هه‌ور ئه‌سوتێ.. هه‌نسک ئه‌دا.. شه‌ویش دره‌نگه‌
تنۆکی باران.. گه‌ڵاڕێزانی وه‌رزی گریانی..
دارستانێکی دووری بێ ڕه‌نگه‌
تنۆکی باران وه‌کو هه‌زاران نه‌رمه‌ په‌نجه‌ و ده‌ست..
له‌ شوشه‌ی ساردی په‌نجه‌ره‌م ئه‌دا و
که‌ سه‌ر هه‌ڵئه‌بڕم.. به‌چۆڕاوگه‌وه‌ باران ئه‌بێته‌ خوێناوێکی خه‌ست

*

له‌ ڕه‌شت و لول و چۆڕاوگه‌ی خوێنی باراناوه‌وه‌.. ئه‌ڕوانمه‌ دوور
تارمایی‌به‌ک ڕووه‌و گۆڕستانه‌که‌.. زۆر به‌خێرایی.. زوو تێده‌په‌ڕێت
ئه‌یناسمه‌وه‌.. تارمایی ته‌ڕی به‌ربارانی شه‌و..
باڵای له‌غه‌م و ته‌ما نوقمی شاعیرێکه‌ شێت

*

جار جار چه‌خماخه‌ و هه‌وره‌بروسکه‌
ڕێگه‌ی ڕۆشتنی ڕوون ئه‌کاته‌وه‌
چه‌خماخه‌ چرا و تاقه‌ تروسکه‌

*

ئاخۆ چی بکا؟! چی ئه‌کا ئه‌مشه‌و؟!
کێ ئه‌نێته‌ نێو دووتوێی گۆڕه‌وه‌؟!
بۆ بێڵ و پاچی ناوه‌ته‌ سه‌رشان؟! ئه‌ی کوا مردوویه‌ک؟!
ئه‌ی کوا تابووتێک؟! ئه‌ی کوانێ خه‌ڵکی به‌شه‌پۆڕه‌وه‌؟!
خۆی گۆڕهه‌ڵکه‌نه‌.. خۆشی مردووه‌
هه‌ر خۆی پرسه‌یه‌.. خۆی کۆست که‌وتووه‌

*

به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێ بۆچی؟! که‌س نازانێ که‌س..
له‌گه‌ڵ ناشتنی ته‌رمه‌که‌ی باوکیا..
ده‌فته‌ری شیعریان خسته‌ گۆڕه‌وه‌..
هاژه‌و هاواریان له‌ تاڤگه‌ و چه‌می چریکه‌ی بڕی..
وه‌ک مه‌لی نامۆ و زیندانیی قه‌فه‌س

*

ئا ئه‌و شیعرانه‌ی به‌ مه‌ره‌که‌بی دڵی توواوه‌ی هۆنرابوونه‌وه‌ و
تانجه‌رۆ و زه‌ڵمایان به‌ چاوانی ڕشت
بۆ له‌ دووتوێی گۆڕ یاخی نه‌بوون و
په‌نجه‌ره‌یه‌کیان نه‌خسته‌ سه‌رپشت؟!

*

هه‌ر هه‌نگاو ئه‌نێ و
تاو نا تاوێکیش ده‌نگێ ئه‌بیستێ به‌ چرپه‌ ئه‌ڵێ:
خۆ تۆ شه‌یتان نیت.. چۆن گۆڕی باوکت هه‌ڵئه‌ده‌یته‌وه‌؟!
په‌نجه‌ره‌ی گوناھ..
بۆ له‌سه‌ر ژووری به‌فرینی گیانی خۆت ئه‌که‌یته‌وه‌؟!
سلێمانی_ شه‌وی 21/11/1982