به‌ یادی سه‌رده‌شت و سۆران
دوو کوڕه‌ غه‌ریبه‌که‌ی شاره‌کانمان ....!

له‌ سبه‌ینێوه‌ ئه‌ده‌مه‌ غه‌ریبیی
ئه‌ده‌مه‌ شارانی گوڵ
له‌ سبه‌ینێوه‌ مناڵ ئه‌بمه‌وه‌ تا سه‌ره‌تای کۆڵان
تا بۆنی خۆشی کتێب
له‌ سبه‌ینێوه‌ چاکه‌ت و پانتۆڵه ئوتوودراوه‌‌که‌م له‌به‌ر ‌ئه‌که‌م
نیشتمان له‌ پاشکۆی ئه‌سپێکی غه‌مگین ئه‌نێم و
ئه‌ڵێم: هاوڕێیان
ئه‌ی هاوسه‌فه‌رانی بێ وه‌فا
خۆتان بگرن ئه‌‌‌وا دێم!

*

له‌ سبه‌ینێوه‌ به‌رگی غه‌ریبیی ئه‌پۆشم
ته‌نیای ته‌نیا به‌ کتێبێکی بچکۆله‌وه‌ له‌ گیرفاندا
وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێکم لێ ون بووبێ
به‌ باغه‌کاندا ئه‌گه‌ڕێم
له‌ سبه‌ینێوه‌ زۆر بیری دایکم ئه‌که‌م
له‌ ده‌رسی سێیه‌مه‌وه‌ ئیزن له‌ مامۆستا وه‌رئه‌گرم و
په‌له‌په‌ل خۆم ئه‌گه‌یه‌نمه‌وه‌ لای
له‌ سبه‌ینێوه‌ پاییز هه‌ڵده‌کا
هه‌ست ئه‌که‌م سووکه‌ تایه‌کم لێهاتووه‌‌‌‌
ئه‌ڕۆم و
له‌پاڵ ته‌ڵانێک گوڵه‌شیلاندا
سه‌رخه‌وێک ئه‌شکێنم و
خه‌ونی سه‌یر ئه‌بینم!

*

له‌ سبه‌ینێوه‌ حه‌زم له‌ خوێندنه‌وه‌ی شیعری جوانتره‌
له‌ کڕینی کتێبی هاروهاجتر
له‌ هه‌ڵقوڕاندنی ئاوی ساردتر
له‌ سبه‌ینێوه‌ به‌ ویقارێکی تره‌وه‌ خۆم ئه‌که‌م به‌ زانکۆدا
پڕ پڕم له‌به‌یانیباش
پڕ پڕم له‌ ته‌ماشاکردنی ئه‌و کچانه‌ی
که‌ تا ئێستا پڕ به‌ چاوی بینین
نه‌مدیون
پڕم له‌ ته‌وقه‌کردن و باوه‌شکردنه‌وه‌ بۆ ئه‌و کوڕه‌ زویرانه‌‌ی
که‌ هێشتا پڕاوپڕی ئاشنایی
نه‌مناسیون
له‌ سبه‌ینێوه‌ وه‌ک ئه‌کته‌رێکی پیری شانۆنامه‌یه‌کی چیخۆ‌ف
خۆم ئه‌که‌م به‌ قاوه‌خانه‌که‌ی ''ناتاشا'' دا و
هاوارئه‌که‌م: ئه‌رێ ''ڤاسیلی ڤاسیلیۆڤیچ''
_ '' ئاگات لێیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ چ به‌فرێک ئه‌بارێ‌؟''
وا ئه‌ڵێم و غه‌مگین .. غه‌مگین
ئه‌که‌وم به‌ پشتدا و قاقا پێئه‌که‌نم!

*

له‌ سبه‌ینێوه‌ ئه‌بمه‌ گالیسکه‌چییه‌ک که‌ چوار ئاسکی ته‌نیا
ڕامئه‌کێشن
کۆڵانه‌ و کۆڵان ئه‌گه‌ڕێم و عه‌تر ئه‌فرۆشم
ئه‌و دێڕه‌ جوانانه‌ بۆ خه‌ڵک ئه‌خوێنمه‌وه‌
که‌ شه‌وانه‌ له‌ باغی کتێبه‌کان
چنیومن
له‌و تامی ڕه‌نگه‌ مێخۆشانه‌‌‌یان به‌ش ئه‌ده‌م
که‌ یه‌ک‌ یه‌ک‌ له‌ دارهه‌ناری شیعره غه‌ریبه‌کان وه‌ریون ‌ ‌
ئه‌ڕۆین و مناڵان سوار کۆڵ و ملمان ئه‌بن
په‌پووله‌ تێمانده‌ئاڵێن‌
گوڵ تێمان ئه‌وروکێن
پیاوانی پیر به‌ قه‌فه‌سی چۆڵه‌وه‌ ده‌ستمان ئه‌گوشن
ژنانی تینوو به‌ سه‌تڵی به‌تاڵه‌وه دوامان ئه‌که‌ون
من هه‌ر ئه‌ڕۆم و سه‌ر بائه‌ده‌م و هاوار ئه‌که‌م:
عه‌تر ... عه‌تر ... عه‌تر
خه‌ڵکینه‌ وه‌رنه‌وه‌ ... نه‌ما
وه‌رنه‌وه‌ .. وه‌رنه‌وه‌
وه‌رنه‌وه‌ بۆ عه‌تر!‌

*

له‌ سبه‌ینێوه‌ ئه‌ڕژێمه‌‌ شاره‌کانتانه‌وه‌
به‌ جادده‌کانتانا پیاسه‌ ئه‌که‌م
به‌ کۆڵانه‌کانتانا ئه‌گه‌ڕێم
له‌به‌ر دو‌کانه‌کاتانا ڕائه‌وه‌ستم
که‌ دوکانداره‌ پیره‌کانتان نیوه‌ڕوان ئه‌چن بۆ نوێژ
من ئاگام له‌ دوکانه‌کانیان ئه‌بێ و
نوقڵ و ده‌مانچه‌ی ئاو و کۆلاره‌یان بۆ ئه‌فرۆشم
به‌یانیان زوو نانه‌واخانه‌کانتان ئه‌که‌مه‌وه‌
جه‌ریده‌ی جوان‌ ئه‌گه‌یه‌نمه‌ کتێبخانه‌کانتان
کتێبفرۆشه‌کانی سه‌رجادده‌ به‌سه‌ر ئه‌که‌مه‌وه‌
که‌ باران باری له‌گه‌ڵیاندا
نایلۆن به‌سه‌ر ڕۆژ‌نامه‌کانیاندا ئه‌ده‌م‌
دڵیان ئه‌ده‌مه‌وه‌
قاچ هه‌ڵئه‌که‌م ... ئه‌چمه‌ ناو ڕه‌شه‌باکانه‌وه‌ و
لاپه‌ڕه‌ی زویری کتێبه‌کانیان
بۆ دێنمه‌وه‌
له‌ خۆپیشاندانه‌کانا قوت ئه‌بمه‌وه‌ و
وه‌ک چۆله‌که‌یه‌کی ته‌ڕ و بزێو
میکرۆفۆن بۆ کوڕ و کچه‌ تووڕه‌کانتان ده‌گرم
له‌ هۆڵی شانۆنامه‌ و کۆڕه‌کانی شیعردا
به‌ لیڤاکسێکه‌وه‌ له‌ پێشی پێشه‌وه‌ دائه‌نیشم
کوێره‌کانتان له‌مبه‌ری جادده‌وه‌ ئه‌په‌ڕێنمه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر
چوارشه‌ممووان ئه‌چم بۆ مواجه‌ی عاشقه‌کانتان
له‌ خه‌سته‌خانه‌ و
گوڵ و شه‌ربه‌تی شیعریان بۆ ئه‌به‌م‌
به‌ گۆرانیبێژه‌ ده‌نگ ناخۆشه‌کانتان ده‌ڵێم
وس بن جارێ ... با گوێمان له‌ گمه‌ی ئه‌و کۆترانه‌ بێ
گسک له‌ که‌ناسه‌کانتان ئه‌گرم تا ئاره‌قه‌یه‌ک بسڕن
به‌ کرێکاره‌کانتان ئه‌ڵێم: هاوڕێیان هه‌ر بژین ...
ماندووییتان گوڵ!
ئه‌بمه‌‌ هاوڕێی باغه‌وان و به‌قاڵه‌کانتان
ئێواران به‌ کیسه‌ی پڕ له‌ قۆخ و پرته‌قاڵ و هه‌ڵووژه‌وه‌
به‌و هه‌موو بۆنی عه‌تره‌‌وه‌
خۆم‌ به‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌کانتانا ده‌که‌م!

*

له‌ سبه‌ینێوه‌ له‌به‌رده‌م زانکۆدا
بکوژه‌کانی خۆم ... هاوسه‌فه‌ره‌ بێ وه‌فاکانم ئه‌بینم
به‌ بۆنیاندا ئه‌یانناسمه‌وه‌ که‌ هه‌مان ئه‌و بۆنه‌یه‌
له‌ جادده‌ و کۆڵانی شه‌ڕه‌کانی ناوخۆ و
بازاڕ و کۆشک و به‌رده‌م بانق و
له‌ ڕاڕه‌و‌ی حه‌کایه‌ته‌ ترسناکه‌کانی
مناڵییدا هه‌ڵممژتوون
به‌و ده‌مارانه‌دا ئه‌یانناسمه‌وه‌ که‌ له‌ باسک و لاملیاندا هه‌ڵتۆقیون‌
به‌و بوغزه‌ ئاوساوه‌دا ....
به‌و ڕوخسارانه‌دا که‌ له‌ کتێبه‌ ڕووناکه‌‌کاندا نه‌مدیون
ئه‌یانناسمه‌وه‌ و له‌ خۆمه‌وه‌ ترسێکی ناکاوم لێئه‌نیشێ
له‌ خۆمه‌وه‌ بیری دایکم ئه‌که‌م و بیری ئارام*
پێیانئه‌ڵێم هاوڕێیان .. ئه‌ی هاوسه‌فه‌رانی دڵڕه‌ق‌
ئاخر ئێستا به‌م به‌یانییه‌ جوانه‌
که‌ی کاتی ئه‌م هه‌موو تووڕه‌ییه‌یه‌‌!
ئه‌ڵێن چی بچینه‌ ‌قاوه‌خانه‌یه‌ک و
به‌ یادی ''له‌ غوربه‌تا'' که‌ی حه‌مه‌عومه‌ر عوسمانه‌وه‌
قاوه‌یه‌کی پڕ له‌ ژه‌هر فڕکه‌ین ‌
یان وه‌رن با لاده‌ینه‌‌ باخچه‌یه‌ک و
به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی ''بۆدلێر'' ه‌وه‌
پیاسه‌یه‌ک‌‌ به‌ناو گوڵه‌کانی شه‌ڕدا بکه‌ین
یاخود وه‌رن با بچینه‌ به‌رده‌م کتێبخانه‌یه‌کی پشتکۆماوه‌ی
عه‌ینه‌ک له‌چاوی کن سێتاقان‌ و
بپرسین: ئه‌رێ مامۆستا ئه‌مڕۆ چ کتێبێکی جوان به‌ڕێوه‌یه؟‌
چما قوربان ئه‌مڕۆ چ شیعرێکی ناسک چاپ ده‌بێ؟
یان ئه‌وه‌ش قه‌ینا .. بفه‌رموون با‌ بچینه‌ باغچه‌ی زانکۆ و
وێنه‌یه‌کی به‌کۆمه‌ڵ بگرین بۆ یادگار
ڕێگه‌م بده‌ن من له‌ وێنه‌‌که‌دا
چه‌پکێک گوڵی غه‌ریبم به‌ده‌سته‌وه‌ بێ و
تام لێهاتبێ و بیری دایکم بکه‌م
ڕوخسه‌ت بده‌ن دونیا بانگکه‌مه‌ ناو وێنه‌که‌وه‌
ئه‌و شارانه‌ بانگکه‌م که‌ سه‌فه‌رم بۆ نه‌کردوون
ئه‌و شه‌قامانه‌ بانگکه‌م که‌ پیایاندا نه‌ڕۆیشتووم
ئه‌و نامانه‌ی نه‌منووسیون
ئه‌و کتێبانه‌ی نه‌مخوێندوونه‌ته‌وه‌
ئه‌و عه‌ترانه‌ی له‌ خۆمم نه‌داون و
ئه‌و ئاوێنانه‌ بانگکه‌م که‌ هێشتا خۆمم تێدا نه‌بینیون
ڕوخسه‌ت بده‌ن هاوڕێیان ... هه‌ژاریی بانگکه‌مه‌ وێنه‌که‌وه‌
قاووقیژه‌کانی مناڵیی و
جانتا پێچانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ پاییزانێکی دره‌نگدا به‌ره‌و ماڵ
لێگه‌ڕێن باران بانگکه‌مه‌ وێنه‌که‌وه‌
وێنه‌گره غه‌مگینه‌‌کان بانگکه‌م و
‌هه‌ڵله‌رینی کرمێک که‌ خه‌ریکه‌ ئه‌بێته‌ په‌پووله‌
له‌به‌ر هه‌تاو
ڕوخسه‌ت بده‌ن دونیا بانگکه‌مه‌ وێنه‌که‌وه‌ ... هاوڕێیان
ده‌ست ڕاوه‌شاندن بۆ‌‌ ‌ که‌سێک له‌وبه‌ره‌وه‌ و
په‌ڕینه‌وه‌ له‌ شه‌قام
گوژمخواردنه‌وه‌ بۆ بازێکی توند و
خۆدانه‌واندن و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی گوڵه‌ یه‌خه‌یه‌ک
له‌ناو چاڵێکی بچکۆله‌ باراناو
لێگه‌ڕێن هه‌موو شت بانگه‌که‌مه‌ وێنه‌که‌وه‌ ... هاوڕێیان
ڕاکردن به‌دوای زه‌میله‌یه‌ک مزره‌سێوی ڕژاو
باوه‌ش گرتنه‌وه‌‌‌ بۆ که‌سێک که‌ دێته‌وه‌ و
خواحافیزیی کردن له‌ که‌سێک که‌ ده‌ڕوا
پچڕانی ملوانکه‌یه‌ک له قه‌ره‌باڵخیی‌ بازاڕێکدا و
قۆڵ هه‌ڵکردن و کۆکردنه‌وه‌ی
گوڵدانێکی ڕه‌نگاوڕه‌نگ دڵی شکاو! ‌

*

ده‌ی ده‌ڵێن چی هاوڕێیان
ئه‌ی هاوسه‌فه‌رانی خه‌مسارد
وای خودایه‌ خۆ ئێوه‌ قه‌ت هیچ ناڵێن!
ئاخر به‌م به‌یانییه‌ جوانه‌
که‌ی کاتی ئه‌م هه‌موو تووڕه‌ییه‌!
ئاخر به‌م به‌یانی سه‌فه‌ره‌
که‌ی کاتی ئه‌م هه‌موو غه‌ریبییه‌یه‌!
ده‌ی وه‌رن داوه‌تی من بن ...
با بڕۆین دۆندرمه‌ی‌ باران بخۆین
با بڕۆین گوڵ ئاو ده‌ین‌
وه‌رن با به‌ناو گه‌ڕه‌کی کتێبه‌کان بکه‌وین و
عه‌تر ببه‌خشینه‌وه‌
وه‌رن هاوڕێیان
وه‌رن ئه‌ی هاوسه‌فه‌رانی بێ باک
ده‌ی وه‌رن ... با بڕۆین
با بڕۆین
وێنه‌یه‌کی غه‌ریب بگرین بۆ یادگار
ده‌ی هاوڕێیان
با
بڕۆ
ین!

 
کۆتایی ئایاری 2010
ئارام ناوی دووه‌می هاوڕێم به‌کر عوسمان برای سه‌رده‌شتی جوانه‌مه‌رگه‌...