ی به‌ناو مێژوودا ده‌مانگه‌ڕێنێت و له سه‌رده‌مێکه‌وه به سه‌رده‌مێکی ترمان ده‌به‌خشێت و له‌وێشه‌وه به چاوێکی ره‌خنه‌ییه‌وه مێژوومان بۆ ده‌خوێنێته‌وه. دیاره (پاموک) داهێنانی گه‌وره‌ی له مێژوودا کردووه. لای (کاروان) مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ مێژوودا به‌شێوه‌یه‌کی دژییه. رابردوو ئه‌و رابردووه نییه، که ڕۆیشتووه، به‌ڵکو پێویسته رابردوویه‌کی دیکه یان مێژووییه‌کی دیکه له جێگه‌ی بنیات بندرێت، که دژی ئه‌و مێژووه‌ی واقیع بیت. به بڕوای (ئالتوسوێر) ئێمه ته‌نیا له ڕێگه‌ی دژ وه‌رگرتنی مێژوو ده‌توانین واقیع بخوێنینه‌وه. توانای بینین لای هه‌ریه‌که‌مان جیایه بۆ سه‌یرکردنی شتێک، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و بینینه یان ته‌عبیرکردنی ئه‌وا به‌پێی روانین و بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه ده‌گۆڕێت، بۆیه ناکرێت ئێمه مێژوو وه‌کو راستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر سه‌یر بکه‌ین، مادام ته‌عبیره‌کان جیان، ده‌بێت گریمانه‌ش بۆ ئه‌و مێژووه قبوڵ بکرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێین گریمان مێژووه‌که وایه. به‌گریمانه‌کردنی مێژوو له کۆی به‌رهه‌مه‌کانی (کاکه‌سوور)دا کاری له‌سه‌ر کراوه.
ئه‌گه‌ر به‌و شێوازه‌ی ئه‌م ڕۆمانه بمانه‌وێت هاوسه‌نگییه‌ک له‌نێوان مێژووی ساڵانی حه‌فتا و ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا دروست بکه‌ین، سه‌رکه‌وتوو نابین. هێنده هه‌یه به‌و ڕۆمانه ئێمه ده‌توانین مێژووی ئه‌و ساڵانه به کۆی ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه بخوێنینه‌وه. دیاره ئه‌وه‌ی وا ده‌کات تێکست به‌ره‌و شاکارێکی نه‌مر بچێت، مامه‌ڵه‌کردنی نووسه‌ره له‌گه‌ڵ واقیع به کۆی ره‌هه‌نده‌کانیه‌وه، له‌وێشه ئاخۆ چۆن هه‌وڵی داوه ئیستاتیکا به‌رهه‌م بهێنێت. (کۆنیستاتین گۆرگیۆ) له ڕۆمانی (کاتژمێر بیستوپێنج)دا مامه‌ڵه‌یه‌کی زۆر جوان و ئه‌ده‌بییانه‌ی له‌گه‌ڵ مێژوودا کردووه. ئه‌و نه‌هاتووه قۆناغ به قۆناغی مێژوو له رۆمانه‌که‌یدا بگێڕێته‌وه، به‌ڵکو کاریگه‌ریی جه‌نگی دووه‌می جیهانیی له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه و ڕوانینی مرۆڤه‌کاندا ده‌رخستووه. له ڕێگه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانیه‌وه ئێمه ده‌توانین له به‌شێکی زۆری ئه‌و هه‌لومه‌رجه ناله‌باره‌ی، که له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بووه، تێبگه‌ین، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ست ده‌که‌ین خۆمان له‌وسه‌رده‌مه‌دا ژیاوین. ڕه‌نگه خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندین کتێبی مێژوویی له‌و باره‌یه‌وه نه‌توانن وه‌کو ئه‌و ڕۆمانه کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێمه جێبهێڵن. له‌مه‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه خاسیه‌ت و چێژی خۆی هه‌یه، له هه‌مانکاتدا خوێنه‌ر له‌کاتی خوێندنه‌وه‌یدا هه‌ست به پاشخانێکی مه‌عریفی و فکری ده‌کات. دیاره ئه‌وانه تێکستی ڕاسته‌قینه‌ن، که له‌پاش خوێندنه‌وه‌یاندا ئێمه هه‌ست به کاریگه‌رییان ده‌که‌ین له‌سه‌ر ڕاونین و بیرکردنه‌وه و پاشخانی مهعریفیماندا. کاتێ ڕۆمانه‌کانی (ئۆرهان پاموک) ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ست ده‌که‌ین به‌ناو سه‌رده‌مه‌کاندا ڕه‌ت ده‌بین وه‌ک بڵێی بیه‌وێت گه‌شتێکی دوورودرێژمان پێ بکات و به‌ناو مێژوودا بمانگێڕێت، بێ ئه‌وه‌ی هێڵی فه‌لسه‌فی و فکری ڕۆمانه‌که‌ی خۆی له‌ده‌ست بدات. له‌م ڕۆمانه‌ی (دواڕۆژ) و (کاروان)یشدا ئێمه تووشی جۆرێک له مێژووی گریمانه‌یی ده‌بین. ئه‌م ڕۆمانه گێڕانه‌وه‌ی مێژوو نییه وه‌کو خۆی، به‌ڵکو وه‌رگرتنی دژیه‌تی، له‌وێوه ئێمه وامان لێ دێت گومان له مێژوو بکه‌ین، که پێویسته له بنه‌ڕه‌ته‌وه خاوه‌ن ئه‌و گومانه بین، چونکه مادام مرۆڤه‌کان به زمان و شێوازی جیاواز ته‌عبیر له خۆیان ده‌که‌ن، که‌واته مێژوو زیاتر له ئاڕاسته‌یه‌ک به خۆیه‌وه ده‌گرێت. ده‌کرێت دووکه‌س پێکه‌وه یه‌ک دیمه‌ن ببینن، به‌ڵام هه‌ریه‌که و به‌شێوه‌یه‌ک و له دیدی خۆیه‌وه باس له‌و دیمه‌نه ده‌کات، که‌واته مێژوو به‌و شێوه ده‌بێت بخوێندرێته‌وه نه‌وه‌ک به حه‌قیقه‌تێکی ڕه‌ها سه‌یر بکرێت.
ئه‌م شێوازه هێڵی زۆر جوانی له‌م ڕۆمانه دروست کردووه. له ڕێگه‌ی کاره‌کته‌ر و ڕووداوه‌کانی ناو ئه‌م ڕۆمانه‌وه کاریگه‌ریی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌سه‌ر مرۆڤه‌کان ده‌رده‌خرێت. پێکهوهگونجاندنێکی له‌گه‌ڵ ئێستای ناو ڕۆمانه‌که و مێژوودا دروست کردووه، بۆ نموونه کاتێ (سه‌نگه‌ر) ده‌یه‌وێت کۆچ بکات، ڕێک کۆچکرنی (حسێنی کوڕی ئیمامی عه‌لی)ی دێته‌وه یاد. له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت له‌م ڕۆمانه‌دا زۆر کار له‌سه‌ر ناخ و تێڕاوانینی مرۆڤ کراوه بۆ شته‌کان نه‌وه‌ک مێژوو، له پاڵیشیدا ده‌توانین مێژوو به‌شێوه‌یه‌کی گریمانی بخوێنینه‌وه. که‌واته هه‌موو ئه‌م به‌ڵگانه کاریگه‌ریی زه‌مه‌نه جیاوازه‌کان له‌سه‌ر مرۆڤ ده‌رده‌خه‌ن. من پێم وایه زۆر ئاسانه بۆ نووسه‌رێک مێژوو وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌بووه بگێڕێته‌وه، به‌ڵام له ناخه‌وه‌ش هه‌ست به‌و ئه‌رکه قورسه ده‌که‌م، که نووسه‌رێک ده‌یه‌وێت مێژوو به کۆی ڕه‌هه‌نده‌کانیه‌وه تێک بشکێنێت و به‌گریمانه‌ی بکات، که ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌کردنه ڕووبه‌رێکی زۆری له‌م ڕۆمانه‌دا داگیر کردووه، چونکه ده‌کرا (کاروان) مێژووی ساڵانی حه‌فتاکان وه‌ک خۆی بگێڕێته‌وه به‌ڵام به‌م شێوه‌یه ڕۆمانه‌که ده‌بووه تێکستێکی مێژوویی و ته‌عبیر له ئێش و ئازاری مرۆڤ ده‌کرا له سه‌رده‌مێک نه‌وه‌ک پێکه‌وه به‌ستنێک له‌نێوان گشت زه‌مه‌نه‌کاندا، خۆشبه‌ختانه له‌م ڕۆمانه مامه‌ڵه‌کردنێکی ئێجگار به‌سه‌لیقه کراوه له‌سه‌ر تێکشکاندنی مێژوو وه‌ک نیتچه ده‌ڵێت.
(سه‌نگه‌ر) و سروشتی بیرکردنه‌وه و دوو کاره‌کته‌ر له رۆحی کاره‌کته‌رێکدا:
هێزی رۆماننوس له‌وه‌دا به‌دیار ده‌که‌وێت، که کاره‌کته‌ره‌کانی که‌سانی ئاسایی نیین. خوڵقاندنی کاره‌کته‌ر کارێکی ئاسان نییه لای رۆماننوسه گه‌وره‌کان، (دۆن کیشۆت) سه‌یروسه‌مه‌ره‌ترین کاره‌کته‌ره و له که‌سی ئاسایی ناچێت، ئه‌وه به‌سه‌لیقه‌یی (سێرڤانتس)ـه، که کاره‌کته‌رێکی ئاوای خوڵقاندووه. به‌هه‌مان شێوه رۆچوون به قوڵایی کاره‌کته‌ردا کارێکی زۆر زه‌حمه‌ته، ته‌نها ئه‌و نووسه‌رانه ده‌توانن وه‌ها کارێک بکه‌ن، که خۆیان که‌سی ئاسایی نین یان بیرکردنه‌وه و روانینیان له‌وانی دیکه جیاوازه و توانای خوێندنه‌وه و رۆچوون تا قوڵایی کاره‌کته‌ریان هه‌یه. هه‌روه‌ها ئێمه کاتێ (دۆن کیشۆت) ده‌خوێنینه‌وه، هه‌ست ده‌که‌ین ئه‌وه به‌شێکه له ئێمه و ونمان کردووه، بۆیه ده‌رک به دۆنکیشۆتهکهی ناوه‌وه‌ی خۆمان ده‌که‌ین له‌کاتی خوێندنه‌وه‌یدا. با (کاروان کاکه‌سوور)یش گله‌یی له‌وه نه‌کات، که که‌م ده‌خوێندرێته‌وه و لێی تێناگه‌ن، کاتێ ده‌بینین سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو ساڵه زۆره به‌سه‌ر مردنی ڕۆماننووسی گه‌وره (دۆیستۆیڤسکی)دا، خوێنه‌ر زۆر له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانی ده‌ترسێت، چونکه تێنه‌گه‌یشتن له (دۆیستۆیڤسکی)، تێنه‌گیشتنی مرۆڤه له خۆی. (دۆیستۆیڤسکی) به هۆی ئه‌وه‌ی تاکو قووڵایی رۆحی کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌چێت، که ئاسایی نین، به‌ڵکو شه‌ڕانگێز و گوناهبار و سه‌رخۆش و شێتن، هه‌موو ئه‌م کاره‌کته‌رانه له‌ناوه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌ژین، به‌ڵام زه‌مه‌ن و شویێن کاریگه‌رییان له ده‌رکه‌وتن و ههستپێکردنیاندا هه‌یه. ئه‌گه‌ر به‌خۆت نه‌چیته ناو قووڵایی رۆحی خۆت و ئه‌م هه‌ستانه له‌ناوه‌وه‌ی خۆتدا به‌دی نه‌که‌یت، ئه‌سته‌مه تێگه‌یشتن له‌وه‌ی ئاخۆ (دۆیستۆفسکی) باس له‌چی ده‌کات. به‌هه‌مان شێوه کاتێ خوێنه‌ر له (کاروان) تێناگات ئه‌وه تێنه‌گه‌یشتنه له خۆی، که به بڕاوی (کانت) تێنه‌گه‌یشتن گه‌وره‌ترین کێشه‌یه. (سه‌نگه‌ر) کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی سرووشتێکی سه‌یری هه‌یه، له ڕووی سایکۆلۆژییه‌وه کاره‌کته‌رێکه له رۆحی دووکارهکتهردا، یانی سه‌نگه‌ر دوو دیوی هه‌یه، دوو هه‌ست و دوو شێوه بیرکردنه‌وه و روانین. ده‌کرێت بڵێین دوو که‌سه له که‌سێکدا. که‌سێکیان ترسنۆک، که ئه‌مه خودی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌میان که‌سێکی شه‌رمنه، ئه‌م شه‌رمنییه وای لێ کردوه ئازا بێت، (سه‌نگه‌ر) شه‌رم ده‌کات، که ترسنۆکه، بۆیه ئاوا که‌سێکی شه‌ڕانگێزی لێ ده‌رده‌چێت. هه‌ر ئه‌مه‌شه وای لێ کردووه هه‌وڵ بدات به دڵی ئه‌وانی دیکه بێت نه‌وه‌ک خۆی. ئه‌و له خۆی دابڕاوه. بۆ نموونه کاتێک تووشی گفتوگۆیه‌ک ده‌بێت له‌گه‌ڵ (ئاسۆی نیگارکێش)دا هه‌رچه‌نده قسه‌کانی ئاسۆ زۆر ڕووخێنه‌رن بۆ سه‌نگه‌ر، به‌ڵام راسته‌وخۆ شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا ناکات، به‌ڵکو ده‌یه‌وێت له‌و خاڵه بگه‌ڕێت، که بۆته هۆی ئه‌وه‌ی تێڕوانینی ئاسۆ بۆ ئه‌و به‌م شێوه‌یه بێت. دواتریش کاتێک هه‌ست به‌و بێدهستهڵاتییه ده‌کات له‌به‌رامبه‌ر قسه‌کانی ئاسۆدا، هه‌وڵ ده‌دات خۆی بگۆڕێت و به‌دڵی ئه‌و و دایکی بێت، بۆیه به‌یانییان ده‌چێته گه‌ڕه‌که دهوڵهمهندنیشینهکان و چه‌ند که‌سێک ڕووت ده‌کاته‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره بۆ ئه‌وه‌ی جلوبه‌رگی نوێی پێ بکڕێت و ئێواران بچێته ماڵی (ئاسۆی نیگارکێش). هه‌میشه قسه پڕشنگدار و پڕ ماناکه‌ی (شه‌ماڵی مه‌لا مه‌لاریا)ی له گوێچکه‌دا ده‌زرینگێته‌وه کاتێ ده‌ڵێت: ((نوکته‌یه‌کی بێتامه کاتێ ڕۆشنبیر بیڕوباوه‌ڕ هه‌ڵده‌گرێت.. ئه‌و میوه‌یه ئه‌وه‌نده زوو بۆگه‌ن ده‌کات، ڕۆشنبیر وه‌ک ته‌نه‌که‌ی خۆڵی لێ دێت)). ئه‌مه له کاتێکدایه که (ئاسۆی نیگارکێش) پێی ده‌ڵێت: ((تۆ چۆن کۆمۆنیستێکی، ئه‌گه‌ر ئه‌وه بیروباوه‌ڕت بێت..؟!)). گشت کاره‌کته‌ره‌کانی ئه‌م ڕۆمانه ده‌کرێت ئێمه نهێنییه‌کانی خۆمانیان تێدا ببینینه‌وه، نه‌ک هه‌ر نهێنییه‌کانی خۆمان، به‌ڵکو ده‌توانین له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن لێیان ئاگامان له‌و گۆڕانکاریانه بێت، که به‌سه‌ر واقیعدا دێن. ئێمه قه‌ت له‌و بڕوایه‌دا نیین ئه‌م کاره‌کته‌ره به‌و شێوه‌یه بگۆڕێت، له‌م وێنه‌یه‌وه ئێمه ده‌توانین بڵێین واقیع شتێکی نه‌گۆڕ نییه، به‌ڵکو به‌رده‌وام له‌گۆڕان دایه. من زۆر به‌وه سه‌رسامم کاتێ ده‌بینم ڕۆماننوسێکی گه‌وره‌ی وه‌کو (ئۆرهان پاموک) کێشه دوور و نه‌بڕاوه‌کانی تورکیا و خۆرئاوا له رۆحی کاره‌کته‌ره‌کانیدا نیشان ده‌دات، دیارترین نموونه‌ش رۆمانی (قه‌ڵای سپی)یه. زیاتر به‌وه سه‌رسامم کاتێ گۆڕانی واقیع هه‌ست پێ ده‌که‌م له ڕێگه‌ی کاره‌کته‌رێکی سه‌ره‌کیی وه‌کو (سه‌نگه‌ر)ی ناو ڕۆمانێکی (دواڕۆژ) و (کاروان کاکه‌سوور)دا. شوێن کاریگه‌رییه‌کی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر (سه‌نگه‌ر)دا هه‌بووه، کاتێ ده‌که‌وێته زیندان ئه‌وسا ده‌زانێت چه‌نده له‌خۆی دوور که‌وتۆته‌وه و چۆن له خودی خۆی دابڕاوه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له هه‌موو به‌شه‌کانی پێشوودا نووسه‌ر خۆی له ڕێگای ڕاناوی که‌سی دووه‌م و سێیه‌می تاکه‌وه به‌سه‌رهاته‌کانی (سه‌نگه‌ر)مان بۆ ده‌گێڕیته‌وه، به‌ڵام له دوابه‌شدا، واته له زینداندا (سه‌نگه‌ر) خۆی له ڕێگای ڕاناوی که‌سی یه‌که‌می تاکه‌وه باس له خۆی ده‌کات و له‌وێ چ له ڕووی فکر و چ له ڕووی زمانه‌وه گۆڕانێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه. (ئه‌لبێرت کامۆ) پووچیی ژیان کردی به فه‌یله‌سووف. له‌کاتێکدا ده‌بینین شوێن (سه‌نگه‌ر)ی وا گۆڕیوه به کاره‌کته‌رێکی دوور له وجودی خۆی.
سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
- سواره‌کان به قاچاغ بووکیان گواسته‌وه، ڕۆمان، دوارۆژ کاروان و کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور، چاپی یه‌که‌م ، یانه‌ی قه‌ڵه‌م.
- قه‌ڵای سپی، ڕۆمان، ئۆرهان پاموک، وه‌رگێرانی: به‌کر شوانی، ده‌زگای ئاراس، چاپی یه‌که‌می ساڵی 2009
- مۆدێرنه و ترادسیۆن له لای ئۆرهان پاموک، به‌خیتار عه‌لی.
- کاتژمێر بیست و پێنج، رۆمان، کۆنستانتین گۆرگیۆ، وه‌رگێڕانی: سلێمان دڵسۆز، چاپی یه‌که‌می ساڵی 2007.
- دۆن کیشۆت، رۆمان، سێرڤانتس، وه‌رگێرانی: محمه‌د قازی، له زنجیره بڵاوکراوه‌کانی ده‌زگای ئاراس.
- خه‌مه‌کانی ڕۆشنگه‌ری، چه‌ند وتارێکی هاشم ساڵح، وه‌رگێرانی: ئاوات محمه‌د، یانه‌ی قه‌ڵه‌م، چاپی یه‌که‌م.
- مناڵێک به دزییه‌وه کتێب ده‌خوێنێته‌وه، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ (کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور)، سازدانی: دانا فایه‌ق، له بڵاوکراوه‌کانی پاشکۆی ره‌خنه‌ی چاو‌دێر، ژماره (11)، چاپی یه‌که‌م.
- کۆڕێکی (به‌ختیار عه‌لی) سه‌باره‌ت به گومانکردن له عه‌قڵ له فه‌لسه‌فه‌ی پۆستمودێرنه.
- دیدارێك لەگەڵ (كاروان كاكەسوور). سازدانی: هەرێم. پاشكۆی رەخنەی چاو‌دێر ژمارە (191) و (192)
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته وه‌کو پێشه‌کی بۆ چاپی دووه‌می ڕۆمانی (سواره‌کان به‌قاچاغ بووکیان گواسته‌وه) نووسراوه.