بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
(1)
ساڵانێكە
ژیان دێت و دەڕواو
لەمدیو پەنجەرەوە
لێیدەڕوانم
ساڵەهایە ژیان
لەودیو پەنجەرەوە چاوەڕوانمە و
منیش چاوەڕوانی(ئەو)م
لە مێژە ژیان بانگم دەكاو
منیش(ئەو)
دەست دەخەمە سەر كاژێری دڵم:
ترپ، ترپ، ترپ
پێنجی دەوێ بۆ كۆتایی

(2)
وەكو شنەبایەك
ماڵئاواییم لە عەشقت كرد
گوڵێكم هەڵنەوەران
لقێكم نەشكاند..
چڵەپوشێ چییە
نەمبرد.
سبەی.. دوای عومرێك
كە ئاوڕێ لە عەشقت ئەدەمەوە
گوڵزارێ ئەبینم
نەك كەلاوە

(3)
بێهودەیە
بێهودە، نە عیشق دادت دەدا و
نە چاوەڕوانی
لەو كەلە وەرە خوارێ
نە سوارەیەك
لە وێوە دێ و
نەتەپوتۆزی سمكۆڵانی ئەسپێ
دیارە..
بێهودەیە
بێهودە..
چاوەڕوانیی عیشقێ كەنایە
نەهاتووە
نە هەبووە و نە دێ

(4)
گەر بیرمكردی
لە دەفتەری ئیشتیاقا
بەیتێكت بۆ دەنووسم
ئای لەو هەموو لاپەڕە سپییانە!!

(5)
ئێوارە دوای ئێوارە
تیشك، تیشك
خۆری ئەوینت
لەودیو كێوی ئازارمەوە
ئاوا ئەبێ
كازیوەیەك
خۆرێكی نوێ
لەدەمكەلی شادییمەوە هەڵدێ
كە خۆرێ ئاوا ئەبێ
خۆرێكی نوێ لە دڵما هەڵدێ

(6)
پەپوولەی سات
هەڵفڕی، گوڵی رۆژانیش وەری
وتم: كەسێ دێ
لەگەڵ خۆیم دەباو
لەوێ گوڵا و پەپوولە ئاشت ئەكاتەوە
كەسانێك هاتن
رۆشتن، رۆشتم
ئەوان گەیشتن
من هەر نەگەیشتمە جێ..

(7)
هەتا هەتایە
لە كەلاوە چۆڵ و هۆڵەكانی عاتیفەدا
تاقوتەنیا، پەنجەی پەشیمانی
ئەگەزی
ئەوەی منی لەبیركرد
منی ونكرد
قەت لەبیرم ناكا
بۆ ئەبەد.. لە كەلاوە
تاقوتەنیا..قەت لەبیرم ناكا
لەبیری ئەكەم..لەبیرمكرد

(8)
یادەكانت
وەكو لم دەنك دەنك
دائەبارێن..
رۆحم سەدەفەیەكەو
بۆ تریفەی مانگێكی شینباو
ئاوەڵایە
دەنكێ..دوان.. سیان..دە..
هەزار..هە..زا..ررر
سەدەفەكە پێوە ئەدرێ
دەكرێتەوە
رست.. رست..مرواری
دائەبارێ..

(9)
گۆرانییەكە بێتامبوو
دەنیگێكی گڕ و بێنەغمە
وشەی سواو
وەلێ تۆی بیرخستمەوەو گریام
گریام
بۆ تەنیایی خۆم
بۆ ئەو شیعرانەی
بێكەسن
بۆئەو هەستانەی
بەدڵما رەتنابن و
نامجوڵێنن
ئەزانم
گۆرانییەكە بێتامبوو
كەچی تۆی بیرخستمەوەو
گریام
گریام و هیچ بیرم نەكردی..
بیرم نەكردی و
گریام

(10)
لەودیو سنووری خەونەوە
گەڕایتەوە
هەمان سیماو زەردەخەنە
هەمان شەرمیش لە چاوتا بوو
بۆ نەمناسیتەوە؟
لەدەریای خەمەكان پەڕیتەوەو
هاتیتەوە:
هەمان ئامێزو چرپە
هەر هەمان خەونیشت هەبوو
بۆ نەمناسیتەوە؟
دوای ساڵانی
خوێنبارین و
وەرزەكانی
خۆڵبارین و
هەڵوەرینی خەونەكان
گەڕایتەوە
هاتیتەوە
نەمناسیتەوە
ئەوە من بووم
تۆم نەناسییەوە؟!