100507
"ـNej du är inte galen eller på väg att bli galen"
ئه‌مه ئه‌و رسته‌یه بوو که دۆکتۆره‌که‌ی مارگاریتا تریگۆرد له‌سه‌ر پارچه‌کاغه‌زیکی بچکۆله به ئیمزا‌و ناوی خۆیه‌وه بۆی نوسیبوو بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رکاتێک هه‌ستی کرد ته‌واو شێت بووه له‌به‌ر خۆیه‌وه بیخوێنیته‌وه، گرنگ نه‌بوو له‌کاتی میزکردندا بووایه یان له قه‌ره‌بالغیی بیمانای شه‌مه‌نده‌فه‌رێکدا یان له ته‌نیایی کوشنده‌ی ناو نوێنێکدا یان بۆ هاوڕێکانی، گرنگ ئه‌وه بوو به ده‌نگی به‌رز گوێی لێ بێ و دڵنیا بێته‌وه‌ل ه‌و راستییه. ئه‌م پارچه‌کاخه‌زه بچکۆله‌یه له جانتا سووره‌که‌ی مارگارێتادا هه‌ڵ ئه‌گیرا که دیاریی نانسی دایکی بوو.
من نانسیم نه‌بینیوه به‌ڵام کاتێ که بۆم ده‌رکه‌وت توشی سه‌ره‌تان بووه کوبه و یاپراخی گاڵامێوم بۆ نارد، نانسی له شارێکی زۆر دور له ئێمه ئه‌ژی. مارگارێتا هاوڕێی سەره‌تاکانی منه، چه‌نده‌ها ئێواره له‌به‌رده‌م ئاگردانی ماڵه‌که‌یدا به‌دیار مۆمێک و قومێک شه‌رابه‌وه له مناڵیمانه‌وه بیگره‌تا داگیرکردنی دڵی پیاوه‌کان تا تامی ژه‌هراوی دڵشکان تا چاوته‌ڕبوون به‌ده‌م گێڕانه‌وه و قه‌ناعه‌ت پێکردنی ئه‌ممان به‌وی دیمان که مناڵبوونی کاممان له‌وی دیمان قورس‌تر بووه، پیایا دێین هه‌تا بۆ چه‌نده‌هه‌مین جار ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر کات و رۆژی کردنی سه‌فه‌ره‌که‌مان بۆ شام و هه‌ر له‌وێیش مردن، ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی کاتێک له پیاوه‌کان تووڕه‌و دڵته‌نگ ئه‌بین سوور ئه‌بین له کردنی، قه‌وله له‌وێ ئێواران به‌ده‌م خواردنه‌وه‌ی قاوه‌ی عه‌ره‌بیه‌وه پر به سیه‌کانمان بۆنی نیرگه‌له‌ی ئه‌و خانمه له‌چک به‌سه‌ره کێویانه بکه‌ین که پڕن له یاخی بوون. مارگارێتا به ته‌نیا خۆی ئه‌ژی و تاقه‌کچێکی هه‌یه که له مێرده‌که‌ی جیابۆته‌وه‌و خۆی و ئێنسۆی کوڕی چوون بۆ ئه‌وه‌ی له شاره دووره‌که‌ی نانسی بژین. مارگارێتا ته‌نهاییه‌کی کوشنده داگیری کردووه، زۆر ساده بووه به ئافره‌تێکی ئیجگار ته‌نیای بێ پیاو، شاعیره و زۆر ساده وه‌ک خۆی ئه‌ڵێت عه‌شق چاوه‌کانی به کراوه‌یی هێشتۆته‌وه له به‌رامبه‌ر جوانییه‌کانی دنیادا. هه‌میشه که ئه‌مبینێت پێمئه‌ڵیت له منه‌وه بۆ تۆ نه‌سیحه‌ت کچه‌که‌م ژیانت بپارێزه، بهێڵه با هه‌ر یه‌ک که‌س به‌بێ وه‌فایی خۆی بتکوژێت، یه‌ک جه‌لاد هه‌ڵبژێره له دواجاردا گه‌ر کوشتنێک هه‌بێت، چاوه‌کانی به‌جۆرێکی سه‌یر سوور ئه‌بێت کاتێک که ئه‌زانێت من گوێم له‌م به‌شه‌ی قسه‌کانی نییه و خه‌یاڵم له شوێنێکی زۆر زۆر دووره، نزیک ئه‌بێته‌وه و ئه‌ڵێت هه‌موو شتێک له ته‌نهاییه‌کی ئه‌به‌دیی خۆشتره، پێیوایه تێپه‌رین به ئازاره‌کاندا پێکه‌وه به‌رگه‌گرتنی ئاسانتره. زیاتر لێم نزیک ئه‌بێته‌وه و ئه‌ڵێت شیعره‌کان خه‌یاڵن هاوڕێ، ته‌نیایی ڕاستییه، تۆ ڕاستیت، تۆ وه‌ک من مه‌که هاوڕێم، تۆ خۆت مه‌ده‌ره ده‌ست شیعر. له‌و کاته‌وه‌ی هیلده خانووه‌که‌ی فرۆشتووه ئه‌و خانووه‌ی که مارگارێتای تیا ئه‌ژیا، سێشه‌ممه‌ی یه‌که‌می هه‌ر مانگێک ئه‌چێته لای دکتۆره‌که‌ی، وه‌زعی باش نییه به شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌موچاوه میهراوییه‌که‌ی شڵه‌ژاوه، له بێماڵییه‌کی ئه‌به‌دی ئه‌ترسێت، ترس له‌هه‌موو سلوولله گه‌وره و بچووکه‌کانی له‌شیدا به ئاشکرا دێت و ئه‌چێت، به تایبه‌ت چاوه‌سه‌وز و گه‌رم و گوپه به‌نه‌وشه‌کانی. ئه‌مڕۆ پاش پیاسه‌یه‌کی دوور و درێژمان له‌که‌ناری ئه‌و ئاوه‌دا که نزیک به‌ماڵه‌که‌مانه و هاوینان بۆته جێگای کورد و عه‌ره‌به‌کانی ئه‌م ده‌وروبه‌ره، له تاو بۆن و دووکه‌ڵی گۆشتبرژاندن تاق و ته‌رایه‌کیش سویدی تیا نادۆزیته‌وه. گه‌ڕاینه‌وه بۆ ماڵه‌وه. به‌ده‌م گوێگرتن له مۆسیقاوه ده‌ستئه‌که‌م به دروستکردنی خواردنێکی خۆش و خێرا. له یه‌کێک له‌و ڕۆمانانه‌دا که ئه‌م هه‌فته‌یه خوێندوومه‌ته‌وه نووسراوه"کاتێک که دڵت زۆر ته‌نگه خواردنی خۆش بخۆ"، بۆ ساتێک لابردنی خه‌می دڵه بچکۆله‌که‌ی مارگارێتا کوکوی سه‌وزیی دروست ئه‌که‌م، ئه‌مه‌ناوی ئه‌و خواردنه‌یه‌که ئه‌یخاته پێکه‌نین، کوکو به‌سویدی یانی بێ عه‌قڵ، پێی ناڵێم که خه‌ریکی چیم، به‌ده‌م گۆرانی وتنییه‌وه بۆ کچه بچکۆله‌که‌م پێئکه‌نێت، چه‌ند خۆشه‌لابردنی خه‌م گه‌ر بۆ چه‌ند ساتێکی که‌مخایه‌نیش بێت له‌دڵی دۆستێکدا. ئه‌ڕۆم کچه گه‌وره‌که‌م دێنم و پێکه‌وه به‌ده‌م هه‌ڵمژینی بۆنی دڵڕفێنی کوکوی سه‌وزییه‌وه ئه‌که‌وینه سه‌ما، هه‌ر چوارمان به‌نه‌رمی سه‌ما ئه‌که‌ین، کچه‌که‌م تێناگا و من نامه‌وێت تێیبگه‌یه‌نم ناچار به‌تێنه‌گه‌یشتنه‌وه دڵ ئه‌دا به سه‌ماکه، له ده‌ره‌وه‌باران ئه‌بارێت، مه‌لێک خواردن ئه‌هێنێت بۆ هیلانه‌ی ناو دره‌ختی به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ئاشپه‌زخانه‌که‌م، به‌ده‌م بۆنکردنم به‌ڕێحانه‌ڕه‌شه‌ی به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌مانه‌وه سه‌یرێکی مارگارێتا ئه‌که‌م وه‌ک له‌وه‌ی تێگه‌یشتبێت که ئه‌مه‌وێت پێیبڵێم، گرنگ نییه چۆن، گرنگ نییه به ته‌نها یان پێکه‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه دڵنیایین که سه‌فه‌ره‌که‌مان ئه‌که‌ین و هه‌ر له‌وێیش له‌شاری سۆفییه گه‌وره‌و غه‌ریبه‌کاندا ئه‌مرین، که هه‌میشه له‌سه‌فه‌رداین و ئاگامان له دڵی هه‌لاهه‌لای یه‌کترییه و هێشتا ئه‌توانین سه‌ما بکه‌ین و خۆش خۆش کوکوی سه‌وزی بخۆین. بۆ ساتێکی زۆر که‌م گرژی ناوچه‌وانی مارگارێتا ترێگۆرد خاو ئه‌بێته‌وه و ئه‌بێته‌وه‌به‌هاوڕێکه‌ی به‌ر ئاگردان و سه‌ره‌تاکان، هه‌ر به‌هێواشی له‌سه‌ر نه‌زمی نه‌رمی مۆسیقاکه‌و بۆنه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌که‌ی کوکووه‌که‌وه پێم ئه‌ڵێت:
ـNej du är inte galen eller på väg att bli galen.
چاوه‌کانم پڕ ئه‌بێت له‌فرمێسک، له تێکدانی ئه‌م خۆشحاڵییه که‌مخایه‌نه ئه‌ترسم له دڵی هاوڕێکه‌ما، له‌و حه‌کایه‌ته پڕ له‌خه‌مه ئه‌ترسم که به‌ته‌مام ئه‌مشه‌و به‌ده‌م خه‌واندنی کچه‌کانمه‌وه بۆ ترێگۆردی بگێڕمه‌وه، له تێکدانی نه‌زمی حه‌کایه‌تی عه‌شقی خۆم ئه‌ترسم له چاوه‌سووره‌کانی مارگارێتادا، له ده‌ستپێکردنی سه‌فه‌ره‌که‌م ئه‌ترسم بۆ شارێک که ناوی نییه، که نه قاوه‌ی عه‌ره‌بی تیا ئه‌خورێته‌وه و نه‌بۆنی نێرگه‌له‌ی ژنانی به ژیان مه‌ستی لی دێت، به‌ڵی له سه‌فه‌رێک به‌تاقی ته‌نیا به‌و شاره‌دا که که‌ناری نییه بۆ پیاسه و ملوانکه‌ی نییه بۆ فرۆش، به‌تاقی ته‌نها به ڕه‌شاییدا سه‌فه‌رکردنه و به‌جێهێشتنی هاوڕێکه‌مه له ته‌نیایه گه‌وره و خنکینه‌ره‌که‌یدا، سه‌رهه‌ڵگرتنی دڵێکه که نامه‌ی هیچ دکتۆرێکی میهره‌بان دادی نادات، قه‌هری دڵێکه له وجود، له عه‌شق و له هه‌رچی تامی خۆشی خواردن هه‌یه، ده‌رگا له‌سه‌رداخستنی هه‌موو یادگارییه‌کانه و فڕێدانی کلیله‌که‌یه بۆ قوڵایی و ناو ناوه‌وه‌ی ده‌ریا، نه‌بردنی خۆمه له‌گه‌ڵ خۆم.
ـNej du är inte galen eller på väg att bli galen. نا نه شێتیت و نه‌به‌ره‌و شێتیش ئه‌چیت.