لەو هەینی یەدا، وەك هەموو هەینییەكانی دیكە، كاتژمێر دوانزە وچارەك ژن وپیاوەكە(رۆزالیس) دوای خواردنی ژەمە نانێك لە چێشتخانەی (گال) وپاشتریش سەیركردنی فلیمێكی سینەمایی ،بە تاكسییەك كە تا دەرگای ماڵەكەیان گەیاندنی، گەڕانەوە.
لە كاتژمێر دوانزەونیو لەناو جێگاكەیان بون، بەرلەوەی بخەون لەسەر فلیمەكە بوو بە مشتومڕیان.
- ئەو بە بەردەوامی ئەكتەرێكی چاكە.
ژنەكە وتی: بەڵام كۆتاییەكەی هەندێك خەمناكبو.
- تۆهەمیشە دەگریت
ماچی یەكترییان كرد وخەوتن.
كاتژمێر دووی تەواوی بەرەبەیانبوو كاتێك پیاوەكە بە ئاگاهاتەوە، وەها گومانی برد لە ژووری دانیشتنەكەی خوارەوە گوێی لەدەنگێك بووە، دانیشت ومێشكی خۆی كۆكردەوە بۆ ئەوەی بزانێ‌ چیتر دەبیستێ‌، بەتەنیشتیەوە ژنەكەی وەك ئاژەڵێكی ماندوو لەبێدەنگیدا خەوتبوو.
ئێستا ئیدی بەروونی گوێی لەدەنگێكی مەعدەنی تەنك بوو،لەنێوان چەند چركەیەكی كەمیشدا گوێی لەسرتە سرتی دزەكان بوو.
لەگەڵ بیركردنەوەدا لێدانەكانی دڵی خێراتربوو، دوو ئەگەری لەبەردەمدا بوو، یەكەمیان ئەوەبوو ژنەكەی بەخەبەربێنێ ، دووەمیشیان ئەوەبوو یا بێدەنگبێ‌ یاخود بیكات بە دەنگە دەنگ و سەرنجی دزەكان بۆ ئەوە رابكێشێت كە هێشتا لەماڵەوەیەو بەئاگایە.
لەماوەی ئەو چەند چركەیەی كە لەگومان و بڕیارداندا بوو وای هەستدەكرد زەمەن بێ‌ كۆتاییە، وەها بیریدەكردەوە كە دزەكان چاودێریان كردبن و وایان زانیبێ‌ كە كاتێك ئەمان رۆشتون ئیدی نەهاتونەتەوە و هەر لەدەرەوەن.
بڕیاریدا بێ‌ ئەوەی بیترسێنێ‌ ژنەكەی بەخەبەربێنێ.
بەهێواشی بانگی كرد، ژنەكە وەك ئەوەی چاوەكانی لە تەمومژێكی قوڵەوە بەدیاربكەوێـت چاوی هەڵهێنا و بەگوێیدا چرپاند:
-وادەزانم لە قاتی خوارەوە دزی لێبێت.
بەدڵنیاییەوە چەندین هۆی شاراوە یاخود ترسی قوڵ وەهایان لەژن وپیاوەكە كردبوو كەلەو تاریكییەدا بەبێدەنگییەكی كوشندەوە دابنیشن، وئاگاداربن بەبێ‌ ئەوەی كە لەشوێنی خۆیاندا بجوڵێن.
هەر لەو جێگایەوە گوێیان لەدەنگە دەنگ وپێكەنین وچەندین دەنگی وەك (تەلەفزیۆن و كەوتنە خوارەوەی قاپ وپەرداخ) بوو هەروەها گوێیان لەچەند پیاو وژنێك بوو كە قسەیان دەكرد.
بارودۆخەكە بەم شێوەیە تاوەكو كاتژمێر چواری بەیانی بەردەوام بوو.
ئیدی لەو كاتەدا گوێیان لە دەنگی كرانەوەو داخرانی ئەو دەرگایە بوو كە دەكەوتە سەر شەقامەكە ودەنگەكانی دیكەش لەتاریكیدا نەمان، ماڵەكەش بۆ بێدەنگییەكەی جارانی گەڕایەوە.
دوای ئەوەی چەند ساتێكیان بەووریاییەوە تێپەڕاند بریاریاندا بێنە خوارەوە بێ ئەوەی گڵۆپەكان پێ بكەن، لەبێدەنگییەكی قوڵدا وەك دوو نابینا بەقاڵدرمەكاندا هاتنە خوار، گەشتنە هۆڵەكەو رۆشتنە ژووری دانیشتنەوە، بۆ ساتێك بەبێدەنگی دانیشتن و دواتر گڵۆپەكانیان پێكرد.
ژورەكە دوكەڵ و بۆنێكی قورسی خواردنی گرتبوو، لەسەر مێزەكەش تەپڵەكێكی پڕ لەقنگە جگەرەیان بینی، و كتێبێكیش دانرابوو كە كتێبی خۆیان نەبوو، لەلاپەڕە نۆزدەی كتێبەكەدا پارچە نوسراوێكیان بەجێهێشتبوو.
بەگرنگییەكەوە ژنەكە پرسی :
- چی تیادایە
- (نازانم چاویلكەكەم پێ نیە..وەك هێڵكارییەك وەهایە) و داینایەوە.
تێبینی هیچ شتێكی دیكەیان نەكرد، بێ ئەوەی هیچ قسەیەكی دیكە بكەن لەگەڵ یەكتردا بەشڵەژاوییەوە سەیرێكی یەكتریان كرد.
لەچێشتخانەكەدا چەندین پاشماوەی وەها جێمابوو كە مایەی سەرسوڕمان بوو، میوانەكان بەئارەزووی خۆیان دەستكاری شتەكانیان كردبوو، هێلكەیان بەنانەوە خواردبوو، تەنانەت تا ئەوكاتەش رۆنی ناو تاوەكە گەرمبوو، گڵاسەكانیان بەشەراب پیسكردبوو، سەبەتەی خۆڵەكەشیان كردبوو پڕلەپاشماوەی خۆراك.
بەنارەزایەتیەوە ژنەكە پرسی:
- ئەوە شەرابەكەی خۆمانە!
گەڕانەوە بۆ ناو جێگا، بەڵام خەویان لێ نەكەوت.
كە رۆژبویەوە زۆر بەوردی قاتی خوارەوەیان بۆ جارێكی دیكە پشكنی بۆئەوەی بزانن چی شتێكی دیكە لەخواردن و خواردنەوە دیارنەماوە، لەسەر قەنەفەكان دانیشتن، پیاوەكە چاویلكەكەی كردە چاوی و كەوتە هەڵدانەوەی پەڕەكانی كتێبەكە.
دواتر كتێبەكەی فڕێدایە سەر مێزەكەو وتی: پێویست ناكات سەیری بكەم.
دزەكان هیچ شتێكیان نەبردبوو، نەهیچ شتێكی گران بەهاو نەهیچ شتێكی بێ بەهاش، تەنها خواردبویان و خواردبویانەوە، و سەیری تەلەفزیۆنیان كردبوو، لەسەر مێزەكەش ئەو كتێبە حەیابەرەیان جێهێشتبوو كە هیچ كام لەژن و پیاوەكە بەهەر هۆیەك بێت زاتیان نەكردبوو فڕێی بدەنە سەبەتەی خۆڵەكە.
بڕیاریاندا خۆیان لە ئاڵۆزی و تەفسیری بێ سود بەدووربگرن، پۆلیسیان ئاگادارنەكردەوە، تەنانەت تەلەفونیان بۆ مناڵەكانیشیان نەكرد،و رووداوەكەیان بەنهێنی هێشتەوە چونكە رووداوەكەیان تایبەت بەخۆیان دەزانی.
بەرلەوەی خەویان لێبكەوێت شەوەكەی بۆ كاتێكی درێژ قسەیان كرد (جاروبار بێدەنگ دەبون چونكە وایان دەزانی گوێیان لەدەنگێك بووە)
بەڵام لەهەینی داهاتوودا ئەو كاتەی لەناو جێگادابون هەرچەندە بە ئاگاش بون نەیاندەتوانی بخەون، لەهەمان سەعاتدا هەمان روداو دوبارەبویەوە، میوانەكان ئەمجارە دەنگی تەلەفزیۆنەكەیان بەرزتركردەوە، دەنگی پێكەنینەكەیان تادەهات زیاتردەبوو، نزیكەی سەعات چوار جارێكی دیكە ماڵەكەیان جێهێشت، ئەمجارە فەوزایەكی زیاتریان دروستكردبوو، چەندین شتیان شكاندبوو، تەنانەت پاشماوەی خواردنەكەیان نەكردبووە ناو سەبەتەی خۆڵەكەوە بەڵكو بەو ناوەدا بڵاویانكردبوەوەو قاپ و گڵاسەكانیان بەپیسی جێهێشتبوو.
ئەمجارە لەبری پارچە كاغەز دەنكە شقارتەیان خستبوە نێوان لاپەڕە 45ی كتێبەكە، جگە لەخواردنەكە هیچ شتێكی دیكە ون نەبوبو.
جارێكی دیكەش ژن و پیاوەكە هیچیان نەوت. ئەوەی كە ژنەكەی زیاتر بێزاركرد نەبونی زەوق و پاكوخاوێنی و رەوشتێكی باشبوو لەلایەن میوانەكانەوە.
- دەبوو هەندێك زەوقیان هەبوایە
لەكاتێكا ئەم قسەیەی كرد خەریكبو پارچە پەنیرێكی دەخوارد .
وتیشی: چەند بێتام و وشكە!
بۆ چەندین مانگ لەهەموو هەینییەكدا و لەكاتژمێر 2ی بەیانی میوانەكان دەهاتنە ماڵەكەوە، كە بەدەنگە دەنگەكانیان راهاتبون، تەنانەت لەم دواییەدا بە ئاسانیش خەویان لێ دەكەوت.
ئەوان تەنیا دەیانخوارد، سەیری تەلەفزیۆنیان دەكرد، هەمان كتێبیان دەخوێندەوە، نزیكەی سەعات چوار دەڕۆشتن، سەلاجەو موجەمیدەكەیان خاڵیدەكردەوە، چێشتخانەكەیان بەپیس و پۆخڵی جێدەهێشت.
ئەوەی كە زیاتر ژنەكەی بێزاردەكرد ئەوەبوو كە بەشێكی رۆژانی یەكشەمەی تەرخاندەكرد بۆ پاككردنەوەو چاككردنەوەی شوێنەكە لەكاتێكا پیاوەكەش دەرۆشت بۆ نزیكترین دوكان بۆ كڕینی گۆشت و خواردنەكانی دیكە.
ئەو كاتەی كە ناوماڵەكەی پاكدەكردەوە نەیتوانی سەیرێكی كتێبەكە نەكات، بەڵام زۆر بەخێرایی داینایەوە بێ ئەوەی شەرمبكات.
لەگەڵ تێپەڕبونی زەمەندا میوانەكان ئاهەنگەكانیان فراوانتر كرد، بەجۆرێك هەموو قاتی خوارەوەی گرتەوە، جگە لە ژووری میوان و چێشتخانە، ئەمجارە حەمامەكەو ژوورە بچوكەكەشیان بەكاردەهێنا، ئەمە جگە لەوەی كاتەكانیان درێژتردەكردەوە و هێندەی تر بێ موبالات و فەوزەویی تردەبون.
زۆرجاران سەعات 8 یان 9 دەرۆشتن، بەڵام هەموو جارێك بەرلەوەی ژن وپیاوەكە لەخەوهەڵسن.
دوای دوو ساڵ بۆ یەكەمجار بەیانییەك میوانەكان نەهاتن، ژنەكە لەخەو هەڵسا،(دڵتەنگ بوو) كە هیچ دەنگێكی نەبیست، یەكسەر پیاوەكەی هەڵساند، بێدەنگی بێزاری كردبون، بێ ئەوەی هیچ شتێك بڵێت سەیرێكی یەكترییان كرد.
شەوەكەی نەیانتوانی بۆ ساتێك بخەون، بەیانییەكەی هەموو شتەكان لەجێگای خۆیاندا بون، دەستكاری هیچ شتێك نەكرابوو، قاتی خوارەوەیان بە نائومێدی ژێراوژووركرد بۆ دۆزینەوەی نیشانەیەك.
لەو كاتەوەی میوانەكان نەهاتن ژن و پیاوەكە هیچ هەینییەك خەویان لێنەكەوت، بەڵكو هەموو شەویان لەقاتی خوارەوە بەسەردەبرد، دەیانخواردو دەیانخواردەوە، شتەكانیان پیس دەكرد، بەدەنگی بەرز سەیری تەلەفزیونیان دەكرد، كتێبە حەیابەرەكەیان دەخوێندەوە و لەو شوێنەی دەوەستان دەنكە شقارتەیان دەخستە نێوان پەڕەكانیەوە.
 

 
- لە عەرەبییەوە وەرگێڕڕاوە
- نۆربیرتۆ لویس رۆمیرۆ نووسەرێكی ئەرجەنتینییە
- سەرچاوە: رۆژنامەی (الصباح) 29- 4-2007