پێشكەش بەڕوحی سەردەشت و سۆران
حاجیاوا - 18/5/2010
Jabarazez81@yahoo.com
تۆ كە غەریبترین مەخلوقی خشۆكی
هەنگاوت نییە بەسەر زەویدا ڕێ‌ بكەی
كوا حەقی ئەوەت هەیە عەشقی هەتاو بیت ؟
كوا حەقی ئەوەت هەیە لە خزمانی باران بیت ؟
كوا ئازیزم چڵوچێوی ئەم بەندەرە دۆستایەتی ئێمەی پێوەیە ؟
تۆ كەمیدالی موقەدەست بە سنگتدا هەلنەواسیوە
بۆ دەتەوێت تەعبیری بروسكە بكەی
تۆ كە خشۆكی ژێر زەمینێكی شێداری
چۆن دەتەوێت خزمایەتی عەمامەی لوتكە بكەی؟
تۆ كە لە سەوزبوونی حەرف دەڕوانی
ئەی چی دەڵێی كە لیباسێكت بۆ بچنم
ڕەنگی تۆخی ئەرخەوانی

****

ئەی هاوڕێ‌ گیان بە دیدارت خۆشحاڵم
لە مێژە چاوەڕوانیم ئەم ڕۆژەیە
ئاخر وەك ومن زانیومە وشە سنووری نییە
ئەی تۆ بۆ دەتەوێ‌ سنوربەندم كەی
قەڵەم موڵكی قەفەس نییە
تۆ بۆ دەتەوێ‌ لە قەفەسم بكەی
ئێمە تۆوی حەرف دەچێنین و رستەی نەستەق دەچنینەوە
ئەی تۆ هاوڕێم ؟
پێم بڵێ‌ بەیانییەك گوێت لە چریكەی خالقی و
ئێوارەیەك گوزەرت كردووە بە نێو دونیای پاكی پەشێودا
دەپێم بڵێ‌ هاوڕێم
من و تۆ هەردووك قوربانیین
تۆ دەتەوێـت پایەداری كورسییەكی شەل ببەیتەوە و
منیش دەمەوێت لەم زەمینە حەرف شین بێت
تۆ كە ئەم چڕنووكانە شك دەبەی
چ كارت بەسەر نەرمونیانیی وشەیە

****

لە داوێنی پەڕەی رەشی رۆژنامەیەكدا
ئەم مانشێتەم خوێندەوە
هێشتا ئومێدێك هەیە بۆ سەوزبوونی شەقام
ئومێدێك هەیە هاوڕێم
لەبەردەم خەیاڵی عارفی خۆمان دانیشین
بەرچنەیەك لێكدانەوە بە دیاری بنێرین بۆتان
هاوڕێم چ مەستە ئەم بەیانییە؟
لەبەردەم كەرنەڤاڵی شیوەنی ئێمەدا
سەوزبوونی شەقام چ خەندەیەكی گەورەیە؟
بەیانییەك لە نێوان خەو و بێداریدا
تریفەیەكی ئەرخەوانی پێچی مەچەكی گرتم
رۆشنایمی ئاڵاندە سەروملی قەڵەمەكەی كاكە سەردەشت
سۆرانم دیت لەسەر مێزی
عەبدالخاق مەعروف دانیشتبوو، بە یەكەوە
لەگەشتی مەریخی مەنگوڕی ووردەبوونەوە
دوای تاوێك گوڵەگەنمێكی ئەسمەر
بە وەسێتێكی خوێناویەوە هات و روخسەتی دانیشتنی خواست
گوڵەگەنم كە ڕەنگ و دەنگی سەردەشت بوو
بە فەرهەنگێكی رەنگ شینی ئۆكسفۆردەوە
داڵغەی وەرگێڕانی وتارێك لەسەر عیلمی مەنتق بوو
هاوڕێم داڵغەی غەریبی خۆت نەبێت
لەم وڵاتە قەڵەم زگی كەسمان تێر ناكا
بەڵام وەك شەراب خوێنمان فڕ دەكا
ئەمە تەعبیری خەونێك نیە بە شەبقەیەكی كلاسیكیەوە
نەدەركەوتنی ئێوارانی خەبەرە گەرمەكانی ئەم ولاتەیە
ئێوە لە ئاوێنەوە دەڕوانن رقتان لەڕوونی شوشەیە
تروسكایی مۆمێكتان پێ‌ تەحەمول ناكرێت
لەكاتێكدا ژووری خەوەكانتان گەورەترین گڵۆپی پێوەیە

****

"ئەی حەرف قەبرێكم بۆ هەڵكەنە بەپانتایی عەڕش"*
چیرۆكی من زەلیلی ئەم تنۆكە خوێنەیە
كاروانی من پێكی ژەهری سوقرات و
مێخی مەچەكی مەسیحی پێوەیە
لە كڵۆڵی ئەم حەرفە شێتەیە زەمەن دەوەستێ‌
كوا نیشتیمانی من شایانی ئێوەیە
ئەی حەرف ئەم حەقە كڵۆڵی زەماوەندی وشەی پێوەیە
تیراژی سەبرم زۆر لەوە بەرزترە كە هیوای ئێوەیە
كوا هەناسەی مەندی ئێمە موسیبەتی فرۆشتنی نیشتیمانی پێوەیە
قەڵەم دەردێنم لەسەر سەبرم دەنووسم خەرمان برەكەت وشە
فڕكردنی خوێنی من شایانی بەخشندەیی ئێوەیە .......

*نیوە دێڕێكی 'ڕێبوار سیوەیلی' یە