ئه‌مشه‌و دوورترین پیاسه‌ی ژێر بارانت كرد
تۆ كه نائومێدترین ڕۆحله‌به‌ری دونیا بووی،
به نیازی پیاسه‌یه‌كی ئه‌به‌دییه‌وە...
بێقه‌رارترین مرۆڤێك بوویت ئارامترین هه‌نگاوت ئه‌نا ،
یه‌قین نه‌بوی زەمین به‌شی گه‌ڕانی ئه‌م ئێوارە وورو ژاوەت بكا،
ئه‌ترسای ئه‌ستێرەیه‌ك  ختووكه‌ی ئه‌م هه‌ورە بارانه بداو
باران وەك ئومێدەكانت بكاته هه‌ڵم .
چ تینوویه‌كی  په‌رێشان بوو بارانه‌شه‌و
بێ په‌روا به‌سه‌ر ته‌ڕترین شیعروگۆرانی خامۆشیتا دائه‌باری و
تۆ كه ‌ته‌ڕترین ووجودی ئه‌و شه‌وە بووی ،
هێشتا له ‌جه‌سته‌یه‌كت ئه‌كرد به هه‌موو ئاگری دۆزەخا هاتبێ .
تۆ كه هیچ ئومێدێكت نه‌بوو
پڕ به باران هاوارت ئه‌كرد ئومێد درۆیه‌كی گه‌ورەیه،
له‌به‌رخۆته‌وە به حوزنێكی بێ كۆتاوە،هێدی هێدی ئه‌و گۆرانیه‌ت ئه‌چڕی و
هه‌ستت وابوو قوربانیه‌كی گه‌ورەی له نێو یارییه ‌پووچه‌كانی ژیان.
تۆ كه له ژیاندا هه‌میشه ئامێزێكی میهرەبان بویت
به هه‌موو ووجودو حه‌سرەتی مرۆڤێكه‌وە،
باوەشت به قوبه و پرچی ته‌ڕی بارانا ئه‌كرد.
شه‌وێك بوو بێجگه توانه‌وە له وجوودی ئاوا چ ئارەزوویه‌كی ترت نه‌بوو ،
شه‌وێك بوو به  بارانا ئه‌ڕۆیشتی ..
هاوەڵی بێ دەنگی شه‌وو سه‌دای پڕژانی ( با)  بووی..
كه تۆ خۆشیانت ئه‌ویست.
كاظم قادر
8/7/2004
سویسرا