په‌ڕه په‌ڕه گوڵێک ده‌وه‌رێنێت و له دڵی خۆیدا ده‌بێژێت؛ دره‌نگه، دره‌نگ نییه. پله پله پێ له‌سه‌ر پلیکانه‌کان داده‌نێت و له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه ده‌ڵێت؛ دره‌نگه، دره‌نگ نییه.
به دڵه‌ڕاوکێی دره‌نگبوونه‌وه؛ هه‌نگاو هه‌نگاو له پۆرترێتێک نزیک ده‌بێته‌وه. هێواش هێواش په‌نجه‌کانی له‌سه‌ر دانه دانه‌ی کیبۆردی پیانۆیه‌ک داده‌نێت. به خێرایی گێژه‌ڵووکه، له نمایشێکی سه‌ماکردنی سه‌ر سه‌هۆڵدا، بێ‌شومار ده‌سوڕێته‌وه. نامه‌کانی مه‌عشووقێکی بریندار، له ته‌نه‌که‌خۆڵی عاشقه‌که‌یدا ده‌ردێنێته‌وه. ده‌رفه‌تێک ده‌داته به‌ڕێکه‌وت تاوانبارێک و له‌به‌رده‌م ده‌رگای دادگای گشتیی‌دا، پشتاوپشت ده‌گه‌ڕێته‌وه. سه‌ردانی ماڵی خوا ده‌کات و نزا بۆ نه‌رمبوونی به‌رده‌کان کۆده‌کاته‌وه. ده‌خوازێت به‌ده‌ستی بێت و ئه‌رکی سه‌رپشکبوون، له قه‌ده‌ری ناوازه بستێنێته‌وه ...
هاوڕێیه‌کی بیماری، له هه‌مان ئه‌و بیمارستانه‌ی که ئه‌می لێیه، به یه‌قینه‌وه ده‌ڵێت؛ (دره‌نگه) و ئه‌م هێشتا چاو له ڕێی هاتنه‌وه‌ی (قه‌ره‌ج)ێکه. قه‌ره‌جێک که له چاخێک له چاخه‌کانی سه‌ده‌ی زوودا هاته سه‌ر ڕێی و ده‌می هاتنی هێنده زوو بوو هێنده زوو بوو، وه‌ک ده‌ڵێن، ئه‌م خاتوونه هێشتان په‌ڕه‌یه‌کی سپی بوو، په‌ڕه‌یه‌ک پڕ پڕ له ئاماده‌گیی پڕبوونه‌وه و پڕ له خۆشیی گه‌یشتن و پێڕاگه‌شتن. دڵی دڵی منداڵێک بوو، له‌سه‌رپێ بۆ زوو تۆران و ئاره‌زووکردنی زوو ئاشتبوونه‌وه. ڕێک له‌و وه‌خته‌دا بوو که قه‌ره‌جێک هاته سه‌ر ڕێی و ئه‌می له ماڵ هه‌ڵکه‌ند، که‌چی نه خۆی نیشته‌جێ بوو، نه له‌گه‌ڵ خۆیشی ئه‌می برد.
کاتێک که قه‌ره‌جه‌که‌ی به‌بێ ئاوڕدانه‌وه ڕۆشت، کاتێک که به‌جێیهێشت، دڵی به ده‌ستییه‌وه بوو. دڵی به کۆڵان و شه‌قامه‌کاندا، له‌سه‌ر به‌ری ده‌ستی گێڕا، تا به پێی خۆی گه‌یشته ئه‌و بیمارستانه. تا گه‌یشته به‌رده‌م دکتۆره‌که‌ی. تا پێیوت دکتۆر ماندووم، دکتۆر دڵم ...
یه‌که‌م ڕۆژ که بیماره‌که‌ی هاوڕێی بینی، بۆ ساتێک وایزانی نزیک ده‌یناسێت. به‌ڵام ئه‌و بیماره که ئه‌می بینی، دیقه‌تی سه‌ر سنگی دا و حاڵ گرتی، له‌سه‌ر زه‌وییه‌که که‌وت و به دوو که‌س گرتیان. به هه‌ر چوارپه‌ل په‌له‌قاژێی ده‌کرد و هاواریده‌کرد؛ دڵت بۆ ڕه‌شه؟ دڵت بۆ ڕه‌شه؟ کچه‌که له دڵی خۆیدا ده‌یوت؛ گه‌مژه، دڵم وا له‌سه‌ر ده‌ستمه، سه‌رنجی کوێ ده‌ده‌یت؟ نه‌فام دڵم وا خوێنی لێ ده‌ڕژێت، که‌ی ڕه‌شه. له‌و قسانه‌دا بوو، په‌رستارێک هات و دڵێکی یاقووتی ڕه‌شی به زنجیرێکی زێڕه‌وه له ملی داکه‌ند!
ئه‌م خانمه له‌و جێگایه باش هه‌ڵده‌کات. به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌خۆشه‌کانی تره‌وه که ئه‌وێیان به‌لاوه زیندانه و هه‌میشه له هه‌وڵی هه‌ڵهاتندان. که‌س ماندوو ناکات و ته‌نیا که‌سیشه که له‌وێ دان به ناساغی خۆی و دانیشووهکانی نه‌خۆشخانه‌که‌دا ده‌نێت. به‌ڵام ئه‌مه به ڕوونی ناگه‌یه‌نێته دکتۆره‌کان، نه‌وه‌کا بینێرنه‌وه ماڵه‌وه! ئاخر ئه‌م تازه به ئه‌ڤینی قه‌ره‌جێکه‌وه هۆگر و کێویی بووه و له ته‌نیایی و له ناو چوار دیواری ماڵه‌وه‌دا شێت ده‌بێت! له‌وێ هیچ نه‌بێت نیوه‌ی کات خپ کراوه و له‌سه‌ر خۆی نییه. زۆربه‌ی جاریش خۆی به ژماردنی درزه‌کانی دڵییه‌وه خه‌ریک ده‌کات و جارێکه دروست نازانێت، دڵی بووه به چه‌ند که‌رته‌وه؟
هاوڕێکه‌ی موعتادی ئه‌و ده‌رمانانه بووه که له‌و بیمارستانه به مه‌به‌ستی هێورکردنه‌وه‌ی ده‌یده‌نێ. شه‌وانه بێداره و له کونجێکی ژووره‌که‌دا، خۆی کوشمه‌ڵه ده‌کات و وه‌ک لاوازترین پیاوی دنیا، تژی له ئازاری ویژدان و دڵشکان ده‌ناڵێنێت. کچه‌که لێی نزیک ده‌بێته‌وه، ده‌یه‌وێت بیدوێنێت و نازانێت دڵی ئه‌و یان دڵی خۆی ده‌داته‌وه که ده‌ڵێت؛ با دڵنیا بێت دڵت، که‌سێک لێره نییه بیشکێنێت. با دڵنیا بێت، ئه‌وه‌نده دره‌نگه که ئامانجێک له‌وسه‌ری ڕێگاکه نه‌ماوه، تا دڵت بۆی، له پێنهگهشتنیدا، له خۆت دامێنێت. ئیدی غووربه‌ت و ته‌نیایی قه‌ده‌رته و هه‌ناوت یهکلابکهرهوه که چیدی چاوه‌ڕێی که‌س نه‌بێت له‌خۆوه پێشنیاری لهگهڵبوونت بکات و بیرۆکه‌ی پرسیارکردنیش له هاتن و گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌ره‌جێک لاوهنێ.
هاوڕێکه‌ی، بۆ یه‌که‌م جار، به هێمنی قسه ده‌کات و سه‌ری له کۆشیدایه که ده‌ڵێت؛ به خۆشه‌ویستی هاوسه‌رگیرییمان نه‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆر هۆگری یه‌کتری بووبووین، له ده‌می پێکهوهژیانمانهوه هیچ کات له‌یه‌ک دوور نه‌که‌وتبووینه‌وه و زۆربه‌ی کات له بڕیار و ئاره‌زووه‌کانماندا ته‌با بووین. به‌ڵام بۆ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌مان له وڵات و به‌و ڕێگایه، به زۆر قایلم کرد. ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه من کوشتم، من هاوژینه شیرینه‌که‌م کوشت! به‌ڵام من ویستم بێین دنیا ببینین، ویستم بێین بژین. تێمده‌گه‌یت؟ توخوا تێمده‌گه‌یت؟
کچه‌که سه‌ری هاوڕێکه‌ی به‌رز ده‌کاته‌وه، تا سه‌یری چاوی بکات کاتێک که قسه‌ی بۆ ده‌کات و ده‌ڵێت؛ بڕیار بوو دوو منداڵمان ببێت. بڕیار بوو له‌ودنیاش یه‌کتری ههڵبژێرینهوه. بێ‌سنوور خۆشمده‌ویست و تکام کرد له باوه‌شی ئه‌ودا بمرم. که‌چی لهمدنیاش به‌جێیهێشتم، که‌چی ده‌ژین و بێ یه‌کین! توخوا سه‌یر نییه؟! توخوا عاشق وا ده‌بێت؟!
هاوڕێکه‌ی وتی؛ یانزه ڕۆژ بوو نانمان نه‌خواردبوو. بێ وره و بێ هێز ئه‌و کێوه سه‌ختانه‌مان ده‌بڕی. له‌ناکاو ژنه‌که‌م وتی من دڵم ڕه‌ش ده‌چێته‌وه، من دڵم به‌م کۆچه‌وه نه‌بوو. ویستم پێی بڵێم دڵت بۆچی ڕه‌ش ده‌چێته‌وه و ئه‌و قاچی ترازا. وه‌ک چۆن گوڵدانێکی کریستاڵ له به‌رزاییه‌وه بکه‌وێته خواره‌وه، هاڕه‌ی کرد. گاشهبهردهکانم ده‌بینی، چه‌ند دڵڕه‌قانه خۆیان پێدا ده‌کێشا. بینیم سه‌ری ئه‌و چۆن ته‌قی و هه‌ستمکرد خوێن له دڵی منه‌وه چۆن قڵپه‌ی کرد. هه‌ر له‌ناو ئه‌و شاخانه‌دا ئه‌ومان ناشت و منیش هه‌ر له‌و ناوه عه‌قڵم ون کرد. توخوا تۆش بیت شێت نابیت؟
ئه‌م وتی؛ شه‌وانه حیکایه‌تم بۆ داده‌هێنا و ده‌منواند. تا خه‌وێکی قووڵ ده‌ستی ده‌گرتم و ده‌یلاواندم. سه‌ری له‌سه‌ر سنگم نه‌بووایه، هه‌ستی به ئارامیی نه‌ده‌کرد. به‌یانیان به ماچی ئه‌و نه‌بووایه خه‌به‌رم نه‌ده‌بۆوه. خواردنێکی ئێجگار خۆشمان دروستده‌کرد، تایبه‌ت بوو به خۆمان. گوێبیستی (خالقی) ده‌بووین و پێکه‌وه ده‌مانوت؛ ئای که بیرتده‌که‌م، هاوار بیرتده‌که‌م. له‌گه‌ڵ (کابان)دا دهمانچریکاند؛ عه‌شقی من یان گیانی ساوا، یان فریشته پاکتره؟ ژینی جیایی یان مه‌رگ، کامیان له کامیان چاکتره؟. که‌چی له‌ناکاو و وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌مێژ بێت داینابێت ڕۆژێک دووربکه‌وێته‌وه، ڕۆشت. ئه‌و قه‌ره‌جه‌ی دڵم به‌جێیهێشتم. توخوا زۆر سه‌خت نییه؟ توخوا ناحه‌قمه شێت بم؟
ئه‌و وتی؛ تازه قه‌ده‌ر دڵی شکاندم، تازه زیندوو نابێته‌وه، تازه زۆر دره‌نگه. ئه‌م وتی؛ به‌ر له ڕۆشتنی، گریام بۆ ماچێک و نه‌یدامێ. له نامه‌یه‌کدا سووتام بۆی و نه‌یخوێنده‌وه. به‌ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌و خۆم فێری ژه‌ندنی پیانۆ کرد، له ڕۆژی له‌دایکبوونیدا پارچه‌یه‌ک مۆسیقام له ڕۆحمه‌وه بۆ لێدا و گوێی لێ نه‌گرت. داوه‌تی نمایشی سه‌ماکردنی سه‌ر سه‌هۆڵم کرد، چونکه خۆی زۆر ئاره‌زووی لێ‌بوو، به‌ڵام نه‌هات. هه‌رچی ده‌کرا و نه‌ده‌کرا کردم و خۆی به خاوه‌نی هیچ نه‌کرد!
په‌رستارێک به میهره‌وه ژه‌مه خواردنی نه‌فه‌رێک ده‌باته ژووره‌وه. کچه‌که لێی ده‌پرسێت؛ ئه‌وه بۆ کاممان؟ په‌رستاره‌که ده‌ڵێت؛ بۆ تۆ، من نانم خواردووه! ئه‌م ده‌ڵێت تۆ ناڵێم، ئه‌ی بۆ هاوڕێکه‌م؟ ده‌ڵێت؛ ئه‌م ژووره به‌ته‌نیا ژووری تۆیه. ته‌ماشای ژووره‌که ده‌کات، یه‌ک ته‌ختی خه‌وی تێدایه، به‌ڵام ده‌زانێت ئه‌وه ژووری هاوڕێکهشێتی، ئه‌و هه‌میشه له‌گه‌ڵیدا له‌وێیه. له‌گه‌ڵ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رستاره‌که‌دا زمانێکی لێده‌رده‌هێنێت. ئینجا به‌لای هاوڕێکه‌یدا ئاوڕده‌داته‌وه و پێی ده‌ڵێت خواردنه‌که به‌یه‌که‌وه ده‌خۆین. دڵگران مه‌به له‌وه‌ی که ئه‌و په‌رستاره تۆی نه‌بینی. به‌ڵام نازانم ته‌نیا ئه‌و تۆی نه‌بینی؟ یان ته‌نیا من تۆ ده‌بینم؟! هه‌رچۆنێک بێت، باشتر که لێره‌یت ...
کچه‌که نیگه‌رانه و له‌به‌رده‌م خۆیه‌وه ده‌ڵێت؛ ئه‌ی ئێستا چۆن نان بخۆم که دڵم به ده‌ستمه‌وه‌یه؟! قه‌یناکه نان ناخۆم. چاوه‌ڕێی قه‌ره‌جه‌که‌م ده‌که‌م بێته‌وه و پێکه‌وه به‌تامترین خواردنی دنیا ساز بکه‌ین. به‌شکم بێته‌وه تا پێکه‌وه بده‌ینه سارا و له‌وێ سڵ له هیچ چاو و ده‌م و گوێیه‌ک نه‌که‌ینه‌وه. به‌شکم بێته‌وه و دڵیشم بخاته‌وه ناو سنگم. به‌شکم ئاواته‌که‌م بێته‌دی و دواجار له باوه‌شی ئه‌ودا بمرم. وتت چی هاوڕێ مهلوولهکهم، به‌شکم دره‌نگ نه‌بێت؟!