بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی
ئەم عومرە تولانییەی من ، ئاخر
نە بۆنی وەرینی لێ دێ و
نە ئەسەری ڕەشەبایەك ناسیویەتی ..،
كەچی بە دەم دێڕێك گۆرانی شینەوە
وەك خەیاڵی ناو گیرفانی خەونێكی تەڕ
چاوی پڕەبێ لە بەفر و
هەناسەشی لێوان لێو لە كوژاندنەوە ...
من لەوپەڕی پیرییەوە مناڵیم لە باوەش گرت و
ئایەتەكانی سوتانم بە (با) دا ،
كەچی هەر زوو
فڕین هاتە نێو غەریزەی حەوشەكەم و
لە ستارەی مەحاڵەوە چەپڵەی كوتی ..
كاتێ نوێژمان دایە بەر ڕێژنەی سەفەر و
دووكەڵمان بە خوێنەوە دی ،
ئەوجا زانیم سەرەتای ئەم لەیەكچوونە
چەند ئاشنایە بە توڕەیی ئەو هەورانەی
لە چاویانــــا
نۆتەی جەنگێكی دۆڕاویان حەشارداوە ..
بەسەر سبەینێما مەڕۆ
من كە خاڵیم لە فەرموودەكانی دوێنێ ،
چۆن ئەتوانم تەفسیری ئەو دێڕانە بم
كە لە دەرگام ئەدەن ئەمڕۆ ..
دەست هەڵگرە لە كوشتنی ئەو قوفڵانەی
كچێنییان لەباوەشی مینایەكدا هەڵگرتووە ،
دەنا مەودایەك نامێنێ
بۆ گەیشتن بە دوعاكانی سەفەر و
ڕووتبونەوە لە ڕۆحی سێبەرەكاندا ..
چ دۆزەخێكی شیرینە ،
بۆ هەمیشە فەجرێك بارگاویمان بكا
لە تەڵاشی حەیران بوون و
لە ڕۆچوونمان هەتا ئەوپەڕی باران و
هەتا بێمانایی مانا و
قوڵبوونەوە لە گۆرانییەكی تەنیایی .
خودا .. من ئیرەیی پڕی كردووم
بەرپێی خۆمم بۆ نابینرێ ،
فێرمكە چۆن لە تەمی ئێوارەیەكدا عیشق بڕنم
كە هێشتاكە فەسڵی بارینی ماچ نییە و
لە حزوری جووتبونێكا جامێ ئاوم نەگێڕاوە ..!
فێرمكە چۆن سكێچی ئەو ئەستێرانە بنەخشێنم
كە بێبەریین لە سوعبەتی ئاخیرەت و
لە قامەتی جنسی هەتاو ..
ئێمە بووین .. ساراكانی مناڵیمان
دایە بەر كەفی عەدەم و
لە نەسلی گۆرانییەكا فێرە بالیای تەنیایی بووین .
ئەوەندە دەستبازیمان لەگەڵ ماڵی باراندا كرد
هەتا (هیچ) بوون ،
دواسەلیقەی پیاسەكردنیشی كوشتین ..
ئەوەندە ڕاموساین لە خەیاڵ
هەتا یەئس ،
نێوان پەنجەكانی تەنین لە غوبار و
بەبێ ئاگر .. سرووتی مەراقمان كێشا ..
كاڵبوونەوە دووایین ڕێگایە لەپێشمان ، كە بمانبات
بۆ بەردەم مەعبەدەكان و
بۆ ئێوارەش بمانداتە دەست ئەو نوێژەی
مردن لە گیرفانیایەتی و
سێو بار ئەكا بۆ كۆڵانی ئاوێنەكان .
من هەمیشە بەر لەسەفەر .. ،
دەمی جانتا شین پۆشەكەم ئەكردەوە ،
یەكەمین شت غەریبیم ئەپێچایەوە و
موتوربەم ئەكرد بە ئەوین
ئەمووت نەبا ،
ڕۆژێ پاییز پێی فێر ببێ و
بەیتەكانی پەشیمانیم پڕكا لەبەرسیلەی وەریو .
وەرە و چیتر دەستێك بنێ
بە ڕووی مەرحەمەتی ئاو و
بەو شەوانەی عاشق بوون تیایدا كوفر بوو ..
وەرە و چیتر سوكناییم بۆ داگیرسێنە و
بمبەخشەرەوە بە هەتاو ،
زەمەنێكە سوعبەت ناكەم لەگەڵ باخەڵی قەرەجدا ...
لەوێ .. دوور لە مەراق ، چرۆئەگرم
لەوێ .. نزیك لە تۆ ، دوورەكەومەوە لە جەننەت
هەنووكە هەر ئەم دێڕانەن
لێزمە ئەكەنە سەرمان و چەشنی تەون ،
ئەكرێینەوە بەر لاشەی ڕوتی سبەینێ ...
ڕانەهاتووم بیركەمەوە لە ڕابردوو
تازە پاش چی نزاكانی پێش نوێژی بەر قیامەت و
نوستن لەماڵی ئەستێرە ، كە ڕاهیبێك نەمابێ بۆ
نوسینەوەی شەڵاڵی ئەم نەزیف بوونەم ! ..
خودا .. ئەمە چ فەسڵێكە ئاخر
مەحاڵ ئەوسەری پێچاوە بە نەسەبی خەیاڵمەوە و
هەرچی ئەكەم ..،
فریای خەتمی خۆم ناكەوم !
ئەمە چ مەهزەلەیەكە
كە ناتوانم لەگەڵ زەمەنی خوێریِدا ،
تاوێ بەیەكتری نەگەین .. تاوێ شورەیی نەبینین ،
ئەودەمانەی كۆڵان پڕدەبێ لە شەرم و
تەنیایی ماڵمان سوور ئەكا .
ئەو هەموو ساڵە سەوزانە ئێستە لەكوێن ؟ ..
ئەو شەوە نارنجیانەمان چۆن دایە بەر ڕێژنەی دوكەڵ ،
لەكاتێكدا ، زەمەن لەپێشمانەوە دەڕوات و
ئێمە هەر لە سەرەتاداین ...
وەرە گەر بۆ جارێكیش بێ ، دامگیرسێنە
من دەمێكە بۆنی ڕێواسم لێنایە و
كەچی باران تازە خامۆشیم فێرئەكا ...
ئیلاهی ..
بمبەرەوە بۆ خەڵوەتی ئەو ڕۆژانەی
لەهاتنی گەڵایەكدا ، دەمردم و نەدەمردم
بمدەرەوە دەست پەروانەی كەنار پیاسەكانی عەدەم
ئەودەمانەی تەنیایی ڕیزی ئەبەست و
شۆڕە ژنێ سەرچۆپییەكەی لە مشتا بوو ..!
من خەیاڵم ئەچێتەوە سەر زاكیرەی ئەو شێتانەی
سەفەر ئەكەن بە سەوزایی هەموو دونیا و
دونیاش بە غوربەت ئەزانن ،
هەروەك ئەوان فڕین لەخۆم ئەپێچم و
ئولفەت ئەگرم بەگریانێكی بێدەنگ و
نیشتیمانیش بەدوای خۆما ڕائەكێشم ،
هەتا چیتر لەخۆم نەچم .. چون ئەزانم
ئەم مەراقە بێ ئابڕووە
وەك عومری ژیان درێژە و هەر كاتێ بێ
ئەمكاتە مانشێتی شیعرێ ..
من بەرلەوەی لەماناكانی ئاو بگەم ،
لە توڕەیی گریانێكم نەپرسیبوو
شۆڕبوونەوەی ئەو هەموو بارانە شینە
چ مەنفایەك دێنێتە بوون !
بۆیە هەرزوو سێوەكانی ناو سەبەتەی مناڵیمم
لە گیرفانی حیكایەتێكدا دۆزییەوە
كە بە ئەسڵ ئەچێتەوە سەر جنسی مێش ...
ئەمێستاكەش كە گەورەبووم
لەمانای ئەو فەقیانانە نەگەیشتوم
كە دایكم گرێی لێئەدان ..
لەو نوێژانەش سەردەرناكەم كەبۆ باران بارین ئەكرێ !
ئیملاكانی بێدەنگیشم ئەگەر كەسێ لێی تێبگا
چاك ئەزانێ چەند هەڵەی نارنجی تیایە ...
ئەم هەموو ڕژانە بە ماڵم فێر بوون و
نەمدی جارێ لەگەڵ ئاودا بەریەك كەوین !
نەمدی هەرگیز لەسەفەری سەحەرێكا
تاڵێك خەندە جێبمێنێ و
تێر لەخۆیم ڕاموسێنێ .. !
من تێفكرین لەوەسڵی تۆ وای لێكردم ،
سەربە سورمەی هەموو دەرگاكاندا بكەم
لە كاتێكا .. تاچاو بڕكەی
پەنجەرەیەك بەدی ناكەی ، ڕاكشابێ ..
تازە ئومێد ئەو گوناهە نازدارەیە بەناچاری
ئەمباتەوە سەر دووڕییانێكی تۆراو ،
ئەمخاتەوە نێو هەیوانی پیرە ماڵێكی ئینتیزار .
من بەر لەوەی غوبار دڵم پڕكا لەتۆز
نەمكرد ئاوێنەكان بسڕم ، نەچوومە دیدەنی سێبەر
هەتا لەڕۆشنایی جێمام .. تا خەم تەوقەی لەگەڵ كردم ...
كەچی تازە جورئەت ئەكەم
پاش ئەو هەموو بەجێمانە ، خەیاڵ بەرمەوە نێو قەفەز
شعور لەشەكەتی دەركەم ...
وای خودایە هەرتۆ بێژە ،
كاتێ جەننەت لەگوێ چەمی بارانێكدا ، حوزن ئەكوتێ
كاتێ دوعا بە ئەمانەت درۆ ئەكا بەبەرۆكیا ،
من چیم لە مشتێ (هیچ) زیاتر ...!
وای خودایە هەرتۆ بێژە ،
حیكمەتی ئەم بزر بونەم لەكوێدایە
كەقامەتی دۆزینەوەی میناكانی پەشیمانیش
هەر لای خۆتە ... !
تۆ نییەتی خۆت بهێنە و بەكۆڵانی سەفەرنامەكاندا بڕۆ ،
منیش چڵێ لە پیاوەتیم ئەپێچمەوە و
نەفەس ئەدەم لە مردنێك .. ،
كە هێشتاكە ئیرەیی بە ژیان ئەبا
كە هێشتاكە لە سەعاتی سفردایە ..
من ئەزانم وەرزەكانی ئەم ساڵە بێ سەرەتایە
چەندە خاڵین لە ڕژان و چەندە پڕن لە تەنیایی ...
من ئەزانم ئەوەی كەدێ نە خەیاڵە ،
نەڕەشەبا لەگەڵ خۆیا هێناویەتی ..
ئەوەی كەدێ لەمسی شعورێكی ژنە
لە ئەو پەڕی بەجێماندا .