بازنە (داخراو/كراوە)كانی جەستە
"جەستە، تیشكۆی مەعریفە و كانی ژیانە"
جەستە لە فیكری هاوچەرخدا بە یەكێك لە وەسیلە بنەڕەتییەكانی تەعبیركردنی خود دادەنرێت. بەو مانایەش مرۆڤ لە رێگەی جەستەوە لە ئەویدیكە دەگات، وەك چۆن هەر لە رێگەی جەستەوە دەرك بە شتەكان دەكات. جەستە هەر تەنها قالب، یان تەن نییە، بەڵكو لە هەمان كاتدا خودە و ئامرازی (من)ە بۆ چەسپاندنی خودی خۆی و وێناكردنەكانی خۆی لە دەرەوە، وەك چۆن بۆ ئەوەی بتوانێ رووبەڕووی شێوە جیاوازەكان بێتەوە، بە گۆڕینی مەرجەكانی واقیع و ناوكۆییەكانی خۆی هەڵدەسێت. لێرەوەیە دەربڕینی جەستەی مرۆ بە رەفتاری خودی ئەو جەستە و وەزیفەكانی و جولەكانییەوە پەیوەست دەبێت! بەو مانایەش جەستە لەنێوان خۆی و رەگەز و زمان پەیوەستبوونێك بەخۆی دادەمەزرێنێ. كەواتە جەستە نیشتمان و شوێنی لەدایكبوونی خۆیەتی، وەك چۆن ئامرازی ئەو دەلالەتانەیە كە خود لە رێگەیەوە لە خودی خۆی دەردەچێت و دەكەوێتە نێو دنیایەك لە خۆی و بۆ بوونی تایبەتی خۆی دەبێتە كۆمەڵێك پەیوەندی و رەمز، هەر لەوێشەوە دەبێتە رەگەزێكی سەرەكی پێكهێنانی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیا.
(مۆریس میرلۆپۆنتی 1908-1961) پێیوایە مرۆڤ لەڕێگەی جەستەوە بوونی خۆی لە جیهان رادەگەیەنێت. جەستە ئامرازێكە بۆ ئامادەگی لە جیهان و بوون بە بەشێك لە واقیع. هەروەها دەڵێ جەستەی من لە بەرانبەرم نییە، رووبەڕووی منە، واتە بابەتێكی وەستاو بەخۆی نییە، یان شتێك نییە لەدەرەوەی من بێت و بێ من سەربەخۆ بێت، بەڵكو من جەستەی منە. لێرەدا دەرككردن ئەوە نییە كە كلاسیكیەكان و قوتابخانەی دەروونی تەقلیدی بە چالاكی فیكری و دەروونی دایدەنێن، بەڵكو دەرككردن ئەو پەیوەندییە پتەوەیە كە دەكەوێتە نێوان جەستەو ئامادەگی جەستە لە جیهاندا، نەك هەر هێندە بەڵكو جەستە لای میرلۆپۆنتی بنەڕەتی هەموو دەرككردنێكە. جەستە دەریچەیەكە شتەكانی لێوە دەبینین. ئەو پێیوایە ئەگەر قسەكردن تەعبیر لە فیكر بكات، ئەوە جەستە تەعبیر لە جیهان دەكات. دنیا و جەستە لەنێو بینراودان، كەواتە دەبێ واز لەو حوكمانە بهێنین كە جەستە دەخەنە نێو جیهان و بینین دەخەنە نێو جەستەوە، یان بە پێچەوانەوە. چونكە هەر یەك لە جیهان و جەستە بەنیویەكداچوونە، یەك لەنێو ئەویدیكەدا دەبینرێت.1
بەڵام وەك دەزانین هەر لە سێوەكەی ئادەمەوە، جەستە دەكەوێتە بەر ئازار و سزا و چەوسانەوە، لەبەر ئەوەی بە سەرچاوەی گوناح سەیر دەگرێت؟! ئەوەی ئەو گوناحەی جەستەش پاك دەكاتەوە جگە لە سزادان، دەستبەسەراگراتن و داخرانی جەستەیە. یەكەمیان ریسوابوونی جەستە نیشان دەدات و دووەم قەدەغەكردن. ئەگەر ریسوابوونی جەستە وێرانكردنی جەستە بنوێنێ، ئەوە قەدەغەكردن بێ بەهایی جەستە وێنا دەكات. ریسواكردن و قەدەغەكردنی جەستە تەعبیر لە دیدێك دەكات، كە پێیوایە بەختیاری بە بەندكردن و داخستنی جەستەوە بەندە؟! ئەو دیدە پێیوایە بۆ ئەوەی مرۆڤ خزمەت بە مرۆڤایەتی بگەیەنێت، پێویستە جەستە لەرێگەی ریسواكردن و قەدەغەكردنەوە لە خراپەكان پاك بكاتەوە؟! بەڵام لە بەرانبەر ئەو دیدە دیدێكی دیكە رەوایەتی بەخۆی دەدات و پێیوایە هەڵەی یەكەم جگە لە بانگەشەكردن بۆ ئازادی شتێكی دیكە نییە، پاكبوونەوەش لە گوناح جگە لە بێ بەهاكردنی جەستە، ریسواكردن و بەزینی جەستەش دەگەیەنێت؟! ئەو دیدە، پاكبوونەوەی جەستە لە ئازادی جەستەدا دەبینێتەوە، نەك لە قەدەغەكردن.
دیدی یەكەم بەهای مرۆڤ لە ریسوابوونی جەستەدا هەڵدەگرێتەوە، بەڵام دیدی دووەم هەموو بەهاكان هەڵدەوەشێنێتەوە تەنها ئەوە نەبێ كە بە جەستەوە بەندە، هەر لە پەرستنی جەستەوەش سرووتێك دەسازێنێ. دیدی یەكەم پێیوایە لەبەر ئەوەی جەستە بۆگەن دەبێ، بۆیە هەموو شتێ بێ بایەخ و بۆشە، بەڵام دیدی دووەم دەیەوێ پارێزگاری لە جەستە بكات و پێیوایە هەموو تەگەرە درووستكردنێك بۆ جەستە، تەگەرە درووستكردنە بۆ خودی ئازادی! بەو مانایەش جەستە بە پێش جەستەو پاش جەستەوە نابەستێتەوە، بەڵكو خودی جەستە بە بنەمای بەختەوەری دادەنێت. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەڵێت: جەستەیەكی ئازادم بدەرێ، دەروونێكی میهرەبان وەرگرەوە، بەڵام جەستەی ریسوا و بەزیوو نە میهری تێدایە و نە ئازادی.2
كەواتە سێوەكەی ئادەم لەداری مەعریفەوە چنراوە، خواردنی سێو، جگە لە مەعریفە و ژیان شتێكی دیكە نییە، ئەگەر مەعریفە هۆیەك بێ بۆ بەردەوامییەتی مرۆڤایەتی، ئەوە ژیان پانتاییەكە بۆ لەخۆگرتنی هەموو جولە و ریتمە جیاواز و گونجاوەكانی مرۆڤایەتی. بەو مانایە جەستە، ژیان و مەعریفەی لێدەكەوێـتەوە؟! بۆیە پێویستە رێزگرتن و بە پیرۆزگرتنی وەك ئەركێكی مرۆڤانە سەیر دەكرێت.
ئەو بەهەشتەی كە ئادەم بەر لە تامكردنی مەعریفەی جەستە تێیدا دەژیا، رەمزی هاوسەنگی بوو. بۆیە كاتێك مرۆڤ لە بەهەشت دەركرا بەدوای ئەو هاوسەنگییەدا ویڵ بوو، بۆ ئەوەی ئەو هاوسەنگییە دووبارە وەدەست بهێنێتەوە وێڵ بوو، بەدوای فیكرەی زۆر دوور كەوت، چونكە نەیدەزانی رێگەی گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی لە خودی جەستەوەدایە.. ئەوە خودی جەستەیە هاوسەنگی دەسازێنێ! ئیتر لێرەوە دەبینین هاوگونجانی فیكر و جەستە تەعبیر لە هاوسەنگی ژیان دەكات و بێ ئەو هاوسەنگییە ناتوانین بەرگەی ژیان بگرین، بۆیە جەستە، بە تیشكۆی مەعریفە و كانی ژیان ناس دەكرێت. ئەگەرچی بیروڕای جیاواز لەبارەی داخران و پەردەپۆشكردنی ئەندامە سێكسییەكانی جەستە لە ئارادا هەیە، بەڵام (فرۆید)3 داپۆشینی ئەندامە سێكسییەكان بە پیرۆزییەوە دەلكێنێ، بەڵام دەشێ ئەو داپۆشینە بە پیسییەوەش بەند بكەین. وەك چۆن دەشێ هەردوو هۆكار وەك هۆیەك بۆ داپۆشین تەماشا بكەین.
لێرە لەنێوان پیسی و پاكژی، لە نێوان هەڵەی یەكەم و سزادان، لە نێوان كۆت و بەند و ئازادی، سێوەكەی ئادەم لە كۆمەڵگە سەرەتاییەكانەوە بۆ ئەفسانەو ئایین و تا دەگاتە تراژیاكانی گریك درێژبۆتەوە و گەمەی جۆراو جۆری لە بەرانبەردا دەكرێت. چەمكی سێوەكەی ئادەم بە دیدێكی میتافیزیكییەوە بەندە، هەر لەو دیدەشەوە سێوەكەی ئادەم بە رەمزی كەوتن وەسف دەكەن؟! سێوی ئادەم هۆی دەركردنی ئادەم و حەوا. لە سێوی ئادەمەوە، ئادەم و حەوا ژیانی هەتا هەتایی بەهەشتیان دۆڕاند، سێوی ئادەم لە بەرانبەر رۆح دەبێتە ئەهریمەنی فاوست و مەعریفە پێشكەش دەكات! ئەوەی كە دەگوترێ ئادەم بەختەوەری نەمری دۆڕاند، دەشێ لەوێوە كورتی بێنێ كە بنبەستبوونی نەزانیشی دەدۆڕێنێ!! لێرەوە فیكرەی دووەم ئازادی بەرز دەكاتەوە و مەعریفە وەك بنەمای پێشكەوتن تەماشا دەكات.
لەنێوان سێو و كەوتن، لەنێوان كەوتن و نەفرەت، نەفەرەتی هەتا هەتایە، مرۆڤ هەموو رۆژێ سێو دەكرمێنێ! سوپاسگوزاری و پیاهەڵدان.. پاكبوونەوە دابین ناكات. كورسی دانپیانان، ئەو تاوانە ناسڕێتەوە! بۆیە مرۆڤ دووچاری نائومێدی دەبێت. هەڵەی یەكەم ئەوەی مرۆڤ دەبێ باجەكەی بدات، هەڵەی جەستەیە نەك هیچ هەڵەیەكی دیكە. بۆیە كۆمەڵگە سەرەتاییەكان، ئایینەكان، نۆرم و ترادیسیۆنەكان، پاكبوونەوە بەسەر جەستەدا فەرز دەكەن، تا مرۆڤ نوێ بێتەوە؟!4بەڵام جەستە لەناو دەچێت، بێگومان نیگەرانی مردن وەك مەسەلەیەكی فەردی سەیر دەكرێت، هەر دەبێ لەگەڵی بسازێ و بەدوای چارەی گونجاودا بگرێت؟!
ئۆدیب پاشا چاوی خۆی بەهۆی سێوەكەی ئادەمەوە لە دەستدا، ئەو كەشیشەی كە لە تاقیكردنەوەیەكی خەونئامێزدا بیر لە سێوەكەی ئادەم دەكاتەوە، چۆن ئیمان لە دەستدەدا... لێرەوە لە هەموو ئەو نموونانە بۆمان دەردەكەوێ چۆن هەڵەو گوناح دوای سوپاسگوزاری بەرەو پیرۆزی دەچێ و چۆن پیرۆزییەكان بە تەنها بیركردنەوە لە سێوی ئادەم وێران دەبن.
كەواتە كۆی ئەو كارەسات و تراژیدیایانەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، كۆی هەڵەو پاكبوونەوەكان... هەموو رزگاربوونێك لە سێوەكەی ئادەم، پێویستی بە ئازار و سزا و مەرگەوە هەیە، یان دانیانان و تۆبە و پەشیمانبوونەوە... بەو مانایانەش هەموو ئەفسانەكان و ئایینەكان و ترادیسیۆنە سەرەتاییەكان، مرۆڤ وەك وامدارێك سەیر دەكەن، كە هەوڵدەدات بەڵگە بۆ تاوانەكانی خۆی بهێنێتەوە. بەڵام لێرە چۆن دەشێ روویەكی دیكەی ئەو تێڕوانینانە وێنا بكەین، چۆن دەشێ خوێندنەوەیەكی دیكەیان بۆ بەئەنجام بگەیەنین. لە كۆی ئەو كارەسات و تراژیدیایە، چۆن كۆی ئەو بەتاوانباركردن و ریسوایی و بێ نرخكردنانە، كۆی گوناحەكان وەك بەخشندەیی و ناز و خۆشی و چاكەكردن بخوێنینەوە!! چۆن لەگەڵ جەستە، لەگەڵ سێوەكەی ئادەم ئاشت ببینەوە؟! لەبری ئەوەی مرۆڤ بخەینە نێو ئازار و سزا و ژانوژوار... دەشێ دڵشاد و بەختەوەری بكەین.. دەشێ سێوەكەی ئادەم وەك چاكەكاری و بەخشندەیی و رێگەیەك بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی، وەك وەسیلەیەك بۆ گەیشتن بە مرۆڤی حەقیقی سەیر بكەین؟! هەر لەوێشەوە دەشێ سێوەكەی ئادەم وەك سرووتێك بۆ بە پیرۆزڕاگرتنی جەستە و رێزگرتنی جەستە تەماشا بكەین؟! واتە دەشێ كۆی ئەو تەماشاكردنە سەرەتاییانەیە بە بەخشندەیی و ناز و خۆشی بگۆڕینەوە. جەستە وەك ژیان ببینین و ژیانیش لە مەعریفە و رۆحدا درێژ بكەینەوە.
جەستە، بە كوێ دەگات؟ لەپاش فەلسەفەی جەستە چی وەستاوە؟ وەك دەزانین هەرگیز كەسێتی مرۆڤ ئەو كەسێتییە هاوگونجاوە نییە، كە لەگەڵ خودی مرۆڤ تەبا بێتەوە، بەڵكو كەسێتی مرۆڤ بارستاییەكە لەنێودژی و خاوەنەكەی هەمیشە هەوڵی بەیەكگەیشتنی ئەو نێودژیانە دەدات. هەندێجار كەسێتی بەدژی خۆی رادەبێتەوە و لاملی دەكات و سوورە لەسەر ناتەبایی، بەڵام مەرج نییە ئەو نەگونجان و ناتەباییە لە نائاگاییەوە بێت، بەڵكو لە زۆربەی جاردا بە ئاگاییەوە بە ئەنجامی دەگەیەنرێت. بۆ نموونە زۆرجار پەندیارێك، بانگەشەی بۆشی جەستە دەكات.. كەچی لە ناخەوە بێ سنوور بایەخ بە جەستەی خۆی دەدات! یان سەیر دەكەین یەكێك لە رووكاردا زۆر دڵخۆش خۆی دەنوێنی، بەڵام كە دەچیتە ناخی دەبینی چەند غەمبارە... بە كورتی لە پشت ئەو ناهاوسەنگییەی ناوەوەی جەستە مەرگ وەستاوە، وەك چۆن فەلسەفەی جەستە لە مەرگدا خۆی دەدۆزێتەوە! ئەو هەموو بایەخدانە بە جەستە، ترسی مەرگی لە پشتەوەیە. كەواتە بۆ ئەوەی بە فەلسەفەی جەستە بگەین، دەبێ فەلسەفەی ئازادی جەستە رابەرایەتیمان بكات. بۆ ئەوەی بە ئازادی جەستە بگەین، پێویستمان بە هاوسەنگی نێوان جەستەو ئاگایی هەیە. هەموو هاوسەنگییەكی نێوان جەستە و ئاگایی، دەلالەتی ئارامی و دڵنیایی و هێمنی جەستە دەنوێنێ. هەر لە رێگەی ئارامی و هێمنی و دڵنیایشەوە جەستە دەتوانێ پێشبینی بكات. واتە لەرێگەی هەستی راستگۆیانەی جەستەوە فیكر دەتوانێ ئاگایی بدۆزێتەوە، هەر بەو مانایەشەوە فیكر جەستەیی دەكەوێتەوە. كەواتە فیكر بەبێ جەستە هەرگیز ناتوانێ بە ئەركەكانی خۆی رابێتەوە. ئەگەر بێتو جەستە فەرامۆش بكەین، ئەوە بێگومان عەقڵ و ئاگایشمان فەرامۆش كردووە. دواجار هەر لە رێگەی جەستەوە، دەشێ دەست بۆ ئاڕاستەكانی بەختیاری درێژ بكەین.
لە سەدەی رینیسانس و سەد ساڵی یەكەمیدا جەستەی رووت دەكەۆیتە نێو هونەرەوە، ئەوەش بۆخۆی كرانەوەیەكی دیكە بوو، بۆ راڤەكردن و شیكردنەوەی نۆرم و ترادیسیۆنە كۆنەكانی چاخی ناوەڕاست، چونكە ئەو كات قسەیەكی جیدی لەسەر جەستە بوونی نەبوو. بەڵام دواتر لە رێگەی هونەرەوە، نەبینراو و نادیارەكانی جەستەمان بۆ دەركەوت، بۆ نموونە (تابلۆی لە خاچدانی مەسیح، مایكل ئەنجیلۆ)... بەڵام جەستەی رووت هەر تەنها لە چوارچێوەی هونەردا نەمایەوە، بەڵكو هەر لە رێگەی ئەو روتبوونەوەیە دەركەوت، كە جەستەی مرۆڤ زیاد لە پێویست شێوەیەكی جوان و تەواوی لەخۆ گرتووە، بەو مانایەش جەستەی رووت مەزنترین نموونەی گۆڕینی مادەیە بۆ شێوە؟! كەواتە هەرگیز ناشێ جارێكی دیكە نكۆڵی لە جەستە بكەین، وەك چۆن لە چاخی ناوەڕاست ئایینگەراییانی مەسیحی نكۆڵیان لێدەكرد. بەمجۆرە وەك حەقیقەتێك كە بە درێژایی ژیان خاوەندارێتیمان دەكات، لەگەڵ جەستە ئاشتبوونەوەمان راگەیاند.
بێگومان مێژووی مرۆڤایەتی لە گەڕان بەدوای نادیار بەردەوامە، مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی گەڕانە بەدوای نەبینراو نادیار، مێژووی دۆزینەوە و داهێنان و بەخشینی جۆراوجۆرە. مرۆڤایەتی هەر لەسەرەتای بوونەوە هەتا ئێستا بەردەوام هەوڵدەدا دەرگا لە نادیارەكان بكاتەوە، نادیاری سرووشت، نادیاری كۆمەڵگە، نادیاری بوون و گەردوون... سەفەری گلگامێش بەدوای نهێنی ژیاندا.. گەڕانی زاناكان بەدوای مادەیەك كە شت بكاتە زێڕ.. یان مادەیەك كە هەڵوەشانەوەی جەستە رابگرێ و مردن دوور بخاتەوە.. بەڵام وێڕای ئەو هەموو دۆزینەوە و داهێنانە جۆراوجۆرانە كەچی نادیارەكان ئەوەندە زۆرن كە دیار لە چاو نادیار لە دورگەیەكی بچووك زێتر نییە. بۆ نموونە چۆن نەهەنگی (عەنبەر) دوژمنەكەی دەناسێتەوە، كام ئەندامی جەستە بەو كارە هەڵدەستێت؟ باڵندەكان چۆن دوای سەفەرگەلی دوورودرێژ، دوای بڕینی ئەو هەموو چیا و دەریا و دار و دەشتە.. بە لانەكانی خۆیان شاد دەبنەوە؟ گژو گیا چۆن هەست بە دوژمنەكەی دەكات و چۆن دژی دوژمنەكانیان دەجەنگن و دوژمنەكەیان دەخەنە تۆڕەوە؟
هەمیشە مەعریفەی جەستە دەلالەتی دووبارە بوونی لەخۆدا هەڵگرتووە، بۆیە پێویستە لەپاڵ ئەو هەموو نادیارانەوە مرۆڤ بەردەوام هەوڵی هاوگونجان بدات، بەردەوام ئاگایی و جەستە بە ئەركی سەرەكی خۆی بزانێ.. چونكە جەستە بۆخۆی رێگەیەكە بۆ گەڕانەوە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری ئەفسانەی (ئەدۆنیس) بكەین، دەبینین سرووشت تەنها بە مەرگی جەستەی ئەدۆنیس لەناو دەچێ و پەژموردە دەبێت. لێرەدا ئەدۆنیس دەبێتە رۆحی سرووشت. واتە ژیانی جەستەی ئەدۆنیس-لە كۆتاییدا- مەرگی رۆحی زیندووی سرووشت دەگەیەنێت. ئەدۆنیس لە دوای كوشتنی دەبێتە (هادیس- واتە ماڵی مردووان) هەتا ئەدۆنیس لەو ماڵەدا بمێنێتەوە، سرووشت بە مردووی دەمێنێتەوە، كاتێ جەستەش لەنێوان مردووان هەڵدەسێتەوە، دووبارە ژیان لە سرووشتدا دەبوژێـتەوە. لە دووتوێی ئەو ئەفسانەیە دەبینین رۆح لە دوا لێكدانەوە تەنها رەمزی چالاكی جەستەیە. تا ماوەیەك رۆح جەستە بەجێدەهێڵێ و پاشان بۆی دەگەڕێتەوە!
سەرچاوەو پەراوێزەكان:
1 - بونتی, موریس میرلو , المرئی واللامرئی , ت. د. سعاد محمد خضر, دار الشۆون الثقافیە العامە , بغداد , 1987 , ص126.
2 - حنا عبود، تفاحە ادم، دراسە فی النثریە الفلسفیە عند د.ه. لورانس، دار المسیرە-بیروت، ط ص7، 16،37.
3 - فروید سیغموند Freud Sigmund (1856_1939) پزیشكی دەروونی نەمساوی، بە بەناوبانگترین زانای دەروونی لە فیكری نوێ دێتە ژماردن. دامەزرێنەری رێبازی دەروونشیكارییە (Psychoanalysis).
4 - حنا عبود، تفاحە ادم، دراسە فی النـظریە الفلسفیە عند د.ه. لورانس، دار المسیرە-بیروت، گ 1 1980، ص116.
تێبینی: دەشێ ئەم نووسینە لایەنی تێۆری كتێبی (حنا عبود، تفاحە ادم، دراسە فی النثریە الفلسفیە عند د.ه. لورانس، دار المسیرە-بیروت، ط 1 1980) نیشان بدات.