له قۆناغی سه‌ره‌تایی دوو هاوڕێم هه‌بوون، که ده‌توانم بڵێم به ده‌گمه‌ن له یه‌کتر داده‌بڕاین... هه‌ردووکیان ڕۆژانه به‌سه‌رهاتی خۆیانیان بۆ ده‌گێڕامه‌وه... ئه‌میان باوه‌ژنێکی زۆر دڵڕه‌ق و ئه‌ویان باوه‌پیاره‌یه‌کی چه‌ند بڵێی تووڕه‌ی هه‌بوو... من شه‌وان هه‌تا خه‌وم لێ ده‌که‌وت، بیرم لێ ده‌کردنه‌وه... چاره‌سه‌ری سه‌یر سه‌یرم بۆ ده‌دۆزینه‌وه، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌مده‌توانی به خۆیانی بڵێم... ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه، که ده‌مزانی چاره‌سه‌ره‌کانم نه‌ک هه‌ر ڕیالیستی نیین، بگره هه‌م عه‌یب و هه‌م پێکهنیناوییشن، بۆیه له ڕووم نه‌ده‌هات باسیان بکه‌م... من خۆم نه باوه‌ژن و نه باوهپیارهم هه‌بوو، که‌چی به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌مده‌توانی بڵێم ژیانم له هیی ئه‌وان خۆشتره... ئه‌وه‌نده هه‌بوو من وه‌کو ئه‌وانم له ده‌ست نه‌ده‌هات، که ئاوا عه‌یبوعاری خانه‌واده‌که‌م بهێنمه گۆڕێ... به‌هه‌رحاڵ به‌سه‌رهاتی ئه‌وان بووبووه خولیای من، به تایبه‌تی شه‌وان کاتێ گڵۆپ ده‌کوژایه‌وه و لێفه‌که‌م ده‌هێنایه سه‌ر چاوم... یه‌کێ له چاره‌سه‌ره‌کان ئه‌وه بوو، که باوه‌ژنه دڵڕه‌قه‌که و باوه‌پیاره تووڕه‌که ببنه هاوسه‌ری یه‌کتر... به‌ڵێ، به زۆر ده‌مکردنه ژنومێرد، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانم چی ڕوو ده‌دات... له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کاندا ده‌ڕۆیشتم... هه‌ندێجار فرمێسکم هه‌ڵده‌ڕشت و هه‌ندێجاریش له قاقای پێکه‌نینم ده‌دا... له‌ودیو باوکم هه‌زار جنێوی بۆ ده‌ناردم و ده‌یوت بێگومان تۆ شێت بوویت... به‌یانییان پێش ئه‌وه‌ی ده‌موچاوم بشۆم، به شه‌ق و زلله تێم ده‌که‌وت... دایکم له‌ولاوه زیاتری بۆ تێدهکوشیم و ده‌یوت:
_ ئه‌وه‌یه کوڕی ئاقڵ...!! به‌وه‌نده دڵی ئاو ناخواته‌وه، که به ڕۆژ چی زووخاو هه‌یه به قوڕگمانیدا بکات، شه‌وه‌که‌ش ناهێڵێت له ده‌ستی ڕزگارمان ببێت و بۆ خۆمان که‌مێک بحه‌سێینه‌وه... هه‌ر ڕۆژێکه له داخان تووشی سیل ده‌بین و گیانمان ده‌رده‌چێت.
ئینجا باوکم ده‌گه‌ڕایه‌وه لام و هێنده‌ی دیکه‌ی دهکوتام... نه‌ده‌کرا به‌و دوو هاوڕێیه‌م بڵێم، که به هۆی باوه‌ژن و باوه‌پیاره‌ی ئه‌وانه‌وه من ڕۆژانه له جیاتی به‌رچایی، لێدان ده‌خۆم... هه‌موو به‌یانییه‌ک به برسییه‌تی و ده‌موچاوی شکاوه‌وه دێمه قوتابخانه... نه‌مده‌توانی پێیان بڵێم خۆ ئێوه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی منتان پێ کراوه، که‌چی ئاوا دنیاتان لێ پڕ کردوون، ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌موو شکاوی و برینانه‌ی جه‌سته‌مم ده‌شارده‌وه و نه‌مده‌هێشت به هیچ شێوه‌یه‌ک نه ئه‌وان و نه که‌سانی دیکه‌ش به‌و نهێنییانه بزانن... چیرۆکی سهیروسهمهرهشم له‌پێناو شاردنهوهیاندا هه‌ڵده‌به‌ست... هه‌رگیز نه‌مده‌وت من به ده‌ستی باوکم لێدانم خواردووه و هۆکاره‌که‌شی ئێوه‌ن، یان به مانایه‌کی دیکه له‌به‌ر باوه‌ژن و باوه‌پیاره‌ی ئێوه‌ن من ژیانم لێ تاڵ بووه... هه‌ر چۆنێ بێت ئه‌م خه‌یاڵانه فێری سێ شتیان کردم، یه‌که‌م: ته‌کنیکی دانانی گریمان، که ئه‌مه لای چیرۆکنووسه ئه‌زموونگه‌ره‌کان بایه‌خی خۆیی هه‌یه... واتا کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی له یه‌کتره‌وه دوورن، به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ئاڕاسته‌ی نوێی سه‌رنجڕاکێش... دووه‌م: کاتێ که‌سانێک وه‌کو دایک و باوکم لێم تێناگه‌ن و نازانن بۆچی هه‌ندێجار فرمێسک هه‌ڵده‌ڕێژم و هه‌ندێجاریش له قاقای پێکه‌نین ده‌ده‌م، ده‌بێت به لامه‌وه ئاسایی بێت... هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌شم لا ئاسایی بێت، که له‌سه‌ر شێوازی باوکم دارکاریم بکه‌ن و وێنه‌ی دایکم ناڕه‌زایی ده‌رببڕن، به‌و مه‌به‌سته‌ی هێنده‌ی دیکه باوکمم لێ هان بده‌ن... مه‌گه‌ر دنیای خه‌یاڵیش به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هه‌ر ئه‌م دنیا ڕیالیستهی خۆمان نییه...!! سێیه‌م: هه‌رگیز نهێنییه‌کانی دنیای خۆم به که‌س نه‌ڵێم و له‌پێناوی شاردنهوهیاندا په‌نا بۆ فێڵی سه‌یروسه‌مه‌ره ببه‌م.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ئه‌م داستانه‌ی من مه‌به‌ستمه لێره بیگێڕمه‌وه، ڕاسته‌قینه‌یه و دوور و نزیک پێوه‌ندیی به‌و دوو هاوڕێیه‌مه‌وه نییه، به‌ڵام زۆرم پێ خۆشه پێشکه‌شی ئه‌وانی بکه‌م... به‌ڵێ، پێشکه‌شه به (ڕ. س. ئه‌حمه‌د) و (هـ. ف. هیلال)... له ئایینده‌یه‌کی نزیکیشدا به‌رهه‌مێکم پێشکه‌ش به‌و هاوڕێیانه‌م ده‌که‌م، که هه‌ر یه‌که‌یان به‌شێکی ئه‌م چیرۆکه‌ی خواره‌وه‌یان بۆ گێڕاومه‌ته‌وه و خۆیشیان ناونیشانیان بۆ داناوه... ڕاستییه‌که‌ی من سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووم، که ئه‌م چیرۆکه ناوی (گوڵباران و پیاوه بۆگه‌نه‌کان) بێت، چونکه ده‌مویست ناونیشانی (بۆنی ئاوه‌دانی)ی بۆ دابنێم، به‌ڵام ئه‌وان توانییان بۆم بسه‌لمێنن، که من هه‌ڵه‌م... من له مانای وشه‌ی (پیاو) و (بۆگه‌ن) تێنه‌گه‌یشتبووم... ئێستا زانیم ئه‌مانه لای ئه‌وان زیاتر له واتایه‌کیان هه‌یه:
* * * *
ئه‌وه‌ی وا بزانێت تۆ ده‌توانیت به‌و چه‌که‌ی ده‌ستت یه‌ک ته‌قه‌ش بکه‌یت، ئه‌وا بێگومان به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت... با له ئێستاشه‌وه بڵێین، که ئه‌وه تفه‌نگه‌که نییه ته‌قه‌ی پێ ناکرێت، به‌ڵکو تۆیت... خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ت بۆ بکرایه، ئه‌وا ڕووی لوولهکهیت له خۆت ده‌کرد، نه‌وه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستته خۆت بکوژیت، نه‌خێر، ته‌نیا به‌و هیوایه‌ی که‌مێک گه‌رمی به‌و گیانه تهزیوهت ببه‌خشیت، که ئه‌وه‌تا سه‌رمای ئه‌م شه‌وه خه‌ریکه ده‌یبه‌ستێت... ده‌ڵێن هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌رما به ڕاده‌یه‌کی زۆر کاریان لێ ده‌کات، باکیان به گه‌رما نییه، به‌ڵام تۆ هێنده‌ی له ئاستی سه‌رمادا بێهێزیت، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ش خۆت له به‌رده‌م شاڵاوی گه‌رمادا به لاواز ده‌زانیت... تۆ له هه‌ردووکیان ده‌ترسیت... هه‌موو ڕووداوه تراجیدییه‌کانی ژیانیشت له چله‌ی هاوین و زستاندا ڕوویان داوه... ئه‌و ڕۆژه‌ی باوکت له کازینۆی هاوینه‌هه‌واری (ڤ)، له ئه‌نجامی گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی خۆیدا چوار گولله‌ی به‌ر ده‌که‌وێت، دنیا هێنده گه‌رم ده‌بێت، که مرۆڤ ترساوه ئه‌و هه‌تاوه نه‌ک هه‌ر به‌ز و گۆشتی له‌شی، به‌ڵکو ئێسقانه‌کانیشی بتوێنێته‌وه... به‌ڵێ، ئه‌مه له یه‌کێ له ڕۆژه هه‌ره گه‌رمه‌کانی ئابی شه‌ستوحه‌وت ڕووی داوه... ته‌رمه‌که‌ی له ڕێگای شار بۆگه‌ن ده‌کات، به ڕاده‌یه‌ک ئه‌وانه‌ی له پشته‌وه‌ی ئه‌و پیاکهبه لای دانیشتوون، هێنده‌ی نامێنێت ببوورێنهوه، یان تۆ بڵێ ترساون گیانیان ده‌ربچێت، بۆیه یه‌ک له دوای یه‌ک خۆیان هه‌ڵده‌ده‌نه خوارێ... ئینجا شۆفێره‌که له نیوه‌ی ڕێگا ستۆپێک ده‌کات و به جامانه ده‌موچاوی خۆی ده‌مامک ده‌دات، نه‌بادا له‌وه زیاتر ئه‌و بۆنه ئۆقره‌ی لێ ببڕێت... له‌وێوه به پێ ده‌چێته نزیکترین لادێ و بانگی خه‌ڵک ده‌کات، که ئه‌و ته‌رمه له پشته‌وه‌ی پیکابه‌که‌ی دابگرن... ئه‌وان ئه‌گه‌ر ده‌توانن لێی نزیک ببنه‌وه، ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه پیازیان ئاخنیوه‌ته لووتیانه‌وه... هه‌ر چۆنێ بێت ده‌یگه‌یه‌ننه ئه‌و ده‌شته و له‌وێ ده‌ینێژن... ئه‌گه‌رچی مرۆڤ له ژیاندا ناتۆره‌ی دوا ده‌خرێت، به‌ڵام باوکت له ڕۆژی کوژرانیهوه ناو نرا (جه‌مشید بۆگه‌نی)... هه‌موو ئه‌و چیرۆکانه‌ی بۆیشی هه‌ڵبه‌ستراون، هه‌ر پێوه‌ندییان به‌و بۆنه ناخۆشه‌وه هه‌یه، که له ته‌رمه‌که‌ی هاتووه... وه‌ک دوایی زانیت باوکت دیوانێک شیعری نووسیوه و زۆر هه‌وڵی داوه نازناوێکی سه‌رنجڕاکێش بۆ خۆی بدۆزێته‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی له‌و ڕێگایه‌وه به ئاسانی لای خوێنه‌ر بناسرێت، به‌ڵام هه‌رگیز تێیدا سه‌رکه‌وتوو نابێت، که‌چی ئه‌و ناتۆرهیهی خێرا به شاراندا بڵاو ده‌بێته‌وه... نه‌یاره‌کانی ئه‌مه ده‌قۆزنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌مانه نه‌ک هه‌ر له ڕووی مه‌جازییه‌وه، به‌ڵکو هه‌ر به ڕاستییش بۆگه‌نن... ئه‌مه‌یان چ له ئێستگه قاچاغه‌که‌یان و چ له بڵاوکراوه نهێنییهکانیشیاندا وتووه......
تۆ مه‌رگی باوکتت وه‌کو تارمایی، نا، باشتره بڵێم وه‌کو خه‌ون دێته‌وه به‌رچاو، چونکه ته‌مه‌نت له چوار ساڵ تێنه‌ده‌په‌ڕی، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و بۆنهیت بیر ناچێته‌وه، که بۆ ئێواره‌ی ڕۆژی دوای ناشتنی له‌گه‌ڵ (گوڵباران)ی دایکت و (سروود)ی برات چوونه سه‌ر گۆڕه‌که‌ی و هه‌ستت ده‌کرد وا دڵت تێک هه‌ڵدێنێت... تۆ و (سروود) تا ڕاده‌یه‌ک لێیشیه‌وه دوور بوون، چونکه له‌و ده‌شته دوای کولله و زیکزیکهکان ده‌که‌وتن... ده‌تانویست چه‌ند دانه‌یه‌کیان لێ بگرن و بۆ شاریان ببه‌نه‌وه... ناوه ناوه قومقومۆکهیهک له‌ژێر قاچتاندا ده‌رده‌په‌ڕی، ته‌نانه‌ت تۆ وات ده‌زانی ئه‌و بۆنه ناخۆشه له‌وانه‌وه دێت و به‌و ده‌شته‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه... ئێستاش دایکتت وه‌کو داهۆڵێک دێته‌وه به‌رچاو، که له‌سه‌ر گۆڕی باوکت به ده‌ستێک لووتی گرتووه و به ده‌سته‌که‌ی تری هه‌وا بۆگه‌نه‌که له خۆی دوور ده‌خاته‌وه... خۆریش ده‌ڵێی ژنێکی سوورپۆشه و له‌و قه‌راغه جله‌کانی داده‌که‌نێت، ورده ورده گیانی زه‌ردی ده‌رده‌که‌وێت و کاڵ ده‌بێته‌وه... ئه‌گه‌ر ئه‌م دیمه‌نه هێنده سه‌رنجی مرۆڤی ڕاده‌کێشا، مانای ئه‌وه نه‌بوو، که ده‌یتوانی شتێک له هێزی ئه‌و بۆنه ناخۆشه که‌م بکاته‌وه... نه‌خێر، هه‌ر ئه‌و بۆنه ناخۆشه ڕێگای دایکتی نه‌ده‌دا بگریی... تۆ هه‌میشه پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گریت، که دایکت یه‌ک تنۆک فرمێسکیشی بۆ مه‌رگی باوکت نه‌ڕشتووه، چونکه ئه‌گه‌ر بگریایه، ئه‌وا تۆ وه‌کو ئه‌و ڕۆژه‌ی دوو ساڵ دواتر له‌سه‌ر ته‌رمی (سروود) ده‌گریا، بیرت ده‌که‌وته‌وه، چونکه هیچ شتێک وه‌ک گریان ناتوانێت له یاده‌وه‌ریی مرۆڤدا چه‌سپ ببێت و به‌رگه‌ی زه‌مه‌نه‌کان بگرێت... ده‌شێ مرۆڤ هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی بیر بچنه‌وه، که تێیاندا له قاقای پێکه‌نینی داوه، به‌ڵام هه‌ڵدانی هه‌نسک و ڕشتنی فرمێسک، جا هیی خۆت بن یان هیی که‌سانی دیکه، ئه‌و دوو شته‌ن، که چه‌ند بته‌وێت له بیری خۆتیانیان ببه‌یته‌وه، تێیاندا سه‌رکه‌وتوو نابیت... له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا تۆ نه‌تده‌توانی له کاتی ناشتنی (سروود)دا بگرییت، چونکه ئه‌و سه‌رمایه دانه‌چۆقه‌ی پێ خستبوویت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دایکت ده‌یتوانی هێنده به کوڵ بگریی، ئه‌وا ئه‌م به حوکمی ئه‌وه‌ی خۆی گۆڕه‌که‌ی هه‌ڵده‌که‌ند، هه‌ستی به‌و سه‌رمایه سه‌خته نه‌ده‌کرد، بگره له گه‌رمان چاکهتهکهیشی داکه‌ند و به سه‌ر شانی تۆیدا دا، که له‌و گۆڕستانه چۆڵ و به‌سته‌ڵه‌که‌دا هه‌ڵده‌له‌رزیت... ئه‌و چاکه‌ته ڕه‌شه‌ش هێنده‌ی به‌فر له‌سه‌ر که‌وتبوو، سپی ده‌چووه‌وه... ده‌شێ ئه‌مه‌ش هۆکارێکی دیکه بووبێت، که دایکت نه‌یویستبێت له‌و کاته‌دا ڕه‌نگی سپی بپۆشێت... هێنده‌ش ئه‌ستوور نه‌بوو، که توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت گه‌رمت بکاته‌وه... نه‌خێر، به‌رده‌وام هه‌ڵده‌له‌رزیت... هیوات ده‌خواست دایکت زوو گۆڕه‌که هه‌ڵکه‌نێت و براکه‌تی تێدا بنێژێت، بۆ ئه‌وه‌ی خێرا بگه‌نه ماڵه‌وه و هه‌ندێک گه‌رمت ببێته‌وه... ده‌تزانی له‌مه‌ودوا دۆشه‌گ و لێفه‌که‌ی ئه‌ویش ده‌بنه هیی تۆ و ده‌توانن که‌مێک له سه‌رمای شه‌وانت بپارێزن، که دایکت وه‌کو ئه‌وانه‌ی تۆ خۆی دروستی کردبوون... گوشی ئارد بوون و جۆره ڕووه‌کێکی وشککراوه‌ی قه‌راغی جۆگه‌کانیان تێکرابوو... ئه‌گه‌رچی زبر بوون و ئازاری شوێنه ڕووته‌کانی له‌شیان ده‌دا، به‌ڵام بۆنێکی یه‌کجار خۆشیان لێ ده‌هات... دایکت حه‌زی نه‌ده‌کرد تۆ ئاوا هه‌ر شتێک ببینی، له لووتی خۆتی نزیک بکه‌یته‌وه و بزانیت بۆنی چیی لێ دێت... به ده‌گمه‌نیش شته‌کان بۆنی خۆشیان لێ ده‌هات، به‌ڵام خۆشی و ناخۆشیی ئه‌و بۆنانه هیچ پێوه‌ندییان نه به شێوه و نه به زه‌مه‌نی شته‌کانه‌وه هه‌بوو... ئه‌و بۆنه‌ی خهیاڵتی به‌ره‌و چۆڵه‌وانی ده‌برد، جۆرێک ئاسووده‌ییی پێ ده‌به‌خشیت، به‌ڵام هه‌ر بۆنێک بۆ ئاوه‌دانیی بگێڕابوویتایهوه، پێی سه‌غڵه‌ت ده‌بوویت... هه‌ر چی بێت بۆنی ئه‌و لێفه و دۆشه‌گه بۆ شوێنه دووره‌ده‌سته‌کانی ده‌بردیت......
تۆ په‌له‌ت بوو زوو بینێژێت و خێرا بگه‌نه ماڵه‌وه، تاکو له‌وه زیاتر ئه‌و سه‌رمایه ئۆقره‌ت لێ نه‌بڕێت، به‌ڵام دایکت به ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێ ده‌کرا... سه‌ره‌تا به پارچه ته‌نه‌که‌یه‌ک، که له‌ژێر یه‌کێک له چێورمهکانی ئه‌وێی دۆزییه‌وه، به‌فره‌که‌ی لادا و ئینجا به‌و بێڵه که‌وته هه‌ڵکه‌ندنی گۆڕه‌که... پێشتر هه‌ر ئه‌و بێڵه‌ی له دروستکردنی کووخهکهشتاندا به کار هێنابوو... دوای ئه‌وه‌ی نه‌تانتوانی کرێی خانووه‌که بده‌نه (مه‌لا ئه‌بوبه‌کر)، ئه‌ویش که‌لوپه‌له‌کانتانی فرێدانه ده‌رێ و کرێچییه‌کی دیکه‌ی بۆ هێنا... ئه‌وسا وه‌رزی پاییز بوو... دایکت چوو هه‌ندێک له‌و که‌لوپه‌لانه‌ی له بازاڕی کۆنه فرۆشت و ئه‌و بێڵه‌ی پێ کڕی... سه‌ره‌تا له‌و ده‌شته به‌ردی وشکه‌که‌ڵه‌ک کرد و به ته‌نه‌که سه‌ری گرت، به‌و مه‌به‌سته‌ی تۆ و (سروود) له‌ناویدا بحه‌وێنه‌وه... به‌رده‌وام ئه‌و خاکه ڕه‌قه‌شی هه‌ڵده‌که‌ند... به سه‌تڵ له‌و بیری ئیرتیوازییهی ئه‌وسه‌ر ئاوی ده‌هێنا... قوڕی ده‌گرته‌وه و کای تێده‌کرد... خشتی ده‌بڕی و ڕۆژانه خه‌ریکی ئه‌و کووخه بوو... سه‌ره‌تا (ئینعام)ی کچی (مه‌لا ئه‌بوبه‌کر)یش ده‌هات و یارمه‌تیی ده‌دا، به‌ڵام له‌و کاته‌ی دایکت ده‌یویست سه‌ری کووخهکه بگرێت، ئه‌و دیار نه‌ما... دوای یه‌ک دوو ڕۆژ زانیتان، که باوک و برای کوشتوویانه، چونکه له‌گه‌ڵ (وریا)ی دراوسێیاندا بینیویانه... بۆ منداڵێکی پێنجساڵانی وه‌کو تۆ ئاسان نه‌بوو له‌وه تێبگات، به‌ڵام پێشتر زوو زوو ئه‌و دووانه‌ت له ماڵی خۆتان ده‌بینی... هه‌ر کاتێ ئه‌وانیش ده‌هاتن، دایکت ده‌چووه ده‌رێ... ئه‌وسا ئه‌وان به بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ تۆ بکه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌و دۆشه‌گه پاڵده‌که‌وتن و ده‌میان ده‌خسته ناو ده‌می یه‌کتره‌وه... شه‌رم دایدهگرتیت، به‌ڵام نه‌تده‌توانی لێیان نه‌ڕوانیت، ته‌نانه‌ت جارێکیان (ئینعام) به (وریا)ی وت با ده‌رگای ژوور دابخه‌ن، چونکه تۆ گه‌وره بوویت و له‌و شتانه تێده‌گه‌یت، که‌چی (وریا) گوێی به قسه‌که‌ی نه‌دا و زیاتر له‌سه‌ر بزێوییهکانی به‌رده‌وام بوو... خۆیی هه‌ڵدایه سه‌ری و جه‌سته‌ی داپۆشی... له‌مه‌وه ئه‌وان نه‌یانده‌توانی بتبینین، به‌ڵام تۆ چاکتر له‌وانت ده‌ڕوانی... ئه‌و دیمه‌نه‌ت بیر نه‌ده‌چووه‌وه... هه‌ر چه‌ند دایکت به‌رده‌کانی وشکه‌که‌ڵه‌ک ده‌کرد، یان دواتر که خشته‌کانی هه‌ڵده‌چنی، تۆ ئه‌وانت ده‌هاته‌وه به‌رچاو... چاودێره‌که‌ی شاره‌وانییش، که پیاوێکی باڵابه‌رزی گه‌نمڕه‌نگ بوو و زوو زوو ده‌هاته لاتان، کتومت له (وریا) ده‌چوو، ته‌نانه‌ت یه‌که‌مجار وات ده‌زانی خۆیه‌تی، به‌ڵام دوایی بیستت (وریا) له ترسان شاری جێ هێشتووه و چووه‌ته شاخ... ئه‌گه‌رچی ئه‌و چاودێره بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، گوایه هاوڕێی باوکت بووه و ده‌یوت تا له توانایدا بێت چاوپۆشی له‌وه ده‌کات، که ئێوه ئه‌و کووخهتان به شێوه‌ی نایاسایی دامه‌زراندووه، به‌ڵام کاتێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ دایکت ده‌کرد و دیقه‌تی له چاوی ده‌دا، تۆ سه‌غڵه‌ت ده‌بوویت، بگره ترسێکیش دایده‌گرتی... ئه‌ویش بۆنی ئاوه‌دانیی لێ ده‌هات و پێی په‌ست ده‌بوویت... ئه‌و پیاوه لادێییانهش، که ڕۆژانه به سواری که‌ر و وڵاغه‌وه به لاتاندا تێده‌په‌ڕین و هه‌ندێجار به بیانووی شتێکه‌وه لاشیان ده‌دا، ده‌یانتوانی به سه‌رنج و قسه‌کانیان تووڕه‌ت بکه‌ن، هه‌رچه‌ند بۆنی ئاوهدانییشیان لێ نه‌ده‌هات... ئینجا هه‌مووشیان به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سه‌رسامیی خۆیان له ئاستی ئازایه‌تیی ئه‌ودا نیشان ده‌دا، به تایبه‌تی له‌و کاته‌ی به بێڵ زه‌وییه ڕه‌قه‌که‌ی هه‌ڵده‌که‌ند، یان وه‌ختێ خشته‌کانی هه‌ڵده‌چنی... زۆرجاریش له ده‌می ڕێبوارانه‌وه ئه‌وه‌ت ده‌بیست، که ئه‌و ژنه چۆن ده‌وێرێت به دوو منداڵه‌وه له‌و چۆڵه‌وانییه بمێنێته‌وه...!! تۆ ئه‌و ڕۆژه بۆت ده‌رکه‌وت دایکت ئازایه، که (سروود) زۆر له‌پڕ مرد و هه‌ر خۆی له‌وێوه ته‌رمه‌که‌ی گه‌یانده ئه‌و گۆڕستانه... وه‌ک کفن گوشێکی تێوه پێچا و له‌سه‌ر ده‌ستی خۆیی دانا... له‌ژێره‌وه‌ش ده‌می بێڵه‌که‌ی به په‌نجه‌کانی گرتبوو... به‌فریش له ڕۆژی پێشووه‌وه ده‌باری و به‌رده‌وام زه‌ویی داده‌پۆشی... ئه‌گه‌رچی له‌و کاته‌ی ئێوه گه‌یشتنه نزیکی گۆڕستان، به‌فره‌که وه‌ستا، به‌ڵام سه‌رما زیاتر تاوی سه‌ند... دایکت خۆڵه‌که‌ی هه‌ڵده‌که‌ند و به هه‌ردوو ده‌ست فڕێی ده‌دایه قهراغیهوه... بۆنێکی یه‌کجار خۆشی لێ ده‌هات، که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له بۆنی نوێنه‌کانی (سروود) ده‌چوو... ئه‌و ڕه‌نگه قاوهییهشی کاتێ ده‌که‌وته سه‌ر به‌فره‌که، ده‌توت گۆشتی سووره‌وه‌کراوه و له‌سه‌ر به‌له‌مێک برنج داندراوه... ئه‌و دیمه‌نه ته‌فره‌ی ده‌دایت... وای لێ ده‌کردیت زیاتر هه‌ست به برسییه‌تی بکه‌یت، به ڕاده‌یه‌ک ده‌تویست به دزیی دایکت چنگێکی لێ بخه‌یته ده‌مته‌وه و بیخۆیت... دوایی کاتێ له ته‌رمه‌که‌ت ڕوانیی، هه‌ستت به گوناهێکی گه‌وره کرد... ئیتر نه‌تویست بیر له برنج و گۆشتی سووره‌وه‌کراو بکه‌یته‌وه... هه‌تا زیاتر دایکت به‌ره‌و قووڵایی ده‌چوو، نیگاکانت پتر هه‌ستیان به گه‌رمیی گۆڕه‌که ده‌کرد، بۆیه له دڵه‌وه ده‌تخواست له‌پاڵ براکه‌تدا بتنێژێت... کاتێ ته‌رمه‌که خرایه گۆڕه‌وه و خۆڵه‌که‌ی به سه‌ردا درایه‌وه، دنیا تاریک داهات... ئه‌وسا ئه‌و گۆڕستانه چۆڵ و سپییه ترس و سامێکی گه‌وره‌ی ده‌نواند... له ڕێگاش زۆر بیرت له نوێنه‌کانی (سروود) کرده‌وه، که ده‌بنه هیی تۆ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو له‌مه‌ودوا تۆ شه‌وان له باوه‌شی دایکتدا ده‌نوویت، که هه‌م گیانت گه‌رماییی زیاتری پێ ده‌گات و هه‌م که‌متر ده‌ترسیت، به تایبه‌تی له وه‌ڕینی سه‌گه‌کان، که هه‌ندێجار لووره‌ی گورگیشتان ده‌بیست... ئه‌وسا له‌گه‌ڵ (سروود) خۆتان له‌ژێر لێفه ده‌نا و هه‌ڵده‌له‌رزین... تۆ ده‌ترسایت باز به سه‌ر ئه‌و دیواره نزمه‌ی حه‌وشه‌دا هه‌ڵبده‌ن و بێنه به‌رده‌رگا... پاڵێکی پێوه بنێن و لێتان وه‌ژوور بکه‌ون......
به‌و شه‌وه له گۆڕستان ده‌گه‌ڕانه‌وه و تۆ ئه‌و گۆڕانکارییانهت ده‌هێنایه به‌رچاوت، که دوای مه‌رگی (سروود) به سه‌ر کووخهکهتاندا دێن، به‌ڵام نه‌تده‌زانی بۆچی تا زیاتر له ماڵ نزیک ده‌بوونه‌وه، تۆ پتر بیریت ده‌کرد و به‌زه‌ییت پێدا ده‌هاته‌وه... کووخهکهتان به ئاسانی بۆ نه‌ده‌دۆزرایه‌وه، چونکه هه‌موو شته‌کانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره له‌ژێر به‌فردا سپی ده‌چوونه‌وه... ده‌ترسایت له ده‌ره‌وه بمێننه‌وه و ڕه‌ق ببنه‌وه... ئه‌گه‌رچی هه‌میشه هیوات ده‌خواست له کاتێکی ئاوا سارددا بمریت، نه‌وه‌ک له وه‌رزی گه‌رمادا، چونکه ده‌ترسایت ته‌رمه‌که‌ت وه‌کو ئه‌وه‌ی باوکت بۆگه‌ن بکات، به‌ڵام له‌وه‌ش ده‌ترسایت دایکت به ته‌نیا بمێنێته‌وه... ماوه‌یه‌کی خایاند تاکو کووخهکهتان دۆزییه‌وه... هه‌ستتان کرد له‌و شپرزه‌ییه بیرتان چووه ده‌رگای حه‌وشه دابخه‌ن... ڕاستییه‌که‌ی ده‌رگا نه‌بوو به مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی، به‌ڵکو پلێتێکی ژه‌نگاوی بوو، شه‌وان دایکت ئه‌و که‌لێنه‌ی پێ ده‌گرت، که هاتوچۆتان پێدا ده‌کرد... هه‌رکه چوونه ژووره‌وه، سه‌گێکی ڕه‌ش، که ته‌نیا وه‌کو تارمایی ده‌رده‌که‌وت، شاڵاوی بۆ هێنان... دایکت به‌و بێڵه تێی که‌وت... هه‌ر زوو زانیتان نووکی بێڵه‌که کاری خۆیی کردووه، چونکه که‌وت و ده‌نگێکی کزی له شێوه‌ی ناڵه‌ی مرۆڤی نه‌خۆشی له ده‌م و قورگ ده‌رده‌چوو... دیار بوو دایکت ده‌ستی کوتا بوو و شقارته‌که‌ی دۆزیبووه‌وه... یه‌ک دوو دانه‌ی به سه‌ر یه‌که‌وه داگیرساند و توانیتان لاشه‌ی سه‌گه‌که ببینن... یه‌که‌مجار بوو هێنده بترسیت، به‌ڵام هه‌رگیز نه‌ده‌چووه ئه‌قڵته‌وه ئاوا دایکت ده‌توانێت به‌و بێڵه به‌ره‌نگاری سه‌گێکی دڕ ببێته‌وه... تۆ توند توند ناوقهدیت گرتبوو و هه‌ڵده‌له‌رزیت... چوونه ژووره‌وه و چاو چاوی نه‌ده‌بینی... دایکت دوا دانه‌ی شقارته‌که‌ی به کار هێنابوو، بۆیه نه‌ده‌کرا به‌رده‌می خۆتان ڕووناک بکه‌نه‌وه... پێشتر هه‌رکه دنیا که‌مێک تاریک ده‌بوو، ئێوه هه‌رسێکتان خۆتان له‌ژێر لێفه ده‌نا، چونکه هێشتا چراتان نه‌بوو، بۆیه له‌و تاریکییه نه‌تانده‌توانی بجووڵێنه‌وه... له زستان هه‌رگیز پێخهفهکانتان ههڵندهگرت، چونکه زۆربه‌ی کات له تاوی سه‌رما ڕاده‌کشان و لێفهتان به خۆتاندا ده‌دا... ناوقه‌دی دایکتت به‌رنه‌ده‌دا و ئه‌و بۆ لای پێخه‌فه‌کان ڕایدهکێشایت... له‌وێ خۆت له‌ژێر لێفه‌که‌ت نا... ده‌ستت خسته سه‌ر جێگاکه‌ی (سروود) و په‌نجه‌کانت که‌وتنه سه‌ر پارچه‌یه‌ک گۆشتی ته‌ڕ، که ده‌جووڵایه‌وه و دهنگێشی لێ ده‌رده‌چوو... هێنده‌ی دیکه ترسایت، به‌ڵام نه‌تتوانی هاوار بکه‌یت... وای بۆ چوویت (سروود)ه و هاتووه‌ته‌وه... دایکت هه‌ستی پێ کردیت... هات شوێنه‌که‌ی پشکنی... ئه‌ویش ترسا و هه‌موو گیانی ده‌له‌رزی... وتی سێ چوار تووتهڵهسهگن... ئینجا زیاتر گوێتان له ده‌نگیان بوو... دایکت وتی ئه‌وانه به‌چکه‌ی ئه‌و سه‌گه‌ن، که لاشه‌که‌ی وا له ده‌ره‌وه که‌وتووه... کاتێ ئێوه خه‌ریکی ناشتنی (سروود) بوونه، ئه‌و ده‌رفه‌تی هێناوه و هاتووه لێره له‌سه‌ر ئه‌و دۆشه‌گ و لێفه‌یه تره‌کیوه... بۆنێکی خۆشیان لێ ده‌هات... ده‌ترسایت دوور له خواستی خۆشت گاز له‌و گۆشته نه‌رمه‌یان بگریت و یه‌کێکیان بخۆیت... دایکت گه‌ڕایه‌وه هه‌یوان، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانێت دهڵهسهگهکه ماوه، به‌ڵام هه‌ر خێرا هاته‌وه و وتی گیانی ده‌رچووه... بانه‌که له ده لاوه دڵۆپه‌ی ده‌کرد... شوێنی تووتهڵهکانیشی گرتبووه‌وه... (سروود) حه‌زی له دڵۆپه بوو، به‌تایبه‌تی کاتێ ده‌تکانه ناو قاپه‌کان و ده‌نگێکی سه‌یریان لێ هه‌ڵده‌ستا، به‌ڵام تۆ نا... نه‌تده‌زانی ئه‌و شه‌وه چۆن له‌پاڵ ئه‌و تووتهڵهسهگانهدا خه‌وت لێ که‌وتووه، به‌ڵام به‌یانی له‌پێش دایکته‌وه به ئاگا هاتیت... هێشتا ژووره‌که تاریک بوو... ده‌ستت بۆ لای ئه‌وان درێژ کردبوو و پهنجهکانتیان ده‌مژی... هه‌ر ئه‌مه‌ش بێداری کردبوویته‌وه... کاتێک ژوور ڕووناک بووه‌وه و چه‌ند په‌ڵه‌یه‌ک خوێنت به سه‌ر لێفهکهتهوه بینی، دڵت داچڵه‌کی... ویستت دایکتی لێ ئاگادار بکه‌یته‌وه، به‌ڵام لێفه‌که‌ی ئه‌و زیاتر خۆێناویی بووبوو... ئینجا قژیت که‌وته به‌رچاو، که سوور ده‌چووه‌وه... گومانت لا نه‌ما، که کوژراوه، به‌ڵام نه‌تده‌زانی ئاخۆ سه‌گه‌کان په‌لاماریان داوه، یاخود که‌سێک هاتووه‌ته ژووره‌وه و وه‌کو (ئینعام) به چه‌قۆ و خه‌نجه‌ر ورگی هه‌ڵدڕیوه... به ده‌م گریانه‌وه خۆت به سه‌ریدا دا و ئه‌م له‌پڕ هه‌ستایه‌وه... زۆری به لاوه سه‌یر بوو، که تۆ ده‌گریایت و لێت ده‌پرسیی ئاخۆ ماوه و نه‌کوژراوه... هه‌ر ئه‌وه‌نده له خوێنی سه‌ر لێفهکانی ڕوانیی، ئیتر حه‌په‌سا، به‌ڵام دوایی وتی هیی سه‌گه‌که‌یه... کاتێ به‌و تاریکییه چووه بزانێت ئاخۆ ماوه، ده‌ستی که‌وتووه‌ته سه‌ر برینه‌کانی و خۆیناوی بووه... له‌مه‌وه لێفه‌که‌ی خۆی و ئه‌وه‌ی تۆشی خوێناوی کردووه... ئه‌گه‌رچی پێشتر له‌و ده‌لاقه‌یه‌وه دیار بوو، که هه‌تاوێکی خۆشه، به‌ڵام کاتێ دایکت ده‌رگای کرده‌وه، به‌فری حه‌وشه و هیی ئه‌و ده‌شته‌ش له‌ژێر تیشکی ڕۆژدا بریسکه‌ی ده‌هات... دهڵهسهگهکهش له‌ناو خوێنی خۆیدا سوور ده‌چوو... دایکت وتی ده‌بێت به خێرایی لایببه‌ن، ئه‌گینا بۆگه‌ن ده‌کات... سه‌ره‌تا به گوشێک دایپۆشی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه له‌وه زیاتر دڵتان تێک هه‌ڵنه‌هێنێت... دوایی وتی هه‌ر ده‌بێت چاره‌سه‌رێک بۆ گوجیلهکانیش بدۆزنه‌وه، ئه‌گینا به بێ دایک ئه‌وانیش له برسان گیانیان ده‌رده‌چێت... ئه‌وسا تۆ تێگه‌یشتیت، که نیازی وایه به‌خێویان بکات، چونکه پێشتریش چه‌ند جارێک وتبووی، که له چۆڵه‌وانییه‌کی ئاوادا ڕاگرتنی سه‌گ به مه‌به‌ستی پاسه‌وانی خراپ نییه... تۆ پێخهفهکهتت جێ نه‌هێشتبوو و به‌رده‌وام له گوجیلهکانت ده‌ڕوانی، که پێنج دانه بوون و هێشتا چاویان نه‌پشکووتوو بوو......
دایکت دوای ئه‌وه‌ی به به‌فری حه‌وشه قژ و ده‌موچاوی خۆیی له خوێنی دهڵهسهگهکه پاک کرده‌وه، ئینجا ڕۆیشت و ئێواره له‌گه‌ڵ پیاوێکدا گه‌ڕایه‌وه، که خۆی چرایه‌ک و پیاوه‌که سه‌گێکی سپیی پێ‌بوو... پاڵتۆ خورییه‌که‌ی له هه‌موو شتێک زیاتر سه‌رنجی ڕاکێشایت... دیار بوو شاره‌زاییه‌کی باشی له په‌روه‌رده‌کردنی سه‌گدا هه‌بوو... توانیی به چه‌ند جووڵه‌یه‌ک وا له سه‌گه‌که‌ی بکات، که به (بیرۆ) بانگی ده‌کرد، بهێڵێت گوجیلهکان گوانی بمژن... دواییش پێکه‌وه چوون لاشه‌ی سه‌گه کوژراوه‌که‌یان له‌وێ دوور خسته‌وه و له‌و که‌ندانه‌ی ئه‌ولا فڕێیان دا... سه‌ره‌تا هیچ له‌و پیاوه تێنهدهگهیشتیت، چونکه نه‌تده‌زانی ئه‌وه بۆنی چۆڵه‌وانییه یان هیی ئاوه‌دانی، که له له‌ش و جله‌کانیه‌وه دێت... ته‌نانه‌ت کاتێ زانیی تۆ له سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزیت، پاڵتۆکه‌ی خۆیی داکه‌ند و به سه‌ر شانتیدا دا، زۆر هه‌وڵت دا له‌و بۆنه‌ی تێبگه‌یت و بۆت نه‌کرا... (بیرۆ)ی لای ئێوه جێ هێشت و خۆی ڕۆیشت... واتزانی نایه‌ته‌وه، که‌چی بۆ نیوه‌ڕۆ به دوو زه‌رفی بۆره‌وه گه‌ڕایه‌وه... یه‌کێکیانی له هه‌یوان دانا و ئه‌وی دیکه‌یانی هێنایه ژوورێ... ئه‌وسا بۆنێکی سه‌یرتری لێ ده‌هات... له‌سه‌ر جێگاکه‌ی دایکت دانیشت و شته‌کانی ناو زه‌رفه‌که‌ی هێنایه ده‌رێ... ئێوه‌ی بانگ کرد و لای دانیشتن... نانه‌کانی کرده‌وه و گۆشتی درێژکۆله‌ی سووره‌وه‌کراو و پیاز و ته‌ماته ده‌رکه‌وتن... یه‌که‌مجار بوو ناوی که‌باب ببیستیت... ڕۆژی پێشووت بیر که‌وته‌وه، کاتێ خۆڵی گۆڕه‌که‌ی (سروود)ت لێ ده‌بووه گۆشتی سووره‌وه‌کراو، به‌ڵام دیمه‌نی سه‌گه کوژراوه‌که و هیی گوجیله چاونهپشکووتووهکان له‌پاڵ خوێنی سه‌ر لێفهکانتان کاری کردبووه سه‌ر ئیشتیهات... بوونی ئه‌و پیاوه سه‌یره‌ش، که بۆ ئێواره‌که‌ی زانیت ناوی (سمکۆ)یه، له‌ولاوه بوه‌ستێت... به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا بۆنی که‌باب، پیازی ئه‌نجنراو، ته‌ماته‌ی بر‌ژاو و نانی بازاڕ هیی ئه‌وه نه‌بوو خۆتی له‌به‌ر ڕابگریت... به‌وه باش بوو تۆ ڕووت له ده‌ره‌وه بوو، بۆیه ده‌تتوانی له‌و به‌فره دره‌وشاوه‌ی حه‌وشه و هیی ئه‌و ده‌شته زیاتر له هیچ شتێکی دیکه نه‌ڕوانیت و پارووهکانت بجوویت... (سمکۆ) له پێش ئێوه‌وه ده‌ستی هه‌ڵگرت... هه‌ستا به گوش له‌و سووچه‌ی ژوور شوێنێکی بۆ (بیرۆ) و توتکهکان دابین کرد و بۆ ئه‌وێی گواستنه‌وه... چوو زه‌رفه‌که‌ی هه‌یوانی هێنا و له به‌رده‌می (بیرۆ)ی ڕۆ کرد، که ڕیخۆڵه و شتی دیکه‌ی ناوهه‌ناوی ئاژه‌ڵ بوون... بۆنێکی سه‌یر به‌و ناوه‌دا بڵاو بووه‌وه، که به ڕاستی حه‌زت لێی ده‌کرد... وا دیار بوو له‌ناو به‌رمیلی به‌رده‌می گۆشتفرۆشه‌کانی بازاڕدا بۆی هێنابوون... ئینجا وتی:
_ با ئه‌م یه‌ک دوو ڕۆژه لێره بن، هه‌تا که‌مێ هه‌راش ده‌بن، ئه‌وسا له به‌رده‌رگا شوێنێکی باشیان بۆ ڕێک ده‌خه‌م.
له‌مه‌وه تۆ وای بۆ چوویت، که ئیتر (سمکۆ) زوو زوو سه‌ردانتان ده‌کات، به‌ڵام نه‌تده‌زانی ئاخۆ ئه‌وه‌ت پێ خۆشه، یان ناخۆش، چونکه له‌و بۆنه‌ی تێنهدهگهیشتیت... ترسی ئه‌وه‌شت هه‌بوو پاڵتۆکه‌ت لێ بستێنێته‌وه، که وه‌کو لێفه خۆتت پێ داپۆشیبوو، به‌ڵام داوای نه‌ده‌کرده‌وه... (بیرۆ) له‌و سووچه ئه‌و شتانه‌ی ده‌خوارد، که (سمکۆ) خستبوویه به‌رده‌می و تووتهڵهکانیش مڵچ مڵچ گوانیان ده‌مژی... نه‌تده‌زانی بۆچی سیمای (سروود)یان ده‌هێنایه‌وه به‌رچاوت و ده‌تویست بگرییت، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی زۆر له‌پڕ به سه‌ر کووخهکهتاندا هاتبوون، وه‌ها خه‌یاڵتیان داگیر کردبوو، زوو زوو ئه‌ویان له بیر دهبردیهوه... کاتێ دنیا که‌مێک تاریک بوو و (سمکۆ) هه‌ر نه‌ڕۆیشت، بۆت ده‌رکه‌وت، که هه‌تا توتکهکان گه‌وره ده‌بن، ئه‌ویش لاتان ده‌مێنێته‌وه... ئینجا بیرت له‌وه کرده‌وه، که ئاخۆ شه‌وان له کوێ ده‌خه‌وێت...!! نه‌تده‌ویست به هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م بچێته جێگاکه‌ی (سروود)، به‌ڵام نه‌شتده‌توانی خۆت له‌وێ بخه‌ویت، که دوای ئه‌وه‌ی دهڵهسهگهکهی له‌سه‌ر ترهکابوو، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان قێزت لێی ده‌بووه‌وه... بیرت له‌وه کرده‌وه جێگۆڕکێیان پێ بکه‌یت، که به‌م شێوه‌یه ده‌که‌وتیه ته‌نیشت دایکته‌وه، به‌ڵام له‌وه تێنهدهگهیشتیت ئه‌و شه‌رمه بۆ ئاوا له‌پڕ گه‌مارۆی دایت... دایکت چوو چراکه‌ی هێنا و دایگیرساند... سێبه‌رتان به گه‌وره‌یی که‌وتنه سه‌ر دیواره‌کان و لێیان ورد بوویته‌وه... مانای سه‌یر سه‌یرت لێ دهدۆزیینهوه... (سمکۆ) یه‌ک دوو جار (بیرۆ)ی برده ده‌ره‌وه و له‌و ده‌شته یاریی له‌گه‌ڵ کرد، به بێ ئه‌وه‌ی پاڵتۆکه له تۆ بستێنێته‌وه و له به‌ر خۆیی بکات... چ ده‌نگی خۆی و چ وه‌ڕینی سه‌گه‌که‌ش ده‌گه‌یشتنه ژووره‌وه... به شێوه‌یه‌کی زۆر تایبه‌ت بانگی ده‌کرد و له تۆنی ده‌نگیه‌وه ده‌زانرا، که تا بڵێی دڵخۆشه... کاتێ دهشگهڕایهوه، ئه‌و دڵخۆشییه‌ی به سیمایه‌وه هه‌ر ده‌مایه‌وه و تۆ له‌ژێر تیشکی ئه‌و چرایهدا هه‌ستت پێی ده‌کرد... ئه‌وسا لێیت پرسیی بۆچی سه‌گه‌که‌ی ناوی (بیرۆ)یه، پێکه‌نی و وتی:
_ به گوجیلهیی که‌وته بیره‌وه... له‌مه‌وه ئه‌م ناوه‌م لێ نا.
نه‌تزانی بۆچی ئه‌و به‌سه‌رهاته ساده‌یه هێنده‌ی کار لێ کردیت... به‌رده‌وام ده‌هاته به‌رچاوت چۆن (بیرۆ) ده‌که‌وێته ناو بیره‌که و (سمکۆ)ش چۆن خێرا به ناویدا شۆڕ ده‌بێته‌وه... ده‌ریده‌هێنێت و ده‌که‌وێته‌وه ناو بیره‌که... دهریدههێنێتهوه و ده‌که‌وێته‌وه ناوی.... ئه‌مانه زۆر به خێرایی ڕوویان ده‌دا... ئه‌و خه‌یاڵه ماندووی ده‌کردیت... ده‌تویست خۆتی لێ ڕزگار بکه‌یت، چونکه سوور ده‌تزانی به دانیشتنه‌وه خه‌وت لێ ده‌خات، به‌ڵام نه‌ده‌کرا... ده‌بووایه وه‌کو ئێشکگرێک تا به‌یانی بێ‌دار بیت و به هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌هێڵیت جێگاکه‌ی (سروود) داگیر بکات، به‌ڵام نه‌شتده‌توانی به سه‌ر ئه‌و هه‌ستی قێزکردنهوهیهدا زاڵ ببیت و تۆ له‌وێ بخه‌ویت... ئه‌و شه‌وه شته‌کان له‌ژێر ده‌ستی تۆ ده‌رچوون... ئه‌و پاڵتۆ خورییه به‌رده‌وام گه‌رمای به له‌شت ده‌به‌خشی و له هه‌موو تهمهنیشتدا هێنده‌ت نه‌خواردبوو... ئه‌و که‌بابه ورده ورده گیانتی خاو ده‌کرده‌وه و پێڵووهکانیشت له‌ژێر تیشکی چراکه‌دا قورس و قورس‌تر ده‌بوون... (بیرۆ) ده‌که‌وته بیره‌وه و (سمکۆ) ده‌ریده‌هێنایه‌وه... جار جار تێکه‌ڵی دیمه‌نی ناشتنی (سروود)یش ده‌بوو، کاتێ دایکت هه‌ڵیگرت و خستیه ناو گۆڕه‌وه... به‌و خۆڵه ته‌زیوه دایپۆشی... به‌ردێکی لای سه‌ری و یه‌کێکی لای قاچه‌کانی چه‌قاند... ئه‌و دیمه‌نه له‌سه‌ر یه‌ک رێتم به‌رده‌وام بوو، به ڕاده‌یه‌ک نه‌تتوانی له‌وه زیاتر به‌رگه‌ی خه‌و بگریت... به‌یانی کاتێ بێ‌دار بوویته‌وه، ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسایت ڕوو بدات، ڕووی دابوو... (سمکۆ) له شوێنی (سروود) پرخه‌ی ده‌هات و ده‌ستی له ملی دایکت کردبوو... هه‌ر زوو تێگه‌یشتیت، که تۆ دوای ئه‌وه‌ی به دانیشتنه‌وه خه‌وت لێ که‌وتووه، (سمکۆ) له‌سه‌ر ده‌ستی خۆیی داناویت و بۆ ئه‌وێی گوێزاویتیهوه... به لێفه دایپۆشیویت و پاڵتۆکه‌ی خۆیشی پێدا داویت... هێشتا نه‌تده‌توانی له بۆنی ئه‌و پیاوه تێبگه‌یت، که زۆر له‌ناکاو ده‌رکه‌وت و چه‌ند بڵێی به خێرایی خۆی و سه‌گه‌که‌شی بوونه به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی کووخهکه... هه‌ر پێشبینییهکت بۆ کاتی ڕۆیشتنی یه‌کجاریی (سمکۆ) کردبێت، کورتی هێناوه... وات دانابوو هه‌رکه گوجیلهکان هه‌راش بوون، په‌تێ له ملی (بێرۆ) ده‌کات و ده‌یباته‌وه، که‌چی گوجیلهکان گه‌وره بوون و ئه‌م نه‌ک هه‌ر نه‌ڕۆیشت، به‌ڵکو به‌رده‌وام پلانی بۆ ئایینده داده‌نا... له ژیانتدا هیچ که‌سێکت نه‌دیوه هێنده‌ی ئه‌و باسی ئایینده‌ی کردبێت و دڵی به ڕۆژانی داهاتوو خۆش بووبێت... له ماوه‌یه‌کی که‌مدا سیمای ئه‌و کووخهی گۆڕی، که ئه‌مه‌یان ته‌واو به دڵی دایکت بوو... خۆ هه‌ر ئه‌وه‌نده گه‌یشتنه به‌هار و دنیا گه‌رم داهات، کووخهکهیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و خانووێکیان له شوێنی دامه‌زراند... کۆڵیتێکیش له به‌رده‌رگا بۆ (بیرۆ) و گوجیلهکان، که هێنده دڕ بوون، ده‌یانتوانی پاسی ماڵه‌که بکه‌ن... کێشه‌ی گه‌وره‌تان چاودێره‌که‌ی شاره‌وانی بوو، که له‌گه‌ڵ هاتنی (سمکۆ)وه شه‌ڕی پێ ده‌فرۆشتن... هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌کردن، که هه‌ر ڕۆژێکه بوڵدۆزه‌ر ده‌هێنێت و دهیڕمێنێت... (سمکۆ) پێی ده‌وت:
_ ده تۆ ئه‌گه‌ر ئازایت، ئه‌مه ده‌که‌یت، بزانه وه‌کو گوجیلهکان گوێچکه‌ت نابڕم...!!
ئه‌و ڕۆژه‌ت هه‌رگیز بیر نه‌ده‌چووه‌وه، که به گوێزان گوێچکه و کلکی گوجیلهکانی بڕی، گوایه به‌م شێوه‌یه دڕ ده‌بن... وای که ترسایت...!! خوێنیان لێ ده‌چۆڕایه‌وه و به پارچه لبادێک بۆی ده‌سڕین... ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌تده‌ویست ده‌ستت به‌ر ده‌سته‌کانی (سمکۆ) بکه‌وێت، چونکه گوێچکه و کلکی گوجیلهکانت بیر ده‌هاته‌وه و زه‌نده‌قت ده‌چوو... ده‌تویست به دایکیشت بڵێیت، که ئیتر ئه‌ویش ده‌ست نه‌خاته ناو ده‌ستیه‌وه، به‌ڵام شه‌رم ڕێگای نه‌ده‌دایت... ڕه‌نگ بوو پێت بڵێت ئه‌مه زۆر ئاساییه، چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌م به گوێزان که‌مێکی له کلک و گوێچکه‌ی گوجیلهکان بڕیوه، ئه‌وا ئه‌و پێشتر به بێڵ دایکیانی کوشتووه... نا، نه‌ده‌کرا وای پێ بڵێیت... ئه‌ویش نه‌ک ده‌ستی ده‌خسته ناو ده‌ستی (سمکۆ)وه، به‌ڵکو شه‌وانیش له‌گه‌ڵ به‌زمی خۆیان به ئاگایان ده‌هێنایته‌وه و هه‌ستت ده‌کرد وا به ڕووتی تێک ئاڵاون... به‌یانییانیش، کاتێ هه‌ڵده‌ستایت، ده‌تبینی وا سه‌ری خستووه‌ته سه‌ر قۆڵه تووکنه‌کانی و قژی درێژی به سه‌ر سنگه پانه‌که‌یدا بڵاو بووه‌ته‌وه......
ڕۆژێکیان تازه بهرچاییت خواردبوو، کاتێکت زانیی (سمکۆ) وه‌کو شێت، به پڕتاو هاته ژووره‌وه و توند مه‌چه‌کی گرتیت... پڕ به قوڕگت هاوارت کرد... وای بۆ چوویت گوێچکه‌ت، یان شوێنێکی دیکه‌ی جه‌سته‌ت به گوێزان ده‌بڕێت... دهتهێنایه به‌رچاو چۆن ده‌می گوێزانه‌که له‌و کڕکڕاگه‌یه گیر ده‌کات و به‌رده‌وام ده‌یباته خوارێ... له ترسان میزت به خۆتدا کرد... هه‌موو گیانت ده‌له‌رزی... ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ت توند توند به شهبزووزتهوه گرت... وتی:
_ هه‌سته، خێرا...!!
کاتێ نه‌تتوانی هه‌ستیته‌وه، تا هێزی تێدابوو ڕایکێشایت... دایکیشت له ماڵ نه‌بوو... چوو بوو له‌و بیره ئیرتیوازییه ئاو بهێنێت... ده‌موده‌ست خۆتت له حه‌وشه بینییه‌وه... له‌وێ سه‌رنجی له پێشه‌وه‌ی بیجامه چڵکهنهکهت دا و وتی:
_ ئه‌وه میزت به خۆتدا کردووه...؟!
وه‌ڵامت بۆ نه‌ده‌درایه‌وه، به‌ڵام هه‌ر خۆی قاقایه‌کی لێ دا و وتی:
_ باشتر...!! ئه‌مه‌م به دڵه.
پێی وتیت پێڵاوه‌کانت له پێ بکه... ئه‌وسا هه‌ر چۆنێ بێت به ده‌م گریانه‌وه پرسیت، ئاخۆ بۆ کوێت ده‌بات، پێی وتیت:
_ بۆ قوتابخانه... تۆ ده‌بێت قه‌ید بکرێیت... له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی ئه‌وبه‌ر قسه‌م کردووه، وتوویه‌تی جێگایه‌ک ماوه و خێرا بیهێنه... ده‌ی زوو بکه، با بڕۆین تاکو شوێنه‌که‌ت نه‌گیراوه.
ئینجا وتی:
_ به‌و میزه‌وه ده‌تبه‌م... با بزانێت له مامۆستا ده‌ترسیت... ئه‌و قوتابییه‌ی له مامۆستا نه‌ترسێت، دواڕۆژی باشی نابێت... خێرا بکه، با وشک نه‌بێته‌وه.
به‌و ده‌شته‌دا ڕایدهکێشایت و (بێرۆ) و ئه‌وانی دیکه‌ش له دواتان ڕایان ده‌کرد... دیمه‌نێکی هێنده سه‌یرتان هه‌بوو، که هه‌ر که‌سێ ده‌یبینین، له قاقای پێکه‌نینی ده‌دا، به‌ڵام ئه‌و گوێی پێ نه‌ده‌دان... ده‌یویست هه‌رچی زووتره بگاته ژووری به‌ڕێوه‌به‌ر و ناونووست بکات... جار جاریش له میزی سه‌ر بیجامهکهتی ده‌ڕوانی، ئاخۆ وشک نه‌بووه‌ته‌وه... هه‌ر به ڕاستی تۆ خۆشت ده‌ترسایت وشک ببێته‌وه، چونکه ده‌تزانی دوو سێ زلله‌ی قایمت لێ ده‌دات، تاکو میزێکی دیکه به خۆتدا بکه‌یت و به چاکترین شێوه بتباته به‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌ر... له‌وێ داوای دوو وێنه‌یان لێ کردن و لاتان نه‌بوو... هێنده شپرزه بوو، به به‌ڕێوه‌به‌ری وت:
_ قوربانت بم مامۆستا، با دلێر لێره بێت، خۆم ده‌چم به خێرایی له بازاڕ دوو وێنه ده‌گرم و بۆتانی ده‌هێنم.
به‌ڕێوه‌به‌ر له قاقای پێکه‌نینی دا و پێی وت:
_ ئه‌وه تۆ ده‌ڵێی چی کاکه...؟ بۆ تۆ خۆت قه‌ید ده‌که‌یت، یان کوڕه‌که‌ت...؟!
وا بزانم هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وای له به‌ڕێوه‌به‌ر کرد به‌وه ڕازیی ببێت ناونووست بکات، به مه‌رجێک به زووترین کات وێنه‌کان بهێنن... (سمکۆ) زوو زووش باسی میزکردنه‌که‌ی تۆی بۆ ده‌کرد، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر له‌به‌ر پێکه‌نین هیچی بۆ نه‌ده‌وترا... سه‌گه‌کانیش له به‌رده‌رگای قوتابخانه به‌رده‌وام ده‌وه‌ڕین... چه‌ند کوڕێکی چوختییش، که له‌وه ده‌چوو هی گه‌ڕه‌که‌که بن، به‌ردیان تێده‌گرتن و ئه‌وان هێنده‌ی دیکه پێیان ده‌وه‌ڕین... ئه‌و ناوه‌یان هێنابووه هه‌ژان... به‌ڕێوه‌به‌ر بانگی کارگوزاری کرد و پێی وت بۆ پۆله‌که‌ت ببات... هه‌رکه مه‌چه‌کی گرتیت، هێنده‌ی دیکه ترسیات و گریایت... ده‌گریایت و له‌و ڕاڕه‌وه ده‌نگی ده‌دایه‌وه... کاتێ سه‌گه‌کان له میانه‌ی ده‌رگاوه بینییان وا پیاوێک ده‌ستی گرتوویت و ده‌گرییت، خۆیان بۆ نه‌گیرا و شاڵاویان هێنا... ڕاوی کارگوزاریان نا، به‌ڵام ئه‌و ده‌ستی تۆی به‌رنه‌دا، بگره قایمتر به دوای خۆیدا ڕایکێشایت، چونکه نه‌یده‌زانی سه‌گه‌کان هیی ئێوه‌ن و چ چیرۆکێکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یان هه‌یه... به‌ره‌و پۆله‌که‌ی بردیت و ده‌رگای له‌سه‌ر داخستن... ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌وه‌ڕین و قوتابخانه‌یان ده‌هێنایه هه‌ژان... گوێت له فیزاحی قوتابیی پۆله‌کانی دیکه ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و پۆله‌ی خۆتان وا حه‌په‌سابوون، که نه‌یانده‌توانی نقه بکه‌ن... مامۆستا له پێش هه‌موویانه‌وه ڕه‌نگی به به‌ره‌وه نه‌ما... دوایی گوێت له ده‌نگی (سمکۆ) بوو، که هات و بردینیه‌وه... له‌و ڕاڕه‌وه بانگی ده‌کردن و له تۆنی ده‌نگیه‌وه ده‌تزانی وه‌کو شه‌وی یه‌که‌می هاتنی بۆ ماڵتان دڵخۆشه... کارگوزار به مامۆستای وت، که تۆ خوێندکارێکی نوێیت، به‌ڵام تۆ له ترسان و له شه‌رمان ڕه‌نگت به به‌ره‌وه نه‌مابوو... دوای ڕۆیشتنی سه‌گه‌کان، هاوپۆله‌کانت ترس و حهپهسانهکه بهریدابوون و له‌و دیمه‌نه‌ی تۆیان ده‌ڕوانی... له قاقای پێکه‌نینان ده‌دا و مامۆستا بۆی بێده‌نگ نه‌ده‌کران... مامۆستا لێی پرسیت:
_ ئه‌وه له ترسی سه‌گه‌کان میزت به خۆتدا کردووه...؟!
هه‌تا چوار پێنج جار ئه‌و پرسیاره‌ی نه‌وته‌وه، تۆ نه‌تتوانی وه‌ڵامی بده‌یته‌وه... کاتێکیش به ده‌م گریانه‌وه وتت:
_ نا، ئه‌وانه سه‌گی خۆمانن.
ئه‌وسا کوڕێکی گه‌وره له دواوه وتی:
_ مادام سه‌گ تۆیان قه‌ید کردووه، ده‌بێت زۆر زیره‌ک بیت و ئه‌مساڵ به یه‌که‌م ده‌رده‌چیت... من باوکم قه‌یدی کردووم، بۆیه هێنده ته‌مبه‌ڵم و ئه‌وه سێیه‌م ساڵمه له‌م پۆله.
ئه‌وانی دیکه تێکڕا و به‌رده‌وام له قاقای پێکه‌نینیان ده‌دا... مامۆستا لێتی پرسیی:
_ ئه‌و پیاوه کێ بوو له‌گه‌ڵ سه‌گه‌کان...؟! باوکت بوو...؟!
ئا، ئه‌مه قورسترین پرسیار بوو، که هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژه‌وه ڕووبه‌ڕووی بوویته‌وه و نه‌تده‌زانی چۆن وه‌ڵامی بده‌یته‌وه... ماوه‌یه‌کی خایاند تاوه‌کو وتت:
_ به‌ڵێ.
_ ناوی چییه...؟!
_ سمکۆ.
_ ئه‌دی خۆت ناوت چییه...؟!
_ دلێر.
_ دلێر سمکۆ... ناوێکی خۆشه...!!
پارچه لبادێکت له قه‌راغی په‌نجه‌ره بینی، که تۆزی سپیی له‌سه‌ر نیشتبوو... هێنده‌ی دیکه ترسایت و ئه‌و ڕۆژه‌ت بیر هاته‌وه، که (سمکۆ) کلک و گوێچکه‌ی گوجیلهکانی بڕی و خوێنه‌که‌ی پێ سڕین... نه‌تده‌زانی ئه‌مه بۆچی به کار ده‌هێندرێت... کاتێک مامۆستا ده‌ستی بۆ برد، تۆ به‌بێ ویست له‌ناو ئه‌و پۆله بێده‌نگه‌دا هاوارت کرد و خۆت خسته باوه‌شی ئه‌و کوڕه‌ی ته‌نیشتته‌وه... مامۆستا له‌وه تێنه‌ده‌گه‌یشت... به بێ ئه‌وه‌ی پارچه لباده‌که دابنێت، هاته لاته‌وه و تۆ میزێکی دیکه‌ت به خۆتدا کرد... هه‌تا ئه‌و زیاتر لێت نزیک ده‌بووه‌وه، تۆ پتر ڕۆحت ده‌چوو... ئه‌و قوتابییه هاروهاجانهی پێشتر ئه‌و پۆله‌یان له‌گه‌ڵ پێکه‌نین ده‌هه‌ژانده‌وه، وه‌ها واقیان وڕمابوو، نقه‌یان لێوه نه‌ده‌هات... مامۆستا دوای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی له حاڵه‌ته‌که‌ت تێبگات، ڕووی له‌و ته‌خته‌ڕه‌شه کرد، که به قه‌ده‌ر دنیا له‌ویش ده‌ترسایت... ئینجا به‌و لباده ئه‌و پیتانه‌ی سه‌ر ڕووی سڕیی، که تۆ سه‌رت لێیان ده‌رنه‌ده‌چوو... هه‌موو جووڵه و قسه‌یه‌ک له‌و پۆله ده‌یانترساندیت و بۆنی ئاوه‌دانییش هه‌ر له ژووری به‌ڕێوه‌به‌ره‌وه هه‌تا ئه‌وێ لووتی پڕ ده‌کردیت... ئه‌و ته‌خته‌ڕه‌شه سه‌گه‌که‌ی بیر ده‌هێنایته‌وه، که دوای ئه‌وه‌ی له گۆڕستان گه‌ڕانه‌وه و دایکت له‌و تاریکییه به بێڵ کوشتی... مامۆستا پێی وتی:
_ بڕۆ له‌و گۆڕه‌پانه له به‌رهه‌تاو بوه‌سته تاکو ئه‌و میزه به بیجامهکهتهوه وشک ده‌بێته‌وه، ئه‌گینا بۆگه‌ن ده‌کات.
کوڕه گه‌وره‌که‌ی دواوه دیسان هه‌ڵیدایه و وتی:
_ وه‌ک بڵێی ئێستا بۆگه‌نی نه‌کردبێت...!!
گوێت لێ بوو یه‌ک دووانێک ده‌یانوت (دلێر بۆگه‌ن)... وای بۆ چوویت که‌سێک هه‌یه له پۆله‌که و ده‌زانێت تۆ کوڕی (جه‌مشید بۆگه‌نی)یت، نه‌وه‌ک کوڕی ئه‌و (سمکۆ)یه‌ی تۆی له‌گه‌ڵ سه‌گه‌کاندا هێناوه‌ته قوتابخانه... مامۆستا دوو سێ جاری تری پێ وتیت، که بچیته گۆڕه‌پانه‌که و له به‌رهه‌تاو بوه‌ستیت، به‌ڵام تۆ له ترسان و له شه‌رمان نه‌تده‌توانی له شوێنی خۆت هه‌ڵبستیت، هه‌تا دواجار به چاودێری پۆلی وت ده‌ستت بگرێت و بۆ ئه‌وێت ببات... ئه‌و کوڕه پانته‌ڵۆنێکی ڕه‌ش و کراسێکی سپیی له به‌ردابوو... مامۆستا به (وشیار) بانگی کرد... هه‌ر به چاو ده‌کرا بزانیت، که دوو سێ ساڵ له تۆ گه‌وره‌تره... به ده‌نگێکی زۆر نه‌رم ده‌دوا... بۆنی چۆڵهوانییشی لێ ده‌هات، بۆیه دڵت پێی کرایه‌وه... پێی وتی زۆربه‌ی ئه‌و خوێندکارانه‌ی سه‌ره‌تا دێنه قوتابخانه میز به خۆیاندا ده‌که‌ن، گوایه وه‌ک له گه‌وره‌کانی بیستووه ئه‌مه نیشانه‌ی زیره‌کییه... دکتۆر و ئه‌ندازیاره‌کان به منداڵی زیاترین میز و گوویان به خۆیاندا کردووه... ده‌رکه‌وت ئه‌ویش چه‌ند جارێک پانتهڵۆنی شڵپه‌ی هاتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سێ ساڵ له کلاسی یه‌که‌م ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، که تووشی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی گه‌وره بووه، ئه‌گینا زۆر زیره‌که... وا نه‌بووایه، ئێستا ده‌گه‌یشته کلاسی چواره‌م... ساڵی یه‌که‌م باوکی گیراوه، ساڵی دووه‌م به‌ربووه و چووه‌ته شاخ، ساڵی سێیه‌م دابه‌زیوه‌ته ناو شار و کوژراوه... ئینجا پێی وتیت، که پێشتر له دووره‌وه تۆی بینیوه، چونکه زۆرجار که له‌گه‌ڵ دایکی به مه‌به‌ستی فرۆشتنی ورده‌واڵه چوونه‌ته گه‌ڕه‌که‌کانی ئه‌وبه‌ر، به‌وێدا تێپه‌ڕیون و سه‌رنجیان له خۆتان و کووخهکهتان داوه، بگره سهگهکانیشتانیان بینیوه... نه‌یده‌شارده‌وه، که زۆرجار خۆزگه‌ی به‌وه خواستووه شوێنێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێوه‌یان هه‌بووایه... هه‌تا زه‌نگه‌که لێی دا و قوتابیی هه‌موو پۆله‌کان هاتنه گۆڕه‌پانه‌که، ئه‌و قسه‌ی بۆ کردیت، به‌ڵام میزه‌که هێشتا وشک نه‌بووبووه‌وه... هه‌ندێک له هاوپۆله بزێوهکانت وه‌ک بڵێی نێچیری خۆیان ده‌ست که‌وتبێت، له‌گه‌ڵ لێدانی زه‌نگه‌که به خێرایی ڕژانه ناو گۆڕه‌پان و تۆیان له‌و شوێنه دۆزییه‌وه... ده‌یانویست تووڕه‌ت بکه‌ن و زیاتر بتگریهنن، به‌ڵام (وشیار) به سه‌گه‌کان ترساندنی... پێی وتن:
_ هه‌ر من ده‌زانم ئه‌وانه چه‌ند زیره‌کن... به بۆن ده‌زانن کێ گاڵته‌ی پێ کردووه، یان لێی داوه... له‌سه‌ر ڕێگا خۆیانی بۆ مه‌ڵاس ده‌ده‌ن... له‌ناکاو گاز له شهبزووز و گونی ده‌گرن و ده‌یانخۆن.
له‌مه‌وه وازیان هێنا... سه‌رنجت دا به بێ ئه‌وه‌ی ئاگایان لێ بێت، ده‌ستیان به ناوگه‌ڵی خۆیانه‌وه گرت، که‌چی دوایی کوڕێکی گه‌وره، که تازه خه‌تی سمێڵی داده‌نا، پێی وتن:
_ سه‌گ چه‌ند دڕیش بێت، ناتوانێت شتی وا بکات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کوڕی سمکۆی خه‌جه ئافات بێت، ئه‌وه نه‌ک ئێمه، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستاکانیش لێی بترسن... ئه‌و پیاوه یه‌که‌م شه‌قاوه‌ی ئه‌م شاره‌یه... له بازاڕ پاره و شتومه‌ک له دووکاندار و بازرگانه‌کان ده‌ستێنێت و به‌م حاڵه ده‌ژیی... من خۆم ئه‌وم له شه‌ڕدا بینیوه، که چۆن چوار و پێنج به جارێ که‌لله‌پاچه ده‌کات.
منداڵه‌کان زیاتر ترسان و لێت دوور که‌وتنه‌وه... تۆ نه‌تده‌زانی شانازیی پێوه بکه‌یت، یان پتر لێی بترسیت... یه‌که‌مجار بوو وشه‌ی (شه‌قاوه) ببیستیت، به‌ڵام ده‌تزانی مانای ئه‌وه‌یه، که زۆر ئازایه و خراپ ده‌ست ده‌وه‌شێنێت... ئینجا هه‌ر به ڕاستی کاتێ ده‌وام ته‌واو بوو، (سمکۆ) و سه‌گه‌کانت بینیی، له‌و به‌رده‌مه چاوه‌ڕێیان ده‌کردیت... (سمکۆ) له خۆشییان گۆرانیی ده‌وت و قاچی به زه‌ویدا ده‌کێشا... سه‌گه‌کانیش ده‌وه‌ڕین و کلکیان ڕه‌پ ڕه‌پ خستبووه سه‌ر پشتیان... له ڕێگا پێی وتیت، که دوای نانخواردنی نیوه‌ڕۆ هه‌رسێکتان ده‌چنه بازاڕ، چونکه ده‌بێت تۆ دوو وێنه‌ی بچووک و خۆی و دایکیشت پێکه‌وه دانه‌یه‌کی گه‌وره بگرن... له دووره‌وه ژنێکت له به‌رده‌می ماڵه تهنیاکهتان ده‌بینی و زۆر که‌شخه ده‌هاته به‌رچاو... تیشکی ڕۆژ بریقوباقی به‌و کراسه شینه ئاسمانییه‌ی ده‌خست و با قژی درێژی ده‌شه‌کانده‌وه... ویستت له (سمکۆ) بپرسیت ئاخۆ ئه‌و ژنه کێیه، که‌چی بۆت ده‌رکه‌وت دایکته... کاتێ له باوه‌شی گرتیت، بۆنێکی سه‌یر له بنباڵ و قژیه‌وه ده‌هات... هه‌رگیز دایکتت به‌م شێوه‌یه نه‌دیبوو... (سمکۆ) به بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی له قوتابخانه وهرگیرابوویت که‌بابی هێنابوو، چونکه تۆ حه‌زت لێی ده‌کرد، به‌ڵام قسه‌ی ئه‌و کوڕه‌ت بیر که‌وته‌وه و زانیت پاره‌ی پێ نه‌داوه، به‌ڵکو به زۆر له خاوه‌نی که‌بابخانه‌که‌ی سه‌ندووه... ئینجا وای بۆ چوویت، که ئه‌و جله نوێیانه‌ی دایکیشتی هه‌ر به زه‌بری چه‌قۆ له کوتاڵفرۆشه‌کان سه‌ندووه... لای وێنه‌گره‌که گومانت نه‌ما، که زۆربه‌ی دووکاندار و کاسبکاری بازاڕ لێی ده‌ترسن، چونکه کابرا منداڵێکی هاوتهمهنتی له‌سه‌ر کورسییه‌که داگرت و تۆی له شوێنی دانا... کاتێکیش (سمکۆ) ده‌ستی به گیرفانیدا کرد، ئه‌و توند مه‌چه‌کی گرت و وتی مه‌حاڵه یه‌ک فلسی لێ وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌وه نه‌ده‌چوو باوه‌ڕی کردبێت، که تۆ کوڕی ئه‌و شه‌قاوه‌یه بیت، چونکه زیڕه‌ت کردبوو و نه‌تده‌وێرا له‌سه‌ر ئه‌و کورسییه و له به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌عبایه سه‌یره بوه‌ستیت... سه‌ندووقێک له‌سه‌ر سێ پایه وه‌ستابوو و په‌ڕۆیه‌کی ڕه‌شی پێوه بوو... هه‌رچه‌ند وێنه‌گره‌که ده‌ستی ده‌خسته ناو ئه‌و په‌ڕۆ ڕه‌شه‌وه و سه‌ری تێدا نقوم ده‌کرد، تۆ هاوارت لێ به‌رز ده‌بووه‌وه و له‌سه‌ر کورسی ده‌که‌وتیه خوارێ، هه‌تا دواجار (سمکۆ) له‌ملا و له‌ولاوه شانه‌کانی ڕاگوشیت و پێی وتیت:
_ نه‌جووڵێیت...!!
هه‌ر کاتێ له‌و وێنه‌یه‌ت ڕوانیبێت، توانیوته ترسێکی گه‌وره به سیماته‌وه ببینیت، پێچه‌وانه‌ی وێنه دووقۆڵییه‌که‌ی خۆیان، که پێده‌که‌نین... ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنه‌یه هیی منداڵێکی دیکه بووایه و پێشانیان بدایتایه، ئه‌وا بێگومان له‌گه‌ڵ یه‌که‌م سه‌رنجدا ده‌تزانی پیاوێکی ترسناک پێی وتووه: ((نه‌جووڵێیت...!!))... له پۆلیش نهدهجووڵایت... هه‌میشه ده‌توت له‌سه‌ر کورسیی وێنه‌گره‌که و له به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌عبایه دانیشتوویت... ترست له‌و ته‌خته‌ڕه‌ش و پارچه لباده نه‌ده‌شکا و نه‌ده‌شکا... هه‌رچی لێدانت به ده‌ستی مامۆستاکانت خواردبێت، به هۆی ئه‌و دووانه‌وه بووه... نه‌تده‌توانی ته‌باشیر به ده‌سته‌وه بگریت و له‌سه‌ر ئه‌و ته‌خته‌ڕه‌شه یه‌ک پیتیش بنووسیت... خۆ سڕینیشی به‌و پارچه لباده، ئه‌وه هه‌ر مه‌حاڵ بوو... هیچ له‌وه تێنهدهگهیشتیت بۆچی ئه‌گه‌ر له‌و ته‌خته‌ڕه‌ش و پارچه لباده نزیک بکهوتیتایهوه، خێرا میزت به خۆتدا ده‌کرد و پانتهڵۆنت شڵپه‌ی ده‌هات... به‌ڵام له یه‌که‌م ڕۆژی وه‌رگرتنی کتێبه‌کانته‌وه، حه‌زت له بۆنیان ده‌کرد، بگره خووت به بۆنکردنی (ئه‌لفوبێی نوێ)یه‌وه گرتبوو... هه‌ندێک له هاوپۆله‌کانت ده‌یانوت هه‌رچه‌ند له وێنه‌کانی ناو ئه‌و کتێبه ده‌ڕوانن، تۆ و (سمکۆ) و سهگهکانتانیان بیر ده‌که‌وێته‌وه، چونکه ته‌نیا ئێوه سه‌گتان هه‌بوو و له‌و چۆڵه‌وانییه ده‌ژییان... ئه‌گه‌رچی له لیسته‌که له‌ژێر ناوی (دلێر جه‌مشید جونه‌ید) تۆمار کرابوویت، به‌ڵام هه‌ر به (کوڕه‌که‌ی سمکۆ)، یان (دلێری سمکۆ) بانگ ده‌کرایت، که وه‌کو جارێکیان خوێندکاره چوختییهکهی دواوه پێی وتیت ئه‌مه مانایه‌کی ناشیرینی هه‌یه... هه‌ر چۆنێ بێت له‌وه باشتر بوو به (دلێری جه‌مشید بۆگه‌نی) بانگ بکرێیت، که دایکت ترسێکی گه‌وره‌ی له‌وه هه‌بوو... هه‌میشه پێی ده‌وتیت تا ده‌کرێت مه‌ڵێ کوڕی ئه‌و پیاوه‌یت، نه‌بادا ئه‌و ناتۆره‌یه به تۆشه‌وه بلکێت... له ماڵه‌وه دایکت له نووسین و خوێندنه‌وه یارمه‌تیی ده‌دایت... به لاته‌وه سه‌یر بوو، که ئه‌ویش وه‌کو مامۆستاکان ده‌یزانی بخوێنێته‌وه و بنووسێت، دوایی له کلاسی سێیه‌م ئه‌و نهێنییه‌ت بۆ ده‌رکه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی کوڕێکی گه‌وره‌ی کلاسی پێنجه‌م چیرۆکه‌که‌ی بۆ گێڕایته‌وه، گوایه دایکت کچی یه‌کێک له خێزانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی شار بووه... له ڕێگای قوتابخانه کوڕی پیاوێکی کوورهچیی ناسیوه و دوایی خۆشی ویستووه، که ئه‌و پیاوه‌ش باوکت بووه... ڕاستییه‌که‌ی له پێشدا حه‌زی له پیشه‌که‌یان کردووه، بۆیه ڕۆژێکیان پێی وتوون ئاماده‌یه به خۆڕایی ئیشیان بۆ بکات... له‌مه‌وه له‌جیاتی ده‌وامی قوتابخانه، چووه له کووره‌کانی ئه‌واندا کاری کردووه و سه‌رنجی هه‌موو کرێکار و وه‌ستاکانی ڕاکێشاوه، له کاتێکدا ته‌مه‌نی ته‌نیا دوانزده سیانزده ساڵێک بووه... به‌یانییان له‌وێ جله‌کانی داکه‌ندووه و هیی کوڕی کابرای کوورهچیی پۆشیوه... پێوهندییهکهشیان هه‌ر له‌م ڕێگایه‌وه دروست بووه... نیوه‌ڕۆیان دووباره خۆیی گۆڕیوه و بۆ ماڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه... دواتر باوکی پێی زانیوه و له ماڵ بهستووویهتیهوه... ڕۆژێکیان ده‌رفه‌ت ده‌هێنێت و له‌گه‌ڵ کوڕی کابرای کووره‌چی ده‌ڕوات... پاش ئه‌وه‌ی تۆی ده‌بێت، له‌گه‌ڵ مێردی ده‌گه‌ڕێته‌وه شار، به‌ڵام که‌سوکاری حاشایان لێ کردووه... ئه‌و کوڕه لاوازه چه‌ند جارێک ئه‌مه‌ی بۆ گێڕایته‌وه و سوێندیشی بۆ ده‌خواردی، که درۆ ناکات... کاتێ دایکتت ده‌هێنایه‌وه به‌رچاو، که چۆن کووخهکهی دروست کرد، یان ئێواره‌ی به‌فره زۆره‌که کاتێ گۆڕی (سروود)ی هه‌ڵکه‌ند، دواتریش له‌گه‌ڵ (سمکۆ) کووخهکهی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ئه‌و خانووه‌ی دامه‌زراند، باوه‌ڕت به‌و سه‌ربرده‌یه ده‌کرد، به‌ڵام سه‌یریشت به‌وه ده‌هات، که تۆیه‌کی هێنده ترسنۆک و ناسک کوڕی ئه‌و ژنه بیت... ئه‌و خوێندکاره، که دواتر زانیت ناوی (فه‌رهاد مه‌ندووب)ه، زۆر هه‌وڵی ده‌دا نهێنییه‌کانی ماڵتان بزانێت، بۆیه به‌رده‌وام خۆیی لێ نزیک ده‌کردیته‌وه... شتی سه‌یر سه‌یری بۆ ده‌هێنایت و ده‌یویست له پشووی نێوان وانه‌کانیشدا بیسکوتی و نوقڵت بۆ بکڕێت، به‌ڵام تۆ ڕازیی نه‌ده‌بوویت، چونکه (سمکۆ) پێی وتبوویت هیچ شتێک له که‌س وه‌رنه‌گریت، به تایبه‌تی له‌وانه‌ی له خۆت گه‌وره‌ترن... ئه‌و وازی نه‌ده‌هێنا و پرسیاری زۆر بێتامی لێ ده‌کردیت... هه‌تا ده‌هات زیاتریش شووڵی لێ هه‌ڵده‌کێشا: شه‌وان دایکت و (سمکۆ) له ته‌نیشت یه‌کتر ده‌خه‌ون...؟! له حه‌مام پێکه‌وه خۆیان ده‌شۆن...؟! ئه‌وانت به ڕووتی بینیوه...؟! (سمکۆ) زوو زوو ماچت ده‌کات...؟! ده‌تکاته باوه‌شی...؟! له کۆشی داده‌نیشیت...؟! تۆ خۆیت لێ ده‌شارده‌وه، به‌ڵام ئه‌و دهیدۆزییتهوه و به پرسیاری بێتامی دیکه هه‌راسانی ده‌کردیت... قۆڵی چه‌پی به (ئاخ گوڵباران) کوتیبوو... له‌وێوه تیرێک ده‌هات، دڵێکی ده‌سمی و له‌ولاتر ده‌گه‌یشته ناوی (فه‌رهاد)ه‌وه... وه‌ک شێت گازی له‌و نه‌خشونیگاره ده‌گرت و شوێنی ددانه زله‌کانی به سه‌ر پێستی ئهسمهریهوه ده‌رده‌که‌وتن... ئینجا سه‌ری هه‌ڵده‌بڕی و ده‌یوت:
_ قوربانی ئه‌و ناوه خۆشه‌ت بم گوڵباران گیان... تۆ خۆشترین ناوی دنیات هه‌یه...!!
کاتێ ئاوای ده‌وت لیک به لێویدا ده‌هاته خوارێ... گه‌یشته ئه‌وه‌ی پێت بڵێت ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌کی دایکتی بۆ بهێنیت، ئه‌و له به‌رانبه‌ر به‌مه ده‌تباته (بن لهیلووکان) و لای مامی سواری جۆللانه و چهرخوفهلهکت ده‌کات... کاتێ پێت وت دایکت ته‌نیا یه‌ک وێنه‌ی له‌گه‌ڵ (سمکۆ) هه‌یه و ئه‌ویشی له قه‌دی دیوار داوه، ئه‌وسا وتی له‌گه‌ڵ خۆتی ببه‌یته‌وه ماڵ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و وێنه‌یه ڕابمێنێت... به (سمکۆ) ترساندت، به‌ڵام سوودی نه‌بوو... ئه‌مجاره‌یان داوای لێ کردیت شه‌و له خه‌ودا چه‌ند تاڵێک پرچی دایکتی بۆ ببڕیت و له‌گه‌ڵ خۆتدا بۆی بهێنیته قوتابخانه... ده‌یوت قژی دایکتی بینیوه و زۆر پێی سه‌رسامه... یان ده‌یوت ئه‌گه‌ر یه‌کێک له جله‌کانی بۆ بدزیت، ئه‌و به یه‌کجاری وازت لێ ده‌هێنێت، چونکه ده‌یه‌وێت شه‌وان له‌گه‌ڵ خۆیدا بینوێنێت، تاکو که‌مێک ئه‌و که‌فوکوڵه‌ی دامرکێته‌وه... له‌گه‌ڵ هه‌ر گوته و جووڵه‌یه‌کی ئه‌و کوڕه‌دا تۆ زیاتر دادهڕووخایت و پتر هه‌ستت به بێهزیی خۆت ده‌کرد... نهشتدهویست به (سمکۆ) بڵێیت، چونکه ئه‌مه هێنده‌ی دیکه دڵتی دادهقرچاند... پێی ده‌وتیت خه‌یاڵ نه‌که‌یت وازت لێ بهێنێت... ساڵێک له کلاسی پێنجه‌م و ساڵێکیش له کلاسی شه‌شه‌م ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئاماده‌یه سێ ساڵی دیکه‌ش خۆی بهێڵێته‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی له تۆ دوور نه‌که‌وێته‌وه... کاتێ لێیت ده‌پرسیی بۆچی ئه‌مانه به که‌سی دیکه ناڵێت، پێی ده‌وتیت دایکی تۆ جوانترین ژنی ئه‌م دنیایه‌یه... نه‌یده‌شارده‌وه، که شه‌وان به خه‌یاڵی ئه‌وه‌وه ده‌خه‌وێت، چۆن بووه‌ته مێردی و ماچی کوڵمه‌کانی ده‌کات... ده‌می ده‌خاته ناو قژی درێژی و بۆنه‌که‌ی هه‌ڵده‌مژێت... کاتێ ئه‌مانه‌ی ده‌وت، دوور له خواستی خۆی یاریی به شه‌بزووزی ده‌کرد... جارێکیان ددانی به‌وه‌دا نا، که دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆکه‌ی له‌باره‌ی دایکته‌وه بیستووه، ئینجا ئاوا شه‌یدای بووه و هیوا ده‌خوازێت ڕۆژێک له ڕۆژان بیکاته ژنی خۆی... ده‌یان نهێنیی ئێوه‌ی ده‌زانی و ده‌شیویست زۆری دیکه بزانێت... دوای ده‌وامی قوتابخانه‌ش ده‌وروخولی ماڵتانی ده‌دا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له سه‌گه‌کان ده‌ترسا و نه‌یده‌وێرا زۆر بێته پێشه‌وه... جارێکیان پێی وتیت ئه‌گه‌ر شه‌وێک بتوانێت بێته ماڵتان، ته‌نیا ئه‌و وێنه‌یه‌ی دایکت ده‌دزێت، ئه‌گه‌رچی دڵنیایه به‌رگه‌ی بینینی ناگرێت و ده‌موده‌ست گیانی ده‌رده‌چێت... به نیمچه هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیش پێی ده‌وتیت، که ڕۆژێک هه‌ر دێت بیکاته ژنی خۆی و ئه‌وسا وه‌ک باوه‌پیاره‌یه‌کی زۆر دڵڕه‌ق مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌کات، چونکه تۆ گوێت به داواکارییه‌کانی نه‌داوه... له‌م باره‌یه‌وه کۆمه‌ڵێک سه‌ربرده‌ی بۆ دهگێڕایتهوه و هه‌موویان باسیان له‌وه ده‌کرد، که مرۆڤ هه‌ر شتێکی خۆش بوێت و هیوای بۆ بخوازێت، چه‌ندیش شته‌که مه‌حاڵ بێت، له ئایینده هه‌ر پێی ده‌گات... نایشاریته‌وه زۆرجار دهتهێنایه به‌رچاو، که به ڕاستی بووه‌ته مێردی دایکت و وێنه‌یه‌کی دووقۆڵییان گرتووه... شه‌وان پێکه‌وه ده‌خه‌ون و به‌یانییان له حه‌مام خۆیان ده‌شۆن... ئه‌مه ناخۆشترین خه‌یاڵ بوو، که زۆرجار له پۆل بۆت ده‌هات و هێنده‌ی تر دایدهڕووخاندیت... هه‌موو ئه‌مانه به لایه‌ک و ئه‌وه‌یان به لایه‌ک، که جارێکیان پێی وتیت (سمکۆ) بۆیه خۆیی کردووه‌ته مێردی دایکت، چونکه مه‌به‌ستیه‌تی ده‌ست به سه‌ر تۆدا بگرێت... چه‌ند چیرۆکێکی له‌باره‌ی شه‌قاوه‌کانه‌وه بۆ گێڕایته‌وه، که چۆن له ڕێگای دایکه‌وه له کوڕ نزیک بوونه‌ته‌وه... ئینجا له‌م ڕووه‌وه کۆمه‌ڵێک پرسیاری زۆر سهرشێن (محرج)ی له‌باره‌ی پێوهندییهکهتانهوه لێ کردیت، به ڕاده‌یه‌ک تۆی خسته گومانه‌وه... به شێوه‌یه‌کی جیاواز (سمکۆ)ت هێنایه‌وه به‌رچاو و به هه‌موو وته و جووڵه‌یه‌کیدا چوویته‌وه، هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی هاتنی بۆ کووخهکه به پاڵتۆیه‌کی خوری و سه‌گێکی سپییه‌وه تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له قوتابخانه ناونووسی کردیت، له‌وێوه بۆ ئه‌و شه‌وانه‌ی ده‌سته زبره‌کانی به قژه خاوهکهتدا ده‌هێنا و پێی ده‌وتیت دڵی به ئایینده‌ت خۆشه، که له ڕێگای خوێندن و قوتابخانه‌وه ده‌بیته که‌سێکی زۆر ناسراوی شار... ئه‌وسا گه‌یشتبوویه کلاسی چواره‌م و زیاتر له شته‌کان تێده‌گه‌یشتیت... ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه سه‌رنجت دابوو، ئه‌وه بوو، که (سمکۆ) زۆرکه‌م ده‌که‌وته ماڵ و کاتێکیش ده‌هاته‌وه، چه‌ند بڵێی شپرزه و شێواو ده‌رده‌که‌وت، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه ئه‌وه‌یان بیر نه‌ده‌برده‌وه، که به په‌رۆشه‌وه لێت بپرسێت، ئاخۆ له‌گه‌ڵ خوێندن چۆنیت، بگره هه‌ڕه‌شه‌شی لێ ده‌کردیت، که ئه‌گه‌ر ده‌رنه‌چیت، فه‌لاقه‌ت ده‌کات... له‌پاڵ ئه‌وه‌دا خواردن و جلوبه‌رگی بۆ ده‌هێنایت و پاره‌ی لای دایکت داده‌نا، به‌و مه‌به‌سته‌ی هه‌تا له توانایدایه، نه‌هێڵێت له هیچت که‌م بێت... هه‌ستت ده‌کرد ڕۆژ له دوای ڕۆژ قسه‌کانی ئه‌و کوڕه زیاتر داتدهڕزێنن و وات لێ ده‌که‌ن به چاوی گومانه‌وه له هه‌موو شتێکی (سمکۆ) بڕوانیت، ته‌نانه‌ت ئه‌و کوڕه ده‌یزانی، که قسه‌کانی کاریان لێ کردوویت، بۆیه پێی ده‌وتیت:
_ گوێم لێ بگریت، قازانج ده‌که‌یت... من ئه‌گه‌ر ببمه مێردی دایکت، وه‌کو کوڕی خۆم سه‌یرت ده‌که‌م، ئه‌گینا چاک بزانه، که من ڕۆژێک هه‌ر دێت ببمه باوکت و ئه‌وساش خۆم ده‌زانم چه‌ند له‌گه‌ڵت دڵڕه‌ق ده‌بم.
له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو ئازار و داڕووخانهدا، زۆرجار به ده‌ست خۆت نه‌بوو پێکه‌نینت به قسه‌کانی ده‌هات... له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه بوو، که بۆنی ئاوه‌دانیی لێ نه‌ده‌هات، بۆیه نه‌تده‌توانی ڕقت لێی بێت... دوای ئه‌وه‌ی زانیت باوکه نهوتفرۆشهکهی ئه‌و کوڕه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و ڕێک له ڕۆژی خوێندنه‌وه‌ی به‌یانی یانزده‌ی ئازار له‌ناکاو گیانی ده‌رچووه، کاتێ زۆر خۆشحاڵانه هوتافی کێشاوه؛ به‌زه‌ییت پێدا هاته‌وه... ڕۆژێکیشیان دایکه ڕهشپۆشهکهیت بینیی، که ده‌موچاوی نه‌خۆشیی ئاوڵه شێواندبووی و له‌شولاری بێهێزی له‌ژێر عه‌بادا وه‌ک کامێرا ناشیرینه‌که‌ی ئه‌و وێنه‌گره ده‌هاته به‌رچاو، که یه‌که‌م وێنه‌ی تۆی گرت، بۆیه زیاتر دڵت پێی سووتا... ئه‌م هاتبووه قوتابخانه، تاوه‌کو پرسیاری کوڕه‌که‌ی له مامۆستاکان بکات، که‌چی ئاگات لێ بوو ئه‌و له به‌رده‌رگا زه‌به‌لاحه‌که به به‌رد ڕاوی نا و زۆری جنێو پێ دا، که بۆچی هاتووه‌ته ناو پیاوان... دوایی کاتێ ئه‌و دیمه‌نه‌ت به شێوه‌یه‌کی دیکه هێنایه‌وه به‌رچاو، ترسایت، که ڕۆژێک بچێته سه‌ر رێگای دایکت و په‌لاماری بدات... به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی بۆی گێڕایته‌وه، که چۆن ڕۆژێکیان ئه‌سپێکی ڕه‌ش ده‌بینێت و هه‌ست ده‌کات یاڵی زۆر له قژی دایکت ده‌چێت... دوای ئه‌سپسواره‌که ده‌که‌وێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانێت ماڵیان له کوێیه... شه‌و به دزی ده‌چێته ته‌وێڵه‌که و چه‌ند تاڵێک له یاڵی ئه‌سپه‌که ده‌بڕێت... پێی ده‌زانن و به گولله ڕاوی ده‌نێن... له‌مه‌وه به دوورت نه‌ده‌بینی، که شه‌وێک حیساب بۆ سه‌گه‌کانیش نه‌کات و بێته سه‌رتان... ده‌تویست چاودێریی دایکت بکه‌یت و هه‌ر چۆنێک بێت له شاڵاوی ئه‌و کوڕه چهقاوهسووهی بپارێزیت، به‌ڵام وه‌ک چیرۆکی ئه‌و ئاسکهت به سه‌ر هات، که له کتێبی قوتابخانه ده‌تخوێند و ته‌نیا یه‌ک چاوی ده‌یبینی... ده‌یویست بێخه‌م له پاوان بله‌وه‌ڕێت و خۆیشی له تیری ڕاوچییه‌کان بپارێزێت... چاوه کوێره‌که‌ی ده‌کرده لای ڕووباره‌وه و به ساغه‌که‌ی ده‌یڕوانییه وشکانییه‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی کاتێ ڕاوچییه‌کان ده‌رکه‌وتن، خێرا فریای گیانی خۆی بکه‌وێت... به‌م شێوه‌یه به بێ ترس ده‌له‌وه‌ڕا، تاوه‌کو ڕۆژێک له‌ناکاو ڕواچییهکان له ڕووباره‌وه هاتن و له خوێنی خۆیدا گه‌وزاندیان... له یه‌کێ له ڕۆژه هه‌ره سارده‌کانی حه‌فتاوچوار، که ئه‌وسا گهیشتبوویته کلاسی پێنجه‌م، چوار پیاوی کهتهت بینیی، به دوانزده سه‌گه‌وه به‌ره‌و لای ماڵی ئێوه ده‌هاتن... سه‌گه‌کانی ئه‌وان ده‌وه‌ڕین و ئه‌وانه‌ی ئێوه له به‌رده‌رگا وه‌ڵامیان ده‌دانه‌وه و هه‌ڵمیان له ده‌م هه‌ڵده‌ستا... ئه‌و ده‌شته‌یان هێنابووه هه‌ژان... دڵت پێی ده‌وتیت کاره‌ساتێکی گه‌وره به‌ڕێوه‌یه و هه‌ڵسوکه‌وتی سهگهکانیشتان هه‌ر ئه‌مه‌یان نیشان ده‌دا... (سمکۆ) وای ڕاهێنابوون، که کاتێ هه‌ست به مه‌ترسی ده‌که‌ن، نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک زۆر له ماڵ دوور بکه‌ونه‌وه، ئه‌گینا پێیانه‌وه دیاربوو، که ده‌یانویست پێشیان لێ بگرنه‌وه و به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه... هه‌تا ده‌هات دیمه‌نه‌که سامی گه‌وره‌تر ده‌بوو... سه‌ره‌تا واتزانی دایکت له ژووره‌وه‌یه و نه‌شتده‌توانی له‌و به‌ڵایه‌ی ئاگادار بکه‌یته‌وه، دوایی بینیت وا به ته‌نه‌که‌یه‌ک ئاوه‌وه له بیره ئیرتیوازییهکه ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ئه‌مه یه‌کێک بوو له ئه‌رکه‌کانی ڕۆژانه‌ی... ئه‌ویش وه‌ک تۆ به ترسه‌وه لێی ده‌ڕوانین... هێنده نزیک که‌وتبوونه‌وه، فریا نه‌ده‌که‌وت هیچ قسه‌یه‌ک بکات... هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێ کرا ته‌نه‌که ئاوه‌که دابنێت و بچێته حه‌وشه... بێڵه‌که‌ی هه‌ڵبگرێت و خۆی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان ئاماده بکات... سه‌گه‌کان له پێش پیاوه‌کانه‌وه گه‌یشتن و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ئێوه تێک گیران... سه‌ره‌تا له‌سه‌ر دوو قاچی دواوه ده‌وه‌ستان و گازیان له لمۆز و گوێچکه‌ی یه‌کتر ده‌گرت... هه‌ر ده‌توت ده‌یانه‌وێت لاساییی مرۆڤ بکه‌نه‌وه... ئینجا ئه‌میان ئه‌ویانی ده‌خسته ژێر چه‌پۆکی خۆیه‌وه و ده‌یانوست به که‌ڵبه و چڕنووکی تیژیان تا له توانایاندا هه‌یه یه‌کتر دابپاچن... هیچی به قه‌ده‌ر ئه‌و ده‌نگانه‌یان ترسناک نه‌بوون، که له ده‌مولووت و قوڕگی خوێناوییانه‌وه ده‌رده‌چوون... زۆر جیاواز بوون له‌و ده‌نگانه‌ی پێشتر لێیانت ده‌بیست... پیاوه‌کانیش گه‌یشتن... دایکت پشتی به دیواره‌وه نووساند، هه‌تا نه‌توانن گه‌مارۆی بده‌ن... بێڵه‌که‌ی به‌رز کردبووه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێکیان لێی نزیک ببێته‌وه، به‌وه به‌رگریی له خۆی بکات... به‌رده‌وامیش ده‌یقیژاند... به تۆی ده‌وت ڕا بکه‌یت و له‌وێ دوور بکه‌ویته‌وه، به‌ڵام تۆ نه‌تده‌توانی ئه‌وێ جێ بهێڵیت... له‌و چۆڵه‌وانییه‌ش که‌ست شک نه‌ده‌برد، هانای بۆ ببه‌یت، ته‌نانه‌ت چاوت بۆ (فه‌رهاد مه‌ندووب)یش گێڕا، ئه‌و کوڕه لاوازه‌ی، که خۆیی به مێردی داهاتووی دایکت ده‌زانی و زۆرجار له‌و دهشتهت ده‌بینی، به‌ڵام له چانسی ئێوه ئه‌ویش دیار نه‌بوو... زوو زانیت ئه‌وان مه‌به‌ستیانه به زیندوویی بیگرن، به‌ڵام زۆر به پارێزیشه‌وه لێی نزیک ده‌که‌وتنه‌وه... هه‌ر ئه‌وه‌نده دایکت بێڵه‌که‌ی بۆ یه‌کێکیان ڕاوه‌شاند، ئه‌و خۆیی لادا و توند قۆڵی گرت... ئه‌مه ڕێگای بۆ سێیانه‌که‌ی تر خۆش کرد، تاوه‌کو قاچه‌کانی بگرن و بۆ ژووره‌وه‌ی ڕابکێشن... قیژه‌ی ئه‌و و ده‌نگی سه‌گه‌کان تێکه‌ڵ یه‌کدی ده‌بوون و تۆش له‌و ناوه‌ڕاسته هیچت له ده‌ست نه‌ده‌هات... ماوه‌یه‌ک دایکت ده‌نگی بڕا... وای بۆ چوویت له‌ژێر چنگیان مردووه، که‌چی دوایی ده‌ستی به قیژوهووڕ و جنێوه‌کانی کرده‌وه... له‌ولاشه‌وه (بیرۆ) له په‌لوپۆ که‌وت و له‌و په‌نا دیواره گیانی ده‌دا... هه‌رچی ئه‌وانی تر بوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خوێن له سه‌رتاپێیان ده‌چۆڕایه‌وه، به‌ڵام کۆڵ‌یان نه‌ده‌دا و له زۆرانبازیدابوون... ورده ورده هه‌ستت ده‌کرد وا خوێن ڕه‌نگی هه‌موویان داده‌پۆشێت و خه‌ریکه نه‌توانیت به چاو له یه‌کتریان جیا بکه‌یته‌وه... (گوجۆ)شت بینی له‌ولای (بیرۆ)وه خنکا، به‌ڵام دوایی ده‌رکه‌وت یه‌کێ له سه‌گه‌کانی ئه‌وان بوو و زۆر له‌و ده‌چوو... هێنده‌ی نه‌برد ورگی (ماچۆ) دڕا و په‌له‌واژ بووه‌وه... دایکیشت ده‌نگی نووسابوو، به‌ڵام هه‌تا ده‌یتوانی هاواری ده‌کرد... له‌و کاته‌دا (گوجۆ) له‌ژێر چه‌پۆک و که‌ڵبه‌ی سێ سه‌گی گه‌وره‌دا گیانی ده‌رچوو... ئه‌گه‌رچی سه‌گێکی دیکه‌ی ئه‌وان خنکا، به‌ڵام (بۆرۆ) و (پیزۆ)یش یه‌ک له دوای یه‌ک ته‌واو بوون... ته‌نیا (قوتۆ) مابووه‌وه... ئه‌ویش خوێنی لێ ده‌چۆڕایه‌وه... سه‌گه‌کانی ئه‌وانیش ته‌نیا چواریان ده‌یانتوانی له شه‌ڕ به‌رده‌وام بن، ئه‌گینا شه‌شه‌که‌ی تر ته‌واو شه‌که‌ت بووبوون... (قوتۆ) هه‌تا ئه‌و کاته‌ی پیاوه‌کانیش وازیان له دایکت هێنا و هاتنه ده‌رێ، هه‌ر کۆڵی نه‌ده‌دا... ئه‌وان له هه‌یوان به‌نه‌خوێنیان به‌سته‌وه و جله‌کانیان ڕێک خسته‌وه... یه‌کێکیان ده‌مانچه‌ی له به‌رپشتێنی ده‌رهێنا و چوار گولله‌ی له سه‌ری (قوتۆ) دا... هه‌ر ئه‌وسا هه‌شت سه‌گی خۆیشیان کوشت، چونکه وه‌ک لێیان تێگه‌یشتیت نه‌یانده‌ویست به‌و هه‌موو برینانه‌وه بیانبه‌نه‌وه... دوایی هێشتا نه‌گه‌یشتبوونه ناوه‌ڕاستی ده‌شته‌که و دووانه‌که‌ی دیکه‌شیان به‌ر گولله دا... ڕاستییه‌که‌ی شه‌ڕه‌که کاتێکی زۆری خایاند... هه‌رگیز باوه‌ڕت نه‌ده‌کرد سه‌گه‌کانی ئێوه به‌م شێوه‌یه له ئاستی دوانزده سه‌گی هێنده دڕی ئه‌واندا بوه‌ستنه‌وه... گرفتی گه‌وره ئه‌وه بوو، که ئه‌و لاشانه چۆن له‌وێ دوور بخرێنه‌وه، له کاتێکدا دایکت دوای ئه‌و کاره‌ی پێی کرا، نه‌یده‌توانی له شوێنی خۆی هه‌ستێته‌وه... ئه‌گه‌رچی دنیا یه‌کجار سارد بوو، به‌ڵام لاشه‌کان دره‌نگ و زوو هه‌ر بۆگه‌نیان ده‌کرد... دوایی زانیت، که له‌به‌ر ئه‌وه هێنده به وردی سه‌رنجت له شه‌ڕی سه‌گه‌کان داوه، تاوه‌کو گوێت له قیژه و ئاخوئۆفی دایکت نه‌بێت... تۆ له‌ناو لاشه‌ی شه‌ش سه‌گی خۆتان و ده‌ی ئه‌واندا به‌رده‌وام سه‌رت گێژی ده‌خوارد و چاوت ده‌که‌وته ڕه‌شکه‌وپێشکه، له کاتێکدا ئه‌و له‌و ژووره ده‌یناڵاند و وڕێنه‌ی ده‌کرد... له خۆتت ڕانه‌ده‌بینی بچیته لای و چۆڕێ ئاو به ده‌میه‌وه بکه‌یت، بگره نه‌تده‌ویست چاوت به چاوی بکه‌وێت، به بێ ئه‌وه‌ی له‌و حاڵه‌ته تێبگه‌یت... بۆ یه‌که‌مجار له ژیانتدا بیرت له‌وه کرده‌وه ماڵ جێ بهێڵیت و بۆ لایه‌ک سه‌ر هه‌ڵبگریت، به‌ڵام ڕێگات دانه‌ده‌گرت... هیوات ده‌خواست (سمکۆ) بێته‌وه و خۆی چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م وێرانکارییه بدۆزێته‌وه، به‌ڵام دوای ساڵێک ئینجا ههواڵیتان پێ گه‌یشت، که هه‌ر له سه‌ره‌تای مارتی حهفتاوچوارهوه چووه‌ته شاخ و له‌گه‌ڵ مۆرکردنی په‌یماننامه‌ی جه‌زائیردا به گولله‌یه‌ک خۆیی کوشتووه، ته‌نانه‌ت له‌و په‌شێوی و پاشاگه‌ردانییه‌دا که‌س فریا نه‌که‌وتووه ته‌رمه‌که‌ی بنێژێت، بۆیه بۆگه‌نی کردووه... ئه‌وسا دایکت ته‌نیا چوار مانگ بوو (هه‌ڤاڵ)ی براتی بووبوو... ڕاستییه‌که‌ی ناوی (سروود) بوو، به‌ڵام له‌به‌ر (سروود)ی پێشوو دڵتان نه‌ده‌هات به ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌وه بانگی بکه‌ن... ئه‌گه‌رچی ئه‌وسا گهیشتبوویته ته‌مه‌نێک، تاوه‌کو له‌وه تێبگه‌یت، که ئه‌و چاوشینه چهناگهدرێژه کوڕی (سمکۆ) نییه، چونکه ئێوه له مانگی جێنیوهرییهوه ئه‌وتان نه‌دیبوو، به‌ڵام تاقه جارێکیش ئه‌مه‌ت به دایکت نه‌ده‌وت، بگره هه‌رگیز نه تۆ و نه ئه‌ویش به لای ئه‌و باسه‌دا ده‌چوون... سه‌ره‌تا ئاسان نه‌بوو له چاوی ڕابمێنیت، به‌ڵام ورده ورده شته‌کان ئاسایی بوونه‌وه، ئه‌گه‌رچی ده‌تزانی دوای ئه‌و ڕووداوه زۆر تێکچووه و شه‌وانیش به ده‌م هاواره‌وه له خه‌و ڕاده‌چه‌نێت... پێشتریش له قوتابخانه زانیت، که (فه‌رهاد مه‌ندووب)، ئه‌و کوڕه لاوازه‌ی هه‌میشه به دواته‌وه بوو خۆیی به مێردی داهاتووی دایکت ده‌زانی، چه‌کی هه‌ڵگرتووه و له یه‌که‌م شه‌ڕدا کوژراوه... دایکیشی له حه‌ژمه‌تان ده‌موده‌ست زمانی شکاوه، ئه‌وه له کاتێکدا دوو خوشک و برایه‌کیشی هه‌ر به زگ‌ماک کهڕولاڵن... ئه‌و زانیارییانه‌ت له کوڕێکی هاوڕێیه‌وه ده‌ست که‌وت... (دڵشاد مه‌ندووب)ی برایشی زوو زوو ده‌هاته لات و پێی ده‌وتیت تۆی زۆر خۆش ده‌وێت، چونکه (فه‌رهاد) به‌رده‌وام باسی کردوویت و پێی وتووه ئه‌گه‌ر مرد، ئاگای لێت بێت و له هیچ حاڵه‌تێکدا جێت نه‌هێڵێت... هه‌ر ئه‌ویش پێی وتیت، که ته‌رمی (فه‌رهاد) که‌وتووه‌ته ده‌ست جاش و سه‌ربازه‌کان و شێواندوویانه، بگره بۆگه‌نیشی کردووه، چونکه له ناوه‌ڕاستی ئۆگۆست کوژراوه، به‌ڵام به نه‌خشی سه‌ر قۆڵی ناسیویانه‌ته‌وه... وه‌ک بڵێی نهێنیی ئه‌وت بۆ ئاشکرا بکات، پێی ده‌وتیت، که (فه‌رهاد) کچێکی زۆر جوانی خۆش ویستووه و ناوی (گوڵباران) بووه... ناوه‌که‌یشی له‌سه‌ر قۆڵی خۆی کوتیوه... به‌ڵێنی پێ داوه شووی پێ بکات، چونکه (فه‌رهاد)ی زۆر به دڵ بووه، به‌ڵام باوکی کچه‌که پێی وتووه: ((تۆ هێشتا منداڵیت))... ئه‌ویش وتوویه‌تی: ((نه‌خێر، منداڵ نیم، چوارده ساڵم))... باوکی وتوویه‌تی: ((کچی خۆم ناده‌مه کوڕێک هێشتا سه‌ره‌تایی نه‌بڕیبێت))... ئه‌ویش هه‌تا بۆی بسه‌لمێنێت، که گه‌وره‌یه، له پشووی هاوین وه‌ک ئه‌و حه‌شاماته ڕووی له شاخ کردووه و بووه‌ته پێشمه‌رگه... دوای ئه‌وه‌ی (دڵشاد مه‌ندووب) چاکتر تۆی ناسیی، زیاتر نهێنییه‌کانی (فه‌رهاد)ی بۆ ئاشکرا کردیت... جارێکیان وتی:
_ فه‌رهاد بۆی ده‌گێڕامه‌وه، که چۆن به دزی چووه‌ته لای گوڵباران... سه‌ره‌تا ناوده‌می ماچ کردووه و گۆکانی مه‌مکی مژیوه... نازانم له کوێ دهیبینیی، چونکه به منی نه‌ده‌وت، به‌ڵام له‌گه‌ڵیشی ده‌خه‌وت... خۆ ئه‌وه عه‌یب نییه، چونکه ئه‌وان به‌ڵێنیان به یه‌کتر دابوو، که ببنه ژنومێرد.
ئه‌گه‌رچی هیچ یه‌کێ له‌و شتانه‌ی (فه‌رهاد) به (دڵشاد)ی وتبوون، ڕاست نه‌بوون، به‌ڵام تۆ پێیان سه‌غڵه‌ت ده‌بوویت... ئه‌ویش به بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بێت، وه‌ک براکه‌ی زووخاوی به قوڕگته‌وه ده‌کرد... دوانه بوون و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش شێوه‌یان له یه‌کتر ده‌چوو، ته‌نانه‌ت یه‌که‌مجار، که بینیت، واتزانی (فه‌رهاد)ه... دوای مردنی باوکه نهوتفرۆشهکهیان، دایکیان هه‌ر یه‌که‌یانی خستبووه دهوامێکهوه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خه‌ریکی ده‌ستفرۆشی بن، به‌ڵام وه‌ک (دڵشاد) ده‌یوت دوای ئه‌وه‌ی (فه‌رهاد) عه‌شقی (گوڵباران) ده‌بێت، واز له ئیش ده‌هێنێت و زۆربه‌ی کاتی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌ودا به سه‌ر ده‌بات... جارێکیان لێیت پرسیی ئاخۆ ئه‌و (گوڵباران)ی بینیوه، یان ده‌زانێت ماڵیان له کوێیه، ئه‌و وتی:
_ نا، نه‌مدیوه و ناشزانم ماڵیان له کوێیه، چونکه فه‌رهاد نه‌یده‌ویست که‌س ده‌سگیرانه‌که‌ی ببینێت... وێنه‌یه‌کی ئه‌ویشی هه‌بوو، به‌ڵام پێشانی منی نه‌ده‌دا... من ته‌نیا قژیم بینیوه، که ڕێک له یاڵی ئه‌سپ ده‌چێت، چونکو چه‌ند تاڵێکی لێ بڕیبوو و پێشکه‌شی فه‌رهادی کردبوو... شه‌وان تا نهیخستایهته سه‌ر ده‌موچاویه‌وه، خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وت.
دوایی وتی ده‌یه‌وێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت (گوڵباران) بدۆزێته‌وه... مادام ده‌سگیرانی برای بووه، که‌واتا له‌م زیاتر که‌سی دیکه مافی به سه‌ریه‌وه نییه... ئه‌مه زیاتر تۆی ترساند، چونکه وای بۆ ده‌چوویت، که دره‌نگ یان زوو هه‌ر ده‌یدۆزێته‌وه... وه‌ک بۆت ده‌رکه‌وت له‌م شاره ته‌نیا دایکت ناوی (گوڵباران)ه... ناوی (گوڵ)، (گوڵێ)، (باران)، (به‌هار) و (گوڵبه‌هار) که‌م و زۆر هه‌ن، به‌ڵام مه‌حاڵه که‌سێکی تر هه‌بێت به‌و ناوه... کار به‌وه گه‌یشت هه‌مان نه‌خشونیگاری (فه‌رهاد)یش له‌سه‌ر قۆڵی خۆی بکوتێت: (ئاخ گوڵباران... له‌وێوه تیرێک ده‌هات، دڵێکی ده‌سمی و له‌ولاتر ده‌گه‌یشته ناوی دڵشاده‌وه).
دوای به‌ستنی په‌یمانی جه‌زائیر و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ شار، بارودۆخێکی زۆر دژوار هاته پێشه‌وه... یه‌کێک له‌و گرفتانه بێشوێنی بوو، چونکه زۆربه‌ی ئه‌و ماڵانه له لایه‌ن جاش و ئه‌منه‌وه ده‌ستیان به سه‌ردا گیرابوون... به‌شێک له فه‌رمانبه‌ر و کرێکارانی حوکومی ڕێگایان پێ نه‌ده‌درا بۆ شوێنی پێشوویان بگه‌ڕێنه‌وه و کرێکار و کاسبکاری سه‌ربه‌خۆش ئیشیان ده‌ست نه‌ده‌که‌وت... هه‌مووشیان به گیرفانی خاڵی گه‌ڕابوونه‌وه... حاڵی خانه‌واده‌ی ئه‌وانه‌ی له شه‌ڕه‌کان گیانیان له ده‌ست دابوو، له هه‌موویان خراپتر بوون... ئێوه له چاو ئه‌وانه له کۆشکی پاشادا ده‌ژییان... هێنده‌ی پێ نه‌چوو ئه‌وانه ڕوویان له‌و ده‌شته کرد و له ده‌وروبه‌ری ماڵی ئێوه خانووی پهڕپووتیان دامه‌زراند... ورده ورده ئه‌و ناوه ئاوه‌دان ده‌کرایه‌وه... بووه یه‌کێ له گه‌ڕه‌که گه‌وره‌کانی شار و ناویان نا (گوڵباران)، چونکه دایکت هه‌شت ساڵ پێشتر یه‌که‌م خشتی له‌و چۆڵه‌وانییه بڕیبوو... ئه‌گه‌رچی که‌س نه‌یده‌زانی کێ ئه‌و ناوه‌ی له‌و گه‌ڕه‌که ناوه، به‌ڵام ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ک به دڵی دایکت نه‌بوو... زوو زوو له به‌ر خۆیه‌وه ناڕه‌زاییی ده‌رده‌بڕی... هه‌تا بیتوانیایه قسه‌ی له‌گه‌ڵ که‌سیان نه‌ده‌کرد و نه‌یده‌هێشت هیچ شتێک له باره‌ی ژیانتانه‌وه بزانن، ته‌نانه‌ت ڕازیی نه‌ده‌بوو تۆش تێکه‌ڵیان ببیت... ئه‌و ماوه‌یه خه‌ریکی ئه‌وه بوو خانهنیشینییهکهی باوکت ده‌ربهێنێت... ڕاستییه‌که‌ی چه‌ند ساڵ بوو به بیانووی جۆراوجۆر ڕایانده‌گرت... فه‌رمانبه‌رێک به‌ڵێنی پێ دا، که بۆی بکات و کردیشی... له‌مه‌وه دایکت ناچار نه‌ده‌بوو ئیش بکات و له‌و ڕێگایه‌وه تێکه‌ڵی خه‌ڵک ببێت... که‌م که‌س ده‌یناسی و ئه‌وانه‌یشی وا فێر کردبوو، که به (دایکی دلێر) بانگی بکه‌ن، بۆیه به ده‌گمه‌ن ناوی (گوڵباران) ده‌هات و له په‌نا ناوی گه‌ڕه‌کیشدا ده‌شاردرایه‌وه... ئه‌و نه‌خۆشییه‌شی، که زوو زوو ده‌یخست، وای ده‌کرد زۆرکه‌م ده‌ره‌وه ببینێت... کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی دانیشتوانی گه‌ڕه‌ک له‌گه‌ڵ شاره‌وانی بوو، به‌وه‌ی زوو زوو بوڵدۆزهری ده‌هێنا و کووخهکانی لێ ده‌ڕووخاندن... ئه‌وان کۆڵ‌یان نه‌ده‌دا و سه‌رله‌نوێ دایاندهمهزراندنهوه... به هۆی ئه‌وه‌ی له ئۆردووگا و له‌ژێر خێمه‌دا ساڵێکیان به سه‌ر بردبوو، به‌رگه‌ی سه‌رما و ناخۆشییان ده‌گرت... کار گه‌یشته ئه‌وه‌ی ژن و منداڵ په‌لاماری پیاوانی شاره‌وانی و پۆلیس بده‌ن... ئه‌وانه له‌و شاخانه فێری هاویشتنی به‌رد بووبوون، که هه‌ر یه‌کێکیان ده‌یتوانی گاشه‌ی پڕ به ناوله‌پی خۆی له گه‌ڕه‌کی (گوڵباران)ه‌وه بهاوێت و له گه‌ڕه‌که‌کانی ئه‌وبه‌ر به زه‌ویدا بدات... نیشانه‌شیان زۆر ڕاست بوو... چوار پۆلیس و دوو فه‌رمانبه‌ری شاره‌وانی سه‌ریان شکا و ده‌ست به سه‌ر سێ بوڵدۆزهریشدا گیرا... شه‌و هاتن و بوڵدۆزهرهکانیان برده‌وه، چه‌ند ژن و مێردمنداڵێکیان گرت و دوای حه‌فته‌یه‌ک به‌ریان دان... له‌مه‌وه به بڕیاری فه‌رمی خانووه‌کانیان له‌سه‌ر تاپۆ کردن، به‌ڵام گوێیان به‌و ناوه نه‌دا، که دانیشتوانی به کاریان ده‌هێنا، به‌ڵکو ناوی (خالیدیه)یان به سه‌ردا بڕی... خه‌ڵکه‌که هه‌ر وه‌کو جاران (گوڵباران)یان پێ ده‌وت... ده‌وڵه‌ت هه‌ر خێراش مزگه‌وتێک و بنکه‌یه‌کی تهڵایهعیشی به به‌رد و گه‌چ له‌وێ دروست کرد... ئیتر له‌مه‌وه بۆریی ئاو و ته‌لی کاره‌بایش بۆ گه‌ڕه‌ک ڕاکێشرا... ئاو گه‌یشته زۆربه‌ی ماڵان، به‌ڵام ته‌نیا یه‌ک دوو خێزان توانییان کاره‌با بهێنن... تۆ هه‌میشه دڵت بۆ ئه‌و ڕۆژگاره لێی ده‌دا، که ئه‌و ناوه ده‌شت بوو و سه‌گه‌کان پاسی ماڵیان ده‌کرد... هه‌ستت ده‌کرد مرۆڤ کاتێ سه‌گ پاسی ماڵه‌که‌ی ده‌کات، زۆر له‌وه ئاسووده‌تر و دڵنیاتره له‌وه‌ی فه‌وجێک سه‌ربازی وریا و مه‌شقپێکراو پارێزگاریی لێ بکه‌ن... (دڵشاد مه‌ندووب)یش کاتێک ده‌زانێت گه‌ڕه‌کێک ناوی ده‌سگیرانی برا جوانه‌مه‌رگه‌که‌ی لێ نراوه، خێرا دایکه زمانشکاوهکهی خوشک و برا کهڕولاڵهکانی به ئاماژه‌ی ده‌ست و ده‌موچاو تێده‌گه‌یه‌نێت، که بچن له‌وێ خانوویه‌ک قوت بکه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت دایکی یه‌کێ بووه له‌وانه‌ی سه‌ری پۆلیس و فه‌رمانبه‌ری شاره‌وانییان شکاندووه و خراوه‌ته زیندانیشه‌وه... وه‌ک خۆیشی پێی وتیت سه‌ره‌تا شوێنێکی دوور له ماڵی ئێوه‌ی ده‌ست که‌وتووه، به‌ڵام دوایی هه‌ر چۆنێ بێت له‌گه‌ڵ پیره‌ژنێک گۆڕیویهتیهوه و بڕێک پاره‌ی له‌سه‌ر داوه... به‌م شێوه‌یه هه‌ندێک له ئێوه نزیک بووه‌ته‌وه، تاوه‌کو له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی (فه‌رهاد) چاوی له تۆ بێت... به ڕاستییش خۆشی ده‌ویستیت... وازی له قوتابخانه هێنابوو و به عه‌ره‌بانه له گه‌ڕه‌که دهوڵهمهندنیشینهکان نه‌وتی ده‌فرۆشت، بۆیه خۆشبه‌ختانه زۆر ئاگای له دهنگوباسی گه‌ڕه‌ک نه‌بوو... به‌ڵام بۆچی نه‌وت و شتێکی دیکه نا...؟ چونکه پێی وابوو نه‌وت ئه‌و شته‌یه، که هه‌موو پێویستیان پێی ده‌بێت و له‌و ڕێگایه‌وه سه‌رتاپای خه‌ڵکی شار ده‌بینێت... به‌یانییان پێش هه‌تاوکه‌وتن ده‌ڕۆیشت و ئێواران به تاریکی ده‌گه‌ڕایه‌وه... به‌م حاڵه‌یشه‌وه تاوه‌کو تۆی نه‌دیایه، نه‌ده‌چووه‌وه ماڵی خۆیان... عه‌ره‌بانه‌که‌ی ڕاده‌گرت و قسه‌تان ده‌کرد... جلوبه‌رگ و ده‌موچاوی چه‌ور ده‌بوون و قژی وه‌ک قایش خۆیی ده‌نواند... ددانه‌کانی چینێکی ئه‌ستووری کلسی ڕه‌شیان له‌سه‌ر نیشتبوو... ههناسهسهکانی بۆنی نه‌وتیان لێ ده‌هات... کاتێ ماچی ده‌کردیت، ڕوومه‌ته‌کانت ده‌کزانه‌وه و قوڕگت پڕی هاڵاوی نه‌وت ده‌بوو... هه‌ر به بێ ئه‌وه‌ش به ماچه‌کانی سه‌غڵه‌ت ده‌بوویت... ده‌یوت:
_ ئه‌وه گوڵباران نییه، ئاگربارانه، شاخ ده‌سووتێنێت و ده‌توێنێته‌وه، ئینجا چۆن من به‌و جله نهوتاوییانهوه ناکاته خۆڵه‌مێش...!!
زوو زوو بیری ده‌خستیته‌وه، که هه‌ر کاتێک (گوڵباران) هاته ئه‌م گه‌ڕه‌که، تۆ پێی بڵێیت: ((دڵشادی برای فه‌رهاد به دواتدا ده‌گه‌ڕێت... به ڕۆژ له کاتی ئیش و شه‌وانیش له‌سه‌ر جێگا هه‌ر بیر له تۆ ده‌کاته‌وه... هه‌ندێجار له‌جیاتی بڵێت نه‌وت نه‌وت، هاوار ده‌کات گوڵباران گوڵباران))... ئینجا به‌ڵێنی لێ وهردهگرتیت، که نه‌هێڵیت بڕوات، تاوه‌کو خۆی ئێواره له ئیش ده‌گه‌ڕێته‌وه... ئه‌گه‌ر له‌به‌ر باوکه دڵڕه‌ق و ملشکاوهکهیشی نه‌توانێت چاوه‌ڕێی بکات، ئه‌وا تۆ ده‌بێت هه‌نگاو هه‌نگاو دوای بکه‌ویت، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانیت ماڵیان له کوێیه... (دڵشاد) ئه‌مانه‌ی ده‌وت و تۆ له ناخه‌وه ده‌سووتایت... ئه‌و تۆی به دڵسۆزی خۆی ده‌زانی و ته‌نیاش له‌گه‌ڵ تۆ پێوه‌ندیی وا گه‌رمی هه‌بوو... ده‌یویست له ڕێگای تۆشه‌وه ئاگای له هه‌واڵه‌کانی گه‌ڕه‌ک بێت... ئێواران قوتووی بۆ پڕ نه‌وت ده‌کردیت و ههقهکهیشی لێ وهرنهدهگرتیت، بگره زۆرجار پاره‌شی ده‌خسته گیرفانته‌وه... هه‌ر کاتێ بتوتایه ناته‌وێت، ئه‌و ده‌یوت:
_ به گۆڕی فه‌رهادی ئازیز ئه‌گه‌ر وه‌رینه‌گریت، ده‌بێته داخێکی گه‌وره له‌سه‌ر دڵم، چونکه خۆت ده‌زانی ئه‌و سوێنده لای من مانای چییه.
(فه‌رهاد)ی بیر نه‌ده‌چووه‌وه، چونکه وه‌ک خۆی ده‌یوت یه‌کتریان زۆر خۆش ویستووه... هه‌میشه شانازییشی به‌وه ده‌کرد، که گه‌ڕه‌کێک به ناوی ده‌سگیرانه‌که‌ی ئه‌وه‌وه کراوه‌ته‌وه... پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرت، که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا (فه‌رهاد) یه‌کێک بووه له پێشمه‌رگه بچووکه‌کان، به‌ڵام له ئازایه‌تیدا وێنه‌ی نه‌بووه... له ماوه‌یه‌کی که‌مدا ناوبانگێکی گه‌وره‌ی په‌یدا کردووه... ڕۆژێکیان ده‌بووایه شوێنێکی چه‌ند بڵێی هه‌ستیار و عاسێی دوژمن بگیرێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویستیان به که‌سێکی زۆر جه‌ربه‌زه ده‌بێت... هه‌موویان به یه‌ک ده‌نگ (فه‌رهاد) هه‌ڵده‌بژێرن... ئینجا چونکه ده‌زانن به ساغی ناگه‌ڕێته‌وه، بۆیه لێی ده‌پرسن له به‌رانبه‌ر ئه‌وه چی بۆ دایک و برایه‌که‌ی داوا ده‌کات، ئه‌و پێیان ده‌ڵێت: ((هیچ بۆ ئه‌وان داوا ناکه‌م، به‌ڵام ناوی گوڵبارانی ده‌سگیرانم له گه‌ڕه‌کێک بنێن))... ئاخێکی هه‌ڵده‌کێشا و ده‌یوت:
_ ڕاسته فه‌رهاد شه‌هید کرا، به‌ڵام ئه‌ویش توانی حه‌وتیان لێ بکوژێت و ڕێگا بۆ هاوڕێکانی خۆش بکات، که به ئاسانی ئه‌و شوێنه سه‌خته بگرن، ئه‌گینا چۆن ئاوا ناوی ده‌سگیرانه‌که‌یان له گه‌ڕه‌کێک ده‌نا... تۆ ده‌بێت زۆر دڵت خۆش بێت، که ناوی ده‌سگیرانی هاوڕێت له گه‌ڕه‌کت نراوه دلێر.
هه‌ستت ده‌کرد ئه‌ویش وه‌کو براکه‌ی بۆ هه‌ر شتێک چیرۆکێکی هه‌یه، به‌ڵام نه‌ده‌کرا پێی بڵێیت ئه‌و به‌سه‌رهاتانه هیچ بنه‌مایه‌کیان نییه، به‌ڵکو تۆش وێنه‌ی (فه‌رهاد) هه‌موویانت هه‌ڵبه‌ستوون... تۆ خۆت له هاوڕێکانیت بیستبوو، که له پشووی هاوین چه‌کی هه‌ڵگرتووه و له یه‌که‌م شه‌ڕدا کوژراوه... (دڵشاد) ده‌یوت باوه‌ڕی ته‌واوی هه‌یه ڕۆژێک هه‌ر (گوڵباران) ده‌دۆزێته‌وه و ده‌بێته هیی خۆی، مادام ئه‌و نه‌ک هه‌ر برای (فه‌رهاد)ه، به‌ڵکو به یه‌ک سکیش له دایک بوون... به‌رده‌وام دڵی خۆیی به‌وه خۆش ده‌کرد، که ڕۆژێک (گوڵباران) هه‌ر ده‌زانێت گه‌ڕه‌کێکی به ناو کراوه‌ته‌وه و ده‌یه‌وێت سه‌ردانی بکات... لێره‌دا ته‌نیا یه‌ک گریمانی بچووکی داده‌نا، ئه‌ویش ئه‌وه بوو، که ئه‌گه‌ر (گوڵباران) دوای بیستنی هه‌واڵی کوژرانی (فه‌رهاد) خۆیی کوشتبێت، یان به‌رگه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ی نه‌گرتبێت و گیانی ده‌رچووبێت، ئه‌گینا دره‌نگ بێت یان زوو هه‌ر ده‌یدۆزێته‌وه... ئینجا کۆمه‌ڵێک چیرۆکی له‌باره‌ی جمکه له‌یه‌کچووه‌کانه‌وه ده‌گێڕایه‌وه، که چۆن هه‌مان هه‌ست و سۆزیان هه‌یه و وه‌کو یه‌ک بیر ده‌که‌نه‌وه... هه‌ر کاتێ یه‌کێکیان بمرێت، شته‌کانی ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی تریان ده‌مێنێته‌وه... به کورتی ئه‌و چیرۆکانه باسیان له‌وه ده‌کرد، که مادام (فه‌رهاد) و (دڵشاد) دوانه بوون و شێوه‌یان له یه‌کتر چووه، که‌واتا مردنی (فه‌رهاد) حیکمه‌ته و ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه، که (دڵشاد) درێژه به ڕووداوه‌کان بدات و بیگه‌یه‌نێته کۆتاییه‌کی دڵخۆشکه‌ر... تۆ به‌رده‌وام ئه‌وه‌شت ده‌هێنایه به‌رچاو، که چۆن کاتێک ده‌زانێت ئه‌و (گوڵباران)ه دایکی تۆیه و لێت شاردووه‌ته‌وه، له داخان قوتووێک نه‌وتت پێدا ده‌کات و له به‌رده‌می ماڵی خۆتاندا ده‌تسووتێنێت... جارێکیان لێیت پرسیی:
_ ئه‌گه‌ر بیبینیت، ده‌یناسیته‌وه...؟!
ئه‌م به بێ دوودڵی وتی:
_ ئا، زۆر چاک ده‌یناسمه‌وه... هه‌ر به قژی ده‌یناسمه‌وه، که ڕێک له یاڵی ئه‌سپ ده‌چێت، چونکه خۆم دیومه و ده‌ستیشم لێی داوه... ئایا تۆ ده‌زانی ئه‌گه‌ر گوێچکهماسییهک به گوێی خۆته‌وه بنێیت، ده‌نگی ده‌ریا و شه‌پۆله‌کانی ده‌بیستیت...؟! ئه‌مه ڕاستییه و بڕۆ له مامۆستای زانست بپرسه، چونکه گوێچکه‌ماسی له ده‌ریاوه هاتووه... منیش سوور ده‌زانم گوڵباران ده‌نگی فه‌رهاد و بۆنی فه‌رهادی لێ دێت... به‌ڵام با شتێکی دیکه‌ت پێ بڵێم دلێر، پێش ئه‌وه‌ی من ئه‌و بناسمه‌وه، ئه‌و ده‌زانێت ئه‌وه منم، چونکه وه‌ک ده‌بینی من کتومت له فه‌رهاد ده‌چم.
ئینجا به په‌نجه ئاماژه‌ی به نه‌خشونیگاری سه‌ر قۆڵی چه‌پی کرد و وتی:
_ ئه‌دی ئه‌مه نا‌بینیت...؟!
وه‌ک زۆر جاری دیکه سه‌رنجت لێی دایه‌وه، که ته‌واو پێی په‌ست ده‌بوویت: (ئاخ گوڵباران... له‌وێوه تیرێک ده‌هات، دڵێکی ده‌سمی و له‌ولاتر ده‌گه‌یشته ناوی دڵشاده‌وه).
_ ئاخر بۆیه زستانانیش جلی قۆڵ‌کورت له به‌ر ده‌که‌م، تاوه‌کو بیبینێت و بزانێت من ئه‌وم خۆش ده‌وێت... له بیرت نه‌چێت دلێر من ڕۆژانه له‌م شاره ده‌گه‌ڕێم و به‌م عه‌ره‌بانه‌یه نه‌وت ده‌فرۆشم... ئه‌مه‌ش ڕێگایه‌کی باشه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژێک هه‌ر به یه‌کتر بگه‌ین... ئاخر من بۆیه هێنده دڵم به‌م ئیشه‌م خۆشه، ئه‌گینا تۆ وا ده‌زانیت ئاسانه به تاریکی بڕۆیت و به تاریکییش بگه‌ڕێیته‌وه، وه‌کو که‌ر و به برسییه‌تی عه‌ره‌بانه‌یه‌کی پڕ نه‌وت به دوای خۆتدا ڕابکێشیت...؟! ئه‌وه‌ی وا بزانێت من بۆ ئه‌وه کار ده‌که‌م، تاکو دایکه زمانشکاو و خوشکه کهڕولاڵهکانم به‌خێو بکه‌م، ئه‌وا به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت، چونکه ئه‌وان له دوورینی کڵاو و لێفه‌دا ده‌ستڕه‌نگینن و به‌شی خۆیان په‌یدا ده‌که‌ن... من ته‌نیا به دوای گوڵباراندا ده‌گه‌ڕێم... نه‌خشونیگاری قۆڵیشم به شێوه‌یه‌ک ده‌رده‌خه‌م، که هه‌ر که‌سێک بیبینێت، خێرا سه‌رنجی لێ بدات و به په‌رۆشه‌وه بیخوێنێته‌وه.
_ ئینجا ئه‌و ده‌توانێت بیخوێنێته‌وه...؟!
ماوه‌یه‌ک بیری کرده‌وه و دوایی وتی:
_ به‌ڵێ، چونکه خوێندوویه‌تی و هه‌ر له ڕێگای قوتابخانه‌ش فه‌رهادی ناسیوه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی باوکی به‌مه‌ی زانیوه، نه‌یهێشتووه ئیتر ده‌وام بکات.
ماوه‌یه‌ک هه‌ردووکتان بێده‌نگ بوون، دوایی (دڵشاد) وتی:
_ ڕاسته من هه‌تا ئێستا گوڵبارانم نه‌دیوه، به‌ڵام چاک ده‌زانم ئه‌گه‌ر ئه‌و زۆر جوان و ژیر نه‌بێت، فه‌رهادی برام له‌ناو کچی سه‌رتاپێی ئه‌و شاره ئه‌وی هه‌ڵنه‌ده‌بژارد... نا، نا، نابێت به خۆڕایی ئه‌و ناوه‌یان لێ نابێت...!! ناهه‌قم نییه شه‌و و ڕۆژ بیهێنمه به‌رچاوم، که چۆن بووه‌ته ژنم و له ماڵێکی خۆشدا ده‌ژیین... کوڕه‌که‌شمان ناو ناوه فه‌رهاد... ئه‌گه‌ر کوڕی دووه‌میشمان ببێت ناوی ده‌نێم هه‌ڤاڵ، به‌شکو وه‌کو هه‌ڤاڵی برات جوان و خوێن‌شیرین ده‌ربچێت.
هه‌ر کاتێ ده‌هاته سه‌ر باسی ناو، تۆ خێرا بۆ باسێکی دیکه‌ت ده‌گۆڕی، نه‌بادا پرسیاری ناوی دایکتت لێ بکرێت... (هه‌ڤاڵ)ی بۆیه ده‌ناسی، چونکه تۆ زۆربه‌ی کات له‌گه‌ڵ خۆتتدا ده‌هێنایه ده‌رێ، ته‌نانه‌ت ئێوارانیش، که (دڵشاد) ده‌گه‌ڕایه‌وه و لای تۆ لای ده‌دا، هه‌ر به باوه‌ش و قهڵاندۆشکانتهوه بوو... تازه پێی ده‌گرت و به‌و چاوه شین و چه‌ناگه درێژه‌یه‌وه زۆر سه‌رنجی خه‌ڵکی ڕاده‌کێشا... ئه‌گه‌رچی دایکت به هیچ شێوه‌یه‌ک حه‌زی نه‌ده‌کرد بیبه‌یته کۆڵان، به‌ڵام تۆ گوێت پێی نه‌ده‌دا... ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر نه‌خۆشی بێهێز و لاوازی ده‌کرد و که‌متر توانای به‌خێوکردنی منداڵی ده‌ما... زوو زوو سه‌ری گێژی ده‌خوارد و دهبوواریهوه... شه‌وانیش کاتێ (هه‌ڤاڵ) ده‌گریا، ئه‌و به ئاگا نه‌ده‌هاته‌وه، بۆیه خۆت هه‌ڵده‌ستایت و ژیرت ده‌کرده‌وه... هه‌ندێجار تۆش خه‌به‌رت نه‌ده‌بووه‌وه، بۆیه دراوسێکان له‌سه‌ر دیوار سه‌ریان هه‌ڵده‌کێشا و بانگیان ده‌کرد:
_ دایکی دلێر...! دایکی دلێر...! گوێت له گریانی هه‌ڤاڵ نییه...؟!
ئه‌وسا تۆ له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌وان هه‌ڵده‌ستایت و ده‌چوویت براکه‌تت له باوه‌ش ده‌گرت... زۆرجار جنێو و گلهییهکانیانت ده‌بیست، که بۆیان ده‌نارد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێنده ته‌مبه‌ڵ و خهوخۆشه و فریای جگه‌رگۆشه‌که‌ی ناکه‌وێت... نه‌یانده‌زانی ئه‌و به چ ده‌ردێکه‌وه ده‌تلێته‌وه... به‌یانییان ده‌ڕشایه‌وه و خوێن له دهمولوتیهوه ده‌هاته خوارێ... زۆر لێی ده‌پاڕایته‌وه بیبه‌یته لای دکتۆر، به‌ڵام ئه‌و ڕازیی نه‌ده‌بوو... زوو زوو پێی ده‌وتیت ده‌مرێت و ئاگات له خۆت و له تاقه براکه‌ت بێت... ڕاستییه‌که‌ی تۆ ترسی گه‌وره‌ت له مردنی براکه‌ت بوو... نه‌تده‌زانی بۆچی دڵت هه‌میشه پێی ده‌وتیت ئه‌ویش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی براکه‌ی پێشووت ده‌ژیی، ئه‌گه‌رچی تهندرووستییشی تا ڕاده‌یه‌ک باش بوو... ڕاسته هه‌ندێک لاواز ده‌هاته به‌رچاو، به‌ڵام زیت و وریا بوو... حه‌زی له یاری بوو و له کۆڵان زۆر دڵی ده‌کرایه‌وه... هه‌تا گه‌وره‌تر ده‌بوو، زیاتر ئه‌و سیفه‌ته‌ی تێدا ده‌رده‌که‌وت... هه‌ستت ده‌کرد پێچه‌وانه‌ی تۆیه... نه شه‌رمنه و نه ترسنۆک، بگره له ڕێگای ئه‌و پێکه‌نین و قسه زلانهیهوه زۆر زوو خۆی ده‌سه‌پێنێت... هه‌موو ئه‌وانه تۆزقاڵێکیان له‌و ترسه‌ی تۆ که‌م نه‌ده‌کرده‌وه، که به‌رده‌وام ڕایدهچڵهکاندیت و وات ده‌زانی هه‌ر به منداڵی ده‌مرێت... بهزهییشت پێدا ده‌هاته‌وه، به‌وه‌ی له دامێنی دایکێکی نه‌خۆش و بێهێز که‌وتووه‌ته خوارێ و به‌شی خۆی ناز و سۆز پێ نادرێت... تاقه سیفه‌تێکی له هیی تۆ چووبێت، هه‌ر ئه‌وه بووه، که له سه‌رما و گه‌رما ده‌ترسا... دایکیشتان له سیویهکی جێنیوه‌ریی حه‌فتاوهه‌شت مرد، ساردترین و خه‌مناکترین ڕۆژی ساڵ... به‌یانییه زووه‌که‌ی هه‌ستایه‌وه و به هه‌نگاوی سست و ناڕێک هه‌تا حه‌وشه چوو... ماوه‌یه‌ک به بێده‌نگی له‌و چناره‌ی حه‌وشه‌ی ڕوانی، که هه‌ر له‌گه‌ڵ قوتکردنه‌وه‌ی کووخهکهدا ڕواندبووی و ساڵ به ساڵ زیاتر بۆ ئاسمان هه‌ڵده‌کشا... دره‌خته‌که‌ی جێ هێشت و ده‌ستی بۆ بێڵه‌که‌ی برد، به‌ڵام هه‌ر چه‌ندی کۆشای، بۆی به‌رز نه‌کرایه‌وه... له ئاسمانی ڕوانی، که به هه‌ور داپۆشرابوو... ئینجا گه‌ڕایه‌وه و به ده‌م پێکه‌نینێکی سارده‌وه چه‌ند قسه‌یه‌کی بۆ تۆ و (هه‌ڤاڵ) کرد، به بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێ تێبگه‌ن... شانه‌که‌ی هه‌ڵگرت و قژه درێژه‌که‌ی داهێنا، که زۆر له‌مێژبوو ئاوا بایه‌خی پێ نه‌دابوو... له‌ناکاو که‌وت و هه‌ستی لێ بڕا... نه‌تده‌توانی هه‌واڵه‌که به که‌س بگه‌یه‌نیت و ده‌شبووایه ته‌رمه‌که‌ی له گۆڕستان بنێژێرێت، چونکه ڕاسته دنیا ساردبوو، به‌ڵام دره‌نگ و زوو هه‌ر بۆگه‌نی ده‌کرد... (هه‌ڤاڵ) تا دوای نیوه‌ڕۆ له‌و ژووره بۆی گریا، به‌ڵام تۆ به‌رده‌وام له‌و حه‌وشه و هه‌یوانه پیاسه‌ت ده‌کرد و له سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزیت... (دڵشاد مه‌ندووب) وه‌کو هه‌موو ئێواره‌یه‌کی تر له‌و به‌رده‌رگایه عه‌ره‌بانه‌که‌ی ڕاگرت و چاوه‌ڕێی ده‌کردن، بۆ ئه‌وه‌ی بچنه لای و دوای قسه و باسه‌کان، قوتوویهکتان بۆ پڕ نه‌وت بکات... نه‌ده‌کرا نه‌چیت، به‌ڵام ویستت هه‌ر چۆنێک بێت ئه‌و سیما خهمناکهتی لێ بشاریته‌وه... له کاتێکدا وه‌کو ئه‌وه‌ی پێی ڕاهاتبوو باسی (گوڵباران)ی ده‌سگیرانی ده‌کرد و تۆش به هه‌مان شێوازی پێشووت له‌گه‌ڵی ده‌دوایت، (هه‌ڤاڵ) هاته ده‌رێ و وتی:
_ مامه دڵشاد دایه مرد.
(دڵشاد) به سه‌رسووڕمانه‌وه له سیمای تۆی ڕوانی، به‌و مه‌به‌سته‌ی بزانێت ئه‌وه ڕاسته، به‌ڵام کاتێ له خه‌نده‌یه‌ک زیاتری له‌سه‌ر لێوت نه‌بینی، (هه‌ڤاڵ)ی له باوه‌ش کرد و به‌رزی کرده‌وه... ئینجا به نه‌رمی پێی وت:
_ نابێت قسه‌ی وا بکه‌یت ئاقڵ گیان... تۆ گه‌وره بوویت.
_ ئاخر دایه مرد... خۆ تازه چاک نابێته‌وه... وای...!!
(دڵشاد) دیسان به هه‌مان سه‌رسووڕمانه‌وه سه‌یری تۆی کرد، به‌ڵام ددانت به خۆتدا گرت و به پێکه‌نینێک لێیت شارده‌وه... (هه‌ڤاڵ)ی دانا و وتی:
_ ئه‌مڕۆ زۆر ماندووم دلێر، ده‌بێت بڕۆم.
ئێوه‌ش گه‌ڕانه‌وه ماڵ و ده‌رگاتان له‌سه‌ر خۆتان داخست... ئه‌گه‌ر ئه‌و ژنه‌ی دراوسێتان نه‌بووایه، که وه‌کو زۆر جاری دیکه به ته‌نه‌که‌یه‌که‌وه هات، تا له بهلووعهکهتان ئاو ببات، ئه‌وا تۆ له خۆتت ڕانه‌ده‌بینی ئه‌و هه‌واڵه به که‌س بڵێیت... (هه‌ڤاڵ) ده‌رفه‌تی هێنا و به‌ویشی وت... هه‌رچه‌ند تۆ خه‌نده‌ت خسته سه‌ر لێوت و به ده‌نگیش پێکه‌نیت، که‌چی ئه‌و وه‌ک بڵێی له تۆنی ده‌نگی ئه‌و منداڵه‌دا هه‌ستی به شتێک کردبێت، بۆیه هه‌تا ژووره‌وه نه‌وه‌ستا... دوو سێ مستی له سنگی خۆی دا و چووه ده‌رێ... هێنده‌ی پێ نه‌چوو خه‌ڵکی گه‌ڕه‌کتان لێ کۆبووه‌وه... له‌و کاته‌دا له هه‌موو شتێک زیاتر ترسی ئه‌وه‌ت هه‌بوو (دڵشاد)یش په‌یدا ببێت و دوای ئه‌و چوار ساڵه بزانێت تۆ ڕاستیت لێی شاردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌تا سبه‌ینێش ته‌رمه‌که‌یان برده گۆڕستان و ناشتیان، ئه‌و ده‌رنه‌که‌وت... چونکه پرسه‌ی بۆ دانه‌ندرا، خه‌ڵک زوو ماڵه‌که‌یان جێ هێشت و هه‌ر تۆ و تاقه براکه‌ت مانه‌وه... له هه‌مووی سه‌یرتر کاتێ ته‌رمه‌که‌یان هه‌ڵگرت، تاکو بیبه‌نه گۆڕستان، تۆ دوور له خواستی خۆت چه‌ند جارێک وتت:
_ گوڵباران...!! گوڵباران..!! جێ‌مان مه‌هێڵه...!!
هاوکات سه‌یرت لێ هات، که بۆچی به (گوڵباران) بانگی ده‌که‌یت، له کاتێکدا به درێژاییی ته‌مه‌نت هه‌ر (دایه)ت پێ ده‌وت، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌شته و هاتنی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا، ده‌تویست به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕێگا له (هه‌ڤاڵ) بگریت، که ناوی بزانێت... هه‌ر دوای تۆ (هه‌ڤاڵ)یش وه‌ک بڵێی وای زانیبێت مرۆڤ دوای مردنی به ناوی خۆیه‌وه بانگ ده‌کرێت، وه‌کو تۆ ده‌گریا و ده‌یوت:
_ گوڵباران...!! گوڵباران...!! دایه گیان... جێ‌مان مه‌هێڵه...!!
ئێواره (دڵشاد) به پیشه‌ی خۆی له‌و به‌رده‌مه وه‌ستا، به‌ڵام تۆ نه‌تده‌وێرا بچیته لای و (هه‌ڤاڵ)یشت توند توند گرتبوو، نه‌بادا ده‌رگا بکاته‌وه، که‌چی ئه‌و ده‌ستی به گریان کرد:
_ مامه دڵشاد... دلێر ناهێڵێت من بێمه لای تۆ.
ئه‌وسا ناچار به ترسه‌وه ده‌رگات کرده‌وه، که‌چی (دڵشاد)ت زۆر به دڵخۆشی بینیی... ئه‌وه یه‌که‌مجار بوو سیمای به‌م شێوه‌یه بێته به‌رچاوت... (هه‌ڤاڵ) پێی وت:
_ مامه دڵشاد نه‌موت دایه مردووه... ئه‌مڕۆ بردیانه گۆڕستان... ئیتر نایه‌ته‌وه.
(دڵشاد) وه‌کو ئێواره‌ی پێشوو، به‌ڵام به سه‌رسووڕمانێکی که‌متره‌وه، له سیماتی ڕوانی و هه‌مان خه‌نده و پێکهنینشی لێت بینییه‌وه... ئه‌ویش زیاتر پێکه‌نی و به (هه‌ڤاڵ)ی وت:
_ واز له مردن و گۆڕستان بێنه، چونکه من له دوێنێ شه‌وه‌وه زۆر دڵخۆشم.
تۆ هیچ له‌وه تێنهدهگهیشتیت، که ئاخۆ بۆچی ده‌بێت له دوێنێ شه‌وه‌وه دڵخۆشیی ئه‌و ده‌ستی پێ کردبێت... لێیت پرسیی:
_ چۆن...؟! چی وا دڵخۆشی کردوویت...؟!
ده‌سته چه‌ور و نه‌وتاوییه‌کانی به ده‌موچاویدا هێنا و وتی:
_ پێم نهدهوتی من ڕۆژێک هه‌ر دێت گوڵباران بدۆزمه‌وه...؟!
چاوه‌ڕێ بوو پێی بڵێیت: ((با، به‌ڵام چۆن...؟!))... کاتێ زانیی تۆ وه‌ڵامت بۆ نادرێته‌وه، هه‌ر خۆی وتی:
_ نه‌موت ڕۆژێک گوڵباران گیان به سه‌ردان دێته گه‌ڕه‌ک...؟! سه‌ردانی چی...؟! هه‌ر به یه‌کجاری هاتووه... ماڵیان هاتووه‌ته ئێره.
سه‌رت گێژی ده‌خوارد... ده‌ترسایت خۆت له‌سه‌ر ئه‌و قاچه بێهێزانهت بۆ ڕاگیر نه‌کرێت و بکه‌ویته سه‌ر زه‌وی... خه‌می تاقه براکه‌تت بوو، که له دوای تۆ بێکه‌س ده‌مێنێته‌وه و سه‌رگه‌ردان ده‌بێت... به حاڵ گوێت لێ بوو ئه‌و ده‌یوت:
_ مامه دڵشاد... گوڵبارانی دایکم مرد... بردیانه گۆڕستان.
(دڵشاد) دیسان هه‌ندێک تووڕه‌تر له دوێنی پێی وت:
_ ئای هه‌ڤاڵ...!! ئه‌رێ ئه‌وه چییه ئه‌م قسانه...؟! نه‌مانوت نابێت شتی وا بڵێیت...؟!
هه‌ر چۆنێ بوو هێزت خسته‌وه به‌ر خۆت و لێیت پرسیی:
_ ئه‌وه تۆ باسی چی ده‌که‌یت دڵشاد...؟! ماڵی گوڵباران هاتووه‌ته گه‌ڕه‌ک...؟!
_ به‌ڵێ.
_ کوا...؟! له کوێن...؟!
_ نازانم، به‌ڵام دوێنێ شه‌و به‌و ماندوویه‌تییه له حه‌مام خۆم ده‌شت، کاتێ گوێم لێ بوو دوو ژن به لای ده‌رگای حه‌وشه‌ی ئێمه‌دا ده‌ڕۆیشتن و به ژنێکی دیکه‌یان ده‌وت له ماڵی گوڵباران ده‌گه‌ڕێینه‌وه... که‌چی هه‌تا من جله‌کانمم له به‌ر کرد و هاتمه ده‌رێ، ئه‌وان له‌وێ نه‌مابوون... ئه‌وسا ڕاستییه‌که‌ی وام زانی گوێچکه‌م زرینگاوه‌ته‌وه، چونکه زۆرجاری تر ئاوام به سه‌ر هاتووه، بۆیه گه‌ڕامه‌وه و چووم به‌و خه‌یاڵانه‌وه خه‌وتم... به‌ڵام ئه‌مڕۆ به شێنه‌یی بیرم لێی کرده‌وه و گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که من هه‌ر به ڕاستی ده‌نگی ئه‌و ژنانه‌م گوێ لێ بووه.
دوایی وتی:
_ ئینجا ئیشی تۆ ده‌ستی پێ کرد دلێر... ده‌بێت سبه‌ینێ ده‌رگا به ده‌رگای ئه‌م گه‌ڕه‌که‌م بۆ بگه‌ڕێیت و بیدۆزییتهوه.
(هه‌ڤاڵ) به ده‌م گریانه‌وه ئاماژه‌ی به ده‌رگای خۆتان ده‌کرد و ده‌یوت:
_ ئه‌مه ماڵی گوڵباران بوو... دایه مرد... بردیانه گۆڕستان.
یه‌که‌مجار بوو لێی تووڕه ببیت... هه‌ڵتگرت و بردته ژووره‌وه... ده‌رگات له‌سه‌ر داخست و بۆ لای (دڵشاد) گه‌ڕایته‌وه... ئه‌و نه‌یده‌ویست که‌س ئه‌و ئاسووده‌ییه‌ی لێ تێک بدات و تۆش سوور بوویت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا ڕاستیی لێ بشاریته‌وه، که‌چی (هه‌ڤاڵ) له‌و تاریکاییه له ده‌رگای ده‌دا و به ده‌م گریانه‌وه ده‌یوت:
_ گوڵباران مرد... دایه مرد... بردیانه گۆڕستان... تازه ناگه‌ڕێته‌وه.
* * * *
ئه‌وانه‌ی ئه‌م چیرۆکه‌یان بۆ گێڕاومه‌ته‌وه، باوه‌ڕیان وایه، که پێویسته لێره خاڵێک دابندرێت و کۆتاییی پێ بهێندرێت، به‌و مه‌به‌سته‌ی خوێنه‌ر خۆی درێژه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان بهێنێته به‌رچاو و به پێی ئاستی تێگه‌یشتنی خۆیشی ته‌واویان بکات... من وه‌نه‌بێت حه‌زم له‌م ستایله نه‌بێت، به‌ڵێ، چه‌ند بڵێی حه‌زی لێ ده‌که‌م و به‌رده‌وامیش ئه‌و ته‌کنیکه‌م به کار هێناوه... خۆ ئه‌گه‌ر بیرتان بێت، له ده‌ستپێکیشدا قسه‌یه‌کی ئاوام کرد، به‌ڵام ئه‌م چیرۆکه زۆر جیاوازه، بۆیه ڕێگا به خۆم ده‌ده‌م کۆمه‌ڵێک نهێنیی تری کارهکتهرهکانتان بۆ ئاشکرا بکه‌م... سوور ده‌زانم ئێوه‌ش بۆ زانینیان به په‌رۆشن... وا لام ڕوونه ده‌پرسن، ئاخۆ (دڵشاد) ڕۆژێک له ڕۆژان ده‌زانێت ئه‌و (گوڵباران)هی به دوایدا ده‌گه‌ڕێت، دایکی (دلێر) و (هه‌ڤاڵ)ه و وا له گۆڕستان نێژراوه...؟! باشه کاتێک ئه‌وه ده‌زانێت، هه‌ڵوێست و کاردانه‌وه‌ی چۆن ده‌بێت...؟! باوه‌ڕ ده‌که‌م دوا به یه‌کگه‌یشتنی (دڵشاد) و (دلێر)تان بیر مابێت، کاتێ یه‌که‌میان به دووه‌میانی وت: ((ده‌بێت سبه‌ینێ ده‌رگا به ده‌رگای ئه‌م گه‌ڕه‌که‌م بۆ بگه‌ڕێیت و گوڵبارانم بۆ بدۆزییتهوه))... که‌واتا (دڵشاد) وه‌کو هه‌ر ئێواره‌یه‌کی دیکه به‌و ماندوویه‌تییه له‌و به‌رده‌رگایه ده‌وه‌ستێت... چاوه‌ڕێیه (دلێر) بێته ده‌رێ و ڕه‌نگه (هه‌ڤاڵ)یشی له‌گه‌ڵ بێت... ڕاستییه‌که‌ی (هه‌ڤاڵ) دوای مردنی دایکی به‌رده‌وام ده‌گریا... نه خه‌وی لێ ده‌که‌وت نه ده‌میشی له نان و ئاو ده‌دا، بۆیه زۆر شه‌که‌ت و ماندوو بووبوو، به‌ڵام ئه‌م نێوه‌ڕۆیه (دلێر) هێلکه‌وڕۆنێکی بۆ کرد و به چای گه‌رمه‌وه خواردی... هه‌ر دوای ئه‌وه به دانیشتنه‌وه خه‌و بردیه‌وه و هێشتا هه‌ڵنه‌ستاوه... ئه‌مه‌ش به دڵی (دلێر)ه، که ده‌توانێت تا ڕاده‌یه‌ک به بێ ترس قسه له‌گه‌ڵ (دڵشاد)دا بکات... ئه‌وه‌تا پێی ده‌ڵێت:
_ زۆر زۆر چاک بزانه، که له‌م گه‌ڕه‌که که‌سێک نییه ناوی گوڵباران بێت.
_ تۆ هه‌موو ماڵه‌کان گه‌ڕایت دلێر...؟!
_ ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له ڕۆژان که‌سێکت لێره دۆزییه‌وه و ناوی گوڵباران بوو، ئه‌وا ئاماده‌م له به‌رده‌مت بوه‌ستم، تاکو یه‌ک قوتوو نه‌وتم پێدا بکه‌یت و بمسووتێنیت.
_ من چۆن دڵم دێت کاری وا له‌گه‌ڵ تۆ بکه‌م دلێر...!! بیرت چوو کێ تۆی ئامه‌نه‌تی من داوه...؟! نازانم ئه‌مڕۆ بۆچی ئاوا تووڕه‌یت...!!
ئینجا که‌مێک بیر ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت:
_ ئێستا زیاتر گومانم نه‌ما، که گوێچکه‌م زرینگاوه‌ته‌وه، به‌ڵام لام ڕوونه من ڕۆژێک له ڕۆژان گوڵباران هه‌ر ده‌دۆزمه‌وه.
باوه‌ڕ ده‌که‌م دوای ئه‌و دیاڵۆگه، ئێوه بپرسن: ئه‌دی ئێواره‌کانی تر (هه‌ڤاڵ) ئه‌و نهێنییه ئاشکرا ناکات...؟! ڕاستییه‌که‌ی ئه‌م شوێنه‌ی چیرۆکه‌که بۆ منیش ناڕۆشنه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانم (هه‌ڤاڵ) دوای ئه‌وه یه‌ک ئێواره‌ی تر له‌گه‌ڵ براکه‌یدا نه‌ده‌هاته ده‌رێ، تاکو (دڵشاد) ببینێت... ڕه‌نگه دڵی لێی شکابێت، که ئه‌و نه‌یده‌ویست گوێی لێ بگرێت، کاتێ پێی ده‌وت دایکی مردووه... ناکرێت بشڵێین (دلێر) هه‌ڕه‌شه‌ی لێ کردووه... ئه‌و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌یویست دڵی ڕابگرێت، به تایبه‌تی دوای مردنی دایکیان، چونکه هه‌تا ده‌هات زیاتر باوه‌ڕی ده‌هێنا، که (هه‌ڤاڵ) به منداڵی ده‌مرێت... شه‌وان چه‌ند جارێ بێ‌دار ده‌بووه‌وه و به ترسه‌وه ده‌ستی له‌سه‌ر سنگی داده‌نا... کاتێ دڵنیا ده‌بوو، که ماوه، ئینجا سه‌ری ده‌خسته‌وه سه‌ر سه‌رینه‌که‌ی، به‌ڵام تا دره‌نگ خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وته‌وه و هه‌ر بۆی ده‌گریا... ئه‌م خه‌یاڵانه گه‌یاندیانه ئه‌وه‌ی بیر له شتێک بکاته‌وه، که به ڕاستی ترسناک بوو، به ڕاده‌یه‌ک هه‌ر ئه‌مه هێنده‌ی دیکه ئۆقره‌ی لێ بڕی، به‌ڵام دواتر لاکه‌ی تری هێنایه به‌رچاوی، به‌وه‌ی ئه‌مه ڕێگایه‌که بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌تا ساغه و تووشی نه‌خۆشیی کوشنده و درێژخایه‌ن نه‌بووه، ڕزگاری ببێت... هه‌موو شه‌وێ پلانی داده‌نا، که سه‌رین بخاته سه‌ر ده‌می و بیخنکێنێت، به‌ڵام ده‌ستی ده‌له‌رزی و سه‌ری نه‌ده‌گرت، بگره له‌مه‌وه زیاتر هه‌ستی به‌زه‌یی ههڵیدهقرچاند، ئه‌گه‌رچی هه‌تا ده‌هات زیاتر ده‌گه‌یشته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، که ئه‌مه له قازانجی براکه‌یدایه، مادام ئه‌و ته‌مه‌نی منداڵی نابڕێت و ده‌مرێت......
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی ئێران و عێراقدا گۆڕانێک له ژیانی (دڵشاد)دا ڕوو ده‌دات... ئه‌م ئه‌گه‌رچی دوو ساڵ پێش ئه‌وه بۆ سه‌ربازی بانگ ده‌کرێت، به‌ڵام ناچێت... وه‌کو خۆی به (دلێر) ده‌ڵێت ناتوانێت ده‌ست له فرۆشتنی نه‌وت هه‌ڵبگرێت، ئه‌گه‌ر سوور بزانێت ده‌یگرن و هه‌ڵیده‌واسن... دیسان وه‌ک هه‌زاران جاری دیکه پێی ده‌ڵێت، که له‌به‌ر ئه‌وه هێنده له‌و ئیشه‌یدا ئاسووده‌یه، چونکه باوه‌ڕی وایه له‌م ڕێگایه‌وه (گوڵباران) ده‌دۆزێته‌وه... ئه‌گه‌رچی له ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌دا که‌مترین زانیاریی له‌باره‌یه‌وه ده‌ست ناکه‌وێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌کیش وره‌ی ناڕووخێت... جارێکیان کچێک به ناوی (دڵباران) ده‌دۆزێته‌وه و له خۆشییان شاگه‌شکه ده‌بێت، چونکه وا ده‌زانێت خوشکیه‌تی، به‌ڵام کاتێ بۆی ده‌رده‌که‌وێت دوور و نزیک پێوه‌ندیی به (گوڵباران)ه‌وه نییه، نا‌ئومێد ده‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه گه‌رمه ده‌بوورێته‌وه... ڕۆژانه کچ چاویان لێ داگرتووه، ماچیان بۆ هه‌ڵداوه، مه‌مکیان له یاخه‌ی کراسیان ده‌رهێناوه و له درزی ده‌رگاوه پێشانیان داوه، بگره هه‌یانبووه شه‌رمی نه‌کردووه و پێی وتووه، که له‌گه‌ڵی بچێته ناو جێگاوه، به‌ڵام ئاوڕی لێ نه‌داونه‌ته‌وه... زوو زوو باسی کچێک ده‌کات، که ناوی (باخچه)هیه و عه‌شقی ده‌بێت، کۆڵان به کۆڵان دوای ده‌که‌وێت و پێی ده‌ڵێت: ((له‌م شاره، بگره له‌م دنیایه که‌س نییه ناوی گوڵباران بێت... تۆ ئه‌و گوڵبارانهت ته‌نیا له خه‌یاڵی خۆت داتاشیوه... به ئاگا وه‌ره‌وه...!! ئه‌وه‌تا من باخچه‌م، به‌ڵێ باخچه‌ی گوڵانم، به ڕاستی له بهردهمتدام و شێتت بووم، ده به‌س پشتم تێ بکه))... ڕۆژێکیان (دڵشاد) ده‌گاته تینی و به قژ ڕایده‌کێشێت... له‌مه‌وه ڕوو له‌و گه‌ڕه‌که ناکاته‌وه، نه‌بادا له‌وه زیاتر گوێی له قسه‌ی وا بێت... ڕاستییه‌که‌ی په‌رۆشیی گه‌ڕانه‌که‌ی به دوای (گوڵباران)دا و ئه‌و چیرۆکانه‌ی له‌باره‌ی خۆی و (فه‌رهاد)ی برایه‌وه ده‌یانگێڕێته‌وه، سه‌رنجی ئه‌وان ڕاده‌کێشێت و شه‌یدای ده‌بن، به‌ڵام (دڵشاد) ده‌ست به ڕووی هه‌موویانه‌وه ده‌نێت... (دلێر) یه‌ک دوو جار له‌گه‌ڵی ده‌چێت و به چاوی خۆی ده‌بینێت، که ئه‌و کچانه چ کارێکی بۆ ده‌که‌ن، له کاتێکدا هه‌مووشیان خوێنده‌وار و هیی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی شارن... له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی شه‌ڕدا کێشه‌ی سووته‌مه‌نی دێته پێشه‌وه و (دڵشاد) زیاتر ده‌بێته جێگای سه‌رنجی خه‌ڵک، چونکه ده‌توانێت نه‌وتیان بۆ په‌یدا بکات، به‌ڵام ڕۆژێک دوو ئینزیبات ده‌یگرن و ماوه‌یه‌ک که‌س نازانێت چیی به سه‌ر هاتووه... ئێواره‌یه‌کیان له ده‌رگای ماڵی (دلێر) ده‌درێت... کاتێک ده‌یکاته‌وه، (دڵشاد) به تێکشکاوی و خه‌مباریه‌وه ده‌بینێت... ئه‌وه یه‌که‌مجاره به بێ عه‌ره‌بانه له‌و به‌رده‌رگایه بوه‌ستێت... چیرۆکی خۆیی بۆ ده‌گێڕێته‌وه، که چۆن ماوه‌یه‌ک خستوویانه‌ته زیندانه‌وه... دواییش بۆ لای دکتۆریان بردووه، تا بیپشکنن و جلی سه‌ربازیی له به‌ر بکه‌ن، به‌ڵام ده‌رده‌که‌وێت دڵی کون بووه و له‌م نزیکانه ده‌مرێت... (دلێر) وا ده‌زانێت ئیتر (دڵشاد) له جێگا ده‌که‌وێت، که‌چی ئه‌و بۆ سبه‌ینه‌که‌ی وه‌کو جاران زوو زوو به عه‌ره‌بانه‌ی نه‌وته‌وه ده‌چێته ده‌رێ، به‌ڵام نه ئه‌و ئێواره‌یه و نه ئێواره‌کانی دیکه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه... ڕۆژێکی زۆر گه‌رمی جوڵای ته‌رمه‌که‌ی له‌و ده‌شته ده‌دۆزنه‌وه و له‌به‌ر بۆگه‌نی به زه‌حمه‌ت بۆیان ده‌گاته‌وه ئاوه‌دانی.
* * * *
ده ساڵ به سه‌ر نووسینه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌دا تێپه‌ڕی... جارێکی تر زۆر به وردی پێیاندا چوومه‌وه... بۆم ده‌رکه‌وت به‌شێک له‌و چیرۆکه دیار نییه... ئه‌مه‌ش که‌لێنی خستووه‌ته نێوان ڕووداوه‌کانه‌وه... به‌و که‌سه‌م وت، که ئه‌رکی گێڕانه‌وه‌ی سه‌ره‌تایه‌که‌ی له ئه‌ستۆ گرتووه: ((ئه‌رێ تۆ له ده‌ستپێکدا باسی ئه‌وه ده‌که‌یت، گوایه دلێر چه‌کێکی پێیه و له سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزێت، به‌ڵام من وه‌کو خوێنه‌رێک نازانم ئه‌و شوێنه کوێیه و ئه‌و تفه‌نگه‌ی بۆ پێیه، چونکه له سه‌رتاپێی تێکسته‌که‌دا ئه‌مانه ناکه‌ونه‌وه به‌رچاو))... ئه‌و ماوه‌یه‌ک له سیمام ڕاما، ئینجا وتی:
_ ڕاست ده‌که‌یت... ئه‌و به‌شه‌ی کۆتاییی چیرۆکه‌که ده‌بووایه هاوڕێیه‌کمان بیگێڕێته‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه له سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆدا ناچار بووه کوردستان جێ بهێڵێت و له ڕێگا مین له‌ژێر قاچیدا ته‌قیوه‌ته‌وه... دره‌نگ دره‌نگ پارچه‌کانیان دۆزیوه‌ته‌وه، که له‌به‌ر بۆگه‌نیان بۆیان کۆ نه‌کراونه‌ته‌وه... ئه‌وسا نه‌مانویست ئه‌وه‌ت پێ بڵێین، بۆیه هه‌موومان قسه‌مان کرده یه‌ک، تاکو قه‌ناعه‌تت پێ بهێنین، که ده‌بێت چیرۆکه‌که له‌و شوێنه ته‌واو ببێت، چونکه ته‌نیا ئه‌و نهێنییه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی به ته‌واوی ده‌زانی... تۆ هه‌ندێک پرسیارت له‌باره‌ی یه‌ک دوو شته‌وه کرد، به‌ڵام به لای ئه‌وه‌دا نه‌چوویت.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی پێ وتم، که ئه‌و کۆتاییه زیاتر بۆ (هه‌ڤاڵ) ته‌رخان کراوه و له‌و باره‌یه‌وه کۆمه‌ڵێک زانیاریی پێ دام، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ناتوانم پشتیان پێ ببه‌ستم، چونکه ناچێته ئه‌قڵمه‌وه ئه‌و سه‌رکێشییانه له توانای ئه‌و کوڕه‌دا بووبێتن... به کورتی زیاده‌ڕۆییان تێدایه... ئه‌وه‌ی زۆر به ئاسانی باوه‌ڕی پێ بکه‌م، هه‌ر ئه‌وه‌یه، که ڕۆژی ڕاپه‌ڕین دوای ئه‌وه‌ی ده‌زانن ئه‌منێک له مه‌نزوومه‌ی شیمالی له‌ناو ئه‌و بۆرییانه‌دا خۆیی شاردووه‌ته‌وه، که بۆ گه‌یاندنی هه‌وای گه‌رم و فێنک خراونه‌ته ناو دیواره‌کانه‌وه، (هه‌ڤاڵ)ی شانزدهساڵان به ده‌مانچه‌یه‌که‌وه ده‌چێت بیکوژێت... له‌وێ ته‌قه له یه‌کتر ده‌که‌ن... هه‌ردووکیان بریندار ده‌بن... ئه‌منه‌که چونکو له ده‌می بۆرییه‌که‌وه نزیک ده‌بێت، خه‌ڵک ده‌ستیان پێی ده‌گات و ده‌ریده‌هێنن... له‌وێ له‌توکوتی ده‌که‌ن، به‌ڵام له خۆشییان (هه‌ڤاڵ)یان بیر ده‌چێت... بیست ڕۆژ دوای ئه‌وه منداڵ هه‌ست ده‌که‌ن بۆنێکی زۆر ناخۆش له‌ناو ئه‌و بۆرییانه‌وه دێت و له‌و ڕێگایه‌وه ته‌رمی بۆگه‌نی (هه‌ڤاڵ) ده‌دۆزنه‌وه... ئه‌وه هه‌مان ئه‌و ڕۆژه‌یه، که (دلێر) له ترسی فڕۆکه و ده‌بابه وه‌کو سه‌رتاپێی دانیشتوانی شار ناچار ده‌بێت به‌و داخه‌وه ڕوو له‌و کێوانه بکات... به‌و جه‌سته لاواز و گیانه داهێزراوهیهوه ده‌گاته ئه‌و شارۆچکه شاخاوییه‌ی بیستوچوار ساڵ پێشتر باوکی له ئه‌نجامی گفتوگۆیه‌که‌وه چوار گولله‌ی به‌ر که‌وتووه و له ڕێگا ته‌رمه‌که‌ی بۆگه‌نی کردووه... به‌ڵێ، له‌و هاوینه‌هه‌واره له‌گه‌ڵ شانزده که‌سدا خانوویه‌کیان ده‌ست ده‌که‌وێت... به‌و شه‌وه چه‌کێکیان داوه‌ته ده‌ست، به‌و مه‌به‌سته‌ی ئێشک بگرێت و له مه‌ترسییان ئاگادار بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و له سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزێت، ته‌نانه‌ت دوای شکانی چاویلکه‌که‌ی له‌و ڕێگایه سه‌خته‌دا، به‌رده‌می خۆیشی نابینێت... ئه‌وه‌ی که‌مێک هیوای پێ ده‌به‌خشێت، هه‌ر ئه‌وه‌یه، که دوای ڕه‌قبوونه‌وه‌ی له‌و به‌سته‌ڵه‌که‌دا ته‌رمه‌که‌ی بۆگه‌ن ناکات... چاوه‌ڕێی گولله‌یه‌که به‌ری بکه‌وێت و که‌مێ گه‌رمی به‌و گیانه ته‌زیوه‌ی ببه‌خشێت... دیاره ئه‌گه‌ر خۆی بیزانیایه ته‌قه بکات، ئه‌وا ڕووی تفه‌نگه‌که‌ی له سنگی ده‌کرد و چی زووتره کۆتاییی به‌م نه‌هامه‌تییه ده‌هێنا.
تێبینی: یه‌کێکه له چیرۆکه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی (مناره‌ی ئاوه‌دانی).