شاعیری کاندیدکراو! ساڵانێک له‌مه‌وبه‌ر شاعیرێکی به‌خته‌وه‌ر، پاش ئه‌وه‌ی له‌وڵاتێکی دراوسێ مافی په‌نابه‌ریی‌ سیاسی وه‌رگرت، رووی کرده‌ کیشوه‌رێکی دوور له‌کوردستان، موعه‌زه‌زو موکه‌ڕه‌م، به‌ره‌و‌ هه‌نده‌رانی غه‌ریبان که‌وته‌ڕێ!
له‌و رۆژه‌دا میدیاکانی ده‌سه‌ڵات، به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌ریی سیاسییه‌وه‌، له‌تی‌ ڤی‌‌و رۆژنامه‌کانیانه‌وه (که‌ تائێستاش نمونه‌یان له‌به‌رده‌ستدایه‌) به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رییه‌وه‌، به‌خۆشحاڵییه‌کی زۆره‌وه‌ رێکلامیان بۆ شاعیره هه‌ڵاتووه‌که‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌کرد‌!! حیزبێک هێنده‌ سه‌رگه‌رمی پشتگیری دۆسته‌که‌ی خۆی بوو‌‌، بیری چوبووه‌وه‌ که‌ خۆی ده‌سه‌ڵاته‌و ئه‌و که‌سه‌ی مافی په‌نابه‌ریی وه‌رگرتووه‌ له‌سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئه‌و‌دا -گوایه-‌ ژیانی له‌مه‌ترسیدا بووه‌!!.
 
شاعیری گه‌وره. گه‌ر ده‌قی شیعری سه‌نگی مه‌حه‌ک بێت بۆ گه‌وره‌یی شاعیر، ئه‌وا بێگومان ته‌نیا "ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌"ی شێرکۆ بێکه‌س، شاهیدی به‌رده‌وامی‌و درێژه‌پێدان‌و ساغڵه‌می شیعری کوردییه‌، وه‌ک ته‌واوکه‌ری ئه‌زمونه‌کانی نالی‌و گۆران. به‌شێک له‌مه‌ودا ته‌ماوییه‌کانی ژیانی شێرکۆ، که‌خۆیی‌و خه‌ڵکانیتریش دانیان پێداناوه‌و ره‌خنه‌شیان لێگرتووه‌، هۆکه‌ی ئه‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ نزیکایه‌تی شاعیر له‌حیزب‌و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کان!! واته‌ هێنده‌ی حیزب‌و حیزبایه‌تی بوونه‌هۆی دروستکردنی نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر ژیانی (نیمچه‌ سیاسی) ئه‌و، هێنده‌ نه‌بوو‌نه‌ هۆی گه‌شه‌کردنی توانا شیعریه‌کانی ئه‌و زاته!

شیعرو ئه‌ده‌ب وه‌ک چالاکی حیزبی! ئه‌وانه‌ی له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداری دونیای ئه‌ده‌ب‌و به‌تایبه‌ت شیعری کوردین له‌هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه‌دا، ده‌زانن‌ له‌شه‌ڕه‌ ناوخۆیه‌کانی کوردستاندا ته‌نیا خوێن نه‌بوو رژا، به‌ڵکو له‌قۆناغێکی دیاریکراودا ئه‌ده‌ب به‌گشتی‌و شیعر به‌تایبه‌تی بوونه‌‌ قوربانی گه‌شت‌و دژه‌گه‌شتی نێوان هه‌ولێرو سلێمانی! بوونه‌ قوربانی فیستیڤاڵی حیزبی مه‌به‌ست که‌ له‌ژێر ناوی فیستیڤاڵی ئه‌ده‌بیدا به‌ڕێوه‌ ده‌چوون! بۆ نمونه: له‌یه‌کێک له‌فیستیڤاڵه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی سلێمانی، ته‌نیا له‌سێ رۆژدا، نزیک به‌ حه‌فتا شیعر (یان ئه‌وه‌ی پێیان ده‌وت شیعر) خوێندرانه‌وه‌! ئه‌و کاته‌ نوسه‌رانێک هه‌بوون، نانی سه‌رسفره‌یان نه‌بوو..، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون به‌ شیعرو چیرۆک‌و لێکۆڵینه‌وه‌کانیان به‌شداری بکه‌ن‌، ئاماده‌نه‌بوون وه‌ک ئه‌وانیتر بڕه‌پاره‌یه‌کی مفت بخه‌نه‌ ته‌نکه‌ی باخه‌ڵیان‌، له‌سه‌ر حیسابی ئه‌ده‌ب‌و هه‌ڵوێست‌و راستگۆیی. ئه‌و به‌دبه‌ختییه‌ش که‌ ئه‌مساڵ روویدا له‌دابه‌شکردنی خه‌ڵاتی فیستڤاڵێکی ئه‌ده‌بی له‌لایه‌ن‌ ئاغای عه‌بدولجه‌بار كاكایی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سانسۆری‌ چاپه‌مه‌نییه‌ له‌ئێران، به‌سه‌ر گه‌نجه‌کانی ئێمه‌دا، ته‌نیا درێژه‌ی ئه‌و دیده‌یه کاره‌ساتباره‌یه‌‌‌ که‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی ده‌خاته‌ پێش ئاستی حورمه‌تی کێبرکێی‌ جوانی‌‌و کوالیتی ئه‌ده‌بی! به‌‌دیوێکی‌ تر هه‌وڵدانه‌ بۆ دروستکردنی ئه‌و جۆره‌ شاعیرو ئه‌دیبانه‌ی که‌‌ دواجار له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی حیزبدا یه‌کده‌گرنه‌وه‌.
هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌و حیزبه‌ی پێیوابێت به‌ به‌کار‌ێهنانی توانا مادی‌و میدیایه‌کانی خۆی‌ شاعیری گه‌وره‌ دروستده‌کات! هه‌مان هه‌ڵه‌ حیزبێکیتر ده‌یکات که‌ پێیوابێ به‌فه‌رامۆشکردن له‌گه‌وره‌یی شاعیرێک که‌مده‌کاته‌وه‌! دۆستان ده‌زانن کاتێک کاک شیرکۆ له‌قۆناغێکدا به‌هۆی ناڕازیبوونه‌وه‌ کوردستانی به‌جێهێشت‌و گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌نده‌ران، هه‌ر حیزب بوو کابرایه‌کی نه‌دیوو نه‌ناسی به‌ دونیای شیعر هێناو پێیان وتین: شێرکۆ رۆیشت به‌ڵام فڵانکه‌سمان هه‌یه‌!! دواجاریش زۆر به‌ئاسانی بازیان به‌سه‌ر ئه‌و راستیه‌دا دا که‌ ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌قه‌، شیعرو شاعیربوونه‌، نه‌ک وه‌لائو پشتیوانی حیزب.
به‌ شیعرکردنی حاڵه‌ت پێچه‌وانه‌ی نێوان کاک شیرکۆو ئه‌و شاعیره‌ کاندیدکراوه‌‌‌، که‌ ده‌سه‌ڵات له‌م رۆژانه‌دا هه‌وڵده‌دات بیکاته‌‌ جێگره‌وه‌ی داهاتووی شاعیره‌ گه‌وره‌که‌ (له‌گه‌ڵ هیوای ته‌مه‌ن درێژی بۆ مامۆستا)، ئه‌وه‌یه‌ که‌ شێرکۆ به‌ شیعرو له‌شیعردا ده‌گری، به‌ڵام شاعیری کاندیدکراو‌، وه‌ک من‌و تۆو مناڵ‌و ژن‌و هه‌ر مه‌خلوقێکیتر، وه‌ک جۆرێک له‌منه‌تکردن به‌سه‌ر شیعردا، به‌ ده‌نگ‌و فرمێسک‌و به‌چاو ده‌گری!
هه‌موومان ده‌زانین‌ تا ئێستاش ده‌نگێکی جوانی شیعری‌و شاعیرێکی جوانی وه‌ک کاکه‌ حه‌مه‌عومه‌ر عوسمانمان هه‌یه‌. ئه‌و زاته‌ چ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ده‌بی‌‌و چ له‌سه‌ر ئاستی خوێنه‌رو گوێگر، شاعیرێکه‌ به‌پله‌ی نایاب. ئه‌و پیاوه‌ی سه‌ره‌تا به‌ نامیلکه‌شیعرێک ده‌ستی پێکرد، ئه‌و نامیلکه‌ شیعریه‌ی‌ دواتر چه‌ندین شاعیری تری به‌دوای خۆیدا دروستکرد! ئه‌و که‌سه‌ی‌ خۆی حاکمی مه‌مله‌که‌تی پایزه‌‌!! هۆی چییه‌‌ ده‌سه‌ڵات چاوی بینینی زاتێکی ئه‌ده‌بی‌و شیعری وه‌ک حه‌مه‌عومه‌ری نییه‌؟ له‌کاتێکدا شاعیرێکی نزیکی خۆی دێنێت‌و ده‌یه‌وێت فه‌رزی واقیعی بکات!! له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌ی حیزب له‌کاتێکدایه‌ که‌ چه‌ندین لایه‌نی حکومی‌و ئه‌هلی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئه‌ده‌ب‌‌و رۆشنبیری له‌هه‌رێمه‌که‌دا هه‌ن‌، که به‌داخه‌وه‌‌ جارێکیتر ئه‌وانیش فه‌رامۆش‌و بێکارده‌کرێن‌.‌
گه‌لۆ لێگه‌ڕێن شیعرو ئه‌ده‌بی کوردی رێچکه‌ی ئاسایی خۆی بگرێت‌، تا له‌پرۆسه‌ی‌ سروشتیی خۆیدا ده‌قی جوان‌و شاعیری گه‌وره‌ خۆی بسه‌لمێنێت. یان وه‌ک مه‌حوی ئه‌ڵێ:

ئێسته‌ بۆ لاف‌وگه‌زاف هه‌رکه‌س ده‌بینی عاشقه‌
نه‌ک هه‌موو که‌س جان فیدابێ وه‌ک میم‌و حێ‌و واوو یێ