ڕێك لەكات و ساتی خۆیدا بێ ئەوەی تەنانەت یەك چركەش دوا بكەوم، بێ ئەوەی تەنانەت یەك چركەش بەڵێنەكەی خۆم نەبەمە سەر پێتان گەشتمەوە. ئەمە هەرچەندە خوویەكی سەیرە بەڵام چەند ساڵێكە وازم لێ ناهێنێت و دەبێت لە كات و ساتی خۆیدا ئەنجامی بدەم، رەنگە ئێوە ئەمە چەندەمین جار بێت گوێتان لەم قسە قۆڕانەی من گرتبێت، گوێتان لێ بووبێت و تێرتێر بەدەم ئاسكرێم خواردنی ئەم هاوینەوە پێكەنیبێتن، بەڵام من هەمیشە باكم نییە و شەرم داینەگرتووم و جارێكی دیكە بۆ ئەوانەی تازە گوێیان لێمە خۆمتان پێدەناسێنمەوە.
من سەعیدم سەعیدی گوڵفرۆش، تەمەنم چل وپێنج ساڵانە، هەرچەندە نازناوی گوڵفرۆشیم هەڵگرتووە بەڵام ناوی هیچ گوڵێكم لەبەر نییە، لای ئێمە وەهایە هەمیشە ئەوانەی كە نازناوێكیان هەڵگرتووە فڕێیان بەسەریەوە نییە.
من دەرچووی كۆلیژی كشتوكاڵم، بەڵام لاتان سەیر نەبێت تاوەكو چوار ساڵەكەی زانكۆشم تەواوكرد ئەلفوبێی كشتوكاڵی فێر نەبووم، سەرەڕای داواكارییە بەردەوامەكانی دایكیشم كەچی نەمتوانی لە حەوشەكەی خۆشماندا باخچەیەكی بچكۆلانە دروست بكەم.
ئەو رۆژەی لەو كۆلیژە وەرگیرام ڕقی دونیام لە كشتوكاڵ بوو، ئاخر من هەر لە مناڵیەوە حەزێكی سەیرم بۆ كارەبا هەبوو، بەو مناڵییەی خۆمەوە هەموو ئیشێكی كارەبایی ماڵە دراوسێكانی گەڕەكیشم دەكرد. كە شەوانیش دەنووستم دەڕنەفیزێكی فەحسم دەخستە گیرفانمەوە، هەرچەندە چەندین جار باوكم دەیوت ڕۆژێك كارەبا دەتكوژێت بەڵام كارەبا نەیكوشتم، ئێستاش كە بیر لەو قسەیەی باوكم دەكەمەوە بەڕەحمەت بێت پێكەنین دامدەگرێت چونكە نەبرسێتی گرانییەكە و نەشەڕی ناوخۆ و نە بێوەفایی ئەم زەمانە هێشتا نەیكوشتووم.
مامۆستا مۆنەكانی زانكۆ بەخۆیان و مەلزەمەكانی دەستیانەوە هیچیان فێرنەكردم، نەك هەرئەوەندەش بەڵكو نازناوێكی وەهایان بەناومەوە لكاند كە هەركەسێك بەو ناوە بانگم دەكات خەمێكی قوڵ دامدەگرێت.
چیرۆكی ئەو نازناوەش خۆی بۆخۆی چیرۆكێكی دیكەی منە، لەقۆناغی دووهەمی زانكۆدا كچێكی بەشی بایۆلۆژی بو بە خۆشەویستم، ئەم كچە لوتێكی باریكی جوان، دوچاوی گەورە و دەموچاوێكی سپی هەبوو، هەرچەندە تۆزێك باڵای كورت بوو بەڵام عەشقێكی گەورەی لەناخیدا هەڵگرتبوو، ئەو كاتەی پێكەوە دەبووین من هیچ كەسێكی دیكەم نەدەبینی، نەشمدەزانی دونیا كەسێكی دیكەی تیادایە جگە لە ئەو، تاوەكو وای لێهات هێند خوومان گرتبوو بە یەكەوە رۆژانە چەندین موحازەرەمان دەرۆشت، ئەو عاشقێكی سەیری گوڵ بوو، ناوی هەرچی گوڵی دونیا بوو لەبەری بوو، دەشیوت من بۆیە هێندە عاشقی تۆم چونكە رۆژانە ژیان لەگەڵ گوڵدا دەبەیتە سەر.
رۆژێكیان من كە نەشئەی عەشق گرتبوومی لەپڕ لەناو ناوەڕاستی كافتریادا باڵیم گرت و پێم وت كە تۆم هێنا دوكانێكی گوڵفرۆشیت بۆ دادەنێم، ئیدی ئەم قسەیەی بەڕاست وەرگرت و هەموو جارێك لەسەر دەفتەرەكەی دەنووسیم: بۆ هەناسەكانم سەعیدی گوڵفرۆش...خۆشم دەوێی...
جارێك لەجارەكان هاوڕێیەكی ساختەچیم كە ئەوەی لەسەر دە فتەرەكەم خوێندەوە بەناو هاوڕێكانمادا بڵاویكردەوە و ئیدی لەو ساتەوە بومەتە سەعیدی گوڵفرۆش.
ساڵان رۆشتن و زەمان هێندە بەخێرایی گۆڕانی بەسەردا هات نەمن كچم هێنا و نە دوكانی گوڵفرۆشیش بووە نسیبم، بەڵكو چونكە دامەزراندن نەبوو، بەیانیەك زوو هەستام چووم بوومە پۆلیس.
ئەو كاتانە تەنها پۆلیس دامەزراندنی هەبوو، منیش بۆ ئەوەی بژێوی دایكە پیروپەككەوتەكەم دابین بكەم بە ئەفسەری بنكەكەم وت من دەرچووی كۆلیژی كشتوكاڵم پێم خۆشە بە پۆلیس لای خۆتان وەرمبگرن، ئەفسەرەكە كە سێ ئەستێرەی بەسەر شانەوە بوو سەرێكی بەرزكردەوە و پاش ئەوەی بەچاكی لێم وردبوویەوە دەستێكی بە جەرەسدا ناو پۆلیسێك بە توندی پێ كێشا بە ئەرزدا، پێی وت (ناوی ئەم برادەرە بنووسە، خوێنەوارە بیخەنە شوێنێكی چاك).
بەهەموو تەمەنم پۆلیسم خۆشنەدەویست، ئەو رۆژەشی كە بۆ یەكەمجار جلە سەوزەكانم كردەبەر لە ژورەكەدا بەتەنها دەستم كرد بە گریان.
ئەفسەرەكە كە دواتر پیاوێكی بێدەنگ و تەنها دەرچوو، تاڕادەیەك خوێنەواری هەبوو، هەمیشە ناڕەزا لەبەختی خۆی و توندوتیژ بوو لە جێبەجێكردنی یاسادا.
رۆژێكیان بانگی كردم و پێمی وت لەبەر ئەوەی دەرچوی كشتوكاڵم دەمكات بە لێپرسراوی هەموو پۆلیسەكانی باخچەكانی شار، ویستم بڵێم گەورەم من هیچ فڕم بەسەر باخچەوە نییە بەڵام هیچم نەوت و بەتوندی سڵاوێكی سەربازیم بۆ كرد.
لێپرسراوی 6 پۆلیس بووم، هەموو بەیانییەك زوو بە ئۆتۆمبیلێكی شڕەوە دەچوومە ئەو سێ باخچە بچكۆلەیەی كە لەشاردا هەبوون، ئیشی ئێمە ئەوە بوو نەهێڵین خەڵكی دارەكان ببڕنەوە، گوڵەكان لێنەكەنەوە، چیمەنەكان بپلیشێنەوە.
تاوەكو تاریك دادەهات باخچەكانمان جێنەدەهێڵا، كەچی رۆژی دواتر دەچووینەوە دەمانبینی شەو گەنجەكان هاتوون لقی دارەكانیان شكاندۆتەوە و گوڵیان لێ كردۆتەوە و سەر چیمەنەكەشیان بەپاشماوەی قوتوە بیرە و گوڵەبەڕۆژە پیس كردووە.
هەندێ جاریش لە ئیرەییدا چاودێری ئەو گەنجانەشمان دەكرد كە جاروبار دەستی خۆشەویستەكانیان دەگرت و دەهاتن لەبن دارێكا خەم و خەفەتی خۆیان دەگۆڕییەوە.
من ئەو ماوەی پۆلیسی باخچەكان بووم تێگەشتم خەڵكی ئێمە چەندە دژی سەوزاین، تێگەشتم هەمویان وەكو من گوڵیان خۆشناوێت، وەكو من حەزیان لە بۆن و بەرامەی گوڵەكان نییە، حەزیان لە سێبەری گەڵای درەختەكان نییە.
هاوڕێ پۆلیسەكانم هێندە تانەیان لە نازناوەكەم دا تاوەكو رۆژێك بڕیارم دا وازی لێ بهێنم و هاتمەوە ماڵەوە.
كتوپڕ بەیانیەكی زستان دایكم وەك ئەوەی شەو چۆن خەوتبوو هەربەوشێوەیەش بردمان بۆ گۆڕستان، ئیدی من تەنها كەوتم.
جانتایەكم پێچایەوە و بەو بڕە پارەیەی كە كۆمكردبویەوە پاسپۆرتێكی ساختەم كڕی و شارم لە دوای خۆم بەجێهێشت.
تەمەنم چل وپێنج ساڵانە و تاوەكو ئێستا شتێكم نەكردووە بە ئارەزوی خۆم بێت، ئارەزوییەكم نەبووە بێتە دی، بە ئاسانی دەستی كچێكم نەگرتووە پیاسەی لە گەڵدا بكەم.
تەمەنم چل و پێنج ساڵانە خاوەنی خانووی خۆم نیم، سەیارەیەكم نەكڕیوە، هەرچەندە پێم دەڵێن گۆڵفرۆش بەڵام ناوی هیچ گوڵێك نازانم.
هێندە رقم لە وڵاتی خۆمە بڕیارم داوە جارێكی دیكە سەری پیادا نەكەمەوە، ژنی لێ نەهێنم، وەچەی تیا نەخەمەوە.
من لەوەتەی هاتووم بۆ ئێرە گوڵم خۆشدەوێت، كە ئەو هەموو سەوزایی و گوڵەم بینی خەریك بوو شێت ببم، خوای گەورە ئەو هەموو گوڵەت چۆن باراندووە، ئەو هەموو سەوزاییەت چۆن دروست كردووە.
لەوانەیە بەیانی بڕۆمە كلاسێكی خوێندنی گوڵەوە و سەرلەنوێ لە سفرەوە دەستپێبكەمەوە، لەوانەشە پەشیمان ببمەوە و سبەی شەویش رێك لەكات و ساتی خۆیدا، بێ ئەوەی چركەیەك دوابكەوم، بێ ئەوەی بەڵێنەكەم نەبەمە سەر، بێمەوە ژوورەكانی پاڵتاك و جارێكی دیكە و بەشێوەیەكی دیكە خۆمتان پێ بناسێنمەوە، بۆ ئەوانەشی كە دەیانەوێت نهێنی زیاتر لەسەر ژیانی من بزانن و ئەوانەشی حەزدەكەن وێنەكەم ببینن تكا دەكەم لە گۆگڵ دا سێرچێكی سەعیدی گوڵفرۆش بكەن و خەمی هیچیان نەبێت..

Hemnm1979@yahoo.com
بەهاری 2010
دەربەندیخان
*لەژمارەی رۆژی 7-10-2010ی ئەدەب وهونەری كوردستانی نوێ دا بڵاوكراوەتەوە